دەوڵەت_نەتەوە و جینۆساید: ئەنفال وەک نموونە

12/07/2017

:: بێ نوسەر ناوه‌ندی كوردستان بۆ توێژینه‌وه‌ له‌ململانێ و قه‌یرانه‌كان
نوسینی، نەبەز سەمەد، توێژه‌رو ماموستای زانكۆ

پێشه‌كی:
لە سەدەی بیستەمدا، دوای یەکەم جەنگی جیهانی، داگیرکەر و کۆلۆنیالیستە خۆرئاواییەکان (بەریتانیا، فەڕەنسا،...) ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانیان لە نێوان خۆیاندا دابەشکرد دوای ڕووخانی ئیمپڕاتۆرییەتەکە. لە ئەنجامی ئەم دابەشکردنەوە هەندێ کۆمەڵگەی تایبەتی (وەک کورد) بەسەر وڵاتی جیاوازدا دابەشکران و ئەوانی دیکەش (بۆ نموونە لە عێڕاق، عەرەبی شیعە و سوننە، کورد، ئاشوری، کلدانی، ...) بەزۆر لە وڵاتێکدا نیشتەجێکران. دروستکردنی دەوڵەت_نەتەوە لە کۆمەڵگەیەکی فرە پێکهاتەدا وەک ئەوەی داگیرکەرە خۆرئاوایییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین کردیان دەبێتە هۆی تێکشکاندن و لەناوبردنی فرەیی و چەساندنەوەی کەمینەکان. دوای یەکەم جەنگی جیهانی، کوردستان بەسەر چوار دەوڵەت_نەتەوەی پاش_کۆلۆنیالیست دابەشکرا: تورکیا، ئێران، عێراق و سوریا. بۆیە لە ئەنجامدا، هیچ شوێنێک بۆ کورد لەم وڵاتانەدا نەبوو. کوردەکان بوونی بە کەمینەی چەوساوە و خەڵکانی بێدەوڵەت، مافی هاووڵاتیبوونیان ڕەتکرایەوە، بۆیە بوون بە خەڵکانی بێماف. 

بەیوەندی نێوان جینۆساید و دەوڵەت_نەتەوەدا
عێراق وڵاتێکی دروستکراوە؛ بەرهەم و داهێنانی کۆلۆنیالیستە خۆرئاوایییەکانە. پێش یەکەم جەنگی جیهانی، وڵاتێک بە ناوی عێراق بوونی نەبووە؛ دوای جەنگەکە عێراق بوو بە داگیرکراوی بەریتانیا. عێڕاق وەک وڵاتێکی فرە نەتەوە و فرە ئاین دروستکرا، کە پێکهاتبوو لە عەرەبەکان 'سوننە و شیعە'، کورد، ئاشوری، کلدانی، کوردی ئێزیدی، دیانەکان و جوولەکەکان. بەریتانیا دەبوایە ئەم فرەیی و هەمەچەشنییە لەنێو یەک وڵاتدا ڕێک بخات و بەڕێوەبەرێت، کە هەر لە سەرەتاوە ململانێ و شۆڕش دژی داگیرکاری بەریتانی دەستی پێکرد. لە سەرەتاوە، کوردەکان ڕازی نەبوون بە لکاندنی ویلایەتی موسڵ بە عێڕاقەوە، بۆیە کوردەکان کەوتنە ڕووبەڕووبوونەوەی هێزەکانی بەریتانیا. بەڵام بەریتانیا بەشێوەیەکی دڕندانە و هۆڤییانە وەڵامی داواکارییەکانی کوردیان دایەوە (Duglas, 2009). لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین، ''کۆلۆنیالیزم هۆکاری سەرەکی دروستکردنی کۆمەڵگە فرە پێکهاتەکانە''. لە عێراقدا، دەوڵەت_نەتەوە لە ئەنجامی داگیرکاری (کۆلۆنیالیزاسیۆن)یەوە سەری هەڵدا. ''کۆمەڵگە فرە پێکهاتەکان بە ململانێ بەردەوامەکانیانەوە لە نێوان گرووپە  نەژادی، ئێتنیکی یان ئاینییەکان، مەرج و دۆخە پێویستەکانی جینۆسایدی ناوخۆیی دەهێننەگۆڕێ'' (Kuper (1981) as cited in Hardi 2011:26). عێڕاق کۆمەڵگەیەکی فرە پێکهاتە بوو و لەلایەن کۆلۆنیالیستە خۆرئاواییەکانەوە دروستکرا، ئەم فرەیییە بە هێز و بەزۆر دروستکرا، بۆیە پێشمەرجەکانی ''جینۆسایدی ناوخۆیی'' دابینکرد، وەک ئەوەی لە شاڵاوەکانی ئەنفالدا بینیمان.
لەم توێژینەوەیەدا، ئارگومێنتی ئەوە دەکەم کە پەیوەندییەکی پتەو لە نێوان جینۆساید و دەوڵەت_نەتەوەدا هەیە. مەبەستی ئەم توێژینەوەیە بریتییە لە بەکارهێنانی تیۆریی دەوڵەت_نەتەوەی عەبدوڵا ئۆجەلان بۆ خوێندنەوەی ئەنفال و بەعسیزم لە عێراق وەک نموونەیەکی دیاریکراوی پەیوەندی نێوان جینۆساید و دەوڵەت_نەتەوە. 
عەبدوڵا ئۆجەلان پەیوەندی نێوان دەوڵەت_نەتەوە و جینۆساید ڕووندەکاتەوە. ئامانجی دەوڵەت_نەتەوە بریتییە لە دروستکردنی تاکە یەک شوناسی نەتەوەیی، تاکە یەک کولتووری نەتەوەیی، و تاکە یەک جڤاتی یەکگرتووی ئاینی. ئامانجەکانی دەوڵەت_نەتەوە بەزۆری بەڕێی هێز بڵاودەکرێنەوە و بەگشتی دەبنە هۆی ئاوێتەکردن و تواندنەوەی بەزۆر یان لەناوبردنی فیزیکی کەمینەکان، کولتوورەکان یان زمانەکان (Ocalan, 2011). دەوڵەت_نەتەوە بۆ بەدەستهێنانی ئامانجە کێشەدارەکانی وەک داواکاری داگیرکردن، لەناوبردنی سیستەماتیکی دانیشتوانی ڕەسەنی ناوچەیەک، دەست بەسەر داگرتنی بازاڕ. لە هەندێ نموونەی دیاریکراودا، دەوڵەتەکان ناسیۆنالیزم بەکاردەهێنن بۆ ململانێ و هاڤڕکێ لەگەڵ دەوڵەتانی دیکە، لێرەدا ناسیۆنالیزم وەک هاوواتای فاشیزم و تۆتالیتاریانیزم گەشە دەکات. دەوڵەت_نەتەوە بۆتە هۆی هێنانە ئارای هەژەندی گەورە، بۆ نموونە لەناوبردن و قڕکردنی خەڵکی ڕەسەنی ناوچە داگیرکراوەکان لەلایەن نەتەوە ''شارستانەکانەوە''، هۆڵۆکۆستی جوولەکەکان لەلایەن نازییەکانەوە، پاکتاوی ڕەگەزی لە ڕواندا، سری لانکا و یۆگسلافیا (Juan, 2002). هەروەها جینۆسایدی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان و ئەنفالی کورد لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە لە عێراق. بۆیە دەوڵەت_نەتەوە دژی فرەیی ئاڕاستەکراوە و دەبێتە هۆی جینۆساید.  

نەتەوە و دەوڵەت دووانەیەکی لێکدانەبڕاون
دەوڵەت_نەتەوە جۆرە دەوڵەتێکی مۆدێرنە لە سەردەمی ناپلیۆن و شۆڕشی فەڕەنسی سەری هەڵدا، دوای ڕووخانی ئیمپراتۆریی و شانشینە دیانییەکانی جەرخێن ناڤین. هەرچەندە دەوڵەت زۆر گروپی نەتەوەیی، ئاینی و ئێتنیکی لەخۆ دەگرێت؛ دەوڵەت_نەتەوە لە سروشتییەوە نوێنەرایەتی یەک تاکە نەتەوە دەکات. دەوڵەت_نەتەوە جۆرێکە لە دەوڵەت کە تێیدا نەتەوە و دەوڵەت دووانەیەکی لێکدانەبڕاون. لەبەرئەوە نەتەوەکان و گرووپەکانی دیکە ناچار بە تواندنەوە و ئاوێتەکردن لەنێو نەتەوەی سەردەست دەکرێن. هەرچەندە زۆر مۆدێلی دەوڵەت_نەتەوە هەن و هەموو دەوڵەت_نەتەوەیەک بە زەروورە جینۆساید ناکات، بەڵام دەوڵەت_نەتەوە شیمانەی لەناوبردن و جینۆسایدکردنی ئەوی دیکەی لە خۆیدا هەڵگرتووە. چونکە دەوڵەت_نەتەوە دژی فرەیی، جیاوازی ئاڕاستەکراوە و داواکاری بۆ دروستکردنی نەتەوەیەکی یەکگرتوو بە زەبری هێز بەرز دەکاتەوە. وەک ئۆجەلان دەبێژێ ''دەوڵەت_نەتەوە زۆر لە هاووڵاتییەکانی دەکات تا وەکو یەک و هاوشێوەبن'' (Ocalan, 2016: 25). 
لە ڕوانگەی عەبدوڵا ئۆجەلانەوە (٢٠١١) دەوڵەت_نەتەوە بناغە و بنەڕەتی ئیدیۆلۆژی خۆی هەیە وەک ناسیۆنالیزم، سێکسیزم، ئاینێتی و سەربازێتی. ناسیۆنالیزم کڕۆکی و بنەڕەتییە بۆ دەوڵەت_نەتەوە، ئەگەر ناسیۆنالیزم ئاین بێت، ئەوا دەوڵەت_نەتەوە خوایەکەیەتی. هەردووکیان ئەدگار و خەسڵەتی مێتافیزیکییان هەیە. دەوڵەت_نەتەوە بریتییە لە ستەمێک بۆ کۆمەڵگەکان و تۆڕێکی ستەمکاری و چەوساندنەوە (Ocalan, 2011). هاووڵاتیان لەلایەن ناسیۆنالیزمەوە داوالێکراون کە باوەڕیان بە دەوڵەت هەبێت و دەبێت بۆ دەوڵەت دڵسۆزبن. لە سەردەمی ڕۆمانتیسیزم (Romanticism)، دەوڵەت_نەتەوە لەسەر بنەمای ئارگومێنت و یارمەتی فەلسەفی پیشاندەدرێ. پاشان، لە فەلسەفەی هێگل، دەوڵەت دەبێت بە باڵاترین بەها. بۆ هێگل، دەوڵەت دوا قۆناغ و دوا ئاستی هۆشی ڕەهایە لەنێو مێژوودا، کە ئەدگار و چۆنێتییەکی وەک_خوای هەیە (New World Encyclopedia contributors, 2015). 
نەتەوە لەسەر بنەمای ترادیسیۆنە کۆمەڵایەتییەکان و ئەفسانەکان فۆرمولەکراوە، ئەوجا لەلایەن یارمەتیدەرەکانیەوە بەرەو پێش براوە و بەکارهێنراوە بۆ ڕەوایەتیدان و بەیاساییکردنی سەروەربوون و باڵایەتی گروپێک بەسەر ئەوانی دیکەدا، ئەم زاڵبوون و سەروەربوونە لەلایەن دەوڵەت [دەوڵەت_نەتەوە]ەوە ڕەوایەتی پێدەدرێ و بەیاسایی دەکرێ. بۆ بەدەستهێنانی ئەم سەرەوەرییە، دەوڵەت_نەتەوە سەرجەم ئامرازەکێتی دەسەڵاتی دەوڵەت وەک سوپا و پۆلیس، دامەزراوە یاسایی و دادگەرییەکان، دامەزراوە پەروەردەیی و ئاینییەکان بەکاردەهێنێت. لەبەرئەوە، دەوڵەت_نەتەوە و ئیدیۆلۆژییەکەی ناسیۆنالیزم دەبنە سەرچاوەی سەرەکی کێشە و ناکۆکییەکان هەر لە سەردەمی شۆڕشی فەڕەنسییەوە (Jaun, 2002). وەک ئۆجەلان (٢٠١١: ١٢) دەبێژێ ''دەوڵەت_نەتەوە لە ڕەسەنترین فۆڕمی خۆیدا ئامانجی قۆرخکردن و داگیرکردنی سەرجەم پرۆسە کۆمەڵایەتییەکانە. بۆیە فرەیی و هەمەچەشنێتی دەبێ دژایەتی بکرێن، ئەمەش ڕێگەیەکە ڕووەو ئاوێتەکردن، تواندنەوە و جینۆساید'' (Ocalan, 2011: 12). هزرڤان و فەیلەسوفانی پۆستمۆدێرن پێیان وایە دەوڵەت_نەتەوە و ناسیۆنالیزم شانموونەی خراپەکاری (شەیتان)ی کۆمەڵگەی پیشەسازی مۆدێرنن. دەوڵەت_نەتەوە بەزۆری هاوەڵی تیرۆر و ''پاکتاوی ڕەگەزی'' [جینۆساید] و توندوتیژی بووە (Jaun, 2002). 

ده‌وڵه‌ت- نه‌ته‌وه‌ی به‌عس
دەوڵەت_نەتەوە، هەرچەندە خۆی وەک سێکولار (عەلمانی) پیشان دەدات، بەڵام نیگەران نابێت لەوەی کە ئاین و ناسیۆنالیزم بۆ مەبەستەکانی خۆی بەکاربهێنێ. ئاین، بەتایبەتی ئیسلام ڕۆڵێکی کاریگەر لە بونیادنان و دروستکردنی دەوڵەت_نەتەوەکان دەگێڕێ (Ocalan, 2011)، بەتایبەتی لە ڕۆهەڵاتی ناڤین. بۆ نموونە، عێراق وەک دەوڵەت_نەتەوەیەک لەسەر بنەمای ناسیۆنالیزمی عەرەبی دامەزراوە و ئیسلامی کردووە بە ئامراز و بۆ بەدەستهێنانی ئامانجەکانی خۆی گونجاندوویەتی و بەکاری هێناوە. شاڵاوەکانی ئەنفال دژی کورد نموونەیەکی دیار، ڕوون و ئاشکرایە لەم ڕووەوە. لە عێڕاقدا، حیزبی بەعس ئیسلام و عەرەبیزم دژی کورد بەکاردەهێنێ.
بەعس ساڵی ١٩٦٨ بەڕێی کودەتای سەربازییەوە بۆ جاری دووەم لە عێراقدا دەسەڵاتی گرتە دەست، بەعس جاری یەکەم ساڵی ١٩٦٣ بەڕێی کودەتای سەربازییەوە بۆ ماوەیەکی کەم دەسەڵاتی گرتەدەست. بەعس وەك حیزبێکی ناسیۆنالیستی عەرەب لەسەر بنەمای ئیدیۆلۆژیی پانعەرەبیزم  دامەزرابوو، دروشمی ''یەك نەتەوەی عەرەب''ی بەرزکردبۆوە و ئەوەی وەك پەیامی نەمر دەبینی. پانعەرەبیزم بڕوای بە بوونی یەك نەتەوەی عەرەب هەیە (Makiya, 1989). بەعس بوو بە یەکەم حیزبی سیاسی عەرەبی، کە دروشم و ئامانجی پانعەرەبیزمی هەڵگرت. بەعس بۆ دامەزراندنی تاکە یەك دەوڵەتی عەرەبی یەکگرتوو هەوڵی دەدا، دروشمەکانی بەعس بریتیبوون لە ''یەک نەتەوەی عەرەب و یەک پەیامی نەمر'' و ''یەکێتی، ئازادی، سۆشیالیزم'' (Devlin, 1991). ئەم دروشمە بریتییەلە دڵی بەعسیزم و ئامانجەکانی بەعس ئاشکرا دەکات کە دژی فرەیی و پلورالیزم ئاڕاستەکراون. 
بەگوێرەی ئیدیۆلۆژیی بەعس (بەعسیزم)، ''کوالێتی بوون بە عەرەب لە خۆیدا کردارێکی تەواو سەبژێکتیڤییە، پابەندە بە باوەڕبوون بە پەیامی عەرەبیزم. ئەو ساتەی یەکێک دەست دەکات بە باوەڕبوون بە داهاتووی عەرەب و خەبات بۆ نەتەوەی عەرەب دەکات، ئەوا دەچێتە نێو عەرەبێتیییەوە و دەبێ بە عەرەب. لە ڕاستیدا، ئەرکی کورد ئەوەیە کە کوردێتی خۆی ڕەت بکاتەوە'' (Makiya, 1989: 134). بۆ بەعسییەکان یارمەتیدانی کورد بۆ حیزبێکی دیکە و لایەنێکی دیکە جگە لە بەعس قبوڵکراو نییە. بەڕوونی لە ڕێگەی یارمەتیدانی ڕێکخراوێکی دیکەوە جگە لە بەعس، کورد هیچی دیکە بەشدار نییە و بەشێک نییە لە پێناسەی ئەو خەڵکەدا کە ئیدیۆلۆژیی بەعس پێناسەی کردووە. خەڵک بەگوێرەی ئیدیۆلۆژیی بەعس واتای ''نەتەوەی عەرەب'' دەگەیەنێ، بۆیە خەڵک و نەتەوەی عەرەب وەک یەک ناو و یەک واتا بەکاردەهێنرێن. بەگوێرەی ئیدیۆلۆژیی ناسیۆنالیستی بەعس، کورد هەڵاوێردراوە و وەک هەڕەشە وێنا کراوە، چونکە کورد لەمپەڕە لە بەردەم یەکێتیی نەتەوەیی عەرەب. ئاخر نەتەوەیەکی یەکگرتووی عەرەبی بەعسی بریتییە لە ڕیالیزەبوونی تەواوەتی بەعسیزم. ئەم توخمانەی بەعسیزم بوونە هۆی عەرەباندن، ڕاگواستن، بەعساندنی کورد و لە کۆتاییدا بوونە هۆی ڕوودانی شاڵاوەکانی ئەنفال و جینۆسایدکردنی کورد. 
ئیدیۆلۆژیی بەعس لەسەر دوو بنەمای ئەفسانەدروستکردن و پرۆکیەلیزم (parochialism)  واتا (ناوچەیی، هەرێمی) دامەزراوە. ئەفسانەکانی بەعس لە ترادیسیۆن و داب و نەریتی عەرەبی و ئیسلامییەوە سەرچاوەدەگرن. هاوکات گونجێندراون بە هەندێ دەستەواژە و زاراوەی وەرگیراو لە ترادیسیۆنی چەپ، وەك سۆسیالیزمی عەرەبی، ئازادی، یەکێتیی عەرەب، هەروەها خەبات دژی ئیمپریالیزم و زایۆنیزم. بۆ میشێل ئەفلەق تیۆریدارێژەر و تیۆریستی بەعس، ناسیۆنالیزم خۆشەویستییە و ''ڕۆحی عەرەب''ی لەتەك خۆیدا هەڵگرتووە، بۆیە بیرۆکەیەکی وەها ناتوانرێ لە خۆرئاواوە بهێنرێ، بەڵکو ئەوە لەنێو خوودی ترادیسیۆن و داب و نەریتی عەرەبی و ئیسلامیدا هەیە. بەگوێرەی ئیدیۆلۆژیی بەعس، ئیسلام نوێنەرایەتی یەکێتیی عەرەب دەکا، بۆیە پەیوەندییەکی بەهێز لە نێوان ئیسلام و عەرەبیزمدا هەیە. لە ڕوانگەی عەرەبیزمەوە، ئیسلام ڕۆحە لە ناوەوە، لە کاتێکدا [عەرەب] عەرەبیزم لایەنی دەرەکێتی ئیسلامە. بۆیە ئیسلام تەنیا یەک نەتەوەی هەیە، ئەویش عەرەبە. لەبەر ئەمە عەرەب ''نەتەوەی باڵایە''. لە ڕوانگەی ئەفلەقەوە، ''گەر عەرەبیزم جەستەیەك بێ، ئەوا ڕۆحەکەی ئیسلامە''. بۆ بەعسییەکان ئیسلام وەك بزووتنەوەیەکی عەرەبی شۆڕشگێڕی دووبارە لەگەڵ عەرەبیزمدا دەردەکەوێتەوە و خۆی نوێ دەکاتەوە. لە ئەنجامدا، ئیسلام وەك بەدیهێنەری نەمرێتی عەرەبیزم خۆی دیاردەهێنێ. بۆیە ئیسلام بەردی بناغەی ئیدیۆلۆژیی بەعس پێکدەهێنێ (Makiya, 1989). ئیسلام وەک فۆرمێکی (شێوەیەکی) گەورەی نەمریی عەرەبیزم دەردەکەوێت. بۆ حیزبی بەعس، کێشەی کورد لێرەبوونی نییە. بەعس بەڕێی ئیسلاماندنەوە دەیەوێ کیشەی کورد چارەسەر بکات. بۆیە ئامرازاندنی ئیسلام بۆ بەعس زۆر کڕۆکییە. حیزبی بەعس ئاین (ئیسلام) و ناسیۆنالیزم (عەرەبیزم) بۆ کۆنتڕۆڵکردنی کورد و ڕەوایەتیدان بە ئەنفالکردنیان و جینۆسایدکردنیان بەکاردەهێنێ. 

دەرنجام
بەکورتی، پەیوەندییەکی بەهێز لە نێوان دەوڵەت_نەتەوە و جینۆسایددا هەیە لە عێراقدا. چونکە لە سەرەتاوە، عێڕاق وەک دەوڵەت_نەتەوەیەکی پۆست_کۆلۆنیالیزم بۆ عەرەبەکان دامەزرێندرا، بۆیە تەنیا نوێنەرایەتییەک نەتەوەی دیاریکراو [عەرەب] دەکات، لە ئەنجامدا، دژی فرەیی و هەمەچەشنێتی [پلوڕالیزم] ئاڕاستەدەکرێ. حیزبی بەعس، بەڕێی بناغە ئیدیۆلۆژییەکانییەوە وەک ناسیۆنالیزم (لە فۆڕمی عەرەبیزم)، ترادیسیۆنی ئیسلامی، سێکسیزم، میلیتاریزم هەوڵی دەدا یەک نەتەوەی عەرەبی یەکگرتووی بەعسی دروست بکات بەڕێی تواندنەوە (assimilation)، ئاوێتەکردن و لەناوبردنی کوردەکان و کەمینەکانی دیکەوە. بەهۆی تیۆریی دەوڵەت_نەتەوەی عەبدوڵا ئۆجەلانەوە، ئێمە دەتوانین باشتر لە پەیوەندی نێوان دەوڵەت_نەتەوە و جینۆساید تێبگەین، بەتایبەتی یارمەتیمان دەدا کە تێگەیشتنێکی باشترمان بۆ بەعسیزم و ئەنفال هەبێت لە عێراقدا. 

سەرچاوەکان
1) Devlin, John F (1991) The Baath Party: Rise and Metamorphosis. The American Historical Review. Vol. 96, No. 5, pp. 1396-1407. 
2) Douglas, R. M (2009) Did Britain Use Chemical Weapons in Mandatory Iraq? The Journal of Modern History, Vol. 81, No. 4, pp. 859-887. 
3) Hardi, Choman (2011) Gendered experiences of genocide : Anfal survivors in Kurdistan-Iraq, Voices in development management. Farnham, Surrey.
4) Juan, Epifanio San (2002) Nation_State, Postcolonial Theory, and Global Violence, Social Analysis, Vol. 46, No. 2, pp. 11-32.   
5) Makiya, Kanan (1989) The republic of fear: Politics of modern Iraq. London: University of California Press. 
6) ........................ (1993) Cruelty and Silence. London: W. W Norton & Company. 
7) Ocalan, Abdullah (2011) Democratic Confedralism. London: Transmedia Publishing Ltd. 
8) ............................... (2016) Democratic Nation. Cologne/ Germany: International Initiative Edition in cooperation with Mesopotamian Publishers, Neuss.  
9) New World Encyclopedia contributors. Nation-state [Internet]. New World Encyclopedia, 2015 Aug 19, 14:54 UTC [cited 2017 Feb 26]. Available from: http://www.newworldencyclopedia.org/p/index.php?title=Nation-state&oldid=990136.

زۆرترین خوێندراوە


political studies copyright 2017 © . All right reserved Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure