فیدراڵیەتی هەرێمی کوردستان و فیدراڵیەتەکەی ڕۆژئاوا: خوێندنەوەیەکی بەراوردکاری

31/08/2016

:: د.نەوشیروان حوسێن سەعید: ناوه‌ندی كوردستان بۆ توێژینه‌وه‌ له‌ ململانێ و قه‌یرانه‌كان
د.نەوشیروان حوسێن سەعید/ مامۆستای زانكۆ و توێژه‌ر

پێشەکی:
ڕۆژی ١٧ ئازاری ٢٠١٦ لە شاری ڕمێلان، کوردانی ڕۆژئاوا لەگەڵ چەند نەتەوە و پێکهاتەیەکی دیکە، فیدراڵیەتی باکوری سوریایان ڕاگەیاند. ئەم ڕاگەیاندنە کاردانەوەی جیاوازی لێکەوتەوە و خوێندنەوەی جیاوازی بۆ کرا. لە قسە و لێدوان و ئەو خوێندنەوانەی کە لە هەرێمی کوردستاندا لەسەر فیدراڵیەتەکەی ڕۆژئاوا دەکرێن، بە ئاسانی هەست بە ناتێگەیشتن و ناڕوونیەکی زۆر دەکرێت. زۆر کەس لە گۆشەنیگای فیدراڵیەتی هەرێمی کوردستانەوە قسە لەسەر فیدراڵیەتەکەی ڕۆژئاوا دەکات، لەکاتێکدا ئەم دوو فیدراڵیەتە لە کرۆکدا دوو شێوازی جیاوازی فیدراڵین. لەم توێژینەوە بەراوردکارییەدا هەوڵدەدەین لەسەر گرنگترین خاڵە هاوبەش و جیاوازەکانی نێوان فیدراڵییەکەی هەرێمی کوردستان و فیدراڵییەکەی ڕۆژئاوا بوەستین.  

فیدراڵیەتی هەرێمی کوردستان
دەوڵەتی عێراق لەساڵی ١٩٢١دا دروستکرا. هەر لەوکاتەوە تا ٢٠٠٣، کورد بەردەوام بووە لە خەبات و تێکۆشان بۆ بەدەستهێنانی مافی چارەی خۆنووسین تا راپەڕینە جەماوەرییەکەی ساڵی ١٩٩١ کە تێیدا بەشێکی زۆری خاکی کوردستان ئازادکرا. دواتر کۆمەڵگەی نێودەولەتی تەدەخولی کرد و بەپێی بڕیاری ٦٨٨ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ٥ی نیسانی ساڵی ١٩٩١ 'ناوچەی ئارام ' و'ناوچەی دژە فڕین'ی بۆ پاراستنی کورد دروستکرد. (١) پاشان هەڵبژاردن ئەنجامدراو پەرلەمان و حکومەت پێکهێنران و پەرلەمان تاکلایەنە بڕیاری فیدراڵی بۆ هەرێمی کوردستاندا. دواتر کورد تا ساڵی ٢٠٠٣ خۆی خۆی بەڕێوەدەبرد و وەکو دەوڵەتێکی دیفاکتۆ مامەڵەی دەکرد. لەساڵی ٢٠٠٣دا، هێزەکانی هاوپەیمانان بە سەرکردایەتی ئەمریکا کۆتاییان هێنا بە دەسەڵاتی ٣٥ ساڵەی حیزبی بەعس لە عێراقدا. 
لە ساڵی ٢٠٠٣ەوە نەخشەی سیاسی لە عێراقدا بە یەکجاری گۆڕا و لاپەڕەیەکی نوێ لە مێژووی سیاسیی عێراقدا دەستیپێکرد.  لەم قۆناغە  نوێیەدا، سیستەمی فیدراڵیزم جێگەی سیستەمی مەرکەزی گرتەوە. یەکەمجار لە دەستوری کاتی عێراقدا، کە بە 'یاسای بەڕێوەبردنی دەوڵەت بۆ ماوەی گواستنەوە' ناسراوە، سیستەمی فیدراڵیزم چەسپێنرا. مادەی چواری ئەم یاسایە بە ڕاشکاوی ئەوەی خستەڕوو کە سیستەمی سیاسی لە عێراقدا سیستەمێکی فیدراڵی، دیموکراتی و فرەییە کە تێیدا دەسەڵات لە نێوان حکومەتی ناوەند و حکومەتی هەرێمەکان و پارێزگاکان و یەکە ئیدارییە ناوخۆییەکاندا دابەشدەکرێت.  هەریەکە لە مادەکانی ٢٢ و٢٤ و٢٥ی هەمان یاسا، ئاماژە بە فیدراڵیزم دەکەن. (٢) لە مادەی ٥٣شدا، بە ڕوونی دانی بە حکومەتی هەرێمی کوردستاندا نابوو وەکو هەرێمێکی فیدراڵ. واتە، ئەو سیستەمە فیدراڵیەی کە لەساڵی ١٩٩٢دا پەرلەمانی هەرێمی کوردستان تاکلایەنە ڕایگەیاند، لە 'یاسای بەڕێوەبردنی دەوڵەتی بۆ ماوەی گواستەوە' بە فەرمی دانی پێدانرا. 
دواتر لە ساڵی ٢٠٠٥دا، فیدراڵیزم بە فەرمی لە دەستوری هەمیشەی عێراقدا چەسپێنرا و سیستەمی فیدراڵی وەکو سیستەمی سیاسی عێراق ناسێنرا. لە چەند مادەیەکی دەستوری عێراقیدا جەخت لەسەر مەسەلەی فیدراڵیزم کراوەتەوە. بۆ نموونە، مادەی یەکەمی دەستووری عێراق ئاماژە بەوە دەکات کە 'کۆماری عێراق دەوڵەتێکی فیدراڵی یەکگرتووی سەربەخۆی خاوەن سەروەریە'. (٣) مادەی ١١٦ەش جەخت لەوە دەکاتەوە کە 'سیستەمی فیدراڵی لە عێراقدا پێکدێت لە پایتەخت و هەرێمەکان و پارێزگا لامەرکەزیەکان و ئیدارە ناوخۆییەکان'. بڕگەی یەکەمی مادەی ١١٧ەش بە فەرمی دان بە هەرێمی کوردستاندا دەنێت: 'ئەو دەستورە لە بەرواری پیادەکردنیەوە دان بە هەرێمی کوردستان و ئەو دەسەڵاتەی ئێستایدا دەهێنێت وەک هەرێمێکی فیدراڵی'. مادەکانی ١١٩ و ١٢٠یش باس لە پێکهێنانی هەرێمی فیدراڵی و دەسەڵاتەکانی دەکات. 

فیدراڵیەتی ڕۆژئاوای کوردستان
پاش زیاتر لە پێنج ساڵ لە شەڕی ناوخۆی سوریا و پاش ئەوەی ڕێگە بە کورد نەدرا لە گفتوگۆکانی ئاشتی تایبەت بە سوریا لە کۆنگرەی جنێف ٣ بەشداری بکات، کانتۆنەکانی ڕۆژئاوای کوردستان لە ڕۆژی ١٧ی ئازار لە شارۆچکەی ڕمێلانی ڕۆژئاوای کوردستان بە فەرمی 'فیدراڵیزمی باکووری سووریا' یان ڕاگەیاند. (٤) بەمشێوەیە فیدراڵیزم جێگەی کاانتۆنەکانی گرتەوە. لەساڵی ٢٠١٢ەوە ڕۆژئاوای کوردستان بە شێوەی کانتۆن بەڕێوە دەبرا کە تێیدا هەر سێ کانتۆنی'جەزیرە'  و 'کوبانی ' و 'عفرین' بەشێوەیەکی سەربەخۆ کاروباری خۆیانیان ڕادەپەڕاند، بەڵام لە ئێستادا هەر سێ کانتۆنەکە لە ژێر چەتری فیدراڵی و لەناو قەوارەیەکی یەکگرتوودا کۆبوونەتەوە. 
بۆ پێکهێنانی سیستەمی فیدراڵی، دوو سەد نوێنەر نوێنەرایەتی هەریەکە لە پێكهاتەكانی  كورد، عەرەب، سریان و توركمان و پێكهاتەكانی دیكەیان دەکرد. بەشداربووان لە ناوچە کوردییەکانی سوریا و شوێنەکانی دیکەی وەکو مەنبج و شەهبا و حەلەبەوە هاتبوون و ئەنجومەنێکی ٣١ کەسییان هەڵبژارد  بۆ سیستەمی فیدراڵی دیموکراسی بۆ ڕۆژئاوا و باکوری سوریا. (٥) هەریەکە لە کانتۆنەکانیش نوێنەری خۆیان لەو ئەنجومەنە ٣١ کەسیەدا هەیە بەمشێوەیە: کانتۆنی جەزیرە (١٥ نوێنەر)، کانتۆنی کۆبانی (٤ نوێنەر)، هەرێمی گرێ سپی (٤ نوێنەر)، کانتۆنی عەفرین (٤ نوێنەر)، هەریمی شەعبا (٤ نوێنەر). (٦) یەکێک لەکارەکانی ئەم ئەنجوومەن بریتی دەبێت لە ئامادەسازیی بۆ داڕشتنی چوارچێوەیەکی یاسایی و سیاسی گشتگیر سەبارەت بە سیستەمی فیدراڵیزم لەماوەی ٦ مانگدا. هەریەکە لە مەنسور ئەلسوم لە نەتەوەی عەرەب و هەدیە یوسف لە نەتەوەی کورد وەکو هاوسەرۆکانی هەرێمی فیدراڵی ڕۆژئاوا هەڵبژێرران.  دەکرێت ئەم هەنگاوە لەلایەکەوە بۆ بەدەستهێنانی شەرعیەتی نێودەوڵەتی بێت لە کاتی بونیادنانەوە سوریا لە پاش شەڕ، لەلایەکی دیکەشەوە سوود وەرگرتنە لە ئەزموونی نەوەدەکانی هەرێمی کوردستان.(٧) 

خاڵە چونیەک و جیاوازکانی نێوان فیدراڵیەتی هەرێمی کوردستان و فیدراڵیەتی ڕۆژئاوای کوردستان
•ناوچەکانی ئێستای عێراق و سوریا تا جەنگی جیهانی یەکەم لە ژێر دەسەڵاتی عوسمانیەکاندا بوون. دواتر بەپێی ڕێکەوتننامەی سایکس بیکۆ لە ساڵی ١٩١٦دا عێراق کەوتە ژێر دەسەڵاتی بەریتانیا و سوریاش  درا بە فەرەنسا. دەوڵەتی عێراق لەساڵی ١٩٢١ دروستکراو لە ساڵی ١٩٣٢دا بە فەرمی  بووە  وڵاتێکی سەربەخۆ. تا کەوتنی ڕژێمی بەعس لە ساڵی ٢٠٠٣، عێراق دەوڵەتێکی مەرکەزیی بوو. لە سوریاش، ساڵی ١٩١٨ مەلیک فەیسەڵ حکومەتێکی کارگێڕیی لە دیمەشق دامەزراند و جاڕی شانشینی سوریای دا، بەڵام ساڵی ١٩٢٠ فەرەنسییەکان مەلیک فەیسەڵیان دەرکرد. بەمشێوەیە سوریا کەوتە ژێر ڕکێفی ئینتیدابی فەرەنساوە. لە کۆتایی ساڵی ١٩٢٠دا، دەوڵەتی دیمەشق و دەوڵەتی حەلەب و دەوڵەتی 'جبل العلویین' و دەوڵەتی 'جبل الدروز' و دروستکرا. لەساڵی ١٩٢٢ سیستەمی فیدراڵی دەوڵەتی سوریی ڕاگەیەنرا کە هەریەکە لە دەوڵەتەکانی (دیمەشق و حەلەب و جبل العلویین)ی لە خۆی گرتبوو، بەڵام لەساڵی ١٩٢٤دا ئەم دەوڵەتە فیدراڵییە هەڵوەشێنرایەوە و لە کۆتایی ساڵی ١٩٢٥ و سەرەتای ١٩٢٦دا هەردوو دەوڵەتی دیمەشق و دەوڵەتی حەلەب یەکیان گرت و دواتر دەولەتەکانی دیکەش پەیوەندیان کرد و بەمجۆرە دەوڵەتێکی یەکگرتوو بەناوی دەوڵەتی سوریاوە دامەزرا. (٨) سوریا لە ساڵی ١٩٤٦ سەربەخۆیی تەواوەتی وەرگرت و لەو کاتەوە تا ئێستا دەوڵەتێکی مەرکەزییە.
•بەعسییەکان لە سوریا و لە عێراقیش لە ساڵی ١٩٦٣دا لە ڕێگەی کودەتای سەربازییەوە هاتنە سەر حوکم. بەعسیەکانی عێراق لە ساڵی ١٩٦٨ کودەتای دووەمیان بەسەر عبدالرحمن عارفدا کرد. کوردەکانی سوریا ڕووبەڕووی سیاسەتی تەعریب بوونەوە و کوردەکانی عێراقیش بەتایبەتی لە کەرکوک ڕووبەڕووی هەمان سیاسەت بوونەوە. بەعسیەکانی سوریا و عێراق گەرچی ڕکابەری یەکتربوون، بەڵام هەردووکیان سیاسەتی پەراوێزخستنی کوردیان پەیڕەو دەکرد. 
•لە ٤ ی ئۆکۆبەری ساڵی ١٩٩٢دا بەپێی بڕیاری ٢٢، پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی تاکلایەنە جۆری پەیوەندییەکانی هەرێمی لەگەڵ حکومەتی ناوەنددا لەسەر بنەمای فیدراڵیزم ڕاگەیاند. لە پاش ڕووخانی ڕژێمی بەعسیشەوە لەساڵی ٢٠٠٣، هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی یاسایی وەکو هەرێمێکی فیدراڵ دانی پێدا نرا. لە ڕۆژئاوای کوردستانیش، لەپاش هەڵگیرسانی شەڕ لە سوریا و لە ساڵی ٢٠١٢ەوە کوردەکان بە شێوەی کانتۆن خۆیان کاروباری خۆیانیان بەڕێوە دەبرد. لە ١٧ی ئازاری ٢٠١٦ەشەوە بە شێوەیەکی تاکلایەنە سیستەمی فیدراڵیان پەسەند کرد. دەکرێیت بڵێین ئەزمونی هەرێمی کوردستان ئیلهام بەخشی ئەم هەنگاوەی کوردەکانی سوریایە (هەرچەندە جگە لە کوردەکان، پێکهاتەکانی دیکەش بەشدارن). 
•بۆ ئەوەی هەر سیستەمێکی فیدراڵی سەرکەوتوو بێت، دەبێت بە فەرمی و لە ڕێگەی دەستورەوە دەسەڵاتی نێوان حکومەتی هەرێمەکان و دەسەڵاتی حکومەتی ناوەند دابەشبکرێت. دەبێ بە گفتوگۆ و دانوستان و ڕێکەوتن بێت و پاشان نێوانگیرێکی وەکو مەحکەمەی دەستووریش هەبێت بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان لە نێوان حکومەتی ناوەند و هەرێمەکان، ئەمە لە عێراقدا هەیە. بەڵام فیدراڵیەکەی ڕۆژئاوای کوردستان تاکلایەنەیە و لە دەستوردا نەچەسپێنراوە و حکومەتی ناوەند و هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی تریش ڕەفزی دەکەن. بەمانەیەکی دیکە، فیدراڵیەتی هەرێمی کوردستان شەرعیەتی تەواوەتی هەیە، بەڵام فیدراڵیەتەکەی ڕۆژئاوا تاکلایەنەیە و لەمپەری زۆری لەبەردەمدایە و هێشتا ڕوون نیە کە ئایا شەرعیەتی یاسایی وەردەگرێت لە ئایندەدا یان نا.
•لە ڕێگەی دەستێوەردانی سەربازییەوە کۆتایی بە دەوڵەتی مەرکەزی هێنرا لە عێراقدا و لە ڕێگەی پرۆسەی 'هەڵوەشاندنەوە و جیاکردنەوەی دەوڵەتێکی یەکگرتووە holding together’' بۆ چەند یەکەیەکی بچوکتر' عێراق لە دەوڵەتێکی مەرکەزیەوە بوو بە دەولەتێکی فیدراڵی. سوریاش لە ڕێگەی ڕاپەڕینی ناوخۆیی و دەستیۆەردانی دەرەکیەوە واپێدەچێت هەمان چارەنووسی عێراقی هەبێت. ئەگەر سوریا ببێتە دەوڵەتێکی فیدراڵی، ئەوا ئەویش لە ڕێگەی هەمان پرۆسەوە دەبێت 'هەڵوەشاندنەوە و جیاکردنەوەی دەوڵەتێکی یەکگرتووە holding together’' بۆ چەند یەکەیەکی بچوکتر'. بەڵام کۆبوونەوەی هەر سێ کانتۆنی 'جەزیرە' و 'کۆبانی' و 'عفرین' و گرووپی پێکهاتەکانی دیکە دەکرێت بە پرۆسەی 'یەکگرتنی چەند یەکەیەکی جیاو سەربەخۆ لە یەکتر ‘coming together’'دابنرێت. 
•فیدراڵیەکەی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای ئیثنی یە، واتە 'ئیثنۆفیدراڵیزمە'. بەڵام فیدراڵیزمەکەی ڕۆژئاوا لەسەر بنەمای جوگرافیە نەک ئیثنی و جگە لە کوردیش، پێکهاتە و نەتەوەکانی دیکە تێیدا بەشدارن، هەربۆیە فیدراڵیەتەکەی ڕۆژئاوا ناوی فیدراڵیەتی باکوری سوریای لێنراوە. واتە بۆ سنورێکی جوگرافیە بە پێکهاتە جیاوازەکانی ناویەوە، نەک بۆ یەک گرووپی ئیثنی و نەتەوەیی یان دینی و مەزهەبی. لەبەرئەوەی زۆرینەی هەرە زۆری دانیشواتنی هەرێمی کوردستان کوردن، بۆیە ئاساییە کە فیدراڵیەتەکەشی لەسەر بنەمای کوردبوون بێت، بەڵام لە ڕۆژئاوا کورد و پێکهاتە و نەتەوەکانی دیکە تێکەڵن و ناوچە کوردییەکان بە ناوچەی عەرەب و کریستیان دەورەدراون، بۆیە فیدراڵیزم لەسەر بنەمای ئیثنی ئەگەری سەرکەوتنی زۆر کەمە. ئەو فیدراڵیەی ئێستا کە لەسەر بنەمای جوگرافیە، گونجاوترین چارەسەرە، چونکە ئەگەر وانەبوایە، ئەوا هەر لە بنەڕەتەوە گرووپ و پێکهاتە و نەتەوەکانی دیکە ئامادە نەدەبوون لە ژێر چەتری ئیثنۆفیدراڵیزم 'فیدراڵی تەنها بۆ کوردەکان' کۆببنەوە. 
•لەسەر ئاستی ناوخۆ، حیزبەکانی هەرێمی کوردستان هاوڕا بوون لەسەر فیدراڵیزم، بەڵام لە ڕۆژئاوا 'ئەنەکەسە' دژی ئەو جۆرە فیدراڵیەیە کە 'پەیەدە' سەرکردایەتی دەکات و پێیان وایە کە بۆ بەرژەوەندی  ڕژێمی سوریایە، چونکە لەسەر بنەمای جوگرافیە و ناوی کورد و کوردستانی پێوە نیە و لەژێر ناوی سوریادایە. (٩) هەروەها نەیارەکانی ئەم هەنگاوە پێیان وایە کە 'بە ڕاگەیاندنی فیدراڵیەتی ناكوردستانی و تاكڕۆییانه‌، پەیەدە دەیەوێ دۆزی ڕاستەقینەی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان لەبار ببات' (١٠)
•لە پاش ٢٠٠٣، لە 'یاسای بەرێوەبردنی دەوڵەت بۆ ماوەی گواستنەوە'دا دان بە سنوری هەرێمی کوردستاندا نرا کە کورد خۆی لە ساڵی ١٩٩١ەوە بەڕێوەی دەبرد، چونکە تا ڕادەیەکی زۆر  ئەو سنورە دیار بوو. دیارە هێشتا چەند ناوچەیەکی جێ ناکۆکیش لە نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندیدا هەیە. بەڵام بەهۆی تێکەڵی کورد و پێکهاتەکانی دیکە لە سوریا، دیاریکردنی سنوری ڕۆژئاوای کوردستان کارێکی زۆر زەحمەتە. زەحمەتی ئەم کارە لە قۆناغی ڕاگوزەریدا باشتر دەردەکەوێت. بەڵام لەبەرئەوەی فیدراڵیەتەکەی ڕۆژئاوا لەسەر بنەمای ئیثنی و کوردبوون نیە،  بەڵکو بەشێوەیەکی ئارەزومەندانە لە نێوان پێکهاتە جیاوازەکاندا دروستبووە، بۆیە ڕەنگە ئەمە گرفتی ئاڵۆزی دیاریکردنی سنور کەمبکاتەوە لە ئایندەدا.  
•یەکێک لە تایبەتمەندییە گرنگەکانی پرۆسەی فیدراڵیزم (فیدراڵیزم پرۆسەیە و دەبێت لایەنەکان دەست و پەنجەی لەگەڵدا نەرم بکەن) بریتی یە لە بوونی زەمینەسازییەکی دیموکراسی بەهێز. دەبێ نوخبەی سیاسی و هاووڵاتیان لە گرنگی فیدراڵیزم تێگەیشتبن و بەشێوەیەکی ئارەزومەندانە، ڕەزامەندیان لەسەر فیدراڵیەتی ووڵاتەکەیان نواندبێت. بۆ ئەوەی فیدراڵی سەربگرێت دەبێت چەند پێشمەرجێکی گرنگ لەبەرچاو بگیررێن، وەکو بوونی مێژوویەک لە دیموکراسی و پێکەوەژیان و یەکتر قەبوڵ کردن و لێبوردەیی لەنێوان پێکهاتەکانی ووڵاتدا. پێشمەرجەکانی بونیادنانی سیستەمی فیدراڵی لە عێراقدا ونبون وئێستاش لە سوریاشدا ونن. ئایندەی فیدراڵیزم لە عێراقدا ناڕوونە. خواستی کۆکردنەوە و کۆنترۆڵکردنی دەسەڵاتەکان لە دەستی سەنتەر لەلایەن زۆرینەی نوخبەی عەرەبی شیعە و مامەڵەی تاکلایەنانەی سەرکردایەتی کوردیش لە هەندێ بواردا دژی بنەما هەرە سەرەتایی و سەرەکیەکانی فیدراڵیزمن کە بریتین لە 'بەڕێوەبردنی هاوبەش' لە ناوەند و 'خۆبەرێوەبردن' لە هەرێمی کوردستان. شکستی فیدراڵیزم لە عێراقدا ئەگەرێکی دوور نیە، بەتایبەتی کە فیدراڵیەتەکەی هەرێم لە جۆری 'ئیثنۆفیدراڵیزم'ە. گەرچی حاڵەتی سوریاش زۆر لە عێراق دەچێت، بەڵام ئەگەر لە پاش کۆتایی شەڕ، چەند ناوچەیەکی دیکەی سوریاش فیدراڵیزم لەسەر بنەمای جوگرافی پەسەند بکەن، ئەوا ئەگەری سەرکەوتنی سیستەمی فیدراڵی لە سوریادا زۆرترە، چونکە بەگشتی فیدراڵیزمی ئیثنی ئەگەری شکستی زیاترە لە فیدراڵیزمی جوگرافی. 

ئەنجام
ئەم توێژینەوەیە خوێندنەوەیەکی بەراوردکاری بوو لە نێوان فیدراڵیەتی هەرێمی کوردستان و فیدراڵیەتەکەی ڕۆژئاوا. بۆ ئەوەی تێگەیشتنێکی ڕوونمان هەبێت سەبارەت بە هەرێمی کوردستان و ڕۆژئاوای کوردستان و جۆری فیدراڵییەکەیان، ئاماژەماندا بە دۆخی کورد لە ژێر دەسەڵاتی عێراق و سوریا بەتایبەتی لەسەدەی بیستەمدا و لە چەند خاڵێکیشدا دیوە چونیەک و جیاوازەکانی ئەزموونی فیدراڵیزم لە هەرێمی کوردستان و ئەم هەنگاوە نوێیەی ڕۆژئاوامان خستەڕوو. بەهۆی هەڵوەشانەوەی دەوڵەتی مەرکەزی لە عێراقدا، هەرێمی کوردستان توانی بە شێوەیەکی فەرمی و یاسایی فیدراڵیەت بەدەستبهێنێت، کوردانی ڕۆژئاواش لە هەوڵدان تا فیدراڵیەتە تاکلایەنەکەیان شەرعیەت وەربگرێت و بە فەرمی لە ناوەوە و دەرەوەی سوریا بناسرێت و دانی پێدا بنرێت. گرنگترین خاڵی جیاوازی نێوان هەردوو فیدراڵیەتەکە ئەوەیە کە فیدراڵیەتی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای ئیثنی و کوردبوونە و فیدراڵیەتەکەی ڕۆژئاوا لەسەر بنەمای جوگرافیەوە سنوری باکوری سوریا دەگرێتەوە بە پێکهاتە جیاوازەکانیەوە. بەگشتی، هەرێمی کوردستان قۆناغی زیاتری بڕیوە و لەبەرئەوەی فیدراڵیەتەکەشی لە جۆری ئیثنۆفیدراڵیزمە، بۆیە ئەگەری جیابوونەوەی لە عێراق و جاڕدانی سەربەخۆیی هەیە لە ئایندەدا. هەرچی ڕۆژئاوای سوریایە، سەرەتا دەبێت هەوڵی بەدەستهێنانی شەرعیەت بدات، دواتریش زۆر زەحمەتە بتوانێت لە سوریا جیا ببێتەوە، چونکە جگە لە کورد، عەرەب و تورکمان و کریستیان و پێکهاتەی بچوکی دیکەش لە باکوری سوریادا هەن و بەمەش  جیابوونەوە و جاڕدانی سەربەخۆیی کارێکی یەکجار قورس و ئاڵۆز دەبێ، ئەگەر ئەستەم نەبێت.

سەرچاوەکان
(1)Malanczuk, P. (1991). The Kurdish crisis and allied intervention in the aftermath of the Second Gulf War. European journal of international law, 2 (2), pp. 114-132.
(2)TAL (2004) Transitional Administrative Law, Law of Administration for the state of Iraq for the Transitional Period.
(3)Iraqi constitution (in Kurdish). Available at: https://www.perleman.org/files/sitecontents/240711122618.pdf (Accessed: 5 April 2016).
(4) :البیان الختامي یٶکد ان سوریا لکل سوریینhttp://www.hawarnews.com/106682/ (Accessed: 18 March 2016).
(5)هەمان سەرچاوەی پێشوو
(6): فیدراڵیەت لە ڕۆژئاوای کوردستانhttp://www.knnc.net/Programme-Detail.aspx?TypeID=53&bernameID=11269 (Accessed: 16 April 2016).
(7)Wilgenburg, W. V. (2016) ‘ANALYSIS: 'This is a new Syria, not a new Kurdistan'. http://www.middleeasteye.net/news/analysis-kurds-syria-rojava-1925945786
(8)بۆ زانیاری زیاتر، بڕوانە ئەو بەیاننامە ٨ لاپەڕەییەی کە لە سەروبەندی ڕاگەیاندنی فیدراڵیەتی ڕۆژئاوا بەناوی 'وثیقة للنظام الاتحادي الدیمقراطي لروج اڤا- شمال سوریا'بڵاوکرایەوە. 
 (9) نەشوان بەرزنجی (٢٠١٦) 'فیدراڵیەتەكه‌ی پەیەدە نەتەوەیی نییە و جیۆگرافییە.. بۆ بەرژەوەندیی ڕژێمی سووریایە':‌http://www.kdp.info/a/d.aspx?l=13&a=89853
       (10) بڵند ئیبراهیم (٢٠١٦) 'چاودێرێكی سیاسی: كانتۆنی دوێنێ و فیدراڵیه‌تی ئه‌مڕۆی په‌یه‌ده‌، دۆزی كورد زیانبار ده‌كات': 
http://www.kdp.info/a/d.aspx?l=13&a=89837

# گشتی

زۆرترین خوێندراوە


political studies copyright 2017 © . All right reserved Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure