::
بێ نوسەر
ناوه‌ندی كودرستان بۆ توێژینه‌وه له ململانێ و قه‌یرانه‌كان
نوسینی: نووح بۆنسى، توێژه‌ر له په‌یمانگه‌ی كارنیجی
سه‌ربارى ئه‌و هه‌ڵمه‌ته دڕندانه‌یه‌ى ڕ‌ژێمى سوریا بۆ گێڕانه‌وه‌ى حه‌له‌ب به‌رپاى كرد، به‌ڵام هێشتا ناتوانێت ئاهه‌نگى سه‌ركه‌وتن بگێڕێت.
كاریگه‌رییه ڕاسته‌وخۆكانى سه‌ركه‌وتنى ڕژێم له حه‌له‌ب چین؟
شه‌ڕى حه‌له‌ب، پاش زیاتر له پێنج ساڵ له ململانێ، تاریكایى جه‌نگى سوریاى ڕوون كرده‌وه. ڕژێم و هاوپه‌یمانه‌كانى به جێبه‌جێكردنى ستراتیژه سه‌ربازییه دڵخوازه‌كه‌یان، كه خۆى له سزادانى به‌كۆمه‌ڵدا ده‌بینێته‌وه، له‌نێویشیدا به‌كارهێنانى تاكتیكى ئابڵووقه‌دان و بۆردومانى دڕندانه‌ى خه‌ڵكانى مه‌ده‌نى، گرووپه چه‌كداره‌كانى ئۆپۆزسیۆن تێك ده‌شكێنن، ئه‌ویش به پاڵپشتیى هێزه ئاسمانییه‌كانى ڕوسیا و شه‌ڕكه‌ره بیانییه نانخۆره‌كانى ئێران، به جۆرێك كه ئه‌و تاكتیكانه وایان له ڕژێم كرد، لانیكه‌م له ئێستادا، قه‌ره‌بووى سوپا بنكه‌لبووه‌كه‌ى و شه‌ڕكه‌ره متمانه‌پێكراوه سنوورداره‌كانى بكاته‌وه.
ئه‌و ڕێچكه‌یه‌ى گرتییه‌به‌ر، واى له ڕژێم كرد به كه‌مترین نرخ ده‌ستكه‌وتى سه‌ربازى و سیاسیى گه‌وره به ده‌ست بهێنێت. له به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌شدا كاره‌ساته مرۆییه‌كان له ڕووى قه‌باره و چڕییه‌وه وێنا ناكرێن، به‌تایبه‌ت دانیشتووانى مه‌ده‌نیى ناوچه‌كانى ژێر ده‌ستى ئۆپۆزسیۆن، هه‌روه‌ك چۆن وێنه‌كانى حه‌له‌ب ده‌ریان ده‌خست. به‌ڵام ڕژێم و هاوپه‌یمانه‌كانى گوێ به قوربانییه مه‌ده‌نییه‌كان ناده‌ن و بگره له خراپترین حاڵه‌تدا سوورن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى ده‌ستى زیاتریش بوه‌شێنن، كه له‌وه‌شدا چه‌ندین ئامانجیان هه‌یه و ده‌یانه‌وێت هانى مه‌ده‌نییه ناوخۆییه‌كان بده‌ن تا فشار بخه‌نه سه‌ر شه‌ڕكه‌ره‌كان خۆیان به ده‌سته‌وه بده‌ن، هه‌روه‌ها په‌یامێكیش بۆ سورییه‌كانى ناوچه‌كانى دیكه بنێرن و باجى به‌رده‌وامبوون له‌سه‌ر به‌رگریكردنیان بیر بهێننه‌وه، جگه له‌وه‌ى ئه‌و لایه‌نگرانه‌ى ئۆپۆزسیۆن ڕابگوازن كه ڕه‌نگه له ئایینده‌دا به‌ره‌نگارى فه‌رمانڕه‌وایى ڕژێم ببنه‌وه. هاوكات ڕژێم و هاوپه‌یمانه‌كانیشى به ڕوونى لێیانه‌وه دیاره كه له ئه‌نجامى ڕه‌فتاره‌كانیاندا هه‌رچه‌ندێك خوێن بڕژێت و خه‌ڵك ده‌ربه‌ده‌ر ببێت و په‌ڕگیریى بكه‌وێته‌وه، لایه‌نگرانى ئۆپۆزسیۆن و كۆمه‌ڵگاى نێوده‌وڵه‌تى ئاره‌زوو ناكه‌ن یاخود ناتوانن هیچ ڕێوشوێنێكى پێویست بگرنه‌به‌ر، بۆیه جێگاى سه‌رسووڕمان نییه كه ڕژێم و ڕوسیا و ئێران و بریكار و هاوپه‌یمانه‌كانیان چه‌ندین جار ئه‌و تاكتیكه دڕندانه‌یه به‌كار بهێنن. له ڕاستییشدا تا ئێستا له ناوچه‌كانى ده‌وروبه‌رى دیمه‌شق و حمس و حه‌له‌ب ئه‌و تاكتیكه سه‌ركه‌وتنى به ده‌ست هێناوه، بۆیه ئه‌گه‌رى ئه‌وه هه‌یه جارێكى دیكه هه‌وڵى به‌كارهێنانى بده‌نه‌وه، ڕه‌نگه ئه‌مجاره‌یان له ئیدلب یاخود خۆرهه‌ڵاتى غۆته بێت.
ئه‌وه‌ى له حه‌له‌ب ده‌یبینین ته‌نها كاره‌ساتێكى مرۆیى بێ‌سنوور نییه، به‌ڵكو نموونه‌یه‌كه له‌وه‌ى كه ڕه‌نگه له داهاتوودا ڕوو بدات.
بایه‌خى تایبه‌تیی حه‌له‌ب له چوارچێوه‌ى ململانێى سوریادا چییه؟
پێ ده‌چێت خۆرهه‌ڵاتى حه‌له‌ب گرنگترین پێگه‌ى ستراتیژیى ئۆپۆزسیۆن بووبێت، ئه‌ویش به له‌به‌رچاوگرتنى قه‌باره‌ى شاره‌كه و قورساییه ئابوورییه‌كه‌ى و نزیكییه‌كه‌ى له سنوورى توركیاوه. له‌گه‌ڵ په‌ره‌سه‌ندنى ململانێكه‌شدا، شارى حه‌له‌ب و چه‌ند به‌شێك له ناوچه‌كانى ده‌وروبه‌رى هه‌روه‌ك باكوورى سوریا له‌ژێر هه‌ژموونى گرووپه ناجیهادییه‌كاندا مانه‌وه، ته‌نانه‌ت ئه‌وكاته‌شى كه به‌ره‌ى نوسڕه (ئه‌وه‌ى له ئێستادا به فه‌تحى شام ناسراوه) به‌شێكى زۆرى پارێزگاى ئیدلبى دراوسێى حه‌له‌بى له‌ژێر ده‌ستدا بوو. بۆیه له‌ده‌ستدانى حه‌له‌ب گورزێكى به‌هێزه له گرووپه ناجیهادییه‌كان و به‌رزخوازییه سیاسییه‌كانى ئۆپۆزسیۆن به گشتى.
له‌مێژه ئامانجى ستراتیژیى ڕژێم ئیفلیجكردنى ئۆپۆزسیۆنى ناجیهادى و بێبایه‌خكردنێتى له ڕووى سیاسییه‌وه. له ساڵى 2014دا گرووپه‌كه‌مان بایه‌خى حه‌له‌بى به‌یان كرد و ئاماژه‌مان به‌وه دا كه كۆنتڕۆڵكردنى شاره‌كه له لایه‌ن ڕژێمه‌وه به شێوه‌یه‌كى ڕیشه‌یى ئه‌گه‌رى چاره‌سه‌ركردنى ململانێى سوریا به دانووستان دووچارى مه‌ترسیى ده‌كاته‌وه، هه‌روه‌ها ڕه‌نگه ببێته هۆى باسك ئه‌ستووربوونى گرووپه جیهادییه‌كان. به‌و پێیه‌ى مه‌رجى پێویست له هه‌ر ڕێككه‌وتنێكى سه‌ركه‌وتوودا ئه‌وه‌یه كه ده‌بێت ئۆپۆزسیۆنێكى ناجیهادیى واقیعى و به‌هێز هه‌بێت تا هه‌م ڕێككه‌وتنه‌كه سه‌ربگرێت و هه‌میش له مه‌یداندا جێبه‌جێ بكرێت. به‌ڵام لاوازكردنى ئۆپۆزسیۆنى ناجیهادى له باكوورى سوریا تا ڕاده‌یه‌كى زۆر له به‌رژه‌وه‌ندیى ڕێكخراوه جیهادییه‌كانى وه‌ك به‌ره‌ى فه‌تحى شام ده‌شكێته‌وه، جگه له‌وه‌ى هه‌لى نوێ بۆ ڕێكخراوى ده‌وڵه‌تى ئیسلامى ده‌ڕه‌خسێنێت، خۆى بسه‌پێنێت و بگره سه‌رله‌نوێ هه‌ندێك سه‌نگ و قورسایى له لاى بنكه‌ى جه‌ماوه‌ریى دژ به ڕژێم بۆخۆى بونیاد بنێته‌وه.
لێره‌وه ئۆپۆزسیۆن به‌ره‌و كوێ ده‌چێت؟
به‌رده‌وام لاوازیى هه‌ماهه‌نگیى و پێكهه‌ڵپژانى به‌رژه‌وه‌ندیى ده‌وڵه‌تانى لایه‌نگرى ئۆپۆزسیۆن، هاوپه‌یمانه سورییه‌كانیانى لاواز كردووه، چه‌ند مانگى ڕابردووش بێبه‌ش نه‌بووه له‌وه، به‌و پێیه‌ى سعودیه له گۆماوى یه‌مه‌ندا نقوم بووه و توركیاش له ململانێیه‌كى سنوور به‌زێندا له‌گه‌ڵ هێزه كوردییه‌كان تێهه‌ڵچووه و هه‌رچى ئه‌مەریكاشه چاوى خستووه‌ته سه‌ر جه‌نگى دژ به ده‌وڵه‌تى ئیسلامى له كاتێكدا خۆى به چه‌ندین خولى دیپلۆماسیى بێ ئه‌نجامه‌وه له‌گه‌ڵ مۆسكۆ ئاڵاندووه.
ئه‌وه‌ش واى له ئۆپۆزسیۆن كرد به‌دڵى خۆى له حه‌له‌ب هه‌ڵسوكه‌وت بكات و خراپ مامه‌ڵه به‌و كارتانه‌وه بكات كه له هه‌گبه‌یدا بوون، ئه‌وه‌بوو له خراپترین كاتدا خزایه نێو شه‌ڕێكى ناوخۆییه‌وه، هه‌روه‌ها به‌بێ جیاكارى له نێوان شه‌ڕكه‌ر و مه‌ده‌نییه‌كاندا بۆردومانى خۆرئاواى حه‌له‌بى كرد، كه له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتى ڕژێمدا بوو. هه‌رچه‌ند له هه‌موو حاڵه‌ته‌كانیشدا گرووپه چه‌كداره‌كانى ئۆپۆزسیۆن له كاتى به‌رگریكردن له ناوچه‌كانى خۆیان به‌هۆى فراوانیى و چڕوپڕیى هێرشه‌كه‌ى ڕژێم و هاوپه‌یمانه‌كانییه‌وه دووچارى ئاسته‌نگ ده‌بوونه‌وه، به‌ڵام ده‌بێت تێبینى ئه‌وه بكه‌ین كه تێكڕاى هه‌وڵه‌كانى به‌ره‌ى لایه‌نگرانى ئۆپۆزسیۆن له كۆى تواناى هه‌ریه‌ك له پێكهاته‌كانى ئه‌و به‌ره‌یه كه‌متر بوو.
كه‌واته، له‌سه‌ر زه‌وى ئۆپۆزسیۆن چه‌ندى ماوه‌ته‌وه؟ ئۆپۆزسیۆن ڕووبه‌ڕووى نه‌خشه‌یه‌كى تاریك بووه‌ته‌وه، چونكه ئه‌و ناوچه‌یه‌ى زۆرترین ئومێدى له‌سه‌ر هه‌ڵچنیبوو، باكوورى خۆرهه‌ڵاتى حه‌له‌ب بوو، به‌ڵام ئه‌و ناوچه به‌رفراوانه سنوورییه‌ش له لایه‌ن گرووپه نا – جیهادییه‌كانه‌وه، ئه‌و گرووپانه‌ى ڕاسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ هێزى توركیا شه‌ڕ ده‌كه‌ن، له ڕێكخراوى ده‌وڵه‌تى ئیسلامى سه‌ندراوه‌ته‌وه و بگره هه‌وڵى گرتنه‌وه‌ى "باب"یش ده‌ده‌ن، ئه‌و شاره‌ى ده‌كه‌وێته دوورى نزیكه‌ى 35 كیلۆمه‌تر له خۆرهه‌ڵاتى حه‌له‌به‌وه. ئه‌وه‌شى ڕێڕه‌وى ئه‌و كاره هاوبه‌شه (ناسراو به قه‌ڵغانى فوڕات) ده‌ستنیشان ده‌كات، ئه‌نقه‌ره‌یه، كه له بنه‌ڕه‌تدا ئامانجى دوورخستنه‌وه‌ى ڕێكخراوى ده‌وڵه‌تى ئیسلامییه له سنوورى توركیا و ڕێگریكردنه له یه‌كینه‌كانى پاراستنى گه‌ل بۆ گه‌یاندنى ناوچه‌كانى خۆرهه‌ڵاتى ڕووبارى فوڕات به كانتۆنى عه‌فرین له باكوورى حه‌له‌ب. به‌شداریكردنیش له قه‌ڵغانى فوڕاتدا باجێكى زۆر ده‌خاته ئه‌ستۆى ئۆپۆزسیۆن، به‌و پێیه‌ى ئه‌و هێزانه‌ى له‌وێ بڵاوبووبوونه‌وه، ده‌كرا به‌شدارییان له پاراستنى خۆرهه‌ڵاتى حه‌له‌ب بكردایه، جگه له‌وه‌ى پێویستیى توركیا به پارێزگاریكردن له نیازه باشه‌كانى مۆسكۆ و ڕێگریكردن له ده‌ستوه‌ردانى هێزه ئاسمانییه‌كانى، ئه‌نقه‌ره‌ى قۆڵبه‌ست كرد و نه‌یتوانى له به‌رامبه‌ر هه‌ڵمه‌تى ڕژێم و هاوپه‌یمانه‌كانیدا هاریكاریى ئۆپۆزسیۆنى چه‌كدار بكات. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا سووده‌كانى قه‌ڵغانى فوڕات بۆ ئۆپۆزسیۆن زۆرن، چونكه ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه‌ى پرۆسه‌كه به‌ده‌ستى هێنا، ده‌رفه‌ت و بایه‌خێكى نوێى بۆ ئۆپۆزسیۆنى ناجیهادى ڕه‌خساند، به‌تایبه‌ت له كاتێكدا كه له ناوچه‌كانى دیكه‌ى باكوورى سوریا دووچارى چه‌ندین هه‌ڕه‌شه‌ى دیكه بووه‌ته‌وه.
هه‌میشه پارێزگاى ئیدلب وه‌ك دیوى دووه‌مى ململانێكانى باكوورى سوریا بابه‌تێكى مشتومڕئامێز بووه، ئایا ئۆپۆزسیۆن ده‌توانێت هێزه‌كانى خۆى له‌وێ خڕ بكاته‌وه؟
هه‌وڵه‌كان بۆ ده‌ربازكردنى خه‌ڵكى مه‌ده‌نى و شه‌ڕكه‌ره‌كانى حه‌له‌ب له پاش چه‌ندین جار دواخستن، له 15ى كانونى یه‌كه‌م ده‌ستیپێكرد، به‌وشێوه‌یه‌ش قافڵه له دواى قافڵه ڕوویانكرده ئیدلب، ئه‌و ناوچه‌یه‌ى كه له باكوورى خۆرئاواى سوریا بۆ ئۆپۆزسیۆن ماوه‌ته‌وه، دۆخى ئیدلبیش له لێوارى ته‌قینه‌وه‌دایه، بۆیه پێ ده‌چێت له پاش حه‌له‌ب ڕژێم و هاوپه‌یمانه‌كانى ئه‌وێ بشڵه‌قێنن و ڕه‌فتارى هاوشێوه‌ى حه‌له‌ب له ڕووى به‌ئامانجگرتنى خه‌ڵكانى مه‌ده‌نى دووباره بكه‌نه‌وه، به‌و ئاواره زۆره‌شى له ناوچه‌كانى دیكه‌وه ڕوویان تێكردووه.
ناوچه‌كه به شێوه‌یه‌كى سه‌ره‌كیى له نێوان به‌ره‌ى فه‌تحى شام (كه گرووپێكى سه‌له‌فى جیهادییه و تا ئه‌م ماوه‌یه‌ى دواییش به‌فه‌رمیى سه‌ربه قاعیده بوو) و ئه‌حرار ئه‌لشامدا دابه‌شبووه، كه به‌شێكى گرووپى دووه‌میشیان چه‌كدارى ئیسلامین و له نێوان فه‌تحى شام و گرووپه میانڕه‌وه‌كاندا پێگه‌یه‌كى تایبه‌ت به خۆى هه‌یه، ئه‌و دوو گرووپه‌ش به به‌هێزترین گرووپى ئۆپۆزسیۆنى چه‌كدار له باكوورى سوریا هه‌ژمار ده‌كرێن، پێ ده‌چێت له چاو هاوتاكانى حه‌له‌بیشیاندا توانایه‌كى به‌رگریى باشتریان هه‌بێت له ناوچه‌كانى خۆیان، به‌ڵام به‌رنامه ئیسلامییه ئاشكراكه‌یان و په‌یوه‌ندییه‌كانى فه‌تحى شام به قاعیده‌وه، ڕه‌نگه ناڕه‌زایه‌تییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان دژ به هێرشه‌كانى ڕژێم و هاوپه‌یمانه‌كانى سنووردار بكات. له‌م سه‌روبه‌نده‌شدا ناكۆكییه ئایدۆلۆژى و سیاسیى و تایبه‌تییه دێرینه‌كانى نێوان باڵى پراگماتى و باڵى توندڕه‌وى نێو ئه‌حرار ئه‌لشام له‌م دواییانه‌دا به‌ره‌و قووڵبوونه‌وه چوو، بۆیه گه‌ر جیابوونه‌وه‌ى هه‌ردوو باڵه‌كه ڕوو بدات، ئه‌وا ڕه‌نگه له ئایینده‌یه‌كى مامناوه‌ند و دووردا كارێكى باش بێت بۆ ئۆپۆزسیۆن، به‌ڵام پێ ده‌چێت له ئایینده‌یه‌كى نزیكدا تواناى به‌رگریكردنى لاواز بكات.
ئایا ئۆپۆزسیۆن هیچ ئومێدێكى باشترى هه‌یه بۆ گه‌ڕانه‌وه بۆ باشوورى سوریا؟
له باشوورى سوریا گرووپه ناجیهادییه‌كان ناوچه‌یه‌كى به‌رفراوانیان به ده‌سته‌وه‌یه، به‌ڵام لێكتێگه‌یشتنێكى ڕووكه‌شى نێوان ڕوسیا و ئوردون، ئه‌و به‌ره‌یه‌ى سڕ كرد، ئه‌وه‌ش ئارامییه‌كى ڕێژه‌یى به ناوچه‌كانى ژێر ده‌سه‌ڵاتى ئۆپۆزسیۆنى چه‌كدار به‌خشیوه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا باسكى ڕ‌ژێمى ئه‌ستوور كردووه تا تواناكانى خۆى دژ به ناوچه‌كانى دیكه‌ى ژێر ده‌سه‌ڵاتى ئۆپۆزسیۆن به‌كاربهێنێت، بۆیه به‌پێى هه‌ندێك ڕاپۆرت بێت، وره‌ى ئۆپۆزسیۆنى چه‌كدار له باشوورى سوریا لاواز بووه.
له ناوچه‌كانى دیكه‌ش، ئۆپۆزسیۆن چه‌ند پێگه‌یه‌كى له یه‌كتر دابڕاوى له‌ژێر ده‌ستدایه، دیارترینیشیان خۆرهه‌ڵاتى غۆته له پارێزگاى دیمه‌شق، كه به شێوه‌یه‌كى سه‌ره‌كیى له‌ژێر كۆنتڕۆڵى گرووپه نا – جیهادییه‌كاندایه و تائێستاش ژماره‌یه‌ك دانیشتووانى مه‌ده‌نیى زۆرى تێدایه، له‌مێژیشه كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ى ته‌واوى دیمه‌شق له كاره له‌پێشینه‌كانى ڕژێمه، بۆیه پێ ده‌چێت سه‌ركه‌وتنى ڕژێم له حه‌له‌ب، ئه‌گه‌رى به‌رپاكردنى هه‌ڵمه‌تێكى وێرانكه‌ر بۆ سه‌ر ناوچه‌كانى ژێر ده‌سه‌ڵاتى ئۆپۆزسیۆنى چه‌كدار له غۆته زیاتر بكات.
له ڕووى تیۆرییه‌وه و له پێناو خۆبه‌دوورگرتن له كاره‌ساتى مرۆیى و سیاسیى چاوه‌ڕوانكراوى هێرشه گه‌وره‌كانى ڕژێم و هاوپه‌یمانه‌كانى بۆسه‌ر خۆرهه‌ڵاتى غۆته یاخود چه‌ند ناوچه‌یه‌كى ئیدلب، ڕه‌نگه له به‌رژه‌وه‌ندیى گرووپه ناجیهادییه‌كان و ده‌وڵه‌تانى پشتیوانیان بێت به‌هاوبه‌شى هه‌وڵ بۆ گرتنه‌به‌رى ڕێوشوێنێك بده‌ن كه دووربێت له دوژمنكارى، چونكه هه‌ر له ڕووى تیۆرییه‌وه، ڕێوشوێنێكى له‌وشێوه‌یه‌وه سه‌رنجى ڕوسیا به‌لاى خۆیدا ڕاده‌كێشێت، به‌تایبه‌ت له كاتێكدا كه زۆرجار ترسى له تواناى سنووردارى ڕژێم هه‌یه بۆ پارێزگاریكردن له‌و ناوچانه‌ى كۆنتڕۆڵیان ده‌كاته‌وه، ئه‌و ترسه‌ش له جێگاى خۆیدا بوو كاتێك ڕێكخراوى ده‌وڵه‌تى ئیسلامى له پاش نۆ مانگ له ده‌ركردنى له ته‌دمور، ده‌ستى به‌سه‌ردا گرته‌وه. به‌ڵام له ڕووى كردارییه‌وه، پێناچێت له سایه‌ى ئه‌و ناكۆكییانه‌ى له نێوان ئۆپۆزسیۆن و پشتیوانه‌كانیاندا هه‌یه، هیچ ئاره‌زوویه‌ك بۆ گه‌یشتن به ڕێوشوێنى دوور له دوژمنكارى هه‌بێت، هه‌روه‌ها ئه‌سته‌میشه وێناى ئه‌وه بكه‌ین ڕوسیا و ڕژێم و ئێران له ئێستادا پێشڕه‌ویكردن دژ به ئۆپۆزسیۆنى چه‌كدار بووه‌ستێنن.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له‌ده‌ستدانى به‌رده‌وامى خاك له لایه‌ن ئۆپۆزسیۆنه‌وه، نابێته هۆى كۆتاییهێنان به به‌رخۆدانى چه‌كداریى دژ به ڕژێم، بگره ئه‌وكات هیچ هه‌ڵبژارده‌یه‌ك له‌به‌رده‌م خوازیارانى شه‌ڕدا نامێنێته‌وه، جگه له په‌نا بردنه‌به‌ر ستراتیژێكى دوورمه‌ودا، كه ئه‌ویش خۆى له كارى سه‌ربازیى نهێنیدا ده‌بینێته‌وه، سیناریۆیه‌كى له‌وشێوه‌یه‌ش له به‌رژه‌وه‌ندیى سه‌له‌فییه جیهادییه‌كان ده‌شكێته‌وه و سه‌ره‌نجام ئاسته‌نگه‌كانى به‌رده‌م ئۆپۆزسیۆنى چه‌كدار بۆ كۆكردنه‌وه‌ى سه‌ركردایه‌تییه‌كى سیاسیى یه‌كگرتووى ماقوڵ زیاتر ده‌بن.
ئایا ڕژێم هه‌نگاو به‌ره‌و ئه‌وه ده‌نێت كه بیسه‌لمێنێت دواجار چاره‌سه‌رێكى سه‌ربازیى بۆ ململانێكه هه‌یه؟
رژێمى سوریا ڕێگایه‌كى دوورى بۆ لێكترازانى نه‌یاره ناجیهادییه‌كانى بڕى، به چه‌كدار و مه‌ده‌نییه‌وه، هه‌روه‌ها له‌مێژه ئامانجێتى كۆسپ بۆ هه‌ر ڕێڕه‌وێك به ئاڕاسته‌ى ڕاده‌ستكردنى ئاشتیانه‌ى ده‌سه‌ڵاتى سیاسیى له ئایینده‌یه‌كى نزیكدا دروست بكات، به‌ڵام سه‌ربارى ئه‌و گوڕخواردنه‌وه‌یه‌ى ئێستا، به ئاڕاسته‌ى سه‌ركه‌وتنى سه‌ربازیى یه‌كجاره‌كى مل نانێت، چونكه هێشتا چه‌ندین خاڵى لاواز له‌نێو به‌ره‌ى لایه‌نگرانى ڕژێمدا هه‌یه، یه‌كێك له خاڵه لاوازه جه‌وهه‌رییه‌كانیش پاشه‌كشه‌ى به‌رچاوى ژماره‌ى سه‌ربازه‌كانى سوریا و ئه‌و بنكه سنوورداره‌یه كه ڕژێم بتوانێت شه‌ڕكه‌رى به‌ئه‌مه‌كى پشت پێ به‌ستراوى لێ هه‌ڵێنجێت، بۆیه له پێناو كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ى ناوچه‌ى دیكه‌دا، به شێوه‌یه‌كى سه‌ره‌كیى ڕژێم پشت به شه‌ڕكه‌ره بیانییه شیعى مه‌زهه‌به‌كان ده‌به‌ستێت، وه‌ك حزبوڵڵاى لوبنانى و میلیشیا عێراقییه‌كان و خۆبه‌خشه ئه‌فغانى و پاكستانیه په‌نابه‌ره‌كانى ئێران، به‌جۆرێك كه ئه‌و گرووپانه و هێزى ئاسمانیى ڕوسى ڕۆڵێكى میحوه‌رییان گێڕاوه له یارمه‌تیدانى ڕژێم بۆ به‌ده‌ستهێنانى ده‌ستكه‌وتى به‌رده‌وام، به‌ڵام له ئایینده‌یه‌كى دووردا، چیتر له سایه‌ى به‌رخۆدانى دانیشتووانى ناوچه‌كانى نه‌یارى ڕژێمدا ناتوانن به‌رده‌وامیى به كۆنتڕۆڵكردنى خاك بده‌ن و سه‌قامگیرییان تیادا به‌رقه‌رار بكه‌ن.
"له سایه‌ى نه‌بوونى چاره‌سه‌رێكى ڕاسته‌قینه‌دا، پێ ناچێت ڕژێم بتوانێت هاوشێوه‌ى ئه‌و تاكتیكه دڕندانانه بۆ بردنه‌وه‌ى ته‌واوى جه‌نگه‌كه به‌كار بهێنێت"
له واقیعدا، تا ئایینده‌یه‌كى نزیكیش پارێزگاریكردن له خاك به ئاڵنگارییه‌كى ڕاسته‌قینه هه‌ژمار ده‌كرێت، دووباره كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ى ته‌دموریش له لایه‌ن ده‌وڵه‌تى ئیسلامییه‌وه ئه‌و بابه‌ته ته‌واو ڕوون ده‌كاته‌وه، چونكه به‌هۆى سه‌رقاڵبوونى هاوپه‌یمانه بیانییه‌كانى و زۆربه‌ى شه‌ڕكه‌ره سورییه متمانه‌پێكراوه‌كانى به به‌ره‌كانى دیكه‌وه، دیارترینیان حه‌له‌ب، هێزه ڕاسپێردراوه‌كانى ڕژێم بۆ پاراستنى ته‌دمور هێنده زۆر نه‌بوون تا به‌ره‌نگارى هێرشه له ناكاوه‌كه‌ى ڕێكخراوى داعش ببنه‌وه، هه‌ر بۆیه سه‌بارى پاڵپشتیى ئاسمانیى ڕوسیا شاره‌كه‌ى له ماوه‌ى سێ ڕۆژدا له ده‌ستدا. له ڕاستیشدا هه‌ره‌سهێنانى ڕژێم به‌و خێراییه له ته‌دمور– وه‌ك پێگه‌یه‌كى كولتووریى به‌ناوبانگ له‌سه‌ر ئاستى جیهان و ناوچه‌یه‌كى ستراتیژیى گرنگ- پێشبینى كرا‌و بوو، به‌و پێیه‌ى كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ى شاره‌كه له مانگى ئادارى ڕابردوودا، هه‌ڵمه‌تێكى میدیایى گه‌وره‌ى له لایه‌ن ڕوسیاوه بۆ كرا، كه ئه‌وه‌ش ئاماژه بوو به‌و كێشه مرۆییه‌ى ڕووبه‌ڕووى ڕژێم بووه‌ته‌وه. كه‌واته گه‌ر هێزه‌كانى سه‌ربه ڕژێم به‌رده‌وام بن له كۆنتڕۆڵكردنى خاكى زیاتر، ئه‌وا مه‌ترسییه‌كانى بڵاوبوونه‌وه له‌سه‌ر زه‌وییه‌كى فراوانتر له تواناى خۆى زیاتر ده‌بن.
به‌شێك له‌و ئاڵنگارییه‌ى دووچارى پشتیوانانى ڕژێم ده‌بێته‌وه، به ئێرانیشه‌وه، ئه‌وه‌یه كه به‌پێچه‌وانه‌وه‌ى پێكهاته‌ى دیمۆگرافیاى سوریاوه ڕه‌فتار ده‌كه‌ن، به‌تایبه‌ت له باكوورى خۆرئاواى ئه‌و وڵاته، كه ئه‌وه‌ش جیاوازییه‌كى دیارى نێوان سوریا و عێراقه، به‌و پێیه‌ى گه‌ر ئێران هه‌ژموونى خۆى به‌سه‌ر عێراقدا بسه‌پێنێت، ئه‌وا له لایه‌ن هاوپه‌یمانى به‌ستن له‌گه‌ڵ هێزى سیاسى و سه‌ربازیى زۆرینه‌ى شیعه‌كانى وڵاته‌وه كارئاسانى بۆ ده‌كرێت، به‌ڵام له ڕووى تیۆرییه‌وه، له سوریا ڕژێم و هاوپه‌یمانه‌كانى بۆ زاڵبوون به‌سه‌ر ئه‌و ئاڵنگارییه‌دا هه‌وڵه‌كانى خۆیان بۆ چۆڵكردنى ئه‌و ناوچانه فراوانتر و چڕتر ده‌كه‌نه‌وه كه پێیان وایه دانیشتووانه‌كانیان نه‌یارى ڕژێمن، گه‌ر ئه‌وه‌ش ڕووبدات، ئه‌وا ڕژێم هه‌موو هێڵێكى جیاكه‌ره‌وه له نێوان به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى ئۆپۆزسیۆنى چه‌كدار له ڕێگاى تاكتیكى (زه‌وى سوتاو) له لایه‌ك و پاكتاوى تایه‌فیى به‌رنامه بۆ داڕێژراو له لایه‌كى دیكه ده‌سڕێته‌وه، كه ئه‌وه‌ش كوشتنى خه‌ڵكى مه‌ده‌نى و كۆچكردن و هه‌نگاونان به‌ره‌و توندڕه‌ویى زیاترى لێده‌كه‌وێته‌وه، له سایه‌ى نه‌بوونى هیچ به‌ربه‌ستێكى سه‌ربازیى ده‌ره‌كیشدا، به‌داخه‌وه كارێكى له‌وجۆره به‌دوور نازانرێت.
هێزى ڕێژه‌یى ڕێكخراوى ده‌وڵه‌تى ئیسلامى له ئێستادا چییه؟ ئایا پاش كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ى ته‌دمور چیتر ڕێكخراوه‌كه له شارى ڕه‌ققه هه‌ڕه‌شه‌ى له‌سه‌ر نییه؟
به‌ختى ڕێكخراوى ده‌وڵه‌تى ئیسلامى مۆله‌قه، ته‌نانه‌ت تاوه‌كو دوو هه‌فته له‌مه‌وبه‌ریش، به‌ڵام به شێوه‌یه‌كى گشتى پێ ده‌چێت به‌ره‌و پاشه‌كشه مل بنێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا گه‌ر سه‌ركه‌وتنى سه‌ربازیى زیاتر دژ به ڕێكخراوه‌كه تۆماریش بكرێت، ئه‌وا به‌ته‌نها كێشه‌كه چاره‌سه‌ر ناكات.
به‌شێكى گه‌وره‌ى مشتومڕه‌كان له خۆرئاواى سوریا جه‌خت له گرووپه جیهادییه سنوورداره‌كان ده‌كاته‌وه، له‌سه‌روو هه‌مووشیانه‌وه ڕێكخراوى ده‌وڵه‌تى ئیسلامى و به‌ره‌ى فه‌تحى شام، به‌ڵام ئه‌وه چاوبه‌سته و ده‌رئه‌نجامى ته‌واو پێچه‌وانه‌ى لێده‌كه‌وێته‌وه، هه‌روه‌ك چۆن به‌درێژایى چه‌ندین ساڵ له عێراق به‌دیمان كرد، به‌و پێیه‌ى پاشه‌كشه كردن به گرووپێكى جیهادى تا لێوارى تێكشكاندن سه‌ركه‌وتنێكى كورت مه‌ودایه گه‌ر ئه‌و بارودۆخه‌ى تیایدا پێگه‌یوه وه‌ك خۆى بمێنێته‌وه یاخود بێته‌وه ئاراوه، جگه له‌وه‌ى له‌ناوبردنى سه‌ركرده‌ى گرووپه‌كان زامنى ئه‌وه ناكات كه جیهادییه‌كان تێكشكابن، بۆ نمونه له ڕابردوودا سێ سه‌ركرده‌ى قاعیده له عێراق كوژران، به‌ڵام سه‌ره‌نجام سیان له سه‌ركرده‌كانى ئێستاى ده‌وڵه‌تى ئیسلامى شوێنیان گرتنه‌وه، بۆیه گه‌ر هه‌ندێك گرووپ دیار نه‌مێنن ئه‌وا گرووپى نوێ له جێگایان سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن، واتا گرووپه‌كان ده‌رئه‌نجامى كێشه قووڵه‌كانى سوریا و عێراقن نه‌وه‌ك هۆكار، له‌نێو ئه‌و كێشه سه‌ره‌كییانه‌شدا تاكتیكه سه‌ربازییه دڕندانه‌كانى هێزه چه‌كداره‌كانى ئه‌و وڵاتانه توندڕه‌ویى زیاتر ده‌هێننه‌وه ئاراوه، به‌ڵام ئه‌وه‌ى ڕ‌ژێمى سوریا و هاوپه‌یمانه‌كانى له هه‌موو تاكتیكه‌كانى دیكه فراوانتر و به‌رنامه بۆ داڕێژراو تره.
كاتێك ته‌ماشاى ئاستى ئه‌و توندوتیژییه ده‌كه‌ین كه سورییه‌كان و كۆمه‌ڵگا سوننى مه‌زهه‌به‌كان به‌ده‌ستییه‌وه ناڵاندوویانه، بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه سه‌ندنه‌وه‌ى خاك له ڕێكخراوى ده‌وڵه‌تى ئیسلامى یاخود گرووپه جیهادییه‌كانى دیكه بۆ هه‌تا هه‌تایه كێشه‌كه چاره‌سه‌ر ناكات، به‌ڵكو پێویسته ئامانجه‌كه به‌دیهێنانى سه‌قامگیرى و پێكهێنانى ئیداره‌یه‌كى خاوه‌ن سه‌نگ و قورسایى بێت له ناوچه كۆنتڕۆڵكراوه‌كاندا، واتا ئیداره‌دانى شارێك له پاش ده‌رپه‌ڕاندنى ده‌وڵه‌تى ئیسلامى و ئه‌و لایه‌نه‌ى ئیداره‌ى ده‌دات زۆر له‌و خێراییه گرنگتره كه ڕێكخراوه‌كه‌ى له شاره‌كه پێ ده‌رده‌په‌ڕێنرێت.
جگه له‌وه، مه‌ترسییه‌كى ڕاسته‌قینه‌یه كه ئه‌مەریكا هه‌ڵمه‌تێكى سه‌ربازیى بۆ كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ى ڕه‌ققه به سه‌ركردایه‌تیى یه‌كینه‌كانى پاراستنى گه‌ل ڕێكبخات، سه‌ره‌تا له‌به‌رئه‌وه‌ى ئه‌نقه‌ره دژى ئه‌وه‌یه یه‌كینه‌كانى پاراستنى گه‌ل هیچ ده‌ستكه‌وتێكى دیكه له مه‌یدان بۆ خۆیان بچننه‌وه، بۆیه له سه‌روبه‌ندى ئه‌و توندوتیژییه‌ى له نێوان توركیا و پارتى كرێكارانى كوردستان و یه‌كینه‌كانى پاراستنى گه‌ل له‌سه‌ر سنوورى سوریا ده‌گوزه‌رێت، ئه‌وا ڕه‌نگه قازانجى كاتیى ده‌رپه‌ڕاندنى ڕێكخراوى ده‌وڵه‌تى ئیسلامى له ڕه‌ققه به به‌راورد به تێچووى شڵه‌قاندنى سه‌قامگیریى له‌و كه‌وانه پڕ له كێشمه‌كێشه به بادا بچێت، دووه‌م، به له‌به‌رچاوگرتنى ئه‌و شێوازه‌شى یه‌كینه‌كانى پاراستنى گه‌ل له ئیداره‌داندا ده‌یگرنه‌به‌ر، كه خۆى له پێدانى ده‌سه‌ڵاتێكى كه‌م به ئیداره ناوخۆییه‌كان و ده‌سه‌ڵاتێكى زۆر و گرنگ به كادره كورده‌كان ده‌بینێته‌وه، ئه‌وا ئه‌سته‌مه وێناى هیچ ئیداره‌یه‌كى درێژخایه‌نى خاوه‌ن سه‌نگ و قورسایى له‌و شاره زۆرینه عه‌ره‌به بكه‌ین.
له شه‌ڕى سه‌ندنه‌وه‌ى شارى "باب"دا له ڕێكخراوى ده‌وڵه‌تى ئیسلامى، دۆخه‌كه بۆ توركیا و هاوپه‌یمانه‌كانى چۆن په‌ره ده‌ستێنێت؟
هه‌روه‌ك پێشتر تیشكم خسته سه‌ر، توركیا و هاوپه‌یمانه‌كانى له ئۆپۆزسیۆنى چه‌كدار له پێناو دوو ئامانجى ڕاسته‌وخۆدا پرۆسه‌ى قه‌ڵغانى فوڕاتیان ده‌ست پێ كرد، یه‌كه‌م، سه‌ندنه‌وه‌ى ناوچه هاوسنووره‌كان له ده‌وڵه‌تى ئیسلامى، دووه‌میشیان، ڕێگریكردن له یه‌كینه‌كانى پاراستنى گه‌ل بۆ به‌ستنه‌وه‌ى ناوچه‌كانى باكوورى خۆرهه‌ڵاتى سوریا به كانتۆنى عه‌فرینه‌وه، تا ئێستاش توركیا ئامانجى یه‌كه‌مى پێكاوه، گه‌ر شارى بابیش كۆنتڕۆڵ بكاته‌وه ئه‌وا دووه‌میش ده‌پێكێت، كاتێكیش ئه‌وه ڕووی دا، به ته‌واوه‌تى ڕێگاى گه‌یاندنى ئه‌و هێڵه سنوورییه‌ى باكوورى سوریا به‌یه‌كدى له یه‌كینه‌كانى پاراستنى گه‌ل داده‌خات. جێگاى باسیشه كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ى باب ده‌بێته هۆى قایمكردنى جێپێى توركیا و هاوپه‌یمانه‌كانى له ئۆپۆزسیۆنى چه‌كدار له شارێكى گه‌وره‌دا كه ته‌نها 35 كیلۆمه‌تر له حه‌له‌به‌وه و كه‌متر له 10 كیلۆمه‌تر له نزیكترین ناوچه‌ى ژێر ده‌ستى ڕژێمه‌وه دووره، ئه‌وه‌ش ڕاڤه‌ى دژایه‌تیكردنى دیمه‌شق ده‌كات بۆ پێشڕه‌ویكردنى قه‌ڵغانى فوڕات به‌ره‌و شاره‌كه. كه‌واته ڕاسته شه‌ڕى باب له نێوان گرووپه چه‌كداره نانخۆره‌كانى توركیا و ده‌وڵه‌تى ئیسلامی‌دا به‌رپاكراوه، به‌ڵام لێكه‌وته‌كانى زۆر له‌وه زیاترن.
خۆ ئه‌گه‌ر توركیا و هاوپه‌یمانه‌كانیشى له قه‌ڵغانى فوڕات سه‌ركه‌وتوو بن له كۆنتڕۆڵكردنى شارى باب، ئه‌وا مه‌ترسیى دیكه له ئارادایه، به‌و پێیه‌ى گه‌یاندنى كانتۆنى عه‌فرین به ناوچه‌كانى دیكه له باكوورى خۆرهه‌ڵاتى سوریا كارى هه‌ره له‌پێشینه‌ى یه‌كینه‌كانى پاراستنى گه‌له، هه‌روه‌ك به‌رپرسه‌كه‌شیان ئاماژه‌ى پێدا، ئاماده‌ن به هێز وه‌ڵامى هه‌وڵه‌كانى توركیا بده‌نه‌وه، هاوكات سه‌ركردایه‌تى توركیاش به‌ئاشكرا باسیان له‌وه كرد كه له پاش سه‌ركه‌وتن له شارى باب پرۆسه‌ى قه‌ڵغانى فوڕات به‌ره‌و شارى مه‌نبه‌ج له خۆرهه‌ڵات پێشڕه‌وى ده‌كات، ئه‌و شاره‌ى له كاتى كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌یه‌وه له مانگى ئابى ڕابردوو له لایه‌ن یه‌كینه‌كانى پاراستنى گه‌له‌وه جێگاى مشتومڕێكى زۆره، به‌و پێیه‌ى توركیا به‌و په‌ره‌سه‌ندنه قایل نه‌بوو، وه‌هاش له ئه‌مەریكا تێگه‌یشتبوو كه یه‌كینه‌كانى پاراستنى گه‌ل له پاش كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ى مه‌نبه‌ج و سپادرنى به ده‌سه‌ڵاته ناوخۆییه‌كان له‌و شاره ده‌كشێته‌وه، به‌ڵام ئه‌وه ڕووینه‌دا، ڕاسته یه‌كینه‌كانى پاراستنى گه‌ل له هه‌ندێك ناوچه كشانه‌وه، به‌ڵام له هه‌ندێكى دیكه هه‌ر مانه‌وه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هیچ ڕێككه‌وتنێك له نێوان توركیا و یه‌كینه‌كانى پاراستنى گه‌ل و ئه‌مەریكادا نه‌بوو تا واده‌یه‌ك بۆ كشانه‌وه‌یان له مه‌نبه‌ج دیاریى بكرێت.
كه‌واته ده‌ستپێشخه‌ریكردن بۆ دیاریكردنى چه‌ند ڕێوشوێنێك به‌هاوبه‌شى له مه‌نبه‌ج بۆ هه‌موو لایه‌نه‌كان سوودبه‌خش ده‌بێت، واتا بۆ توركیا و یه‌كینه‌كانى پاراستنى گه‌ل و ئه‌مەریكا، گه‌ر توركیاش بیه‌وێت بابه‌ته‌كه به‌شێوازى سه‌ربازى چاره‌سه‌ر بكات، ئه‌وا زیاتر له تواناى خۆى په‌ل به پرۆسه‌ى قه‌ڵغانى فوڕات ده‌هاوێژێت، كه ئه‌وه‌ش ده‌رفه‌ت بۆ ده‌وڵه‌تى ئیسلامى یاخود یه‌كینه‌كانى پاراستنى گه‌ل یان ته‌نانه‌ت هێزه‌كانى ڕژێمیش ده‌ڕه‌خسێنێت، بگره ئه‌گه‌رى پێكهه‌ڵپژانى توركیا و یه‌كینه‌كانى پاراستنى گه‌ل له‌سه‌ر سنوور زیاتر ده‌كات، جگه له‌وه‌ى ڕه‌نگه كارێكى له‌و جۆره ببێته هۆى دروستبوونى پێكدادان له نێوان یه‌كینه‌كانى پاراستنى گه‌ل و هێزه‌كانى توركیا و هاوپه‌یمانه‌كانى له شارى باب و ناوچه‌كانى دیكه. له ڕاستیدا باشتر وایه یه‌كینه‌كانى پاراستنى گه‌ل به‌وه قایل بن كه گه‌یاندنى كانتۆنه‌كانى به‌یه‌كدى له ڕێگاى ئامرازى سه‌ربازییه‌وه ئامانجێكى واقیعى نییه و هه‌ر هه‌وڵێكیش بۆ به‌دیهێنانى ئه‌و ئامانجه ڕه‌نگه ببێته هۆى وروژاندنى په‌رچه‌كردارێكى سه‌ربازیى به‌رفراوانى توركیا.
به له‌به‌رچاوگرتنى سه‌رجه‌م ئه‌و په‌ره‌سه‌ندنه مه‌ترسیدارانه، ئایا ئاسۆكانى خاوكردنه‌وه‌ى توندوتیژیى هه‌ڵكشاوى سوریا چین؟
ده‌كرێت هه‌نگاوى یه‌كه‌م خۆى له‌وه‌دا ببینێته‌وه كه سه‌رجه‌م یایزانه‌كان له باره‌ى ده‌ستكه‌وته سه‌ربازییه‌كانیانه‌وه واقیعى بن، به‌و پێیه‌ى سه‌رجه‌م بڕیار به‌ده‌ستانى لایه‌نه‌كان به‌رده‌وام زیاده‌ڕه‌وییان له باره‌ى ده‌ستكه‌وته‌كانیان و پاراستنى ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه‌وه كردووه، واتا دانانى ئامانجى گه‌وره واى لێ‌كردن دوورتر له به‌دى هێنانى ئه‌و ئامانجانه مل بنێن، ئه‌وه‌تا هه‌ر چۆن له سه‌ره‌تاى ململانێكه‌دا ئۆپۆزسیۆن و پشتیوانه‌كانى گوڕیان خواردبوو، له ئێستاشدا ڕژێم و هاوپه‌یمانه‌كانى به‌هه‌مان شێوه‌ى ئه‌وان گۆڕیان خواردووه‌ته‌وه.
راسته ڕژێم له پاش كاولكارییه‌كى بێ‌شومار و گۆشه‌گیرییه‌كى نێوده‌ڵه‌تى و چه‌رمه‌سه‌رییه‌كى مرۆیى زۆر شه‌ڕى حه‌له‌بى برده‌وه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پێ ده‌چێت له سایه‌ى نه‌بوونى چاره‌سه‌رێكى ڕاسته‌قینه‌دا تواناى ئه‌وه‌ى هه‌بێت هه‌مان تاكتیكى دڕندانه بۆ بردنه‌وه‌ى ته‌واوى جه‌نگه‌كه به‌كاربهێنێته‌وه.
لێره‌دا مرۆڤ هیواخوازه لایه‌نه‌كانى ئه‌و ململانێیه زیاتر واقیعى بن تا خۆیان له‌و شه‌ڕانه به‌دووربگرن كه زیان به هه‌موو لایه‌كیان ده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌و پره‌نسیپه‌ش ته‌نها له مه‌نبه‌ج و باب پێویست نییه، به‌ڵكو به‌هه‌مان شێوه له ئیدلبیش پێویسته، به‌و پێیه‌ى ڕژێم زیاتر له‌وه‌ى تواناى پارێزگاریكردن لێیانى هه‌بێت خۆى ده‌خاته به‌ر مه‌ترسیى فراوانكردنى ناوچه‌كانى ژێر ده‌سه‌ڵاتى خۆى.
چالاكییه دیپلۆماسییه توركى– ڕوسییه‌كانى ئه‌م دواییانه‌ش ڕێگاكانى به‌یهێنانى ده‌رئه‌نجامى باشترى بۆ لایه‌نه‌كان و هاوپه‌یمانه‌كانیان ده‌رخست، تا به‌بێ ده‌ستدرێژیكردن و پێ خزانه نێو جه‌نگێكى سه‌رتاسه‌رییه‌وه، به دانووستان ڕێوشوێنى كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ى ئیدلب و ناوچه‌كانى دیكه تاووتوێ بكرێت.
راسته ڕێككه‌وتنى توركیا و ڕوسیاش به‌ته‌نها به‌س نییه، چونكه هه‌روه‌ك له حه‌له‌ب بینیمان میلیشیا نانخۆره‌كانى ئێران ڕێككه‌وتننامه‌ى نێوان ئه‌نقه‌ره و مۆسكۆیان بۆ چۆڵكردنى شاره‌كه شكست پێهێنا، به‌ڵام ده‌كرێت په‌یوه‌ندیى دیپلۆماسیى نێوان ئه‌و دوو وڵاته سه‌ره‌تایه‌كى ئومێدبه‌خش بهێنێته ئاراوه.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ئاسته‌نگێكى زۆر له به‌رده‌م ڕێككه‌وتنى ئه‌و دوو وڵاته‌دا هه‌یه، به‌و پێیه‌ى به‌رده‌وام ڕژێم و ئێران هه‌ڵكشانى سه‌ربازیى ده‌ستبه‌جێیان له دانووستانه‌كانى ڕوسیا پێ باشتر بووه، پێ ده‌چێت مۆسكۆش به به‌رده‌وامیدان به‌و خه‌سڵه‌ته سه‌ربازییه‌ى لایه‌نگرانى ڕژێم قایل بێت. هه‌رچى فه‌تحى شامیشه كه به‌شێكى گه‌وره‌ى ئیدلبى له‌ژێر چنگدایه، به‌لایه‌وه باشتره ئۆپۆزسیۆنى چه‌كدار له حاڵه‌تى هێرش بردندا بێت، بۆیه ڕه‌نگه هه‌وڵ بۆ شكست پێهێنانى هه‌ر ڕێوشوێنێك بدات كه به مه‌به‌ستى ده‌ستدرێژى نه‌كردن ده‌گیرێته‌به‌ر. جگه له‌وه‌ى ویست و تواناى توركیاش سنوورداره بۆ هاندانى هاوپه‌یمانه‌كانى له پرسێكدا كه له‌چاو ئاڵنگارییه‌كانى یه‌كینه‌كانى پاراستنى گه‌لدا هیچ بایه‌خێكى ئه‌وتۆى نییه.
له‌م كاته‌دا، پێ ده‌چێت خاوكردنه‌وه‌ى توندوتیژییه هه‌ڵكشاوه‌كان ته‌نها ئاواتخواستن بێت، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا گه‌ر هێزه سه‌ره‌كییه‌كانى شه‌ڕه‌كه ئاماده‌یى ئه‌وه‌یان تێدا بێت كه‌مێك بگه‌ڕێنه‌وه دواوه و هه‌ڵوێستى خۆیان به پشت به‌ستن به به‌رژه‌وه‌ندییه دوورمه‌وداكانیان بپێون، ئه‌وا ده‌كرێت ئه‌و ئامانجه بێته‌دى.
به له‌به‌رچاوگرتنى ئایینده‌ش، ڕه‌نگه هه‌ریه‌ك له ڕوسیا و توركیا و ئێران، ببنه گرنگترین یاریزانه ده‌ره‌كییه‌كان، به‌تایبه‌ت له كاتێكدا كه ئیداره‌ى نوێى ئه‌مەریكا وا ده‌رده‌كه‌وێت مه‌یلى سنوورداركردنى ده‌ستوه‌ردانه‌كانى له سوریا هه‌بێت.
وه‌گێڕانی: ئیبراهیم ئه‌حمه‌د حسێن
#
گشتی