پرەنسیپی ترەمپ...."بەڕێوەبردنی کارەکان"ی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە قۆناغی ٢٠١٧ – ٢٠٢١دا

10/05/2017

:: بێ نوسەر د. محەمەد عەبدول سەلام
سه‌رچاوه‌: futureuae
وەرگێڕانی: بەختیار ئەحمەد

کەرتێکی گەورە لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان ڕووەو ئەوە دەچێت کە شێوەی "پەیوەندیی کار" لە خۆ بگرێت. ئەوە بۆ چەند دەیەیەکە چەمکگەلێکی زۆر ھەبوون کە بەکار دەھێنران بۆ باسکردن لە ڕەھەندە جیاوازەکان، ئەو ڕەھەندانەی کە پەیوەندییان ھەبوو بە بەڕێوەبردنی کارلێکە سنووربڕەکان لە نێوان کارەکتەرە نێودەوڵەتییەکاندا. کۆن لە سەردەمی ڕەشوسپیدا، چەمکەکانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان زرنگانەوەیەکی تایبەتی ھەبوو، وەک شەڕ و ئاشتی، ستراتیجی دیپلۆماسی، ململانێ جیاوازەکان یاخود– چەمکێک کە ڕەنگە ببێتە ھۆی پێکەنین– دۆست و دوژمنەکان.
کاتێک کە کارەکان کەمێک ئاڵۆزتر بوون و بیری ڕیالیزم باڵی کێشا، دەست کرا بە وتنی ئەوەی کە ئەوە پشت بە بەرژەوەندیی نیشتیمانیی ھەر دەوڵەتێک دەبەستێت، یاخود لە دەوری خاوەندارێتی و بەکارھێنانی ھێزدا دەسووڕێتەوە یا ھەمیشە درێژکراوەی سیاسەتی ناوخۆیە، لە ئاییندەیەکی نزیکیشدا ڕەنگە پێناسەیەکی نوێ بۆ پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان بێتە ئاراوە، بەو پێیەی کە "زنجیرەیەک گرێبەستی یەک لە دوای یەکە" لە لایەن چەند لایەنێک لە جیهاندا.
بێگومان، بیرۆکەی "گرێبەست" پەیوەندیی نییە بە ھاتنی ترەمپ بۆ ناو کۆشکی سپی، لەبەر ئەوەی زۆر لە مێژە کە بازرگانی پرسی یەکەم بووە لە جیهاندا، ھەروەھا بیرۆکەگەلێکی تەواوکەریش بووە کە ھەوڵی داوە سیاسەت بە لۆژیکی "بیزنس" لێک بداتەوە (Politics as Business)، ماوەیەکیش بوارێک سەری ھەڵدا بە ناوی "بەتایبەتیکردنی کەرتی سیاسەتی دەرەوە" کە زۆر بایەخی پێ نەدرا. ھەروەھا پرسگەلێکی دیکەش خرایە ڕوو وەک پەیوەندیی بیزنس بە سیاسەتەوە لە خۆرھەڵاتی ناوەڕاست، لەوەش گرنگتر چەند ڕەھەندێکی دیکە ئەم دیاردەیەش– ڕەنگە مەترسیداریش– لە ماوەی کورتی ڕابردوودا ورووژێنراوە.
سەرباری ئەوە، ڕەنگە پرسی گرێبەستەکان ببێت بە بنەمایەک، پشتئەستوور بە تیۆری و پراکتیک و پەیوەست بن بە سیمایەکی دیارەوە لەبەر دوو ھۆکار:
یەکەم: ترەمپ سەرۆککۆماری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکایە، کە دەوڵەتێکی بەھێزی پڕبایەخە، سەرباری ئەوەی ئەوترێت لەمەڕ ھەرەسهێنان و پاشەکشێی ئەمەریکا بە پێی چەند دەستەواژەگەلێکی کە باوە لە ناوچەکەدا، ئەمەریکا ئەو دەوڵەتەیە کە "دەتوانێت زۆرترین پشتیوانیت بکات، لە ھەمان کاتدا زیاترین مەترسیشت لەسەر درووست ئەکات" لە کاتی گۆڕینی ئیدارەکاندا، ھەروەھا "ئەو دەوڵەتەیە کە ئەگەر ھەڵەیەک بکەیت، دەبێتە گرفتێکی ستراتیجی، کە دواتر ئەستەم ئەبێت لێکەوتەکانی جڵەو بکرێت"، ھەروەک چۆن ئەو کاتەی کە پارێزگارە نوێکان بڕیاریان دا عێراق داگیر بکەن لە ساڵی ٢٠٠٣دا، نەک لە بەر ھۆکارێکی دیاریکراو، تەنها لەبەر ئەوەی "ئەو ئەتوانێت ئەو کارە بکات"، لە ئێستاشدا ئێمە بیزنسمانێکمان ھەیە کە خاوەن مووشەکی قورسی دوورمەودایە.
دووەم: ئەگەر ئێمە وانەیەک فێر بووبێتین، ئەوا ئەو وانەیە ئەوەیە کە ناکرێت متمانە بکرێت بە ھەر گریمانەیەک کە لەمەڕ سەرۆک ترەمپەوە ئەوترێت، ھەروەک چۆن نەکرا لەمەڕ دەرەنجامی ھەڵبژاردنەکانیش ئەو کارە بکرێت، لە ئێستاشدا ھیچ گرەنتییەک نییە کە ترەمپ لە بیزنسمانێک کە کۆمپانیایەک بەڕێوە ئەبات بتوانێت بگۆڕێت بۆ پیاوێکی سیاسی کە وڵاتێک بەڕێوە بەرێت، یاخود چی ڕوو ئەدات کاتێک کە ئەیەوێت مامەڵە بکات لەگەڵ "دەوڵەتی قووڵ"دا لە واشنتۆن، یاخود چۆن پەیوەندییە دەرەکییەکانی ئەمەریکا بەڕێوە ئەبات، یاخود ئەو پێشبینییەی کە دەڵێت "ناتوانێت ماوەی سەرۆکایەتی تەواو بکات"، باشتر وایە کە لەگەڵ تەواوی سیناریۆکان مامەڵە بکرێت تا دەگەینە ٢٠٢١ تا کەس تووشی سەرسووڕمان نەبێت.

مێشکێکی تەنیا
لە زانستی سیاسیدا میتۆدێکی تەواو ھەیە کە جەخت لەسەر "چوارچێوەی ڕوانین"ی سەرۆکی دەوڵەت ئەکاتەوە، بۆ نموونە لەسەر چۆنیەتیی بەڕێوەبردنی پەیوەندییە دەرەکییەکانی وڵاتەکەی، ئەو بیرۆکە و بەھاگەلانەی بیروباوەڕی دائەڕێژێت، بێگومان کاریگەری درووست ئەکات لەسەر بیرکردنەوە و بڕیارەکانی، گەورەترین ڕەخنەیەکیش کە لە میتۆدەکەی بگیرێت ئەوەیە کە ئەم میتۆدە لە ڕابردوودا ڕاست بووە، ئەو کاتەی کە سەرکردەکان بە لۆژیکی "من دەوڵەتم" و "ڕەوایەتیی ئایینی"یەوە فەرمانڕەوایەتییان ئەکرد، یاخود ئەو ماوەیەی کە دامەزرێنەرە گەورەکان دەوڵەتیان درووست ئەکرد وەک دەوڵەتی فاشیی کە تەنیا لە لایەن ڕابەڕێکەوە بەڕێوە ئەبرا، بەڵام ئێستا دۆخەکە جیاوازە:
•سیستمی سیاسی ئیدی وەک جاران سادە نییە، لە ئێستادا سیستمگەلێکی ھەمەچەشن ھەیە، وەک ئاسایش و بەرگری و ڕاگەیاندن کە پێویستە کارلێکت ھەبێت لەگەڵیان، یاخود فراکسیۆنی ئابووریی خاوەن بەرژەوەندی، یا ھێزی کۆمەڵایەتی کاریگەریی خاوەن دیدی تایبەت بە شێوەیەک کە ئیدی ئەستەم ئەبێت کەسێک ھەڵسوکەوت بکات وەک تەنیا بیرێک (Single Mind) بەبێ ئەوەی ڕەچاوی دەرەنجامەکان بکات.
•ئەستەمە سەرۆکی نوێ بتوانێت ئاڕاستەی بیرۆکراتییەتێکی مەزن بگۆڕێت، بۆ نموونە لە واشنتۆن ھەر ئەوەندەی کە بەڕێوەبەری نوێی بۆ دیاری کرا، یاخود بڕیارگەلێک دەرکرا لەسەر ئەوەی کە دەوڵەتێک پێویستە لە دوژمنەوە ببێت بە دۆست یاخود پێچەوانەکەی، گۆڕانکارییە ستراتیجییەکان کاتیان زۆر ئەوێت تا ڕوو بدەن لەبەر ئەوەی زۆر لەو ناکۆکییانە گەورەترن کە لە نێوان کۆماری و دیموکراتەکاندا بوونی ھەیە.
ئەمە یەکەمین پرس بوو کە ئۆباما ویستی سەرنجی ترەمپی بۆ ڕابکێشێت لە یەکەمین دیداریان لە ٨ی کانوونی دووەمی ٢٠١٧، لەو دیدارەدا ئۆباما پێی وتبوو کە پێویستە خۆی بە دوور بگرێت لە بەڕێوەبردنی کۆشکی سپی وەک "مامەڵەکردنی لەگەڵ بەرژەوەندییەکی بازرگانی یان خێزانی، ھەروەھا پێویستە ڕێز لە دامەزراوە سیاسییەکانی ئەمەریکا بگرێت".
ھەروەھا ئۆباما سەرنجی ترەمپی بۆ ئەوە ڕاکێشابوو کە "ھەڵمەتەکانی ھەڵبژاردن شتێکە و فەرمان ڕەوایەتیکردن شتێکی دیکە، ھەر ئەوەندەش سوێندی یاسایی خوارد، خۆی بەرپرس ئەبینێتەوە لە بەرامبەر گەورەترین دامەزراوە لە جیهاندا". ئەوەشی پێ وتبوو کە دەبێت متمانەی ھەبێت بەوەی کە دەزگا ھەواڵگرییەکان پێی دەڵێن لەبەر ئەوەی "گەر متمانەت بەوە نەبێت کە پڕۆسەکە بە درووستی بەڕێوە ئەچێت، کاتگەلێکی وەھا دێتە پێش کە ناتوانیت بڕیاری درووست بدەیت"، بەڵام ھەروەک دواتر دەرکەوت، ئەبێت ترەمپ لە کاتی گوێگرتن لەم ڕێنماییانە ئەمەی بە خۆی وتبێت: "ئەمە درووست ئەو شتەیە کە ھەوڵ ئەدەم جێبەجێی نەکەم".
بەرکەوتن لەگەڵ دامەزراوە جێگیرەکانی دەسەڵات و سەپاندنی سیاسەتێکی دیاریکراو بەسەریدا، یاخود پشتگوێخستنی و پەیڕەوکردنی سیاسەتێکی چەواشەکارییانە و درووستکردنی دامەزراوەی ھاوشان لە درەوەی ستراکچەری باوی دەوڵەت، پرسێکی ئاڵۆزە و لە بارەیەوە ئەزموونی جۆراوجۆر ھەیە. ھەندێک وڵات لە خۆرھەڵاتی ناوەڕاست توانیویانە ئەو کارە بکەن وەک ئەردۆگان لە ئەنقەرە، بەڵام مورسی لە قاھیرە نەیتوانی ئەو کارە بکات. لە واشنتۆن کارەکە تەواو جیاوازە، مشتومڕەکان ھێشتا بەردەوامن، نێوەندەکانی ھێزیش بە وردی چاودێریی دۆخەکە ئەکەن تا بزانن چ شتێک ھێڵە سوورەکان ئەبەزێنێت.
لە دانیشتێکدا کە لە شووباتی ٢٠١٧ ساز درا لەمەڕ درووستکردنی بڕیاری سیاسیی دەرەکیی ئەمەریکی لە سەردەمی ترەمپدا، ھەڵسەنگاندێک کرا بۆ ئەو کەسانەی کە لەگەڵ ترەمپدا کار ئەکەن، وا باس کرا کە ئەو کەسانە توندڕەو و دەمارگیرن، ھەندێکیشیان وەک نیمچەشێت ئەژمار کران، بەڵام ژمارەیەکی کەم لە ئەمەریکییەکان پشتیوانییان لێ کردن بەو ناوەڕۆکەی کە بەو شێوەیە نین بگرە کەسانی ھاوسەنگ و ڕیالیستین و وەک کەسەکانی ئۆباما لیبراڵ و ئایدیالیست نین. دەرەنجامی ئەو مشتومڕە ئەوە بوو کە سەرۆک و پیاوەکانی پرسێکی گرنگن سەرباری ئەوەی کە دەبێت دان بەوەشدا بنێین کە دووچاری گرفت ئەبنەوە لەوەدا کە بیانەوێت ئاڕاستەی دامەزراوە ئەمەریکییەکان بگۆڕن تا بە شێوەیەکی جیاواز لەگەڵ ڕوسیا و ئێران مامەڵە بکەن، تا ئەو ئاستەی کە یەکێک لە ئامادەبووان پرسیبووی کە چی بکەین لەگەڵ وەزارەتەکانی دەرەوە و بەرگری و ھەواڵگری و کۆنگرێس، ئایا ئێمە زیاتر فۆکس بخەینە سەر کۆشکی سپی یاخود؟ بەڵام بەھەرحاڵ پێویستە لێکۆڵینەوە بکەین لەسەر دەسەڵاتەکانی سەرۆک و ھەندێک لەو شتانەی کە لە مێژووی ئەمەریکادا ڕوویان داوە.

بیزنسمان
شیکارێکی سادە بۆ کەسایەتیی ترەمپ پێمان دەڵێت کە ئەو "بیزنسمان"ە کە لە ژیانیدا جگە لە بەڕێوەبردنی کۆمپانیاکانی، کارێکی دیکەی نەکردووە، بە کورتییەکەی ئەو سیاسی نییە و زۆریش بەراورد ئەکرێت لەگەڵ ڕۆناڵد ڕیگان و جۆرج بووشی کوڕ. ھەر کامێک لەوان ئەزموونی سیاسییان ھەبوو چ لە چوارچێوەی ویلایەتێک یاخود لە چوارچێوەی خێزاندا، یەکەمینیان خاوەن بنەمایەکی گشتی بوو کە تیایدا گرنگیی بە وردەکارییەکان نەدەدا تەنیا ئەوە نەبوایە کە پرسیاری لە بارەوە ئەکرد، بەڵام دووەمینیان– بە پێی ھەڵسەنگاندنی ئەوانەی کە کاریان لەگەڵدا کردووە– ئەیتوانی لە کاتی گوێگرتن لە وردەکارییەکان، جیاکاری بکات لە نێوان گرنگ و کەمبایەخدا، ھەردووکیشیان توانییان تیمێکی چالاک درووست بکەن. لێرەدا گرفتێک دێتە پێش، کەواتە جیاوازی چییە لە نێوان کۆمپانیا و دەوڵەتدا؟
بیری باو لەمەڕ سەرۆکی نوێ ئەوەیە کە ئەو پیاوی پڕۆژەکانە (Project Man) خاوەن دیدێکی گشتی نییە و زانیارییەکان پشتگوێ ئەخات و گرفتەکەشی لە تیمەکەیدا کۆ دەبێتەوە کە ھەندێک لە دامەزراوە ئەمەریکییەکان ھەوڵ ئەدەن بە شێوەی جیاجیا چاکی بکەنەوە، بەم شێوەیە گرفتی سەرۆکی ئەمەریکی لەوەدا کۆ دەبێتەوە کە ئەو وەک "بیزنسمان"ێک مامەڵە لەگەڵ سیاسەتدا دەکات. ئیدی شتێک نامێنێت بە ناوی پەیوەندیی تایبەت یاخود ھاوبەشی ستراتیجی، بەڵکو تەنیا کۆمەڵێک گرێبەستی کورتمەودای ھەمەچەشن دێتە ئاراوە کە پەیڕەو لە لۆژیکی سوود و زیان ئەکەن، پەیوەندییەکان بە پێی ھەڵسەنگاندنی ترەمپ، جێگیر یاخود ھەڵدەوەشێنەوە، بەم پێیە پەیوەندییەکان ڕەنگە ئەمڕۆ باش بن و سبەینێ خراپ.
لەم چوارچێوەیەدا ئەکرێت دوو خاڵ باس لێوە بکەین کە پەیوەندییان ھەیە بە بەڕێوەبردنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان کە بریتین لە:
١.ئیدارەکەی ترەمپ ھەر ماوەیەک ئەبێتە خاوەنی کۆمەڵێک پڕۆژە، شێوەی پەیوەندییەکانیش لەو ماوەیەدا بە پێی بڕی بەشداریی لایەنە دیاریکراوەکان دیاری ئەبێت لە ھەر پڕۆژەیەکدا، بۆ نموونە لەم قۆناغە ڕاگوزەری ئێستادا، کاری لەپێشترین بریتییە لە پاراستنی ئەمەریکا لە بەرامبەر ھێرشەکانی داعش، چاککردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل، دووبارە ھەڵسەنگاندنەوەی سیاسەتەکانی ئۆباما بەرامبەر بە ئێران، بەدەستھێنانی ڕێژەی گەشەی ٤% لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و ڕێکخستنەوەی پەیوەندییەکانی ئەمەریکا لەگەڵ وڵاتانی کەنداو. ھەروڵاتێکیش بتوانێت بەشدار بێت لەو پڕۆژانەدا، پەیوەندییەکانی لەگەڵ ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا جێگیر دەبێت تا تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠١٧.
٢.پەیوەندیی درێژخایەنی دوورمەودا بوونی نامێنێت، بەڵکو لە بەرامبەردا پەیوەندیی جێگیری کورتمەودا بوونی دەبێت کە بە پێی ھەر پڕۆژە و گرێبەستێک یان دۆخێکی ھاوشێوە دووبارە ئەبێتەوە یاخود نابێتەوە. بۆ نموونە پەیوندیی ترەمپ لەگەڵ سەرۆکێکی ھاوتای، باش ئەبێت تا ئەو کاتەی یەکەمین داواکاریی لێ ئەکرێت، یاخود تا ئەو کاتەی کە پەیوەندیی لەگەڵ وڵاتێکی دیاریکراودا بێلایەن ئەکات، تا کاتی تەواوی بوونی پڕۆژە ھاوبەشەکە. بەڵام پەیوەندیی ناجێگیری درێژخایەن لە چەند حاڵەتێکدا بوونی ئەبێت، بۆ نموونە ھەمیشە پیاچوونەوە ئەنجام ئەدرێت بە سیاسەتەکانی ئێستا و ئاستی ھاوکارییەکان، لەئەستۆگرتنی ئەم گۆڕانکارییانەش کاری وەزارەتی بەرگری و دامەزراوەکانی ئاسایشە لە ئەمەریکا.
لە کۆتاییدا ئەکرێت خاڵی زیاتر بخرێتە ڕوو بەڵام ئامانج ئەوە نییە کە فۆکس بخرێتە سەر دیدی ترەمپ، لەبەر ئەوەی ھەندێک جار خودی خۆی ڕەنگە ھەموان سەرسام بکات بە گۆڕینی دیدی خۆی لە ھەندێک حاڵەتدا، بەڵکو ئامانج ئەوەیە کە نموونەیەک لە بەڕێوەبردنی کارە نێودەوڵەتییەکان بخرێتە ڕوو کە ڕەنگە بۆ ماوەیەک باڵادەست بێت کە بریتییە لە بەرێوەبردنی کارەکان لەسەر بنەمای بەرژەوەندییە ھاوبەشە کورتمەوداکان. بێگومان ئەم جۆرە ڕوانینە لێکەوتەی نەخوازراوی ئەبێت و ڕەنگە بەر بەربەست بکەوێت بەو پێیەی کە دۆخی ئێستا گەمەی ستراتیجیی ترسناک بە خۆوە ئەبینێت و ھەر لایەنێک خوازیاری ئەوەیە کە لایەنی بەرامبەر لەوە بگات بۆچی ئەم کارێکی دیاریکراو ئەکات. ئەمە دۆخێکی ئەزموونگەراییە لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا.

زۆرترین خوێندراوە


political studies copyright 2017 © . All right reserved Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure