كوردو دراوسێكانی؛ مه‌ڕ له‌ناو گه‌له‌ گورگدا

25/10/2017

:: بێ نوسەر

ناوه‌ندی كوردستان بۆ توێژینه‌وه‌ له‌ململانێ و قه‌یرانه‌كان
نوسینی، هەڵمەت محەمەد، توێژه‌ر

كوردستان ئەزمونێكی تاڵی هەیە لەگەڵ دراوسێكانیدا، هەر كات بەرەو پێشچوونێك لە پارچەكانی كوردستان بەدی كرابێت هێزە فارسی و عەرەبی و توركییەكان پیلانیان لە دژی گێڕاوەو پەكیانخستووە، هەرچەندە ناكۆكی رەگەزی و مەزهەبی و فەرهەنگی لەنێوان ئەم دەوڵەتانە هەبێ، بەڵام لەسەر بەرژەوەندی كورد و بزاڤەكەی یەكیان گرتووەو كێشەو ناكۆكیەكانیان پشت گوێ خستووەو وزەو تواناكانیان لەڕووی سەربازی و ئابووری و دیبلۆماسی و سایكۆلوجی خستووتە گەر بۆ لێدان و لەناو بردنی بزاڤی ئازادیخوازی نەتەوەی كورد لەهەموو پارچەكانی كوردستان بەتایبەتیش لەو كاتانەی راپەڕینەكانی كورد لەبەرەكانی جەنگ سەركەوتنی گەورەی بەدەست هێناوە، وەك (شۆڕشەكانی شێخ مەحمودو شۆڕشی بارزان و سمكۆی شكاك و شێخ سەعیدی پیران و ئاگری داخ. لەنێوان ساڵانی 1919-1932 داگیركەرانی كوردستان لەڕووی سەربازی هاوكاری یەكتریان كردووە بۆ لەناوبردنی ئەو هەموو ئەو شۆڕش و راپەڕینانە).

پەیمانی سەعد ئاباد
پەیمانی سەعد ئاباد یەكێك لە ڕێككەوتنە شومەكان كە لە 8ی تەموزی 1937 لە كۆشكی "سەعد ئاباد"ی نزیك تاران لەنێوان (عێراق و ئێران و توركیاو ئەفغانستان) بە ئاگاداری بەریتانیا مۆركرا، كە لە (10) ماددە پێك هاتبوو بڕیار بوو پەیمانەكە بۆ ماوەی (5) ساڵ كاری پێ بكرێت و لە كۆتایی ئەو ماوەیە پەیمانەكە بۆ ماوەی پێنج ساڵی تر خۆبەخۆ تازە دەبێتەوە، تەنها لە حاڵەتێكدا نەبێت یەكێك لە دەوڵەتە ڕێككەوتووەكان پێش وەختەی شەش مانگ هەڵوەشاندنەوە ڕابگەیەنێت. 
ئەگەرچی بە(پەیماننامەی بەگژیەكدا نەچوون) ناونرا بەڵام لەبنەڕەتدا سروشتێكی دەستدرێژیكاری هەبوو. هەرچەندە دەوڵەتانی مۆركەری پەیمانەكە هەوڵیاندا واپیشان بدەن كە ئەم پەیمانە دەستكەوتێكی گرنگە بۆ وڵاتەكانیان و لەبەرژەوەندی میللەتانیان دایە، بەڵام لەڕاستیدا تەنیا ڕژێمە سەركوتكاریەكانی ئەم وڵاتانەو دەوڵەتە زلهێزە ڕۆژئاواییەكان سوودمەندن تێیدا. بۆ سەلماندنی ئەم ڕاستیە دەبێ لەزەمینەو هۆكارەكانی بەستنی پەیمانەكە وردبینەوە كەئەویش دوولایەن لەخۆدەگرێ.

لایەنی یەكەم پەیوەستە بەبەرژەوەندی زلهێزە ڕۆژئاواییەكان
ئەم ناوچانە كە لە ژێر هەژمونی بەریتانیادا بوو، ئەویش هەر لەدوای سەركەوتنی شۆڕشی ئۆكتۆبەری ڕوسیا لەساڵی 1917 نیگەرانیەكی گەورە دایگرتبوو، چونكە سەركەوتنی شۆڕشی بەلشەفی و دامەزراندنی ڕژێمی كۆمۆنیستی سۆڤیەتی هەڕەشەیەكی كاریگەربوو لەسەر جیهانی سەرمایەداری ڕۆژئاوا. ئیتر بەریتانیا كە زلهێزی سەرەكیبوو، هەر لەدوای جەنگی یەكەمی جیهانیەوە سیاسەتی خۆی لەسەر بنەمای ئابڵووقەدانی یەكێتی سۆڤیەتی داڕشتبوو، بۆئەوەی تەوژمی كۆمۆنیستی هەر لەڕوسیا پەنگبخواتەوە و وڵاتانی دەوروبەر دانەگرێ.

لایەنی دووەم پەیوەستە بە كێشەی كوردەوە
بەتایبەتی بۆ وڵاتانی توركیاو عێراق و ئێران كەهەریەكەیان بەشێكی كوردستانیان داگیركردووە. ئەگەرچی بزاڤی ڕزگاریخوازی كورد لەهەموو پارچەكانی كوردستان تەنیا دەیویست مافەكانی نەتەوەی كورد دەستەبەر بكات و هەڕەشەی لەئاسایشی نەتەوەیی هیچ وڵاتێك نەدەكرد، بەڵام دەوڵەتە داگیركەرەكان ئەم مافانەی كوردیان بەهەڕەشە لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی خۆیان دادەنا و بەهەموو شێوەیەك لە هەوڵی بنبڕكردنی ئەو بزاڤە بوون. 
لەخاڵی 7ی پەیمانەكە بەڕوونی دیارە كە مەبەستیان یەكخستنی هەوڵ و تواناكانیانە لەدژی كورد و بزاڤە رزگاریخوازەكەی، كاتێ دەڵێ: "مۆركەرانی پەیمانەكە بەڵێن دەدەن كە هەریەكەیان لەناوچەی دەسەڵاتی خۆیاندا هەموو كارێك كە لەتوانایاندایە بیكەن دژی دامەزراندنی باندی چەكداری و كۆمەڵەو رێكخراوەكان و چالاكییەكانیان كە دەیانەوێ دەزگاكان لەنێو ببەن و هەڕەشە لە ئاسایش و سەقامگیری بكەن، جا لەناوچە سنووریەكان بێ یان لەهەر شوێنێكی دیكەی ئەم وڵاتانەبن كە پەیمانەكەیان مۆركردووە".
بۆ جێبەجێكردنی ناوەڕۆكی پەیمانەكە هەرسێ وڵات (ئێران و ئێراق و توركیا) هاوكاری یەكتریان كرد بۆ لێدان و لەناوبردنی راپەڕینی دەرسیم بەڕابەرایەتی سەید رەزای دەرسیمی لەساڵی 1938 هاوكات هەلێكی زێڕین بوو بۆ عێراق تا پەیوەندی خۆی لەڕووی سەربازی و دیبلۆماسی لەگەڵ ئێران و توركیا بەهێز بكات، بەتایبەتیش لەگەڵ توركیا، ئەمەش زۆر بە ئاشكرا دەردەكەوێت لەكاتی راپەڕینی بارزان لە ساڵانی 1943-1945 توركیا زۆر بە ئاشكرا یارمەتی سەربازی پێشكەش بە عێراق كرد. ئەمەش ئەوەی سەلماند ئامانج لە پەیمانی سەعد ئاباد دژی بزاڤی ئازادیخوازی نەتەوەی كوردبوو، هاوكات لێدانی جولانەوەی شۆڕشگێڕی و دیموكراسی گەلانی ناوچەكە بوو.

خستنی كۆمارى مهاباد
كۆماری مهاباد، لە 22/12/1946ی زایینی لەسەر دەستی حزبی دیموكراتی كوردستان‌ و بە سەركردایەتیی قازی محەممەد لە بەشێكی خۆرهەڵاتی كوردستان دامەزرا، كەبە یەكێك لە ڕووداوە هەرە دیارەكانی مێژووی كورد دادەنرێت.
كۆماری مهاباد لە ڕووی دەرەكییەوە پشتی بە پشتگیرییەكانی یەكێتیی سۆڤێت بەستبوو، كە ئەویش لە چوارچێوەی بەرژەوەندییەكانی خۆی لە خاكی ئێراندا پاڵپشتی هەردوو كۆماری مهاباد‌ و ئازربایجانی دەكرد، لەگەڵ ئەوەشدا ڕابەری ئەم كۆمارە هیچ كات وەك قەوارەیەكی سەربەخۆ كۆماری نەناساند، بەڵكو بانگەوازی بۆ دەسەڵاتێكی خودموختاری كوردی دەكرد لە چوارچێوەی ئێراندا.
بەڵام ئێران هەر لە سەرەتای سەرهەڵدانییەوە نەك دانی بەم كۆمارەدا نەنا، بەڵكو وەك مەترسی ‌و پێشێلكارییەكی گەورە سەیری دەكرد بۆ سەر یەكپارچەیی خاكەكەی، هەردوو وڵاتی دراوسێش (عێراق‌ و توركیا)، كە هاوسێی ئێرانن و لە ساتی دامەزراندانیان تا ئەو كاتە، دۆزی كورد یەكێك بووە لە شادەمارەكانی كێشە ناوخۆییەكانیان، بۆیە هەریەكەیان روبەڕوی بەرهەڵستكاری ‌و جوڵانەوەی بەهێزی كورد دەبوونەوە لە وڵاتەكەیاندا، ئەمەش پاڵنەرێكی زۆر بەهێز بوو، كە وا لەو وڵاتانە بكات بەدەر لە ڕەوتی سیاسەتی خۆیان لەگەڵ ئێراندا، هاوسۆز بن لەگەڵ سیاسەتەكانی ئەو وڵاتەدا بەرامبەر كۆماری مهاباد، لە بەرامبەریشدا سەرانی كۆمار هەوڵێكی كارای وەهایان بۆ نزیكبوونەوە لە دوو حكومەتە نەدا.
ئەمەریكاو بەریتانیاش وەك دوو براوەی جەنگی جیهانی، یەكێك لە ئامانجە جەوهەرییەكانی لەسیاسەتی دەرەوەیان بنەبڕكردنی هەر جوڵانەوە‌و لایەنێك بوو كە گومانی ئەوەی لێ بێت ئەڵقەلەگوێی یەكێتی سۆڤێت بێت، هاوكات ئێرانیشیان لەبازنەی خاڵە هەستیارو گرنگەكانی سیاسەتەكانیدا دەبینی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕستدا، بۆیە ئەم كۆمارە لە ڕوانینی ئەمەریكاو بەریتانیاوە بەدەر لە مەترسیی سیاسی وەك مەترسییەكی ئایدۆلۆژییش سەیریان دەكرد.
لە پاڵ ئەو ناهەموارییەی لە ڕووی دەرەكییەوە روبەڕوی كۆماری مهاباد بووبووەوە، مەترسییش كەوتە سەر پەیوەندییەكانی لەگەڵ هاوپەیمانە تاقانەكەیدا (یەكێتیی سۆڤێت)، كە گشت هەوڵ ‌و ئاڕاستە دەرەكییەكانی ڕووەو ئەو بوو، كاتێكیش حكومەتی ئێران چەندین هەنگاوی نا لە ناوخۆدا بۆ نزیكبوونەوە لە یەكێتیی سۆڤێت، سەرەنجام نەرمبوونی پەیوەندییەكانی لەگەڵ مۆسكۆ لێ كەوتەوە و دواجار بە ڕێكەوتنێك لە مانگی چواری 1946دا كۆتایی هات، كە لە نێوان سۆڤێت‌ و ئێراندا واژۆكرا، بەم ڕێككەوتنەش نەك تەنها دەستتێوەردان ‌و دەستبەسەرداگرتنەكانی سۆڤێت لەو وڵاتە كۆتایی پێ هات، بەڵكو وای لە سۆڤێت كرد گوێی خۆی لە سیاسەتەكانی ئێران بەرامبەر هەردوو كۆماری مهاباد‌ و ئازربایجان بخەوێنێت، جا ئەو سیاسەتە بە هەرشێوەیەك بێت.
لە پاڵ بێدەنگبوونی سۆڤێت، كۆماری كوردستان خۆی لە نێوان دژایەتیی ناڕاستەوخۆی دوو گەورە زلهێزی جیهان (بەریتانیا‌ و ئەمەریكا) ‌و هێرشی ئێراندا بینییەوە، ئەمەش لەگەڵ دژایەتیی هەریەك لە عێراق‌ و توركیای دراوسێیدا هاوكات بوو، كە تاكە دەرچەی بوون لە نەخنكاندن ڕزگاری بكەن، بۆیە لە كۆتاییدا كۆمار خۆی لەبەردەم بێ پاڵپشتیی دەرەكیدا بینییەوە و لە ئاست هێرشە سەربازییە پتەو و ئامادەكراوەكانی ئێراندا خۆی پێ ڕانەگیرا.

ڕێككەوتننامەی جەزائیر
شەڕی كورد و بەعس لە ساڵانی 1974-1975 ئەگەرچی لە نێوان پارتە كوردییەكان و جەیشی عێراقدا لە گۆڕەپانی كوردستاندا بوو، هاوكات ململانێی سیاسی و جەنگی عێراق ئێرانیش بوو. لەو كاتەدا پشت و پەنای جوڵانەوەی كورد تەنهاو تەنها ئێران بوو، ئێرانیش كوردی وەك دەسكەلای خۆی گوشاری توندی پێ دروست كردبوو لە ڕووی ئابوری و سیاسی و كۆمەڵایەتی لەسەر عێراق.
لە گەرمەی شەڕی كورد و بەعسدا هەوڵی ئاشكراو نهێنی سۆڤیەت و ئەمریكاو ئوردن و چەندین لایەن و دەوڵەتی دیكە هەبوون بۆ لێكنزیككردنەوەی ئێران و عێراق، سەر ئەنجام لە 6ی ئایاری 1975 یەكێك لە تاڵترین ڕۆژەكانی جوڵانەوەی كورد لەم پارچەیەی كوردستاندا. ئەلقەیەكی دیكە لە هاوكاری ئەم دەوڵەتانە دژی كورد و مافەڕەواكانی دەستی پێكرد.
ڕێككەوتننامەی جەزائیر كە لە 6ی ئایاری 1975 لە پەراوێزی كۆبوونەوەی ڕێكخراوی ئۆپێك لە جەزائیر مۆركرا، لە نێوان ڕژێمی پێشووی عێراق و شای ئێران وردتر بڵێین لە نێوان جێگری سەرۆك كۆماری عێراق سەدام حوسێن و محەمەد ڕەزا شا بە سەرپەرشتی سەرۆكی ئەوكاتی جەزائیر (هەواری بومەدین) بەڕێوەچوو. بومەدین لەناو سەرسوڕمانی ئەندامی كۆبوونەوەكەی ئۆپیك وتی: "خۆشحاڵم پێتان ڕادەگەیەنم لە شەوی ڕابردوو ڕێككەوتنێكی گشتی بوو لە نێوان دوو دەوڵەتی برا ئێران و عێراقدا بۆ كۆتایی هێنان بە ناكۆكییەكانی نێوانیان".
لەگەڵ ئەوەی لە ناوەڕۆكدا ڕێككەوتنەكە بۆ بەلاداخستنی گرفت و ناكۆكیەكانی نێوان عێراق و ئێران بوو، بەڵام زەرەرمەندترین لایەن كورد و جوڵانەوەكەی بوو لەم پارچەیەی كوردستاندا.
بەشێكی ڕێككەوتنەكە بۆ چارەسەركردنی كێشەی سنوری نێوانیان بوو، یەكێك لە ناكۆكییەكانی نێوان ئەو دوو وڵاتە كەنداوی عەرەبی بوو كە زۆرجار دەبووە هۆی ناكۆكییەكانی هەردوو وڵات، ڕیشەكەشی دەگەڕایەوە بۆ سەردەمی عوسمانییەكان و دواتر هاتنی ئینگلیز و دواجاریش لە ساڵی 1969 حكومەتی عێراق ئەوەی ڕاگەیاند كە كەنداوی عەرەبی بەشێكە لە سنوری عێراق، حكومەتی ئێرانیش بە زمانی خۆیان بەكەنداوی فارسی ناویان دەبرد و ئەو سنور كێشانەیان رەد دەكردەوە، پێیان وابوو ئەو سنورە ئیمپریالیزم دیاری كردووە.
بەپێی ئەم رێككەوتنە رژێمی عێراق لەسەر ئاستی سنوری ئاوی دەستبەرداری كەنداوی عەرەبی بوو، لەسەر سنوری وشكانیش سازشی لەسەر نزیكەی 320كم زەوی كرد بۆ ئێران، لەبەرامبەر ئەمەدا ئێرانیش بەشێك لە بیرە نەوتەكانی خوزستان بدات بە عێراق و هەموو هاوكارییەكانی لە جوڵانەوەی كورد ببڕێت.
لەو كاتەدا جوڵانەوەی كورد لە خاڵی بەهێزی خۆیدابوو بە جۆرێك خاوەنی دەیان هەزار هێزی چەكدارو و چەك و پارەیەكی زۆر بوو، بەڵام زۆر بەخێرایی هەموو شتێك گۆڕا، بەهۆی ئەوەی جوڵانەوەكە تەنها پشتگیرییەك پشتی پێ بەستبوو ئێران بوو، ئەویش پشتی لێ كرد، ئەم هەگاوەش چۆكی بە شۆڕشی ئەیلول دادا.
ئەمە لە كاتێكدا بوو سەرچاوەكان ئاماژە بەوە دەدەن كە پێشتر و لە ١٩٧٣ عێراق هۆشداری دابوو بەسەركردایەتی شۆڕشی ئەیلول لەبارەی ئەوەی ئەگەر لەگەڵیدا پێك نەیەن عێراق ئامادەیە سازشكاریی لەبەرامبەر ئیراندا بكات بۆ ئەوەی دەسەڵات بەسەر كوردستاندا بگرێت.

ڕیفراندۆمەكەی هەرێم و لێكنزیكبوونەوەی عێراق، ئێران، توركیا
لە دوای تێپەڕینی سەدەیەك بەسەر ڕێككەوتننامەی سایكس بیكۆ گەلێك گۆڕانكاری گەورە لە سەرجەم كایەكاندا ڕوویان داوە، بەڵام وا دەردەكەوێت جیاوازییەكی ئەوتۆ لە تێڕوانینی دۆست‌ و نەیارەكانی كورددا ڕووی نەدابێت، ڕیفراندۆمەكەی 25ی 9ی 2017ی باشوری كوردستان بۆ سەربەخۆیی بە كردەوە ئەوەی سەلماند، ئەوەتا ئێران و عێراق و توركیا بە نیازن هاوكاری یەكتر بكەن دژ بە هەرێم. ئەمە ئەوە دەردەخات كە هێشتا دۆست و نەیارەكانی كورد لە بازنەی دژ وەستانەوە بەرامبەر مافەكانی كورد تەجاوزی نەكردووە و سیاسەتی ئەوان هەمان ئەو سیاسەتەیە كە هەر لە سەرەتاوە بۆ كوردیان بڕیوەتەوە. گۆڕانكاری تەنها لە كات و دەم وچاوەكاندا ڕویداوە.
هەر لەسەرەتای دەستپێكردنی بڕیاردان لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە هەرێمی كوردستاندا كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و وڵاتانی دراوسێی وەك ئێران و توركیاو تەنانەت عێراقیش بە خێرایی هاتنە سەر خەت، داوایان لە سەركردایەتی سیاسی كورد كرد كاری وا نەكات و چونە نێو پرۆسەیەكی لەو شێوە باجی قورسی دەبێت و پێویستە یەكپارچەیی خاكی عێراق بپارێزن.
بەڵام كاتێك باشوری كوردستان چووە نێو پرۆسەكەو لە 25/9/2017 ڕیفراندۆمی ئەنجامدا، ڕاستەوخۆ بەشێك لە هەڕەشەكانی عێراق و ئێران و توركیا خرانە بواری جێبەجێكردنەوە. لەو سزیانەش كە تا ئێستا سەپێندراوە بەسەر هەرێمی كوردستاندا 
- ڕاگرتنی گەشتە دەرەكییەكانی هێڵی ئاسمانی فڕۆكەخانەكانی هەرێمی كوردستان كە خۆی لە فڕۆكەخانەی هەولێر و سلێمانی دەبینێتەوەو لە لایەن حكومەتی عێراقەوە.
- ڕێگری لە هاوردەكردنی سوتەمەنی بە مەرزە نێودەوڵەتییەكانی نێوان ئێران  و هەرێمی كوردستان.
ئەمە لە كاتێدایە هەڕەشەی توندتر لە ئارادایە لەلایەن هەر یەك لە عێراق و ئێران و توركیاوە.
ڕۆژی 4/10/2017 رەجەب تەیب ئەردۆغان لەگەڵ وەفدێكی یاوەری كە پێكهاتبوون لە سەرۆك ئەركانی سوپای توركیا جەنەراڵ خولوسی ئاكار، وەزیری دەرەوە مەولود چاوشئۆغڵو، وەزیری ئابووری نیهات زەیبەكجی، وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتیەكان بەرات ئاڵبایراك، وەزیری گومرك و بازرگانی بولەنت توفەنكجی، وەزیری ناوخۆ سولەیمان سۆیلو، وەزیری كولتوور و گەشتوگوزار نومان كورتوڵموش، وەزیری بەرگری نورەدین جانیكلی، راوێژكاری میت هاكان فیدان و باڵیۆزی توركیا لە تاران رزا هاكان تەكین. بە سەردانێكی تایبەت گەیشتنە تارانی پایتەختی ئێران و لەرێوڕەسمێكی فەرمیدا پێشوازیان لێكرا.
ئەجێندای سەردانەكەش بۆ تارانی پایتەختی ئێران لەبارەی پرسی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان بوو كە هەردوولا دژایەتییەكانی تاران و ئەنقەرەیان بۆ ریفراندۆمی هەرێم دووپات كردەوە.
سەرۆك كۆماری هەردوو وڵات ئەردۆگان و روحانی لەدوای كۆبوونەوەكەیان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی جەختیان لە یەكپارچەیی خاكی عێراق كردەوە، ئەردۆغان لای خۆیەوە وتی "رێ و شوێنەكانیان بەرامبەر هەرێم توند دەكەنەوەو لەگەڵ ئێرانیشدا جەختیان لەوە كردووەتەوە كە دان بەو ڕیفراندۆمە نانێن" وتیشی "ئەم ڕیفراندۆمەی باكوری عێراق بە هاوكاری ئیسرائیل ئەنجامدراوەو قابیلی قبوڵ نیە".
روحانیش لە كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكە ئەوەی ڕاگەیاند "لەسەر بەرپرسانی هەرێم پێویستە قەرەبووی ئەو هەڵەیەیان بكەنەوە".
هاوكات لەگەڵ كۆبوونەوەكەی ئەردۆغان و ڕوحانیدا، وەزیری بەرگری ئێران ئەمیر حاتەمی و سەرۆكی ئەركانی گشتی ھێزەكانی توركیا خولوسی ئاكار كۆبوونەوە، بەپێی سەرچاوەكانوەزیری بەرگری ئێران وتوویەتی، ئێران و توركیا، پەیوەندی مێژوویی و فەرھەنگی، دوور و درێژیان ھەیە، ئەم وڵاتە پێگەیەكی تایبەتی لەسیاسەتی دەرەوە و بەرگریكاری و ئەمنیەتی كۆماری ئیسلامی ئێراندا ھەیە.
حاتەمی، ھەروەھا ئەوەشی وتووە، ھاوپەیمانی نێوان سێ وڵاتی عێراق، توركیا و ئێران دەتوانێت تا ساڵانێكی زۆر سەقامگیری ناوچەكە دابینبكات.
هاوكات خلوسی ئاكار رایگەیاندووە، دیداری سەرلەشكەر باقری لەتوركیا بووەھۆی ئەوەی كەوەرزێكی تەواو نوێ لەنێوان دوو وڵاتی توركیا و ئێران بكرێتەوە"ئەم ڕەوتە دەبێتە ھۆی بەرزبوونەوەی سەقامگیری و ئەمنیەتی ھەر دوو وڵات لەناوچەكە، ئێمە پەیوەندی فەرھەنگی باشمان ھەیەو دەبێت ئەم پەیوەندییانە لەئاستی سەربازی و بەرگری كاریشدا بەرزبێتەوە". وتوشیەتی، ئێمە لەیەكپارچەیی خاكی سووریاو عێراق بەرگری دەكەین، و ھیچ جۆرە ئاڵوگۆڕێكی سنووری لەم دوو وڵاتە قبوڵ ناكەین.
ھەروەھا ئاماژەی بەبۆچوونی ھاوبەشی ئێران و عێراق و توركیا كردووە، سەبارەت بە ریفراندۆمی ھەرێمی كوردستان، وتوویەتی"ئێمە سەبارەت بەناوچەكە بە ڕێككەوتنی زۆر باش گەیشتووین و لە ئەگەری بەردەوام بوون لەم دۆخە ھەرێمی كوردستان گەمارۆی سیاسی و ئابووری و سەربازی ئێمەی روبەڕو دەبێتەوە".

ده‌رئه‌نجام
كەواتە كێشە هەر ئەوە نیە هەڵوێستی ئەو دەوڵەتانە بەرامبەر كورد نەگۆڕاوە كێشەكە ئەوەیە جوڵانەوەی كورد نەیتوانیەوە گۆڕانكاری بەسەر هەڵوێستەكانیان بهێنێت، یان بەجۆرێك هێلكەكانی خۆی دابەشی سەر سەبەتەكان بكات كە ئەو هێزانە هێندە بە ساناییی نەتوانن ئاستەنگی بۆ دروست بكەن.
هەڵەكە بە ڕونی لێرەدا بەدیار دەكەوێت ببینن چۆن كوردستان لە شەڕی داعشدا هەموو جیهان دۆستی بوو، بەڵام كاتێك ویستی بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات ئەردۆغان وتەنی تەنها دەوڵەتێكم پێ بڵێن دانی بە ڕیفراندۆمەكەی هەرێمدا نابێت، ئەمە ئەو وانەیە كە لە كە مێژووەوە بۆ كورد ماوەتەوە، هیوادارین ئەم پەندە مێژووییە وا بكات گۆڕانكاری بەسەر دیدی خودی كورد بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ ویست ‌و بەرژەوەندیی زلهێز‌ و نەیارەكانیدا بهێنێت.

سەرچاوەكان
- نەوشیروانمستەقا،لەكەناری دانوبەوە بۆ خڕی ناوزەنگ.
- حسێن ئەحمەد حسێن،پەندێك بۆ مێژوو، ڕۆژنامەی ئاژانس، ژمارە 58، 4/10/2017،لا11.
- پەیمانی سەعد ئاباد:
http://www.kurdipedia.org/default.aspx?q=20160128142750129671&lng=6
- ناوەرۆکی کۆبوونەوەی وەزیری بەرگری ئێران و سەرۆک ئەرکانی سوپای تورکیا لەسەر ھەرێم:
http://www.xendan.org/detailnews.aspx?jimare=33882&babet=1&relat=1024
- ئامانجی سەرەكی سەردانەكەی ئەردۆغان بۆ ئێران پرسی ریفراندۆمی هەرێمە:
http://www.sharpress.net/all-detail.aspx?Jimare=96987
- لەیادی‬73‬ساڵەی‬مۆركردنیدا پەیمانی ‬سەعد ئاباد.. ‬پەیمانێك بۆ پشتكردن لە كورد و گەلانی‬ناوچەكە:
http://www.xebat.net/detail_articals.php?id=1862&z=6&l=1
- ٤٢ساڵ تێپەڕبوو بەسەر ڕێککەوتننامەى جەزائیردا:
https://www.facebook.com/naliatv/videos/1412892168756847/?fallback=1
- اتفاقیه‌ الجزائر 1975:
http://www.marefa.org/%D8%A7%D8%AA%D9%81%D8%A7%D9%82%D9%8A%D8%A9_%D8%A7%D9%84%D8%AC%D8%B2%D8%A7%D8%A6%D8%B1_1975
- جمهوریه‌ مهاباد:
https://ar.wikipedia.org/wiki/%D8%AC%D9%85%D9%87%D9%88%D8%B1%D9%8A%D8%A9_%D9%85%D9%87%D8%A7%D8%A8%D8%A7%D8%AF

زۆرترین خوێندراوە


political studies copyright 2017 © . All right reserved Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure