هه‌ڵه‌كانی ترامپ له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست

10/08/2017

:: بێ نوسەر ناوه‌ندی كوردستان بۆ توێژینه‌وه‌ له‌ململانێ و قه‌یرانه‌كان
نووسینی: كریستۆڤه‌ر هیل
سه‌رچاوه‌: Project Syndicate

خزمه‌تی شه‌ش مانگی سه‌ره‌تای دۆناڵد ترامپ نه‌ك ته‌نها نیشانده‌ری ئه‌و ئاماژه‌یه‌ ده‌ستكه‌وته‌ ناوخۆییه‌كانی ئیداره‌كه‌ی چه‌ند كه‌مه‌، به‌ڵكو ئه‌وه‌مان پێده‌ڵێت سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا  چۆن هێواش شه‌پۆل ده‌دات و بووه‌ته‌ هۆی دروستكردنی دیمه‌نێكی جیۆپۆلۆتیكی فراوانی به‌ بۆمب ته‌وقیتكراو. ناتوانرێت له‌ ده‌ستكه‌وته‌كانی ئیداره‌ی ترامپ تێبگه‌ین به‌بێ درككردن به‌ كێشه‌ ئاڵۆزه‌ و میراته‌ به‌ جێماوه‌كانی ئیداره‌ی پێشووی (باراك ئۆباما) بۆی، هه‌موو ئه‌مانه‌ ئه‌و دیمه‌نه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست زیاتر ڕوونده‌كه‌نه‌وه‌.
بۆ نموونه‌، بڕیاره‌كه‌ی دۆناڵد ترامپ له‌ نیسانی 2017ه‌، به‌ ئاڕاسته‌كردنی ژماره‌یه‌ك مووشه‌كی كروز بۆ بنكه‌ی ئاسمانی شیرات له‌ سوریا، وه‌ك وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌ بۆ به‌كارهێنانی چه‌كی كیمییای له‌لایه‌ن ڕژێمی بشار ئه‌سه‌ده‌وه‌ دژ هاوڵاتیانی مه‌ده‌نی. به‌ تێڕوانین له‌ بیروباوه‌ڕی سیاسه‌ته‌ مرۆڤ دۆستانه‌كان، ئه‌وا تاكه‌ بنه‌مای لۆژیكی ترامپ بۆ بڵاوه‌پێكردنی هێزه‌ سه‌ربازییه‌ ئه‌مریكییه‌كان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئیداره‌ی ئۆباما – دوای ئه‌وه‌ی هه‌ستا به‌كێشانی "هێڵی سوور" دژی به‌كارهێنانی چه‌كه‌ كیمیاییه‌كان له‌سوریا – ئه‌ویش له‌كاتێكدا هیچ وه‌ڵامێكی سه‌ربازی بۆ ڕژێمه‌كه‌ی بشار ئه‌سه‌د نه‌بوو له‌كاتی هێرشه‌ كیمیاییه‌كه‌ی غه‌وته‌ (Ghouta) له‌ساڵی 2013ه‌.
به‌ڵام دۆناڵد ترامپ كه‌متر گرنگی به‌ به‌كارهێنانی هێرشی سه‌ربازی ده‌دات له‌گه‌ڵ به‌رده‌وام بوونی هه‌وڵه‌ دبلۆماسییه‌كان. ئه‌وه‌ بوو له‌ كۆبوونه‌وه‌كانی لوتكه‌ی (G20) له‌ شاری هامبۆرگی ئه‌ڵمانیا له‌سه‌ره‌تای ته‌مووزی 2017ه‌، ترامپ ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد كه‌ ئه‌شێت به‌جۆرێك له‌ جۆره‌كان ولایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا هاوبه‌شی و هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ ڕووسیا بكات بۆ جێ به‌جێكردنی پلانی ئاگربه‌ست له‌ باشووری ڕۆژئاوای سوریا، كه‌ ئه‌كرێت ببێته‌ مۆدێڵك بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ناوچه‌كانی تری ئه‌و وڵاته‌ جێ به‌جێ بكرێت، ئه‌مه‌ش له‌كۆتایدا بریتیه‌له‌ دانانی سته‌یجێك بۆ پرۆسه‌ی ئاشتی له‌و وڵاته‌.
بۆیه‌ هه‌ركه‌سێك تێگه‌شتنێكی خێرای هه‌بێت ده‌رباره‌ی بارودۆخی سوریا، ئه‌وا ده‌گاته‌ ئه‌و باوه‌ڕه‌ی كه‌ پرۆسه‌ی ئاشتی له‌ ئاگربه‌ستێكی هه‌رێمییه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت. حكومه‌تی بشار ئه‌سه‌د توانیویه‌تی كه‌ هێزه‌ هاوپه‌یمانه‌كانی وه‌ك حزب الله‌ی لوبنانی و ئێران و ڕووسیا، وه‌ ته‌نانه‌ت له‌ هه‌ندێك حاڵه‌تدا توركیاش ڕابكێشێته‌ناو دیمه‌نه‌كه‌وه‌ و له‌بری ئه‌و جه‌نگ بكه‌ن بۆ چه‌ندین ساڵ. به‌ڵام، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ئۆپۆزسیۆنی چه‌كداری سوریا ته‌نها كۆمه‌ڵێك هاوكاری سه‌ربازی پچڕ پچڕیان وه‌رگرتووه‌ و هاوشێوه‌ی سه‌ره‌تاكانی ده‌ست پێكردنی جه‌نگی ناوخۆیی ئه‌و وڵاته‌ به‌ دابه‌شبوون و په‌رش و بڵاوی ماونه‌ته‌وه‌.
به‌ڵام هێشتا هیچ كه‌س نازانێت چی له‌ هزر و بیركردنه‌وه‌ی دۆناڵد ترامپ دا هه‌یه‌ ده‌رباره‌ی داهاتووی سنوور و حوكمڕانی له‌ سوریا. بۆیه‌ ئایا له‌ وڵاتێكی تێك شكاودا كه‌ كه‌مێك دامه‌زراوه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و زۆرێك له‌ گرووپه‌ ئاینی و عرقییه‌كانی تێدایه‌، مافی كه‌مینه‌كان ده‌پارێزرێت؟ ئه‌ی سنوره‌كانی ئه‌و وڵاته‌ چی به‌سه‌ر دێت؟ ئه‌گه‌ر جیهان له‌ عێراقه‌وه‌ وانه‌یه‌ك فێربووبێت – ئه‌وا ئه‌و دیموكراسییه‌ی داواكراوه‌ بۆ دامه‌زراوه‌ گه‌لێكی خۆگونجێنه‌ر و فه‌رمانڕه‌واییه‌كی كاریگه‌ر – ته‌نها خۆی له‌ هه‌ڵبژاردندا نابینێته‌وه‌.
ئامانج و ستراتیجی ئیداره‌ی ئۆباما له‌ سوریا بریتی بوو له‌ ده‌ست نیشانكردن و هاوكاریكردنی ئه‌و گرووپه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌ میانڕه‌وانه‌ی كه‌ دژی ڕژێمی بشار ئه‌سه‌د ده‌جه‌نگن. به‌پێچه‌وانه‌وه‌، ئیداره‌ی دۆناڵد ترامپ هه‌موو جۆره‌ هاوكارییه‌كی سه‌ربازی بۆ گرووپه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌ چه‌كداره‌ میانڕه‌وه‌كانی سوریا كۆتای پێهێنا و ته‌نانه‌ت به‌ ئاشكرا ڕایگه‌یاند هێز گه‌لێكی چه‌كداری له‌وجۆره‌ بوونی نییه‌. به‌ڵام له‌هه‌مان كاتدا هه‌ندێك هاوكاری و پشتگیری تاكتیكی بۆ گفتوگۆكانی ئاشتی ئه‌ستانه‌ی له‌ كازاخستان پێشكه‌ش كردووه‌، كه‌ له‌لایه‌ن هه‌ریه‌ك له‌ ئێران و توركیا و ڕووسیا به‌ڕێوه‌ده‌برێت، به‌ڵام هیچ نیه‌ت و ئاماژه‌یه‌كی پیشان نه‌داوه‌ كه‌ سه‌كردایه‌تی گفتوگۆكانی ئه‌و پرۆسه‌ ئاشتییه‌ له‌ ئه‌ستۆ بگرێت، یان ته‌نانه‌ت هه‌وڵی كاریگه‌ری دانان بدات له‌سه‌ر ده‌ره‌نجامه‌كانی گفتوگۆی ئاشتی ئه‌ستانه‌.
به‌ حوكمدان له‌سه‌ر كاره‌كانی شه‌ش مانگی سه‌ره‌تای ئیداره‌ی ترامپ، به‌ ئاسانی ده‌توانرێت پێشبینی ئه‌وه‌ بكرێت، كه‌ بشار ئه‌سه‌د له‌ ده‌سه‌ڵاتدا ده‌مێنێته‌وه‌. ئاشكرایه‌ ترامپ ڕووبه‌ڕووی هه‌مان ئه‌و كێشه‌یه‌ بووه‌ته‌وه‌ كه‌ ئۆباما ڕووبه‌ڕووی بووه‌وه‌، كاتێك هه‌وڵی دا ئه‌وه‌ بۆ هاوڵاتیانی ئه‌مریكا ڕوون بكاته‌وه‌ كه‌ ڕووخانی ڕژێمی شیعه‌ی عه‌له‌وی بشار ئه‌سه‌د یارمه‌تیده‌ر ده‌بێت له‌ تێكشكاندنی گرووپه‌ توندڕه‌وه‌ سوننیه‌كانی وه‌ك ڕێكخراوی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی (داعش). له‌ڕاستیدا، هه‌روه‌ك زۆرێك له‌ خه‌ڵكی سوریا ترسیان له‌وه‌یه‌ لابردنی بشار ئه‌سه‌د به‌بێ بوونی بیرۆكه‌یه‌كی ڕوون بۆ ئه‌وه‌ی چی و كێ جێگه‌ی بگرێته‌وه‌، ئه‌وا ده‌بێته‌هۆی ڕێگه‌ خۆشكردن بۆ سه‌رهه‌ڵدانی جۆرێك له‌ توندڕه‌وی و په‌ڕه‌گیری "سونن – ستان"، (گرتنه‌ ده‌ستی ده‌سه‌ڵات له‌لایه‌ن گرووپه‌ و ڕێكخراوه‌ سوننه‌ جیهادیسته‌ توندڕه‌وه‌كانه‌وه‌).
گرووپه‌ ڕادیكاڵه‌ ئیسلامییه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی دیارده‌یه‌كی عه‌ره‌بی سوننه‌ن. ئه‌و گرووپه‌ توندڕه‌وانه‌ ته‌نها ده‌ره‌نجامی خراپ مامه‌ڵه‌كردنی شیعه‌ یان ڕژێمێكی عه‌له‌وی نییه‌ له‌ چه‌ند وڵاتێكی دیاریكراوه‌، ئه‌و گرووپانه‌ كتوپڕ له‌ناو ناچن ئه‌گه‌ر ئه‌و ڕژێمانه‌ش ڕووخان. دوای هه‌موو ئه‌و شتانه‌، هێشتا ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش یه‌كێكه‌ له‌و گرووپه‌ توندڕه‌وه‌ سوننه‌ ئیسلامییه‌ به‌هێزه‌ی كه‌ له‌ ناوچه‌كه‌دا بڵاوبووه‌ته‌وه‌. بۆیه‌ به‌ده‌ر له‌ سوریا – دۆناڵد ترامپ پێویسته‌ زۆر به‌رفراوان بیربكاته‌وه‌. له‌ كۆبوونه‌وه‌كانی ئه‌نجومه‌نی هاریكاری كه‌نداو (جی سی سی) له‌ ڕیاز له‌ ئایاری 2017ه‌، ترامپ ستایشی سعودیه‌ی كرد وه‌ك گه‌وره‌ترین هاوپه‌یمانی ولایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا له‌ ناوچه‌كه‌. به‌ له‌به‌رچاوگرتنی ناكۆكییه‌كانیان له‌گه‌ڵ ئیداره‌كانی جۆرج بووشی كوڕ و باراك ئۆباما، سعودیه‌ به‌ په‌رۆشبوو بۆ پێشوازیكردن له‌ سه‌رۆكه‌ نوێیه‌كه‌ی كۆشكی سپی، و له‌كاتی گه‌شتكردنی بۆ ئه‌و وڵاته‌ – شه‌قامه‌كانی ڕیازی پایته‌خت به‌ وێنه‌ و پۆسته‌ره‌كانی دۆناڵد ترامپ ڕازێنرانه‌وه‌. له‌كاتی كۆبوونه‌وه‌كانی ئه‌نجومه‌نی هاریكاری كه‌نداو به‌ ئاماده‌بوونی ترامپ، وڵاتان ده‌ستی تۆمه‌تیان بۆ ئێران درێژكرد وه‌ك هۆكاری سه‌ره‌كی ته‌واوی كێشه‌ و ناكۆكییه‌كانی ناوچه‌كه‌ – هه‌روه‌ها سعودیه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد كه‌ عێراق هیچ نییه‌ جگه‌ له‌ به‌دیلێكی ئێران له‌ ناوچه‌كه‌دا. به‌دڵنیاییه‌وه‌، ئه‌م گوتاره‌ دژه‌ ئێرانییه‌، شانبه‌شانی گوتاره‌كانی ترامپه‌ دژ به‌و وڵاته‌. به‌ڵام، ته‌به‌نی كردنی سعودیه‌ و له‌ ئامێزگرتنی له‌لایه‌ن ترامپه‌وه‌ (له‌یه‌كه‌م سه‌ردانیدا) وا ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌كان به‌ته‌نها ئێران نه‌بێت.
زۆرێك له‌ لایه‌نگرانی دۆناڵد ترامپ وه‌ك ڕه‌گه‌زێكی وون ته‌ماشای سعودیه‌ ده‌كه‌ن له‌ پرۆسه‌ی ئاشتی نێوان ئیسرائیل – فه‌له‌ستینییه‌كان. سعودییه‌كان نفوزی داراییان به‌سه‌ر بزووتنه‌وه‌ی فه‌تح – حزبی فه‌رمانڕه‌وای فه‌له‌ستینی له‌ كه‌رتی ڕۆژئاوا – دا هه‌یه‌، هاوكات ته‌واو كراوه‌ن بۆ په‌راوێزخستنی بزووتنه‌ی حه‌ماس – كه‌ میلیشیایه‌كی ئیسلامی یه‌ و فه‌رمانڕه‌وای غه‌زه‌ ده‌كات. بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماس هاوكاری له‌ كۆمه‌ڵه‌ی ئیخوان موسلیمین وه‌رده‌گرێت، كه‌ (ئیخوان موسلیمین) ڕێكخراوێكی ئیسلامییه‌ و خاوه‌ن باڵێكی جیهادی توندڕه‌وه‌ و زۆرجار وه‌ك كێ بڕكێكاری ڕه‌وتی سه‌له‌فی سعودیه‌ ته‌ماشا ده‌كرێت.
به‌ له‌ ئامێزگرتنی بێ كۆت و به‌ندی سعودیه‌، ترامپ كه‌لێنی نێوان ئه‌و وڵاته‌ و ده‌وڵه‌تی قه‌ته‌ری فراوان كرد، كه‌ پاڵپشتیكاری دوورمه‌ودای كۆمه‌ڵه‌ی ئیخوان موسلیمین بووه‌ تا ئێستا. ئه‌وه‌بوو له‌ حوزه‌یرانی 2017ه‌، سعودیه‌ی به‌هاوكاری هه‌ریه‌ك له‌ میسر و شانشینی ئیماراتی عه‌ره‌بی یه‌كگرتوو و به‌حرین هه‌ستان به‌ سه‌پاندنی گه‌مارۆیه‌كی قورس و فراوان به‌سه‌ر قه‌ته‌ر، وه‌ سه‌ركرده‌ی ئه‌و وڵاتانه‌ لیستێكی فراوانی داواكارییان بۆ ئه‌و وڵاته‌ خسته‌ڕوو.
قه‌یرانی دبلۆماسی نێوان قه‌ته‌ر – كه‌ وڵاتێكی گرنگی ستراتیجییه‌ بۆ ولایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا – له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تانی تری كه‌نداو بووه‌ هۆی ڕاكێشانی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ولایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان "ڕێكس تیلێرسۆن" بۆ ناو قه‌یرانه‌كه‌. به‌ڵام تیلێرسۆن خۆی به‌دوورگرت له‌ ترامپ، هه‌روه‌ك له‌ واشنتۆن ووت و واتێك دروست بووه‌ كه‌ تیلێرسۆن خۆی ویستویه‌تی ناوچه‌كه‌ جێ بهێڵێت.
بۆیه‌ ئه‌گه‌ر دۆناڵد ترامپ بیه‌وێت جێ په‌نجه‌ی له‌سه‌ر ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست دیاری بكات، ئه‌وا پێویسته‌ زۆر به‌ باشی بیر له‌ ئاڵۆزییه‌كانی ناوچه‌كه‌ بكاته‌وه‌، و نابێت چیتر وه‌ك ئه‌وه‌ بیر بكاته‌وه‌ كه‌ له‌ كه‌مپینی دژایه‌تیكردنی باراك ئۆباما و هیلاری كلینتۆنه‌. چونكه‌ دووباره‌ صیاغه‌كردنه‌وه‌ی مه‌راسیمی سوێندخواردن ده‌ڵێت كه‌ : ڕێسای یه‌كه‌می دبلۆماسی ئه‌وه‌یه‌ زیان به‌خش نه‌بیت.

زۆرترین خوێندراوە


political studies copyright 2017 © . All right reserved Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure