بۆچی ئێستا کاتی ڕیفراندۆم نیە له‌هه‌رێمی كوردستاندا؟

03/05/2017

:: د.نەوشیروان حوسێن سەعید: ناوه‌ندی كوردستان بۆ توێژینه‌وه‌ له‌ ململانێ و قه‌یرانه‌كان
د. نەوشیروان حوسێن سەعید، مامۆستاى زانسته‌ سیاسیه‌كان  

پێشەکی:
لە ٢ ی شوباتی ٢٠١٦ دا، مەسعود بارزانی پەیامێکی بڵاوکردەوە لەسەر پرسی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان.لەو پەیامەدا بارزانی ڕایگەیاند 'ئەگەر گەلی كوردستان چاوەڕێی ئەوە بێت خەڵكی تر مافی سەربەخۆیی وەك دیاری پێشكەشی بكات ئەوە هیچ كات سەربەخۆیی بەدەست ناهێنێت'. هەروەکو ڕایشیگەیاند 'دەرفەتەكان لەبارن بۆ ئەوەی گەلی كوردستان لەڕێگەی ڕیفراندۆمەوە بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات'. دوو ئاراستەی سەرەکی لەسەر پەیامەکەی بارزانی دروستبوو. ئاراستەی یەکەم بە تەواوەتی پشتگیری ناوەڕۆکی پەیامەکەی بارزانی دەکات کە پێی وایە 'ڕیفڕاندۆم و زانینی ڕای گەلی كوردستان بۆ دیاریكردنی چارەنووس مافێكی ڕەهایە و پێویستی بە زەمینەسازی نییە'. ئاراستەی دووەمیش پێی وایە کە بەڵێ ڕیفراندۆم و مافی چارەی خۆنووسین مافێکی ڕەوای خەڵکی کوردستانە، بەڵام ئەم مەسەلەیە پێویستی بە زەمینەسازی هەیە. ئەم توێژینەوەیە هەوڵدەدات ئەوە بخاتەڕوو کە بۆچی ئێستا زەمینە لەبارنیە بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە هەرێمی کوردستاندا. بۆ ئەم مەبەستەش، سەرەتا کورتەیەکی مێژوویی سەبارەت بە ڕیفراندۆم و مافی چارەی خۆنووسین دەخەمەڕوو، پاشان شرۆڤەیەک بو پەیامەکەی بارزانی دەکەم.

کورتەیەکی مێژوویی
هەندێک لە لێکۆڵەران، مێژووی هەردوو زاراوەی ڕیفراندۆم ‘referendum‌ و مافی چارەی خۆنووسین
‘self-determination‌دەگەڕێننەوە بۆ سەدەی شانزەیەم لە فەرەنسا و پێیان وایە کە مێژووی دروستبوونی پەیوەندی ڕاستەوخۆ لە نێوان ئەم دوو زاراوەیەدا بەشێوەیەکی فەرمی دەگەڕێتەوە بۆ پێش شۆڕشی فەرەنسا.(١)بەڵام هەندێک لێکۆڵەری دیکە،  ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لەسەر پرسی جیابوونەوەی شوێنێک یان لکاندنی شوێنێک بە شوێنێکی دیکەوە دەبەستنەوە بە شۆڕشی فەرەنسیەوە. (٢)ڕیفراندۆم بریتی یە لە دەنگدانی ڕاستەوخۆکە تێیدا دەنگدەران وەڵامی پرسیارێکدەدەنەوە سەبارەت بە پڕۆژەیەکی دیاریکراو. (٣) دەکرێت ڕیفراندۆم بەمەبەستی گۆڕینی دەستوور یان دەرکردنی یاسایەک یان جاڕدانی سەربەخۆیی ئەنجام بدرێت. لە ڕوانگەی فەلسەفەی سیاسییەوە، ڕیفراندۆم جۆرێکە لە دیموکراسی ڕاستەوخۆ. یەکێک لە نموونە نزیکەکانی ڕیفراندۆم بۆجیابوونەوە یان مانەوە لە چوارچێوەی وڵاتێکدا، ڕیفراندۆمەکەی ڕۆژی ١٨ی سێپتێمبەری ٢٠١٤ سکۆتلەندایە کە سکۆتلەندییەکان بە ڕێژەی  55% لە دژی سەربەخۆیی دەنگیاندا و بڕیاری مانەوەیاندا لە چوارچێوەی شانشینی یەکگرتوو.
لە سەدەی بیستەمدا، 'مافی چارەی خۆنووسین' وەکو چەمکێکی سیاسی و یاسایی بەشێوەیەکی فراوانتر بەکارهێنرا. یەکێک لە پێناسە باوەکان بۆ ئەم چەمکە بریتی یە لەو پێناسەیەی کە لە مادەی یەکەمی بڕیاری کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکاندا هاتووە کە لە ١٤ ی دیسەمبەری ١٩٦٠دا بەناونیشانی ( راگەیاندنی پێدانی سەربەخۆیی بۆ وڵاتان و گەلانی ژێردەستە ) ڕاگەیەنرا. بەپێی مادەی یەکەمی ئەو بڕیارە، هەموو گەلێک مافی چارەی خۆنووسینی هەیە و بەوپێیەش  هەر گەلێک 'مافی ئەوەی هەیە کە بە ئازادی پێگەی سیاسی خۆی دیاری بکات، بە ئازادیش هەوڵی گەشەکردنی ئابووری و کۆمەڵایەتی و رۆشنبیری خۆی بدات'. (٤)لە سەدەی بیستەمدا، مافی چارەی خۆۆنووسین ڕێگەی خۆشکرد بۆ سێ شەپۆلی گەورەی دروستکردنی دەوڵەت. ئەو شەپۆلانە بەگشتی لە ئەنجامی لەبەریەکهەڵوەشاندنەوەی ئیمپراتۆریەتەکان و کۆتایهاتنی داگیرکاریی وڵاتە ئەوروپیەکان دروستبوون. (٥)

شەپۆلی یەکەم (١٩١٨-١٩٣٣)
یەکەم شەپۆلی دروستبوونی دەوڵەت لە سەدەی بیستەمدا، لە پاش جەنگی جیهانی یەکەمەوە دەستپێدەکات. چواردە  خاڵەکەی ودرۆ ویڵسنی (١٨٥٦ ـ ١٩٢٤)  سەرۆکی ئەمریکا بۆ بەدیهێنانی ئاشتییەکی جیهانی کاریگەرییەکی گەورەی هەبوو لەسەرهەڵدانی شەپۆلی یەکەمی دروستبوونی دەوڵەت. ویڵسن لەوباوەڕەدابوو کە لە ڕێگەی پێدانی مافی چارەی خۆنووسین بە نەتەوە جیاوازەکان، دەکرێت یەکێک لە هۆکارە سەرەکیەکانی هەڵگیرسانی جەنگ لاببرێت.(٦) شەپۆلی یەکەم زیاتر ئەوروپای گرتەوە کە کەمایەتییەکان لەسەر خاکی ئیپراتۆریەتە شکستخواردووەکانی جەنگی جیهانی یەکەم دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیانیان ڕاگەیاند. (٧)هەرلەم قۆناغەدا، چەند دەوڵەتێک لە دەرەوەی ئەوروپا دروستبوون، وەکو عێراق و سعودیە. 

شەپۆلی دووەم
شەپۆلی دووەمی دروستبوونی دەوڵەت لە پاش جەنگی جیهانی دووەم و لەپاش پاشەکشەی داگیرکاری ئەوروپیەکانەوە دەستپیدەکات. لەم قۆناغەدا زۆرترین دەوڵەت لە ئاسیا و ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەربەخۆییان وەرگرت. ئەم قۆناغە زیاتر لەپاش چەسپاندنی مافی 'چارەنووسی گەلان' لە ڕێکەتننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان، لەساڵی ١٩٦٠دا دەستی پێکرد. ئەم شەپۆلە لەساڵی ١٩٧٥دا گەیشتە لوتکە، کاتێک چەند نەتەوەیەکی ئەفریقی سەربەخۆیی خۆیانیان لە پورتوگال وەرگرت.

شەپۆلی سێیەم (١٩٩٠-١٩٩٣)
شەپۆلی سێیەم لەگەڵ کەوتنی ڕژێمی کۆمۆنیستی و هەڵوەشانەوەی یەکیەتی سۆڤیەت دەستپێدەکات. لە ئەنجامی لەبەریەکهەڵوەشانی یەکیەتی سۆڤیەت، ١٥ دەوڵەتی نوێ دروستبوون و بەهۆی هەڵوەشانەوەی هەریەکە لە یوگوسلاڤیا و چیکۆسلۆڤاکیاش، چەند وڵاتێکی دیکە دروستبوون. هەر لەم قۆناغەدا، ئەریتیریا لە ئەسیوبیا جیابووەوە لە ئەفریقا. لەسەرەتای شەپۆلی یەکەمدا لە ساڵی ١٩٢٠، تەنها ٤٢ دەوڵەت ئەندامی 'کۆمەڵەی گەلان' '‘League of Nations بوون، لەساڵی ١٩٧٥دا کە لوتکەی شەپۆلی دووەم بوو، ڕێژەکە بەرزبوویەوە و ١٤٤ دەوڵەت بوونە ئەندامی 'نەتەوە یەکگرتووەکان'. ژمارەی دەوڵەتانی ئەندام لە نەتەوەیەکگرتووەکان لە ساڵی ٢٠٠٠دا، واتە چەند ساڵێکی کەم پاش شەپۆلی سێیەم، گەیشتە ١٨٩ دەوڵەت. لە سەرەتای سەدەی بیست و یەکیشدا، هەریەکە لە تەیموری ڕۆژهەڵات و مۆنتینیگرۆ و باشووری سودان سەربەخۆییان بەدەستهێنا. لەساڵی ٢٠٠٨یش کۆسۆڤۆ جاڕی سەربەخۆیدا، بەڵام تا ئێستا تەنها١٠٨ دەوڵەت دانیان پێداناوە. هەر لە ساڵی ٢٠٠٨دا باشووری ئۆسیتا و ئەبخازیا جاڕی سەربەخۆییاندا، بەڵام کەمتر لە ١٠ دەوڵەت دانیان پێداناوە.
چەند ساڵێکیشە باسوخواسی دەوڵەتی کوردی گەرمە، بەڵام  بەبێ زامنکردنی دانپێدانانی ناوخۆیی و هەرێمی و نێودەوڵەتی، ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی کاریگەرییەکی ئەوتۆی نیە و لە باشترین حاڵەتدا، کۆپیکردنی هەمان ئەزموونی باشووری ئۆسیتا و ئەبخازیا دەبێت، کە ئەزموونێکی ئەوەندە سەرکەوتوو نیە تا چاوی لێبکرێت.

هەرێمی کوردستان و ڕیفراندۆم
لە ٢ی شوباتی ٢٠١٦دا، مەسعود بارزانی پەیامێکی بڵاوکردەوە، تێیدا ئاماژەی بەوەکردبوو کە ' كاتی ئەوە هاتووە و دەرفەتەكان لەبارن بۆ ئەوەی گەلی كوردستان لەڕێگەی ڕیفراندۆمەوە بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات'.(٨) پێشتریش لە ٣٠ی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٤دا، پاش ئەوەی ڕێکخراوی داعش دەستی بەسەر موسڵ و بەشێكی زۆری خاکی عێراقدا گرت، بارزانی پرسی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی وروژاند. ئەوکات سەردانی پەرلەمانی کرد و داوای کرد کە  'پەلە بكرێت بۆ دانانی كۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردن بۆ هەرێمی كوردستان' و ' ئامادەسازی بكرێت بۆ دەستپێكردنی ریفڕاندۆم بۆ دیاریكردنی چارەنووس'.(٩)لە چاوپێکەوتنێکیشدا لەگەڵ کەناڵی بی بی سی (ئینگلیزی)، ئەوەی ڕاگەیاند کە دەیەوێت لەماوەی چەند مانگێکدا ڕیفراندۆم ئەنجامبدات بۆ سەربەخۆیی کوردستان.(١٠).
سەبارەت بە هەردوو پەیامەکەی بارزانی کە لە ٢٠١٤ و ٢٠١٦دا بڵاوی کردنەوە،دەکرێت ئاماژە بە چەند خاڵێکبکەین:
•    لەڕووی تەوقیتەوە، پەیامەکەی ساڵی ٢٠١٤ لەکاتێکی گونجاودابوو، چونکە ئەوکات بەهۆی سەرکەوتنی خێرا و کتوپڕی داعش بەسەر سوپای عێراق و کۆنترۆڵکردنی موسڵ و بەشێکی زۆری خاکی عێراق لەلایەن ئەو ڕێکخراوەوە، عێراق وەکو دەوڵەت لە لێواری لێکترازان و هەڵوەشاندنەوەدا بوو. بۆیە پەیامێکی لەو جۆرە چاوەڕوانکراو بوو. هەربۆیە هەم لە ناوخۆدا پێشوازییەکی گەرم لەو پەیامەکرا و هەم میدیاکانی دەرەوەش بایەخێکی زۆریان پێدا. بەڵام ئێستا دۆخەکە تەواو جیاوازە و خەمی گەورەی خەڵک نان و ڕیفۆرمە نەک ڕیفراندۆم. هەربۆیە ئەم پەیامە نوێیە، نە لە ئاستی ناوخۆدا دڵخۆشی و دەنگدانەوەیەکی گەورەی لێکەوتەوە و نەبووە جێگەی سەرنجی میدیاکانیش لە دەرەوە.
•    لەڕووی جدیەتەوە، پەیامەکەی ٢٠١٤ جدیتر بوو لە پەیامەکەی ٢٠١٦. وەکو لەسەرەوە ئاماژەمان پێدا، لە سەردانەکەی بارزانی بۆ پەرلەمان، داوای پێکهێنانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان و ئامادەسازیی کرد بۆ ڕیفراندۆم. کەچی، لەپەیامەکەی ٢٠١٦دا، بارزانی دەڵێت 'ڕیفڕاندۆم و زانینی ڕای گەلی كوردستان بۆ دیاریكردنی چارەنووس مافێكی ڕەهایە و پێویستی بە زەمینەسازی نییە'. ڕیفراندۆم لە هەرێمی کوردستاندا نەک هەر پێویستی بە زەمینە سازیی هەیە، بەڵکو بێ دیاریکردنی سنوری ئەو دەوڵەتە کوردییەی کە باسی لێوە دەکرێت، ڕیفراندۆم هیچ مانایەکی نابێت.

په‌یامه‌كه‌ی بارزانی له‌ ساڵی 2014  بۆ ریفراندۆم زۆر جدیتر بوو له‌په‌یامه‌كه‌ی ئه‌مدواییه‌ی
لە ڕووی شەرعیەتەوە، لەساڵی ٢٠١٤دا بارزانی سەرۆکی شەرعی هەرێمی کوردستان بوو، پەرلەمانیش لەوپەڕی گڕوتینی خۆیدا بوو. بەڵام ئێستا بارزانی وەکو سەرۆک ماوەکەی بەسەرچووە و شەرعیەتی یاسایی نییە و پەرلەمانیش پەکخراوە. ئەگەر لە بوونی شەرعیەتدا،ڕیفراندۆم ئەنجامنەدرابێت، ئایا لە غیابی شەرعیەتدا چۆن کارێکی وا ئەنجام دەدرێت؟!
•    لە ئاستی ناوخۆدا، لە ساڵی ٢٠١٤دا هەموو حیزبەکان یەکهەڵوێست بوون، بەڵام ئێستا حیزبەکان لەوپەڕی پەرشوبڵاویدان. ئەوکات هێشتا حکومەتە بنکەفراوانەکە و پەرلەمان کارابوون، بەڵام ئێستا هەردووکیان پەکخراون. لەڕووی ئابوریشەوە، کوردستان دووچاری قەیرانێکی ئابووری سەخت بووە. کەواتە به‌ر له‌ ئه‌نجامدانی هه‌ر ڕیفراندۆمێک، دەبێت ناوماڵی كورد ڕێكبخرێته‌وه‌ و قه‌یرانی سیاسی و ئابووری چاره‌سه‌ر بكرێت. پاش ئەوە، ئینجا دەبێت زەمینەسازی بکرێت بۆ ڕیفراندۆم. لە ئێستادا تەنها 'پارتی' باوەڕی وایە کە ڕیفراندۆم پێویستی بە زەمینەسازی نیە. وادیارە 'یەکێتی'ش بە مەرج لەگەڵ ڕیفراندۆمدایە و لە نوێترین هەڵوێستیدا دەڵێت 'جەختدەكەینەوە، كە لەهەلومەرجی رەخساودا، لەكوردستاندا ریفراندۆم بەمافی دیموكراسی و یاسایی گەلەكەمان دەزانین'.(١١) دیارە مەبەست لە 'هەلومەرجی ڕەخساو' بریتی یە لە ئامادەکاریی و زەمینەسازیی.
•    لە ئاستی دەرەکیدا، لەساڵی ٢٠١٤دا پەیامەکەی بارزانی دەنگدانەوەی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا و ئەگەرچی ئەوکاتیش هێزە کاریگەرەکان هەڵوێستێکی ئیجابی ئەوتۆیان نەبوو، بەڵام ئەمجارە نەک هەر هەڵوێستی ئیجابیان نیە، بەڵکو هەندێکیان ئەوە ناشارنەوە کە ئەوان لەگەڵ ڕیفراندۆمدا نین. هەڵویستەکەی ئەمدوایەی یەکێتی ئەوروپا و ڕاوێژکاری ئەڵمانیا نموونەیەکی زیندوون لەمڕووەوە. (١٢)
•    هەرچەندە جاری پێشووش، بەروارێکی دیاریکراو دانەنرابوو بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، بەڵام وەکو لەسەرەوە ئاماژەمان پێکرد، لانی کەم لە چاوپێکەوتنەکەی 'بی بی سی'دا بارزانی ئاماژەی بەوەدا کە لە ماوەی چەند مانگێکدا ئەو ڕیفراندۆمە ئەنجامدەدرێت. بەڵام ئەمجارە خراپتر لەجاری پێشوو، بارزانی نەک هەر کات و بەرواری دیارینەکردووە، بەڵکو دەڵێت 'ئەو ڕیفراندۆمە بە مانای دەستبەجێ ڕاگەیاندنی دەوڵەت نییە بەڵكو بۆ ئەوەیە كە ئیرادە و ڕای گەلی كوردستان لەبارەی چارەنووسی خۆی بزاندرێت'. جا ئەگەر ڕیفراندۆم تەنها بۆ زانینی ڕای گەلی کوردستان بێت، ئەوا گەل پێش ١١ ساڵ قسەی خۆی کرد. خەڵکی کوردستان لەساڵی ٢٠٠٥دا لە ڕێگەی ڕیفراندۆمێکی ناڕەسمیەوە بە ڕێژەی زیاتر لە (98%)، دەنگی بۆ سەربەخۆیی کوردستان دا. خۆ ئەگەر پاساوەکە ئەوەیە کە دەبێت ڕیفراندۆمی ئەمجارە بەشێوەیەکی ڕەسمی بێت، ئەوا دۆخی نالەبار و شڵەژاوی سیاسی و ئابووری بە ڕوونی پێمان دەڵێت کە لەم کاتەدا هەرگیز لە سەدا ٩٨ی دەنگدەران، دەنگ بە سەربەخۆیی نادەن.ئەمەش پاشەکشەیەکی گەورەیە. جگە لەوەش، مەسەلەی ڕیفراندۆم تەنها پرسێکی ناوخۆیی نیە کە هەرکاتێک بمانەوێت، ئەنجامی بدەین. ئەگەر ڕیفراندۆمێک دانپێدانانی نێودەوڵەتی بەدوادا نەیەت، ئەوا نەکردنی باشترە لەم قۆناغەدا. خۆ ئەگەر هەر سووربین لەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی تاکلایەنە، ئەوا لانی کەم دەبێت پەرلەمان کارا بێت!
ئێستا کە دۆخەکە بەهیچ جۆرێک سازوئامادە نییە بۆ ڕیفراندۆم، ئەی وروژداندنی ئەم پرسە لەم کاتەدا بۆ؟بارزانی لە پەیامەکەیدا ئاماژە بە  سكۆتلەندا و كاتالۆنیا و كیوبێك دەکات. توێژەرێکی زانکۆی کالیفۆرنیا کە خۆی هەم سەردانی کوردستان و هەم سەردانی  کاتالۆنیاشی کردووە، پێی وایە لێکچوونێکی زۆرهەیە لەنێوان سەرکردەکانی هەردوولا، چونکە سەرکردەکانی هەردوولا  ختوکەی سۆزی نەتەوەیی خەڵکەکەیان دەدەن و حەماسەتی نەتەوەیی خەڵک دەقۆزنەوە بۆ بەهێزکردنی دەسەڵاتی خۆیان. (١٣)لە بواری ململانێی ڕەگەزیدا، دەیان توێژینەوە هەن کە باس لەموزایەدەی سیاسی دەکەن و ئەوە دەخەنەڕوو کە چۆن سەرکردە سیاسییەکانی نەتەوەیەک یاری بە کارتی نەتەوەیی دەکەن بۆ بەهێزکردنی پێگەی خۆیان لەناو نەتەوەکەیاندا. بەدڵنیاییەوە ئەم جوڵە کتوپرەی بارزانی لەم کاتەدا، بەدەرنیە لەو دیاردەیە. سەرەڕای ئەوەش، دەکرێت ئەمە هەوڵێک بێت بۆ پەردەپۆشکردنی قەیرانە سیاسی و ئابوورییەکان لە هەرێمی کوردستاندا. لە ئاستی عێراقیشدا، دەکرێت ئەمە فشارێک بێت لەسەر بەغداده هە تا دان بەو واقیعە نوێیەدا بنێت کە لە پاش ٢٠١٤ەوە دروستبووە، وەکو کۆنترۆڵکردنی کەرکوک لەلایەن پێشمەرگەوە و دەسەڵاتی زیاتری کورد بەسەر سەرچاوەکانی نەوتدا. (14).

ئەنجام
ڕیفراندۆم و مافی چارەی خۆنووسین نەک هەر مافێکی ڕەوای گەلی کوردە، بەڵکو دەبوایە تا ئێستا دوانەکەوتایە و هەر لە شەپۆلی یەکەمی دروستکردنی دەوڵەتدا، دەوڵەتی کوردی دروستبوایە. بەڵام بەهۆی چەندین هۆکاریی ناوخۆیی و دەرەکیەوە، تا ئێستا ئەو مافە بەدینەهێنراوە. ئەم مەسەلەیە پرسێکی نەتەوەییە و خەونی هەموو تاکێکی کوردە. بۆیە نابێت ئەم پرسە بە سیاسی بکرێت و تەنها کەسێک و حیزبێک خۆیان بکەنە خاوەنی ئەو پرسە و هەرکەسێک پێی وابێت کە ئێستا کاتێکی لەبار و گونجاو نییە بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، یەکسەر مۆری خیانەت لەنێوچاوی بدرێت.  وەکو لەسەرەوە ڕوونمانکردەوە، لە ئێستادا زەمینە ساز نییە بۆ ڕیفراندۆم. پێش ئەنجامدانی هەر ڕیفراندۆمێک، دەبێت لایەنە سیاسییەکانی کوردستان یەکدەنگ بن و خەمی یەکەمی خەڵک خەمی سەربەخۆیی بێت، نەک وەکو ئێستا کە خەمی یەکەم خەمی نان و ڕیفۆرمە لە سسیسەمی حکومڕانی لە هەرێمی کوردستاندا. جگە لەوەش، دەبێت پێش هەر ڕیفراندۆمێک بە جدی هەوڵی ڕێکەوتن لەگەڵ بەغداد بدرێت و ڕەزامەندی ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپی وەربگیررێت. ئەگەر ئەم هەنگاوانە نەنرێت، ئەوا هەمان ئەزموونی باشووری ئۆسیتا و ئەبخازیا دووبارەدەکەینەوە. لەوەها حاڵێکدا، زیانەکانیئەنجامدانی ڕیفراندۆم و جاڕدانی سەربەخۆیی، زۆر زیاترە لە قازانجەکانی.

سەرچاوەکان:
Qvortrup, M. (2015). A Brief History of Self-determination Referendums Before (١)   1920. Ethnopolitics, 14(5), 547-554
(٢)  Dobelle, J.F. (1996) Référendum et Droit à l‌autodétermination, Pouvoirs, revue française d‌études constitutionnelles et politiques, (77),p p.42-61. http://www.revue-pouvoirs.fr/Referendum-et-droit-a-l.html
(٣) Introduction to a Referendum. Available at: http://www.electoralcommission.org.uk/__data/assets/pdf_file/0004/164389/intro-ris-referendum.pdf
(٤)UN Resolution 1514 (XV). (1960, December 14). Declaration on the Granting of Independence to Colonial Countries and Peoples. Available at: http://www.un.org/en/decolonization/declaration.shtml
(٥)Haklai, O., 2015. From Independent Statehood to Minority Rights: The Evolution of National Self-determination as an International Order Principle in the Post-State Formation Era. Ethnopolitics, 14(5), pp.461-469.
(٦) هەمان سەرچاوەی پێشوو، لاپەڕە: ٤٦٢.
(٧) Carter, D. B., & Goemans, H. E. (2011). The Making of the Territorial Order: New Borders and the Emergence of Interstate Conflict. International Organization, 65(2), pp. 275–309
(٨) پەیامێك لە سەرۆكی هەرێمی كوردستان:
http://www.presidency.krd/kurdish/articledisplay.aspx?id=1eOGMdzlR3E=
(9) سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەرلەمان:
http://www.presidency.krd/kurdish/articledisplay.aspx?id=p0p22xSRvms=
(١٠) Iraq Kurdistan independence referendum planned:http://www.bbc.co.uk/news/world-middle-east-28103124
(١١) مەكتەبی سیاسی یەكێتی چوار بڕیاری دەركرد:
http://www.milletpress.com/Detail.aspx?Jiamre=
(١٢) بۆ زانینی هەڵوێستی یەکێتی ئەوروپا، بڕوانە:
http://www.shrova.org/Detail.aspx?id=17411&LinkID=1
 بۆ زانینی هەڵوێستی ڕاوێژکاری ئەڵمانیاش، بڕوانە: http://www.xendan.org/dreja.aspx?=hawal&jmara=59546&Jor=1
Al-Marashi, I. (2016) The Kurdish Referendum and Barzani's Political Survival. Available at: (١٣)
http://www.aljazeera.com/indepth/opinion/2016/02/kurdish-referendum-barzani-political-survival-iraq-160204111835869.html
(١٤) هەمان سەرچاوەی پێشوو.

زۆرترین خوێندراوە


political studies copyright 2017 © . All right reserved Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure