تێپه‌ڕاندنى دووڕیان

25/10/2017

:: بێ نوسەر ناوه‌ندی كوردستان بۆ توێژینه‌وه‌ له‌ململانێ و قه‌یرانه‌كان
نووسینى: یه‌زید سایغ 
سه‌رچاوه‌: ناوه‌ندى كارنیگى بۆ خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست 

رووداوه‌كان له‌ كوردستانى عێراقى هێنده‌ خێران هه‌ناسه‌ سوارده‌كه‌ن. له‌ 25ـى ئه‌یلول، ئه‌و ڕیفراندۆمه‌ى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ ناوچه‌كانى ژێر ده‌سه‌ڵاتى خۆى ئه‌نجامى دا، به‌ شارى كه‌ركوكى جێناكۆكیشه‌وه‌، ده‌ریخست كه‌ زۆرینه‌ى هه‌ره‌ زۆرى كورده‌كان پشتگیرى سه‌ربه‌خۆیى ده‌كه‌ن، به‌ڵام كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ى كه‌ركوك و كێڵگه‌ نه‌وتییه‌ گه‌وره‌كانى نزیك ئه‌و شاره‌ ته‌نها له‌پاش سێ هه‌فته‌ له‌ ڕیفراندۆمه‌كه‌، ئاماژه‌یه‌كه‌ به‌وه‌ى باجى سه‌ربه‌خۆیى ئێجگار قورس ده‌بێت، ئه‌مه‌ گه‌ر له‌ڕاستیدا سه‌ربه‌خۆى هه‌بێت. 
ئه‌م په‌ره‌سه‌ندنه‌ به‌ هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌یه‌كى ته‌واوى رێڕه‌وى بابه‌ته‌كان داده‌نرێت، به‌وپێیه‌ى پێش چه‌ند ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر، حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و ئابوورییه‌كه‌ى ده‌ستیان به‌ تۆماركردنى ئه‌دایه‌كى ماقوڵ كرد (بێگومان ئه‌وه‌ش به‌ به‌راورد به‌ ئه‌داى حكومه‌تى ناوه‌ندى له‌ به‌غدا و ناوچه‌كانى دیكه‌ى عێراق) به‌هه‌مان شێوه‌ له‌ڕووى سیستمى سیاسیشه‌وه‌، هه‌ڵبژاردن به‌ به‌رده‌وامى ده‌كرا و چه‌ندین پارت له‌ په‌رله‌مان و ده‌سه‌ڵاتى جێبه‌جێكردندا نوێنه‌رایه‌تیان بۆ فه‌راهه‌م ده‌كرا. ته‌نانه‌ت كاتێك نرخى نه‌وتیش له‌ ساڵى 2014دا دابه‌زى، كه‌ په‌رده‌ى له‌سه‌ر لاوازیى ژێرخانى ئابووری هه‌رێم هه‌ڵماڵى و داراییه‌ گشتییه‌كه‌ى گه‌یانده‌ لێوارى قه‌یرانێكى گه‌وره‌، خستنه‌پاڵى كه‌ركوك له‌لایه‌ن حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ بوو به‌ واقیع، ئه‌ویش وه‌ك وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌ك بۆ ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌ى رێكخراوى ده‌وڵه‌تى ئیسلامى سه‌پاندبوونى، تا دواجار ئه‌و باوه‌ڕه‌ به‌هێز بێت كه‌ سه‌ربه‌خۆیى زۆر نزیكه‌ یاخود لانى كه‌م له‌ هه‌موو كاتێكى دیكه‌ نزیكتره‌. 
واپێده‌چێت مه‌سعود بارزانى – یش كاتى هه‌نگاونانى به‌ره‌و سه‌ربه‌خۆیى وه‌ها راگرتبێت كه‌ بكه‌وێته‌ پێش تێكشكاندنى ده‌وڵه‌تى ئیسلامییه‌وه‌، به‌وپێیه‌ى تێكشكاندنى ئه‌و رێكخراوه‌ وا ده‌كات به‌شداریى هێزه‌ كوردییه‌كان ناپێویست بێت و ده‌ستڕۆشتوویى حكومه‌تى هه‌رێمیش لاى ئه‌مریكا و ئه‌ندامه‌كانى دیكه‌ى هاوپه‌یمانێتى نێوده‌وڵه‌تى كه‌مده‌كات. له‌م چوارچێوه‌یه‌شدا، بازدانى بارزانى بۆ قۆستنه‌وه‌ى ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ پێش به‌باداچوونى، به‌ كارێكى لۆژیكى ده‌بینرێت، به‌ڵام له‌واقیعدا كاته‌كه‌ى ئێجگار خراپ بوو، بۆچى؟ له‌به‌رئه‌وه‌ى بارودۆخى جیۆپۆڵه‌تیكى بۆ ئه‌و هه‌نگاوه‌ تاریك و ناڕوون بوو، به‌تایبه‌ت له‌گه‌ڵ به‌رزبوونه‌وه‌ى ئاستى بارگرژى نێوان ئه‌مریكا و ئێران و كه‌ڵه‌كه‌بوونى ناكۆكییه‌كانى نێو ئه‌نجوومه‌نى هاریكاریى كه‌نداو و زیادبوونى هه‌ڵپه‌ى سیاسه‌تى ده‌ره‌وه‌ى توركیا و به‌رده‌وامبوونى ململانێ سیاسییه‌ تونده‌كانى به‌غدا. له‌ناوخۆشدا، سیاسه‌تى كوردى له‌ خراپترین دۆخیدا بوو، به‌جۆرێك كه‌ دووباره‌ مه‌ترسى لێكترازانى ناوچه‌یى و شه‌ڕى براكوژى لێده‌كرا. 
به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئاره‌زووى كورده‌كان بۆ دیاریكردنى چاره‌نووسى نه‌ته‌وه‌یى خۆیان و دامه‌زراندنى ده‌وڵه‌ت مافێكى ره‌هایه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ بابه‌تێكه‌ و ئه‌نجامدانى ڕیفراندۆمش، سه‌ربارى دژایه‌تى نێوده‌وڵه‌تى و ره‌تكردنه‌وه‌ى ته‌واوه‌تى حكومه‌تى عێراقى و نقوومبوونى ماڵى كورد له‌ پشێویدا بابه‌تێكى دیكه‌ى ته‌واو جیاوازه‌. لێره‌شدا بارزانى به‌ باش تاووتوێ نه‌كردن تۆمه‌تبار ده‌كرێت، ئه‌وه‌ش ده‌بێته‌ نشوستییه‌كى وه‌ها بۆ خه‌باتى كورد له‌پێناو سه‌ربه‌خۆیدا،  كه‌ بۆ چه‌ندین ساڵ به‌رده‌وامى ده‌بێت.  
نمونه‌ى فه‌ڵه‌ستین
ئه‌و جۆره‌ وه‌رچه‌رخانه‌ له‌ به‌ختى سیاسى پێشینه‌یه‌كى ترسێنه‌رى هه‌یه‌، چونكه‌ كاتى خۆى ده‌سه‌ڵاتى فه‌ڵه‌ستینى – یش به‌هه‌مان شێوه‌ له‌ به‌رى خۆرئاوا و غه‌زه‌ گه‌یشته‌ ئاستى ئاماده‌ییه‌كى دامه‌زراوه‌یى وه‌ها كه‌ پێیان وابوو بۆ لایه‌نه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان به‌سه‌ تا هه‌نگاو به‌ره‌و دامه‌زراندنى ده‌وڵه‌تێكى خاوه‌ن سه‌روه‌رى پێش ساڵى 2000 هه‌ڵبنێن، به‌ڵام سه‌رهه‌ڵدانى راپه‌ڕینى دووه‌م ئه‌و هه‌وڵه‌ى پووچه‌ڵكرده‌وه‌، جا یاسر عه‌ره‌فات به‌مه‌به‌ست ئه‌و شه‌پۆله‌ توندوتێژییه‌ى هه‌ڵگیرساندبێت هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ى ئیسرائیلییه‌كان گومانى لێده‌كه‌ن، یاخود ئه‌و شه‌پۆله‌ى بۆ باشتركردنى پێگه‌ى دانووستانى خۆى و به‌هێزكردنى شه‌رعیه‌تى لاوازى ناوخۆیى خۆى قۆستبێته‌وه‌، هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ى هه‌ندێك باسى لێ ده‌كه‌ن، ئه‌وا له‌واقیعدا ئه‌و راپه‌ڕینه‌ ده‌رفه‌ت نه‌بوو، به‌وپێیه‌ى ئه‌وكات ئیسرائیلییه‌كان به‌لاى راستڕه‌وه‌كاندا بایاندا و له‌ شوباتى 2001دا "ئارێڵ شارۆن"یان بۆ سه‌رۆكایه‌تى حكومه‌ت هه‌ڵبژارد. له‌ساڵانى دواتریشدا، شارۆن سه‌رپه‌رشتى دووباره‌ سه‌پاندنه‌وه‌ى داگیركارى سه‌ربازى له‌ زۆربه‌ى هه‌ره‌ زۆرى به‌رى خۆرئاوا كرد و به‌شێوه‌یه‌كى به‌رنامه‌ بۆ داڕێژراو ده‌سه‌ڵاتى فه‌ڵه‌ستینى له‌ڕووى وه‌زیفى و داراییه‌وه‌ په‌راوێزخست. 
پاشان كۆمه‌ڵێك وه‌رچه‌رخانى جیۆپۆڵه‌تیكى گه‌وره‌ هاتنه‌ئاراوه‌ كه‌ بوون به‌ پاڵپشتى بۆ ئه‌و دۆخه‌: ئه‌وه‌بوو هێرشه‌ تێرۆریستییه‌كانى یانزه‌ى سێپته‌مبه‌ر یارمه‌تى ئیسرائیلى دا هاوپه‌یمانێتى خۆى له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا له‌ جه‌نگى جیهانیى دژ به‌ تێرۆر به‌هێزتر بكات، ئه‌و جه‌نگه‌ى كه‌ له‌سایه‌یه‌وه‌ بزووتنه‌وه‌ى حه‌ماسى ئیسلامى شه‌پۆلێك هێرشى خۆكوژى دژ به‌ هاووڵاتیانى مه‌ده‌نى ئیسرائیلى ئه‌نجامدا. 
پاشان داگیركردنى عێراق له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌ مه‌ترسى ده‌وڵه‌تانى عه‌ره‌بیى له‌مه‌ڕ هه‌ژموونى ئێران و ئه‌وه‌ى پێى ده‌وترێت "كه‌وانه‌ى شیعى" زیاتر كرد، كه‌ ئه‌وه‌ش دۆزى فه‌ڵه‌ستینى له‌ئاست بایه‌خى هه‌رێمایه‌تى دوورخسته‌وه‌. راسته‌ پرۆسه‌ى ئاشتى فه‌ڵه‌ستینى – ئیسرائیلى به‌رده‌وام بوو، به‌ڵام زیاتر به‌ڕووكه‌ش بوو، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ى له‌وكاته‌وه‌ دیپلۆماسیه‌تى فه‌ڵه‌ستینى دووچارى ئیفلیج بوون كردووه‌ته‌وه‌، ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدا كه‌ ده‌سه‌ڵاتى فه‌ڵه‌ستینى له‌ ساڵى 2007دا بوو به‌ دوو ئیداره‌ى ركابه‌ر له‌ به‌رى خۆرئاوا و غه‌زه‌، به‌جۆرێك كه‌ هێنده‌ى تر ئاسۆ و ده‌رفه‌ته‌كانى له‌دایكبوونى ده‌وڵه‌ت به‌ره‌و پووكانه‌وه‌ چوون. 
به‌ڵام قورسترین زیان خۆى له‌ پابه‌ندنه‌بوونى ده‌وڵه‌تان به‌ دامه‌زراندنى ده‌وڵه‌تى فه‌ڵه‌ستینى ده‌بینێته‌وه‌، چونكه‌ له‌ ساڵى 1999 یه‌كێتیى ئه‌وروپا رایگه‌یاند كه‌ مافى چاره‌ى خۆنووسینى گه‌لى فه‌ڵه‌ستینى، به‌ بژارده‌ى ده‌وڵه‌تیشه‌وه‌، بابه‌تێكى یه‌كلابووه‌وه‌یه‌ و ناكه‌وێته‌به‌ر هیچ ڤیتۆیه‌ك و به‌ندیش نییه‌ به‌ گه‌یشتن به‌ چاره‌سه‌ر له‌گه‌ڵ ئیسرائیلدا، هاوكات جۆرج بوشى كوڕیش پاش دووساڵ له‌وه‌ پاڵپشتیى خۆى بۆ ده‌وڵه‌تى فه‌ڵه‌ستینى ده‌ربڕى، به‌وه‌ش بوو به‌ یه‌كه‌م سه‌رۆكى ئه‌مریكى كه‌ ئه‌و كاره‌ بكات، پاشان به‌ بڕیارى ئه‌نجوومه‌نى ئاسایش ئه‌و هه‌نگاوه‌ بوو به‌ ئامانجى ساڵى 2002ى نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان. 
به‌ڵام له‌ مانگى نیسانى 2003دا، لیژنه‌ى چوارقۆڵى تایبه‌ت به‌ خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست پاشه‌كشه‌ى كرد و دامه‌زراندنى ده‌وڵه‌تى به‌ست به‌ به‌دیهێنانى ئه‌و ئامانجانه‌ى كه‌ خرانه‌ نێو "نه‌خشه‌ڕێگاى ئاشتى"ه‌وه‌، دواتریش هه‌ریه‌ك له‌ یه‌كێتیى ئه‌وروپا و نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان و روسیا، كه‌ روسیا پێشتر پشتیوانیى دامه‌زراندنى بێ مه‌رجى ده‌وڵه‌تى فه‌ڵه‌ستینى ده‌كرد، چوونه‌پاڵ ئه‌و بۆچوونه‌ى ئه‌مریكا. سه‌ره‌نجام ده‌ستى ئیسرائیل واڵا كرا تا بڕیار بدات ئاخۆ ده‌سه‌ڵاتى فه‌ڵه‌ستینى له‌ڕووى ئه‌منییه‌وه‌ پابه‌نده‌ به‌ نه‌خشه‌ڕێگاكه‌وه‌ یاخود نا، واتا له‌ڕووى كردارییه‌وه‌ مافى به‌كارهێنانى ڤیتۆى له‌سه‌ر سه‌ربه‌خۆبوونى فه‌ڵه‌ستین كه‌وته‌ ده‌ست، به‌تایبه‌ت له‌كاتێكدا كه‌ ئیسرائیل له‌سه‌ر داگیركردنى خاك هه‌ر به‌رده‌وامه‌ و به‌وه‌ش هیچ گرنگییه‌كى بۆ گفتوگۆكانى ئاشتى نه‌هێشتۆته‌وه‌. 
ماڵێكى لێكترازاوى كوردى 
له‌زۆر رووه‌وه‌ دۆزى كورد له‌ دۆزى فه‌ڵه‌سه‌تینى جیاوازه‌، لانى كه‌م حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان هاوبه‌شی ئه‌مریكا و یه‌كێتیى ئه‌وروپایه‌ و چه‌كى له‌دژى حكومه‌تى عێراقى به‌رز نه‌كردووه‌ته‌وه‌، ئه‌و حكومه‌ته‌ى كه‌ مه‌رجه‌ ره‌زامه‌ندى له‌سه‌ر هه‌ر هه‌نگاوێكى ئاشتیانه‌ به‌ره‌و سه‌ربه‌خۆیى ده‌رببڕێت. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌ریه‌ك له‌ كورد و فه‌ڵه‌ستینییه‌كان بۆیان ده‌ركه‌وت كه‌ پاڵپشتیى نێوده‌وڵه‌تى له‌ ده‌وڵه‌تى سه‌ربه‌خۆ چه‌ند قرچۆكه‌ كاتێك له‌ هه‌ڵسه‌نگاندنى كات و ئامرازه‌كانى تاقیكردنه‌وه‌یدا هه‌ڵه‌یان كرد. 
له‌ئێستاشدا نه‌ده‌بوو بارزانى و پارتى دیموكراتى كوردستان نه‌ به‌ دژایه‌تیكردنى نێوده‌وڵه‌تى و نه‌ به‌ ده‌ستكرانه‌وه‌ى دراوسێكانى كوردستان بۆ گرتنه‌به‌رى رێوشوێن دژ به‌ هه‌رێم سه‌رسام بن، چونكه‌ بڕیارى به‌رده‌وامبوون له‌سه‌ر ئه‌نجامدانى ریفراندۆم، بوو به‌هۆى ئه‌وه‌ى پاڵ به‌ حكومه‌تى هه‌رێمه‌وه‌ بنێت دووڕیانه‌كه‌ تێبپه‌ڕێنێت به‌بێ ئه‌وه‌ى سه‌ره‌تا ناوماڵى كوردى رێكبخاته‌وه‌. 
ئه‌و ئاڵنگارییه‌ش هه‌م بونیادى و هه‌م سیاسی بوو، چونكه‌ ئه‌و بودجه‌یه‌ى كه‌ له‌پاش ساڵى 2003ه‌وه‌ حكومه‌تى هه‌رێم له‌سایه‌یه‌وه‌ گه‌شه‌ى كرد، بوو به‌هۆى ئه‌وه‌ى پشت به‌ داهاتى نه‌وت ببه‌سترێت بۆ راكێشانى لایه‌نگرى سیاسى و بونیادنانى پاڵپشتى كۆمه‌ڵایه‌تى، به‌وشێوه‌یه‌ش هه‌ڵاوسانى كه‌رتى گشتى و دابین – نه‌كردنى پاره‌ى پێویست بۆ كۆمه‌ككردنى ژێرخان و وه‌ربه‌رهێنانى گشتى و بڵاوبوونه‌وه‌ى خزم خزمێنه‌ى ئابوورى له‌ناو حكومه‌ت و پارته‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كاندا هاته‌ كایه‌وه‌، له‌برى لكاندنه‌وه‌ى كه‌لێنه‌كان و لێكترازانه‌ حزبى و ناوچه‌ییه‌كانى كوردستانى عێراق - یش، ئه‌و سیستمى مشه‌خۆرییه‌ بوو به‌هۆى ره‌گ داكوتان و چه‌سپاندنى دووبه‌ره‌كى له‌نێوان پارتى دیموكراتى كوردستان و یه‌كێتیى نیشتمانیى كوردستاندا، هاوكات باسكى بارزانى ئه‌ستووركرد په‌رله‌مان وه‌لابنێت و له‌ مانگى ئابى 2015ه‌وه‌ پارێزگاریى له‌ كورسى سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ى بكات به‌بێ ئه‌وه‌ى پارته‌ سه‌ره‌كییه‌كان ره‌زامه‌ندى له‌سه‌ر ده‌رببڕن. 
ده‌كرا پێش ئه‌نجامدانى راپرسى پشت به‌ ستراتیژێكى پته‌و ببه‌سترێت، كه‌ به‌پێى ئه‌و ستراتیژه‌ بارزانى و پارتى دیموكراتى كوردستان ئاشته‌وایى له‌گه‌ڵ یه‌كێتیى نیشتمانیى كوردستان و پارته‌ سه‌ره‌كییه‌كانى دیكه‌ى وه‌ك بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان و یه‌كگرتووى ئیسلامیى كوردستان به‌دى بهێنێت، به‌ڵام له‌ڕاستیدا ئه‌وان هه‌وڵیان بۆ ئاشته‌واییه‌كى وه‌ها نه‌دا ئه‌و بیانووه‌ بسڕێته‌وه‌ كه‌ گوایه‌ بارزانى له‌پێناو ده‌ستكه‌وتى سیاسیى ناوخۆیى له‌سه‌ر حسابى نه‌یاره‌كانى پێشنیارى ریفراندۆمی كردووه‌، ئه‌وه‌شى ئه‌م بۆچوونه‌ به‌هێز ده‌كات، ئه‌و نه‌نگى و كه‌موكورتیانه‌یه‌ كه‌ له‌ پرۆسه‌ى رێكخستن و جێبه‌جێكردنى ڕیفراندۆمدا هه‌بوو. 
بارزانى و پارتى دیموكراتى كوردستان له‌ڕێگاى په‌یڕه‌وكردنى ئه‌و رێیازه‌وه‌، خۆیان له‌ پێكهێنانى به‌ره‌یه‌كى ناوخۆیى یه‌كگرتووى خۆڕاگر له‌ئاست ئه‌و فشاره‌ ئابوورى و داراییه‌ ده‌ره‌كییانه‌ بێبه‌ش كرد كه‌ دواجار حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان هه‌ر دووچارى ده‌بووه‌وه‌. ته‌نانه‌ت پێش ئه‌م قه‌یرانه‌ى پێشووش، به‌پێى پسپۆڕى ئابوورى عێراقى "وه‌لید خه‌دورى" بێت، حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، كه‌ 50%ى ده‌ستى كارى هه‌رێمى له‌ئه‌ستۆدایه‌، بۆ پڕكردنه‌وه‌ى 85%ى بودجه‌كه‌ى پشتى به‌و پاره‌یه‌ ده‌به‌ست كه‌ له‌ به‌غداوه‌ بۆى ده‌هات، له‌گه‌ڵ هاتنه‌پێشى قه‌یرانه‌كه‌شه‌وه‌، قه‌رزه‌كانى سه‌رشانى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان گه‌یشته‌ 20 ملیار دۆلار، له‌ماوه‌ى دووساڵى رابردووشدا ته‌نها تواناى ئه‌وه‌ى هه‌بوو به‌شێكى مووچه‌ى پێشمه‌رگه‌ و فه‌رمانبه‌رانى مه‌ده‌نى بدات، له‌گه‌ڵ ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنه‌وه‌ى كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانى كه‌ركوك – یش له‌لایه‌ن حكومه‌تى ناوه‌نده‌وه‌، ئه‌و كێڵگانه‌ى نیوه‌ى داهاتى ناوخۆى حكومه‌تى هه‌رێمیان دابین ده‌كرد، هه‌روه‌ها له‌سایه‌ى هه‌ڕه‌شه‌كانى توركیاوه‌ به‌ داخستنى سنووره‌كانى به‌ڕووى هه‌نارده‌كردنى نه‌وتى هه‌رێمدا، حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ هه‌موو كاتێكى دیكه‌ زیاتر پێویستى به‌وه‌یه‌ له‌ڕووى سیاسییه‌وه‌ به‌ره‌ى ناوخۆیى خۆى یه‌كبخات. 
هه‌ربۆیه‌ ناتوانرێت چاوه‌ڕێى ئه‌وه‌ بكرێت كه‌ داواكردنى بارزانى بۆ ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مان و سه‌رۆكایه‌تى له‌ مانگى تشرینى دووه‌مدا ئاشته‌واییه‌كى راسته‌قینه‌ له‌نێوان سه‌رجه‌م پارته‌ كوردییه‌كان دێنێته‌ ئاراوه‌، چونكه‌ له‌ڕاستیدا لۆمه‌كردنى یه‌كێتیى نیشتمانیى كوردستان له‌لایه‌ن بارزانى و پارتى دیموكراتى كوردستانه‌وه‌ به‌وه‌ى هۆكارى كه‌وتنى كه‌ركوك بووه‌ بۆ ژێر ده‌ستى هێزه‌كانى سه‌ربه‌ حكومه‌تى ناوه‌ندى، هێنده‌ى تر كه‌لێنى بێ متمانه‌یى له‌نێوان هه‌ردوولا قووڵتر ده‌كاته‌وه‌. 
بێگومان هه‌ڵبژاردنه‌كانیش ئه‌نجام نادرێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ى لێره‌دا جێگاى مه‌ترسییه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌وڵدان بۆ خۆدزینه‌وه‌ له‌ هه‌ڵگرتنى به‌رپرسیارێتى رووداوه‌كان رێگا بۆ چه‌سپاندنى سنووره‌ نافه‌رمییه‌كانى نێوان ناوچه‌كانى ژێر ده‌ستى پارتى دیموكراتى كوردستان و یه‌كێتیى نیشتمانیى كوردستان خۆشده‌كات و ده‌رگا بۆ ده‌ستوه‌ردانى زیاترى سه‌ربازى له‌ ناوچه‌ كوردییه‌كان واڵا ده‌كات. پارتى دیموكراتى كوردستانیش به‌ بێ زیان له‌م گێژاوه‌ رزگارى نابێت، چونكه‌ هه‌روه‌ك چۆن له‌م دواییانه‌دا گروپى قه‌یرانى نێوده‌وڵه‌تى ئاماژه‌ى پێدا، خودى پارتیش به‌ده‌ست لێكترازانى ریزه‌كانیه‌وه‌ ده‌ناڵێنێت. 
رێڕه‌وێكى جیاواز بۆ كوردستان؟ 
پاش چه‌ند كاتژمێرێك له‌ كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ى كه‌ركوك له‌لایه‌ن هێزه‌ حكومییه‌كانى عێراقه‌وه‌، سه‌رۆك وه‌زیران "حه‌یده‌ر عیبادى" داواى له‌ لایه‌نه‌كان كرد به‌پشت به‌ستن به‌ رۆحیه‌تى ده‌ستوورى ساڵى 2005 شه‌راكه‌تێكى نیشتمانى له‌گه‌ڵ حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان دروست بكه‌ن، قایلبوونى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستانیش به‌و شه‌راكه‌ته‌، واتا دانپێدانانى كرداره‌كى به‌ شكستهێنان، لانى كه‌م به‌به‌راورد به‌و هه‌موو هیوایه‌ى كه‌ راپرسى دروستیكردبوو. 
له‌ به‌رامبه‌ریشدا كورده‌كان خۆیان به‌دوورده‌گرن له‌وه‌ى دووباره‌ پشت به‌و گره‌وه‌ ببه‌ستن كه‌ دواجار سیاسه‌ته‌ ناوخۆییه‌كانى حكومه‌تى عێراقى ده‌بێته‌ هۆى جێبه‌جێكردنى به‌نده‌كانى په‌یوه‌ست به‌ دۆزینه‌وه‌ى چاره‌سه‌ر بۆ دۆخى كه‌ركوك. چونكه‌ تاڕاده‌یه‌ك سه‌رجه‌م ئه‌و پێشنیارانه‌ى پێشكه‌ش كراون، یان باسى له‌ ئیداره‌یه‌كى هاوبه‌ش بۆ كه‌ركوك و نه‌وته‌كه‌ى له‌گه‌ڵ به‌غدا كردووه‌ یان باسى له‌ پرۆسه‌ى نه‌خشه‌ڕێژكردنى خاك كردووه‌، كه‌ دووهه‌میان هه‌رگیز داواكارییه‌كانى بارزانى و پارتى دیموكراتى كوردستان و زۆرێك له‌ كورده‌كان جێبه‌جێ ناكات. هاوكات دڵنیاش نین له‌وه‌ى گه‌ر كێشه‌ى كه‌ركوك چاره‌سه‌ر بكرێت حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان تواناى ئه‌وه‌ى هه‌بێت ده‌وڵه‌تێكى خاوه‌ن سه‌روه‌رى دابمه‌زرێنێت، جا سه‌ربه‌خۆ بێت یاخود كۆنفیدراڵى. 
بارزانى به‌و ڕیفراندۆمیه‌ هه‌رێمى كوردستانى به‌ره‌و دووڕیانێك برد و رێڕه‌وى خۆیشى هه‌ڵبژارد، بۆیه‌ سه‌ربارى ئه‌وه‌ى كه‌ مانۆڕه‌كانى ده‌بێته‌ هۆى ده‌ستپێكردنى دانووستانێكى كرداره‌كى له‌كۆتاییدا، به‌ڵام تێچووى پراگماتیزمه‌ سیاسییه‌ سوودخوازه‌كه‌ى به‌قورسى ده‌كه‌وێت له‌سه‌رى. 

زۆرترین خوێندراوە


political studies copyright 2017 © . All right reserved Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure