سیاسەتی وزەی یەکێتیی ئەورووپا، یەکگرتوویی یاخود دابەشبوون؟

05/10/2017

:: بێ نوسەر ناوه‌ندی كوردستان بۆ توێژینه‌وه‌ له‌ململانێ و قه‌یرانه‌كان
نوسینی، دەرون ڕەحیم: خوێندکاری دکتۆرا لە بواری ئاسایش و سیاسەتی وزە لە ئەڵمانیا
 
پێشه‌كى
یەکێتی ئەوروپا بلۆکێکی پێکهاتووە لە ٢٨ وڵاتی خاوەن سەروەری و سەربەخۆ لە کیشوەری ئەوروپا. سەرەڕای ئەوەی کە یەکێتی ئەوروپا چواچێوەیەکی ڕێکخراوە کە لەسەر بنەمای دامەزراوەی سیاسی و ئابوری پێشکەوتو کاردەکات، بەڵام هەریەک لە وڵاتانی ئەندامی یەکێتی ئەوروپا سەروەری خۆیان لەدەست نەداوە، لەپاڵ چوارچێوەی گشتی سیاسەتی ئاسایش و دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا، هەر ئەندامێک پارێزگاری سیاسەتی ئاسایشی نیشتیمانی و دەرەوەی خۆی دەکات. لێرەوە جیاوازی و ناکۆکی لە نێوان ستراتیج و سیاسەتی یەکێتی ئەوروپا و وڵاتانی ئەندام، یاخود لە نێوانی ئەندامانی یەکێتی ئەوروپادا شتێکی چاوەڕوان کراوە1. 
پرۆسەی بڕیار درووست کردن لە یەکێتی ئەوروپا بوار بۆ ئەوە ناهێڵێتەوە کە سیاسەتێکی دەرەوی یەکگرتوو بەسەر هەموو ئەندامانی یەکێتی ئەروپادا بسەپێندرێت. لەسەر ئاساتی یەکێتییەکە بڕیار وەرگرتن لە شێوەی زۆرینەو کەمینەدا نییە، بۆیە سیاسەتی دەرەوەی ئەندامەکان لەسەر ئاستی نیشتیمان تا ڕادەیەکی زۆر سەربەخۆیی پێوە دیارەو لە هەندێک دۆخیشدا لەگەڵ سیاسەتی دەرەوەی پیادە کراو لە لایەن یەکێتی ئەوروپاوە دەکەونە ململانێ. 

ناكۆكی دوو بلۆك
سەبارەت بە سیاسەتی وزەی ئەوروپا کە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا وەک ئامڕازێکی سیاسەتی دەرەوەی ئەوروپا مامەڵەی لەگەڵ کراوە، و پاراستنی ئاسایشی وزەی ئەوروپا لە ئەولەویەتی سیاسەتی ئاسایشی یەکێتی ئەوروپا بووە. چونکە یەکێتی ئەرووپا وەک دوەەمین گەورەترین ئابوری جیهان پێویستی بە دەستڕاگەیشتن بە سەرچاوەیەکی بەردەوامی بێ کێشەی هەرزانی وزە هەیە، بە نرخێکی گونجاو بۆ ئەوەی بەبەردەوامی بزوێنەری داینەمۆی پیشەسازی و جوڵەی ئابوری بێت. بێ ئەوەی هیچ کام لە دابینکەرانی وزەی ئەوروپا لەڕێگەی وزەوە فشار بۆ سەر یەکێتی ئەوروپا درووست بکەن. 
لەپێناوی بەهێز کردنی ئاسایشی وزەی ئەوروپا، یەکێتییەکە دوو ستراتیجی سەرەکەی گرتە بەر، کە ئەوانیش یەکەم جۆراوجۆرکردنی سەرچاوەکانی دابین کردنی کردنی وزەیە، بۆ ئەوەی تەنها پشت بە یەک سەرچاوەو و یەک وڵات نەبەستن. دووەم ستراتیجی درووست کردنی یەکێتییەکی وزە، کە وڵاتانی ئەندام پێکەوە خەمی دابین کردنی وزە بۆ بازاڕەکانی ٢٨ ئەندامی یەکێتییەکە بخۆن. بڕیاری دابین کردنی وزەو فەراهەم کردنی ژێرخانی گواستنەوەی وزە بکرێتە باباتی سیاسەتێکی ناوەندی لە بڕۆکسلەوە بڕیاری لێبدرێت. سیاسەتێکی وزەی هاوبەش و جۆراو جۆرکردنی سەرچاوەکانی وزە دوو سەرەکیترین ستراتیجی ئەوروپییەکان بووە لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا. 
بەڵام بە شیکردنەوەی سیاسەتی نیشتیمانی هەریەک لە وڵاتانی ئەندام، وا دەردەکەوێت، کە یەکێتی ئەوروپا لە بواری سیاسەتی وزەدا هێندەی بواری هەماهەنگی بازرگانی و ئابوری سەرکەوتوو نەبووە. یەکێتی ئەوروپا تایبەت بە وزە و ئاسایشی وزە دابەشبوونێکی ئاشکرای پێوە دیارە. تایبەتی بە ئاسایش و سیاسەتی وزە یەکێتی ئەوروپا دابەش بووە بۆ دوو بلۆکی جیاواز، ، بلۆکی یەکەم لەو وڵاتانی ڕۆژهەڵات و باشوری ڕۆژهەڵاتی یەکێتی ئەوروپا پێک هاتووە، کە بەئەندامە نوێییەکانی یەکێتی ئەوروپا ناسراون، پێش کۆتایی هاتنی جەنگی سارد خاوەنی سیستیمی کۆمۆنیستی بوون. لەبەرامبەر ئەماندا بلۆکی دووەم، لە وڵاتانی دامەزرنێنەری یەکێتییەکەن، خاوەنی بەهێزترین ئابورەییەکانی ناو ئەوروپان. 
بلۆکی یەکەم کە وڵاتانی وەک پۆڵەندا، چیک، سلۆڤینیا، سلۆڤاکیا، ڕۆمانیا، و بولگاریان تا ڕادەی نغرۆ بوون لە گازی سرووشتی ڕوسیا پشتیان بە وزەی هاوردەکراو لە ڕوسای بەستووە، هەندێکیان ١٠٠% ئەو وزەیەی بەکاری دەهێنن لە ڕوسیاوەهاوردەی دەکەن. ئەم بلۆکە زۆر بەبەهێزی پشتیوانی جۆراوجۆرکردنی سەرچاوەکانی وزە دەکەن و سرون لەسەر ئەوەی کە دەبێت جێگرەوە بۆ سەرچاوەی وزەی ڕوسی بدۆزرێتەوە، هەروەها فشار دەکەن لە پێناوی سیاسەتی هاوبەشی وزەی یەکێتی ئەوروپا. وڵاتەکانی ڕۆژهەڵاتی یەکێتی ئەوروپا ڕوسەکان بە سەرچاوەی هەڕەشەیەکی ستراتیجی دەزانن لەسەر ئاسایشی خۆیان، پێیان وایە کە لەماوەی ڕابردودا ڕوسەکان وزەیان وەک چەکێک بەکارهێناوە بۆ فشار خستنە سەر ئەو وڵاتانە و دەست خستنە ناو کاروباری ناوخۆییانەوە2. 
بە پێچەوانەوە، بلۆکی دووەم کە وڵاتانی ڕٶژئاوای ئەوروپان وەک ئەڵمانیا و فەرەنسا و ئیتالیا، خاوەن هێز و ئابوری گەورەن. لە بنەڕەتدا ئەم وڵاتانە سەرچاوەی جۆراو زۆری دابینکردنی وزەیان هەیە جگە لە ڕوسیا، وزە لە نەرویج، جەزائیر، کەنداو و ئەمەریکاوە هاوردە دەکەن، هەروەها لە جۆرایەتی سەرچاوەکانی وزەشدا خۆیان لە ڕێگەی ئەتۆم و وەزی با و سۆلارەوە پێداویستی خۆیان پڕدەکەنەوە. بۆیە بەڕێژەیەکی کەمتر ئەو هەستییاریەیان بەرامبەر ڕوسەکان هەیە و کەمتر بە هەڕەشەی دەزانن. بە پێداگریەکی کەمترەوە بەرەوپیری ستراتیجەکانی بەهێزکردنی ئاسایشی وزەی ئەوروپا دەچن. تەواو پێچەوانەی بلۆکی یەکەم، وڵاتانی ڕۆژئاوای ئەوروپا پاراستنی پەیوەندی توند لەگەڵ ڕوسیادا بە پێویست دەزانن بۆ ئەوەی کە بازاڕێ وزەی ئەوروپا توشی بچڕان و زیانی ئابوری گەورە نەبێت، لە کاتێکدا کە هیچ کام لە سەرچاوە جێگرەوەکانی ڕوسیا لە قەوقاز و ناوەڕاستی ئاسیا و ڕٶژهەڵاتی ناوەڕاست توانای ئەوەیان نییە ببنە ئەڵتەرناتیڤی وزەی ڕوسیا3. 

لێكدانه‌وه‌كان بۆ وزه‌ جیاوازه‌
هەریەک لەو دوو بلۆکەی ناو یەکێتی ئەوروپا لێکدانەوەی خۆیان هەیە بۆ جۆراوجۆرکردنی وزە، ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا جۆراوجۆرکردنی سەرچاوەکانی هاوردەکردنی وزە تێدەگەن، واتە لای ئەوان دەبێت یەکێتی ئەوروپا لە پشتی ئەو پڕٶژانە بێت کە وزە لە سەرچاوەی نا ڕوسییەوە دەگەیەننە ئەوروپا، بۆ ئەوەی یەکێتی ئەوروپا بە شێوەیەکی بەرچاو دەست لە وزەی ڕۆسیی هەڵبگرێت. بەڵام لێکدانەوەی وڵاتانی دامەزرێنەری یەکێتییەکە جیاوازترە بۆ ستراتیجی جۆراوجۆر کردنی وزە، ئەوان پێیان وایە کە لە پاڵ دۆزینەوەی سەرچاوەی نوێی وزە، دەبێت سیاسەتی ئەوروپا کاربکات لەسەر دۆزینەوەی جۆری نوێی وزە، بەرهەمهێنانی وزەی خاوێن، و پەرەپێدانی تەکنەلۆجیا لە دادبینکردنی وزە. هەروەها سەبارەت بە ستراتیجی یەکێتی هاوبەشی وزە ئەم دوو بلۆکە لێکدانەوەی جیاوازیان هەیە. بلۆکی یەکەم پێی وایە کە دەبێت وڵاتانی ئەندام پێکەوە بڕیار بدەن کە وزە پێش کڕینی لە کوێوە هاوردە دەکرێت بە چ ڕێگایەک واتە یەکێتی ئەوروپا بە شێوەیەکی ناوەندی کۆنتڕۆڵی بازرگانی وزە بکات. بەڵام بلۆکی دووەم، بەتایبەتی ئەڵمانیا دژی ئەم بۆچونەن و دەیانەوێت کە هەماهەنگی نێوان ئەندامەکان لەسەر ئاستی یەکێتی ئەوروپا بێت، و هەر ئەندامێک ئازاد بێت لە کوێ و چۆن وزە هاوردە دەکات، یەکێتی وزە کاری دووبارە دابەش کردنەوەی ئەو وزەیە بێت کە هاوردە کراوە لە کاتی بوونی هەر کورتهێنانێک لە یەکێک لو وڵاتە ئەندامەکاندا4. 
سەرچاوەی ئەم دابەش بوونە دەگەڕێتەوە بۆ باکگراوندی سیاسی هەریەک لەو وڵاتانەی پشتیوانی ئەو دوو ئاڕاستە جیاوازە دەکەن. ئەوروپای ڕٶژهەڵات ترس لە ڕابردووی کۆمۆنیستی و داهاتوو ڕۆڵی ڕوسیا لە وڵاتەکانیاندا وای لێکردون کە ڕوسیا و وزەی ڕوسی بەو مەترسییە گەورەیە بزانن. هەروەها ئەوروپای ڕۆژئاواش، کە تاڕادەیەک سیاسەتێکی واقیعیانە تریان لە بواری وزەدا گرتۆتە بەر، ڕوسیا وەک هاوبەشێکی وزە دەبینن کە سەرڕای کێشە و گرفتەکان لەگەڵ مۆسکۆ، هێشتا توانای ئەوە نییە دەست بەرداری وزەی ڕوسیا ببن. چونکە سەرچاوەکانی دیکە توانای دابینکردنی ئەو بڕە زەبەلاحەی وزەیان نیە کە ڕوسیا بۆ وڵاتانی یەکێتی ئەوروپای دەنێرێت، هەروەها ژێرخان و ڕێگاکانی گاوستنەوەی وزە بۆ ئەوروپا ئامادە نین و بە ئاسانیش ئامادە ناکرێن5. 
شتێک کە وڵاتانی ڕۆژئاوای ئەرووپا لە ڕۆژهەڵاتییەکان تێی ناگەن بریتییە لە جیاوازی توانای ئەوان بەرپەرچدانەوەی مەترسی ڕوسیا، وڵاتانی وەک ئەڵمانیا و فەرەنسا دەتوانن بەوپەڕی هێزەوە بەرامبەر هێزو کاریگەری ڕوسەکان بوەستن، نەک وزە بەڵکو ئامڕازەکانی دیکە مۆسکۆ بە ئاسانی نابنە مه‌ترسی بۆ سەر ئاسایشی ئەو وڵاتانە. لە بەرامبەردا دۆخەکە بۆ وڵاتێکی وەک هەنگاریا یاخو ڕٶمانیا زۆر جیاوازە، کە هێندە بەهێز نین بتوانن بەهەمان شێوە بەرپەرچی مەترسی ڕوسیا بدەنەوە، مۆسکۆ زۆر بە ئاسانی پشت بەستنی ئەوان بە وزەی ڕوسیا بەکاردەهێنێت. 

كاریگه‌رییه‌ خراپه‌كان
ئەم دابەش بوونەی ئەوروپییەکان کاریگەری خراپی لەسەر سیاسەتی وزەی ئەوروپا هەبووە، هەروەها پشتیوانی سیاسی و دارایی و دەرفەتەکانی وەبەرهێنانی بۆ پڕٶژەکانی جۆراوجۆرکردنی وزەی ئەوروپا لاواز کردوە. هەر بۆیە تا ئیستا هیچ کام لەو بۆرییانەی کە یەکێتی ئەوروپا پشتیوانی کردون بۆ گواستنەوەی وزە لە سەرچاوەی نا ڕوسییەوە سەرکەوتنی بەرچاوەی بەدەست نەهێناوە. بۆ نمونە کاتێک وڵاتانی ئەوروپا ڕۆژهەڵات لۆبییان دەکرد بۆ پارەدارکردنی پڕۆژەی شکستخواردووی نابۆکۆ، بلۆکی بەرامبەر لەگەڵ ڕوسەکان خەریکی پتەکردنی پەیوەندیە دوولاینەکانیان بوون لە دەرەوەی یەکێتی ئەروپا. هەر وەک ئەوەی کە ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ڕیگری کرد لە دابینکردنی ٢٠٠ ملیۆن دۆلار بۆ نابۆکۆ تاوەکو یەکێتی ئەوروپا پڕٶژەی نۆرد ستریمی پەسەند کرد، کە پڕۆژەیەکی بۆری گازی سرووشتییە لە نێوان ڕوسیا و ئەڵمانیادا بۆ گواستنەوەی گازی سرووشتی لە ڕوسیاوە بە ژێر دەریای بەلتیکدا بۆ ئەڵمانیا. هەروەها فەرەنسییەکان، کە گازی سرووشتی لە جەزائیرەوە هاوردە دەکەن، پشتیوانی پڕۆژەکانی جۆراو جۆر کردنی ئەرووپا نەبوون، بە بیانووی ئەوەی کە بەشێک لەو پڕۆژانە بە خاکی تورکیادا تێپەڕ دەبن ئەمەش دبێتە هۆی بەهێز کردنی تورکیا و نزیک کردنەوەی لە یەکێتی ئەوروپا6. ئیتالیەکانیش لە کاتێکدا کە یەکێتی ئەوروپا سەرقاڵی بەجێ گەیاندنی نابۆکۆ کۆمپانیای ENI ئیتاڵی بووە بە سەرەکیترین هاوبەشی پڕۆژەی ساوس ستریم، کە پڕۆژەیەکی ڕکابەری نابۆکۆ بوو لە لایەن ڕوسەکانەوە پێشنیار کرابوو بۆ لێدان لە نابۆکۆ7. 
دابەش بوونی ئەوروپییەکان لە بواری وزەدا زەمینەیەکی گونجاوی بۆ ڕوسەکان گونجاندووە کە بەئازادی لە بازاڕی وزەی ئەوروپادا جوڵە بکات، ئاسانتر وزە وەک ئامڕازێکی سیاسەتی دەرەوەی لە دژی یەکێتی ئەوروپا بەکاربهێنێت. بەردەوامیش مۆسکۆ کار لەسەر گەورەکردنی ئەو درزە دەکات لە نێوان وڵاتانی ئەندامی یەکێتی ئەوروپادا. ڕوسیا مامەڵەی لەگەڵ وڵاتانی یەکێتیەکە جیاوازە لە بواری وزەدا. لەگەڵ ئەڵمانیا و ئیتاڵیا و نەمسا مامەڵەیەکی نەرم دەکات و بەردەوام بڕی زیاتری گازی سرووشتیان دەخاتە بەردەم و چانسی بەشدارییان پێ دەدات لە پڕۆژەکانی گواستنەوە و وەبەرهێنانی وزە. لە بەرامبەریشدا مامەڵەیەکی توند و ڕەق لەبەرامبەر وڵاتانی وەک ئیستۆنیا و لاتیڤییا و لیتوانیا دەکات، وەک دەستکاری کردنی نرخی وزە و پچڕاندن و گرتنەوەی وزە، یاخود دەست خستنە ناو کۆمپانیاکانی وزەی نیشتیمانی لە ڕێگەی کڕینی پشکی ئەو کۆمپانیایانە. 

ده‌رئه‌نجام
دابەش بوونی ئەندامانی یەکێتی ئەوروپا کاریگەری خراپی دەبێت لەسەر سیاسەتی یەکێتی ئەوروپا لە سەردەمی ئەو گۆڕانکارییە خێرا و یەک لە دوای یەکەکانی جیهان و گۆڕانکارییەکانی سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا و ڕۆڵی ڕوسیا و تەحەدییە بەردەوەامەکانی سەر ئاسایشیی جیهانی. کە وا پێویست دەکات ئەروپییەکان دوبارە سیاسەتی ئاسایش و دەرەوەی خۆیان ڕێکبخەنەوە و پاسادان بۆ بەرژەوەندی و هاوپەیمانێتییەکانیان بکەنەوە. ئەم چەرخە نوێیەی ئاسایش بۆ ئەوروپییەکان بریتیی دەبێت لە چەرخی پشت بە خۆ بەستن. ئەو ئاسایشەی کە جاران ئەمەریکییەکان دابینکەری سەرەکی بوون، لەمەوپاش کاری ئەوروپیەەکان خۆیان دەبێت. 

سه‌رچاوه‌كان
1- Dominique Finon. The European Foreign Gas Policy of Transit Corridor: Autopsy of the stillborn NABUCCO project, OPEC Energy Review, 2011. Volume 35, No 1, P 49
2- Darwn Rahim, THE NABUCCO NATURAL GAS PIPELINE; A MISSED OPPORTUNITY TO DELIVER KURDISH NATURAL GAS, Erfurt University, Erfurt 2016, P 12. 
3- KatinkaBarysch. Should the NABUCO Project be Shelved?, Transatlantic Academy, May 2010, P7
4- Tim Borsema, Energy Security and Natural Gas Markets, Lesson from Europe and the United States, London 2015, Routledge, 2015, P 17-18 

5- Irena Dinitrova, EU-Russia Energy Diplomacy- PIP Consortium Quarterly Journal, Partnership for Peace Consortium (PIPC), Garmisch-Partenkirchen- Germany. 2010

6- LeonelaLenes, RaduDudau. European Union`s Energy Diplomacy in the Wider Black Sea. Eurolines Journal. Supplement 3. 2011. P 91. 

7- Christian Duch&Jeppe Just, Political Struggle of the NABUCCO Pipeline,Roskilde University, Global Studies, Denmark 2012, P 66

زۆرترین خوێندراوە


political studies copyright 2017 © . All right reserved Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure