كورد له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌ى چوار عه‌سابه‌ نوێیه‌كه‌

14/10/2017

:: بێ نوسەر ناوه‌ندی كوردستان بۆ توێژینه‌وه‌ له‌ململانێ و قه‌یرانه‌كان
نوسینى: بێرنارد هێنرى لێڤى
سه‌رچاوه‌: ۆڵستریت جۆرناڵ
وه‌رگێڕانى: د.پشتیوان فه‌ره‌ج
 

ئایا ڕۆژئاوا خیانه‌ت له‌ هاوپه‌یمانه‌كه‌ى خۆى ده‌كات و له‌به‌رامبه‌ر هه‌ڕه‌شه‌كانى توركیا و عێڕاق و سوریا و توركیا بێده‌نگ ده‌بێت؟
كورد له‌ عێڕاق ڕیفراندۆمێكى شكۆمه‌ندانه‌ى ڕێكوپێكیان ئه‌نجامدا له‌ به‌روارى 25 ى سێپته‌مبه‌ر. ئه‌م ڕیفراندۆمه‌ ڕه‌چاوى هه‌موو یاساكانى دیموكراسى تیادا كرا. هه‌رچه‌نده‌ ده‌ ئه‌وه‌ مافى خۆیانه‌ به‌ڵام ئه‌وان دواتر ڕاسه‌وخۆ سه‌ربه‌خۆییان ڕانه‌گه‌یاند ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ى كه‌ بۆ ماوه‌ى سه‌د ساڵه‌ ڕێكه‌وتنامه‌كان به‌ڵێنى سه‌ربه‌خۆیی به‌ كورد ده‌ده‌ن.
بارزانى- كه‌ ماوه‌ى دوو ساڵه‌ هاوپه‌یمانى ئه‌مریكاو ڕۆژئاوایه‌ له‌شه‌ڕى دژى داعشدا- ئه‌م خاڵه‌ گرنگه‌ى خسته‌ ڕوو: سه‌ربه‌خۆیی كورد ته‌نها له‌دواى پشودرێژى و دانبه‌خۆداگرتن و لێكتێگه‌شتن و دایالۆگ له‌گه‌ڵ به‌غداد دێته‌ دى. 
به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ هه‌موو دیكتاتۆره‌كانى هه‌رێمه‌كه‌ ده‌ستبه‌جێ و ڕاسته‌وخۆ هه‌رچى توڕه‌یی و غه‌زه‌بى خۆیانه‌ به‌رامبه‌ر بارزانى و كوردیان ده‌ربڕى. هه‌ر له‌و چركه‌ساته‌ى كه‌ ئه‌نجامه‌كانى ده‌نگدان له‌ ڕیفراندۆمه‌كه‌دا ئاشكراكرا ئیتر وه‌ك پێشبڕكێى لێهات هه‌موو وڵاتانى هه‌رێمه‌كه‌ كێبركێى یه‌كتریان ده‌كرد بۆ ئه‌وه‌ى ئیدانه‌ و نه‌فره‌تى و توڕه‌یی خۆیان و چاوسوركردنه‌وه‌و گه‌مارۆدانى كوردستان و سزادان و به‌ندكردنى گه‌لى كوردێك كه‌ ته‌نها تاوانى ئه‌وان بریتى بوو له‌ ده‌ربڕینى خواستى خۆیان بۆ ئه‌وه‌ى له‌ده‌ست ئه‌م وڵاتانه‌ ئازاد بن، كورد ته‌نها ده‌یه‌وێت وه‌ك دورگه‌یه‌كى ئارام و ئاشتى گه‌شه‌ بكات و ببن به‌هه‌رێمێك بۆ دیموكراسى و ئاشتى و سه‌قامگیرى.
له‌لایه‌كه‌وه‌ عێڕاقمان هه‌یه‌ كه‌ هه‌ر به‌ناو ده‌وڵه‌تێكى فیدڕاڵیه‌ و هیچ ڕه‌چاوى ده‌ستورى وڵاته‌كه‌ى نه‌كردوه‌ و ئه‌ركه‌كانى خۆى به‌رامبه‌ر كورد به‌جێ نه‌هێناوه‌- كه‌چى هه‌ر ئه‌م وڵاته‌ به‌ناو فیدراڵه‌ هێنده‌ جورئه‌تى هه‌یه‌ كه‌ ڕیفراندۆمه‌كه‌ى كوردستان به‌ "ناده‌ستورى" له‌قه‌ڵه‌م ده‌دات له‌كاتێكدا خۆى ڕه‌چاوى هه‌موو شتێك ده‌كات ته‌نها ده‌ستور نه‌بێت.
له‌لایه‌كى تره‌وه‌ توركیات هه‌یه‌ كه‌ تیایدا سه‌روه‌رى یاسا بریتیه‌ له‌ ده‌ستگیركردنى ڕۆشنبیران و ڕۆژنامه‌نوسان و پارێزه‌ران و خه‌ڵكانى ناڕازى و ئه‌وانه‌ى كه‌ داكۆكى له‌مافى مرۆڤ ده‌كه‌ن. كه‌چى هه‌ر ئه‌م توركیایه‌ هه‌ست ده‌كات به‌ ئه‌نجامدانى ڕیفراندۆمێكى دیموكراسیانه‌ له‌ كوردستان هه‌ستى بریندار كراوه‌ و به‌بۆچونى توركیا كورد هه‌ڵه‌ی كرد داواى سه‌ربه‌خۆییان كرد.
له‌ولاشه‌وه‌ ئێرانمان هه‌یه‌، كه‌ له‌ ئێستادا شه‌ڕى سوننه‌ و شیعه‌ى ڕاگرتوه‌ چونكه‌ له‌ ئێستادا ئه‌وله‌ویه‌تى كارى ئه‌وان دروستكردنى هاوپه‌یمانیه‌تێیكه‌ له‌گه‌ڵ توركیا بۆ ئه‌وه‌ى ڕێگه‌ له‌ كه‌للـه‌ڕه‌قى و ویستى كورد بۆ سه‌ربه‌خۆیی بگرێت.
ئینجا له‌ولاتریشه‌وه‌ ڕژێمى سوریات هه‌یه‌، سوریا قه‌سابى گه‌له‌كه‌ى خۆیه‌تى، نه‌ته‌وه‌كه‌ى خۆى دابه‌شكرد كه‌چى دێت باس له‌ یه‌كپارچه‌ىى خاكى عێڕاق ده‌كات وه‌ ڕایگه‌یاندوه‌ كه‌ ڕیفراندۆمه‌كه‌ى گه‌لى كورد "په‌سه‌ندكراونیه‌".
چه‌ندین ساڵ پێش ئێستا، چه‌مكى "چوار عه‌سابه‌كه‌" هاته‌ ئاراوه‌ بۆ پێناسه‌كردنى چه‌ند سه‌ركرده‌یه‌ك كه‌پێیان وابوو شۆڕشى چین به‌شى پێویست مناڵى نه‌كوشت بۆیه‌ پێویسته‌ قه‌تڵوعامكردن به‌رده‌وام بێت. له‌ ئێستادا ئێمه‌ چوار عه‌سابه‌ى نوێمان هه‌یه‌ به‌ناوه‌كانى حه‌یده‌ر عه‌بادى و ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان و به‌شار ئه‌سه‌د و عه‌لى خامنه‌یی. هه‌ریه‌كه‌ له‌م چوار عه‌سابه‌یه‌ به‌ویستى خۆى هه‌ڕه‌شه‌ى گه‌مارۆى ئابورى و گه‌مارۆى ئاسمانى سنوره‌كان و گه‌مارۆى ناردنى نه‌وت و ده‌ستێوه‌ردانى سه‌ربازى ده‌كه‌ن. ئه‌بێ ئێمه‌ تاكه‌ى گوێمان له‌ هه‌ڕه‌شه‌ى هه‌ڵگیرساندنى گۆمى خوێن بێت؟
له‌هه‌موى به‌سوێتر، كاتێك كورد- كه‌ ئه‌وه‌ چه‌ندین ده‌یه‌یه‌ له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌دان و پێیان وایه‌ كه‌ ئه‌م چوار عه‌سابه‌یه‌ مایه‌ى هه‌ڕه‌شه‌ن له‌سه‌ر بونیان- داواى یارمه‌تى ده‌كه‌ن جیهان به‌گشتى و ئه‌مریكا به‌تایبه‌تى هیچ وه‌ڵامێكى داواكاریه‌كانى ئه‌وان ناده‌نه‌وه‌، ئه‌مریكا و ڕۆژئاواو جیهان چاوى خۆیان ده‌نوقێنن له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م كارانه‌ و به‌م شێوه‌یه‌ لایه‌نگیرى له‌ دیكتاتۆره‌كان ده‌كه‌ن. له‌شه‌ڕى دژى داعشدا ته‌نها پێشمه‌رگه‌مان به‌ده‌سته‌وه‌ بوو ته‌نها ئه‌وان فریاى جیهان كه‌وتن. به‌ڵام له‌ئێستادا وا خه‌ریكه‌ شه‌ڕى داعش له‌ عێڕاق كۆتایی دێت و ئیتر ئێمه‌ش پێمانوایه‌ پێویستمان به‌ پێشمه‌رگه‌ نه‌ماوه‌. پێمان وایه‌ كه‌ كورد دۆستێكه‌ به‌ئاسانى ده‌توانین ده‌ستبه‌ردارین بین.
به‌ڵام هه‌موو ئه‌مه‌ به‌س نییه‌. چونكه‌ له‌ ئێستادا كه‌س چاوسوور ناكاته‌وه‌ له‌م چوار عه‌سابه‌یه‌ و كه‌س به‌بیریان ناهێنێـته‌وه‌ كه‌ ئه‌وه‌ ئه‌و چوار عه‌سابه‌یه‌ن كه‌ گرژیه‌كانیان ده‌ست پێكردوه‌ نه‌وه‌ك كورد وه له‌ ئێستادا كه‌س جه‌خت ناكاته‌ سه‌ر بنه‌ما و پرینسیپه‌ گه‌وره‌كانى یاسا نێوده‌وڵه‌تیه‌كان و مۆڕاڵى گه‌ردونى- بۆیه‌ چاوه‌ڕوانى خراپتر بن.
فه‌ره‌نساش به‌بێ پشتگیرى ئه‌مریكا پێ ى قورسه‌ ئاوا به‌رده‌وام بێت، به‌ڵام پێویسته‌ ئه‌م دوو وڵاته‌ شه‌ڕ له‌پێناو شه‌ره‌ف و كه‌رامه‌ت و به‌ڕژه‌وه‌ندیه‌ باڵاكانى دیموكراسیدا بكه‌ن. ئایا ئه‌مریكا و فه‌ره‌نسا پێویستیان به‌ هاوپه‌یمانیه‌كى به‌هێز نیه‌ له‌ هه‌رێمى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست كه‌ ئه‌ویش ته‌نها كورده‌؟
یان ئایا ئێمه‌ وه‌ك كۆنفرانسه‌كه‌ى میونیخ ته‌نها دڵى یه‌كتر ڕازى ده‌كه‌ین؟ ئایا ئێمه‌ هه‌موان كۆكین كه‌ ئه‌وه‌ هێزه‌ له‌سه‌ر حه‌قه‌. ئایا ئێمه‌ كۆڵده‌ده‌ین بۆ داواكاریه‌كانى ئه‌و وڵاتانه‌ى له‌سه‌ر ئاستى جیهاندا له‌ لیستى بلاكلیستدان. ئایا ڕۆژئاوا به‌تایبه‌تى ئه‌مریكا هه‌ڵه‌یه‌كى ئابڕووبه‌ر ناكه‌ن له‌ حوكمدان و بڕیاڕدان یان تێنه‌گه‌شتن له‌ مه‌غزاكانى ئه‌وه‌ى كه‌ ئه‌وه‌ كارێكى خۆكوژیه‌ ئه‌گه‌ر بێت و ئێمه‌ پشت له‌ هاوپه‌یمانێتیه‌كى ئازا و دڵسۆزى ڕۆژئاوا بكه‌ین و به‌ته‌نها به‌جێیان بێڵیت بۆ چاره‌نوسى خۆیان ته‌نها بۆ ئه‌وه‌ى دوژمن و نه‌یاره‌كانى ئه‌وان به‌هێز تربێت؟
یان له‌وانه‌یه‌ خه‌ڵكى كورد- عه‌ره‌ب نین به‌ڵكو ئه‌وان عه‌لمانین و باوه‌ڕیان به‌پێكه‌وه‌ژیان و دیموكراسى و پلوڕایزم و مافه‌كانى ژنان هه‌یه‌ و به‌به‌رده‌وامى كه‌مایه‌تیه‌كانى تریان پاراستوه‌ و ڕزگاریان كردون و له‌خۆیان گرتون له‌كاتى لێقه‌وماندا- ئایا كورد ئه‌و خه‌ڵكانه‌ى ئه‌م جیهانه‌ن كه‌ بونیان به‌ زیاده‌ ته‌ماشا بكرێت.
ته‌نها یه‌ك چاره‌سه‌ر هه‌یه‌، ئه‌ویش قسه‌ كردنه‌ به‌ هێمنى به‌ڵام به‌ پێداگریكردن كه‌ ئه‌وه‌ شتێكى زۆر بێمانایه‌ كه‌ ڕێگابده‌ین به‌ ڕژێمه‌ ئۆتۆریتاره‌كان بێن وانه‌مان فێربكه‌ن و باس له‌ یاساكانى ده‌ستور بۆ گه‌ڵێك بكه‌ن كه‌ تا دوێنێ ڕۆڵه‌كانیان له‌ژێر پێ و پۆستاڵه‌كانى ئه‌و ڕژێمه‌ دیكتاتۆرانه‌ بوون. و پێویسته‌ دڵنیابینه‌وه‌ هه‌رچى زووه‌ بێ دواكه‌وتن و به‌بێ بوونى هیچ مه‌رجێك كه‌ ده‌سه‌ڵاتى عێڕاقى ده‌بێت وه‌ڵامى ئۆفه‌رى دیالۆگ و دانوستانى كورده‌كان بده‌نه‌وه‌ .

بێرنارد هێنرى لیڤى بیرمه‌ندى فه‌ره‌نسى و ده‌رهێنه‌رى فیلمى دۆكیومێنته‌رى "پێشمه‌رگه‌" یه‌ له‌گه‌ڵ فیلمى "شه‌ڕى موسڵ" و له‌فه‌ره‌نسیه‌وه‌ كراون به‌ ئینگلیزى له‌لایه‌ن ستیفن بى كه‌نه‌دى.

زۆرترین خوێندراوە


political studies copyright 2017 © . All right reserved Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure