بژارده‌كانى توركیا بۆ روبه‌رووبونه‌وه‌ى سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێمى كوردستان

11/10/2017

:: بێ نوسەر ناوه‌ندی كوردستان بۆ توێژینه‌وه‌ له‌ململانێ و قه‌یرانه‌كان
نوسینی، خورشید دلى
سه‌رچاوه‌: ناوه‌ندى (المستقبل)بۆ توێژینه‌وه‌ ودراساتى پێشكه‌وتوو 

ره‌نگه‌ توركیا پێشبینى ئه‌وه‌ى نه‌كردبیت كه‌ مه‌سعود بارزانى هاوپه‌یمانیى پێشووى له‌ بژارده‌ى ریفراندۆمى سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێمى كوردستاندا تا كۆتایی ده‌ڕوات و جیابونه‌وه‌ ده‌كاته‌ دۆخێكى راسته‌قینه‌، ئه‌و واى ده‌بینى ئه‌و كاره‌ ته‌نها مانۆڕێكى سیاسییه‌ بۆ باشكردنى مه‌رجه‌كانى دانوستان له‌گه‌ڵ حكومه‌تى عیراق دواى كه‌ڵه‌كه‌بوونى ناكۆكییه‌كانى به‌غداو هه‌ولێر له‌سه‌ر دۆزه‌كانى نه‌وت و بودجه‌و ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان و كێشه‌كانى دیكه‌. به‌ڵام كه‌ ئه‌و ریفراندۆمه‌ ئه‌نجام دراو زۆرینه‌ى كورد پشتگیرى جیابونه‌وه‌ى هه‌رێمى كوردستانیان كرد ئیدى هه‌ڵوێستى ئه‌نقه‌ره‌ به‌شێوه‌یه‌كى به‌هێز ده‌چێته‌ خانه‌ى به‌رگرتن له‌ دروستكردنى ده‌وڵه‌تى سه‌ربه‌خۆی كوردی، به‌و پێیه‌ى ئه‌و بابه‌ته‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ كرۆكى ئاسایشى نه‌ته‌وه‌یی توركیا، یۆیه‌ ده‌كرێت له‌و هه‌ڵوێسته‌ ناڕازاییه‌ تێ بگه‌ین كه‌ توركیا گرتویه‌تییه‌ به‌رو گه‌یشتۆته‌ ئه‌وه‌ى هاوپه‌یمانى له‌گه‌ڵ ئێران و به‌غدا ببه‌ستێ له‌ دژى سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێم. 

هۆكاره‌كانى ره‌تكردنه‌وه‌:
ره‌تكردنه‌وه‌ى دروستكردنى ده‌وڵه‌تى كوردى له‌لایه‌ن توركیاوه‌ له‌ دوو هۆكاره‌وه‌ سه‌رچاوه‌ى گرتووه‌، یه‌كه‌میان په‌یوه‌ندى به‌ زانینی ئه‌نقه‌ره‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ دروستكردنى ده‌وڵه‌تى سه‌ربه‌خۆى كوردى له‌ عیراقدا كاریگه‌رى گه‌وره‌ى بۆ سه‌ر دۆزى كورد له‌ ناوخۆى خۆیدا ده‌بێت كه‌ زیاتر له‌ بیست ملیۆن كورد هه‌ن و له‌ رووى ده‌ستورییه‌وه‌ بێ به‌شن له‌ شوناسى نه‌ته‌وه‌یی و به‌ڕێوه‌بردنى خۆجێتى خۆیان، هه‌روه‌ك ده‌سه‌ڵاتدارانى توركیا نزیكه‌ى نیو سه‌ده‌یه‌ به‌ ناوى قه‌ڵاچۆكردنى "تیرۆر"ى پارتى كرێكارانى كوردستان له‌ شه‌ڕێكى خۆێناوییدایه‌ له‌ گه‌ڵیان.
له‌ میانی ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ى توركیاو ده‌وڵه‌تانى دراوسێ (سوریاو عیراق) به‌ خۆوه‌ى ده‌بینن، ئه‌نقه‌ره‌ خۆى له‌ به‌رده‌م جوگرافیاى كورد له‌ ده‌ره‌وه‌ى سنورییه‌كانى ده‌بینێته‌وه‌ كه‌ سێبه‌ره‌كه‌ى باڵ به‌سه‌ر بارودۆخى ناوخۆیدا ده‌كێشێت و ده‌بێته‌ هه‌ڕه‌شه‌یه‌كى راسته‌وخۆ بۆ سه‌ر ئاسایشى نه‌ته‌وه‌یی، بۆیه‌ ترسى ئه‌وه‌ى هه‌یه‌ ریفراندۆم  له‌ ئاینده‌دا ببێته‌ مه‌رجه‌عیه‌تێك بۆ راگه‌یاندنى ده‌وڵه‌تى سه‌ربه‌خۆی كوردى له‌ عێراقدا و سه‌ره‌نجام وا له‌ كوردى توركیا بكات ئاستى داواكارییه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانیان به‌رزبكه‌نه‌وه‌ ره‌نگه‌ تا ئاستى ئه‌نجامدانى ریفراندۆمێكى هاوشێوه‌ له‌ رێگه‌ى دامه‌زراندنى یه‌ك ده‌وڵه‌تى كوردی كه‌ به‌هۆیه‌هوه‌ ئه‌و نه‌خشه‌یه‌ بگۆڕێت كه‌ رێكه‌وتننامه‌ى سایكس بیكۆ به‌ر له‌سه‌ده‌یه‌ك ناوچه‌كه‌ى دابه‌شكردووه‌. 
هۆكاری دووه‌میش بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ توركیا پێی وایه‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مریكا ئه‌گه‌رچى به‌شێوه‌یه‌كى ئاشكرا دژایه‌تى ریفراندۆم ده‌كات، به‌ڵام ره‌نگه‌ رۆڵى هه‌بێت له‌ ریفراندۆمى هه‌رێمى كوردستاندا، ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانى ئه‌نقه‌ره‌و واشنتن له‌ دۆخێكى نائاساییدایه‌ به‌هۆى پشتگیرى واشنتن له‌ كوردى سوریاو عیراق به‌چه‌ك و هه‌روه‌ها له‌سایه‌ى گۆڕینى ئاڕاسته‌ى ئه‌نقه‌ره‌ به‌ره‌و هاوپه‌یمانى له‌گه‌ڵ روسیاو به‌خۆداچونه‌وه‌ به‌ كۆى سیاسه‌ته‌ هه‌رێمه‌ییه‌كانى به‌مه‌به‌ستى به‌دیهێنانى به‌رژه‌وه‌ندى تاران و به‌غدا.
هه‌نگاونان بۆ ریفراندۆم ره‌نگه‌ وا له‌ ئه‌نقه‌ره‌ بكات گۆڕانكارى له‌ سیاسه‌ته‌كانى پێشویدا بكات به‌رامبه‌ر به‌حكومه‌تى عیراق، به‌جۆرێك گه‌ر پێشتر ئه‌و حكومه‌ته‌ى به‌ تایفه‌گه‌رى و سه‌ر به‌ ئێرانى پێناسه‌ كردبێت،  ئه‌وا ئێستا له‌ دژى ریفراندۆمى كوردى هاوپه‌یمانى له‌گه‌ڵدا ده‌به‌ستێت، ئه‌م گۆڕانكارییانه‌ش له‌ باوه‌ڕه‌كانى توركیا ئه‌وه‌ ده‌رده‌خات كه‌ دروستكردنى ده‌وڵه‌تى كوردی دۆخى هاوپه‌یمانییه‌ ئیقلیمییه‌كانى ناوچه‌كه‌ ده‌گۆڕێـت به‌تایبه‌ت به‌هۆى پشتگیرى راشكاوانه‌ى ئیسرائیل بۆ دروستكردنى ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌، به‌جۆرێك بوونى ده‌وڵه‌تێكى هاوپه‌یمان له‌گه‌ڵ ته‌لئه‌بیب دۆخێكى هه‌رێمى تازه‌ له‌ ناوچه‌كه‌دا دروست ده‌كات كه‌ گۆڕان له‌ هاوكێشه‌ى كێبڕكێی ئێرانى – توركی له‌ سه‌ر رۆڵ و هه‌ژموونى ناوچه‌كه‌ به‌تایبه‌ت له‌ عیراق و سوریا ده‌خوڵقێنێت و كاریگه‌رى ده‌كاته‌ سه‌ر ستراتیجى ئاینده‌یی توركیا.

كارته‌كانى  فشار
توركیا خاوه‌نى چه‌ندین كارتى فشاره‌ كه‌ ره‌نگه‌ له‌ دژى هه‌رێمى كوردستان به‌كاریان بهێنێت گه‌ر له‌ هه‌نگاونان بۆ سه‌ربه‌خۆیی پاشگه‌ز نه‌بێته‌وه‌، گرنگترینیان بریتن له‌:
1- په‌یوه‌ندییه‌ ئابوورییه‌كان: له‌ رووى ئابوورییه‌وه‌ توركیا بۆ هه‌رێمى كوردستان جێگه‌ى گرنگییه‌، دواى ئه‌وه‌ى له‌ماوه‌ى ساڵانى رابردودا له‌ رووى ئابووری و بازرگانییه‌وه‌ په‌یوه‌سته‌ پێوه‌ى، به‌تایبه‌ت دواى هه‌نارده‌كردنى نه‌وت و گاز له‌رێگه‌ى خاكى توركیاوه‌، مه‌زه‌نده‌كارییه‌كان ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌ده‌ن كه‌ قه‌باره‌ى ئاڵوگۆڕى بازرگانى نێوان توركیاو هه‌رێمى كوردستان گه‌یشتوته‌ نزیكه‌ى پێنج ملیار دۆلار، قه‌باره‌ى وه‌به‌رهێنانى توركیاش له‌ هه‌رێم چل ملیار دۆلارى تێپه‌ڕاندووه‌.
له‌ساڵێ 2003 ه‌وه‌ دواى هێرشى ئه‌مریكا بۆ عیراق، ئه‌نقه‌ره‌ به‌شێوه‌یه‌كى به‌هێز په‌یوه‌ندییه‌ ئابوورى و بازرگانییه‌كانى له‌گه‌ڵ هه‌رێمدا بونیادناوه‌، به‌جۆرێك بۆته‌ پردێك بۆ بازرگانى توركیا له‌گه‌ڵ عیراق و وڵاتانى عه‌ره‌بی كه‌نداو دواى ئه‌وه‌ى به‌هۆى سه‌رهه‌ڵدانى قه‌یرانى سوریا بازرگانى له‌ رێگه‌ى خاكى سوریاوه‌ بچرا، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ى نه‌وتى كوردستان بۆ جیهانى ده‌ره‌وه‌ له‌ رێگه‌ى خاكى توركیاوه‌یه‌.
بۆیه‌ ده‌توانین بڵێین كه‌ فشارى په‌یوه‌ندییه‌ ئابوورییه‌كان ئه‌گه‌رچى بۆ هه‌ردوولا گرنگه‌، به‌ڵام ده‌كرێ زیاتر له‌ دژى هه‌رێم به‌ كاربهێنرێـت كه‌ ئه‌مڕۆ خۆى به‌ ته‌واوى به‌گه‌مارۆ دراو ده‌بینێت له‌سایه‌ى ئه‌و لێدوانانه‌ى باس له‌ داخستنى ده‌روازه‌ سنورییه‌كانى له‌گه‌ڵ توركیا و ئێراندا ده‌كه‌ن. 
2- په‌یوه‌ندییه‌ سیاسییه‌كان: توركیا له‌ گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستاندا په‌یوه‌ندییه‌كى سیاسی تایبه‌تى هه‌یه‌، به‌ راده‌یه‌ك ئه‌نقه‌ره‌ به‌داخستنى فه‌رشى سور پێشوازى له‌ بارزانى ده‌كردو گره‌وى لاوازكردنى پارتى كرێكارانى كوردستانى له‌سه‌رده‌كرد كه‌ به‌رێكخراوێكى "تیرۆریست"ى ده‌زانێت، به‌ڵام گۆڕینى ئاڕاسته‌ى ئه‌نقه‌ره‌ به‌ره‌و هه‌ماهه‌نگى كردن له‌گه‌ڵ ئێران كه‌ پێشتر به‌وه‌ تاوانبارى ده‌كرد له‌ رێگه‌ى سیاسه‌ته‌ تایفه‌گه‌رییه‌كانییه‌وه‌ پاوانى بڕیارى له‌ عێراقدا كردووه‌، ئاماژه‌یه‌كه‌ بۆ فشارى سیاسی زیاتر بۆ سه‌ر هه‌رێم.
ئاگاداركردنه‌وه‌ى نوێنه‌رى پارتى دیموكراتى كوردستان كه‌ مه‌سعود بازرانى سه‌رۆكایه‌تى ده‌كات له‌لایه‌ت توركیاوه‌ بۆ ئه‌وه‌ى خاكى وڵاته‌كه‌یان به‌جێبهێڵێت و پێشتریش به‌رامبه‌ر به‌ نوێنه‌رى یه‌كێـتى نیشتمانى كوردستان، هه‌روه‌ها دیاریكردنى هاتوچۆى گه‌شتى هاووڵاتیان له‌ هه‌رێمه‌وه‌ بۆ توركیا چه‌ند هه‌نگاوێكى نه‌خشه‌ بۆ داڕێژراون و ئه‌نقه‌ره‌ ده‌یگرێته‌ به‌ر وه‌ك فشارى سیاسی بۆ سه‌ر سه‌ركرده‌كانى هه‌رێم.
3- بژارده‌ى سه‌ربازی: ئه‌گه‌رچى هه‌ندێ له‌ شرۆڤه‌كاران ئه‌وه‌ به‌دوور ده‌زانن كه‌ توركیا په‌نابه‌رێته‌ به‌ر بژارده‌ى سه‌ربازى له‌ دژى كوردستان، به‌ڵام ناكرێ دوورى بخه‌ینه‌وه‌، به‌تایبه‌ت گه‌ر سه‌ركردایه‌تى هه‌رێم ده‌وڵه‌تى سه‌ربه‌خۆ رابگه‌ێنێت یاخود پارله‌مان ده‌وڵه‌ت و سوپا رابسپێرت به‌ هه‌نگاوێكى له‌و جۆره‌، به‌كرده‌ییش ئه‌نقه‌ره‌ مانۆڕێكى سه‌ربازى هاوبه‌شى له‌گه‌ڵ عیراقدا ئه‌نجامدا كه‌ هاوكات بوو له‌گه‌ڵ مانۆڕێكى سه‌ربازى ئێران له‌سه‌ر سنوره‌كانى كوردستان، ئه‌مه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ هه‌ردولا هه‌ڕه‌شه‌ى سزادانى سه‌ركردایه‌تى هه‌رێم ده‌كه‌ن.
ره‌نگه‌ توركیا ئامانجێكى گرنگترى  له‌ مانۆڕى سه‌ربازى هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ تاران و عیراقدا هه‌بێت ئه‌ویش بریتییه‌ له‌ناوبردنى باره‌گاكانى پارتى كرێكارانى كوردستان له‌ شاخى قه‌ندیل و شه‌نگال، كه‌واى ده‌بینێت ئێستا ده‌رفه‌ت ره‌خساوه‌ له‌سایه‌ى هاوپه‌یمانیى له‌گه‌ڵ تاران و به‌غدا له‌دژى هه‌ڵكشانى كورد .
4- كارتى توركمان: له‌ماوه‌ى ساڵانى رابردودا به‌هۆى باشبوونى په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ هه‌ولێر، توركیا خۆى له‌باسكردنى توركمانى عیراق به‌دوور ده‌گرت، به‌ڵام له‌سایه‌ى ناكۆكییه‌كانى له‌گه‌ڵ كوردستاندا ئه‌و كارته‌ ده‌خاته‌وه‌ كار له‌ رێگه‌ى پیشاندانى خۆى وه‌ك پارێزه‌رى توركمان و هه‌ڕه‌شه‌كردنى به‌وه‌ى گه‌ر هه‌ر هه‌نگاوێك له‌دژیان بگیرێته‌ به‌ر ئه‌وا ئه‌نقه‌ره‌ به‌ده‌ستوه‌ردانى سه‌ربازى به‌رگرییان لێ ده‌كات، ئه‌مه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ ئایدۆلۆژیاى راستى توندڕه‌وى توركیا پێی وایه‌ كه‌ركوك له‌ رووى مێژووییه‌وه‌ خاكى توركیایه‌و به‌ پێی رێكه‌وتننامه‌ى ساڵى 1926 له‌گه‌ڵ به‌ریتانیا لێی بچڕاوه‌ و پێویسته‌ له‌ ئه‌مڕۆدا كه‌ركوك وه‌ك به‌شه‌ر توركییه‌كه‌ى قوبرس بێت كه‌ ساڵى 1974 توركیا داگیریكرد.

دوو بژارده‌كه‌ى توركیا:
ئه‌وه‌ى توركیاى نیگه‌ران كردووه‌ ریفراندۆم نییه‌، به‌ڵكو سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێمى كوردستانه‌، بۆیه‌ هه‌ڵوێستى توركیا له‌سه‌ر ئه‌و رێچكه‌یه‌ ده‌وه‌ستێت كه‌ هه‌رێم له‌ قۆناغى ئاینده‌دا ده‌یگرێـته‌ به‌ر، كه‌ ره‌نگه‌ كه‌ڵك وه‌رگرتن بێت بۆ باشكردنى مه‌رجه‌كانى دانوستان له‌گه‌ڵ حكومه‌تى عێراق له‌سه‌ر دۆزه‌ ناكۆكه‌كان، یاخود مه‌رجه‌عیه‌تێك بێت بۆ سه‌ربه‌خۆیی و جیابونه‌وه‌ له‌ به‌غدا، له‌ نێوان ئه‌و دوو رێچكه‌یه‌دا له‌ لایه‌ن ئه‌نقه‌ره‌وه‌ جیاوازییه‌كى به‌رفراوان و ستراتیجى هه‌یه‌، به‌مه‌ش ئه‌و له‌به‌رده‌م دوو بژارده‌ى سه‌ره‌كیدایه‌ كه‌ بریتین له‌: 
بژارده‌ى یه‌كه‌م: داڕشتنى سیاسه‌تى فشار بۆ سه‌ر سه‌ركرده‌كانى هه‌رێم بۆ ئه‌وه‌ى ناچاریان بكه‌ن له‌گه‌ڵ به‌غدا دانوستان بكه‌ن و له‌سه‌ربه‌خۆیی پاشگه‌ز ببنه‌وه‌، له‌رێگه‌ى گرتنه‌ به‌رى چه‌ند هه‌نگاوێكى زیاتر دژى هه‌رێم تا ده‌گاته‌ گه‌مارۆى ئابوورى و بازرگانى و دارایی سه‌رتاسه‌رى له‌ دژیان، له‌گه‌ڵ ئه‌وپه‌ڕى هه‌ماهه‌نگیكردن له‌گه‌ڵ عیراق و ئێراندا، ئه‌مه‌ش ئه‌و كاره‌یه‌ كه‌توركیا له‌ ئێستادا ئه‌نجامى ده‌دا، چونكه‌ واى ده‌بینێ كه‌ هه‌نگاوى كاریگه‌ره‌ له‌سایه‌ى ئه‌و قه‌یرانه‌ ئابووریه‌ى كه‌ هه‌رێم پێوه‌ى ده‌ناڵێنێت.
بژارده‌ى دووه‌م: ده‌ستوه‌ردانى سه‌ربازى، ئه‌م بژارده‌یه‌ به‌شێوه‌یه‌یه‌كى به‌هێز له‌ ئارادایه‌، له‌سایه‌ى لێدوانه‌كانى ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆكى توركیا كه‌ بارزانى به‌خیانه‌تكار وه‌سفكرد و ئاماژه‌ به‌ردوامه‌كانى به‌ده‌ستوه‌ردانى سه‌ربازى هاوشێوه‌ى ده‌ستوه‌ردان له‌ باكورى سوریا.
له‌ سایه‌ى ئه‌و دوو بژارده‌یه‌دا فاكته‌رى كات گرنگه‌، هه‌رێمى كوردستانیش گره‌و له‌سه‌ر ئه‌و فاكته‌ره‌ ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ى به‌شێوه‌یه‌كى له‌سه‌رخۆ هه‌ڵوێسته‌ هه‌رێمى و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان گۆڕانیان به‌سه‌ردا بێت، به‌م خواسته‌ش ئاوێته‌یه‌كه‌ له‌ ستراتیجى دانوستان و خۆڕاگرى له‌ روبه‌رووبونه‌وه‌ى فشاره‌كان، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى ئه‌زموونى ده‌وڵه‌تى كوردى مهاباد ساڵى 1946 كه‌ باوكى مه‌سعود بارزانى هاوبه‌ش بوو تیایدا پشتگیرى نێوده‌وڵه‌تى نه‌بوو بۆ خواستى كورد له‌ بونیادنانى ده‌وڵه‌تى سه‌ربه‌خۆدا.

زۆرترین خوێندراوە


political studies copyright 2017 © . All right reserved Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure