سێیه‌م ساڵیادی جینۆسایدی ئێزدییه‌كان

05/08/2017

:: بێ نوسەر ناوه‌ندی كوردستان بۆ توێژینه‌وه‌ له‌ ململانێ و قه‌یرانه‌كان
سه‌رچاوه‌: Morning Star
وه‌رگێڕانی: قاره‌مان عه‌لی

ئه‌مڕو، 3ی ئۆگه‌ست، سێیه‌م ساڵیادی جینۆسایدكردنی هه‌زاران ئێزدییه‌ له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌. له‌ڕۆژێكی وه‌ك ئه‌مڕودا، داعش هه‌زاران ئێزدی له‌ باكوری عێراق كۆمه‌ڵكوژكرد. ساڵی ڕابردوو نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان كۆمه‌ڵكوژیه‌كه‌ی ئێزدییه‌كانی به‌جینۆساید ناساندو ئه‌مڕۆ له‌ شاری له‌نده‌ن و چه‌ندین شارو شارۆچكه‌ی تری جیهان یادی جینۆسایدكردنی ئێزدییه‌كان ئه‌كرێته‌وه‌. 
 ئێزدییه‌كان كه‌مینه‌یه‌كی ئاینین. ئه‌م كه‌مینه‌ ئاینییه‌ له‌ باكوری عێراق ئه‌ژین و بیروباوه‌ڕێكی ئاینی، كه‌ تێكه‌ڵیه‌كه‌ له‌ ئاینه‌ باوه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، زه‌رده‌شتی و سۆفی وه‌ك نموونه‌، تایبه‌ت به‌خۆیان هه‌یه‌. داعش ئێزدییه‌كانی به‌"بێ باوه‌ڕ" ئه‌زانی و شوێنكه‌وتوانی ئه‌م ئاینه‌ی، به‌هۆی به‌پیرۆز سه‌یركردنی تاوس مه‌لیك و تێڕوانینیان بۆ شه‌یتانه‌وه‌، وه‌ك "شه‌یتانپه‌رست" پۆلێنكرد. 
سه‌ره‌ڕای سه‌ده‌یه‌ك له‌ زۆرداری و چه‌وسانه‌و 75ی هه‌ڵمه‌تی جینۆسایدكردنیان له‌لایه‌ن عوسمانیه‌كان و داعشه‌وه‌، كورده‌ ئێزدییه‌كان توانیویانه‌ ده‌ست به‌نه‌ریته‌كانیانه‌وه‌ بگرن و ئاینه‌كه‌یان به‌زیندووی بهێڵنه‌وه‌. دوای ئه‌وه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی چاوه‌ڕواننه‌كراو داعش به‌هێزبوو و توانی هه‌موو ئه‌و هێزانه‌ی كه‌ له‌ ڕوویدا ئه‌وه‌ستن ڕاماڵێت، داعش له‌ شه‌نگال ئێزدییه‌كانی جینۆسایدكرد. 
ئه‌و كاته‌ی كه‌ داعش په‌لاماری ناوچه‌ كوردییه‌كانی له‌ سوریاو عێراق ئه‌دا، یه‌په‌گه‌و یه‌په‌ژه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ داوایان له‌ مه‌سعود بارزانی "سه‌ركرده‌"ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانكرد بۆ پێكیهێنانی هێزێكی كوردی یه‌كگرتوو بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی داعش و به‌رگریكردن له‌ ناوچه‌ كوردییه‌كانی عێراق و سوریا. مه‌سعود بارزانی بایه‌خی به‌ داواكه‌ی كوردانی سوریای بۆ پێكهێنانی هێزێكی كوردی یه‌كگرتوو بۆ هه‌ردوو هه‌رێمه‌ كوردییه‌كه‌ی عێراق و سوریا نه‌دا، چونكه‌ پێكهێنانی هێزێكی كوردی یه‌كگرتوو له‌ كوردانی سوریا و هه‌رێمی كوردستان، په‌یوه‌ندیه‌كانی پارتی و توركیا، كه‌ كاریگه‌ریه‌كی زۆری هه‌یه‌ له‌سه‌ر ئابووری هه‌رێمی كوردستانی عێراق، ئه‌خسته‌ مه‌ترسیه‌وه‌. 
بارزانی چاوی له‌ كه‌ركوكی ده‌وڵه‌مه‌ند به‌نه‌وت و كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانی ده‌وروبه‌ری ئه‌و شاره‌ بڕیبوو. به‌بڕوای بارزانی نه‌وتی كه‌ركوك ئه‌بێت به‌به‌ردی بناغه‌ی دروستبوونی كوردستانی سه‌ربه‌خۆ. پاراستنی شاری كه‌ركوكی به‌نه‌وت ده‌وڵه‌مه‌ند، كه‌ له‌لایه‌ن سوپای عێراقه‌وه‌ بۆ پێشمه‌رگه‌ به‌جێهێڵدرا، بۆ بارزانی له‌ هه‌موو شت گرنگتر بوو. هه‌ربۆیه‌ كاتێك داعش له‌ حوزه‌یرانی 2014دا په‌لاماری كۆبانێ-یدا، هێزه‌كانی یه‌په‌گه‌و یه‌په‌ژه‌ به‌ته‌نها جێهێڵران و له‌لایه‌ن بارزانیه‌وه‌ هاوكاری نه‌كران. 
داعش به‌مه‌به‌ستی په‌لاماردانی شه‌نگال (ئه‌نجامدانی هێرشه‌ گه‌وره‌كه‌) به‌به‌رده‌وامی هێرشی ئه‌كرده‌ سه‌ر گونده‌كانی ئێزدییه‌كان. پێش داگیركردنی شه‌نگال له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ له‌ 3ی ئۆگه‌ست، ئێزدییه‌كان داوایان له‌ حكومه‌تی عێراق و بارزانی كرد كه‌ یارمه‌تیان بده‌ن و له‌ په‌لاماره‌كانی داعش بیانپارێزن. هه‌رچه‌نده‌ به‌ڵێنی هاوكاری پاراستنی ئێزدییه‌كان به‌ ئێزدییه‌كانی شه‌نگال و ده‌وروبه‌ری درابوو، به‌ڵام له‌كاتی داگیركردنی شه‌نگال له‌ 3ی ئۆگه‌ست، سوپای عێراق ناوچه‌كه‌ی به‌جێهێشت و پێشمه‌رگه‌كانی پارتیش، به‌بیانووی نه‌بوونی ڕێنمای، به‌بێ جه‌نگ له‌ناوچه‌كه‌ هه‌ڵهاتن و پاشه‌كشه‌یانكرد. 
داعش په‌لاماری ئێزدییه‌كانی داو، به‌هۆی په‌لاماره‌كه‌ی داعشه‌وه‌، هه‌زاران ئێزدی ڕوویان له‌ چیای شه‌نگال كردو له‌وێ به‌بێ بوونی پێویستییه‌ سه‌ره‌تایه‌كانی ژیان، ژیانێكی سه‌ختیان به‌سه‌ربرد. داعش له‌كاتێكدا په‌لاماری شه‌نگال-یدا كه‌ له‌وپه‌ڕی به‌هێزیدابوو و له‌یه‌ككاتدا له‌چه‌ند به‌ره‌یه‌كه‌وه‌و له‌ دژی چه‌ند دوژمنێكی جیاواز ئه‌جه‌نگا. چه‌كداره‌كانی داعش له‌وكاته‌دا، مه‌كینه‌یه‌كی جه‌نگی به‌هێزبوون و نه‌یاره‌كانی توانای به‌رگریكردنیان نه‌مابوو. هه‌ربۆیه‌ داعش سودی له‌ توانا سه‌ربازیه‌كانی وه‌رگرتوو و خه‌لافه‌تی ڕأگه‌یاند. 
ئه‌مه‌ریكا بارودۆخی ئێزدییه‌كانی چیای شه‌نگالی به‌ده‌رفه‌تزانی بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵمه‌تێكی ئاسمانی (بۆردۆمانكردنی داعش)و دوباره‌ هاتنه‌وه‌ی بۆ عێراق. ده‌نگی بێ ئومێدی ئێزدییه‌كان له‌هه‌موو جیهاندا ئه‌بیستراو لایه‌نگرانی جه‌نگ (له‌ ڕۆژئاوا) له‌ خۆئاماده‌كردندا بوون. ئۆبامای سه‌رۆكی پێشوی ئه‌مه‌ریكا وتی به‌مه‌به‌ستی ڕێگریكردن له‌و جینۆسایده‌ی كه‌ له‌ دژی ئێزدییه‌كان ئه‌نجامدرا، فه‌رمانم به‌ ئه‌نجامدانی هێرشی ئاسمان له‌ دژی داعش كرد.
هه‌رچۆنێك، بێت ئه‌و هێزه‌ی كه‌ بووه‌ فریادڕه‌سی ئێزدییه‌كان ئه‌مه‌ریكا نه‌بوو به‌ڵكو په‌كه‌كه‌و یه‌په‌گه‌و یه‌په‌ژه‌ بوون. ئه‌م هێزه‌ كوردیانه‌ توانیان به‌ر به‌هێرشه‌كانی داعش بگرن و ڕێڕه‌وێكی پارێزراو بۆ هه‌ڵهاتنی هه‌زاران ئێزدی به‌ره‌و چیای شه‌نگال بكه‌نه‌وه‌. 
بارزانی به‌ خیانه‌تكردن له‌ ئێزدییه‌كانی شه‌نگال تۆمه‌تبار ئه‌كرێـت. چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی هه‌واڵی پرسیاری ئه‌وه‌ ئه‌كه‌ن كه‌ چۆن ئه‌كرێت داعش به‌بێ ئه‌وه‌ی په‌لاماری كه‌ركوك، كه‌ شارێكی ده‌وڵمه‌نده‌ به‌نه‌وت، بدات به‌لای كه‌ركوكدا تێئه‌په‌ڕێـت و به‌مه‌به‌ستی داگیركردنی موسل، به‌ره‌و شاری موسڵ له‌ باكوری عێراق به‌ڕێئه‌كه‌وێت. ڕۆژنامه‌ی "Der Spiegel"ی ئه‌ڵمانی له‌ ڕاپۆرتێكیدا باس له‌وه‌ ئه‌كات كه‌ جیهادییه‌كان (داعش) گرفتیان نه‌بووه‌ له‌وه‌ی كه‌ له‌گه‌ڵ بارزانیدا، به‌شێوه‌یه‌كی پراگماتیكیانه‌، له‌سه‌ر "موسڵ بۆ ئێمه‌ و له‌به‌رانبه‌ردا ده‌ست بۆ كه‌ركوك نابه‌ین،" ڕێكبكه‌ون.
ئه‌و كاته‌ی كه‌ داعش په‌لاماری كوبانێ-ی ئه‌دا، بارزانی ڕایگه‌یاند ئه‌و ئاماده‌كاری بۆ ئه‌نجامدانی ڕیفراندۆمی سه‌ربه‌خۆی له‌ هه‌رێمی كوردستان ئه‌كات. وا ده‌رئه‌كه‌وێت كه‌ ئێزدییه‌كان كران به‌قوربانی هه‌وڵه‌كانی بارزانی بۆ به‌دیهێنانی ده‌وڵه‌تی كوردستانی سه‌ربه‌خۆ به‌سه‌ركردایه‌تی بارزانی خۆی.
به‌پێی ڕاپۆرته‌كانی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بێت، به‌لای كه‌مه‌وه‌ 5000 پیاوی ئێزدی به‌شێوه‌یه‌كی دڕندانه‌ كۆمه‌ڵكوژكران و داعش گوند به‌گوند ئه‌گه‌ڕاو ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ بنباڵیان توكی هه‌بوو (بالغ ببوون/ پێگه‌یشتووبوون) ئه‌كوشت و داعش پیاوه‌ ئێزدییه‌كانی به‌ئۆتۆمبیلی بارهه‌ڵگر به‌ره‌و كیڵگه‌كانی مه‌رگ برد و هه‌رله‌وێ ئه‌یكوشتن. 
هه‌زاران ژن و كچی ئێزدی له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ به‌دیلگیران و دواتر داعش ئه‌و ژن و كچانه‌ی له‌ شاری ڕه‌ققه‌ وه‌كو كۆیله‌ی سێكس فرۆشت و هه‌ندێكیانی وه‌كو دیاری به‌خشی به‌ ئه‌میرو چه‌كداره‌كانی خۆی. له‌ سێپه‌مبه‌ری 2014دا داعش به‌مه‌به‌ستی ڕێنمایكردنی چه‌كداره‌كانی بۆ سێكس كردن له‌گه‌ڵ ئه‌و كچ و ژنه‌ ئێزدیانه‌ی كه‌ له‌ شه‌نگال به‌دیل گرتبوونی، ڕێبه‌رێكی بڵأوكرده‌وه‌. ڕێبه‌ره‌كه‌ له‌ 27 ڕێنمایی پێكهاتبوو و له‌ ڕێبه‌ره‌كه‌دا داعش ئافره‌ت وه‌ك "شتومه‌ك" وێنائه‌كات. به‌شتومه‌ك كردنی ئافره‌ت ئه‌و مانایه‌ ئه‌گه‌یه‌نێـت كه‌ ئه‌كرێت ژن و كچ  كڕین و فرۆشتنی پێوه‌بكرێت یان وه‌ك دیاری ببه‌خشرێت. 
داعش بڕیاری ئه‌وه‌ی دا كه‌ لاقه‌كردنی ئافره‌ت (سه‌بایه‌) "ڕاسته‌وخۆ له‌دوای به‌ده‌ستهێنانی خاوه‌ندارێتی" كارێكی ڕێگه‌ پێدراوه‌و سێكسكردن له‌گه‌ڵ ئه‌و كچانه‌ی كه‌ "بالغ نه‌بوونه‌" (نه‌كه‌وتونه‌ته‌ سوڕی مانگانه‌وه‌) ئاسایه‌. زیاتر له‌ 3200 كچ و ژنی ئێزدی تا ئێستاش دیلی ده‌ستی داعشن و له‌لایه‌ن ئه‌و ڕێكخراوه‌وه‌ كراون به‌ كۆیله‌ی "جنس" و به‌خراپی مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا ئه‌كرێـت و ڕۆژانه‌ چه‌ند جارێك لاقه‌ئه‌كرێن. ئه‌م ژن و كچانه‌ ئه‌گه‌ر هه‌وڵی هه‌ڵهاتن بده‌ن، ئه‌وا ناچار ئه‌كرێن بینه‌ری دیمه‌نی كوشتنی مناڵه‌كانیانبن. ئه‌م كچ و ژنانه‌ به‌به‌رده‌وامی كڕین و قرۆشتنیان پێوه‌ئه‌كرێت له‌ باكوری عێراق و سوریاو سعودێ و چه‌ند وڵاتێكی تر. بارودۆخی ئه‌م كچ و ژنانه‌ زۆر خراپه‌و به‌شێكیان به‌هۆی تێكچوونی بارودۆخی ده‌رونیانه‌وه‌، له‌ڕێگه‌ی بڕینی ده‌ماری ده‌ست و مل و خۆهه‌ڵواسینه‌وه‌، كۆتایان به‌ژیانی خۆیان هێناوه‌. 
به‌پێ لێدوانی لیژنه‌ی به‌دواداچوونی ڕاستییه‌كانی سه‌ربه‌نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بێت، هه‌زاران پیاو مێردمنداڵی ئێزدی بێسه‌روشوێنن وچاره‌نوسیان نادیاره‌. هه‌رچۆنێك بێت ئه‌گه‌ر هێزه‌كانی په‌كه‌كه‌و یه‌په‌گه‌و یه‌په‌ژه‌ نه‌بووایه‌، ئه‌وا ژماره‌ی قوربانییه‌كانی ئێزدییه‌كان ڕووی له‌ هه‌ڵكشان ئه‌كرد و زۆر له‌و ژماره‌یه‌ی كه‌ ئێستا له‌به‌رده‌سته‌ زیاتر ئه‌بوو. 
 

زۆرترین خوێندراوە


political studies copyright 2017 © . All right reserved Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure