هاوپه‌یمانییه‌ سه‌ربازییه‌كان و سیاسه‌تى نێوده‌وڵه‌تى

19/08/2017

:: بێ نوسەر ناوه‌ندی كوردستان بۆ توێژینه‌وه‌ له‌ململانێ و قه‌یرانه‌كان
پ.ی.د.ئومێد ڕه‌ فیق ـ مامۆستاى زانكۆ و توێژه‌ر

پێشه‌كی:
كۆتایهاتنى جه‌نگى جیهانى دووه‌م، له‌ڕووى سه‌ربازى و ئه‌منییه‌وه‌ كۆمه‌ڵێك هاوپه‌یانى سه‌ربازى لێكه‌وته‌وه‌، له‌ ڕووى ئه‌منییه‌وه‌ چه‌مكى ( ئاسایشى گشتى) هاته‌كایه‌وه‌، یه‌كێك له‌ میكانیزمه‌كان بۆ به‌دیهاتنى ئه‌م ئامانجه‌ ڕێكخراوى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كانه‌، له‌ ڕووى سه‌ربازیشه‌وه‌ جه‌مسه‌ربه‌ندى سیاسى دروست بووه‌ كه‌ بۆ پاراستن و مانه‌وه‌ى كوتله‌ سیاسیه‌كه‌ كۆمه‌ڵێك هاوپه‌یمانى سه‌ربازى دروست بوو له‌ لایه‌ن جه‌مسه‌ربه‌ندى ڕۆژئاوا به‌ سه‌ركردایه‌تى وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مریكا و، جه‌مسه‌رى سۆڤیه‌تى پێشوو، له‌ نێو گرنگترین ئه‌و هاوپه‌یمانیه‌تیانه‌ كه‌ ناسراوه‌ به‌ (هاوپه‌یمانى ناتۆ) له‌ ساڵى 1949. ئه‌مریكا له‌ ڕێگه‌ى ئه‌م هاوپه‌یمانیه‌تیه‌وه‌ ویستى به‌ربه‌ست دروست بكات له‌ به‌رده‌م بڵاوبونه‌وه‌ى ئایدۆلۆژیای شیوعى، و به‌ تایبه‌تى بۆ ئه‌وروپا. هه‌روه‌ها ئه‌مریكا كاریكرد له‌سه‌ر دروستكردنى پشتێنه‌ى باكوور كه‌ هه‌ریه‌ك له‌ ده‌وڵه‌تانى ( توركیا و ئێران و پاكستان) ى له‌ خۆ گرتبوو. ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ى ده‌یان بنكه‌ى سه‌ربازى به‌ وڵاتانى ئه‌وروپا و كۆریاى باشوور و یابان و فلیپین و بڵاوكرده‌وه‌ و، ڕۆڵى گرنگیشى هه‌بوو له‌ دروستكردنى هاوپه‌یمانى به‌غداد، پاشان یه‌كێكى تر له‌ هاوپه‌یمانێتییه‌ گرنگه‌كان كه‌ به‌ (هاوپه‌یمانى مانێلا)یان سه‌یتۆ ناسراوه‌، ئه‌م هاوپه‌یمانێتیه‌ سه‌ربازییانه‌ جگه‌ له‌وه‌ى بۆ پاراستن و قایمكردنى پێگه‌ى وڵاته‌ یه‌كگرتوه‌وكانى ئه‌مریكا بو,ه‌، به‌ڵام ڕۆڵى گرنگى گێراوه‌ له‌ پاراستن و به‌ ئامانج گه‌یشتنى ئاسایشى گشتى، بۆیه‌ ئه‌مریكا له‌ نێوان ئه‌و هاوپه‌یمانێتیه‌ كۆمكارییانه‌دا كه‌ ڕۆڵى سه‌ركردایه‌تى بینینه‌وه‌ چى له‌ ڕووى پشتگیرى ماددى و چ له‌ ڕووى مه‌شق و ته‌یاركردنی ته‌كنۆلۆجیای سه‌ربازییه‌وه‌، ژماره‌ى سه‌ربازه‌كانیشى له‌و هاوپه‌یمانێتیه‌نه‌دا به‌راورد ناكرێت به‌ وڵاتانى ئه‌ندامى ناو هاوپه‌یمانیه‌ته‌كه‌. ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ى كه‌ ئه‌مریكا چه‌ندین هاوپه‌یمانى سه‌ربازى دوو قۆڵى  سه‌ربازى و ستراتیجى له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك ده‌وڵه‌ت هه‌یه‌ وه‌كو هاوپه‌یمانى سه‌ربازى له‌گه‌ڵ (ئیسرائیل و سعودیه‌ و عێراق) له‌ ئێستاشدا له‌ هاوپه‌یمانێتیه‌كى ستراتیجى و سه‌ربازیدایه‌ له‌گه‌ڵ (66) ده‌وڵه‌ت كه‌ به‌( هاوپه‌یمانى نێوده‌ڵه‌تى دژ به‌ داعش ) ناسراوه‌. سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى كه‌ هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ى یه‌كێتى سۆڤێتى پێشوو پرسیارى له‌سه‌ر نهێنى مانه‌وه‌ى هاوپه‌یمانى ناتۆ دروستكردوو، هێرشه‌كانى یازده‌ى سێپته‌مبه‌ر ئه‌م پرسیاره‌ى دووباره‌ كردووه‌ له‌ كاتێكدا هێڕشى تیرۆرستى سنوره‌كان تێده‌په‌ڕێنى، هاوپه‌یمانى ناتۆ ، بیانوى مانه‌وه‌ى چی یه‌؟
له‌سه‌رده‌مى سه‌رۆك بۆشدا ئه‌و ڕه‌وته‌ى كه‌به‌ ڕه‌وتى (كۆنسه‌رڤاتیزمه‌ نوێیه‌كان) ناسراون گومانیان خسته‌سه‌ر هاوپه‌یمانى ناتۆو ته‌نانه‌ت ڕۆڵى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان، له‌مه‌ش زیاتر پێیان وایه‌  ئه‌مریكا مافى ئه‌وه‌ى هه‌یه‌ به‌ ته‌نها له‌ سه‌ر ئاستى نێوده‌وڵه‌تى، ئه‌وه‌ى كه‌ جێگه‌ى لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئیداره‌ى دۆناڵد تره‌مپ له‌ بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌كه‌یدا به‌ چاوێكى بێبایه‌خه‌وه‌ سه‌یرى هاوپه‌یمانى ناتۆ ده‌كات، ته‌نانه‌ت باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ به‌ زۆربه‌ى هاوپه‌یمانێتیه‌كاندا ده‌چێته‌وه‌ و به‌ شێكیان هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه‌(1).

یه‌كه‌م : هاوپه‌یمانییه‌ سه‌ربازییه‌كان و گۆڕان له‌ سیاسه‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكا:
له‌سه‌ره‌وه‌  باسمان له‌ هاوپه‌یمانیه‌ سه‌ربازییه‌كان كرد، لێره‌دا باس له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ بۆچى ئیدراكى سیاسى له‌ ئه‌مریكا به‌ ئاراسته‌ى گۆڕانى سیاسه‌تى ده‌ره‌وه‌یه‌ چ له‌ بوارى بازرگانى و په‌یوه‌ندى و هاوكارییه‌كان ، چ له‌ بوارى سه‌ربازى و هاوپه‌یمانییه‌ ستراتیجیه‌ ئه‌منییه‌كان، ئیداره‌ى ئه‌مریكا جگه‌ له‌وه‌ى كه‌ له‌ ڕوانگه‌ى ئابووری و وزه‌ باس له‌ گرنگى  مانه‌وه‌ى یان ده‌رچوونی ئه‌م بابه‌ته‌ ده‌كات، ده‌یه‌وێت ئیداره‌ى گۆڕانه‌كان له‌ دوو ڕه‌هه‌ندى سه‌ره‌كیه‌وه‌ بكات، ئه‌وانیش ڕوانگه‌ى هه‌ڕه‌شه‌ وه‌كو ڕێگه‌یه‌ك بۆ ئیداره‌دانى گۆڕانكارى، دووه‌میان پره‌نسیپى ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌ و دروستكردنى دوژمن. به‌ پێى پره‌نسیپى یه‌كه‌م هه‌ڕه‌شه‌ یه‌كێكه‌ له‌ میكانیزمه‌كانى هێز كه‌ له‌كاتى ململانێ و كێشه‌كاندا په‌ناى بۆ ده‌بردرێت، له‌ شێوازه‌ كلاسیكیه‌كانى هه‌ڕه‌شه‌ بریتیه‌له‌ به‌كارهێنانى هێزى سه‌ربازى له‌ په‌یوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ئه‌مه‌ش له‌ چوارچێوه‌ى دروستكردنى هاوپه‌یمانى و ته‌كه‌تولاتى سه‌ربازى.(2). دروستكردنى هاوپه‌یمانێتیه‌كانیش  له‌ كۆندا به‌ دوو ڕێگه‌كراوه‌ یان له‌ ڕێگه‌ى وه‌ڵامدانه‌وه‌ى هه‌ڕه‌شه‌كان به‌ ڕێگه‌ى هاوسه‌نگى، یان له‌ ڕێگه‌ى ملكه‌چكردن و موسایه‌ره‌كردنى هه‌ره‌شه‌كانه‌وه‌ بووه‌. ئه‌مریكا له‌ به‌ده‌ستهێنانى ئه‌م ڕێگه‌یه‌دا ماركیتینگى هه‌ڕه‌شه‌ى ده‌كرد و سه‌ركه‌وتوو بوو له‌ به‌ده‌ستهێنانى ئامانجه‌كه‌یدا. به‌ڵام ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌ یاخود ته‌حه‌دى بریتیه‌له‌ كۆمه‌ڵێك كردار یا په‌رچه‌كردارى ناودژ و به‌رده‌وام له‌سه‌ر ئاستى جیاواز و له‌ نێوان ئه‌و  لایه‌نانه‌ى كه‌ ئامانجى ستراتیجى دژ به‌یه‌كیان هه‌یه‌ و ئامانجیانه‌  ئاسایشى نه‌یاره‌كانیان بشكێنن و نه‌گه‌ن به‌ ئامانجه‌كانیان.(3).
ئه‌م دوو ستراتیجه‌ له‌ قۆناغ و ئاستى جیاوازدا تاقیكراوه‌نه‌وه‌ به‌ بێ ئه‌وه‌ى لایه‌نه‌ ئابوورییه‌كه‌ى بكرێته‌ پێش مه‌رج بۆ وڵاتانى هاوپه‌یمان، له‌سه‌رده‌مى تره‌مپدا  ئه‌گه‌ر سه‌رده‌مى بانگه‌شه‌كانى وه‌كو قۆناغى سه‌ره‌تایى بۆ جێبه‌جێكردنه‌كه‌ى بكه‌ین به‌ پێوه‌ر له‌باره‌ى هاوپه‌یمانى سه‌ربازیى و ئه‌منییه‌وه‌، تره‌مپ به‌ پێچه‌وانه‌ى تێڕوانینه‌كانى تره‌وه‌ پێى وایه‌ ده‌بێت ئه‌مریكا واز له‌ سیاسه‌تى به‌كارهێنانى بنكه‌ى سه‌ربازى و یاخود بڵاوكردنه‌وه‌ى هێزه‌ سه‌ربازییه‌كانى بهێنێت له‌ خاكى ده‌وڵه‌تانى تردا، یاخود بچێته‌ هه‌ر هاوپه‌یانیه‌تییه‌كى ئه‌منیه‌وه‌ كه‌ تێچونى ماددى گه‌وره‌ بكه‌وێته‌ سه‌ر ئه‌مریكا، له‌ چاوپێكه‌وتنێكدا كه‌ ڕۆژنامه‌ى واشتن پۆست له‌ ئه‌پریلى 2016 له‌گه‌ڵیدا ئه‌نجامیداوه‌  ڕۆژنامه‌كه‌ پرسیارى له‌ تره‌مپ كردووه‌ له‌باره‌ى ئه‌وه‌ى كه‌ ئه‌مریكا چ سودێك له‌وه‌ ده‌بینێت كه‌ بنكه‌ى سه‌ربازى له‌ ڕۆژهه‌ڵاتى ئاسیا هه‌بێت، تره‌مپ زۆر به‌ ڕاشكاوى وڵامده‌داته‌وه‌ و ده‌ڵێت: (من هیچ سودێك نابینم ). (4).
چه‌ندین جار و له‌ شوێنى جیاوازدا ئه‌وه‌ى دووپاتكردۆته‌وه‌ كه‌ هاوپه‌یمانى ناتۆ  بوه‌ته‌ ده‌زگایه‌كى ناكار و كۆن، هه‌روه‌ها وتویه‌تى ئه‌مریكا دۆخى زۆر باشتر ده‌بێت ئه‌گه‌ر ده‌ستبه‌ردارى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست ببێت، ئه‌م بۆچوونانه‌ به‌ ته‌واوى پێچه‌وانه‌ى ڕاى حیزبییه‌ له‌ ئه‌مریكا و پێچه‌وانه‌ى ڕاى داموده‌زگاى ئه‌مریكیه‌ كه‌ ڕایان وایه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ سه‌ره‌كییه‌كانى ئه‌مریكا ئه‌وه‌یه‌ پابه‌ند بێت به‌ پاراستنى هاوپه‌یمانییه‌ ستراتیجى و ئه‌منیه‌كانى له‌ ئه‌وروپا و ڕۆژهه‌ڵاتى ئاسیا و ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌راست.(5). 
ئه‌م تێڕوانینه‌ ده‌رگا به‌ روى مه‌ترسى گه‌وره‌دا ده‌كاته‌وه‌، به‌تایبه‌تى له‌گه‌ڵ ئه‌و وڵاتانه‌ى كه‌ نه‌یاره‌كانیان  له‌ په‌راوێزى هاوپه‌یمانییه‌ سه‌ربازییه‌كاندا وازیان له‌خه‌ونى داگیركردن و قوتدانى سه‌ربازى هێناوه‌، له‌ حاڵه‌تى نه‌مانى ئه‌م مه‌ترسییه‌ ئه‌گه‌ره‌كان زیاتر به‌ره‌و نائارامى سه‌ربازى مه‌ترسى هه‌ڵگیرسانه‌وه‌ى شه‌ڕ ده‌چن، له‌ باشترین حاڵه‌تدا ئه‌م بۆچونانه‌ى تره‌مپ كار له‌سه‌ر دوو ڕه‌هه‌ندى سه‌ربازى و ئه‌منى ده‌كه‌ن:
یه‌كه‌م : ده‌وڵه‌تانى هاوپه‌یمانى ئه‌مریكا زیاتر بیر له‌ خۆ پڕ چه‌ككردن و به‌سه‌ربازیكردن و گۆڕانى هاوپه‌یمانى سه‌ربازى ده‌كه‌نه‌وه‌، دوور نیه‌ نه‌یاره‌ پێشینه‌كان ببن به‌ دۆستى نوێ، له‌م حاڵه‌تانه‌ گروپى پیشه‌سازى ئه‌مریكى ڕۆڵى گرنگ ده‌بینێت و سه‌رمایه‌كى گه‌وره‌ ڕوو له‌ ئه‌مریكا ده‌كات.
دووه‌م: ڕاكێشانى سه‌رنجى ناوخۆى ئه‌مریكایه‌ له‌ ڕووه‌ سیاسى و ئابوورییه‌كه‌یه‌وه‌ بۆ تره‌مپ، چونكه‌ لاى ئه‌مریكیه‌كان ئه‌وه‌ ساغ بوه‌ته‌وه‌ كه‌ ئه‌مریكا به‌شێكى گه‌وره‌ له‌ سامانى وڵاته‌كه‌ و سه‌رمایه‌ى هاوڵاتیان له‌ سیاسه‌تى ده‌ره‌وه‌دا خه‌رج ده‌كات.
بۆیه‌ تره‌مپ كار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ پێویسته‌ شه‌ریكه‌كانى ئه‌مریكا ئه‌ركه‌ ئابوورى و داراییه‌كانى بوونى سه‌ربازى ئه‌مریكى له‌ وڵاته‌كانیاندا بگرنه‌ ئه‌ستۆى خۆیان، لێره‌دا تره‌مپ سوپاى ئه‌مریكا وه‌كو كۆمپانیایه‌كى پاراستنى تایبه‌ت سه‌یر ده‌كات كه‌ له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌ى خزمه‌تى سه‌ربازى و ئه‌منى پێشكه‌ش ده‌كات، ئه‌ركه‌ مادییه‌كانى بكاته‌ سه‌ر ئه‌و لایه‌نه‌.ئه‌مه‌ش گۆڕانێكى گه‌وره‌یه‌ له‌ بوارى بیروباوه‌ڕى ئاسایش له‌ وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مریكا. تره‌مپ جارێكى تر ئه‌وه‌ دووپات ده‌كاته‌وه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌مریكا به‌رده‌وام بێت له‌به‌رگریكردن له‌ هاوبه‌شه‌كانى، ده‌بێت ئه‌و هاوبه‌شانه‌مان له‌ ڕۆژهه‌ڵاتى ئاسیا ئه‌ركه‌ مادییه‌كانى  كه‌شتى حه‌وته‌م بگرنه‌ ئه‌ستۆ بۆ پاراستنیان له‌ چین. هه‌روه‌ها ده‌بێت ئه‌وروپا ئه‌ركى دارایى چه‌ترى چه‌كى ناوه‌كى ئه‌مریكا بگرێته‌ ئه‌ستۆ كه‌ فاكته‌رى سه‌ره‌كیه‌ بۆ پارێزگارى له‌و هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسییه‌ ستراتیجیانه‌ى كه‌ ڕووسیا هه‌یه‌تى له‌سه‌ر ئه‌وروپا. هه‌روه‌ها له‌سه‌ر ده‌وڵه‌تانى كه‌نداویشه‌ ئه‌ركه‌ داراییه‌كانى  كه‌شتى پێنجه‌م بگرنه‌ ئه‌ستۆ له‌به‌رامبه‌ر پاراستن و پارێزگاریكردنیان له‌ ئێران .(6).ئه‌م گۆرانه‌ له‌ بیروباوه‌رى ئاسایش له‌ سیاسه‌ت و ستراتیجیه‌تى سیاسه‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكا ڕه‌نگدانه‌وه‌ى نه‌رێنى له‌سه‌ر ئاسایشى و ئاشتى نێوده‌وڵه‌تى دروست ده‌كات و ڕووبه‌ڕوومان ده‌كاته‌وه‌ له‌گه‌ڵ دۆخێكى تازه‌ى نێوده‌وڵه‌تى .

دووه‌م : ڕه‌نگدانه‌وى سیاسه‌تى سه‌ربازى و ئه‌منى ئه‌مریكا له‌سه‌ر ئاسایشى جیهانى
لاى تره‌مپ وڵاته‌یه‌كگرتوه‌كانى ئه‌مریكا وڵاتێكه‌ به‌به‌راورد له‌گه‌ڵ وڵاتانى تر كه‌مترین هه‌ڕه‌شه‌ى ئاسایشى له‌سه‌ره‌ ، له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا زۆرترین سه‌رمایه‌ و سه‌رچاوه‌ى دارایى خۆیى له‌بوارى هاوپه‌یمانى سه‌ربازى و به‌دیهێنانى ئاسایش له‌سیسته‌مى نێوده‌وڵه‌تى ته‌رخانكردوه‌، له‌هه‌مووشیان گرنگتره‌ ئه‌و بابه‌ته‌یه‌ كه‌ به‌هه‌ڕه‌شه‌كانى تره‌مپه‌وه‌ هه‌یه‌ له‌باره‌ى ( ناتۆ)وه‌ ، چونكه‌ له‌ دواى جه‌نگى جیهانى دووه‌مه‌وه‌ ئه‌كه‌كانى ناتۆ له‌ ڕووى ستراتیژییه‌وه‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌ى ئه‌و گۆڕانانه‌یه‌ كه‌له‌ ژینگه‌ى ئاسایشى جیهانیدا ڕووده‌دات. (7).
یه‌كێك له‌و هه‌ڕه‌شانه‌ كه‌مكردنه‌وه‌ى ئه‌ركه‌داراییه‌كانى ئه‌مریكایه‌ بۆ ناتۆ، ئه‌م بڕیاره‌ به‌ واتایى كه‌مكردنه‌وه‌ى ڕۆڵى ناتۆو په‌راوێزخستنى دێت. لاى تره‌مپ هاوپه‌یمانى ناتۆ چه‌ترێكى به‌خۆراییه‌ بۆ پاراستنى ئه‌وروپا، چونكه‌ زۆرترین ئه‌ركه‌كانى له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌ دابین ده‌كرێت.
ئه‌گه‌ر سه‌یرى راپۆرتى  بودجه‌ى  به‌رگرى ساڵى 2016ى ناتۆ بكه‌یت، ده‌بینیت بڕه‌كه‌ى ده‌گاته‌ 918  ملیار دۆلار، له‌م بره‌ به‌شى وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مریكا 664 ملیار دۆلار بووه‌ كه‌ ده‌كاته‌ 73% ى  بودجه‌ى به‌رگرى.( 8) .
بۆیه‌ به‌ نیسبه‌ت تره‌مپه‌وه‌، ئه‌وروپا و ئاسیا وه‌كو سه‌رنشینێكى به‌ خۆرایى وان (راكب مجانی) ، له‌ كاتێكدا ئه‌وان له‌سایه‌ى ئه‌و چه‌چره‌ ئه‌منیه‌دا زۆرترین بودجه‌ى وڵاته‌كانیان بۆكه‌رته‌كانى ترى وه‌كو ته‌ندروستى و خوێندن وپه‌روه‌رده‌و ژینكه‌ ته‌رخان ده‌كه‌ن.ئه‌م بۆچونانه‌ى تره‌مپ مه‌ترسیه‌كى گه‌وره‌ى له‌ ئه‌وروپا دروست كردوه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ى كه‌ له‌ هه‌ڵمه‌تى هه‌ڵبژاردنه‌كان هه‌بو له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى له‌ واقیعدا هه‌ن دوو شتى جیاوازن، زیاتر له‌سه‌د رۆژ به‌سه‌ر فه‌رمانڕه‌وایى تره‌مپدا تێپه‌ڕى، هه‌تاوه‌كو ئێستاش جیهان چاوه‌ڕوانی سیاسه‌تى رۆشن و ( فره‌لایه‌ن)ى تره‌مپه‌ به‌رامبه‌ر به‌ سیاسه‌تى نێوده‌وڵه‌تى و پرسه‌ كاریگه‌ره‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، كه‌ له‌ گرنگترینیان بریتین له‌ جه‌نگى سوریا و وه‌كو كلیلى چاره‌سه‌رى و یه‌كاڵاكردنه‌وه‌ى زۆر كێشه‌ى سیاسى و ئه‌منى یه‌كلاكه‌ره‌ به‌ ڕووى ناوچه‌ى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و ڕووسیادا، هه‌روه‌ها ململانێى له‌گه‌ڵ چین و ، په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ ڕووسیا، به‌ڵام ئه‌وه‌ى ڕوون نیه‌ نه‌بوونى ئاستێكى سیاسى بابه‌تى هه‌مه‌لایه‌نه‌، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ڕه‌فتارى سیاسى تره‌مپ شتێكى ته‌واو جیاوازه‌ له‌ گوتاره‌ سیاسییه‌كانى له‌ كاتى هه‌ڵمه‌تى هه‌ڵبژاردنه‌كان، بۆنموونه‌ له‌كاتى پێشوازییه‌ گه‌رموگوره‌كه‌ى له‌ سه‌رۆكى چین و، له‌كاتێكدا له‌ كاتى هه‌ڵمه‌تى هه‌ڵبژاردنه‌كاندا هێڕشى زۆر توندى كردۆته‌ سه‌ر چین و به‌شێك بووه‌ له‌ بونیادى گوتاره‌كانى تره‌مپ له‌سه‌ر سیاسه‌تى چین به‌رامبه‌ر به‌ ئه‌مریكا. 
هه‌رچه‌نده‌ له‌ وێنه‌ گشتیه‌كه‌دا كه‌ سه‌یرى ڕوداوه‌ سیاسییه‌كان ده‌كه‌یت له‌ دواى تره‌مپ وێستگه‌ى دبلۆماسى ئه‌مریكى پره‌ له‌ سه‌ردان و ، له‌ ناو سه‌ردانه‌كاندا هه‌ڵبژارده‌یه‌كى گرنگ له‌ هێزى كاریگه‌ر ده‌بینى به‌ تایبه‌تى له‌ وانه‌ى كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست له‌ گرنگترینیان ( سعودیه‌ ، توركیا ، ئیسرائیله‌) له‌ ناو ئه‌م ده‌وڵه‌تانه‌دا له‌ نێوان دۆسته‌ كاریگه‌ره‌كاندا ( سعودیه‌ و ئیسرائیل) وه‌كو هاوپه‌یمانى دڵسۆزى ناوچه‌كه‌ و خاوه‌ن قورسایى ئاینى و مه‌زهه‌بى ده‌مێننه‌وه‌، بۆ ئه‌مریكا خاڵى هاوبه‌شى گرنگن له‌ گرنگتریینیان هه‌ردووكیان نه‌یارى سه‌ره‌كى نفوزى ئێرانن. توركیاش بۆ ئه‌مریكا گرنگه‌ و وه‌كو ڕكابه‌رى سیاسى مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت. كه‌واته‌ سیاساتى ده‌ره‌وه‌ى تره‌مپ بۆ ئه‌م ناوچه‌یه‌ ،هه‌وڵدانه‌ بۆ بیناكردنه‌وه‌ى هاوپه‌یمانى تازه‌ ،له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانه‌كانى ئه‌مریكا و دۆسته‌كانى له‌ ناوچه‌كه‌ ، ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ى كه‌ ده‌كه‌ونه‌ چوارچێوه‌ى ئه‌م هاوپه‌یمانێتیه‌ ( سعودیه‌ و ده‌وڵه‌تانى كه‌نداو، مصر و ئه‌رده‌ن و  ئیسرائیله‌) ئه‌وه‌ ده‌وڵه‌تانه‌ش  خۆى به‌ پارێزه‌رییان ده‌زانێت و جێگه‌ى ململانێى نفوزى ده‌وڵه‌تانى ،  بۆیه‌ له‌م سه‌ردانه‌ى تره‌مپ بۆ ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌راست كردى دۆسته‌ گرنگه‌كانى به‌سه‌ر كرده‌وه‌و ، له‌ ناو دۆسته‌كانیدا له‌ سعودییه‌ بۆندێكى گه‌وره‌ى سه‌ربازى ئیمزاكرده‌وه‌و په‌یمانى هاوكارى به‌ سعودییه‌كان داوه‌ .  ئه‌م بۆنده‌ له‌ بوارى به‌رگرییه‌دا  بره‌كه‌ى 110 ملیار دۆلاره‌ كه‌ پێنج ته‌وه‌ر له‌ خۆ ده‌گرێت (ئاسایشى سنوره‌كان و قه‌ڵاچۆكردنى تیرۆر، ئاساشى ده‌ریا و وشكانییه‌كان، نوێكردنه‌وه‌ى هێزى ئاسمانى، به‌رگرى ئاسمانى و موشه‌كى، نوێكردنه‌وه‌ى ئاسایشى سیبرانى و  په‌یوه‌ندییه‌كان)، ئێمه‌ سه‌ره‌ڕاى ئیمزاكردنى بۆندى به‌رگرى له‌گه‌ڵ ئه‌م كۆمپانییانه‌ى ئه‌مریكا كه‌ كار له‌ بوارى پیشه‌سازى سه‌ربازى ده‌كه‌ن، له‌وانه‌:كۆمپانیاى ( لۆكهید مارتن) ، هه‌روه‌ها كۆمپانیاى ( رایسیون) و  ، كۆمپانیاى (جه‌نه‌راڵ داینامیكس).(9).
هه‌روه‌ها له‌ كۆبونه‌وه‌كانى له‌گه‌ڵ وڵاتانى (G7) و سه‌رۆكى ناتۆ جارێكى تر جه‌ختى له‌ گرنگى پاراستنى ئاسایشى جیهانى كرده‌وه‌و ، ئاسایشى ئه‌مریكاى به‌سته‌وه‌ به‌ ئاسایشى جیهانه‌وه‌. ئه‌مه‌ نیشانه‌ى  جۆرێك له‌ گێرانه‌وه‌ى متمانه‌یه‌ به‌ ئه‌وروپا و ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و مه‌ترسیه‌كانى گه‌وره‌بوونى ڕۆڵى ڕووسیا له‌ ناوچه‌ى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌راست. به‌ تایبه‌ت دواى هاوكارییه‌ سه‌ربازییه‌كانى بۆ كوردستانى ڕۆژئاواو  موشه‌ك بارانكردنى سوریا دواى ئه‌وه‌ى كه‌ گازى خه‌رده‌لى به‌رامبه‌ر به‌ هاوڵاتیان به‌كارهێنا.

 ده‌رئه‌نجام
هه‌رچه‌نده‌ جۆرێك له‌ ڕاڕایى سیاسى و ئه‌منى له‌ سیاسه‌تى نێوده‌وڵه‌تى هه‌یه‌ به‌رامبه‌ر به‌ سیاسه‌تى ده‌ره‌وه‌ى وڵاته‌ یه‌كگرتوه‌كانى ئه‌مریكا به‌رامبه‌ر به‌ هاوبه‌شه‌ سیاسییه‌كان و  هاوپه‌یمانیه‌ سه‌ربازییه‌كان، هه‌روه‌ها دروست بوونى جۆرێك له‌ ره‌وتى به‌رچاو كه‌ پشتكیرى له‌ پره‌نسپه‌كه‌ى تره‌مپ ده‌كه‌ن به‌وه‌ى كه‌ نابێت ئه‌مریكا له‌ سیاسه‌تى نێوده‌وڵه‌تیدا ڕۆڵى  پۆلیس بگێرێت ، به‌ڵام ئه‌م بیروبۆچوونه‌ كه‌ ئه‌مریكا به‌ره‌و دابڕانی ده‌بات له‌سه‌ر ئاستى دامو ده‌زگایى و حیزبى پشتگیرى لێناكرێت، هه‌روه‌ها نه‌خشاندنى وێنه‌ى دونیا به‌وه‌ى كه‌ ئاسایشى جیهان ئاسایشى ئه‌مریكا نیه‌، تاڕاده‌یى نا واقیعى بوون ڕه‌تكراوه‌یه‌ و تره‌مپیش له‌ ئێستادا پاشه‌كشه‌ى واقیعى لێكردووه‌.

سه‌رچاوه‌كان:
1ـ مروان قبلان، اطروحات ادارة ترمب ونظام مابعد الحرب العالمية الثانية، مجلة سياسات عربية،العدد24 2017، ص 104.
2ـ د.حازم الجنابي، ادارة التغير الاستراتيجية الامريكية الشاملة، دار الحامد، 2014،ص 301.
3ـ هه‌مان سه‌رچاوه‌ ، ل 310.
4ـ مروان قبلان، هه‌مان سه‌رچاوه‌،  ل108.
5ـ هه‌مان سه‌رچاوه‌، ل 108.
6ـ إكرام يوسف، حلف ناتو، على موقع http://www.masralarabia.com/%D8%B5%D8%AD%D8%A7%D9%81%D8%A9- 
7ـ  د. محمد حسون، الاستراتيجية التوسعية لحلف الناتو وأثرها علي الأمن القومي العربي، مجلة جامعة دمشق للعلوم الاقتصادية والقانونية، المجلد 26، العدد الثاني 2010، ص943.
8ـ مروان قبلان، هه‌مان سه‌رچاوه‌، ل 109.
9ـ   ترامب يعلن صفقات بين السعودية وأمريكا تتجاوز 400 مليار دولار.. تعرّف على أبرزها، العربية، (22 مايو/أيار 2017)، من موقع https://arabic.cnn.com/business/2017/05/21/saudi-us-agreements-signed-trump-visit

زۆرترین خوێندراوە


political studies copyright 2017 © . All right reserved Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure