::
بێ نوسەر
ناوه‌ندی كوردستان بۆ توێژینه‌وه له ململانێ و قه‌یرانه‌كان
نووسینی: ئولڕیك كرۆپیونگ
سه‌رچاوه: The Journal of Individual Psychology
وه‌رگێڕانی له ئینگڵیزیه‌وه: قاره‌مان عه‌لی
پوخته
توێژه‌ر فاكته‌ره كۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌روونیه‌كانی توندڕه‌وی (ڕادیكاڵیزه‌یشن)، له ڕێگه‌ی شیكردنه‌وه‌ی ئه‌و چاوپێكه‌وتنه‌ی كه له‌گه‌ڵ كۆنه توندڕه‌وێكی سعودیدا ئه‌نجامی داوه، تاقی ئه‌كاته‌وه. بۆ فۆرمه‌له‌كردنی ئه‌نجامه‌كان، گه‌شتی نێوان توندڕه‌وی و ده‌ستبه‌رداربوونی توندڕه‌وی(دیڕادیكاڵیزه‌یشن)، به ته‌واوه‌تی، خراوه‌ته‌ڕوو و باسكراوه. له توێژینه‌وه‌كه‌دا ئه‌م سێ چه‌مكه به‌كارهاتووه: خه‌یاڵ و دژه خه‌یاڵ، قه‌یرانی شوناس، تیۆری سكیمه. ئه‌م میتۆده هه‌مه‌لایه‌نه ئه‌وه ده‌رئه‌خات كه دژه خه‌یاڵی ڕادیكاڵ له سه‌رده‌می هه‌رزه‌كاریدا ئه‌و كاته گه‌شه ئه‌كات كه جیاوازییه‌كانی نێوان دنیابینینی تاك و نه‌ریته باوه‌كانی نێو كۆمه‌ڵگه زیاتر‌و زۆرتر ئه‌بن. له جیاتی پرۆسه‌یه‌كی ئه‌رێنی (پۆزه‌تیڤی) به كلتورتێكه‌ڵبوون، نه‌ریته باوه‌كانی نێو كۆمه‌ڵگه ، كه به شێوه‌یه‌كی ڕادیكاڵانه له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵگه‌وه پێداگیری لێكراوه، خه‌یاڵ له‌لای منداڵه‌كه ئه‌گۆڕێت بۆ دژه خه‌یاڵ. تێگه‌یشتنێكی قوڵ له پاڵنه‌ره‌كانی توندڕه‌وی و ده‌ستبه‌رداربوونی توندڕه‌وی، تێڕوانینه ناعه‌قڵانییه‌كانمان ده‌رباره‌ی توندڕه‌وی كه‌متر ئه‌كات و هه‌روه‌ها یارمه‌تیمان ئه‌دات بۆ ده‌ستنیشانكردنی باشترین ڕێوشوێن بۆ ڕێگرتن له كرده‌ی تیروریستی.
جیهان ڕووبه‌ڕووی كۆمه‌ڵێك پرسیاری ئاڵۆز بووه‌ته‌وه ده‌رباره‌ی توندڕه‌وی و تیرۆر. له دوای هێرشه‌كانی سه‌ر سه‌نته‌ری بازرگانی جیهان و په‌نتاگۆن، كه له ساڵی 2001 دا ڕوویاندا، ڕه‌گ و هۆكاره‌كانی تیرۆر بوون به سه‌ره‌كیترین بابه‌ته‌كانی توێژینه‌وه زانستییه‌كان. به‌هه‌رحاڵ، له جیاتی تێگه‌یشتن له توندڕه‌وی و تیرۆر، "جه‌نگ له دژی تیرۆر" بوو به گرنگترین ئه‌جیندای ناوه‌نده‌كانی بڕیار. چه‌ندین ستراتیجیه‌ت بۆ ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ی تیرۆر په‌ره‌پێدرا به‌ڵام زۆربه‌ی زۆری پلانه‌كانی ڕووبه ڕووبونه‌وه‌كه له‌لایه‌ن پۆلیس و سوپاوه ئاماده‌كرا، شاره‌زایانی بواری "جه‌نگ له دژی تیرۆر"، وه‌ك چاوه‌ڕوانكراوه، ئه‌كرێت به ته‌واوه‌تی بێ ئاگابن له لایه‌نه ده‌روونییه‌كانی جه‌نگه‌كه؛ "جه‌نگ له دژی تیرۆر".
سایكۆلۆجیای تیرۆر: مرۆڤ و ده‌وروبه‌ر
جه‌نگ له دژی تیرۆر تێگه‌یشتن له سایكۆلۆجیای تیرۆر‌و توندڕه‌وی وه‌ك پێویستی و زه‌روره‌تێك ناخاته‌ڕوو به‌ڵام پرسیاری: "ئه‌و كه‌سانه كێن كه په‌یوه‌ندی به بزوتنه‌وه توندڕه‌وه‌كانه‌وه ئه‌كه‌ن و ڕق بڵاو ئه‌كه‌نه‌وه‌و پله به پله‌و له كۆتایدا تاواانی كوشتن ئه‌نجام ئه‌ده‌ن؟"، وه‌ك گرنگترین پرسیاری ئه‌م بواره ئه‌هێڵێته‌وه. هه‌رچه‌نده تیرۆر دیارده‌یه‌كی نوێ نییه، به‌ڵام گه‌ڕان به دوای زاراوه‌ی تیرۆر، له چوار داتابه‌یسی زانستیدا، ئه‌وه‌ی نیشانداین كه به " شێوه‌یه‌كی زانستی و سیستماتكی پشكنین و لێكۆڵینه‌وه له ڕاستییه‌كان ده‌رباره‌ی ڕه‌گ و بنچینه‌ی ڕه‌فتاری تیرۆریستی نه‌كراوه". بۆ زاڵبوون به‌سه‌ر ئه‌م گرفته چه‌قبه‌ستوه‌دا، جۆن هۆرگن له‌گه‌ڵ ئه‌وانیتردا، پێشنیاری ئه‌و جۆره توێژینه‌وه‌یه ئه‌كه‌ن كه زیاتر بایه‌خ به پرۆسه‌ی په‌ره‌سه‌ندنی ڕووداوه‌كان ئه‌دات، "ئه‌و ڕووداوانه‌ی كه یه‌ك له دوای یه‌ك دێن و په‌یوه‌ندیان به‌یه‌كه‌وه هه‌یه". هه‌ربۆیه هۆرگن له جیاتی "ڕه‌گه‌كان"، قسه له سه‌ر "ڕێگه‌كان" ئه‌كات، له جیاتی توێژینه‌وه‌ی "كرۆس سێكشن" كه زۆر به‌كار دێت، پێداگری له‌سه‌ر به‌كارهێنانی نه‌هجی "پرۆسه" ئه‌كات. ژماره‌یه‌كی زۆر له توێژه‌ره‌كان سورن له سه‌ر ئه‌وه‌ی كه داینامیكی ململانێی نێوان گروپه‌كان و "سایكۆلۆجیای كۆمه‌ڵایه‌تی و سایكۆلۆجیای گروپ و ڕێخراوه‌كان " توانای شیكردنه‌وه‌ی توندڕه‌وی-یان وه‌ك پرۆسه‌یه‌ك هه‌یه، نه‌ك "سایكۆلۆجیای تاك". له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، له‌م نووسینه‌دا، بایه‌خم به بوارێك داوه كه پێشتر –به‌گشتی- تاقینه‌كراوه‌ته‌وه: بواری گه‌شه‌ی ده‌روونی تاك به‌ره‌و توندڕه‌وی. لێره‌دا لێكۆڵینه‌وه له یه‌ك كه‌یس (حاڵه‌ت) كراوه كه ئه‌ویش كه‌یسی كازمه، توندڕه‌وی و پرۆسه‌ی ده‌ستبه‌رداربوونی توندڕه‌وییه‌كه‌ی كازم (ناوه‌كه خوازراوه)، كه مامۆستا‌و هاووڵاتییه‌كی سعودیه، شیكراوه‌ته‌وه.
میتۆد
ئه‌م توێژینه‌وه‌یه بۆ فۆرمه‌له‌كردن و ڕاڤه‌كردنی چیرۆكه‌كه‌ی كازم، پشتی به "سایكۆلۆجیای تاك"و" تیۆری سكیمه"ی ئه‌دله‌رو "قۆناغه‌كانی گه‌شه"ی ئریك ئریكسن به‌ستووه . یه‌كه‌م، چه‌مكه‌كانی خه‌یاڵ و دژه خه‌یاڵ وه‌ك دوو چه‌مكی سه‌ره‌كی بۆ گفتوگۆكردن و شیكردنه‌وه‌ی توندڕه‌وییه‌كه‌ی كازم به‌كارئه‌هێنم، به‌تایبه‌تی ئه‌و كاته‌ی كه كازم ڕووبه‌ڕووی گرفتی شوناس ئه‌بێته‌وه. به‌له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌م چه‌مكانه، بیروبۆچون و خه‌یاڵه (ناواقیعییه‌كان)ی كازم، له‌سه‌رده‌می پێگه‌یشتنی (باڵغ‌بوونی) كازمدا، پێویسته له‌گه‌ڵ ژینه‌گه‌كه‌یدا بگونجێ له‌ڕێگه‌ی دروستكردنی دژه-خه‌یاڵێك كه توانای هه‌ڵكردن و گونجاندنی له‌گه‌ڵ ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌دا هه‌بێت كه كازم به‌شێكه لێی و تێیدا ئه‌ژێت.
به‌گوێره‌ی بۆچونه‌كانی ئه‌دله‌ر بێت، دوو جۆر دژه- خه‌یاڵی لێكتر جیاواز ئه‌گه‌ری ده‌ركه‌وتنیان هه‌یه: دژه- خه‌یاڵێكی ته‌ندروست: ئه‌م جۆره دژه- خه‌یاڵه كاتێك كه تاكه‌كه ئه‌و ژینه‌گه‌یه‌ی (كۆمه‌ڵگه‌یه‌ی) كه تێیدا ئه‌ژێت په‌سه‌ند ئه‌كات و ده‌وروبه‌ره‌كه‌ش تاكه‌كه هانئه‌دات بۆ زوترو زیاتر خۆگونجاندن. دژه- خه‌یاڵێكی ناته‌ندروست: ئه‌م جۆره دژه- خه‌یاڵه كاتێك ده‌رئه‌كه‌وێت كه تاكه‌كه (مرۆڤه‌كه) ئه‌و ژینگه‌یه‌ی (كۆمه‌ڵگه‌یه‌ی) كه تێیدا ئه‌ژێت، به‌هۆی چه‌ند هۆكارێكی تایبه‌ته‌وه، په‌سه‌ند ناكات و به‌نهێنی ئه‌و تێڕوانینه ناواقعییه (خه‌یاڵه‌ی) كه پێشتر هه‌یبووه ئه‌پارێزێت. لێره‌دا، به مه‌به‌ستی باشتر تێگه‌یشتن له تیرۆر‌و توندڕه‌وی، جۆری سێیه‌می دژه- خه‌یاڵ باس بكه‌ین: دژه- خه‌یاڵی توندڕه‌و؛ ئه‌م خۆره دژه- خه‌یاڵه كاتێك ڕووئه‌دات كه دواكارییه‌كانی كۆمه‌ڵگه په‌سه‌نكراو نین و كه‌سه‌كه ناچار به یاخی بوون ئه‌كه‌ن. سه‌ره‌ڕای بایه‌خه ئه‌كادیمییه‌كه‌ی هه‌ردوو چه‌مكی خه‌یاڵ و دژه- خه‌یاڵ، به‌ڵام ئه‌م دوو چه‌مكه به ته‌نها ناتوانن، به‌ته‌واوه‌تی، گه‌شه‌ی تاك به‌ره‌و توندڕه‌وه‌ی و دواتر كه توندڕه‌وییه‌كه ئه‌بێت به شوناسی تاكه‌كه ڕوون بكاته‌وه. له‌م توێژینه‌وه‌دا ئه‌مه‌وێـت چوارچێوه‌كه‌ی فراوانتر بكه‌م و چه‌مكی "سكیمه" له تیۆری سكیمه‌وه بخوازم و پاشان قۆناغی "گرفتی شوناش" له "قۆناغه‌كانی گه‌شه‌ی" ئریك ئریكسن به‌كار بهێنم بۆ ڕوونكردنه‌وه و شیكردنه‌وه‌ی گه‌شه‌ی كه‌سایه‌تی توندڕه‌و. هه‌رچه‌نده تا ئه‌م دوایانه زۆر به‌كار نه‌هاتووه، به‌ڵام چه‌مكی "سكیمه" له‌لایه‌ن ئه‌دله‌ره‌وه بۆ پێناسه‌كردنی دژه- خه‌یال وه‌ك "كۆمه‌ڵه سكیمایه‌ك/ هزرێك" كه تاك به‌كاری ئه‌هێنێت بۆ تێگه‌یشتن و ڕاڤه‌كردنی له‌و جیهانه‌ی كه تێدا ئه‌ژێت. له‌م توێژینه‌وه‌دا من "سكیمه" وه‌ك كۆمه‌ڵێك بۆچون، كه به‌هۆی ئه‌زموونه‌وه به‌ده‌ستهاتووه، له‌لایه‌ن كه‌سێكه‌وه ئه‌خرێته‌ڕوو، به‌كارئه‌هێنم بۆ ئه‌وه‌ی له ناوه‌ڕۆكی خه‌یاڵ و دژه- خه‌یاڵه‌كانی كازم تێبگه‌ین و تیشك بخه‌ینه‌سه‌ر ئه‌و وه‌رچه‌رخانانه‌ی كه له ژیانی ئه‌ودا، به تایبه‌تی له‌كاتی بنیاتنانی شوناس له‌سه‌رده‌می هه‌رزه‌كارییه‌كه‌یدا، ڕوویانداوه.
تێكه‌ڵكردنی ئه‌م سێ چه‌مكه و به‌كارهێنانی چه‌مكه‌كانی خه‌یاڵ و دژه- خه‌یاڵ و سكیمه به‌یه‌كه‌وه پێشتر بایه‌خێكی ئه‌وتۆی پێنه‌دراوه. پێشتر من پشتم به سایكۆلۆجیای تاك به‌ستبوو بۆ بابه‌ته شیكارییه‌كانم، هه‌روه‌ها چه‌ند نووسه‌ریكی تر، كه پێش من توێژینه‌وه‌یان ده‌رباره‌ی توندڕه‌وی نووسیوه، ته‌نها قۆناغه‌كانی گه‌شه‌ی ئریك ئریكسن-یان به‌كارهێناوه بۆ شیكردنه‌وه‌ی توندڕه‌وی (ڕادیكاڵیزه‌یشن).
باكگراوندی توێژینه‌وه‌كه
له ماوه‌ی نێوان ساڵانی 2006 بۆ 2009 بۆ ئه‌نجامدانی ڕاپرسی له‌سه‌ر بۆچونی گه‌نجانی سعودێ ده‌رباره‌ی ئاینده‌ی وڵاته‌كه‌یان، چه‌ند جارێك سه‌ردانی وڵاتی سعودێ-م كرد. له‌ماوه‌ی ئه‌و سه‌ردانانه‌دا چه‌ند چاوپێكه‌وتنێكم، كه پێشتر پرسیاری چاوپێكه‌وتنه‌كانم به‌باشی ئاماده نه‌كردبوو، له‌گه‌ڵ هاوڵاتیانی سعودێ؛ به‌تایبه‌تی له‌گه‌ڵ مامۆستا‌و پارێزه‌رو بازرگان و دكتۆر‌و سیاسی و چالاكه‌وان و فه‌رمانبه‌راندا، به‌مه‌به‌ستی زانستی بوونی ئه‌نجامه‌كانی ڕاپرسییه‌كه، ئه‌نجامدا. كازم كه له ماڵێكی تایبه‌تدا له شاری ڕیاز چاوپێكه‌وتنم له‌گه‌ڵ كرد، به‌پێچه‌وانه‌ی هه‌موو ئه‌وانه‌ی تر كه پێشتر چاوپێكه‌وتنم له‌گه‌ڵدا كردبوون، كازم له كاتی خۆ ناساندنه‌كه‌یدا وتی كه پێشتر ئه‌و "ته‌كفیری" بووه! جیاوازتر له‌وانی تر، كازم ئاماده‌یی ئه‌وه‌ی تێدابوو، كه به‌ڕاشكاوی، ده‌رباره‌ی توندڕه‌وییه‌كه‌ی و قۆناغه‌كانی ژیانی قسه‌م بۆ بكات.
چاوپێكه‌وتنه‌كه‌ی كازم به‌پێچه‌وانه‌ی "چاوپێكه‌وتنی پێشتر نیمچه ئاماده‌كراو"بوو، زیاتر بریتی بوو له چاوپێكه‌وتنێك كه له "گێڕانه‌وه‌ی چێرۆك" ئه‌چوو. ئه‌م جۆره چاوپێكه‌وتنه‌ش له پرۆسه‌یه‌كی سێ به‌شی پێكدێت: سه‌ره‌تا به "پرسیارێكی كراوه"، "تكایه باسی سه‌رده‌می منداڵیتم بۆ بكه." ده‌ستپێ ئه‌كات و دواتر ئه‌و كه‌سه‌ی كه چاوپێكه‌وتنه‌كه ئه‌كات ئه‌وه‌ستێت تا ئه‌و كاته‌ی كه ئه‌و كه‌سه‌ی كه چاوپێكه‌وتنه‌كه‌ی له‌گه‌ڵدا كراوه به‌ته‌واوی وه‌ڵامی پرسیاره‌كه ئه‌داته‌وه‌و ئه‌وه‌ستێت. به‌پشت به‌ستن به زانیارییه‌كانی نێو وه‌ڵامی پرسیاره كراوه‌كه، كه له‌لایه‌ن ئه‌و كه‌سه‌ی كه چاوپێكه‌وتنه‌كه‌ی له‌گه‌ڵدا كراوه خراونه‌ته‌ڕوو، چاوپێكه‌وتنه‌كه به‌رده‌وام ئه‌بێت به‌مه‌به‌ستی وه‌رگرتنی زۆرترین زانیاری، بۆ نموونه: چۆن بووی به كه‌سێكی ڕادیكاڵ؟، له‌و كه‌سه‌ی كه چاوپێكه‌وتنه‌كه‌ی له‌گه‌ڵدا كراوه. به‌شی دووه‌می چاوپێكه‌وتنه‌كه به ”پرسیاری داخراو، بۆ نموونه: "چی وایلێكردی كه ببی به كه‌سێكی توندڕه‌و؟" یان " چی وایلێكردی كه ده‌ستبه‌رداری توندڕه‌وی ببی؟"، ده‌ست پێئه‌كات. به‌شی سێیه‌م، كه كۆتا به‌شی چاوپێكه‌وتنه‌كه‌یه، بریتییه له به‌شه تیۆرییه‌كه‌ی چاوپێكه‌وتنه‌كه. بۆ نموونه: "چی جۆره په‌یوه‌ندییه‌ك له نێوان تیرۆر و ئاییندا هه‌یه؟" یان " تۆ چۆن له تیرۆر ئه‌ڕوانی؟" ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به كه‌یسه‌كه‌ی كازمه‌وه هه‌یه، هه‌موو وته‌كانی كازم، به‌شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان، په‌یوه‌ندی به قۆناغه‌كانی بوون به كه‌سێكی توندڕه‌وو ده‌سبه‌رداربوونی توندڕه‌وییه‌وه هه‌یه. له كاتی چاوپێكه‌وتنه‌كه‌ی كازمدا هیچ تیۆرێك ده‌رباره‌ی هۆكاره سه‌ره‌كییه‌كانی پشت توندڕه‌وبوونه‌كه‌ی كازم نه‌خرابووه ڕِوو؛ پشتبه‌ستن به به‌كارهێنانی "شیكاری جۆری/ Qualitative Analysis"، به‌كارهێنانی سایكۆلۆجیای تاك به‌تایبه‌تی تیۆری "دروستبوون و گه‌شه‌ی كه‌سایه‌تی" ئه‌دله‌ر زۆر گونجاوه بۆ شیكردنه‌وه‌و دواتر تێگه‌یشتن له توندڕه‌وی و ده‌ستبه‌رداربوونی توندڕه‌وییه‌كه‌ی كازم.
خه‌یاڵ و دژه- خه‌یاڵ و سكیمه‌و ده‌وروبه‌ر
سایكۆلۆجیای تاك بۆ تیگه‌یشتن له كه‌سێك شه‌ن و كه‌وی ئه‌و به‌هاو ئایدیا كۆمه‌ڵایه‌تیانه ئه‌كات كه كه‌سه‌كه له سه‌ره‌تای ژیانیدا (منداڵی‌دا) ئه‌زموونی كردووه. منداڵه‌كه هه‌ست به‌وه ئه‌كه‌ت، كه ئه‌و (منداڵه‌كه) به‌راورد به گه‌وره‌كانی ده‌وروبه‌ری، كه‌سێكی لاواز‌و ناته‌واوه (خۆی به‌كه‌م ئه‌زانێ)، بۆیه منداڵه‌كه له ڕێگه‌ی خۆ قه‌ره‌بوكردنه‌وه‌وه ئه‌یه‌ویت به‌سه‌ر هه‌ستی خۆبه‌كه‌مزانینه‌كه‌یدا زاڵببێت. به‌هۆی ئه‌و كارلێكردنه به‌رده‌وامه‌ی كه له نێوان قۆناغه‌كانی گه‌شه‌كردن و فاكته‌ره كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا هه‌یه، منداڵه‌كه خه‌یاڵێك په‌ره‌پێئه‌دات كه له‌و دنیابینینانه‌دا ڕه‌نگ ئه‌داته‌وه كه منداڵه‌كه لێوه‌ی هه‌م له‌لایه‌كه‌وه دنیا ئه‌بینێت و هه‌م له‌لایه‌كی تره‌وه لێوه‌ی له جیهان تێئه‌گات. له‌گه‌ڵ گه‌وره بوونی منداڵه‌كه‌دا هه‌ستی تێگه‌یشتن له كۆمه‌ڵگه‌و ئه‌و ده‌وره‌به‌ره‌ی كه ئه‌وی تێدا ئه‌ژیت له‌لای منداڵه‌كه گه‌شه ئه‌كات. ئه‌مه پێویسته بوترێت، كاتێك " ئه‌زموون و په‌روه‌رده، فۆرمه‌له‌ی كلتور‌و به‌ها كۆمه‌ڵایه‌تی و دابوونه‌ریته‌كانی نێو كۆمه‌ڵگه منداڵه‌كه ئه‌خاته ژێر كاریگه‌ری خۆیه‌وه، هه‌رچۆنێك بێت، منداڵه‌كه ئه‌بێ ڕێگه‌یه‌كی په‌سه‌ندكراو له‌لای كۆمه‌ڵگه بدۆزێته‌وه بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی كاریگه‌رییه‌كانی كۆمه‌ڵگه له‌سه‌ر خۆی. ئه‌دله‌ری، كه زانایه‌كی ده‌رونزانه، دوو ئه‌نجام بۆ ململانێی نێوان تاك و كۆمه‌ڵگه پێشبینی ئه‌كات: یه‌كه‌م؛ زۆربه‌ی مرۆڤه‌كان توانای ڕاگرتنی هاوسه‌نگیان هه‌یه له نێوان خه‌یاڵ و دژه-خه‌یاڵدا. ئه‌م مرۆڤانه له ڕێگه‌ی خۆگونجاندنه‌وه ئه‌توانن باڵانسێك له نێوان "خه‌یاڵێكی دوژمنكاران"ه‌و دژه- خه‌یاڵێكی خۆنه‌ویستانه دروستبكه‌ن. به ده‌ربڕینێكی تر ئه‌م جۆره مرۆڤانه له‌جیاتی چونه ململانێوه له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگه‌دا، به‌بێ ده‌سبه‌رداربوونی ته‌واوی خه‌ون و خه‌یاڵه‌كانیان، خۆیان له‌گه‌ڵ دابونه‌ریته‌كاندا ئه‌گونجێنن و هاوسه‌نگییه‌ك له نێوان خه‌یاڵ و خه‌ونه‌كانیان له‌لایه‌ك و یاسا‌و نه‌ریته كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان له‌لایه‌كی تره‌وه، دروست ئه‌كه‌ن. دووه‌م؛ به‌شێكی تر له مرۆڤه‌كان، به‌هۆی چه‌ند هۆكارێكی تایبه‌ته‌وه، هه‌موو یاسا‌و نه‌ریته كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ڕه‌د ئه‌كه‌نه‌وه‌و به‌ده‌ربڕینه‌كه‌ی ئه‌دڵه‌ر؛ گرفتی "هه‌ستكردن به‌نائارامی" له‌لای ئه‌م مرۆڤانه سه‌رهه‌ڵ ئه‌دات. ئه‌م مرۆڤانه بۆ ئه‌وه‌ی ڕووبه‌ڕووی ململانێ نه‌بنه‌وه له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگه‌و ده‌وروبه‌ره‌كه‌یان، خه‌یاڵه‌كانیان "په‌ردپۆش" ئه‌كه‌ن به‌بێ ئه‌وه‌ی ده‌سبه‌رداری خه‌ون و خه‌یاڵه‌كانیان ببن. به‌هۆی په‌رده‌پۆشكردنی حه‌زو خه‌یاڵه‌كانیانه‌وه، ئه‌م جۆره مرۆڤانه دژه-خه‌یاڵێكی ناته‌ندروست په‌ره‌پێ ئه‌ده‌ن. ئه‌دله‌ر باسی له‌و بارودۆخه نه‌كردووه كه مرۆڤه‌كان وه‌ك په‌رچه‌كردارێك له‌به‌رانبه‌ر سته‌مه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌دا، په‌ره به دژه-خه‌یاڵێكی ڕادیكاڵانه ئه‌ده‌ن. له‌م توێژینه‌وه‌دا له‌ڕێگه‌ی شیكردنه‌وه‌ی كه‌یسه‌كه‌ی (كازم)ه‌وه ئه‌وه ڕوونه‌كه‌مه‌وه كه ئه‌م جۆره له دژه-خه‌یاڵ (دژه-خه‌یاڵی ڕادیكاڵ) چۆن گه‌شه ئه‌كات.
داینامیكی توندڕه‌وی
هه‌لومه‌رج و بارودۆخی سعودێ: كلتوری عه‌ره‌بی له زۆر ڕووه‌وه له كلتوری ئه‌وروپی و ئه‌مه‌ریكی جوداو جیاوازه. له كلتوری عه‌ره‌بیدا خێڵ و ئیسلام دوو ڕه‌گه‌زی سه‌ره‌كی و باڵاده‌ستی نێو كلتوره‌كه‌ن، به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌وه له كلتوری ڕۆژئاوادا؛ ڕۆشنگه‌ری و عه‌لمانییه‌ت وه‌ك دوو ڕه‌گه‌زی گرنگ و باڵاده‌ستی نێو كلتوری ئه‌بینرێن. هه‌ردوو كلتوره‌كه، به‌شێوه‌یه‌كی ڕێژه‌ی، كاریگه‌ریان ئه‌بێت له‌سه‌ر كۆتا بڕیاری تاكه‌كان ده‌رباره‌ی چۆنێتی ئاشنابوون و ئاوێته‌بوونیان له‌گه‌ڵ ئه‌و كلتور‌و بارودۆخه‌ی كه تێیدا ژیان به‌سه‌ر ئه‌به‌ن. پرۆسه‌ی ئاشنابوون و تێكه‌ڵبوون به كلتور ڕێگه به "چوارچێوه كلتوری و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان" ئه‌دات بۆ دیاریكردنی چۆنێتی مامه‌ڵه‌كردن و بیركردنه‌وه‌ی تاك، به‌تایبه‌تی، له‌وكاته‌ی كه قۆناغی منداڵی به‌ره‌و هه‌رزه‌كاری و پاشان به‌ره‌و قۆناغی گه‌وره‌بوون به‌جێ ئه‌هێڵێت.
فۆرمه‌له كلتوریه جیاوازه‌كانی عه‌ره‌به‌كانی ئه‌مڕۆ چین؟ وه‌سیم مه‌زیاق جه‌خت له‌وه ئه‌كات كه كۆمه‌ڵێك گرفت هه‌ن به‌شێوه‌یه‌كی نه‌رێنی كاریگه‌ری له‌سه‌ر ته‌ندروستی و ده‌روونساغی عه‌ره‌به‌كان دائه‌نێت. لیسته‌كه‌ی وه‌سیم قه‌یرانی حكومڕانی و كه‌می مافه‌كانی ئافره‌ت و نه‌بوونی خزمه‌تگوزارییه مرۆیه‌كان و خراپبوونی كه‌رتی ته‌ندروستی، له خۆ ئه‌گرێت. سیستمی په‌روه‌رده بایه‌خێكی كه‌م به بیركردنه‌وه‌ی ئازاد ئه‌دات. توێژه‌ران پرسیاری ئه‌وه ئه‌كه‌ن كه "ئایا به‌رته‌سكبوونه‌وه‌ی ده‌رفه‌ته‌كانی به‌شدارییه‌كی ئاشتیانه‌ی خه‌لًك له به‌ڕێوه‌بردنی وڵات‌دا، زیادبوون و به‌هێزبوونی ئه‌و ده‌نگه ئایینیانه‌ی كه دژی مۆدێرنه‌و رۆژئاوان هۆكاری ده‌ركه‌وتنی توندڕه‌وی ئایینی (ئیسامی) نین؟"
باكگراوندی كازم:
ئه‌و كاته‌ی كه كازم چاوپێكه‌وتنه‌كه‌ی له‌گه‌ڵدا ئه‌نجامدرا، ئه‌و له سه‌ره‌تای چله‌كانی ته‌مه‌نیدا بوو. له كاتی چاوپێكه‌وتنه‌كه‌دا، كازم منداڵی خۆی وه‌ك "منداڵێكی نۆرماڵ" وه‌سف كرد. كازم كوڕی گه‌وره‌ی ماڵه‌وه بووه‌و سه‌ره‌تا ئه‌و له ده‌مام (كه خه‌ڵكه‌كه‌ی به كه‌سانی له‌سه‌رخۆو ئارام به‌نێوبانگن،" ده‌ستی به خوێندنكردووه‌و پاشان له شاری ڕیاز درێژه‌ی به خوێندنه‌كه‌یداوه. خێزانه‌كه‌ی كازم، كه له ڕووی ئابورییه‌وه خێزانێكی مامناوه‌ند بووه، خێزانێكی دیندار نه‌بووه‌و هه‌روه‌ها دایك و باوكی كازم هیچیان نه‌چوونه‌ته قوتابخانه (نه‌خراونه‌ته به‌رخوێندن). به‌هۆی سه‌رقاڵبوونی باوكی كازم به كاری قاچاغچێتییه‌وه، باوكی كازم زۆربه‌ی كاته‌كان له ماڵ نه‌بووه‌و كازم له‌گه‌ڵ دایك و خوشك و براكانی تری‌دا، له‌كاتی له‌ماڵ نه‌بوونی باویكیدا، كاته‌كانیان له ماڵی خزمه‌كانیان به‌سه‌ربردووه. كازم به‌شی ئینگڵیزی خوێندووه‌و، سه‌ره‌ڕای چالاكییه سیاسییه‌كانی ( كه سه‌رنجی پۆلیسی ڕاكێشاوه‌و دواتر پۆلیس خستویه‌تییه ژێر چاودێرییه‌وه)، ئه‌و بووه به مامۆستای زمانی ئینگڵیزی. له ته‌مه‌نی 22 ساڵیدا كازم له‌گه‌ڵ كچه مامێكیدا هاوسه‌رگیری ئه‌كات و بۆ هاوسه‌ركیریكردنه‌كه‌شی ڕه‌چاوی ئه‌و وته‌یه‌ی كردووه كه ئه‌ڵێت: "كه‌سێك ئه‌هێنم كه دایك و باوكم دڵخۆش بكات." كازم و هاوسه‌ره‌كه‌ی سێ منداڵیان هه‌یه.
كازم خۆی به كۆنه ته‌كفیری هه‌ژمارئه‌كردو هه‌روه‌ها ئه‌و خۆشی له وه‌هابییه‌ت (سه‌له‌فییه‌ت)، كه ئاینی فه‌رمی ده‌وڵه‌تی سعودێیه،و ئیخوانی، كه سه‌رچاوه‌یه بۆ له 80% ی كاری توندڕه‌وی له نێو سعودێ، جیاكرده‌وه. ته‌كفیری گروپێكی نهێنی نائاشكرای ئایینی نێو كۆمه‌ڵگه‌ن كه ئه‌ندامه‌كانی ئه‌م گروپه ناتوانن به ئاشكرا له نێو سعودێ بانگه‌واز (ده‌عوه) بۆ بۆچونه‌كه‌یان بكه‌ن و چالاكی ئه‌نجام بده‌ن. ته‌كفیرییه‌كان، له‌گه‌ڵ بوونی كه‌مێك جیاوازی له نێویاندا ده‌رباره‌ی ئه‌م بابه‌ته، ئه‌و مسوڵمانانه‌ی كه وه‌ك ئه‌مان بیرناكه‌نه‌وه به كافر (بێباوه‌ڕ) ئه‌زانن و جه‌نگكردن (جیهادكردن) له دژیان به پێویست ئه‌زانن. ته‌كفیرییه‌كان بانگه‌واز بۆ كوشتنی، یان به‌لای كه‌مه‌وه، كوشتنی كافره‌كان (بێباوه‌ڕه‌كان)یان به‌لاوه شتێكی ئاساییه. هه‌ربۆیه، وه‌ك كازم ئه‌ڵێت، "تۆ ناتوانی به هه‌مووان بڵێیت كه تۆ كه‌سێكی ته‌كفیریت، چونكه ئه‌گه‌ر واتكرد، ئه‌وا ئه‌بێت بچیته زیندانه‌وه."
به‌ریه‌ككه‌وتنی كلتوره‌كان خراپه:
زۆربه‌ی ڕه‌گه‌زه‌كانی نێو ژیاننامه‌كه‌ی كازم به كه‌می جیاوازن له ڕه‌فتاری گه‌نجانی نێو كۆمه‌ڵگه‌كانی تر. كازم له‌سه‌رده‌می منداڵی و هه‌رزه‌كاریدا به ڕۆژئاوا‌و كلتوره‌كه‌ی سه‌رسام بووه: "وه‌ك منداڵێكی ئاسایی كه سه‌رسامبووه به شارستانێتی ڕۆژئاوا، له سه‌رده‌می منداڵیمدا زۆر سه‌یری فلیمم ئه‌كرد. كاتێك كه منداڵێكی بچوك بووم، ته‌نانه‌ت له ته‌مه‌نی هه‌رزه‌كاریشمدا، زۆر حه‌زم له (كلینت ئیستود) بوو."
جگه له‌و كاتانه‌ی كه كازم گه‌یشتبووه ئه‌وپه‌ڕی قۆناغه‌كانی توندڕه‌وییه‌كه‌ی، ئه‌و هه‌رگیز به یه‌كجاره‌كه‌ی ده‌سبه‌رداری سه‌رسامبوونه‌كه‌ی به كلتوری ڕۆژئاوا نه‌بووه. ئاره‌زوه‌كانی كازم بۆ ڕۆژئاوا‌و كلتوره‌كه‌ی جارجار له شێوه‌ی خه‌یاڵێكی فه‌نتازی، كه له‌م خه‌ونه‌ی كازمدا: "بیرم له‌وه ئه‌كرده‌وه كه بڕۆم بۆ ئه‌مه‌ریكاو ببم به سیاسییه‌كی ئه‌مه‌ریكی بۆ ئه‌وه‌ی له‌وێ بژیم و دواتر ببم به‌به‌شێك له كلتوری ڕۆژئاوا"، ده‌رئه‌كه‌وت. ئه‌م بیركردنه‌وه‌یه‌ی كازم، ببم به سیاسییه‌كی ئه‌مه‌ریكی، نه‌ك پێچه‌وانه‌و ناته‌بایه له‌گه‌ڵ ئه‌و نه‌ریت وكلتوره ئایینییه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی سعودێ كه كازم تاكێكه تێیدا، به‌ڵكو ئه‌م بیركردنه‌وه‌یه، كه جۆرێكه له خه‌یاڵ، فاكته‌رێكی به‌هێزه بۆ زیادبوونی كه‌لێنه‌كانی نێوان تاك-كۆمه‌ڵگه و ڕۆشتنی كازم بۆ نێو توندڕه‌وی و دروستكردنی دژه-خه‌یاڵه تایبه‌ته‌كه‌ی.
خه‌ڵك به چاوێكی سوكه‌وه له ژیان ئه‌ڕوانێت: بۆ تێگه‌یشتن له‌و ئاڵنگاریانه‌ی (تحدیانه‌ی) كه كازم له كاتی دروستكردنی دژه-خه‌یاڵه‌كه‌ی ڕووبه‌ڕووی بووه‌ته‌وه، ئه‌بێت له ڕه‌گه‌زه سه‌ره‌كییه‌كانی ژیانی ڕۆژانه‌ی خه‌ڵك له وڵاتی سعودێ تێبگه‌ین. ده‌وڵه‌تی سعودێ په‌سه‌ند نه‌كردنی "دیموكراسی"ی له نێو كۆمه‌ڵگه چه‌سپاندووه‌و له نه‌وه‌یه‌كه‌وه بۆ نه‌وه‌یه‌كی تر گواستووێتیه‌وه‌و هه‌رگیر ڕێگه نادات پرسیار له‌و به‌هاو مۆراڵه ئایینیانه بكرێت كه به‌شێكن له بیروباڕی ئیسلام. له سعودێ بیركردنه‌وه‌ی ئایینی له سه‌روی هه‌مو جۆره بیركردنه‌وه‌یه‌كه‌وه‌یه‌و هیزری ئایینی باڵا ده‌ستییه‌كی ته‌واوی هه‌یه‌و بووه به حه‌قیقه‌تێكی موتڵه‌ق، ئه‌م ڕاستییه‌ش له كتێبی (په‌رتوكی) خوێندی ناوه‌نده‌كانی خوێند‌و په‌روه‌ه‌رده‌ی وڵاتی سعودێ به‌ڕوونی ده‌رئه‌كه‌وێت. له په‌رتوكی پرۆگرامی ناوه‌نده‌كانی خوێندن و په‌روه‌رده‌ی سعودێ ئاماژه به چه‌مكی شوناس دراوه‌و شوناس به‌شێوه‌یه‌ك ڕوونكراوه‌ته‌وه كه ڕاسته‌وخۆ په‌یوه‌ندی به‌كازم، ئه‌و كه‌سه‌ی كه به فلیمی "كلینت ئیستود" سه‌رسامه، هه‌یه‌و ئه‌ڵێت: "لاسایكردنه‌وه‌ی بێباوه‌ڕه‌كان (كافره‌كان) له‌و شتانه‌ی كه تایبه‌ته به بێباوه‌رو نه‌ریته‌كه‌یان، یاساغ و ڕێگه‌پێنه‌دراوه (حه‌رامه)و ئه‌گه‌ر هه‌ركه‌سێك لاسایان بكاته‌وه ئه‌وا (له دواڕۆژدا) سزایه‌كی توند‌و به‌ئێش ئه‌درێت."
به له به‌رچاوگرتنی كلتوری سعودی كه به‌توندی ڕووبه‌ڕووی ئه‌و تاكانه ( كه‌سانه) ئه‌بێته‌وه كه پێوه‌ی پابه‌ند نابن و دژایه‌تی ئه‌كه‌ن، سه‌رسامبوونه‌كه‌ی كازم به كلتوری ئه‌مه‌ریكی، كه بۆ سه‌رده‌می منداڵی ئه‌و ئه‌گه‌رَێته‌وه، به‌ڵگه‌یه‌كی ڕوونه كه سه‌ره‌تای به‌كۆمه‌ڵایه‌تیبوونه‌كه‌ی ئه‌و، كه له ڕێگه‌ی میدیاوه بووه، ڕۆڵی هه‌بووه له دروستكردنی یه‌كه‌م خه‌یاڵ و بیرۆكه ده‌رباره‌ی ژیان له‌لای كازم، كه دواتر كازم به هۆی ئه‌م خه‌یاڵ و دنیا بینینانه‌وه ڕووبه‌ڕووی گرفت و ململانێ بووه‌ته‌وه له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگه‌كه‌یدا. كاتێك كازم پرسیاری لێكرا ده‌رباره‌ی ڕۆژئاوا، ئه‌و وتی "ڕۆژئاوا به‌ته‌نها بریتی نییه له پێشكه‌وتنی ته‌كنۆلۆجیا به ته‌نها، به‌ڵكو ڕۆژئاوا زیاتر بریتییه له شێوازی ژیانكردن (مۆدێلێك بۆ ژیانكردن) كه به‌هه‌موو جیهاندا بڵاوبووه‌ته‌وه."
دنیابینینه جیهانییه‌كه‌ی كازم؛ كازمی توشی گرفت كرد له‌گه‌ڵ ئه‌و مامۆستا ئایینیانه‌ی كه ئامانجی فه‌لسه‌فه‌كه‌یان، فه‌لسه‌فه‌ی "ڕق له ژیان"، بریتییه له دروستكردنی نه‌وه‌یه‌ك، له نێویشیاندا كازم، كه بڕوایان به ڕۆژی دوایی هه‌بێت و ژیان به‌بێ نرخ ببینن و چاوه‌ڕوانییه‌كانیان له ژیان ڕاده‌ستی ئایین و قه‌ده‌ری ئیللاهی بكه‌ن. پاش تێڕامان له فه‌لسه‌فه‌ی "رق له ژیان"ی مامۆستاكانی، كازم په‌یوه‌ندی هۆ-ئه‌نجام له نێوان بیرۆكه (سكیمه) باوه‌كانی نێو كۆمه‌ڵگه‌و ڕه‌فتاری تاكه‌كانی نێو كۆمه‌ڵ"گه ئه‌دۆزێته‌وه‌و ئه‌و به‌مشێوه‌یه ئه‌و جۆره په‌یوه‌ندییه ڕوونئه‌كاته‌وه: "خه‌ڵكی دیندار ژیان زۆر بێ به‌ها ئه‌بینن، چونكه خه‌ڵكه دینداره‌كه ژیان وه‌ك وێستگه‌یه‌كی گواستنه‌وه ئه‌بینن! به بڕوای من ئه‌م جۆره تێڕوانیینه بۆ ژیان؛ تێڕوانینێكی هه‌ڵه‌و خراپه."
له هه‌لومه‌رجێكی له‌و شێوه‌یه‌دا؛ داواكاری و فشاره كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ترسێكی ده‌سته‌جه‌معی له‌لای مرۆڤه‌كانی نێو كۆمه‌ڵگه دروست ئه‌كات كه له دواڕۆژدا به‌هۆی پابه‌ندنه‌بوونیان به ئایینه‌وه نه‌چنه به‌هه‌شته‌وه، هه‌روه‌ها تاكه‌كانی نێو كۆمه‌ڵگه ناچار ئه‌كات كه به‌بێ پرسیار كردن بیروباوه‌ڕه ئایینییه‌كان په‌سه‌ند بكه‌ن. هه‌رچۆنێك بێت، كازم وازی له په‌سه‌ندنه‌كردنی بیرۆباوه‌ڕه ئایینییه باوه‌كانی نێو كۆمه‌ڵگه هێنا. دواتر به‌پێچه‌وانه‌ی ساڵانی پێشووه‌وه، كازم له جیاتی دژایه‌تیكردنی ئایین، بووبه كه‌سێكی زۆر دیندار. ئه‌و پێوایه كه كۆمه‌ڵگه و فشاره‌كانی به‌پرسیارێتی توندڕه‌وبوونه‌كه‌ی ئه‌م له ئه‌ستۆ ئه‌گرێت. كازم ساڵانی توندڕه‌وییه‌كه‌ی، كه له كۆتای هه‌شتاكانه‌و ده‌ستپێ ئه‌كات و له كۆتای نه‌وه‌ده‌كاندا كۆتایی دێت، به ساڵانی "شێتێتی" وه‌سف كرد، هه‌رچه‌نده كازم نه‌بووبوو به كه‌سێكی ده‌رووننه‌خۆش وه‌ك ئه‌وه‌ی كه سایكۆلۆجیای تاك به‌كاریئه‌هێنێت بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی كه دژ به نه‌ریته باوه‌كانی نێو كۆمه‌ڵگه‌ن، به‌ڵكو له‌به‌رانبه‌ردا ئه‌و به ئاشكرا ده‌ستیكرد به گفتۆگۆكردنی بابه‌ته ئاینییه‌كان له‌گه‌ڵ پیاوانی ئایینی و ده‌سه‌ڵاتدارانی ئایینی‌دا. كازم ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌ی له‌بیر ماوه: "من حه‌زم لێیان نه‌بوو. تۆ ئه‌زانی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه پێان ئه‌وترێت بانگه‌وازخوازی ئایینی كه له نێو خوێندنگه ئاماده‌ییه‌كاندا ده‌رسیان پێئه‌وتینه‌وه، من واڕاهاتبووم كه ئه‌م بانگه‌وازخوازانه ڕه‌دبكه‌مه‌وه چونكه ئه‌وان ئێمه‌یان به ئاگری دۆزه‌خ ئه‌ترساند. ئه‌وان له بیركردنه‌وه‌دا زۆر بیرته‌سك و له ڕه‌فتاردا زۆر توندبوون. من هه‌رگیز حه‌زم له‌وان نه‌بووه؛ نه له قۆناغی ئاماده‌یی و نه له قۆناغی زانكۆدا."
كاتێك كه كازم بێ ئومێد بوو له‌وه‌ی كه هاوكاری (هانبدرێت) بۆ گه‌یشتن به خه‌ونه‌كانی، ئه‌م بێ ئومێدییه ئه‌وی به‌ره‌و ڕێخراوێكی ئایینی-سیاسی نهێنی په‌لكێش كرد‌و كازم بوو به كه‌سێكی ته‌كفیری (توندڕه‌و). شوناسه نوێكه‌ی كازم وه‌ك كه‌سێكی ته‌كفیری (توندڕه‌و) ده‌رئه‌نجامی قه‌یرانی سوناس بوو كه ئه‌و توشی ببوو. له ڕێگه‌ی ئه‌م بیركردنه‌وه‌وه كازم به‌ڕوونی دژه-خه‌یاڵه‌كه‌ی ئه‌خاته‌ڕوو: "شوناس ڕێگه‌یه‌كه بۆ خۆدۆزینه‌وه، له‌ڕێگه‌ی بوونی شوناسێكه‌وه ڕێز له بوونی خۆت ئه‌گریت و ئه‌وانتریش ڕێزت ئه‌گرن."
ململانێی نێوان مرۆڤ وكلتوره‌كه‌ی
بوونی ململانێی نێوان نه‌وه جیاوازه‌كانی نێو كۆمه‌ڵگه یه‌كێكه له نه‌گۆڕه كۆمه‌ڵأیه‌تییه‌كان. به‌ڵام هۆكاری ململانێكانی نێوان نه‌وه جیاوازه‌كان له كۆمه‌ڵگه‌یه‌كه‌وه بۆ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی تر جوداو جیاوازه. كۆمه‌ڵگه‌ی سعودی ئه‌یه‌وێت تاكه‌كانی تاكگه‌لێكی گوێڕایه‌ڵ و ملكه‌چ بن و ژیانێكی ئایینیان هه‌بێت. له‌م كۆنتێكسته‌وه ئه‌كرێت توندڕه‌وبوونه‌كه‌ی كازم وه‌ك پرۆسه‌یه‌كی سروشتی ببینرێت. سه‌رسامبونه‌كه‌ی كازم به ڕۆژئاوا‌و كلتوره‌كه‌ی، كازم توشی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه ئه‌كات له‌گه‌ڵ كلتوره‌كه‌ی خۆیدا و به ده‌ربڕینه‌كه‌ی هانتینگتۆن ململانێی نێوان شارستانییه‌ته‌كان ڕوو ئه‌دات. بیروبۆچونه سه‌یره‌كانی (ڕیزپه‌ڕه‌كانی) كازم ته‌واو پێچه‌وانه‌ی پره‌نسیپه ئیسلامییه‌مان بوو. به‌پێی بۆچونه‌كانی كازم بێت، له كۆتایدا جیهانگیری هه‌موو سعودییه‌كان ناچار ئه‌كات بۆ ئه‌وه‌ی كه ڕووبه‌ڕووی هه‌مان گرفت ببنه‌وه، بۆ چاره‌سه‌ركردنی گرفته‌كه، گه‌نجانی سعودێ دوو بژارده‌ی سه‌ره‌كیان له‌به‌ردامدایه: یان توانه‌وه له نێو یه‌ك كلتور‌و ڕازی بوون به ویستی خودا‌و ملكچ بوون بۆ یاساكانی ده‌سه‌ڵاتدارانی سعودێ یان ڕه‌تكردنه‌وه‌ی كلتور‌و یاساكانی سعودێ. له‌كاتی هه‌ڵبژاردنی بژارده‌ی دووه‌م (ڕه‌دكردنه‌وه‌ی كلتوری سعودێ)، تاكه‌كه (كه‌سه‌كه) یان توشی گرفتی ده‌رونی ئه‌بێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی كه ئه‌دڵه‌ر ئاماژه‌ی بۆ ئه‌كات، یان كه‌سه‌كه یاخی ئه‌بێت و ئه‌بێت به كه‌سێكی توندڕه‌و وه‌ك ئه‌وه‌ی كه به‌سه‌ر كازمدا هات. لێره‌دا كازم له ڕێگه‌ی ئه‌م وته‌یه‌ی خواره‌وه گرفتی دژه-خه‌یاڵ، كه زیاتر له شێوه‌ی قه‌یرانێكی ڕوحیدا ده‌رئه‌كه‌وێت و ڕووبه‌ڕووی زۆربه‌ی گه‌نجانی سعودێ ئه‌بێته‌وه، ئه‌خاته‌ڕوو: " زۆر گرنگه كه بزانرێت ئه‌وه‌ی گه‌نجان به‌ره‌و توندڕه‌وی ئه‌بات بریتییه له ترس له مه‌رگ. خه‌ڵكی سه‌ره‌تا ئه‌م كه‌شه روحییه‌یان هه‌یه ... ئه‌م كه‌شه ڕوحیه ماوه‌یه‌كی زۆر ناخایه‌نێت، بۆ ماوه‌ی دوو مانگێك تۆ ئه‌ته‌وێت به‌ته‌نها بیت و نوێژبكه‌یت و بگریت. به‌ڵام دوای ئه‌م دوو مانگه، ئه‌و كه‌شه ڕوحییه نامێنێت. دوای نه‌مانی كه‌شه ئیمانییه‌كه (ڕوحییه‌كه)، خه‌ڵكی ده‌ستئه‌كه‌ن به‌گه‌ڕان به‌دوای ئیماندا (باوه‌ڕدا). ئه‌ته‌وێـت ببی به بانگه‌وازخوازو ڕێزی خه‌ڵكی به‌ده‌ستبهێنی."
دژه خه‌یاڵییه‌كانی كازم
كازم له وته‌كه‌ی سه‌ره‌وه‌یدا، ئه‌وه‌ی ڕوونكردووه‌ته‌وه كه چۆن دژه-خه‌یاڵێكی دیاریكراو له بارودۆخێكی تایبه‌تدا دروستئه‌بێت. زۆربه‌ی سعودییه‌كان بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ك "هاوڵاتییه‌كی ئاسایی" موماره‌سه‌ی ماف و ئه‌ركه‌كانیان بكه‌ن، ئه‌بێت جگه له قه‌یرانی پێگه‌یشتن (باڵغبوون)، به‌سه‌ر چه‌ند قه‌یرانێكیتردا سه‌ربكه‌ون. به‌شێك له گه‌نجانی سعودێ بۆ ئه‌وه‌ی له نێو كۆمه‌ڵگه‌ی سعودێدا هه‌ست به ئارامی و پارێزراوی بكه‌ن، ئه‌بێت خۆیان له‌گه‌ڵ كلتوری عه‌ره‌بیدا بگونجێنن و ئیسلام وه‌ك ئایین په‌سه‌ند بكه‌ن. به‌شه‌كه‌ی تریان به‌ناچاری ڕوو له دژه-خه‌یاڵێك ئه‌كه‌ن كه ڕه‌نگه له ئه‌نجامدا مرۆڤێكی ده‌رووننه‌خۆش به‌رهه‌م بهێنێت. له بارۆدۆخێكی وادا كه نۆرمه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ته‌نها به ڕووكه‌ش به‌سه‌ند كراون، خه‌ڵكی (گه‌نجانی سعودێ) به نهێنی پرسیار له گرنگی به‌ها كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی نێو كۆمه‌ڵگه ئه‌كه‌ن. ڕێگه‌ی سێیه‌م، كه هه‌ڵبژارده‌ی كازمه، نۆرمه باوه‌كانی نێو كۆمه‌ڵگه په‌سه‌ند ئه‌كات به‌ڵام له هه‌مانكاتدا له ڕێگه‌ی پارێزگاریكردن له هێزی دژه-خه‌یاڵه‌كه‌وه، نۆرمه‌كانی نێو كۆمه‌ڵگه به نۆرمی ناته‌واو ئه‌زانێت. له‌م كه‌یسه‌دا، ململانێكانی نێوان خه‌یاڵ و كۆمه‌ڵگه سه‌رئه‌كێشێ بۆ دژه-خه‌یاڵێك كه بارگاویكراوه به بیری توندڕه‌وی: وتارێكی جیهادییه بۆ باشتركردنی جیهانی مسوڵمانه‌كان، له‌م پێناوه‌شدا ئه‌گه‌ر پێویستی كرد، ئه‌كرێت هێز به‌كاربهێنرێت.
كلتورێكی شێتانه
دژه-خه‌یاڵه‌كان ئه‌و ڕێنماییه نموونه‌یانه له‌خۆئه‌گرن كه خه‌ڵك بۆ شیكردنه‌وه‌و تێگه‌یشتن له ژینگه‌كه‌یان به‌كاریان ئه‌هێنن. ئه‌م دژه-خه‌یاڵانه له ڕێگه‌ی ئه‌و بیرۆكانه‌ی كه مرۆڤه‌كان ده‌رباره‌ی چییه‌تی جیهان و ژیان هه‌یانه، ئه‌خوێنرێنه‌وه. به‌هۆی بیرۆكه‌كانییه‌وه، كه پڕن له ئایدیای ڕۆژئاوا، كازم نه توانیوێتی ڕووبه‌ڕووی كلتوری كۆمه‌ڵگه‌كه‌ی ببێته‌وه، نه ویستوێتی به‌ته‌واوی ملكه‌چی كۆمه‌ڵگه‌كه‌ی ببێت. له به‌رانبه‌ردا، ئه‌و باوه‌ڕه باوه ئایینییه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌كه‌ی و ئه‌و كه‌سانه‌ی كه له پشتی ئه‌م باوه‌ڕه ئایینیانه‌وه‌ن ڕه‌د كردووه‌ته‌وه. كازم ئه‌ڵێت: " من تێگه‌یشتنێكی تایبه‌ت به‌خۆم هه‌بوو، له گۆشه‌نیگاكه‌ی خۆمه‌وه له جیهانم ئه‌ڕوانی." زۆر گرنگه ئه‌وه‌مان له یاد نه‌چێت كه پێش ئه‌وه‌ی كازم توشی كێشه ببێت له‌گه‌ڵ مامۆستاكانی ئاییندا، یه‌كێك له خه‌ونه‌كانی كازم ئه‌وه بوو كه ڕۆژێك له ڕۆژان "بچێت بۆ ئه‌مه‌ریكاو ببێت به سیاسییه‌كی ئه‌مه‌ریكی، بۆ ئه‌وه‌ی له ئه‌وێ بژێت و ببێت به‌به‌شێك له كلتوری ڕۆژئاوا." له‌به‌رچاو گرتنی ئه‌م خه‌ونه‌ی كازم، دواتر ئه‌و توشی بێئومێدی بوو و ئه‌بوایه كۆششێكی زۆری بكردبایه بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئازاره‌كانی له ده‌ستدانی خه‌ونه‌كانی كه تایبه‌تن به بوون به به‌شێك له ڕۆژئاوا. پلانه‌كه‌ی كازم بۆ ژیان، كه‌وا چاوه‌ڕوان ئه‌كرا ببێت به‌ڕێبه‌رێك بۆ سه‌رده‌می گه‌نجێتی، شكستی پێهێنرا. دواتر كازم بێویستی به‌وه‌بوو كه بڕیار بدات چه‌ندێكی تر له خه‌ونه‌كانی بكات به قوربانیی بۆ گێڕانه‌وه‌ی نرخی خۆی؛ به بڕوای كازم، بوون به كه‌سێكی ته‌كفیری (توندڕه‌و) ڕێگه‌یه‌كه بۆ گێڕانه‌وه‌ی نه‌رخ بۆ خود.
دواتر كازم و هاوته‌مه‌نه‌كانی هه‌ستیان كرد له چی گرفتێكدان، ئه‌وان جگه له ئاشتبوونه‌وه له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگه داخراوه‌كه‌یاندا هیچ هه‌ڵبژارده‌یه‌كی ئه‌وتۆی تریان له به‌رده‌ستدا نه‌بوو. كازم به‌ڕوونی باس له پرۆسه‌یه‌كی دوو قۆناغی ڕه‌دكردنه‌وه‌ی كلتوری كۆمه‌ڵگه‌كه‌ی و پاشان به‌رهه‌مهێنانی دژه-خه‌یاڵێكی تایبه‌ت، ئه‌كات: "له كۆتایدا ئه‌مه ئه‌وه‌یه كه ڕوویدا، تۆ ئه‌و جیهانه په‌سه‌ند ناكه‌یت كه خۆت به‌شێكی لێی .... تۆ ناتوانی ببی به به‌شێك له جیهانی ڕۆژئاوا چونكه تۆ له شاری ڕیاز (ڕۆژهه‌ڵات) ئه‌ژیت. هه‌رچه‌ند تۆ كلتوره‌كه‌ی خۆت ڕه‌د ئه‌كه‌یته‌وه، به‌ڵام ناتوانی له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و كلتوره ژیان بكه‌یت. هه‌ربۆیه دواتر، به‌شێوه‌یه‌كی خۆ نه‌ویستانه، ئه‌بیته‌وه به به‌شێك له كلتوره‌كه، خۆتی ڕاده‌ست ئه‌كه‌یته‌وه (ته‌سلیم ئه‌بیت)، خۆ ئه‌زانی باسی چی ئه‌كه‌م؟"
كازم له وته‌كه‌ی سه‌ره‌وه‌دا زۆر به‌ڕوونی ئه‌و باروودۆخه نائومێدكه‌ره‌ی خستووه‌ته‌ڕوو كه پاڵی به كازمه‌وه ناوه تا دژه-خه‌یاڵیكی تایبه‌ت دروست بكات. كاتێك مرۆڤ (كازم وه‌ك نموونه)، به ناچاری، ده‌سبه‌رداری خه‌ونه‌كه‌ی (بوون به سیاسییه‌كی ئه‌مه‌ریكی) ئه‌بێت له قۆناغی "قه‌یرانی شوناسدا"، ئه‌وا ئه‌و به‌ناچاری ئه‌بێت "ژیانێكی زۆره‌ملێ": ئیسلام و كلتوری عه‌ره‌بی په‌سه‌ند بكات. ئه‌وا له بارودۆخێكی ئاوادا، به‌شیًكی زۆر له مرۆڤه‌كان ڕوو له سێ ڕێگه‌ی جیاواز ئه‌كه‌ن: به‌شێكیان به‌شێوه‌یه‌كی ئاشتیانه كلتوری كۆمه‌ڵگه‌كه‌یان په‌سه‌ند ئه‌كه‌ن و نایانه‌وێت توشی ململانێ ببن له‌گه‌ڵ ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌ی كه تێیدا ئه‌ژین، به‌شێكی تریان ئاماده‌ی په‌سه‌ند كردنی كلتوری كۆمه‌ڵگه‌كه‌یان نین و به‌م هۆیه‌وه، دواتر، ئه‌بن به مرۆڤێكی ده‌روونناساغ، به‌شێكی تریان ڕێگه‌ی سێیه‌م هه‌ڵئه‌بژێرن، وه‌ك وه‌ی كه كازم كردی، كلتوری كۆمه‌ڵگه‌ی سعودی به ڕووكه‌شی "په‌سه‌ند" ئه‌كه‌ن و له به‌رانبه‌ردا په‌ره به دژه-خه‌یاڵێكی توندڕه‌وانه ئه‌ده‌ن و ته‌نانه‌ت ئه‌بن به تیرۆریست و دواتر وه‌ك مسوڵمانێكی پیرۆز له پێناو ئاییندا "جیهاد" ئه‌كه‌ن.
كازم نه‌یتوانی نۆرم و رێساكانی كۆمه‌ڵگه‌كه‌ی په‌سه‌ند بكات و هه‌ر بۆیه ئه‌و به‌ها باوه‌كانی نێو كۆمه‌ڵگه‌مه‌ی ڕه‌د كرده‌وه‌و له به‌رانبه‌ردا، وه‌ك ناڕازییبوونێك، په‌ره‌ی به توندڕه‌وی وه‌ك شێوازێك له ژیانكردن دا: "من پێموایه كه ساڵانی نه‌وه‌ده‌كان (1990) ساڵانێكی سه‌یر بوو. له‌م ساڵانه‌دا ئه‌گه‌ر كه‌سێك به‌هۆی زۆری كاره خراپه‌كانییه‌وه هه‌ستی به شه‌رمه‌زاری بكردبایه، ئه‌وا تاكه رێگه بۆ لابردنی شه‌رمه‌زارییه‌كه‌ی، ڕێگه‌ی ڕووكردنه ئایین بوو. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر كه‌سه‌كه كه‌سێكی داوێنپیس و تاوه‌نباریش ببوایه، ئه‌وا نوێژ‌و گریان (له ترسی خودا)و چون بۆ مزگه‌وت به‌س بوو بۆ پاكبوونه‌وه‌ی هه‌موو تاوانه‌كانی، به‌هۆی هاتوچۆكۆدنی (سه‌ردانیكردنی) مزگه‌وته‌وه، ده‌وروبه‌ره‌كه‌ت ڕێزێكی زۆریان لێ ئه‌گرتیت و هێنده‌ی هه‌موو دنیا خۆشیان ئه‌ویستی. هه‌موو ئه‌مانه به‌شێك بوون له‌و عه‌قڵییه‌ته باڵاده‌ست و باوه‌ی سه‌رده‌می نه‌وه‌ده‌كان."
لادانی كازم له‌و تێگه‌یشتنه باوه‌ی كه بۆ ئایین له نێو كۆمه‌ڵگه‌ی سعودێدا بۆ هه‌بوو؛ بۆ كۆتا قۆناغه‌كانی سه‌رده‌می هه‌رزه‌كاری ئه‌گه‌ڕێته‌وه. كازم تێگه‌یشتنێكی جیاوتری بۆ ئایین هه‌بوو و ده‌ستیكرد به بینینی ئه‌و هه‌رزه‌كارانه‌ی تر كه هه‌مان تێڕوانینیان بۆ ئایین هه‌بوو. كازم و هاوبیره‌كانی زۆر هۆگری بیركردنه‌وه‌كانیان بوون و دواتر ڕۆچون له خوێندنه‌وه‌ی په‌رتوكه ئایینییه‌كاندا. وته‌كه‌ی كازم كه ئه‌ڵێت، "ئێمه به‌شێك نه‌بووین له نه‌ریته ئایینییه باوه‌كه‌ی نێو كۆمه‌ڵگه و ئێمه ویستمان ببین به ته‌كفیری،" شوناش و بیركردنه‌وه‌ی ئه‌م گروپه‌مان بۆ پێناسه ئه‌كات. ژیانی نێو نه‌ریته ئایینییه باوه‌كه‌ی كۆمه‌ڵگه، كه تێیدا نوێژ و باوه‌ڕ جێگه‌ی خوێندنه‌وه‌و گفتوگۆ (موناقه‌شه)ی گرتبووه‌وه، له‌لای كازم و هاوبیره‌كانی جێگه‌ی په‌سه‌ند كردن نه‌بوو: "ئێمه ویستمان ببین به ته‌كفیری، ته‌كفیری گروپێكی نهێنی بچوك بوو كه سه‌رقاڵی خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و په‌رتوكه تایبه‌تانه بوو كه له سعودێ بوونیان نه‌بوو. ئێمه پێمانوابوو كه حكومه‌ت ڕه‌وایه‌تی له ده‌ستداوه بۆیه دژایه‌تی حكومه‌ت و خێزانه‌كانی خۆمانمان ئه‌كرد. به‌ڵام له‌و سه‌رده‌مه‌دا توندوتیژی به‌شێك نه‌بوو له كاره‌كانی ئێمه... به‌ڵكو زۆربه‌ی كاته‌كانمان به دیبه‌تكردنه‌وه به‌سه‌ر ئه‌برد. كاتێك كه تۆ به‌شێكی له گروپێك، تۆ ئه‌ڕۆیت مناقه‌شیه‌ی ئیبن بازو ئه‌وان تر ئه‌كه‌یت كه له‌گه‌ڵ حكومه‌ت و ده‌سه‌ڵاتدان."
هه‌روه‌ها ته‌كفیرییه‌كان له‌كاتی سه‌ردانی كردنی مزگه‌وته‌كاندا، ڕووبه‌ڕووی ئایدیۆلۆجیای ئه‌و شێخ وئیمامانه ئه‌بوونه‌وه كه له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه پشتگیری ئه‌كران. نه‌یاری ته‌كفیرییه‌كان به گشتی ئه‌و كۆنزه‌رڤاتیڤانه -(ئیبن باز وه‌ك نموونه)- بوون كه نوێنه‌رایه‌تی كۆمه‌ڵگه‌ی سعودێیان ئه‌كرد.
له بیروروبۆچونه تونده‌كانی كازمه‌وه ئه‌وا ڕوونئه‌بێته‌وه كه خه‌ونه كۆنه‌كه‌ی كازم (سه‌رسام بوون به ڕۆژئاوا: چوون بۆ ئه‌مه‌ریكاو بوون به سیاسییه‌كی ئه‌مه‌ریكی)، په‌رده‌پۆشكرابوو له‌لایه‌ن ئه‌و دژه-خه‌یاڵه‌وه كه ڕێگه‌ی به كازم ئه‌دا تا دژایه‌تی نه‌ریته ئایینییه باوه‌كانی نێو كۆمه‌ڵگه‌ی سعودێ، كه به‌بڕوای كازم بیروباوه‌ڕی هه‌ڵه‌ن، بكات. كازم به‌ویستی خۆی بیروباوه‌ڕه ڕۆژئاواییه‌كان و نه‌ریته ئایینییه باوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی سعودێی ڕه‌دكردووه‌ته‌وه‌و، له‌به‌رانبه‌ردا بۆ خۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه، ئامێزی بۆ توندڕه‌وی.
پراكتیزه‌كردنی ڕێگه‌ی سێیه‌م:
شوناسه نوێكه‌ی كازم، ته‌كفیری كاریگه‌رییه‌كی زۆری هه‌بووه له‌سه‌ر ژیانی تایبه‌تی و خێزانی ئه‌و. كازم دوای ئه‌وه‌ی بوو به كه‌سێكی ته‌كفیری، ڕاسته‌وخۆ چه‌ند ڕێسا‌و یاسایه‌كی توندی بۆ چۆنێتی ڕه‌فتاركردن له ماڵه‌وه له‌لایه‌ن ئه‌ندامانی خێزانه‌كه‌یه‌وه دانا. سه‌یركردنی ته‌له‌فریۆن، كه كاتی خۆی یه‌كێك بوو له هیوایه‌ته‌كانی كازم، بۆ هه‌موو ئه‌ندامانی خێزانه‌كه‌ی كازم یاساغ (قه‌ده‌غه بوو). هه‌ر جۆره سه‌رپێچی كردنێكی یاساكانی كازم له‌لایه‌ن ئه‌ندامانی خێزانه‌كه‌یه‌وه، ئه‌بووه هۆی جێبه‌جێكردنی ئه‌م سزایه: "(به‌پێكه‌نینه‌وه) ئێمه‌ی ته‌كفیرییه‌كان ته‌له‌فزیۆنه‌كانمان ئه‌شكاند. ته‌له‌فزیۆنه‌كه‌ت ئه‌برده ده‌ره‌وه بۆ سه‌ر شه‌قامه‌كه، به‌مشێوه‌یه به‌رزت ئه‌كرده‌وه (ده‌ستی بۆ سه‌قفی خانووه‌كه به‌رزكرده‌وه) پاشان ده‌ستت لێ به‌رئه‌دایه‌وه‌و تی-ڤییه‌كه‌ش ئه‌كه‌وته خواره‌وه... دوای شكاندنی تی-ڤیه‌كه جارێكی تر گوێت له ده‌نگی مۆسیقا نه‌ئه‌بووه‌وه."
ڕه‌فتاره‌كانی كازم زیاتر له ڕه‌فتاری ئه‌و پۆلیسانه، كه له سعودێ پێیان ئه‌ڵێن پۆلیسی ئایینی، ئه‌چێت كه ئه‌و كه‌سانه ئه‌تۆقێنن كه پابه‌ندی بنه‌ما ئایینییه‌كان نابن. كازم بۆ دڵنیا بوون له پابه‌ندبوونی مسوڵمانان به ڕێنماییه ئایینییه‌كانه‌وه، هه‌ستا به پشكنینی یاساكانی خێزان و ده‌وڵه‌ت، دوای پشكنینه‌كه كازم بۆی ده‌ركه‌وت كه یاسا ئایینییه‌كان له هه‌موو جێگه‌یه‌ك پێشێل ئه‌كرێن. كازم هاوسه‌ره‌كه‌ی ناچاركرد "هه‌موو لاشه‌ی به ته‌واوه‌تی داپۆشێت". هه‌روه‌ها كازم خودی خۆی به‌شێوه‌یه‌كی ئه‌رسۆدۆكسی پۆشاكی ئه‌پۆشی و ڕیشی درێژ كردبوو. وه‌ك كه‌سێكی ته‌كفیری، ئه‌و زۆری پێ‌ناخۆش بوو كاتێك بینی كه "شاژنه ئیلیزابێس خاچێكی كرده ملی شا فه‌هدی كوڕی عه‌بدلعه‌زیز... ئه‌م كاره مسوڵمانی پێ كافر (بێباوه‌ڕ) ئه‌بێت، وه‌ك ته‌كفیرییه‌كان؛ كافركردنی ئه‌وانیتر یه‌كێك بوو له حه‌زه‌كانمان."
داینامیكی ده‌سبه‌رداربوونی توندڕه‌وی
ئه‌كرێت پێكدادانی كلتوره‌كان كارێكی باش بێت: له ده‌ره‌وه‌ی سعودێ بوو، كاتێك كازم بۆ ئه‌نجامدانی كارێكی بازرگانی چوبووه وڵاتی سه‌نگافوره، هه‌ستی به توندڕه‌وییه‌كه‌ی وه‌ك دژه-خه‌یاڵێك كرد. بۆ ئازاردانی كازم، ئه‌وكاته زۆرانه‌ی كه كازم به‌دیار سه‌یركردنی ته‌له‌فزیۆنه‌وه به‌سه‌ری ئه‌برد، خه‌یاڵه كۆنه‌كه‌ی بیری كازم ئه‌خسته‌وه: "كاتێكی زۆرم به‌سه‌یركردنی فلیمه ڕۆژئاواییه‌كانه‌وه به‌سه‌ر ئه‌برد... ئه‌گه‌ر ئه‌و سه‌یركردنی ئه‌و فلیمانه‌شم به‌خراپ بزانیبایه، ئه‌وا نه‌مه‌توانی سه‌یریان نه‌كه‌م." مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ بازرگانێكی "زۆر باش" تیشكی خسته سه‌ر ئه‌و دژیه‌كه‌ی كه له نێوان ئایدیۆلۆجیای ته‌كفیری و هه‌سته كه‌سییه‌كانی كازمدا بوونی هه‌بوو: "له‌گه‌ڵ چه‌ند هاوڕێیه‌كدا چوین بۆ سه‌نگافوره، له‌وێ كه‌سێكمان به ناوی جه‌یمسه‌وه كه هاوكاتییه‌كی مه‌سیحی چینی بوو، كه كه‌سێكی زۆر به‌ڕێز بوو، ناسی. ئێواره‌یه‌ك جه‌یمس ده‌عوه‌تی نانخواردنیكردین له یه‌كێك له‌و چێشته‌خانه چینیانه‌ی كه ئه‌و كچانه‌ی له‌وێ كاریان ئه‌كرد ته‌نوره‌ی كورتیان له پێكردبوو، هه‌ركاتێك ئه‌و كچانه خواردنیان بۆ بهێنینانه، هه‌وڵمان ئه‌دا سه‌یریان نه‌كه‌ین، نه‌شمان ئه‌توانی خواردنه پێشكه‌شكراوه‌كان بخۆین چونكه حه‌رام بوون. ئێمه به‌یه‌كترمان وت ئه‌م كابرایه (جه‌یمس) كه‌سێكی مه‌سیحییه‌و ئێمه ته‌نها بازرگانی له‌گه‌ڵ ئه‌كه‌ین و نابێت خۆشمان بوێت." بۆچونه ئایینیه‌كانی كازم تا ئه‌و كاته‌ش هاوته‌با بوو له‌گه‌ڵ ئیسلامی كۆنزه‌رڤاتیڤ. دژه-خه‌یاڵه‌كه‌ی كازم، كه له سه‌ره‌وه گوزارشتی لێ‌كرد: "تۆ ناتوانی كه‌سێكی بێباوه‌ڕت خۆش بوێت"، له‌لایه‌ن جه‌یمسه‌وه (بازرگانه باشه‌كه) ڕووبه‌ڕووی ئاڵنگاری بوویه‌وه. هه‌رچۆنێك بێت، به‌پێی ئه‌دڵه‌ر بێت، تواناكانی كازم بۆ د‌رك كردن به بوونی هه‌ڵه له ئایدیۆلۆجیاكه‌یدا؛ پێویسته‌و به هه‌نگاوی یه‌گه‌م دائه‌نرێت بۆ ڕوودانی گۆڕانكاری ڕیشه‌ی له كازمدا. كازم ده‌ستی كرد به ململانێ له‌گه‌ڵ بیروبۆچونه ئایینییه تونده‌كانیدا كه هه‌رگیز ڕێگه‌ی به ئه‌و نه‌ئه‌دا هیچ جۆره په‌یوه‌ندییه‌ك له‌گه‌ڵ ئه‌وانیتری بێباوه‌ڕ دروست بكات. كازم له‌ڕێگه‌ی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ "مه‌سیحییه‌كی بێباوه‌ڕدا"، ئه‌و له پڕێكدا هه‌ستی كرد كه خۆشه‌ویستی و هاوڕێیه‌تی بابه‌تگه‌لێكن كه په‌یوه‌ندیان به مرۆڤه‌وه هه‌یه و پاشان كازم ئه‌و باوه‌ڕه‌ی له‌لادروست بوو كه ئیسلام نابێت ڕێگری بكات له دروست بوونی په‌یوه‌ندی له نێوان مرۆڤه‌كاندا. كازم ئه‌و ساته‌ی له بیره كه دژه-خه‌یاڵه تونده‌كه‌ی (ته‌كفیرییه‌كه‌ی) كه‌وته ژێر تاقیكردنه‌وه‌و پاشان ئه‌و ناچار بوو كه تێڕوانینێكی نوێ دروست بكات: "به‌پێی تێڕوانینی توندڕه‌وه‌كان بێت، تۆ ئه‌بێت هه‌موو مسوڵكانانت خۆشبوێت و ڕقیشت له هه‌موو بێباوه‌ڕه‌كان بێت. من هه‌ست به‌وه ناكه‌م پێویست بێت له‌سه‌رم كه هه‌موو مسوڵمانه‌كانم خۆشبوێت؛ (به پێكه‌نینه‌وه) مسوڵمانێكی زۆر هه‌یه كه من خۆشم ناوێن."
له‌ماوه‌ی مانه‌وه‌ی له سه‌نگافوره، كازم توشی ململانێ بوو له‌گه‌ڵ نه‌ریته باوه‌كانی نێو كۆمه‌ڵگه، ئه‌م جاره ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌ی كه كازم ململانێی له‌گه‌ڵ ئه‌كات كۆمه‌ڵگه‌ی سعودێ نییه؛ به‌ڵكو كۆمه‌ڵگه‌ی سه‌نگافوره‌یه، ڕێسا‌و داواكارییه‌كانی كۆمه‌ڵگه ناكۆك بوو له‌گه‌ڵ بیروبۆچونه ته‌كفیرییه‌كه‌ی كازمدا. ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌ی كه ئه‌م جاره كازم له‌گه‌ڵیدا چوه‌ته ململانێوه كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی بێباوه‌ڕه، ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌ی كه نۆرمه‌كانی، پێش ئه‌وه‌ی پله به پله دڵی كازم داگیر بكات، كازمیان هه‌راسانكردبوو: "جه‌یمس له‌گه‌ڵمان بوو تا دوا ساته‌كانی مانه‌وه‌مان له‌وێ، ئه‌و له‌گه‌ڵمان هات بۆ فڕۆكه‌خانه‌و جانتاكانی بۆ هه‌ڵگرتین و به‌ده‌سته‌كانی ماڵئاوایی لێكردین... ئه‌م جه‌یمسه كه‌سێكی زۆر گرنگ بوو چونكه ئه‌و توانی به‌ئاگام بهێنێته‌وه. ئه‌و توشی ڕاچه‌نینێكی زۆر زۆر گه‌وره‌ی كردم.
له‌و ماوه‌یه‌دا جه‌یمس به‌بێ ئه‌وه‌ی هه‌ستی پێبكات هێرشێكی ڕاسته‌وخۆی كرده‌سه‌ر بنه‌ماكانی "خۆشه‌ویستی" و "رق"، ئه‌م بنه‌مایه له‌لایه‌ن مسوڵمانه‌كانه‌وه به‌كار ئه‌هێنرێت بۆ زیاتر خۆ به‌دوور گرتن له‌و كه‌س و گروپانه‌ی كه مسوڵمان نین. هه‌ڵسوكه‌وته جوان و مامه‌ڵه سه‌رنجڕاكێشه‌كانی جه‌یمس، بۆچونه‌كانی كازمی خسته ژێر پرسیاره‌وه "ئه‌مه ئه‌وه‌ی سه‌لماند كه ئه‌و شته‌ی كه پێی ئه‌ڵێن خۆشه‌ویستی و ڕق ( الولا ْ و البرا ْ) بنه‌مایه‌كی هه‌ڵه‌یه."
دوای گه‌شته‌كه‌ی بۆ وڵاتی سه‌نگافور، كازم هه‌وڵه‌كانی دوو هێنده كرد‌و وه‌ك مرۆڤێكی ئاشتی ویست چوه نێو پرۆسه‌ی ده‌سبه‌رداربوونی توندڕه‌وییه‌وه (دیڕادیكاڵیزه‌یشن)ه‌وه. كازم گۆڕاو بوو به مرۆڤێكی جیاوازتر، هه‌روه‌ها كازم له ناخه‌وه توشی ململانێ بوو له‌گه‌ڵ خودی خۆیدا و ئه‌و ململانێ خودییه‌ش كاریگه‌ری هه‌بوو له سه‌ر ئه‌و. به‌مه‌به‌ستی خۆگونجاندن له‌گه‌ڵ ململانێكاندا، كازم ویستی وه‌ك نێرێك مامه‌ڵه بكات و یه‌كه‌م ئه‌نجامی ململانێ خودییه‌كانی كازم له دژی هه‌ست به خۆكه‌مكردن؛ گیڕانی ڕۆڵی "باد گای/ پیاوه خراپه‌كه" بوو له‌لایه‌ن كازمه‌وه: "كاتێك كه گه‌ڕامه ماڵه‌وه، ویستم خۆم كۆبكه‌مه‌وه... ته‌نانه‌ت پێش ئه‌وه‌ی ماچی دایك و باوكم بكه‌م؛ چوم ته‌له‌فزیۆنه‌كه‌م كوژانده‌وه. ویستم هه‌مان ڕۆڵی پێش‌و (پیاوه خراپه‌كه) بگیڕمه‌وه. هه‌ستی پێ ئه‌كه‌یت؟"
به‌هێزكردنی پێگه‌ی توندڕه‌وی؛ ڕێكخستنی خێوه‌تگه‌یه‌ك:
كازم له‌ماوه‌ی ئه‌و گه‌شته كورته‌دا به‌تواوه‌تی نه‌گۆڕا، به‌ڵكۆ به‌رده‌وام ئه‌و له ململانێدا بوو له‌گه‌ڵ دژه-خه‌یاڵه‌كه‌یدا: "له‌دوای ئه‌و گه‌شته‌وه بۆم ده‌ركه‌وت كه من هه‌مان مرۆڤی پێش‌و نیم. شتێك خه‌ریك بوو له ناو ئه‌چوو و تێكئه‌شكا." كازم بۆ به‌هێزكردنی بیروبۆچونه ته‌كفیری و دژه-خه‌یاڵه‌كه‌ی بۆ سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر ئه‌و هێرشانه‌ی كه له ناخه‌وه ئه‌كرێته سه‌ری، ئه‌و ڕووی له خێوه‌تگه‌ی سه‌له‌فییه‌كان كرد له بیابان بۆ ئه‌وه‌ی بۆ ئه‌وانتری بسه‌لمێنێت كه تیڕوانینه تونده‌كانی گۆڕانیان به‌سه‌رردا نه‌هاتووه. له ڕێوڕه‌سمی كۆچی‌دا (هیجره‌تدا) ئه‌و وڵاتی بێباوه‌ڕانی به‌جێهێشت بۆ به‌ده‌ستهێنانی ئارامی ده‌روونی و هێز: "به‌و ماوه‌یه‌دا ئێمه ئه‌چوین بۆ خێوه‌تگه، هه‌ندێك له‌وانه‌ی له‌وێ بوون پێیان وابوو كه من شێخم، هه‌ربۆیه پێیان وتم، "له جیاتی خۆسه‌رقاڵكردنی به گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ گروپه‌كه‌ی ئین بازدا، پێویسته بڕیار بده‌ین: ئایا ئێمه له‌گه‌ڵ ئه‌وانداین یان نا. بابڕۆین به شتێكی تره‌وه سه‌رقاڵ ببین."
خێوه‌ته‌كه سه‌رنجی زۆرێك له هاوبیرانی كازمی به‌لای خۆیدا ڕ‌اكێشا. به وته‌ی كازم بێت، "له سه‌ره‌تادا ته‌نا حه‌وت كه‌س بووین، به‌ڵام له بڕێكدا، به شێوه‌یه‌كی چاوه‌ڕوان نه‌كراو، ژماره‌ی ئه‌و ئۆتۆمبیلانه‌ی كه له ده‌وروبه‌ری خێوه‌تگه‌كه ڕاگیرابوون زیادیكردو بوو به نزیكه‌ی سی ئۆتۆمبیل." سه‌له‌فییه‌ت، كه ناوی خێوه‌تگه‌كه بوو، بریتییه له شوێنكه‌وتنی زانایانی پێشینه‌ی ئیسلام، به‌و مانایه‌ی بۆ تێگه‌یشتن له ئایین تۆ پێویسته بگه‌ڕێیته‌وه بۆ سه‌ره‌تاكانی ده‌ركه‌وتنی ئایینی ئیسلام.
به‌راوردكردنی ژیانی په‌یامبه‌رو چوار جێنیشینه‌كه‌ی به‌و ژیانه‌ی كه له سعودێدا بوونی هه‌بوو، كازم و هاوڕێكانی له ڕێگه‌ی شوێنكه‌وتنی په‌یامبه‌رو هاوه‌ڵه‌كانی؛ هه‌ستیان به به‌هێزی و پاكبوونه‌وه له تاوان ئه‌كرد. سه‌ره‌ڕای ڕاچه‌نینه‌كه‌ی كازم له سه‌نگافوره، ئه‌و دووباره ئارامی ده‌روونی بۆ گه‌ڕایه‌وه له‌ڕێگه‌ی هه‌ڵگرتنی شوناسی سه‌له‌فییه‌وه. دژه-خه‌یاڵه نوێكه‌ی كازم، كه په‌یوه‌ندیداره به په‌یامبه‌ری ئیسلام و هاوه‌ڵانییه‌وه، كازم كردبووی به پێوه‌رێك بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی دروستی و نادروستی ڕه‌فتاره‌كان: "په‌یامبه‌ر 1400 ساڵ پێش ئێستا لێره ژیاوه. ئه‌و (په‌یامبه‌ر) وتویه‌تی، باشترین مسوڵمانه‌كان ئه‌و مسوڵمانانه‌ن كه له سه‌ده‌كانی یه‌كه‌م و دووه‌م و سێیه‌می سه‌ره‌تای هاتنی ئیسلامدا ژیاون. ئه‌و مرۆڤانه‌ی كه له‌و سه‌دانه‌دا ژیاون له‌لایه‌ن سه‌لفییه‌كانه‌وه كراون به‌پێوه‌ر بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی هه‌موو شتێك."
به‌پێی تێپه‌ڕبوونی كات، كازم بوو به ئه‌ندامێكی دڵسۆزی نێو گروپه‌كه‌ی و، به‌هۆی دڵسۆزییه‌كه‌یه‌وه، ئه‌و بوو به شێخی (ڕابه‌ری) گروپه‌كه‌ی. هه‌رچه‌نده بوون به شێخی گروپه‌كه، وه‌ك كازم خۆی دانی پێدا ئه‌نێت، ئه‌وی كه‌مێك ترساند، به‌ڵام ئه‌و به‌رده‌وام بوو له‌سه‌ر باوه‌ڕه‌كه‌ی و ته‌رخانكردنی كاته‌كانی بۆ به پیرۆزڕاگرتنی بنه‌ما دروسته‌كانی ئیسلام. هه‌موو ئه‌م شتانه گۆڕانیان به‌سه‌ردا هات كاتێك یه‌كێك له هاوڕێكانی كازم زانیاری ده‌رباره‌ی كازم به پۆلیسی نهێنی سعودێ به‌خشیبوو، ئه‌و گرفته‌ی كه توشی كازم بوویه‌وه نه‌ك مه‌ترسی له‌سه‌ر بیروبۆچونه ئایینییه‌كانی كازم دروستكردبوو، به‌ڵكو هاوڵاتی بوونی ئه‌وی خستبووه مه‌ترسییه‌وه.
قه‌یرانی سێیه‌م كه بووه‌هۆی گه‌ڕانه‌وه‌ی كازم بۆ مرۆڤێكی ئاسایی (نۆرماڵ):
كازم و هاوبیره توندڕه‌وه‌كانی به‌بێ بوونی هیچ ڕێگرییه‌ك بره‌ویان به شوناسی سه‌له‌فییه‌كه‌یاندا. به‌ڵام هه‌موو ئه‌مانه له پڕێكدا گۆڕا كاتێك پۆلیس هاته نێو بابه‌ته‌كه‌و ده‌ستیان به لێكۆڵینه‌وه له‌گه‌ڵ كازمدا كرد. ئه‌و خۆی ڕووداوه‌كه ئه‌م شێوه‌یه ئه‌گێرێته‌وه: "یه‌كێك له هاوڕێكانم ڕاپۆرتێكی ده‌رباره‌ی من به پۆلیس دابوو؛ به پۆلیسه‌كانی وتبوو: كه من ئه‌ڵێم "شا فه‌هد بن عه‌بدلعه‌زیز كافره (بێباوه‌ڕه)." ئه‌و بارودۆخه نوێیه‌ی كه كازمی تێكه‌وتبوو ئه‌وی توشی ڕاچنین و بێ ئومێدی كرد‌و كازمی ڕووبه‌ڕووی قه‌یرانی سێیه‌م كرده‌وه: "به‌ڵێ (دوای ئه‌و ڕاپۆرته‌ی كه درا به پۆلیس)، زۆر هه‌ستم به ته‌نهای كرد، نه‌مه‌ویست كه‌س ببینم. دواتر بیر‌و هه‌سته‌كانم گۆڕانیان به‌سه‌ردا هات، له كاتی خوێندنه‌وه‌دا هه‌ستم كرد ماندووم."
چیرۆكه‌كه‌ی كازم له‌م ماوه‌یه‌دا ئه‌وه‌مان بۆ ده‌رئه‌خات كه دژه-خه‌یاڵه‌كانی كازم ئه‌نجامی گرفتی ده‌روونی نه‌بووه. كازم، ته‌نانه‌ت له كاتی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئاسته‌نگدا، ده‌سبه‌رداری بیروبۆچونه‌كانی نه‌بووه. به‌ڵكو له‌به‌رانبه‌ردا ئه‌و بۆچونه‌كانی نوێكردووه‌ته‌وه‌و په‌ره‌ی به چه‌ند بیرۆكه‌یه‌ك داوه كه توانای به‌رده‌وامێتیان له نێو كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی نامۆدا هه‌بێت. له ڕوانگه‌ی سایكۆلۆجیای تاكه‌وه، ئه‌و توانای "یه‌كسانكردنی واقیع و كۆمه‌ڵگه‌ی هه‌بوو." بێ گومان ئه‌مه‌ش پێویستی به كات بوو: "ده‌ستمكرد به خوێندنه‌وه‌ی كتێبی ئیسلامێكان، ئه‌و ئیسلامیانه‌ی كه كه‌وتبوونه ژێر كاریگه‌ری كلتوره‌كانی تره‌وه‌و ئه‌یانه‌ویست ئایین و ژیان به‌یه‌كه‌وه كۆبكه‌نه‌وه. دواتر كتێبه‌كانی بێرنارت ڕه‌سوڵ و سپینۆزام خوێنده‌وه."
ئه‌نجامه‌كانی تێكشكانه‌كه‌ی ناخی كازم كه له سه‌نگافوره توشی هات و تێكدانی خێوه‌تگه‌كه‌یان، ده‌ستی به خۆده‌رخستنكرد. كازم نه‌ك ته‌نها جۆری ئه‌و په‌رتوكانه‌ی گۆڕی كه ئه‌یخوێنده‌وه به‌ڵكو پله به پله ده‌ستی به كورتكردنه‌وه‌ی ڕیشه‌كه‌ی كرد تا گه‌یشته ئه‌وه‌ی كه به‌ته‌واوه‌تی ڕیشه‌كه‌ی بتاشێت. ئه‌و به‌ته‌واوه‌تی ده‌سبه‌رداری پره‌نسیپه ئایینییه‌كان نه‌بوو به‌ڵكو ئه‌و پره‌نسیپانه بوون به به‌شێك له كه‌سایه‌تییه‌كه‌ی ئه‌و. بژارده نوێكه‌ی بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی بۆچونه‌كانی له ڕِۆژنامه‌كانی ناوچه‌كه‌دا ئه‌كرێت وه‌ك ڕێگه‌ی سێیه‌م ببینرێت له نێوان توندڕه‌وی ملكه‌چبووندا، كه تاڕاده‌یه‌ك دژه-خه‌یاڵێكی شیاوه بۆ كاركردن. له‌م ماوه‌یه‌دا، كازم به‌نهێنی كاری نائه‌كردو به‌شێوه‌یه‌كی واقیعانه له كۆمه‌ڵگه‌و كلتوری سعودێی ئه‌ڕوانی. بۆچونه (سكیمه) نوێكه‌ی كازم به‌گشتی بۆچونێكی واقیعانه بوو و هانی ئه‌وی ئه‌دا بۆ ئه‌وه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ په‌ره به‌خۆی بدات: "به‌مدوایانه، له یه‌كێك له‌ڕوژنامه‌كاندا له‌گه‌ڵ یه‌كێكدا دیبه‌یتێكمان هه‌بوو؛ دیبه‌تێكی گرنگ بوو، ئه‌مویست ئه‌وه‌ی بۆ ڕوونكه‌مه‌وه كه ناكرێت لێگه‌ڕێی ئایین ڕێبه‌رایه‌تی هه‌سته‌كانت بكات... ئه‌گه‌ر ئه‌ته‌وێت ببی به بڕوادار، بڕوا به‌وه بكه كه ئه‌ته‌وێت به‌ڵام خودا مه‌هێنه‌ره نێو ببابه‌ته‌كه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی پێم بڵێی كه پێویسته كێم خۆشبوێت یان ڕقم له كێ بێت." تائێستاش عه‌لمانێت و تاكگه‌رایی وه‌ك بیركردنه‌وه به‌گشتی له سعودێ به‌سه‌ند ناكرێن. هه‌ڕه‌شه‌كردن له‌وانیتری جیاواز یه‌كێكه له نه‌ریته باوه‌كانی نێو كۆمه‌ڵگه. بۆ نموونه كازم كاتێك له یه‌كێك له بابه‌ته‌كانیدا ڕه‌خنه له بیری توندڕه‌وی ئه‌گرێت و داوا ئه‌كات گاریگه‌رییه‌كانی ئیبن ته‌یمییه له‌سه‌ر بیركردنه‌وه‌ی ئایینی كه‌مبكرێته‌وه، هه‌ڕه‌شه‌ی لێ ئه‌كرێت. كازم ئه‌ڵێت: "له سه‌ره‌تادا هه‌ڕه‌شه‌ی كوشتنم لێكرا، ئه‌وان به كۆمه‌ڵ ئه‌هاتن بۆ ئه‌و قوتابخانه‌یه‌ی كه من وانه‌م تێدا ئه‌وته‌وه، بۆئه‌وه‌ی قسه‌م له‌گه‌ڵ بكه‌ن. ته‌نانه‌ت وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ش هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌ركردنیان لێكردم." ئه‌زمونكردنی ئه‌م جۆره هه‌ڕه‌شانه، ئه‌وه نیشان ئه‌ده‌ن كه كه‌سه بیرجیاوازه‌كانی نێو كۆمه‌ڵگه‌ی سعودێ له ژێر چ فشارێكی گه‌وره‌و زۆردان. ئه‌وه‌ی كه كازم ڕێگه‌یه‌كی "باشی" هه‌ڵنه‌بژارد بۆ هه‌ڵكردن له‌گه‌ڵ ئه‌و كرمه‌ڵگه‌یه‌ی كه ئه‌و تێیدا ئه‌ژێت، شتێكی چاوه‌ڕوانكراوه‌و كازم له كاتی ده‌سبه‌رداربوونی توندڕه‌وییه‌كه‌یدا جارێكی تر دژه-خه‌یاڵێكی پێچه‌وانه‌ی هه‌ڵبچارده‌وه كه دیسانه‌وه ته‌با نییه له‌گه‌ڵ نه‌ریته باوه‌كانی كۆمه‌ڵگه. به‌ڵام له كاتی چاوپێكه‌وتنه‌كه‌دا، ئه‌و ئه‌وه‌ی وت، كه ئه‌و هیچ چاوه‌ڕوانییه‌كی ناواقیعی له كۆمه‌ڵگه‌كه‌ی نییه.
ئه‌نجامه‌كان
سه‌ره‌ڕای زۆری به‌كارهێنانی فاكته‌ره سایكۆداینامیكییه‌كان بۆ تێگه‌یشتن له ڕه‌فتار، به‌ڵام توێژینه‌وه ده‌رباره‌ی پرۆسه‌ی به تیرۆریست بوونی كه‌سێك به گشتی كه‌مه. له بواری سایكۆلۆجیای تیرۆردا، به‌گشتی توێژینه‌وه‌كان ده‌رباره‌ی فایلی تیرۆریسته‌كان و هۆكاره‌كانی تیرۆره. ئه‌م توێژینه‌وه‌یه هاوڵدانێكی تر نییه بۆ تێگه‌یشتن له هۆكاره‌كانی تیرۆر‌و كرده تیرۆریستییه‌كان، به پێچه‌وانه‌وه، ئه‌م توێژینه‌وه‌یه، به‌پشت به‌ستن به سایكۆلۆجیای تاك و تیۆری سكیمه و قۆناغه‌كانی گه‌شه‌ی ئیركسن، پرۆسه‌ی به‌توندڕه‌وبوون و پاشان پرۆسه‌ی ده‌سبه‌رداربوونی توندڕه‌ویی له كۆمه‌ڵگه‌ی سعودێ شیئه‌كاته‌وه. توێژینه‌وه‌كه‌م نه‌ك ته‌نها هاوته‌بایه له‌گه‌ڵ هۆرگن كه ئه‌ڵێت له جیاتی "ڕه‌گه‌كانی" تیرۆر" له "ڕێگه‌كانی تیرۆر" بكۆڵنه‌وه، به‌ڵكو بۆ یه‌كه‌م جار تیۆریه‌كه‌ی ئه‌دڵه‌رم (شیكاری ده‌روونی و سایكۆلۆجیای تاك)م به‌كارهێناوه بۆ تێگه‌یشتن و باسكردنی پرۆسه‌ی توندڕه‌ویی و ده‌سبه‌رداربوونی توندڕه‌ویی له كۆمه‌ڵگه‌ی سعودێدا.
هه‌وڵه‌كانی پێشتر بریتیبوون له‌و توێژینه‌وانه‌ی كه تێیاندا هه‌وڵدراوه له ڕێگه‌ی سایكۆلۆجیاوه له تیرۆر له ڕۆژئاوای ئه‌ڵمانیا تێبگه‌ن. شیكردنه‌وه‌كه‌ی بۆڵگه‌ر كرده‌ی تیرۆر وه‌ك ده‌رئه‌نجامی گه‌موگوڕی سه‌رده‌می منداڵی و لادان له‌سه‌رده‌می هه‌رزه‌كاریدا ڕوون ئه‌كاته‌وه. وه‌ك ئاماژه‌دانێك به تیۆره‌كه‌ی ئیركسن، بۆڵگه‌ر جه‌غت ئه‌كاته‌وه كه ئه‌و كه‌سانه‌ی كه كه‌م و كوڕی ده‌رونیان هه‌یه، به‌شێوه‌یه‌كی نائاگایی (نه‌ست) له‌سه‌رده‌می هه‌رزه‌كاریدا كه‌موكوڕییه‌كانیان ئه‌گۆڕن بۆ كاری تیرۆریستی. به‌پێچوانه‌ی توێژینه‌وه‌كانی پێشوتره‌وه، له‌م توێژینه‌وه‌دا چه‌مكه‌كانی سایكۆلۆجیای تاك و تیۆری سكیمه‌و قۆناغه‌كانی گه‌شه‌كردنم به‌كارهێناوه. له به‌شه‌كانی زانست‌دا تائێستاش گفتوگۆ ده‌رباره‌ی چییه‌تی و ماناكانی خه‌یاڵ و دژه-خه‌یاڵ ئه‌كرێت. له‌م توێژینه‌وه‌دا چه‌مكه‌كانی خه‌یاڵ و دژه-خه‌یاڵم وه‌ك پاڵنه‌ری نه‌ستی و بیری هه‌ستی كه تاكه‌كانی نێو كۆمه‌ڵگه به‌كاریان ئه‌هێنن بۆ گوزارشتكردن و ڕه‌وایه‌تیدان به ڕه‌فتاره‌كانیان، به‌كارهێناوه. ناوه‌ڕۆكی خه‌یاڵ گوزارشت له هه‌وڵی منداڵه‌كه ئه‌كات بۆ به‌ده‌ستهێنانی هه‌ستی "خۆ به‌گرنگ زانین"و دژه-خه‌یاڵیش گوزارشت له ڕێگه‌و بڕیارانه ئه‌كات كه تاك ئه‌یگرێته‌به‌ر بۆ مامه‌ڵه‌كردن له گه‌ڵ كۆمه‌ڵگه‌كه‌یدا.
كۆمه‌ڵگه‌ی سعودێ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كه كه دژه-خه‌یاڵێكی توندئاژوی تایبه‌ت به خۆی هه‌یه كه پاڵ به به‌شێك له تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌وه ئه‌نێت بۆ دروستكردنی دژه-خه‌یاڵێكی جیاواز‌و تایبه‌ت به خۆیان كه له كۆمه‌ڵگه‌یان دائه‌بڕێت و جیان ئه‌كاته‌وه.
گرنگترین ئه‌نجامی چاوپێكه‌وتنه‌كه‌ی كازم ئه‌وه‌یه كه توندڕه‌وبوونه‌كه‌ی ئه‌و به‌رهه‌می ئه‌و دژه- خه‌یاڵه‌یه كه كازم بۆ مامه‌ڵه‌كردن له گه‌ڵ ده‌وروبه‌رو كۆمه‌ڵگه‌كه‌ی دروستی كرد. به بۆچونی كازم، نۆرم و نه‌ریته‌كانی كۆمه‌ڵگه (بیركردنه‌وه ده‌سته‌جه‌معییه‌كه‌ی) شایسته‌ی په‌سه‌ندكردن نییه چونكه خه‌ون و خه‌یاڵه‌كه‌ی كازمی، "ئه‌چم بۆ ئه‌مه‌ریكاو ئه‌بم به سیاسییه‌كی ئه‌مه‌ریكی.... تا ببم له به‌شێك له ڕۆژئاوا"، ئه‌خسته مه‌ترسییه‌وه.
سه‌ره‌تای پرۆسه‌ی ده‌سبه‌رداربوونی توندڕه‌وییه‌كه‌ی كازم بۆ ئه‌و كاته ئه‌گه‌ڕێته‌وه كه له وڵاتی سه‌نگافوره بازرگانێكی "بێباوه‌ڕ"، بۆ ماوه‌یه‌ك تێكه‌ڵ به ژیانی كازم ئه‌بێت. دژه-خه‌یاڵه توندئاژووه‌كه‌ی كازم (شوناسی ته‌كفیری) به‌هۆی سه‌رسام بوونی كازم به ڕه‌فتاره باشه‌كانی "بازرگانه بێباوه‌ڕ"ه‌كه‌وه، له ناخه‌وه هێرشی كرایه سه‌رو دوابه‌دوای ئه‌و هێرشه كازم گومانی له‌لادروست بوو ده‌رباره‌ی بنه‌مای "ئه‌بێت ته‌نها مسوڵمانانت خۆشبوێت." كۆتا قۆناغی پرۆسه‌ی ده‌سبه‌رداربوونی بیری توندڕه‌وی (دیڕادیكاڵیزه‌یشن) بۆ ئه‌و كاته ئه‌گه‌رَێته‌وه كه یه‌كێك له هاوڕێكانی كازم ناپاكی (خیانه‌تی) لێئه‌كات و ڕاپۆرتێك ده‌رباره‌ی كازم ئه‌دات به پۆلیسی نهێنی. دوای گرفتی "خیانه‌ت لێ‌كردن"ه‌كه، كازم سه‌رچاوه‌ی زانیارییه‌كان و جۆری ئه‌و په‌رتوكانه‌ی گۆڕی و ده‌ستی كرد به خوێندنه‌وه‌ی كتێبی ئه‌و ئیسلامیانه‌ی كه له نووسینه‌كانیاندا بانگه‌شه بۆ به‌یه‌كه‌و گرێدانی ئاین و ژیان ئه‌كه‌ن. گۆڕینی جۆری كتێبه‌كان، بیركردنه‌وه‌ی كازمی به‌شێوه‌یه‌كی ئه‌رێنی گۆڕی و ده‌ستیكرد به په‌سه‌ند كردنی كۆمه‌ڵگه‌ی سعودی وه‌ك ئه‌وه‌ی كه هه‌یه.
بۆ داگرتن به PDF کلیک لێرە بکە
#
گشتی