به‌میدیایى كردنى نه‌ته‌وه‌ و به‌تورك- كردنى ئیسلام

29/07/2017

:: بێ نوسەر نووسینى: شادى لویس
سه‌رچاوه‌: المدن

رووداوه‌كانى فیلمى توركیى "ڤیزۆنتیلى" له‌ ساڵانى حه‌فتاكانى سه‌ده‌ى رابردوو له‌ یه‌كێك له‌ گونده‌ دووره‌ده‌سته‌كانى ئه‌نادۆڵ روویانداوه‌، كه‌ شاندێكى حكومى یه‌كه‌م ئامێرى ته‌له‌فزیۆن بۆ وه‌رگرتنى په‌خشى نیشتمانى ده‌گه‌یه‌نێته‌ ئه‌و گونده‌ و كوێخاى گونده‌كه‌ش كارى جێگیركردنى وه‌رگره‌ ئاسمانییه‌كه‌ (ئارێل)ه‌كه‌ ده‌سپێرێت به‌ كاره‌باچییه‌كى شڕشێت، دواجار هه‌وڵه‌ یه‌ك له‌دوا یه‌كه‌كانیش بۆ وه‌رگرتنى په‌خشه‌كه‌، كه‌ هه‌م خاوه‌نى تاكه‌ سینه‌ماى گونده‌كه‌ و هه‌میش ریش سپی گونده‌كه‌ رێگریى بۆ دروست ده‌كه‌ن، به‌سه‌ركه‌وتن كۆتایى دێت، به‌ڵام هه‌رزوو ئه‌و ته‌له‌فزیۆنه‌ى كه‌ دانیشتووانى گونده‌كه‌ له‌ماڵى كوێخا له‌خۆى كۆده‌كاته‌وه‌ بۆ بینینى، هه‌واڵى بێزاركه‌ر ده‌هێنێت و له‌گه‌ڵ له‌شكركێشى هێزه‌كانى توركیا بۆسه‌ر قوبڕوس، درێژه‌ى هه‌واڵه‌كان ناوى سه‌ربازه‌ كوژراوه‌كانى تورك بڵاوده‌كاته‌وه‌، له‌نێویشیاندا كوڕى كوێخا. 
ئه‌و فیلمه‌، كه‌ سێ خه‌ڵاتى زێڕینى له‌ فیستیڤاڵى سینه‌مایى ئه‌نتاڵیا به‌ده‌ستهێنا و به‌یه‌كێك له‌ سه‌ركه‌وتووترین فیلمه‌ سینه‌ماییه‌ توركیه‌كان داده‌نرێت له‌ڕووى جه‌ماوه‌ریه‌وه‌، هه‌وڵیداوه‌ له‌چوارچێوه‌ى داڕشتنى ململانێى نێوان ره‌وته‌ كۆنه‌پارێز و عه‌لمانیه‌كانى كۆمه‌ڵگاى توركى و پێكدادانى به‌رژه‌وه‌ندى سه‌رمایه‌داریى تیایدا ته‌له‌فزیۆن وه‌ك ته‌كنه‌لۆژیایه‌ك بۆ دروستكردنى نه‌ته‌وه‌ و یه‌كێك له‌ سه‌ركه‌وتووترین ئامرازه‌كانى یه‌كخستنى بخاته‌ڕوو، به‌وپێیه‌ى ئه‌و گونده‌ دابڕاو و دووره‌ده‌سته‌ له‌ پایته‌خته‌وه‌، له‌ڕێگاى په‌خشى ته‌له‌فزیۆنیه‌وه‌ نزیك ده‌بێته‌وه‌ له‌ ناوه‌ند و یه‌كده‌گرێت له‌گه‌ڵیدا. دواجار كوێخا و سه‌رجه‌م رۆڵه‌كانى گونده‌كه‌ش پێكه‌وه‌ گوێیان له‌ سه‌رۆك وه‌زیران ده‌بێت و له‌گه‌ڵ ته‌واوى هاووڵاتیانى توركیادا ده‌یبینن. كاتێكیش یه‌كێك له‌ هه‌وڵه‌كانیان بۆ خستنه‌گه‌ڕى ته‌له‌فزیۆنه‌كه‌، به‌ وه‌رگرتنى په‌خشى ته‌له‌فزیۆنى ئێرانى كۆتایى دێت، به‌وپێیه‌ى هه‌ڵكه‌وته‌ى گونده‌كه‌ كه‌وتووه‌ته‌ نزیك سنوورى ئێران، ئه‌وا دانیشتووانى گونده‌كه‌ تووشى بێ ئومێدى ده‌بن. به‌جۆرێك كه‌ وا ده‌رده‌كه‌وێت دڵسۆزى و ناسنامه‌ى گونده‌كه‌ دیلى ده‌ستى پێگه‌ جوگرافییه‌كه‌ى نه‌بێت، به‌ڵكو دیلى ده‌ستى ئه‌و وێستگه‌ نیشتمانییه‌ بێت كه‌ وه‌ریده‌گرن و له‌به‌رده‌م شاشه‌كه‌یدا رۆڵه‌كانى یه‌كده‌خات، جا هانده‌رى تیپى نیشتمانیى تۆپى پێ بن یاخود گوێبیستى هه‌واڵى شه‌هیدانى شه‌ڕه‌كانیان. 
به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ململانێى نێوان كۆنه‌پارێز و عه‌لمانیه‌كان، كه‌ فیلمه‌كه‌ ژێربه‌ژێر وه‌هاى ده‌رده‌خات كه‌ له‌به‌رده‌م باڵاده‌ستیى مه‌ركه‌زیه‌تى ته‌له‌فزیۆن و راگه‌یاندندا هێور بووه‌ته‌وه‌، وا ده‌رناكه‌وێت كه‌ بوونى نه‌مابێت، به‌ڵكو به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌و ململانێیه‌ گواستراوه‌ته‌وه‌ بۆ شاشه‌كانى ته‌له‌فزیۆنیش، ئه‌وه‌تا وه‌رزى سێیه‌مى زنجیره‌ى ته‌له‌فزیۆنیى "قیامه‌تى ئیرتوغرول"یش، كه‌ له‌ئێستادا په‌خش ده‌كرێت، به‌هه‌مان شێوه‌ له‌ چوارچێوه‌ى ئه‌و ململانێیه‌دا ده‌سووڕێته‌وه‌. 
به‌وپێیه‌ى زنجیره‌ ته‌له‌فزیۆنیه‌كه‌ باس له‌ ژیاننامه‌ى " ئیرتوغرول" باوكى سلێمان شا دامه‌زرێنه‌رى ده‌وڵه‌تى عوسمانى و جه‌نگه‌كانى له‌گه‌ڵ خاچ په‌رست و مه‌غۆل و بیزه‌نتییه‌كان ده‌كات و به‌ وه‌ڵامێكى هونه‌رى بۆ زنجیره‌ى ته‌له‌فزیۆنى "ژنه‌كانى سوڵتان" داده‌نرێت، كه‌ به‌رده‌وام سه‌ركردایه‌تى پارتى داد و گه‌شه‌پێدان ره‌خنه‌یان لێده‌گرت به‌وه‌ى مێژووى خه‌لافه‌تى عوسمانى و سوڵتانه‌كانى شێواندووه‌، هاوكات سه‌رۆكى توركیا "ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگان"یش پاڵپشتیكردنى ئاشكراى بۆ ئه‌و زنجیره‌ ته‌له‌فزیۆنیه‌ ناشارێته‌وه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ سه‌ردانیكردنى خۆى و خانمى یه‌كه‌م بۆ شوێنى وێنه‌گرتنى زنجیره‌كه‌ و پێشوازیكردنى ئه‌ستێره‌كان به‌ پۆشاكى مێژووییه‌وه‌ لێیان. كاتێكیش ستافى زنجیره‌ ته‌له‌فزیۆنیه‌كه‌ له‌ یه‌كێك له‌ فیستیڤاڵه‌ هونه‌رییه‌كانى توركیادا دووچارى مامه‌ڵه‌یه‌كى نه‌شیاو بوونه‌وه‌، ئه‌ردۆگان رایگه‌یاند "زنجیره‌ ته‌له‌فزیۆنیه‌كه‌ وه‌ڵامێكى گرنگى ئه‌وانه‌یه‌ كه‌ سووكایه‌تى به‌ توركیا و گه‌له‌كه‌ى ده‌كه‌ن". 
لاى خۆشیه‌وه‌ رۆژنامه‌ى نیویۆرك تایمز پێش دوایین سه‌ردانى ئه‌ردۆگان بۆ ئه‌مریكا، له‌ وتارێكدا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌دات كه‌ "قیامه‌تى ئیرتوغرول" بۆ خزمه‌تى گوتار و ئایدۆلۆژیاى پارتى داد و گه‌شه‌پێدان ئاڕاسته‌ى ناوخۆى وڵات كراوه‌، چونكه‌ پیلانگێڕییه‌ ناوخۆى و ده‌ره‌كیه‌ یه‌ك له‌دوا یه‌كه‌كان دژ به‌ پاڵه‌وانى زنجیره‌كه‌ جه‌خت له‌و گوتاره‌ مه‌ترسیداره‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ به‌رده‌وام ئه‌ردۆگان به‌كاریده‌هێنا و له‌پاش كوده‌تا شكستخواردووه‌كه‌ش به‌كارهێنانه‌كانى فراوانتر بووه‌، به‌وپێیه‌ى ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌ى توركیا له‌ ناوخۆ و له‌ ده‌ره‌وه‌ دووچارى ده‌بێته‌وه‌، درێژكراوه‌ى ئه‌و شه‌ڕه‌ دوور و مێژووییه‌یه‌ كه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ساتى دامه‌زراندنى خودى نه‌ته‌وه‌ى تورك. 
به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا نابێت به‌كارهێنانى راسته‌وخۆى زنجیره‌ ته‌له‌فزیۆنیه‌كه‌ بۆ مه‌رامى سیاسى، په‌لكێشمان بكات به‌ره‌و ئه‌و گریمانه‌یه‌ى كه‌ زنجیره‌كه‌ ته‌نها ئامرازێكى میدیاییه‌ و ره‌نگدانه‌وه‌ى گوتارى ئیسلامى نییه‌، به‌ڵكو ره‌نگدانه‌وه‌ى نه‌ته‌وه‌خوازییه‌كه‌ كه‌ پشتى به‌ رابردوو به‌ستووه‌، له‌ڕاستیشدا زنجیره‌ ته‌له‌فزیۆنیه‌كه‌ به‌شداره‌ له‌ بانگه‌شه‌كردن بۆ ناسنامه‌یه‌كه‌ى نه‌ته‌وه‌یى و مێژوویى وه‌ها كه‌ هه‌ریه‌ك له‌ ئه‌تاتوركییه‌كان و ئیسلامییه‌كانیش سه‌ربارى ناكۆك بوونیان له‌سه‌ر وره‌كارییه‌كانى په‌یوه‌ست به‌ پێگه‌ى ئیسلام تیایدا، هاوڕان له‌سه‌رى. 
وێڕاى ئه‌وه‌شى رووداو و ئاخاوتنه‌كانى نێوان پاڵه‌وانانى زنجیره‌ ته‌له‌فزیۆنیه‌كه‌ لێوان لێوه‌ له‌ ئاماژه‌ى ئیسلامى، به‌ڵام ئه‌و ئاماژانه‌ وێنه‌ى ئیسلام له‌ داڕشتنه‌ ئه‌تاتوركییه‌كه‌ى تێناپه‌ڕێنن، وه‌ك یه‌كێك له‌ كۆڵه‌كه‌ مێژووییه‌كانى نه‌ته‌وه‌ى تورك، چونكه‌ له‌ روانگه‌ى رووداوه‌كانى "قیامه‌تى ئیرتوغرول"ه‌وه‌، پێده‌چێت سه‌ركه‌وتنى نه‌ته‌وه‌ى توركى له‌ یه‌كه‌م ساتى دامه‌زراندنیدا بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ قاره‌مانێتى بێ وێنه‌ى سه‌ركرده‌ و رۆڵه‌كانى، ئه‌وانه‌ى چاره‌نووس بۆ رزگاركردنى ئیسلام له‌ شكسته‌كه‌ى ئاماده‌یكردوون، نه‌وه‌ك به‌پێچه‌وانه‌وه‌. 
به‌وشێوه‌یه‌ش، پێده‌چێت زنجیره‌كه‌ هه‌روه‌ك چۆن به‌ره‌و ناوخۆى وڵات ئاڕاسته‌كراوه‌، ئاوها به‌ره‌و لایه‌نه‌ ده‌ره‌كییه‌كانیش ئاڕاسته‌كرا بێت، به‌ڵام جیا له‌و راستییه‌ى كه‌ توركیا له‌پاش ئه‌مریكا گه‌وره‌ترین هه‌نارده‌كه‌رى دراماى ته‌له‌فزیۆنیه‌ بۆ بازاڕى زیاتر له‌ سه‌د وڵات له‌ جیهاندا، به‌وپێیه‌ى له‌ مانگى شوباتى رابردوودا تیپى مۆسیقاى پۆلیسى به‌حرێنى سه‌رۆكى توركیایان تووشى سه‌رسوڕمان كرد كاتێك له‌ سه‌ردانه‌ فه‌رمییه‌كه‌یدا بۆ ئه‌و وڵاته‌ مۆسیقاى پێشه‌كیى زنجیره‌ ته‌له‌فزیۆنییه‌كه‌یان بۆ ژه‌نى، ئه‌وه‌بوو له‌ مانگى دواتریشدا ئه‌ردۆگان هه‌ندێك له‌ ستافى زنجیره‌كه‌ى له‌گه‌ڵ خۆیدا برد بۆ وڵاتى كوێت، ئه‌وه‌ش جێگاى سه‌رسوڕمان نییه‌، چونكه‌ له‌و وڵاته‌ش ئاستى جه‌ماوه‌ریى زنجیره‌كه‌ به‌ راده‌یه‌ك به‌رزه‌ كه‌ له‌كاتى سه‌ردانه‌كه‌یاندا دروشمیان له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان بۆ به‌رز كردبوونه‌وه‌. 
سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌شى زنجیره‌كه‌ ره‌خنه‌یه‌كى زۆرى له‌لایه‌ن ره‌خنه‌گره‌ عه‌ره‌ب و ئیسلامییه‌كانه‌وه‌ رووبه‌ڕوو بووه‌وه‌، به‌ڵام رێژه‌ى ته‌ماشاكردنى له‌ وڵاتانى عه‌ره‌بى ئێجگار به‌رزه‌، له‌پێش هه‌مووشیانه‌وه‌ سعودیه‌ و میسڕ و جه‌زائیر، یه‌كێك له‌و ره‌خنانه‌شى له‌ زنجیره‌كه‌ ده‌گیرێت، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌ته‌واوه‌تى رۆڵى عه‌ره‌ب تیایدا ونه‌، ته‌نانه‌ت كاتێك كه‌ رووداوه‌كانى له‌ شارێكى عه‌ره‌بى وه‌ك حه‌ڵه‌ب – یشدا رووده‌ده‌ن، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ فه‌رامۆشكردنى ته‌واوه‌تى خه‌لافه‌تى ئیسلامى له‌وكاته‌دا، هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ى ئیسلام و كارى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى دوژمنه‌كانى به‌ته‌نها له‌ خێڵى " ئیرتوغرول"دا كورت بووبێته‌وه‌. ئه‌مه‌و چه‌ندین هه‌ڵه‌ى مێژوویى و ئایینى دیكه‌ و ره‌خنه‌گرتن له‌ بیرۆكه‌ى تێكه‌ڵكردنى ژن و پیاو و لاسایى كردنه‌وه‌ى ته‌كنیكه‌ ئه‌مریكییه‌كان له‌ دیمه‌نى توندوتیژى و شه‌ڕه‌كانى نێو زنجیره‌كه‌دا. 
به‌ڵام هه‌موو ئه‌وانه‌ش نه‌بوونه‌ رێگر له‌به‌رده‌م ره‌خنه‌گراندا تا به‌شان و باڵى زنجیره‌كه‌دا هه‌ڵبده‌ن به‌وه‌ى به‌هاى ئیسلامى گێڕاوه‌ته‌وه‌ و له‌ڕێگاى وه‌بیرهێنانه‌وه‌ى مێژووه‌كه‌یه‌وه‌ نه‌ته‌وه‌ى ئیسلامى به‌خه‌به‌رهێناوه‌ته‌وه‌. له‌وانه‌ش گرنگتر، به‌كارهێنانى دراماكه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندى ئیسلام، به‌وپێیه‌ى به‌رده‌وام له‌ رابردوودا زنجیره‌ ته‌له‌فزیۆنیه‌كان وه‌ك چه‌كێك له‌ دژى ئیسلام به‌كارهاتوون. 
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌و پیاهه‌ڵدانه‌ عه‌ره‌بیه‌ زیاد له‌ پێویسته‌ى زنجیره‌كه‌، ته‌نانه‌ت له‌لایه‌ن ره‌خنه‌گره‌كانیشیه‌وه‌، په‌لكێشمان ده‌كات به‌ره‌و درككردن به‌و رۆڵه‌ ئاڵۆزه‌ى دراماى توركى له‌مڕۆدا به‌رامبه‌ر به‌ رۆڵى ناوخۆیى ته‌له‌فزیۆن وه‌ك ته‌كنه‌لۆژیایه‌ك بۆ دروستكردن و یه‌كخستنى نه‌ته‌وه‌ له‌ فیلمى "ڤیزۆنتیلى" له‌ ساڵانى حه‌فتاكاندا ده‌یگێڕا، چونكه‌ ته‌كنه‌لۆژیاى سه‌ته‌لایت و ئینته‌رنێت و جیهانگیرى یارمه‌تى دراماى توركییان دا رۆڵێكى گه‌وره‌تر له‌ خزمه‌تكردن به‌ بڵاوكردنه‌وه‌ى ده‌سته‌واژه‌ى نه‌ته‌وه‌ى تورك له‌ ده‌ره‌وه‌ى سنووره‌كانى بگێڕێت و بانگه‌شه‌ بۆ رۆڵى پێشه‌نگى توركیا له‌ خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و جیهانى ئیسلامى بكات. 
له‌كاتێكیشدا كه‌ وا ده‌رده‌كه‌وێت زنجیره‌ى "قیامه‌تى ئیرتوغرول" نمونه‌یه‌كى شیاوى ئه‌و رۆڵه‌ بانگه‌شه‌كه‌ره‌ بێت له‌ ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ى توركیادا، به‌ڵام سروشتى ئاڵۆزى به‌رهه‌مه‌ هونه‌رییه‌كه‌ و شێوازه‌كانى گرتنه‌به‌ر و خوێندنه‌وه‌ و به‌كارهێنانى له‌ واقیعدا، به‌بێ وه‌ڵام له‌به‌رده‌م چه‌ندین ئه‌گه‌ردا به‌جێمان ده‌هێڵێت: ئایا ئیرتوغرول توركیا به‌ئیسلام ده‌كات؟ یاخود ئیسلام به‌تورك ده‌كات؟ ئایا ئیسلام میدیا له‌به‌رژه‌وه‌ندى خۆى به‌كارده‌هێنێت؟ یان دراماى توركى ئیسلام وه‌ك یه‌كێك له‌ ئامرازه‌ به‌بازاڕكردنه‌كانى به‌كارده‌هێنێت؟ ئایا ته‌له‌فزیۆن به‌ئیسلام كراوه‌ یان نه‌ته‌وه‌ و ئیسلامیش به‌ میدیایى كراون؟  
وه‌رگێڕانى: ابراهیم احمد حسین 

زۆرترین خوێندراوە


political studies copyright 2017 © . All right reserved Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure