پێگەی بەڵگە و عەقڵ لە مەعریفەی ئیسلامیدا

کامەران مەلا ئەحمەد

07/08/2020

 

مەعریفەی ئیسلامیی وا وێناکراوە خاڵی بێت لە عەقڵانیەت و بەڵگەکاری. عەقڵانیەت بە واتای بیرکردنەوە و گومانکردن و پرسیارکردن لەسەر دیاردە و پێشهات و گۆڕانکارییەکان. بەڵگەش بریتییە لە ڕێکخستنی زانراوەکان بۆ دۆزینەوەی بەهای نەزانراوێک یان بریتییە لە ڕێکخستنی چەند پێشەکیەک بۆ بەدەستهێانی ئەنجامێکی دروست، خودی بەڵگەهێنانەوە - ئارگومێنتەیشن- پرۆسەیەکی عەقڵانییە، لە ڕێگەی پرۆسەی ڕێکخستنی چەند پێشەکیەکەوە ئەنجامێکی عەقڵانی و دروست و قەناعەتپێهێن بەدەستدەهێندرێت، لە ئەنجامی ئەو دۆخە نەخوازراوەی جیهانی ئیسلامی و موسڵمانان تێیکەوتوون، جیهانێک بەدەست گرفتی مەعریفی، کەلتوری، سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری و ئەخلاقییەوە دەناڵێنێت، ئەگەر لە ئێستادا ئەم جیهانە عەقڵانییەت و بەڵگەکاری تیایدا ئامادەیی هەیە ئەم هەموو گرفتە کەڵەکەبووە دەرئەنجامی چییە؟ ئایا ئەم دۆخە خۆی باشترین و بەرجەستەترین بەڵگەیەک نییە کە ئەم جیهانە خاڵییە لە عەقڵانییەت و بەڵگەکاری؟ گومان لە ڕاستی ئەم پرسیارەدا نییە و وەڵامەکەشی ڕوونە کە بەڵێیە.


جیهانی ئیسلامی بەرهەمی تێگەیشتن و بیرکردنەوەی زانایان و فەقیهەکانییەتی، ئەم فۆرمە لە عەقڵ و تێگەیشتن بەرمەبنای میتۆدێکە کە پێویستە لێی تێیبگەین. مەعریفەیەک لە جیهانی ئیسلامیدا هەیە کە لە فەلسەفە و کەلام و شەریعەت و عیرفان پێکدێت، هەرچی کەلامە میتۆدی جەدەلی بەکارهێندراوە لە پێناو بەرگریکردن لە بیروباوەڕی دەستەیەک و سەرکەوتن بەسەر ئەوی دیدا. فەلسەفە لەسەر بەڵگەی عەقڵانی - دەلیلی بوڕهانی -  دامەزراوە و ئامانج لێی دەرخستنی ڕاستێتی هەر بابەتێکە نەک سەرکەوتن و دەمکوتکردنی ئەوی دی، شەریعەت پشت ئەستورە بە بەڵگەی نەقڵی، قورئان و فەرموودە. هەرچی عیرفانیشە سەرچاوەکەی شهود و کەشفە. بەڵام بە گەڕانەوە بۆ قۆناغی وەرگێرانی فەلسەفەی یۆنانی ئەوەمان بۆ ڕوندەبێتەوە کە میتۆدی لۆژیکی و کەلامی لە ڕێگەی بزووتنەوەی وەرگێرانەوە خۆی خزاندە ناو کایەی شەریعەت و عیرفانیشەوە. واتە، هیچ کایەیەکی مەعریفی نییە بنەماکەی عەقڵ و بەڵگەکاری نەبێت. بە ئەندازەیەک ئیخوانوسسەفا ڕایانگەیاند کە بەڵگەکان پێوەرن بۆ عەقڵ. واتە هەبوونی بەڵگە پێماندەڵێت تاچەندە بانگەشەکەمان دروستە و توانیومانە ڕاستێتیی بسەلمێنین. بەهەمان شێوە ئەگەر لێمان بپرسرێت: ئایا عەقڵ بوونی هەیە؟ ئەوا بە ئەندازەی بوونی بەڵگە عەقڵانییەکانمان دەتوانین وەڵامی ئەم پرسیارە بدەینەوە و ڕاستێتی ئەو بانگەشەیە بسەلمێنین کە عەقڵ لەناو مەعریفەی ئێمەدا ئامادەیی هەیە. لەلایەکی ترەوە، هەبوونی بەڵگەکان لەناو گفتوگۆکانی ئێمەدا پێوەرە لەسەر عەقڵانیبوونی گفتوگۆکانمان و خستنەڕوی هەربابەتێک کە قسەی لەبارەوە دەکەین. هەربۆیە لای ئیخوانوسسەفا بە پێوەرکردنی بەڵگەکان بۆ عەقڵ و عەقڵانیبوونی بابەتەکانمان، دەرخەری ئەو ڕاستیەیە کە خودی بەڵگەکاری و عەقڵ چ پێگەیەکی مەعریفی پتەویان هەیە.


لە سەدەی پێنجی کۆچی غەزالی هات و پێی وتین: هەرکەس لۆژیک نەزانێت متمانە بە زانستەکەی ناکەین. ئیدی زانین و ئاگاداربوون لە لۆژیکی کردە پێش مەرج بۆ هەر زانستێکی ئیسلامی کە لە سەردەمی خۆیی و دوا خۆی بەرهەم دەهێندرێت. لۆژیکی کردە بنەما. بێ لۆژیک قسەکردن لەسەر هەر بابەتێک قسەکردنێکی ناکامڵ دەردەچێت. هەروەها لەمەش قوڵتری ڕاگەیاند و وتی: عەقڵ پێوەری خودایە لەسەر زەوی. ناکرێ هەرشتێک بانگەشەی بۆ بکرێت لە بێژنگی عەقڵ نەدرێت و بە پێوەری عەقڵ نە پێورێت. بەمەش عەقڵی کردە بنەما و کۆی مەعریفەی ئیسلامی لەسەر دامەزراند. ئەوەشمان بیرنەچێ، کارێکی تر کە غەزالی ئەنجامیدا، جیاکردنەوەی کایە مەعریفیەکان بوو. بابەتی ئیمانی دایە دەست یەقین و ڕایگەیاند ئیمان پێناسەناکرێت بەڵکو ئەزمووندەکرێت، بەمەش ئیمان لە کایەی عەقڵانیەتی فەلسەفەی و کەلامی دەرهێنا و دایە دەست عیرفان و شهود و کەشف. بەڵام هەرگیز ئامادەنەبوو پێگەی عەقڵ و بەڵگەکاری عەقڵانی لەق بکات. هەردوو بانگەشەی لۆژیک پێشەکی گشت زانستەکان و عەقڵ پێوەری خودایە لەسەر زەوی، ئەو ڕاستیە تۆخدەکەنەوە کە غەزالی چ پێگەیەکی بە عەقڵ و بەڵگەکاری داوە. لەهەمانکاتدا ئاگاداریکی وردی ئەو ناکۆکیەش بوو کە بەناوی بەرەی عەقڵانیبوون و دژە عەقڵ جەدەلێکی بێ کۆتای خولقاندبوو، هەر بۆیە تەئویلی کردە بنەما بۆ تێگەیشتن لە دەقەکان و بنەمایەکی وجودی بۆ تەئویل دامەزراند. کەواتە، بە ئاوەڕدانەوە بۆ توراسی ئیسلامی، دەتوانین بە ئاسانی بەو ڕاستیە بگەین کە خودی مەعریفەی ئیسلامی خاڵی نییە لە عەقڵانیەت و بەڵگەکاری. بەڵکو ئەوە موسڵمانان و زانایان و بانگەشەکارانی هەڵگری مەعریفەی ئیسلامین لە ئێستادا خاڵین لە عەقڵانیەت، ئەمەش بەڵگەیە لەسەر بێ ئاگابوون لە قوڵایی توراس و مەعریفەی ئیسلامی. ئیمە لە ئێستادا بەدەست ئەم دەردە کوشندەوە دەناڵێنین، هەر بۆیە پێویستە جارێکی تر بگەڕێینەوە بۆ توراس لە پێناو دۆزینەوەی پێگە و بەهای عەقڵ و عەقڵانیەت و بەڵگەکاری. ئەمەش کۆمەکیمان دەکات لەوەی جارێکی تر عەقڵ بگەڕێنینەوە بۆ پێگە بنەڕەتییەکەی خۆی. بەدیدێکی عەقڵانی و رەخنەگرانە مامەڵە لەگەڵ توراسی ئیسلامی بکەین.

زۆرترین خوێندراوە


Islamic Studies copyright 2017 © . All right reserved Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure