پەیوەندییەکانی ئێران- قەتەر له‌ژێر رۆشنایی قەیرانی کەنداودا..

21/09/2017

:: بێ نوسەر ناوه‌ندی كوردستان بۆ توێژینه‌وه‌ له‌ململانێ و قه‌یرانه‌كان
ئەژی ئازاد ئەبوبەکر، مامۆستای زانكۆ و توێژه‌ر

پێشەکی
ئێران و قەتەر وەک دوو دەوڵەتی بەهێزی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، خاوەن مێژووییەکی کورت بەڵام کاریگەرن لە پەیوەندییە سیاسی، ئابووری و ئەمنییەکان کە وایکردووە سەڕەاڕای هەموو جیاوازییە دونیابینی و ئایدۆلۆژییەکانی نێوانینان تا ئەمڕۆ بەردەوام بێت. لە کاتێکدا ئێران لەگەڵ کوەیت و عەمانیش پەیوەندییەکی باشی هاوشێوە هەیە، بەڵام دەرکەوتنی قەتەر وەک هێزی ناوبژیوان لە پێش ٢٠١١ و دواتر وەک هێزێکی دەستێوەردەر لە دوای ڕاپەڕینە عەرەبییەکان و پێکدانان و نزیک بوونەوە لەگەڵ ئێران لە بابەتە جیاوازەکانی ناوچەکە، وایکردووە کە پەیوەندییەکانی قەتەر لەگەڵ ئێران جیاوازتر و ئاڵۆزتر بێت بە بەراورد لەگەڵ وڵاتانی تر. ئەم پەیوەندییە لە دوای درووست بوونی قەیڕانی کەنداو(یان قەیرانی قەتەر) چۆتە ناو قۆناغیێکی نوێترەوە کە خۆی لە نزیک بوونەوەی زیاتر ئەم دوو وڵاتە دەبینێت. لەم توێژینەوەدا هەوڵدراوە سەرەتا ئاستی پەیوەندی جیاوازەکانی نێوان دوو وڵات و هەڵوێستەکانی دوو وڵات لە بابەتە سیاسییەکانی پەیوەندیدار بە یەکتر بە درێژایی مێژوو بخرێتە ڕوو و دواتر کاردانەوەی ئێران بۆ قەیرانی کەنداو شی بکرێتەوە، بۆ ئەوەی فاکتەرەکانی نزیک بوونەوەی ئەم دوو وڵاتە لە ئیستادا دەست نیشان بکرێت. 

پێشینەی پەیوەندییەکانی ئێران و قەتەر:
- پەیوەندیی ئابووری و بازرگانی
لایەنێکی بەهێزی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و قەتەر، پەیوەندی بە لایەنی ئابووری و بازرگانییەوە هەیە؛ ئێران هەر لە کۆنەوە بەشێکی زۆری لە پێداویستییەکانی خواردەمەنی قەتەر ی دابین کردووە. لە دوای دۆزینەوەی نەوت لە قەتەر و گەشەی ئابووری ئەم وڵاتە بە هۆی بەرهەمهێنانی نەوتەوە، هێزێکی کاری زۆری ئێرانی بەرەوە قەتەر کۆچیان کرد و هەلی ئیش کردنیان بۆ دۆزرایەوە. لە ساڵی ١٩٧٦، "نوێنەرایەتی ناوەندی گەشەی هەناردەی ئێران" لە دەوحە کرایەوە کە جموجووڵێکی زیاتری بە پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان دوو وڵات دا، بەڵام ئەم پەیوەندیە لە دوای شۆڕشی ١٩٧٩ی ئێران و هاتنە سەر دەسەڵاتی حکوومەتێکی ئیسلامی و گۆڕانی نەخشەی سیاسی ناوچەکە و دەرکەوتنی جیاوازییە ئایدۆلۆژیاییەکانی نێوان ئێران و وڵاتانی کەندا و لە ناویاندا قەتەر، کزبوونەوەی بە خۆوە بینی و هەوڵەکان بۆ دووبارە دانانەوەی ئەم ناوەندە بازرگانییە بێ ئەنجام بوو. لەگەڵ ئەمەشدا و لە ساڵی ١٩٩٢، ناوەنێکی تری بازرگانی لە دەوحە کرایەوە. بە گشتی ئاستی ئاڵوگۆری بازرگانی نێوان دوو وڵات لە نێوان ساڵانی ١٩٧٩-١٩٩٢ ئاستی جیاوازی هەبووە و تەنیا لە ساڵی ١٩٧٩ هاوسەنگی بازرگانی لە قازانجی ئێران بوو و لە ساڵەکانی دواتردا قەتەر سودمەندی یەکەمی بازرگانی نێوانیان بووە(١). هەوڵی دوو وڵات بۆ سود وەرگرتن لە سەرمایەگوزاری یەکتر لە بازاڕە هابەشەکانیان دواجار بووە هۆی ئەوەی کە لە ساڵی ١٩٩١ چەندین ڕێککەوتننامەی گەورەی ئابووری و بازرگانی و کەلتوری نێوان هەر دوو وڵات واژوو بکرێت کە خاڵێکی گۆڕانی گەورە بوو لە پەیوەندییەکانی ئێران و قەتەر، بەشێک لەو ڕێککەوتننامانە بریتی بوون لە ڕێککەوتننامەی ئاڵوگۆڕی ئاسمانی بە مەبەستی فراوان کردنی گەشتی ئاسمانی نێوان دووو وڵات و ڕێککەوتننامەی بازرگانی بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی و هاوکاری تەکنیکی و هاندانی هەناردە و هاوردەی شتومەکە پیشەسازی و کشتوکالییەکان و هەوروەها هاوکاری زانستی و پەروەردەیی نێوان دوو وڵات(٢). لە هەموو ئەمانە گرینگتر کە خاڵێکی زۆر کاریگەری هێشتنەوەی پەیوەندییە ئابوورییەکانی ئێران و قەتەر بووە و تەنانەت کاریگەری لە سەر لایەنەکانی تری پەیوەندی ئەم دوو وڵاتە کردووە، پەیوەستە بە بوونی مەیدانێکی گەورەی غازی کە لە سەر سنووری دەریایی هاوبەشی نێوان دوو وڵاتە و بە مەیدانی "پارس جنوبی" ناسراوە(٣). ڕووبەری ئەم مەیدانە ٩٧٠٠ کم چوارگۆشەیە، کە ٣٧٠٠ کم چوارگۆشەی دەکەوێتە ناو ئاو ئاوەکانی ئێران و ٦٠٠٠ کم چوارگۆشەی دەکەوێتە ناو ئاوەکانی قەتەر(٤). بەرهەمهێنان لەم مەیدانە لە ساڵی ١٩٨٩ دەستی پێکردووە و لە ئیستادا ناوەندێکی گەورەی هەناردەی غازی سرووشتییە بۆ وولاتانی جیهان و یەکێکە لە بڕبڕەکانی پشتی ئابووری هەردوو وڵات کە هەڵبەت لە ساڵانی ڕابردوودا بەرهەم هێنانی قەتەری سەرکەوتووتر بووە لە ئێرانێک کە بە هۆی سزا نێودەوڵەتییەکان توانای ڕکابەری قەتەری نەبووە. لەگەڵ ئەم ناکۆکیانە، "کۆمەلەی وڵاتای هەناردەکەری غاز"( )(GECF٥)کە هاوشێوەی ئۆپێکی نەوتییە و ئێران خاوەنی بیرۆکەکەیەتی، لە ساڵی ٢٠٠٨ دامەزراوە و لە یانزە وڵاتی هەناردەکەری غاز پێک دێت، لە ئیستادا نووسینگەکەی لە شاری دەوحەیە و ئەمیندارەکەی کەسایەتییەکی ئێرانییە(٦). 

- پەیوەندیی کولتووری
پەیوەندییە کەلتورییەکان، بەشێکی تری پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان ئێران و قەتر بووە، هەرچەندە کە هیچ کاتێک نەگەیشتۆتە ئاستی پەیوەندییە ئابووری و ئەمنییەکانی نێوانیان. بۆ یەکەم جار و لە ساڵی ١٩٧١، حکوومەتی ئێران چەند قوتابخانەیەکی ئێرانی بۆ دانیشتوانی خۆی لە قەتەر کردەوە و تا ساڵی ١٩٧٨ پەیوەندییە هونەری و وەرزشییەکانی نێوان دوو وڵات بەردەوامی هەبوو، بەڵام ڕوودانی شۆڕشی ١٩٧٩ جارێکی ئەم پەیوەندیانەی خستە ژێر کاریگەری خۆیەوە تا ئەو کاتە کە ٥/10/١٩٩٢ وەزیری پەروەردی قەتەر بۆ گفتگۆ کردن لەگەڵ بەرپرسانی حکوومەتی ئێران و گەیشتن بە ڕێککەوتننامەیەکی پەروەردەیی سەردانی شاری تارانی کرد. لەگەل هەموو ئەمانەدا بوونی ٢٥ هەزار دانیشووی ئێرانی لە قەتەر لە ساڵانی یەکەمی شۆڕشی ١٩٧٩ و گومانەکانی وڵاتانی کەنداو لە دەوڵەتە نوێیەکی ئێران، وای لە قەتەر کە هاوشێوەی وڵاتانی تری کەنداوو بە بەراورد بە ساڵانی پێش شۆڕش، بە هەستیارییەکی زیاترەوە بڕوانێتە پەیوەندییە کەلتورییەکانی لەگەڵ قەتەر و لەم پێناوەدا دەوڵەتی قەتەر ئیتر بە ئاسانی ڤیزا نادا بە ئێرانییەکان و تەنانەت هەندێک لە دانیشتوانی ئێرانی لە قەتر دەرکرد. ئەوەی کە دۆخەی ئارام کردەوە کۆتایی هاتنی شەڕی هەشت ساڵەی ئێران-عێراق و هێرشی عێراق بوو بە سەر خاکی کوەیت لە ساڵی ١٩٩٠ و هەڵوێستی نەرێنی ئێران بۆ پەلاماردانەکەی سەدام حوسێن، جارێکی دوو وولاتی لە یەک نزیک کردەوە(٧). لە ڕاستیدا بە هاتنە سەر دەسەلاتی ئایەتوڵا هاشمی ڕەفسەنجانی وەک سەرۆک کۆماری ئێران (١٩٨٩-١٩٩) و گرتنەبەری سیاسەتی کرانەوە و نزیک بوونەوە لەگەڵ وڵاتانی دەووربەر و بە تایبەتی وڵاتانی کەنداو و هەوڵ دان بۆ نەهێشتنی ناکۆکییەکان و هەڵوێستی جێگری بەرامبەر دەست درێژی سەدام حوسێن بۆ سەر کوەێت، پەیوەندییەکانی نێوان ئێران وڵاتانی کەنداو بەروە باشتر برد(٨). ئێران لە ئیستا خاوەن لۆبییەکی فەرهەنگییە لە شاری دۆحەدا کە لە هەوڵی ئەوەدایە لەم ڕووەشەوە چالاکییەکانی لە پایتەختی قەتەر فراوان بکات، چالاکییەکانی ئەم مەڵبەندە بەشێکی لە گرینگی دان بە ناساندنی و فێرکردنی زمانی فارسی لە ڕێگەی خولەکانی فێرکردنی زمانی فارسییە و لە ساڵی ٢٠٠٧ەوە کردنەوەی چەندین پێشانگای جیاواز کە زیاتر گرینگی دانە بە ئێرانناسی خۆی دەبینێتەوە، هەروەها قەتەر لەم ساڵانەی دواییدا ڕیگای بە ئەنجامانی چالاکی یادکردنەوەی کۆچی دوای ئایەتوڵا خومەینی لە شاری دەوحە داوە(٩). 

- هاوکاریی ئەمنی
هاوکارییە ئەمنییەکان، بەشێکی گرینگی پەیوەندییەکانی نێوان قەتەر و ئێران پێک دەهێنن؛ ئێران لە ساڵێ ٢٠٠٧ و هەر لەو کاتەی کە ئەحمەدی نەژاد بەشداری لوتکەی ئەنجومەنی هاریکاری وڵاتانی کەنداوی کردبوو، پێشنیاری درووستکردنی ڕێکخراوێکی هاریکاری ئەمنی- ناوچەیی کە وڵاتانی ناوچەکە لە خۆ بگرێت، خستبووە بەردەم وڵاتانی بەشدار بوو لە ئەنجومەنەکە(١٠). لە ماوەی پڕ لە کێشمەکێشی پەیوەندییەکانی ئێران لەگەڵ جیهاندا و لە خولی دووەمی سەرۆک کۆماری ئەحمەدی نەژاد(٢٠٠٩-٢٠١٣) و بە پێی ئەو زانیاریانەی کە بە هۆی بەڵگەنامەکانی ویکیلیکس(WikiLeaks) ئاشکرابوون، دەوڵەتی عەرەبستان پلانی هاندانی وڵاتانی کەنداوی هەبووە بۆ هێرشی سەربازی دژ بە ئێران، بەڵام دەوڵەتی قەتەر لەم کاتەدا ڕێککەوتننامەیەی "گەشەپێدانی هاوکارییە ئەمنییەکان و بەربەڕێکانێی دژ بە تیروریزم" لەگەڵ ئێران واژووکرد. ئێران کە ڕێککەوتننامەیەکی هاوشێوەی لەگەڵ دەوڵەتی بەحرەین هەبوو، لەگەڵ دەولەتی عەرەبستانیش بە تەمای بابەتێکی وابوو، بەڵام لە کرداردا سەرکەوتنی بەدەست نەهێنا(١١). هەر لە چوارچێوەی ئەم هاوکارییە ئەمنیانە، لە ئۆکتۆبەری ٢٠١٥ ڕێککەوتننامەیەکی سەربازی-ئەمنی بە ناونیشانی "مكافحه‌ الإرهاب والتصدی للعناصر المخله‌ بالأمن فی المنگقه‌" لە نێوان دوو وڵات و بە ئامادەبوونی قاسم ڕەزایی( سەرۆکی گاردی سنوری ئێران) و ئەحمەد سەیف ئەلبەدید(بەڕێوبەری ئاسایشی کەنارەئاوییەکان و سنوری قەتەر) واژوو کرا. هەروەها بە پێی زانیارییەکانی ماڵپەر "العربیە" ڕێککەوتنامەیەکی ئەمنی تر بە ناوی "پشتیوانی سنوری هاوبەش"(حمایه‌ الحدود المشتركه‌) لە دوای دوانزە کۆبوونەوە و لە هەمان ساڵدا لە نێوان دوو وڵات بەستراوە(١٢). بەشێک لەم پەیوەندییە ئەمنیانە لەوە سەرچاوە دەگرێت کە قەتەر بەردەوام هەوڵی ئەوەی داوە کە جیاواز لە وڵاتەکانی تری کەندا ئەم بۆ چوونە بچەسپێنێت کە ئێران "بەشێکە لە چارەسەری ئەمنی ناوچەکە" نەک ئەوەی بەشێک بێت لە کێشەکان(١٣) بۆچوونێک کە هێچ کاتێک نەبۆتە جێگای قبوڵ کردنی وڵاتانی ناوچەکە.
 
هەڵوێستە مێژووییەکان؛ هۆکارێک بۆ نزیکبوونەوە
بابەتێکی گرینگ لە پەیوەندییەکانی نێوان قەتەر و ئێران، هەڵوێستەکانی ئەم دوو وڵاتە بووە لە هەندی بابەتی گرینگی پەیوەندیدار بە یەکترەوە؛ نموونە مێژووییەکان کە وایکردووە ئەم دوو وڵاتە سەرەڕای هەموو جیاوازی ستراتیژییەت و ئایدۆلۆژیی پەیوەندییەکی بەردەوامیان هەبێت زۆرن، کە لێرەدا ئاماژە بە گرنگترینیان دەکەین. هەر لە سەرەتای ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی وڵاتی قەتەر، ئێران لە پێشەوەی ئەو وڵاتانە بوو کە ئامادەیی خۆی بۆ سازکردنی پەیوەندی نیشان دا، حکوومەتی ئەو کاتەی ئێران لە ڕیزی یەکەمی ئەو وڵاتانە بوو کە بە فەرمی دانی نا بە سەربەخۆیی قەتەر لە ساڵی ١٩٧١؛ لە ڕێکەوتی ١٦/ئۆکتۆبەر/١٩٧١، حکوومەتی ئێران، دەولەتەی قەتری بە فەڕمی ناساند و دەستی کرد بە سازکردنی پەیوەندییە سیاسییەکانی نێوانیان لە ئاستی باڵێوزخانەکان. ئەمیری قەتەر لە بەهاری ١٩٧١ سەردانی تارانی کردو هەر لە ساڵەدا یەکەمین باڵێۆزی ئێران لە قەتەر گەیشتە دەوحەی پایتەختی قەتەر و لە بەرامبەردا لە ساڵی ١٩٧٣ دوای گەشەکردنی پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵات، یەکەمین باڵیۆزی قەتەر گەیشتە شاری تاران(١٤). هەروەها ئێران لە چەند بابەتێکی تایبەت بە کێشەی قەتەر لەگەڵ درواسێکانیدا، لایەنگری وڵاتی قەتەر کردووە؛ بۆ نموونە لە کێشەی سنوری نێوان قەتەر و عەرەبستان(١٥)، ئێران لایەنگری داواکارییەکانی وڵاتی قەتەر بوو و هەر ئەمەش بوو وایکرد کە لە دێسامبەری ١٩٩٢، ئەمیری قەتەر لە پەیامێکی تایبەت دا بۆ سەرۆک کۆماری ئێران(ئایەتوڵا هاشمی ڕەفسەنجانی) دەستخۆشی و پێزانینی خۆی بۆ هەڵوێستی پشتگیرانەی دەوڵەتی ئێران ڕابگەیەنێت(١٦). هەروەها محەمەدی خاتەمی سەرۆک کۆماری ئێران(١٩٩٧-٢٠٠٥) لە سەردانێکدا بۆ قەتەر لە ساڵی ١٩٩٩ پشتگیری وڵاتەکەی بۆ میوانداری "لوتکەی کۆنفڕانسی ئیسلامی" لە لایەن قەتەرەوە دەربڕی(١٧). لە بەرامبەریدا دەوڵەتی قەتەر لە چەندین وێستگەی مێژووییدا هەلوێستی جیاواز لە وڵاتانی کەنداو بۆ بابەتە پەیوەندیدارەکان بە ئێرانەوە هەبووە یان ئەوەتا پێشدەستی کردووە لە هەڵوێستەکانی خۆی بەرامبەر ئەو بابەتانەی کە لایەنێکی ئێران بوو؛ قەتەر یەکەمین وڵات بوو کە پەیماننامەی "الجزائیر"ی نێوان ئێران و عێڕاق لە ساڵی ١٩٧٥ بە فەرمی ناساند(١٨). قەتەر تاکە وڵاتی کەنداو و ١٥ وڵاتەکەی بەشداربووی ئەنجومەنی ئاسایش بوو بوو کە کە دەنگی "نەخێر"ی بە بڕیاڕی ١٦٩٦ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی ٢٠٠٦ دا(١٩). بڕیاری ١٦٩٦ یەکەمین بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایش بوو کە سەبارەت بە دۆسیەی وزەی ناوەکی ئێران و کارکردن بۆ ڕاگرتنی چالاکییەکانی و پیتاندنی یۆرانیوم دژی ئەم وڵاتە دەرچوو(٢٠). "کۆمەلەی هاریکاری وڵاتانی کەنداو" لە گشت بەیاننامەکانی ساڵانی ڕابردوودا ناڕەزایەتی خۆیان بۆ خاوەندارێتی ئێران بۆ سێ دورگەکەی ئەبوموسا، تونبی بچوک و تونبی گەورە(بە فارسی: ابوموسی، تنب کوچک، تنب بزرگ؛ بە عەرەبی: ابوموسی، گنب الکبرى، گنب الصغری)(٢١) دەڕبریوە (ئەم کێشەیە کە لە بنەڕەتدا لە نێوان ئێران و ئیمارات و لە کۆنەوە درووست بووە تا ئیستاش بەردەوامی هەیە)، قەتەر وەک ئەندامێکی کۆمەڵەکە بەردەوام واژووی لە سەر ئەم خاڵە کردووە کە لایەنگری ئیماران بکرێت دژ بە ئێران، بەڵام هیچ کاتێک هاوشێوەی وڵاتانی تری کۆمەڵەکە سەربەخۆیانە پشتگیری لە بانگەشەی دەوڵەتی ئیمارات بۆ خاوەندارێتی ئەو دورگانە نەکردووە(٢٢). هەروەها هاوڕانەبوون و پشتگیری نەکردنی قەتەر بۆ ئەو هاوپەیمانییەتەی کە عەرەبستان دوابەدوای هێرشەکەی کۆمەڵێک لە ئێرانییەکان بۆ سەر سەفارەتی عەرەبستان لە تاران(٢٣) لە ٢/١/٢٠١٦دژی ئێران درووستی کردبوو ئاماژەیەکی دیاری جیاوازی سیاسەتی قەتەر و وڵاتانی کەنداو و دەرخەری درزی نێوان کۆمەڵەکە و کاڵ بوونەوەی باڵادەستی عەرەبستان لە ناوچەکە بوو(٢٤). لە بابەتی پەیوەندیدار بە نەوت، کە هەر دوو وڵاتی ئێران و قەتەر ئەندامی "ئۆپێک"ن، دەوڵەتی عەرەبستان لەو ماوەیەی کە ئێران بە هۆی سزا ئابوورییەکانی کە بە سەریدا سەپا بوو، ڕێژەی بەرهەمهێنان و فرۆشتنی نەوتی کەم ببوو، دەوڵەتی عەربستان بۆ ئەوەی کە کاریگەری سزاکانی سەر ئێران کار نەکاتە سەر بەرزبوونەوەی نرخەکان هەوڵی دا کە خۆی بەشە نەوتییەکەی ئێران لە بازاڕەکان پڕبکاتەوە، بەڵام لە بەرامبەردا قەتەر نە تەنیا ئەم کارەی نەکرد بەڵکو لە دوای کۆتایی هاتنی سزاکانی سەر ئێران، میوانداری وڵاتانی هەناردەکەری نەوت(ئۆپێک) کرد و دواتر بە ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران و پشتگیری کردنی، ئێران توانی جارێکی تر بەشە بڕاوەکەی لە هەناردەکردنی نەوت وەربگرێتەوە(٢٥). لە دوایین هەڵوێستە جیاوازەکانی قەتەر و بە چەند ڕۆژیک پێش ئەوەی قەیرانی کەنداو درووست ببێت، ئەمیری قەتەر لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەل حەسەنی ڕۆحانی، پێرۆبایی هەڵبژاردنەوەی وەک سەرۆک کۆماری ئێران بۆ دووەم جاری لێکرد کە بە ماوەیەکی کەم لە دوای ووتارە توندەکەی دۆناڵد ترامپ دژ بە ئێران لە میانەی سەردانەکەی بۆ ڕیازی پایتەختی عەرەبستان هات و هەروەها ئەم پیرۆزباییە دوای ڕۆژێک بوو لە ڕاگەیاندی دەوڵەتی عەرەبستان بۆ درووست کردنی بەرەیەکی دژ بە هەژموونی ئێران لە ناوچەکەدا(٢٦). ئەمیری قەتەر بە حەسەنی ڕۆحانی ڕاگەیاندبوو کە "پەیوەندییەکانی نێوان قەتەر و ئێران ڕەگدار، مێژوویی و پتەوە"(٢٧) ڕۆژنامەی "العرب" لە ڕاڤەیەک بۆ ئەم هەنگاوەی ئەمیری قەتەر پێی وایە کە ئەم پەیوەندیە تەلەفۆنییە لە ڕووکەشدا ئەگەرچی لە پیرۆزباییەک زیاتر نییە بەڵام لە ناوەڕۆکدا پەیامێکە بۆ ئێران کە قەتەر سەرباری دانیشتنەکەی ڕیاز کە تێیدا ئێران بە پاڵپشتی تیرۆر و حەماس وەک گرووپێکی تیرۆریستی ناسرا بوو، قەتەر لەگەڵ ئەم بۆچوونەدا نییە وئەم بە مانای نزیک بوونەوەی قەتەر لە میحوەری "ئێران- سوریا- حزب اللە"(٢٨). لە ڕاستیدا فاکتەرێکی گرینگی نزیک بوونەوەی قەتەر و ئێران، هەڵوێست و ستراتیژییەتی نزیکی ئەم دوو وڵاتە لە سەر چالاکییەکان و پشتیوانی کردنی هێزە سیاسییەکان لە وڵاتى عەرەبییەکان وەک ئیخوان موسلمین لە میسر، حیزبوڵا لە لوبنان، حەماس لە فەڵەستین و تەنانەت پەیوەندییەکان لەگەڵ بەشار ئەسەد(پێش درووست بوونی قەیرانەکەی سوریا) بووە(٢٩) کە هەرچەندە بەردەوام ڕای جیاواز لە سەر چۆنێتی سیاسەتی ئەم حیزب و لایەنانە لە نێوان هەر دوو وڵات هەبووە، بەڵام دواجار لە هێلە گشتییەکاندا هاودەنگییەک لە نێوانیان هەبووە. پەیوەندییەکی هاوبەشی تری نێوان ئەم دوو وڵاتە بۆ پەیوەندی لەگەڵ دەوڵەتی "تورکیا" ئەگەڕێتەوە، قەتەر و تورکیا بابەتی ئیخوان بە یەکەوە کۆیان دەکاتەوە و سەبارەت بە ئێران ئەگەرچی لەم چەن ساڵەی دوایی و بە تایبەتی بە هۆی قەیرانی سوریا پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا پەیوەندییەکانیان بەرز و نزمی زۆری بە خۆوە بینووە بەڵام لەوانەیە قەیرانی کەنداو و پێویستی درووست بوونی میحوەری ئێران- قەتەر- تورکیا، جارێکی تر ئێران و تورکیا لە یەک نزیک بکاتەوە و تەنانەت کاریگەری لە سەر قەیرانی سوریاش ببێت(٣٠). 

هەڵوێستە مێژووییەکان: هۆکارێک بۆ دوورکەوتنەوە
سەرەڕای هەموو ئەم فاکتەرانە، بەڵام بوونی کێشە و ناکۆکییەکان و جیاوازی لە سیاسەتەکان وایکردووە کە پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵات لە ئاستێکی دیاریکراودا بمێنێتەوە؛ بەشێکی ئەو لەمپەرانەی کە لە بەردەم پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵات هەیە هەر ئەو جیاوازییە ئایدۆلۆژیانەیە کە لە نێوان وڵاتی ئێران و وڵاتانی تری کەنداو هەیە کە هەر لە دوای شۆڕشی ١٩٧٩ و هاتنە سەر دەسەڵاتی دەوڵەتێکی ئیسلامی شیعه دەرکەوت و تا ئیستاش بەردەوامە. قەتەر لە ماوەی شەڕی هەشت ساڵەی ئێران و عێراق (١٩٨٠-١٩٨٨) هەروەک وڵاتانی تری عەرەبی کەنداو یارمەتی دارایی و چەکەمەنی پێشکەشی دەوڵەتی عێراقی کرد(٣١) ئەم ناکۆکیانە ئەگەرچی بەهاتنە سەردەسەڵاتی ئایەتوڵا هاشمی ڕەفسەنجانی(١٩٨٩-١٩٩٧) و دواتر محەمەدی خاتەمی(١٩٩٧-٢٠٠٥) وەک سەرۆک کۆمارەکانی ئێران، کاڵ بوونەوەیەکی بە خۆوە بینی، بەڵام جارێکی تر گۆڕانی گوتاری سیاسەتی دەرەوەی ئێران لە دوای هاتنی مەحمودی ئەحمەدی نەژاد(٢٠٠٥-٢٠١٣) و ڕادیکاڵ بوونی دۆخی ناوچەکە و بەریەککەوتنی بەرژوەندییەکان و دواتر دەرکەوتنی داعش، هەموو ئەمانە دۆخێکیان هێناوەتە کایەوە کە لە ئیستادا وڵاتانی کەنداو و میسڕ بە سەرۆکایەتی دەوڵەتی عەربستانی سعوودی لە هەوڵی درووست کردنی هاوپەیمانییەکی ناوچەیین دژ بە هەژموونگەرایی ئێران لەناوچەکەدا کە هەڵبەت تا ئیستا سەرکەوتنی بە دەست نەهێناوە و هەڵوێستی جیاوازی قەتەر گورزێکی گەورە بوو لەم هاوپەیمانییە، لەگەڵ ئەمەشدا قەتەر لە دۆسییەی سوریادا تا هەنوکە و لە سەر ئایندەی ئەم وڵاتە و شێوازی حکوومەتی داهاتووی سوریا و چارەنووسی بەشار ئەسەد و هەروەها پاڵپشتی هیزە بەرهەڵستکارەکان، لەگەڵ ئێراندا تێڕوانینی جیاوازیان هەیە و زیاتر لە هێلێ عەرەبستان نزیکترە(٣٢). دەبێت چاوەڕوان بین بزانین کە ئایا بەردەوامی قەیرانەکەی ئیستای کەندا چ ڕۆڵێکی لە سەر دابەش بوونی لایەنەکانی قەیرانی سوریا و بە تایبەت ئێران و قەتەر دەبێت. سەبارەت بە بواری ئابووری، سەرەڕای پەیوەندییە گەشەسەندووەکانیان، جیاوازی نێوان دوو وڵات لە بەشی هەر کامێکیان لە بەرهەمهێنانی مەیدانی پارسی جنوبی بۆ غازی سرووشتی تا ئیستا بەردەوامە و ئێران لە پشکی خۆی ناڕازییە و تەنانەت چەن جارێک قەتەری بەوە تۆمەتبارکردووە کە زیاتر لەو بەشەی خۆی و تەنانەت لە بەشی ئێران، بەرهەمهێنانی بۆ خۆی ئەنجام داوە، هەر بۆیە ئێران لە حەوت مانگی ڕابردووەوە بە ڕێککەوتنێک لەگەڵ کۆمپانیای توتال(Total) لە هەوڵی فراوانکردنی مەیدانی پارسی جنوبی و زیاتر کردنی بەرهەمهێنانی خۆیەتی(٣٣). دەوڵەتی قەتەر هەر لە ساڵی (٢٠١٤)ەوە و لە ترسی ئەوەی ئێران دوای ڕێککەوتنی وزەی ناوەکی لەگەڵ وڵاتانی ٥+١ بە غازی هەرزان بازاەکانی جیهانی بۆ لای خۆی ڕابکێشێت، هەوڵی داوە کە لە چوارچێوەی ڕێککەوتننامەیەک دا پەرە بە مەیدانەکانی پارسی جنوبی بدات(٣٤). لە لایەکی ترەوە و لە بابەتی پەیوەندیدار بە غاز و هێڵەکانی بۆڕی گواستنەوە(خگوگ الأنابیب)، هەردوو وڵات خەونی گەورە و جیاوازیان هەیە؛ قەتەر بە هیوای درووستکردنی هێڵێکە بۆ گەیاندی غاز بۆ ئەوروپا کە بە عەرەبستان، ئەردەن، سوریا و تورکیا تێدەپەڕێت و ئێرانیش خەونی گەیاندی غازی هەیە کە بە عێراق و سوریا تێدەپەڕێت و دەگاتە دەریای ناوەراست(٣٥). پەرەسەندنە ئابوورییە بەردەوامەکەی قەتەر بۆچوونێکی ڕەشبینانەی لە لای کۆمەڵێک لە چاودێرانی ئێرانی درووستکردووە کە پێی وایە کاریگەری نەرێنی لە سەر پێگەی ئێران و تەنانەت ئاسایشی نەتەوەیی ئێران هەیە. بە پێی ئەم شیکارە، دۆخی بەردەوام لە پەرەسەندنی ئابووری قەتەر و پێگەی لە ئابووری سیاسی ئێران و ڕێژەیەکی بەرچاو لە سەرمایەگوزاری بیانی لەم وڵاتە، کڕینی پشکی کۆمپانیا نەوتی و غازییەکان، ڕاگەیاندنێکی بەهێز وەک "الجزیرە" و تەنانەت سەرمایەگوزاری ئەم وڵاتە لە بوارە وەرزشییەکان و دیاریترینیان میوانداری جامی جیهانی ٢٠٢٢، هەموو ئەمانە دواجار گۆشەگیری ئێران و کەم بوونەوەی ڕۆڵی ناوچەیی و ئابووری ئێران بەدوای خوێدا دەهێنێت(٣٦). لە ڕووی پەیوەندییە دەرەکییەکان قەتەر سەرەڕای هەموو ئەو تۆمەتانەی کە ڕووبەڕووی دەکرێتەوە لە هاوکاری کردنی گرووپە تیرۆریستییەکان و هەروەها سەرەڕای پاڵپشتی کردنی گرووپە بەرهەڵستکارەکانی وەک ئیخوان موسلمین و حەماس، بەڵام پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمەریکا بەردەوامە بە تایبەتی کە گەورەترین پێگەی سەربازی (العدید) لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە لایەن ئەمەریکا و لە قەتەر بەرێوەدەبرێت(٣٧). لە کاتێکدا کە تەنیا چەن ڕۆژێک بە سەر دەستپێکردنی قەیرانی کەنداو تێپەڕ ببوو، قەتەر لە چوارچێوەی ڕێککەوتننامەیەک لە ٢٤/٦/2017 بە بڕی ١٢ ملیارد دۆلار فرۆکەی جەنگی لە ئەمەریکا کڕی و دوو کەشتی ئەمەریکا بۆ ئەنجامدانی مانۆرێکی سەربازی هاوبەش لەگەڵ قەتەر گەیشتنە ئاوەکانی کەنداو(٣٨). ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئێران بەردەوام ناڕەزایەتی خۆی لە بوونی لۆجستیکی ئەمەریکا لە ئاوەکانی کەنداو دەربڕیوە. بە شێوەیەکی گشتی، تێگەیشتن لە سیاسەتی دەرەوەی قەتەر لەم ساڵانەی دواییدا، هەڵوێستەکانی ئەم وڵاتە بەرامبەر بە ئێران ڕوون دەکاتەوە؛ قەتەر تاوەکو پێش ساڵی ٢٠١١ زیاتر ڕۆڵی وڵاتێکی "ناوبژیوان و ئاشتی ساز"ی لە ناوچەکە دەبینی، نموونەکانیشی هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی قەیڕانە ناوخۆییەکانی یەمەن، لوبنان، سودان و ئەریتە و جیبوتی بووە، بەڵام ئەم ڕۆڵە لە دوای ساڵی ٢٠١١ و دەرکەوتنی قەیرانەکانی لیبیا و سوریا، گۆڕانی بە سەردا هات و شوناسی سیاسی قەتەر لە وڵاتێکی "ناوبژیوانکەر" بۆ وڵاتێکی "دەستێوەردەر" گۆڕانی بە سەر هات، لەگەڵ ئەمەشدا پاڵپشتی هەمەلایەنانەی قەتەر بۆ گرووپی ئیخوان موسلمین، بەریەککەوتنی ئاشکرای لەگەڵ وڵاتانی کەنداو(عەرەبستان، ئیمارات، بەحرەین) و درووست بوونی دوو جەمسەری (قەتەر– عەرەبستان)ی هێناوەتە کایەوە کە دەرئەنجامەکەی تێچوونێکی ئابووری زۆر، کەم بوونی دەستڕۆێشتوویی لە کەنداو و زیاد بوونی هەڕەشە ناوخۆیی و ناوچەییەکان بۆ دەوڵەتی قەتەر بوو(٣٩). هەر بۆیە ئاساییە کە قەتەر لە دۆخی ئابڵوقەدراوی ئیستادا هەوڵی نزیک بوونەوە لە ئێرانێک بدات کە لە بابەتێکی گرینگی وەک سوریا جیاوازی بنەڕەتیان هەیە، لە لایەکی ترەوە ئێران سەردەمی حەسەنی ڕۆحانی هەرچەندە لە هەوڵی ئەوەدایە کە لە سیاسەتی دەرەوە نەبێتە بەرەیەک لە ئاڵۆزییەکانی ناوچەیی کە دواتر ببێتە مەترسی بۆ ئاسایشە تا هەنوکە بەهێزەکەی، بەڵام قەیڕانی کەنداو بۆ ئەم وڵاتە دەرفەتێکە کە سود لە درووست بوونی ئەم درزەی نێوان وڵاتانی کەنداو ببینێت و هەوڵەکانی عەرەبستان و ئەمەریکا بۆ پێک هێنانی هاوپەیمانێتی کەنداوی دژ بە ئێران لە بار ببات. 

کاردانەوەی ئێران؛ قەیرانی کەنداو وەک دیارییەک
یەکەمین کاردانەوەی فەڕمی ئێران بۆ قەیرانی کەنداو و پچڕاندنی پەیوەندییەکان نێوان وڵاتانی کەنداو لەگەڵ قەتەردا، کاردانەوەیەکی هێمنانە بوو؛ بەهرامی قاسمی (ووتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران) لە ڕاگەیاندنێکدا دوای ئەوەی کە ئاماژەی بە دۆخی نالەباری ناوچەکە و قەیرانی تیرۆریزم، توندڕەویی و درێژەی داگیرکاری فەڵەستین لە لایەن ڕژێمی سەهیۆنی کردووە، ئاماژە ی بەوە کرد کە ئەم قەیڕانە لە بەرژەوەندی هیچ لایەک نییە و ڕێگاچارەی کێشەکەکان تەنیا لە ڕێگەی سیاسی و گفتگۆی ڕاشکاونەی نێوان لایەنەکان دەبێت. قاسمی هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە بەکارهێنانی ئەهرەمی سزادان(تحریم) لە جیهانی ئەمرۆدا قابیلی قبوڵکردن نییە و ڕێز گرتن لە سەروەری وڵاتان و دەست نەخستنە ناو کاروباری یەکتر کۆمەڵێک بنەڕەتن کە وڵاتان دەبێت پابەندی بن(٤٠). محەمەد جەواد زەریف(وەزیری دەرەوەی ئێران) هەر لە سەرەتای دەسپێکردنی قەیرانەکە سەرەتا لە ئەکاونتی تایبەتی خۆی لە تویتەر بە زمانی ئینگلیزی نووسی: "دراوسێکان هەمیشەیین و ناتواندرێت کە جوگرافیا بگۆڕدرێت. زەخت و هەڕەشە هیچ کاتێک چارەسەر نەبووە. گفتگۆ پێویستە، بە تایبەتی لە مانگی پیرۆزی ڕەمەزان"(٤١). بە ڕای شەبنەم فون هاین(ڕۆژنامەنووسی ئێرانی-ئەڵمانی)، نموونەیەکی دیاری هەستیاری دەوڵەتی ئێران بۆ کاردانەوەی سەبارەت بە قەیڕانی قەتەر و وەستانی بەڕاشکاوی لە بەرەی قەتەردا، دواکەوتنی یەک هەفتەیی ئێران بوو بۆ ناردنی یارمەتیە خواردەمەنییەکان بۆ قەتەر بوو؛ ئەگەرچی کۆمەلەی بازرگانەکانی ئێران و کۆمەڵەی هەناردەکەری بەروبومە کشتوکاڵییەکان لە تاران ڕایانگەیاندبوو کە ئامادەییان هەیە کە لە ماوەی کەمتر لە ١٢ کاتژمێر پێداویستییەکانی قەتر ئامادە بکەن، بەڵام ناردنی ئەم یارمەتیانە نزیکەی هەفتەیەکی خایاند کە ئێران ٩٠ تەن خواردەمەنی بە پێنج فرۆکە گەیاندە قەتەر، هەناردەکردنێک کە زیاتر لە هاوکارییەکی ڕەمزی دەچوو، چونکە لە ماوەی ئەو هەفتەیەدا ڕەفەکانی فرۆشگاکانی بە بەرهەمە تورکییەکان پڕکرابوو (٤٢). هەڵبەت پەی بردن بە هەستیاری ئێران لەم بابەتە ئاسانە؛ ئێران بە پێچەوانەی تورکیا لە ئیستادا ئاستی پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی کەنداو (بێجگە لە قەتەر) و بە تایبەتی لەگەڵ عەربستان لە ئاستێکی باڵا نییە و تەنانەت لە قۆناغی شەڕی ڕاگەیاندن دژ بە یەکتر و لەگەڵ ئەمەریکاش مێژووی پچڕانی پەیوەندییەکانیان زیاتر لە سی ساڵی تێپەڕاندووە، لە لایەکی ترەوە دەوڵەتی حەسەنی ڕۆحانیش یەکێک لە ستراتیژییەتەکانی لە سیاسەتی درەوە خۆدوور گرتنە لە کەوتنە ناو تەنگەژەی سیاسی نوێ و بەریەککەوتن لەگەڵ وولاتانی دەوروبەریدا و هەروەها لە کاتی چوونە پاڵ بەرەی قەتەر و درووست بوونی بەریەککەوتن لەگەڵ بەرەکەی تردا لەوانەیە ئاراستەی ڕووداوەکان لە دەست دەوڵەت دەربچێت و لایەنە توندڕەوکانی ناو ئێران دۆخەکە بەرەو پێکدانان ببەن کە ئەمە بە هیچ شێوەیەک لە بەرژەوەندی دەوڵەتی ڕۆحانی و بانگەشەکەی نییە ، بەڵام گومان لەوەدا نییە کە لەم کاتەدا کە سەردانەکی دۆناڵد ترامپ بۆ ڕیاز و بەستنی ڕێککەوتننامەیەکی گەورەی چەک و تەقەمەنی لە نێوان دوو وڵات لە ئارادا بوو و هەروەها لە دوای ئەوەی کە عەرەبستان نزیک بوو لە درووستکردنی هاوپەیمانییەکی ناوچەیی دژ بە ئێران و لەولاوە کردەوە تیرۆریستییەکانی شاری تاران، هەموو ئەمانە نیگەرانی لە لای دەوڵەتی ئێران درووست کردبوو، کە قەیرانی کەنداو ئەو دەرفەتەی خستە بەردەم ئێران کە زۆرترین سود لەم درزەی نێوان وڵاتانی کەنداو وەربگرێت. هەر بۆیە دوای تێپەربوونی ماوەیەک لە قەیڕانەکە و دەرکەوتنی قووڵی قەیڕانەکە، ئێران ڕاشکاوەنەتر هاتە سەر خەت و پشتیوانی خۆی بۆ قەتەر دووپات کردەوە. لە دیداری ڕۆژی شەممەی ١٧/6/٢٠١٧ کە لە نێوان حوسێن جابری ئەنساری(جێگری عەربی و ئەفریقایی وەزیری دەروەی ئێران) و محمد بن عبدالرحمان ێل پانی(وەزیری دەرەوەی قەتەر) ئەنجامدرا پەیامی زارەکی و نهێنی حەسەن ڕۆحانی ئاڕاستەی "تەمیم بن محەمەد" ئەمیری قەتەر کرا. پێگەی "اقتصاد نیوز"ئێرانی، پەیامەکەی ڕۆحانی بە گرینگ وەسف کردووە کە هەڵگری سێ بابەتی سەرەکی بووە کە گرنگترینیان پشتگیری تەواوی دەوڵەتی ئێران بۆ قەتەر لە دوای قەیرانی کەنداو بووە. ئەم پێگەیە هەروەها ئەوەی خستۆتە ڕوو کە ئێران دەیەوەێت ئەم هەلە بە باشی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی عەربستان بقۆزێتەوە(٤٣). ئێران لە ئیستادا باش لەوە تێگەیشتووە کە لاوازی جیوپۆلۆتیکی وای لە قەتەر کردووە کە هانا بۆ ئێران ببات و ئەم بە مانای "هەلێکی زێڕین"ە بۆ ڕۆڵبینینی ئێران لەم قەیرانەدا(٤٤). جوگرافیای قەتەر بە شێوەیەکە کە تەنیا لە یەک لاوە(باشوور) سنوری ووشکانی لەگەل دەوڵەتی عەرەبستان هەیە(٤٥)، پانتایی قەتەر تەنیا ١١، ٥٨٦ کم چوارگۆشەیە و لە سێ لاوە خاوەنی ٥٦٣ کم سنوری هاوبەشی ئاوییە لەگەڵ دراوسێکانی(ئیمارات، ئێران و بەحرێن) و ٦٠ کیلۆمەتر سنووری ووشکانییە لەگەڵ عەرەبستانی سعوودی(٤٦). هەر بۆیە بە پچڕاندنی پەیوەندییەکانی وڵاتانی کەنداو و میسڕ لەگەڵ قەتەر و داخستنی سنورەکانیان ، بە کردار قەتەر تووشی ئابڵوقەدانێکی ووشکانی، ئاسمانی و دەریایی بۆتەوە و تەنیا ڕێگای پەیوەندی کە لە ئاوەکانی کەنداودا بۆی ماوەتەوە وڵاتی ئێرانە. هەروەها بەستنی ئاسمانی وڵاتانی کەنداو بە ڕووی قەتەر وایکردووە کە زۆرینەی گەشتە ئاسمانییەکانی قەتەر بە ئاراستەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و یەکێتی ئەوروپا و وڵاتەکانی تر تەنیا لە ڕیگای ئاسمانی ئێرانەوە ئەنجام بدرێت(٤٧). هەرچەندە کە هەڵبژاردەیەکی تر بۆ قەتر ئاسمانی عێڕاقە کە لەوێوە گەشتەکان بە ئاراستەی تورکیا ئەنجام بدرێت، بەڵام لە ئیستا دا ڕێژەی ئەم گەشتانە بە بەراورد بە ئێران زۆر کەمترە(٤٨)، بوونی کێشەی سیاسی و نەبوونی ئەمنییەتێکی گرەنتی کراو وای لە قەتەر کردووە لەم بابەتەدا پشت بە ئێران ببەستێت. بەو پێیەی کە قەتەر لە ئیستادا خاوەن ٢٠٠ فرۆکەی بەکارە و داوای ٢٠٠ فرۆکەی نوێ کردووە، خاوەنی یەکێکە لە گەورەترین هێڵە ئاسمانییەکانی جیهان و بۆ ١٥٠ شوێنی نێودەوڵەتی گەشتی هەیە(٤٩). لە ئیستادا بە ووتەی دەسەڵاتدارانی ئێران لە دوای سەرهەڵدانی قەیرانی کەنداو، ژمارەی گەشتەکانی فرۆکە قەتەرییەکان لە ئاسمانی ئێران ١٠٠ بۆ ١٥٠ گەشت لە ڕۆژێکدا زیادی کردووە(٥٠). لە لایەکی ترەوە و سەبارەت بە گەشتی دەریایی و بە ووتەی حاجی ئاقا میری (سەرۆکی کۆمیسیۆنی پەرەدانی هەناردەی ژووری ئێران)، لە ئیستادا قەتەر پێویستی بە ئاو و دەرمان و خواردەمەنییەکان هەیە و بە هۆی بوونی سێ بەندەری گرینگی ئێران (بەندەر عەبباس، بەندەر لەنگە و بوشەهر) دەتوانرێت لە ماوەیەکی کەمتر لە ١٢ کاتژمێر و لە ڕێگای ئاویدا کاڵاکان بگاتە قەتەر و ئەمە "هەلێکی زێڕین"ی ئابوورییە بۆ ئێران ئەگەر بە باشی سوودی لێ وەربگرێت(٥١). سەرەڕای هەموو ئەو لێکدانەوانەی کە قەیڕانی کەنداو بە قازانجی ئێران دەزانن، بەڵام هەندێ لە ڕاڤەکاران پێیان وایە ئێران دەبێت زۆر بە وریاییەوە مامڵە لەگەڵ ئەم پێشهاتە بکات و هەرچەندە ئەم کێشەیە تا ئیستا بە سودی ئێران شکاوەتەوە بەڵام دەوڵەتی ئێران پێویستە داوای چارەسەری سیاسی و گفتگۆ بۆ ئەم قەیرانە بکات. لە شیکاری ئەم بابەتە پێگەی "المانیتور" چوار هۆکاری هێناوەتەوە کە وای لە ئێران کردووە کە سوور بێت لە سەر ئەوەی کە کێشەکە لە ڕێگەی گفتگۆوە چارەسەر بکرێت: ١. بەو پێیەی پێدەچێت ناکۆکییەوکانی نێوان قەتەر و عەرەبستان پەرە بسەنێت، ئێران لە توانای دا نییە لەگەڵ گێرەکێشەکی هەمە لایەنە لە کەنداو ڕووبەڕوو ببێتەوە و ئەمە ئەتوانێت ئاسایشی نەتەوەیی ئێران بخاتە مەترسییەوە بە تایبەتی کە ئێران لە سەردەمی ترامپ دا پێویستییەکی زۆری بە ڕاگرتنی سەقامگیری ناوخۆیی و دەرەکی هەیە. هەروەها قاسم موحیب عەلی(بەرپرسی پێشوو وەزارەتی دەرەوی ئێران لە نووسینگەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست) بە هەمان شێوە هۆشیاری دەدات کە قەتەر لە بنەڕەتدا بەشێکە لە پلان و یارییەک کە ئاسایشی ئێران و بەرژەوەندییەکانی لە سوریا و عێراق دەخاتە مەترسییەوە، قەتەر وڵاتێکی بێبەری نییە و هاوکاری تیرۆر دەکات هەر بۆیە چوونە ناو ئەم قەیرانە بۆ ئێران "کارێکی مەنتیقی نییە"(٥٢) ٢. ئێران دەیەوێت لە ڕێگەی زەمینەخۆش کردن بۆ گفتگۆیەکی ناوچەیی فراوان، هەوڵەکان عەرەبستان بۆ کۆدەنگییەک دژ بە ئێران لە بار ببات ٣. ئێران نایەوێت خۆی وەک هێزێک یەکلایی کەرەوە لە قەیرانەکانی ناوچەکە پێشان بدات و جارێکی تر شکست بەو هەوڵەی عەرەبستان بهێنێت کە ئەیەوێت وینەیەکی "کێشەزا" لە ئێران لە ناوچەکە درووست بکات و ڕانەوەستانی ئێران لە بەرەی قەتەر ئەم وێنەیە کاڵ دەکاتەوە ٤. تەجروبەکانی پێشووتر پێشانیان داوە کە هەر کاتێک سیاسییەکانی ئێران لایەنگری بەرەیەکی دیاری کراویان کردبێت، دۆخەکە ئالۆزتر بۆتەوە، هەر بۆیە هەر ناکۆکییەک لە نێوان وڵاتانی هاریکاری کەندا بە قازانجی ئێران تەواو دەبێت بە مەرجی بێ لایەنی(٥٣). لە دوایین پێشهاتەکاندا قەتەر ١٣ مەرجەکەی وڵاتانی کەنداوی بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان کە خاڵێکیان سنوردارکردنی پەیوەندییەکانی قەتەر لەگەڵ ئێرانە، ڕەتکردەوە(٥٤). کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی چوار وڵاتی عەرەبستان، بەحرەین، ئیمارات و میسڕ لە ٥/٧/٢٠١٧ بۆ تاوتوێ کردنی ووڵامەکانی قەتەر بۆ داواکارییەکانیان بەبێ بڕیاڕدانێکی دیاریکراو کۆتایی پێهات(٥٥). بە ڕای زۆربەی چاودێران ئەم گۆڕانکارییە نۆیانە بە مانای ئەوە دێت کە دەرهاویشتەکانی قەیڕانی کەنداو لەوە قوڵترە کە چارەسەرێکی مەودا نزیکی بۆ چاوەڕوان بکرێت. 

دەرئەنجام
لە دەرئەنجامێکی گشتی و بە ئاوڕدانەوە بە مێژووی پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵاتی ئێران و قەتەر و سەرباری چەند ناکۆکییەکی گەورە وەک هەڵوێستی جیاوازی دوو وڵات لە بابەتی وەک قەیڕانی سوریا و پاڵپشتی قەتەر بۆ هێزە نەیارەکانی حکوومەتی سوریا و پاڵپشتی ڕەهای ئێران بۆ مانەوەی حکوومەتەکەی بەشار ئەسەد و هەروەها هاودەنگی قەتەر لەگەڵ وڵاتانی هاریکاری کەنداو لە چەند بڕیاڕێکی دژ بە ئێران، بەڵام بەرژوەندییە ئابوورییە هاوبەشەکانی هەر دوو وڵات بە تایبەتی لە بابەتی غازی سرووشتی، هاوهەلوێستی دوو وڵات لە پاڵپشتی هیز و گرووپەکانی وەک حەماس و هەروەها مەترسی هەردوو وڵات لە هەژموونگەرایی و پاوانخوازی عەرەبستان، زمینەکانی هێشتنەوەی پەیوەندییەکانی دوو وڵاتی لە ئاستێکی باشدا ساز کردووە. قەیرانی کەنداو و ئابڵوقەدانی هەمەلایەنەی قەتەر لە لایەن وڵاتانی تری کەنداو و میسڕەوە، دەرفەتێکی بۆ زیاتر نزیک بوونەوەی دوو وڵاتی ئێران و قەتەر هێنایە کایەوە؛ ئێران بۆ لاوازکردنی هاوپەیمانییە چاوەڕوانکراوەکی کەنداو بە ڕابەرایەتی عەرەبستان پێوستی بە هەلێکی وا هەبوو بە تایبەتی کە لە دوای ڕێککەوتننامەکەی ئەم دواییەی ئەمەریکا و عەرەبستان، ئەم ڕووداوە وەک دیارییەک بوو بۆ ئێران کە لەوانەیە خودی ئێرانییەکانیش چاوەڕێیان نەکردایە. هەرچی سەبارەت بە قەتەر بێت بۆ ڕزگار بوون لە دۆخە خنکاوەکەی کەنداو و داپۆشینی لاوازی جیوپۆلۆتیکی وڵاتەکەی و مانەوە و خۆڕاگری بەرامبەر ئەم پێشهاتە نوێیە، پێویستییەکی سەرەکی بە هاوکاری ئێران هەیە. ئایا ئەم دۆخە تا کەی بەردەوام دەبێت و پەیوەندییەکانی ئێران و قەتەر تا چ ڕادەیەک درێژەی دەبێت؟ و ئایا ئەم دۆخە نوێیە کار دەکاتە سەر مامڵەی دوو وڵات لە دۆسییە هاوبەشەکانیان وەک سوریا؟ ، پرسیارگەلێکن کە دەبێت چاوەڕوان بین و چاودێری ڕووداوەکانی داهاتوو بکەین. 

سەرچاوەکان
(1) جواد بخشی، نگاهی به ڕوابط قطر و ایران از گذشته تا کنون؛ http://peace-ipsc. org/fa/
(٢) هەمان سەرچاوە. مسعوود الزاهد، تفاصيل العلاقات الأمنية والعسكرية بين قطر وإيران؛ http://www. alarabiya. net/ar/iran/2017/05/24/
(٣) بۆ زانیاری زیاتر سەبارەت بە میدان پارس جنوبی بڕوانە: همه چیز در مورد پارس جنوبی؛ http://vcmstudy. ir/
(٤) محمدرضا کیاشمشکی، برداشت از گاز پارس جنوبی، ایران ۱۰۰۰ و قطر ۲۰۰۰ میلیارد مترمکعب/برداشت‌ها برابر می‌شود؟ ‌؛ https://www. tasnimnews. com/fa/news/1395/12/24/1354757/
(٥) آشنایی با مجمع کشورهای صادر کننده گاز؛ http://www. bartarinha. ir/fa/news/544590/
(٦) ڕوابط ایران و قطر؛ تانگوی پنهان در خلیج فارس؛ http://www. bbc. com/persian/iran-features-40157384
(٧) جواد بخشی، سەرچاوەی پێشوو
(8) هادی صادقی اول و جعفر نقدی عشرت آباد، "روابط ایران و دژ منطقەای شورای همکاری خلیج فارس"، دوره سوم، شماره چهارم، زمستان ١٣٩٣، صص ١٣-١٤. 
(٩) بۆ زانیاری زیاتر بڕوانە: ڕایزنی فرهنگی جمهوری اسلامی ایران- دوحە؛ http://doha. icro. ir/index. aspx?fkeyid=&siteid=126&pageid=4411
(١٠) جواد بخشی، سەچاوەی پێشوو
(١١) ڕوابط ایران و قطر؛ تانگوی پنهان در خلیج فارس؛ http://www. bbc. com/persian/iran-features-40157384
(١٢) مسعوود الزاهد، تفاصيل العلاقات الأمنية والعسكرية بين قطر وإيران؛ http://www. alarabiya. net/ar/iran/2017/05/24/
(١٣) هەمان سەرچاوە
(١٤) جواد بخشی، سەرچاوەی پێشوو
(١٥) بۆ زانیاری سەبارەت بە کێشەی سنوری نێوان قەتەر و عەربستان و وڵاتەکانی تری کەنداو بڕوانە: مفید الزیدی، تاریخ قطر المعاصر، دارالمناهج للنشروالتوزیع، الاردن، ٢٠١٥، صص ٧٩-٨٢. 
(١٦) جواد بخشی، سەرچاوەی پێشوو
(١٧) مسعوود الزاهد، سەرچاوەی پێشوو
(18) نگاهی به فراز و فرود ڕوابط ایران و قطر؛ https://www. tasnimnews. com/fa/news/1396/03/07/1421352/
(١٩) مسعوود الزاهد، سەرچاوەی پێشوو
(٢٠) حمید بعیدی نژاد، ویژگی‌های قطعنامه جدید شورای امنیت، http://1404. ir/news/4382/
(٢١) بۆ زانیاری سەبارەت بە کێشەی دورگە سیانییەکانی کەنداو بڕوانە: سعید محمودی، 
ایران و امارات؛ اختلاف چندگانه در مورد جزایر سه‌گانه؛ http://www. bbc. com/persian/iran/2012/07/120604_l23_lp_neighbours_iran_uae_united_arab_island_abomusa_saied_mahmoudi_legal. shtml. یوسف ڕفایعە؛ ما هي الجزر الثلاث ولماذا تتنازع أبوظبي وطهران عليها؟ ؛ http://archive. arabic. cnn. com/2012/middle_east/4/17/UAE-Iran-Islands/index. html
(22) ڕوابط ایران و قطر؛ تانگوی پنهان در خلیج فارس؛ http://www. bbc. com/persian/iran-features-40157384
(٢٣) بڕوانە: سفارت عربستان در تهران به آتش کشیده شد؛ http://www. asriran. com/fa/news/441626/
(24) ڕوابط ایران و قطر؛ تانگوی پنهان در خلیج فارس؛ http://www. bbc. com/persian/iran-features-40157384
(25) هەمان سەرچاوە
(26) شبنم فون هاين، إيران تتضامن مع قطر. . ولكن بحذر!؛ http://www. dw. com/ar/
(27) امیر قطر: ڕوابط قطر و ایران ڕیشه‌ دار، تاریخی و استوار است؛ http://alef. ir/vdcaiinyi49n0y1. k5k4. html?476466
(28) بە ڕاگواستن: دستور امیر قطر به «حماس» درباره ایران؛ http://kargaronline. ir/fa/news-details/64297/
(29) مسعوود الزاهد، سەرچاوەی پێشوو
(30) هیفاء زعیتر، إيران والأزمة الخليجية: من المستفيد وما هي السيناريوهات المطروحة؟ ؛ http://raseef22. com/politics/2017/06/08/
(31) بروانة: التمويل الخليجي للعراق بين الحقائق الأمنية وتضخيم التهديد الإيراني؛ http://www. bbc. com/arabic/middleeast/2010/09/100922_gulfstatesandiraq_tc2. shtml. 
کدام کشورها در جنگ ایران و عراق به صدام کمک کردند؛ http://www. irdiplomacy. ir/fa/page/1947390/
(32) شبنم فون هاين، سەرچاوەی پێشوو
(33) قطر بعد از یک دهه توسعه میدان گازی مشترک با ایران ڕا از سر می‌گیرد؛ http://www. bbc. com/persian/business-39482156
(34) هیل، چرا ایران برنده بحران قطر است؟ / استراتژی موفقیت آمیزی که ڕوحانی در قبال ناتوی عربی پیاده کرد، چه بود؟ ؛ http://www. entekhab. ir/fa/news/348988/
(35) شبنم فون هاین، سەرچاوەی پێشوو
(36) حسین ڕبیعی و جهانگیرحیدری، "تحیلی عوامل موثر بر پویش های ژئوپولتیک قطر و تاثیر آن بر امنیت ملی ایران"، فصلنامه مطالعات سیاسی جهان اسلام، سال سوم، شماره١٢، زمستان ١٣٩٣، ص20. 
(37) بۆ زانیاری زیاتر لە سەر پێگەی العدید بروانە: ما لا تعرفه عن قاعدة "العديد" بقطر؛ http://www. aljazeera. net/multimedia/infograph/2017/6/14/
(38) آمریکا و قطر قرارداد ۱۲ میلیارد دلاری خرید جنگنده امضا کردند؛ https://www. radiofarda. com/a/28557145. html
(٣٩) احمد ساعی و سید ڕضی عمادی، "تعامل اقتصاد، سیاست خارجی، امنیت دوڵت زرەای قطر، قبل و پس از سال ٢٠١١"، فصلنامه مطالعات ڕاهبردی جهانی شدن، سال پنجم، شماره دوازدهم، تابستان ١٣٩٣، صص ٢٧-٣٣. 
(٤٠) واکنش ایران به قطع ڕابطه چند کشور عربی با قطر؛ https://www. tasnimnews. com/fa/news/1396/03/15/1428199/
(٤١)عکس | توییت ظریف در واکنش به تنش دیپلماتیک در جنوب خلیج‌فارس؛ http://www. khabaronline. ir/detail/673244/World/diplomacy
(٤٢) شبنم فون هاین، سەرچاوەی پێشوو
(٤٣) ڕمزگشایی سه‌گانه از پیام ڕوحانی به امیر قطر؛ http://www. eghtesadnews. com/
(٤٤) تامر بدوی، فرصة ذهبية لإيران(قد تتيح أزمة الخليج فرصة أساسية أمام إيران لتوسيع حضورها الاقتصادي والجيوسياسي والديبلوماسي في المنطقة. )؛ http://carnegieendowment. org/sada/71268
(٤٥) نگاهي به تاريخچه "قطر"؛ http://www. yjc. ir/fa/news/4095386/
(4٦) حسین ڕبیعی و جهانگیرحیدری، سەرچاوەی پێشوو، ل ٩. 
(٤٧) ایران" تنها امید باقیمانده قطر برای ارتباط با جهان؛ http://shariyan. com/detail/90810
(٤٨) افزایش تردد پروازهای قطر از آسمان ایران؛ https://www. radiofarda. com/a/qatar-iran-airspace/28532336. html
(٤٩) قطر تنها ڕاه تنفس خود ڕا حفظ می‌کند؟ ؛ http://www. isna. ir/news/96031508075/
(50)بعد المقاطعة. . إيران: نحو 150 ڕحلة يومية لطيران قطر تعبر أجواءنا؛ https://arabic. cnn. com/business/2017/06/06/iran-qatar-airways-flights
(51)موقعیت امروز قطر، فرصتی طلایی برای ایران؛ http://otaghiranonline. ir/news/8728
(52) هیفاء زعیتر، سەرچاوەی پێشوو
(٥٣) بە ڕاگواستن: چرا اختلاف عربستان و قطر به نفع ایران است؟ / آیا تهران ڕسما پشت دوحه خواهد ایستاد؟ ؛ http://www. entekhab. ir/fa/news/350080/
(٥٤) قطر شرایط عربستان و متحدانش ڕا ڕد کرد؛ http://www. bbc. com/persian/world-40468309
(٥٥) نشست چهار کشور عربی بدون تصمیمی علیه قطر پایان یافت؛ http://www. bbc. com/persian/world-40511686

زۆرترین خوێندراوە


political studies copyright 2017 © . All right reserved Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure