چۆن ئه‌مریكا ده‌توانێت قه‌یرانه‌كانى دواى ڕیفراندۆم چاره‌سه‌ر بكات؟

02/10/2017

:: بێ نوسەر ناوه‌ندی كوردستان بۆ توێژینه‌وه‌ له‌ململانێ و قه‌یرانه‌كان
نوسینى: مایكڵ نایتس* 
سه‌رچاوه‌: washingtoninstitute
وه‌رگێڕانى: د. پشتیوان فه‌ره‌ج 

كوردى عێڕاق دراوسێكانیان توڕه‌ كردوه‌ ، به‌ڵام سزادانى قورسى كوردستان به‌وشێوه‌یه‌ى ئێستا ئیران به‌هێز ده‌كات و هه‌ڵمه‌تى شه‌ڕى دژى داعش شكست پێدێنێت.
ڕیفراندۆمى سه‌ربه‌خۆیی كورد له‌ كوردستانى عێڕاق به‌سه‌ركه‌وتووى ئه‌نجام درا و %92.7 ى ده‌نگده‌ران ده‌نگیان بۆ سه‌ربه‌خۆیی دا. هه‌رچه‌نده‌ ئه‌نجامى ڕیفراندۆمه‌كه‌ گۆڕانكارى ئیدارى به‌دواى خۆیدا ناهێنێت و بریتى نیه‌ له‌ ڕاگه‌یاندنى سه‌ربه‌خۆیی، به‌ڵام حكومه‌تى ناوه‌ندى و په‌رله‌مانى به‌غداد به‌توندى كاردانه‌وه‌یان هه‌بوو، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ى وڵاتانى دراوسێى وه‌ك توركیا و ئێران هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ به‌رپرسانى عێڕاق ده‌كه‌ن بۆ سزادانى هه‌رێمى كوردستان. هه‌ندێك له‌و سزایانه‌ى كه‌به‌سه‌ر كوردستاندا سه‌پێنراوه‌ زیان به‌به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانى ئه‌مریكا ده‌گه‌یه‌نێت و وا ده‌كات ئێران به‌هێزتر و كاریگه‌رتر بێت. ئه‌ردۆغانى سه‌رۆكى توركیا سه‌ردانى ئێران ده‌كات له‌ 4 ى ئۆكتۆبه‌ر. پێویسته‌ پێش ئه‌و سه‌ردانه‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتوه‌كانى ئه‌مریكا خێرا فریابكه‌ون و كاریگه‌ریان هه‌بێت له‌سه‌ر داڕشتنه‌وه‌ى سیاسه‌تى توركیاو عێڕاق له‌ قۆناغى دواى ڕیفراندۆمه‌كه‌دا. باشتر وه‌هایه‌ داڕشتنه‌وه‌ى ئه‌م سیاسه‌ته‌دا له‌ ئێستادا به‌ پشتگیرى په‌یامى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان بۆ هاریكارى عێڕاق (یونامى) و هاوپه‌یمانانى شه‌ڕى دژى داعش بێت.

دژایه‌تى كوردستان بۆ؟
له‌ په‌رله‌مانه‌ شپرزه‌كه‌ى به‌غداد سیازده‌ بڕیاڕ ده‌ركراوه‌ وه‌ك وه‌ڵامدانه‌وه‌ى ده‌نگدان به‌به‌ڵى له‌ ڕیفراندۆمه‌كه‌دا، ئه‌و بڕیارانه‌ چه‌ندین هه‌نگاوى مه‌ترسیداریان له‌ خۆگرتوه‌: بۆ نمونه‌ گرتنه‌به‌رى ڕێگه‌ى سه‌ربازى له‌و ناوچانه‌ى كورد كه‌ به‌ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان ناسراون وه‌ك كه‌ركوك، ده‌ركردنى ئه‌و فه‌رمانبه‌ره‌ كوردانه‌ى كه ‌له‌ به‌غداد كارده‌كه‌ن و ده‌نگیان بۆ به‌ڵى داوه‌، ده‌ركردنى نه‌جمه‌دین كه‌ریم پارێزه‌گارى كه‌ركوك "به‌به‌كارهێنانى هێز"، داخستنى سنوره‌كانى هه‌رێمى كوردستان به‌هاریكارى وڵاتانى دراوسێ وه‌ك ئێران و توركیا، وه‌ستانى هه‌نارده‌كردنى نه‌وتى كوردستان، داخستنى قونسوڵى وڵاتانى بیانى له‌ناو كوردستان، گرتنه‌ به‌رى ڕێكارى یاسایی له‌ دژى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان مه‌سعود بارزانى، و‌ ئاماده‌كارى بۆ لابردنى سه‌رۆك كۆمارى عێڕاق فوئاد مه‌عسوم كه‌ به‌ڕه‌گه‌ز كورده‌.
دیاره‌ كه‌ ڕێى تێناچێت حه‌یده‌ر عه‌بادى ڕێگه‌ى سه‌ربازى بگرێته‌ به‌ر وه‌ك له‌ په‌رله‌مان داواى لێكراوه‌، به‌ڵام ئه‌و ئاماژه‌ى به‌وه‌ داوه‌ كه‌ "ڕێوشوێنى ئابورى" ده‌گرێته‌ به‌ر. عه‌بادى داواى له‌ كوردستان كرد كه‌ هه‌موو خاڵه‌ سنوریه‌كان و فڕۆكه‌خانه‌كان و هه‌نارده‌كردنى نه‌وتى هه‌رێم ته‌سلیم به‌به‌غداد بكه‌نه‌وه‌. ده‌سه‌ڵاتى فڕۆكه‌وانى شارستانى عێڕاقى فه‌رمانى ده‌ركردوه‌ كه‌ هه‌موو گه‌شته‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كانى هه‌رێمى كوردستان له‌ كاتژمێر 6 ى ئێواره‌ى ڕۆژى هه‌ینى به‌روارى 29 ى سێپته‌مبه‌ر بوه‌ستێت. و چاوه‌ڕوان ده‌كرێت فڕۆكه‌خانه‌كان له‌سه‌ر ئاستى جیهاندا گه‌شته‌كانیان بۆ كوردستان بوه‌ستێنن.
دیاره‌ كه‌ توركیا و ئێران ئاماده‌ن هه‌ماهه‌نگى عێڕاق بكه‌ن بۆ سزادان و ته‌مێكردنى كوردستان. له‌ ئێستادا به‌غداد له‌گه‌ڵ ئێران و توركیا كارده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى به‌غداد گومرگه‌كانى خۆى له‌سه‌ر سنورى ئه‌و وڵاتانه‌ دابمه‌زرێنێت پێش ئه‌وه‌ى حكومه‌تى هه‌رێم گومرگى خۆى وه‌ربگرێت. دانانى ئه‌م خاڵه‌ گومرگیانه‌ى عێڕاق له‌سه‌ر سنورى توركیا وا ده‌كات كه‌ به‌رپرسانى هه‌رێم نه‌توانن كوردستان جێبهێڵن به‌بێ ڕه‌زامه‌ندى به‌غداد. له‌هه‌مان كاتدا، ئاڵوگۆڕى بازرگانى توركیا له‌گه‌ڵ عێڕاقدا ڕێڕه‌وه‌كه‌ى ده‌گۆڕێت و به‌ناو ئێراندا تێده‌په‌ڕێت. هه‌روه‌ها به‌غداد ده‌ست ده‌كات به‌ پێوه‌ركردنى هه‌نارده‌كردنى نه‌وتى هه‌رێم بۆ توركیا. توركیاش به‌ته‌مایه‌ كه‌ نرخى فرۆشتنى نه‌وتى هه‌رێم بخاته‌ سه‌ر ڕێكخراوى فرۆشتنى نه‌وتى عێراقى (سۆمۆ). و ‌له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م كاره‌دا به‌غداد ئاماده‌یه‌ موچه‌ى كارمه‌ندانى حكومى هه‌رێمى كوردستان بدات.

ئێران و ده‌وڵه‌تى ئیسلامى داعش بردیانه‌وه‌؟
ئه‌گه‌ر ئه‌م ئابڵوقه‌ ئابوریه‌ به‌ واقیعى به‌سه‌ر كوردستاندا بسه‌پێت ئه‌وا كاریگه‌رى زۆر دژوارى له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانى ئه‌مریكا ده‌بێت. هه‌ڵمه‌تى دژى داعش شكست دێنێت به‌تایبه‌تى ئۆپه‌راسیۆنى ڕزگاركردنى حه‌ویجه‌. ئه‌م ئۆپه‌راسیۆنه‌ مه‌به‌ستى ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌هێزترین و كاریگه‌رترین سه‌رچاوه‌ى ماددى داعش له‌عێڕاقدا له‌ناوبه‌رێت. ئه‌گه‌ر ئه‌م سزایانه‌ وا به‌قورسى به‌سه‌ر هه‌رێمدا بسه‌پێت ئه‌وا هه‌رێم ده‌توانێت ئاڵنگارى و به‌ربه‌ستى قورس دابێت بۆ هه‌بوونى چه‌كى قورسى هاوپه‌یمانان و كۆكردنه‌وه‌ى زانیارى و هه‌وڵگیرى و هه‌وڵه‌ لۆجیستیه‌كان كه‌ ده‌بێت له‌ كوردستانه‌وه‌ بۆ دژى داعش به‌كاربهێنرێت. ئه‌گه‌ر ئه‌م سزایانه‌ وابه‌قورسى له‌ دژى كوردستان به‌كاربهێنرێت و له‌ به‌رامبه‌ریشدا به‌غداد نه‌توانێت قه‌ره‌بووى ئه‌و زیانه‌ بكاته‌وه‌ كه‌ به‌ هۆى وه‌ستانى ناردنى نه‌وتى كوردستان و خاڵه‌ گومرگیه‌كان له‌ كوردستان ده‌كه‌وێت ئه‌وا حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ماوى چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك یان چه‌ند مانگێكدا ئیفلاس ده‌كات و ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ هۆى پشێوى و نائارامى و خۆپیشاندان و شه‌ڕى كوتله‌كان له‌ كوردستاندا. پێشمه‌رگه‌ى كوردستان كه ‌له‌ ئێستادا به‌درێژایی سنورێكى زۆر دوورودرێژ له‌به‌ره‌كانى ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌ى داعشن ڕاسته‌وخۆ موچه‌كانیان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن و ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ هۆى ئه‌وه‌ى زۆربه‌ى پێشمه‌رگه‌كان به‌ره‌كانى جه‌نگ جێبهێڵن بۆ ئه‌وه‌ى بتوانن هاریكارى خێزانه‌كانیان بكه‌ن.
جگه‌ له‌وه‌ى ئه‌مه‌ ده‌رفه‌ت ده‌دات به‌ داعش كه‌ خۆیان ڕێكبخه‌نه‌وه‌ دانانى ئابڵوقه‌ى ئابورى له‌سه‌ر كوردستان ئێران به‌هێزتر و كاریگه‌تر ده‌كات و ئێرانیش له‌م كاته‌دا ده‌یه‌وێت به‌ توندترین شێواز سزاى هه‌رێمى كوردستان بدات، چونكه‌ ئه‌وان ڕیفراندۆمێكیان ئه‌نجام داوه‌ كه‌ مه‌ترسى ئه‌وه‌ى هه‌یه‌ ببێته‌ هۆى ڕاپه‌ڕینى كورد له‌ ئێراندا. ڕاسته‌ به‌شێكى زۆرى به‌رپرسانى هاوپه‌یمانانى شه‌ڕى دژى داعش پێیان ناخۆشه‌ كه‌به‌هۆى ڕیفراندۆمه‌كه‌وه‌ ئاڵۆزى زیاتر دروست بوه‌، به‌ڵام پێویسته‌ ئه‌وه‌یان له‌بیر بێت و ئه‌وه‌ به‌كه‌م نه‌زانن كه‌ حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ده‌توانێت سه‌ربه‌خۆیانه‌ كاردانه‌وه‌ى هه‌بێت و ئه‌مه‌ش زۆر گرنگه‌ به‌تایبه‌تى ئه‌گه‌ر هاتوو كوتله‌كانى سه‌ر به‌ڕژێمى ئێران له‌ هه‌ڵبژاردنه ‌نیشتمانیه‌كه‌ى نیسانى 2018 دا عێڕاقدا بیبه‌نه‌وه‌. 
حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان هه‌میشه‌ پلان "بى" ئه‌مریكایه‌ به‌تایبه‌تى ئه‌گه‌ر هاتوو به‌غداد له‌سه‌دا سه‌د ته‌سلیم به‌ ئیراده‌ى ئێران بوو. و كوردیش ته‌نها بكه‌رى ناوخۆیین كه‌ توانیویانه‌ ڕووبه‌ڕووى قاسم سوله‌یمانى فه‌رمانده‌ى گشتى هێزه‌ شۆڕشگێره‌كانى ئیسلامى ئێران (هێزى قودس) ببنه‌وه‌. هه‌رچه‌نده‌ پێویسته‌ واشینتۆن زۆر به‌ وریایی ئاگاى له‌پاراستنى به‌رژه‌وه‌ندیه‌ گه‌وره‌كه‌ى خۆى - په‌یوه‌ندیه‌كانى له‌گه‌ڵ به‌غداد- بێت به‌ڵام پێویسته‌ ئه‌مریكا هه‌میشه‌ ئه‌وه‌ى له‌بیر بێت كه‌ حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان باشترین پلان "بى" ئه‌مریكایه‌ و كوردستان به‌هاى گه‌وره‌ى هه‌یه‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندى ئه‌مریكا. ئه‌مریكا نه‌ك ته‌نها به‌رژه‌وه‌ندى له‌گه‌ڵ كوردستان هه‌یه‌ به‌ڵكو پێویسته‌ په‌یوه‌ندیه‌كى باشى له‌گه‌ڵ توركیاشدا هه‌بێت به‌تایبه‌تى ئه‌گه‌ر هاتوو په‌یوه‌ندى نێوان توركیا و به‌غداد تێكچوو پێویسته‌ ئه‌مریكا توركیاش وه‌ك پلان "بى" خۆى دابنێت. بۆیه‌ پێویسته‌ ئیداره‌ى تره‌مپ هه‌رچى زووه‌ ده‌ست به‌جێ هه‌نگاوى پێویست بنێت بۆ ئه‌وه‌ى متمانه‌ى كۆمه‌ڵگاى نێوده‌وڵه‌تى به‌ده‌ست بێنێت له‌لایه‌ك و له‌لایه‌كى تره‌وه‌ پێویسته‌ ئه‌مریكا په‌یوه‌ندیه‌كى باشى له‌گه‌ڵ كوردستاندا هه‌بێت.

چه‌ند ئامۆژگاریه‌ك بۆ سیاسه‌تى ئه‌مریكا له‌ ئێستادا
له‌ئێستادا كورد له‌ عێراقدا له‌به‌رده‌م واقیعێكى نوێدایه‌، ئه‌وان دوریه‌كیان دروستكردوه‌ له‌ نێوان خۆیان و هاوپه‌یمانه‌ نزیكه‌كانیاندا، به‌تایبه‌تى له‌گه‌ڵ توركیا و  هاوپه‌یمانێتى نێوده‌وڵه‌تى به‌سه‌ركردایه‌تى ئه‌مریكا، ئیتر ئایا ئه‌م دوری و دابرانه‌ بۆ ماوه‌یه‌كى كورت بێـت یان نا. هه‌رچه‌نده‌ ئه‌وان وایان پێباش بوو ئه‌و موجازه‌فه‌یه‌ بكه‌ن و ڕیفراندۆمى خۆیان ئه‌نجام دا بۆیه‌ ده‌بێت ئاماده‌ش بن كه‌ ده‌رئه‌نجامه‌كانى قبوڵ بكه‌ن. به‌ڵام سه‌پاندنى ئه‌و سزا قورسانه‌ به‌سه‌ر كوردستاندا مایه‌ى مه‌ترسیه‌كى گه‌وره‌یه‌ له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانى ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانان له‌ عێڕاقدا.
پێویسته‌ واشینتۆن ڕۆڵى پارێزه‌رى كوردستان له‌ به‌غداد نه‌بینێت. له‌جیاتى ئه‌وه‌ پێویسته‌ ته‌ركیزى ئه‌مریكا بیركردنه‌وه‌ بێت له‌ ئه‌نقه‌ره‌، چونكه‌ هه‌نگاوى داهاتووى توركیا یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ ده‌بێت له‌ مانه‌وه‌ یان كۆتاییهاتنى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان. ئه‌ردۆغان له‌به‌روارى 28 ى سێپته‌مبه‌ر له‌گه‌ڵ پۆتینى سه‌رۆكى ڕوسیا كۆبویه‌وه‌ وه‌ له‌ 4 ى ئۆكتۆبه‌ریش سه‌ردانى تاران ده‌كات. دوابه‌دواى ئه‌م سه‌ردان و گفتوگۆ و ڕاوێژكاریانه‌ ئیتر ئه‌ردۆغان بڕیاڕ ده‌دات چه‌ندێك له‌و سزایانه‌ى كه‌ پێشنیار كراون ڕاسته‌وخۆ و ده‌ستبه‌جێ به‌سه‌ر كوردستانیدا بسه‌پێنێت، ئه‌گه‌رى هه‌یه‌ له‌ كۆتایی ئه‌م هه‌فته‌یه‌دا ئه‌وه‌ یه‌كلابێته‌وه‌.
 له‌ڕاستیدا نابێـت به‌هیچ جۆرێك ئه‌مریكا ڕێگه‌ بدات كه‌ بۆچون و هه‌ڵوێستى ڕوسیا و ئێران زاڵبێت به‌سه‌ر ئه‌رۆدغان و بۆچون و كاردانه‌وه‌كانى ئه‌و ده‌رباره‌ى قه‌یرانى ڕیفراندۆمه‌كه‌. چونكه‌ نه‌ ئێران نه‌ ڕوسیا هیچ به‌لایانه‌وه‌ گرنگ نیه‌ كه‌ هاوپه‌یمانى شه‌ڕى دژى داعش سه‌ركه‌وتوو ده‌بێت یان نا. هه‌روه‌ها ڕوسیا و ئێران ده‌یانه‌وێت له‌ هه‌ژمونه‌ى ئه‌مریكا كه‌متر بكه‌نه‌وه‌ له‌و هه‌رێمه‌دا.
پێویسته‌ هه‌رچى زوه‌ و ده‌ست به‌جێ به‌بێ دواكه‌وتن ئیداره‌ى دۆناڵد تره‌مپ وه‌فدێكى مه‌ده‌نى بنێرێت بۆ چاره‌سه‌ركردنى ئه‌م قه‌یرانه‌، پێویسته‌ ئه‌ندامه‌كانى ئه‌م وه‌فده‌ پاشخانێكى پاك و بێگه‌ردیان هه‌بێت و هیچ په‌یوه‌ندیه‌كى خراپ یان ئیشكالیه‌تێكیان له‌گه‌ڵ توركیا و به‌غداد و كورد نه‌بێت. كاره‌كانى ئه‌م وه‌فده‌ش له‌ ئیستادا بریتیه‌ له‌م سێ هه‌نگاوه‌ى خواره‌وه‌:
1- دان به‌ پاڵنه‌ره‌ ناوخۆییه‌ سیاسیه‌كاندا بنێن: پێویسته‌ وه‌فدى ناوبژیوانى ئه‌مریكى پێوه‌رێك دیارى بكه‌ن كه‌ تیایدا خواست و داوكاریه‌ سیاسیه‌ ناوخۆییه‌كانى هه‌ریه‌كه‌ له‌ ئه‌ردۆغان و عه‌بادى و بارزانى به‌لانى كه‌م بهێنێته‌ دى. چونكه‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌م سێ سه‌ركرده‌یه‌ هه‌ڵوێستى توندیان نواند سه‌باره‌ت به‌ ئه‌نجامدان یان نه‌دانى ڕیفراندۆمه‌كه‌ى كوردستان ئه‌ویش بۆ ئه‌وه‌ى نیشانى هه‌ودارانى خۆیانى بده‌ن كه‌ ئه‌وان سه‌ركرده‌ى ڕاستى گه‌له‌كه‌یان و خواسته‌ سیاسیه‌كانى ئه‌وان دێننه‌ دى. و‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌م سێ سه‌ركرده‌یه‌ ناهه‌قیان نه‌بوو كه‌ وا ڕه‌فتاریان كرد. پێش ده‌نگدانه‌كه‌ نه‌توانرا قه‌یرانه‌كان و گرژیه‌كان دابمرێننه‌وه‌ چونكه‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌م سێ سه‌ركرده‌یه‌ هیچ حسابێكیان بۆ پێگه‌ى ناوخۆیی و داواكارى سیاسى جه‌ماوه‌رى نه‌یاره‌كانى خۆیان نه‌كرد. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌شه‌ كه‌ پێویسته‌ ئه‌و وه‌فده‌ ناوبژیكه‌رانه‌ نوێیه‌ى ئه‌مریكا هه‌ڵه‌كانى ئه‌وان دوباره‌ نه‌كاته‌وه‌ و له‌جیاتى ئه‌وه‌ چاره‌سه‌ر و چۆنیه‌تى دامركاندنه‌وه‌ى ئاڵۆزیه‌كانیان پێ نیشان بده‌ن.
2- پێویسته‌ ده‌سه‌تبه‌جێ بارودۆخه‌كان هێوربكه‌نه‌وه‌: پێویسته‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌ ئه‌ردۆغان و عه‌بادى دڵنیایی بده‌ن به‌ هه‌واداران و جه‌ماوه‌ره‌كانیان له‌ناوخۆى وڵاته‌كه‌یان كه‌ ڕیفراندۆم ده‌ستبه‌جێ یا له‌ماوه‌یه‌كى كورتدا  نابێته‌ هۆى سه‌ربه‌خۆبوون و جیابونه‌وه‌ى كوردستان و هه‌روه‌ها ڕیفراندۆم نابێته‌ هۆى گه‌ڕانه‌وه‌ى هه‌میشه‌یی ناوچه‌ ناكۆكى له‌سه‌ره‌كان بۆ سه‌ر كوردستان. به‌م شێوه‌یه‌، پێویسته‌ ئه‌مریكا فشار بخاته‌ سه‌ر سه‌ركرده‌كانى كورد كه‌ هه‌رچى زوه‌ و ده‌ست به‌جێ ئیعلانى بكه‌ن بۆ هه‌مولایه‌ك‌ كه‌ ئه‌وان هه‌نگاوى له‌م چه‌شنه‌ ناگرنه‌ به‌ر، واته‌ خێرا سه‌ربه‌خۆیی ڕاناگه‌یه‌نن و ده‌ستبه‌جێش ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان ناگه‌ڕێننه‌وه‌ سه‌ر كوردستان به‌شێوه‌یه‌كى هه‌میشه‌یی. پێویسته‌ كورده‌كان ئه‌ردۆغان ڕازى بكه‌ن و هه‌نگاوى ئاشتبونه‌وه‌ بگرنه‌ به‌ر به‌جۆرێك كه‌ په‌یامه‌كه‌یان ڕوون بێت. پێویسته‌ ئیداره‌ى تره‌مپ له‌ ئێستادا خۆى به‌دوور بگرێت له‌ هه‌ر هه‌نگاوێك كه‌ له‌وانه‌یه‌ ئه‌ردۆغان توڕه‌ بكات بۆ نمونه‌ پێویسته‌ ئه‌مریكا خۆى به‌دوور بگرێت له‌ هه‌ر لێدوانێك كه‌ پشتگیرى سه‌ربه‌خۆیی كوردستان بكات به‌تایبه‌تى لێدوانى كۆنگرێسى ئه‌مریكا یان ئیسرایل. هه‌روه‌ها پێویسته‌ له‌م كاته‌دا واشینتۆن كورد له‌ سوریا بێده‌نگ بكات.
3- دامه‌زراندنى كۆمیته‌یه‌كى دانوستان: ئه‌گه‌ر به‌شێوه‌یه‌كى بونیاتنه‌رانه‌ له‌ مه‌سه‌له‌كه‌ بڕوانین به‌غداد و حكومه‌تى كوردستان هه‌مان داواكاریان هه‌یه‌، به‌تایبه‌تى یه‌كلاكردنه‌وه‌ى كۆنتڕۆڵكردنى فڕۆكه‌خانه‌كان، هه‌نارده‌كردنى نه‌وت، ئیداره‌كردن و به‌ڕێوه‌بردنى ناوچه‌ ناكۆكى له‌سه‌ره‌كان و ده‌ست گه‌شتنى كورد به‌ كۆمه‌ك و هاریكاریه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان. بۆیه‌ پێویسته‌ وه‌فده‌ ناوبژیوانیه‌كه‌ى ئه‌مریكا كۆمیته‌یه‌كى هاوبه‌ش له‌ ئه‌مریكى- عێڕاقى- كوردى پێكبهێنێت بۆ دانوستان كردن له‌باره‌ى به‌ڕێوه‌بردنى ده‌ستبه‌جێیانه‌ى قه‌یرانه‌كان و چاره‌سه‌ركردنى ئه‌و سزایانه‌ى كه‌ گیراونه‌ته‌ به‌ر، چونكه‌ ئه‌م سزایانه‌ مایه‌ى مه‌ترسین بۆ به‌رژه‌وه‌ندى ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانان و زیان به‌شه‌ڕى دژ به‌ داعش ده‌گه‌یه‌نێت. و‌ به‌بێى كات له‌گه‌ڵ ساردبونه‌وه‌ى لایه‌نه‌كان و به‌ئه‌عساب سارد وه‌رگرتنى كێشه‌كان و ده‌ستپێكردنه‌وه‌ به‌ پرۆسه‌ى سیاسى ده‌كرێت ئه‌و كۆمیته‌ هاوبه‌شه‌ى دانوستانه‌ ببێته‌ میكانیزمێك بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ و چاره‌سه‌ركردن و كۆتایی هێنان به‌ ناكۆكیه‌كانى نێوان حكومه‌تى به‌غداد و حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان. چه‌ندین ساڵه‌ ئێمه‌ پێویستمان به‌ پرۆسه‌ و چاره‌سه‌رێكى جیدیانه‌ى له‌م چه‌شنه‌ هه‌یه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى هه‌ردولا چونكه‌ له‌ڕاستیدا چاره‌سه‌رنه‌كردنى كێشه‌كان و به‌هه‌ڵپه‌سپاردنى ناكۆكیه‌كان به‌به‌رده‌وامى و بۆ ماوه‌یه‌كى دوور و درێژ  هۆكارى سه‌ره‌كى دروست بوونى ئه‌م قه‌یران و بارودۆخه‌بوو. ئه‌گه‌ر هه‌ر سێ لایه‌ن- ئه‌مریكا و عێڕاق و كوردستان- ئه‌م كاره‌ به‌جیدى وه‌ربگرن و نیازیان هه‌بێت ئه‌وا له‌لایه‌كه‌وه‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌و لایه‌نانه‌ ده‌توانن ئاهه‌نگى سه‌ركه‌وتن بگێڕن و هه‌ریه‌ك له‌وان براوه‌ى سه‌ره‌كى بن، و‌ له‌لایه‌كى تریشه‌وه‌ ده‌توانرێت له‌میانه‌ى ئه‌م گفتوگۆ و دانوستانانه‌دا هه‌موولا پێكه‌وه‌ هاریكار بن بۆ ئه‌وه‌ى هه‌ڵمه‌تى هاوپه‌یمانان له‌دژى داعش سه‌ركه‌وتوو بێت و ڕووبه‌ڕووى ته‌حه‌داكانى ئێران و ڕوسیاش ببنه‌وه‌.

* مایكڵ نایتس:پسپۆرى شاره‌زا له‌ كاروبارى عێراق و ئێران و كوردستان و هه‌رێمى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و لێكۆڵه‌ره‌ له‌ واشینتۆن ئینستیتوت و له‌هه‌موو پارێزگاكانى عێڕاقدا كارى كردوه‌ و كاتێكى زۆرى له‌گه‌ڵ هێزه‌ ئه‌منیه‌كانى عێڕاق و كوردستاندا به‌سه‌ر بردوه‌.

زۆرترین خوێندراوە


political studies copyright 2017 © . All right reserved Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure