::
بێ نوسەر
نوسینی: ستافی ناوه‌ند
ناوه‌ندی كوردستان بۆ توێژینه‌وه‌له ململانێ و قه‌یرانه‌كان
پێشه‌كى
سه‌ربارى قه‌یرانى سیاسى و ئابوورى و درایی كه ماوه‌ى زیاتر له دووساڵه به‌رۆكى هه‌رێمى كوردستانى گرتۆته‌وه ، ڕۆژى چوارشه‌ممه 7ى 6ى 2017 پانزه لایه‌نى سیاسیى جگه له بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان و كۆمه‌ڵى ئیسلامی به ئاماده‌بوونى مه‌سعود بارزانى له سه‌ڵاحه‌دین كۆبوونه‌وه‌و بڕیاریاندا له ڕۆژى 25ى ئه‌یولدا ڕاپرسى بۆ سه‌ربه‌خۆیی ئه‌نجامبده‌ن. توێژه‌ران و چاودێرانى سیاسى گومانیان هه‌یه له‌وه‌ى كه سه‌ركردایه‌تى سیاسى هه‌رێمى كوردستان كار به ده‌رئه‌نجامى هه‌ڵبژاردن بكات، ئه‌مه‌ش له‌به‌رئه‌وه‌ى له‌لایه‌ك به‌رپرسانى باڵاى هه‌رێمى كوردستان ده‌ڵێن " مه‌رج نیه كه دواى ڕیفراندۆمه‌كه سه‌ربه‌خۆیی ڕابگه‌یه‌نین"، له‌لایه‌كیش ده‌ڵێن كه ڕیفراندۆم بۆ زانینى ڕاى خه‌ڵكه، خه‌ڵكى كوردستان دوو جار ڕاى خۆى له‌سه‌ر ئه‌و پرسه ده‌ربڕى جارێك له ساڵى 1992 و جارێكیش له‌ساڵى 2005، زۆرینه‌ى هه‌ره‌زۆرى خه‌ڵكى به به‌ڵى ده‌نگیان بۆ سه‌ربه‌خۆییدا، به‌ڵام كار به ئه‌نجامه‌كه‌ى نه‌كرا، له‌م چوارچیوه‌یه‌دا ده‌پرسین، ئایا پاڵنه‌ره‌كانى پشت بڕیارى ئه‌نجامدانى ڕیفراندۆم له‌م هه‌لومه‌رجه دژواره‌ى كه كوردستانى پێدا تێپه‌ڕده‌بێت چین؟ گرفت و ئیشكالیه‌تى بڕیاره‌كه چیه؟ هه‌ڵوێستى وڵاتانى هه‌رێمى نێوده‌وڵه‌تی چیه له‌سه‌ر ڕیفراندۆمه‌كه‌ى 25 ئه‌یلول؟ لێكه‌وته‌كانى ئه‌نجامدانى ڕیفراندۆم له‌هه‌رێمى كوردستاندا چین؟
پاڵنه‌ره‌كانی پشت ڕیفراندۆم
ئه‌نجامدانی ڕیفراندۆم له 25ی ئه‌یلولی 2017، له‌سه‌ر پرسیاری ئایا "سه‌ربه‌خۆبوونی هه‌رێمی كوردستان یان مانه‌وه‌ی له چوارچێوه‌ی عێراقی فیدراڵ‌دا" ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ چه‌ندین پاڵنه‌ری جۆراوجۆر له‌وانه‌ش:
لابردنی فۆكه‌س له‌سه‌ر كێشه ناوخۆییه‌كانی هه‌رێم
هه‌رێمی كوردستان بۆماوه‌ی دووساڵ ده‌چێت به‌ده‌ست كۆمه‌ڵێك قه‌یرانی سیاسی و ئابووری و یاساییه‌وه ده‌ناڵێنێت، له دیارترینیان قه‌یرانی دارایی و برسیكردنی خه‌ڵك و قه‌یرانی شرعییه‌تی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان و په‌كخستنی دامه‌زراوه‌ی یاسادانان و ئیفلیجكردنی حكومه‌تی هه‌رێم و دۆڕاندنی چه‌ند كه‌یسێك له باره‌ی نه‌وت و گازی هه‌رێمی كوردستان له‌دادگا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، هه‌موو ئه‌مانه به‌شێكن له خه‌روارێكی گه‌وره‌ی گرفتی ئیداری و حوكمڕانی هه‌رێمی كوردستان. مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان (سه‌رۆكی دیفاكتۆی هه‌رێم) بڕیاریدابوو له ساڵی 2016ه – ئه‌و پرسه به مه‌نزڵ بگه‌یه‌نێت، دوای چه‌ندین به‌یاننامه و بانگكردنی لایه‌نه سیاسییه‌كانی هه‌رێم، به‌ده‌نگه‌وه‌چوونێكی ئه‌وتۆی نه‌بوو. دواجار دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی بارزانی له ده‌ره‌وه‌ی وڵات – له ڕۆژی 7ی حوزه‌یرانی 2017، توانی زۆربه‌ی لایه‌نه سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان جگه له بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و كۆمه‌ڵی ئیسلامی كۆبكاته‌وه و بگه‌نه بڕیاری دیاریكردنی كاتی ریفراندۆم له كۆتای مانگی ئه‌یلول. به‌دڵنییاوه ڕیفڕاندۆم و سه‌ربه‌خۆی خواستی هه‌موو كوردێكه، به‌ڵام له‌ئێستادا ئامانج له‌مه به پله‌ی یه‌كه‌م له‌بیربردنه‌وه‌ی كێشه ناوخۆییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانه، ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌م هه‌رێمه و به‌تایبه‌تی خوودی بارزانی له‌ژێر دروشمی ڕیفراندۆم و سه‌ربه‌خۆی ده‌یانه‌وێت په‌تی پشووی خه‌ڵك به‌رامبه‌ر به فه‌رمانڕه‌وای ئه‌وان زیاتر بێت.
سه‌رقاڵبوونی عێراق به كێشه‌ناوخۆییه‌كان
شه‌ڕی تیرۆر له‌دوای ڕووخانی ڕژێمی "صدام حسێن"ه‌وه له ئه‌ركی له‌پێشینه‌ی حكومه‌ته یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانی عێراق بووه. له ئێستادا، به‌غداد به‌هاوكاری كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی زیاتر له هه‌ركاتێكی تر به‌و جه‌نگه‌وه سه‌رقاڵه. به‌غداد سه‌ركه‌وتنی باشی به‌ده‌ست هێناوه له لاوازكردنی ڕێكخراوی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی، به‌ڵام هێشتا تیرۆر هه‌ڕه‌شه‌ی جدییه له‌سه‌ر عێراق. هه‌روه‌ها، حكومه‌تی عێراق له‌ژێر گوشاری لایه‌نه سیاسییه‌كان و جه‌ماوه‌ری عێراقییدایه بۆ ئه‌نجامدانی چاكسازی، هاوكات گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان و دووباره بنیادنانه‌وه‌ی ناوچه ئازادكراوه‌كان و پاراستنی ئه‌منیه‌تی ئه‌و ناوچانه له ئه‌وله‌ویه‌تی سه‌ره‌كی حكومه‌تی عێراقه. بۆیه هه‌رێمی كوردستان ئه‌م ڕه‌وشه‌ی قۆستۆته‌وه بۆ دیاریكردنی كاتی ڕیفراندۆم و دیاریكردنی داهاتووی چاره‌نووسی هه‌رێمی كوردستان. چونكه حكومه‌تی عێراق له ئێستادا ناتوانێت هیچ گرفتێكی جدی بۆ ئه‌و پرۆسه‌یه دروست بكات – جگه له ئیدانه‌كردن و ڕه‌تكردنه‌وه‌ی هه‌وڵێكی له‌وجۆره.
به‌كارهێنانی وه‌ك كارتی فشار له‌گه‌ڵ به‌غداد
ئاماژه‌مان به‌وه‌كرد كه ئه‌وله‌ویه‌تی به‌غداد كۆمه‌ڵێك مه‌سه‌له‌ی ئه‌منی و خه‌ده‌می هاوڵاتیانه. به‌ڵام، هه‌رێمی كوردستان ئه‌وله‌ویه‌تی خه‌ده‌می نییه له ئێستادا، بۆ ده‌یه‌وێت له‌ڕێگه‌ی ریفراندۆمه كه (به‌دڵنیاییه‌وه ده‌ره‌نجامه‌كه‌ی به‌ڵێ ده‌بێت) به‌شێوازێكی تر بچێته گفتوگۆكانه‌وه له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراق. ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت كه ئامانجی هه‌رێمی كوردستان له ڕاپرسی به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه له ماوه‌یه‌كی كورت مه‌ودادا سه‌ربه‌خۆی نییه، به‌ڵكو تاكتیكێكی سیاسییه و وه‌ك وه‌ره‌قه‌یه‌كی فشاره له گفتوگۆكانی تایبه‌ت به به‌شداری كورد له بڕیاری سیاسی و داهاتووی ناوچه جێ ناكۆكه‌كان و پرسه‌كانی وه‌ك پێشمه‌رگه و نه‌وت گاز و سنوور به‌كاری ده‌هێنێت، ئه‌شێت هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی پێ بكات كه ئه‌گه‌ر حكومه‌تی عێراق داواكارییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له به‌رچاو نه‌گرێت ئه‌وا سه‌ربه‌خۆی ڕاده‌گه‌یه‌نن.
وه‌ك ده‌ستكه‌وتێك بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كان
ئاشكرایه پارتی و بارزانی ده‌یانه‌وێت سه‌نه‌وی ڕیفراندۆم بكه‌ن به‌ناوی خۆیانه‌وه، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش پرسێكی گرنگه كه كاری له‌سه‌ر بكه‌ن له ڕه‌هه‌نده قومییه‌كه‌یه‌وه له هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتووی په‌رله‌مانی كوردستان. ڕوونه پارتی به‌هۆی ده‌ست به‌ردارنه‌بوونی مه‌سعود بارزانی له پۆسته‌كه‌ی و ئیفلیج كردنی حكومه‌ت و داخستنی په‌رله‌مان و دروستكردنی قه‌یرانی دارای وه‌همی، ڕووبه‌ڕووی ڕه‌خنه‌ی جه‌ماوه‌ریی زۆربووه‌ته‌وه و مه‌ترسی دابه‌زینی به‌رچاوی ئاستی جه‌ماوه‌ریی هه‌یه. ئه‌مه‌ش واده‌كات پارتی گه‌مه به كارته نه‌ته‌وه‌ییه‌كان ده‌كات له پێناو به‌رژه‌وه‌ندیی سیاسی، بێگومان ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌هۆی نابووتكردنی پرسه قه‌ومییه‌كان له‌لای تاكی كوردی.
لابردنی چاوه‌كان له‌سه‌ر كورسییه‌كه‌ی بارزانی
مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان له كۆتا به‌یاننامه‌یدا له‌سه‌ر پۆسته‌كه‌ی و به‌رده‌وام بوونی به‌شێوه‌یه‌كی نایاسای، ڕایگه‌یاند كه له "پۆسته‌كه‌ی به‌رده‌وام ئه‌بێت تا ئه‌وكاته‌ی ده‌وڵه‌تی كوردی ڕاده‌گه‌یه‌نێت." بۆیه به ئه‌نجامدانی ریفراندۆم ئه‌و پاساوه بۆ بارزانی ده‌ڕه‌خسێنرێت كه به‌رده‌وام بێت له پۆستی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان تا كاتێكی نادیار – چونكه پرۆژه‌ی دروستكردنی ده‌وڵه‌تی كوردی چاوه‌ڕوان ناكرێت له ده‌یه و دوو ده‌یه‌دا ڕابگه‌یه‌نێت، ئه‌مه‌ش ڕێگه خۆشده‌كات بۆ سه‌پاندنی سه‌رۆكێكی ئه‌به‌دی به تحقیقكردنی ئه‌و پرسه نه‌ته‌وه – و له غیابی خۆشی ئه‌و ئه‌ركه به كه‌سێكی باوه‌ڕپێكراوی بارزانی (له‌بنه‌ماڵه‌كه‌ی خۆی) ده‌سپێردرێت كه ئه‌میش واتا فۆرمه‌ڵه‌كردنی حوكمی بنه‌ماڵه‌ی ده‌گه‌یه‌نێت. به‌م جۆره چیتر گفتوگۆكردن له‌سه‌ر كورسییه‌كه‌ی بارزانی زۆر به‌هادار نابێت، پێش ڕیفراندۆمه‌كه بارزانی نییه‌تی خۆی ڕاگه‌یاندووه و زۆربه‌ی لایه‌نه سیاسییه‌كانیش به سه‌رخستنی نه‌تیجه‌ی ریفراندۆمه‌كه ده‌رفه‌تی به‌كردار نواندنی بۆ ده‌ڕه‌خسێنن.
تێستكردنی ڕای گشتی نێوده‌وڵه‌تی
یه‌كێكی تر له پاڵنه‌ره‌كانی ئه‌نجامدانی ڕیفراندۆم ئاشكراكردنی ڕای وڵاتانی ناوچه‌كه و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تییه. ئاشكرایه تا ئێستا زۆربه‌ی وڵاتانی دراوسێ و ولایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا پابه‌ندبوونی خۆیان به یه‌كگرتووی خاكی عێراقه‌وه دووپاتكردۆته‌وه، به‌ڵام هه‌روه‌ك به‌شێك له‌سه‌ركرده سیاسییه‌كان و خوودی بارزانی ئاماژه‌ی پێده‌كه‌ن – ئه‌وه‌یه ئه‌و وڵاتانه نه‌یان ووتووه كه دژی ڕیفراندۆم و سه‌ربه‌خۆی ئێمه‌ن. به‌مه‌ش ئه‌شێت هه‌رێمی كوردستان بیه‌وێت به فه‌رمی كاردانه‌وه‌ی وڵاتانی ناوچه‌كه و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی بزانێت.
ئیشكالیه‌تى بڕیاڕى ئه‌نجامدانى ڕیفراندۆم
لێره‌دا ده‌كرێت بوترێت ئه‌م بڕیاره له‌چه‌ند ڕوویه‌كه‌وه ئشكالیه‌تى هه‌یه:
یه‌كه‌م/ له‌ڕووى یاساییه‌وه:
- له‌ڕووى یاساییه‌وه بڕیارى ئه‌نجامدانى ڕیفراندۆم له‌لایه‌ن كه‌سێكه‌وه ده‌رچووه كه خۆى به نایاسایی له پۆستى سه‌رۆكى هه‌رێمدا ماوه‌ته‌وه، له‌به‌رئه‌مه هیچ بڕیارێكى ئه‌م كه‌سایه‌تیه شه‌رعیه‌تى یاسایی نیه چ جاى بگات به بڕیارێكى له‌م جۆره‌و له‌سه‌ر پرسێكى وه‌ها نه‌ته‌وه‌یی و گه‌وره.
- به‌پێى مادده‌ى 3 یاسایی ژماره 10 ساڵى 2014 په‌رله‌مانى كوردستان، كۆمسیۆنى باڵاى هه‌ڵبژاردنه‌كان ملكه‌چه بۆ په‌رله‌مانى كوردستان و له‌به‌رامبه‌ر په‌رله‌ماندا به‌رپرسیاره، هه‌ر بۆیه ئه‌گه‌ر بارزانى سه‌ركرده‌یه‌كى شه‌رعیش بوایه بڕیار‌و فه‌رمانه‌كه‌ى بۆ كۆمسیۆن هێزى ئیلزامی نیه چونكه ئه‌وه‌ى كه ده‌توانێت كۆمسیۆن ڕاسپێرێت بۆ ئه‌نجامدانى ڕاپرسی ته‌نها په‌رله‌مانى كوردستانه، كه له‌ئێستادا په‌كخراوه.
- له‌ڕووى ده‌ستوورییه‌وه ده‌بێت چاره‌نوسى ناوچه جێناكۆكه‌كان دیاریبكرێت به‌وه‌ى كه ئایا به‌شێكن له هه‌رێمى كوردستان یاخود پارچه‌یه‌كن سه‌ربه حكومه‌تى ناوه‌ندى، دواتر هه‌رێمى كوردستان ده‌توانێت بڕیارى ئه‌وه بدات كه ڕیفراندۆم له‌و ناوچانه بكرێت یاخود نا، بڕیارى ئێستاى هه‌رێم بۆ ئه‌نجامدانى ڕِیفراندۆم له‌و ناوچانه گومانى تێدانیه كه له‌ڕووى یاساییه‌وه گرفتى هه‌یه.
له‌ڕووى سیاسیه‌وه:
- نه‌بوونى كۆده‌نگى له‌نێو لایه‌نه سیاسیه‌كانى هه‌رێمى كوردستان، ڕه‌نگه زیاده‌ڕه‌ویی نه‌بێت ئه‌گه‌ر بڵێن هیچ كاتێك نێوماڵى كورد هێنده‌ى ئێستا په‌رته‌وازه نه‌بووه.
- شكتى دیبلۆماسیه‌تى كورد به‌وه‌ى كه نه‌یتوانیوه هه‌ڵوێست و سیاسه‌تى وڵاتان له‌به‌رامبه‌ر كوردستاندا بگۆڕێت، تا ئێستاش ده‌وڵه‌تانى ناوچه‌كه‌و جیهان له‌گه‌ڵ یه‌كپارچه‌یی خاكى عێراقدان، ئه‌مه‌ش به‌ڕوونى له هه‌ڵوێستى به‌شێك له ده‌وڵه‌تاندا به‌ده‌ركه‌وت هه‌ر ڕاسته‌وخۆ دواى بڕیاردانى ئه‌نجامدانى ڕیفراندۆم له كوردستان دژایه‌تى خۆیانیان بۆ ئه‌و پرسه ڕاگه‌یاند.
هه‌ڵوێستى نێوده‌وڵه‌تى ده‌ره‌باره‌ى دیاریكردنى ڕیفراندۆم
دیاریكردنى 25 ئه‌یلولى 2017 بۆ ئه‌نجامدانى ڕیفراندۆم، بووه هۆى كاردانه‌وه‌ى نێوده‌وڵه‌تى له‌سه‌ر ئه‌و پرسه و ورژاندنى له‌سه‌ر ئاستى جیهان. زۆرێك له ده‌وڵه‌ته‌كان به ڕاشكاوى بۆچوونى خۆیان له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته ده‌ربڕیووه و پشتگیرى هه‌رێمى كوردستان ناكه‌ن بۆ به‌ڕێوه‌بردنى ڕیفراندۆم له ئێستادا. هۆكارى ئه‌مه‌ش ڕه‌نگه بگه‌رێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ى ده‌وڵه‌ته زلهێزه‌كان به تایبه‌تى ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان نایه‌وێت پشتگیرى كه‌یسێك بكات كه زیاتر ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست به‌ڕه‌و ناسه‌قامیگرى به‌رێت و عێراق دابه‌ش بكات، گرنگه ئاماژه به هه‌ڵوێستى ده‌وڵه‌تان بكه‌ین له سه‌ر ئاستى هه‌رێمى و نێوده‌وڵه‌تى ده‌رباره‌ى پرسى ڕیفراندۆم له هه‌رێمى كوردستان.
عێراق له ڕێگه‌ى سه‌عد حه‌دیسی به‌رپرسى ڕاگه‌یاندنى نوسینگه‌ى حه‌یده‌ر عه‌بادى سه‌رۆك وه‌زیرانه‌وه هه‌ڵوێستى خۆیان ڕاگه‌یاند به‌وه كه " هه‌ر بڕیارێك له باره‌ى عێراقه‌وه بدرێت ده‌بێت ده‌ستورى عێراقى له‌به‌رچاو بگیرێت له‌به‌رئه‌وه‌ى بڕیارێكى عێراقیه و ته‌نها په‌یوه‌ندى به لایه‌نێكه‌وه نیه." به‌م پێیه عێراق له ئێستادا به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ڕ‌ازى نیه به بڕیارى ئه‌نجامدانى ڕیفراندۆم له هه‌رێمى كوردستان چونكه عێراق كێشه‌ى گه‌وره‌ى له گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان هه‌یه دیارترینیانیش كێشه‌ى كه‌ركوك ناوچه كوردستانیه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێمه، ئه‌وه‌ى كه به‌غدادیش زیاتر نیگه‌ران ده‌كات به پێى ڕاگه‌یاندنه‌كه ڕیفراندۆمه‌كه ئه‌و ناوچانه‌ش ده‌گرێته‌وه.
توركیا كه پارتى دیمو‌كراتى كوردستان به هاوپه‌یمانێكى ستراتیژى هه‌رێمى كوردستانى داده‌نێت و ڕێكه‌وتنى په‌نجا ساڵه‌ى هه‌یه له گه‌ڵیدا له بوارى نه‌وتدا، زۆر به توندى دژى ئه‌نجامدانى ڕیفراندۆمه و هه‌ر بۆیه سه‌رۆك وه‌زیرانى توركیا ڕای گه‌یاند كه ئه‌و بڕیاره زۆر "نابه‌رپرسانه‌یه" و "ئێمه خۆمان كێشه‌ى زۆرمان هه‌یه له ناوچه‌كه و پێم وایه شتێكى دروست نه‌بێت بۆ دروستكردنى ناوچه‌یه‌كى تر له كێشه". هه‌روه‌ها وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى توركیا ڕایگه‌یاند ئێمه پاپه‌ندین به پاراستنى یه‌كپارچه‌ى خاكى عێراق و یه‌كگرتووى سیاسى یه‌كێكه له بنه‌ماكانى سیاسه‌تى توركیا له عێراق" (1)
ووته‌بێژى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئێران، بهرام قاسمى له كۆنگره‌یه‌كى ڕۆژنامه‌وانیدا ڕایگه‌یاند كه ئێران پشتگیرى یه‌كپارچه‌ى خاكى عێراق و سه‌روه‌رى نه‌ته‌وه‌یى ده‌كات، ئێمه دژى هه‌ر دابه‌شبوون و جیابوونه‌وه‌یه‌كین له‌عێراق و هۆكارى بێ كۆتایى هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و سه‌ربه‌خۆییه سه‌ركه‌وتوو نه‌بێت به‌هۆى جیاوازى تێراونینه‌كانه‌وه له نێوان كورد و لایه‌نه‌كانى تر‌ى ناوچه‌كه.(2)
له‌سه‌ر ئاستى نێوده‌وڵه‌تیش وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مریكا ڕایگه‌یاند ئێمه ڕێز له خه‌ونى ڕه‌واى گه‌لى كورد ده‌گرین و تێده‌گه‌ین، به‌ڵام ئێمه پشتگیرى یه‌كپارچه‌ى خاكى عێراق ده‌كه‌ی نهه‌روه‌ها ئاماژه‌یان به‌وه كردووه كه دواى كۆتای هاتنى جه‌نگى داعش به‌رپرسانى هه‌رێمى كوردستان و عێراق ده‌توانن له‌و باره‌یه‌وه گفت‌و گۆ بكه‌ن. (3)
وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌ڵمانیاش له یه‌كه‌م كاردانه‌وه‌دا هۆشداریدا له جێبه‌جێكردنى هه‌نگاوى تاك لایه‌نه له باره‌ى پرسى ڕیفراندۆمه‌وه و ووتى یه‌كپارچه‌ى و یه‌كگرتووى خاكى عێراق مه‌ترسى له‌سه‌ره. دووباره دروستكردنه‌وه‌ى سنورى ده‌وڵه‌ت ڕیگایه‌كى ڕاست نیه و كێشه‌كان زیاتر قوڵده‌كاته‌وه و ناسه‌قامگیرى زیاتر ده‌كات له به‌غه‌داد و هه‌ولێریش. (4) هه‌روه‌ها وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ڕوسیا رایگه‌یاند كه ئه‌وان پشتگیرى له یه‌كپارچه‌ى خاكى عێراق ده‌كه‌ن.
لێره‌وه ده‌رده‌كه‌وێت كه هیچ یه‌كێك له وڵاتانى هه‌رێمى و نێوده‌وڵه‌تى پشتگیرى له بڕیارى ڕیفراندۆمى هه‌رێمى كوردستان ناكه‌ن، لێره‌وه ئه‌و پرسیاره دروست ده‌بێت ئه‌گه‌ر ئه‌وان پشتگیرى له پرسى ڕیفراندۆم نه‌كه‌ن چۆن پشتگیرى له ده‌وڵه‌تى سه‌ربه‌خۆى كوردستان ده‌كه‌ن؟
لێكه‌وته‌كانی ڕیفراندۆم
له كاتی به‌ڕێوه‌چوون و ئه‌نجامدانی ڕیفراندۆم له‌و كاته‌ی كه له كۆبوونه‌وه‌كه‌ی 7ی ئه‌م مانگه، له‌لایه‌ن پارته به‌شداربووه‌كانی كۆبوونه‌وه‌كه‌وه بۆی ده‌ستنیشانكرا، چه‌ند لێكه‌وتێكی جۆر به‌جۆری لێ ئه‌كه‌وێته‌وه. واچاوه‌ڕوان ئه‌كرێـت له ڕیفراندۆمه‌كه‌دا، ئه‌گه‌ر ئه‌نجامبدرێت، ده‌نگی "به‌ڵێ" بێش ده‌نگی "نه‌خێر" بكه‌وێت. له‌كاتی بردنه‌وه‌ی ده‌نگی "به‌ڵێ" له ڕیفراندۆمه‌كه‌دا سه‌ركرده‌كانی ئه‌و پارتانه‌ی كه بڕیاری ئه‌نجامدانی ڕیفراندۆمیاندا ئه‌بێت له نێوان دوو بژارده‌دا (أ) كار به ئه‌نجامی ڕیفراندۆمه‌كه بكه‌ن و ده‌وڵه‌تی كوردستان ڕابگه‌یه‌نن یان (ب) كار به ئه‌نجامی ڕیفراندۆمه‌كه نه‌كه‌ن و ده‌وڵه‌ت ڕانه‌گه‌یه‌نن، یه‌كێكیان هه‌ڵبژێرن. هه‌ردوو بژارده‌كه بێ لێكه‌وت نییه‌و، له كاتی هه‌ڵبژاردنیاندا لێكه‌وتی جۆربه‌جۆر له‌گه‌ڵ خۆیاندا ئه‌هێنن. ئێمه لێره به‌كورتی باس له لێكه‌وته‌كانی هه‌دوو بژارده‌كه، كه ئه‌نجامی ڕیفراندۆمه‌كه له‌گه‌ڵ خۆیدا ئه‌یهێنێت.
لێكه‌وته‌كانی ڕاگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆی
ئه‌گه‌ر سه‌ركردایه‌تی سیاسی كورد له هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجامی ڕیفراندۆمه‌كه، كه ده‌نگی به‌ڵێ بردنه‌وه مسۆگه‌ركردووه، بكه‌ن به پێوه‌رو بنه‌مایه‌ك بۆ جیابوونه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان له عێراق و ڕاگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌وا ئه‌م هه‌نگاوه‌ی سه‌ركردایه‌تی كورد له هه‌رێمی كوردستان ئه‌م لێكه‌وتانه لێ ئه‌كه‌وێته‌وه:
یه‌كه‌م: گرفتی سنور، تا ئێستا به‌هۆی چه‌ند هۆكارێكه‌وه، سنوره‌كانی ئه‌و ده‌وڵه‌تی كه بڕیاره ڕیفراندۆم بۆ ڕاگه‌یاندنی بكرێـت، ڕوون نییه‌و پڕكێشه‌یه. هۆكاری دیارنه‌بوونی سنوری ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ی كه بڕیاره ڕابگه‌یه‌نرێت، به‌گشتی بۆ ئه‌وه ئه‌گه‌رێته‌وه كه تا ئێستا هه‌رێم و ناوه‌ند، سه‌ره‌ڕای بوونی ماده‌یه‌كی ده‌ستوری بۆ یه‌كلایكردنه‌وه‌ی سنوره‌كه، نه‌یانتوانیوه له‌سه‌ر دیاریكردنی سنوره‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و عێراق ڕێكبكه‌ون.
دووه‌م: نه‌بوونی پشتگیری نێوده‌ولًه‌تی و هه‌رێمایه‌تی بۆ ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ی كه بڕیاره‌ی ریفراندۆم بۆ ڕاگه‌یاندنی بكرێت. ئه‌م نه‌بوونی پشتگیریه ئه‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی كه ده‌وڵه‌ته‌كه، له كاتی ڕاگه‌یاندنیدا، ڕووبه‌ڕووی كۆمه‌ڵێك گرفتی ئابووری و سیاسی و سه‌ربازی و ئابوری ئه‌بیًته‌وه.
سێیه‌م: ڕوون نه‌بوونی جۆری حكومه‌ته‌كه، ئایا سیستمی حكومه‌ته‌كه سیستمێكی په‌رله‌مانی ئه‌بێـت یان سه‌رۆكایه‌تی؟
لێكه‌وته‌كانی ڕانه‌گه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆی
ئه‌گه‌ر بێت‌و سه‌ركردایه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجامی ڕیفراندۆمه‌كه، له‌كاتی بردنه‌وه ده‌نگی "به‌ڵێ"، به‌كارنه‌هێنن بۆ ڕاگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆی و جیابوونه‌وه له عیًراق، ئه‌وا ڕانه‌گه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆی ئه‌م لێكه‌وتانه‌ی لێ ئه‌كه‌وێـه‌وه:
یه‌كه‌م: سوتاندنی كارتی سه‌ربه‌خۆی و بێ بایه‌خكردنی ئه‌م كارته له عێراقدا كه بۆ به زیان بۆ كوردانی هه‌رچوار پارچه‌كه‌ی كوردستان كۆتایدێت.
دووه‌م: له‌باربردن و نه‌مانی ئه‌و كه‌مه متمانه‌یه‌كی له له‌نێوان خه‌ڵك و حكومه‌تدا له هه‌رێمی كوردستاندا ماوه.
ده‌رئه‌نجام
به‌بڕوای ئێمه ئه‌و سیاسیانه‌ی كه بڕیاری ئه‌نجامدانی ڕیفراندۆمیان داوه، ئه‌نجامی ڕیفراندۆمه‌كه به‌كارناهێنن بۆ جیابوونه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستانی له عێراق و ڕاگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆی چونكه (أ) چه‌ند جارێك له‌لایه‌ن ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌بڕیاری ڕێفراندۆمیانداوه، به ئاشكرا وتویانه كه ئه‌وان ئه‌نجامی ڕیفراندۆمه‌كه بۆ ڕاگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆی به‌كارناهێنن (5)، به‌ڵكو ئامانجی ئه‌مان له ئه‌نجامدانی ڕیفراندۆم ئه‌وه‌یه‌كه كه ئه‌یانه‌وێت بۆچوونی دانیشتوانی هه‌رێمه‌كه ده‌رباره‌ی سه‌ربه‌خۆی هه‌رێمه‌كه له عێراق بزانن. (ب) ئاماده‌سازی بۆ ئه‌نجامدانی ڕیفراندۆم نه‌كراوه. پارتی كه تۆمه‌تباره به‌دروستكردنی كێشه سیاسی و دارایه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، هه‌نگاوی جدی نه‌ناوه بۆ یه‌كخستنی نێو ماڵی كوردی و كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان. هه‌روه‌ها حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به‌هۆی حیزبی بوونی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه، نه‌یانتوانیوه پاڵپشتی وڵاته زلهێزه‌كانی جیهان (ئه‌مه‌ریكاو ڕوسیا وه‌ك نموونه) و هه‌رێمایه‌تییه‌كان (توركیا و عێراق و ئێران وه‌ك نموونه) بۆ سه‌ربه‌خۆی به‌ده‌ست بهێنن . (ج) به‌رزانی به‌هۆی لاوازبوونی پێگه‌ی له نێو به‌شێك، كه ژماره‌یان كه‌م نییه، له دانیشتوانی هه‌رێمی كوردستان؛ ڕیفراندۆمی له‌لایه‌كه‌وه بۆ به‌هێزكردنی پێگه‌ی خۆی (هه‌ر بۆیه ئه‌نجامدانی ڕیفراندۆم خراوه‌ته پێش ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان و سه‌رۆكی هه‌رێمه‌وه)و وه‌ك كارتێكی فشار، بۆ به‌ده‌ستهێنانی ده‌ستكه‌وتی زیاتر، له دژی به‌غداد به‌كاری بهێنێت.
سه‌رچاوه‌كان
(1) Alex MacDonald, 2017, Turkey and Baghdad condemn 'irresponsible' Iraqi Kurdistan referendum, Middle East Eye, Available at: http://www.middleeasteye.net/news/turkish-pm-condemns-irresponsible-iraqi-kurdistan-referendum-vote-92163096
(2) Ministry of Foreign Affairs, Unified Iraq ensures interests of all ethnicities:, Available At: http://en.mfa.ir/index.aspx?siteid=3&fkeyid=&pageid=1997&newsview=459675
(3) Reuters,2017, U.S. concerned Iraqi Kurdish referendum will distract from war: State Department, Available At: https://www.reuters.com/article/us-mideast-crisis-iraq-kurds-usa-idUSKBN18Z2T0
(4) Nehal Mostafa, 2017, Germany warns Iraqi Kurds against ‘one-sided referendum plans, Iraq News, Available At: http://www.iraqinews.com/baghdad-politics/germany-warns-iraqi-kurds-one-sided-referendum-plans/
(5) http://skurd.net/index.php/2017-01-10-06-59-10/2017-01-10-07-00-52/741-24
#
گشتی