ریفراندۆمی كوردستان: سه‌ربه‌خۆیى له‌پاش دانووستان له‌گه‌ڵ به‌غدا

01/11/2017

:: بێ نوسەر ناوه‌ندی كوردستان بۆ توێژینه‌وه‌ له‌ململانێ و قه‌یرانه‌كان
نووسینى: هودا ئه‌لحوسه‌ینى - رۆژنامه‌نووس و شرۆڤه‌كارێكى لوبنانییه‌
سه‌رچاوه‌: شه‌رقولئه‌وسه‌ت

كه‌ى كات بۆ ئه‌نجامدانى راپرسى بۆ سه‌ربه‌خۆیى گونجاوه‌؟ وه‌ڵامه‌كه‌ ئه‌و كه‌سه‌ ده‌ستنیشانى ده‌كات كه‌ له‌ كوردستان یاخود له‌ كه‌ته‌لۆنیا پرسیاره‌كه‌ى ئاڕاسته‌ ده‌كرێت. 
ئه‌وانه‌ى چاویان له‌ راگه‌یاندنى ده‌وڵه‌ته‌، هه‌رگیز له‌ ئێستا به‌باشتر نازانن تا به‌ده‌ستى خۆیان بڕیار له‌سه‌ر چاره‌نووسیان بده‌ن و رێڕه‌وى مێژوو بگۆڕن. له‌ به‌رامبه‌ریشدا، سه‌ركرده‌ نیشتمانییه‌كان هه‌ن، كه‌ ده‌ست به‌ سنووره‌كانى ئێستاوه‌ ده‌گرن و ده‌یانه‌وێت پارێزگاریى له‌ یه‌كێتیى خاكه‌كه‌یان بكه‌ن، هه‌میشه‌ش هۆكارى ماقوڵیان پێیه‌ بۆ دژایه‌تیكردنى ئه‌و جۆره‌ جووڵانه‌وانه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌ق به‌ ئازادى و سه‌ربه‌خۆییه‌ و به‌رده‌وامیش هه‌ر به‌ كڵپه‌سه‌ندوویى ده‌مێنێته‌وه‌. 
دوور له‌ پاساوه‌ ده‌ستوورییه‌كان، ئه‌و پاساوانه‌ى له‌ دانانى ده‌ستووره‌وه‌ جێبه‌جێ نه‌كراون، نه‌یاره‌كان له‌ به‌غدا و له‌ ده‌ره‌وه‌ پێیان وایه‌ ده‌بێت یه‌كه‌مجار بایه‌خ به‌ تێكشكاندنى داعش بدرێت، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدا كه‌ هێزه‌ كوردییه‌كان رۆڵێكى یه‌كلاكه‌ره‌وه‌یان له‌و جه‌نگه‌دا گێڕاوه‌ و ده‌یگێڕن، ئه‌و جه‌نگه‌ى په‌رله‌مانتارى لوبنانیى سه‌ربه‌ حیزبوڵڵا "موحه‌ممه‌د ره‌عد" له‌باره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت كه‌ كۆتایى هاتووه‌ و پارته‌كه‌شى له‌ سه‌ركه‌وتن له‌دواى سه‌ركه‌وتندا ده‌ژى. 
سه‌ربه‌خۆیى كوردستان ده‌توانێت په‌رده‌ له‌سه‌ر فشه‌ڵیى ده‌وڵه‌تى عێراقى ژێر قه‌ڵه‌مڕه‌وى ئێران هه‌ڵبماڵێت و هێنده‌ى تر دووبه‌ره‌كى بخاته‌ نێو سوننه‌ و شیعه‌وه‌. له‌بیریشمانه‌ چۆن ئێران و توركیا له‌سه‌روبه‌ندى قه‌یرانى كه‌نداودا كه‌وتنه‌خۆیان بۆ یارمه‌تیدانى قه‌ته‌ڕ، بێگومان كه‌سیش بڕواى نه‌ده‌كرد كه‌ هه‌ڵوێسته‌كه‌یان مه‌بده‌ئى بێت و دژ به‌ ده‌وڵه‌تانى كه‌نداوى عه‌ره‌بى و میسڕ نه‌بێت، كاتێكیش كوردستان ته‌نها ده‌ستى بۆ راپرسى برد، هه‌رزوو هه‌ردوو ده‌وڵه‌ت گه‌مارۆیان به‌سه‌ردا سه‌پاند و سه‌لماندیان كه‌ كورده‌كان "هیچ هاوڕێیه‌كیان نییه‌ جگه‌ له‌ چیاكان نه‌بێت". 
هه‌ریه‌ك له‌ توركیا و ئێران، كه‌ دوو بكه‌رى بنچینه‌یین له‌ ناوچه‌كه‌ و كێشه‌یان له‌گه‌ڵ كه‌مینه‌ى كوردى خۆیاندا هه‌یه‌، به‌توندى دژى هه‌ر ده‌وڵه‌تێكى كوردین له‌ عێراق، به‌شێك له‌و دژایه‌تییه‌ش، ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئاره‌زووى هه‌ریه‌كێكیان بۆ كۆنترۆڵكردنى سامانى نه‌وتیى هه‌رێم. ئه‌وه‌تا سه‌رۆكى توركیا "ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگان" له‌ 25ى ئه‌یلول رایگه‌یاند كه‌ ده‌روازه‌ى سنووریى فیشخاپور له‌گه‌ڵ باكوورى عێراق داده‌خات، هه‌روه‌ها هه‌ڕه‌شه‌ى له‌ كورده‌كان كرد به‌وه‌ى به‌ربه‌ست بۆ هه‌نارده‌كردنى نه‌وته‌كه‌یان دروست ده‌كات و وتى "به‌لوعه‌كه‌ لاى ئێمه‌یه‌، كاتێكیش كه‌ گرتمانه‌وه‌، هه‌موو شتێك كۆتایى پێ دێت". 
ئه‌وه‌ى بارى سه‌رشانى راپرسییه‌كه‌ى قورس كردبوو، شارى كه‌ركوك و ئاینده‌كه‌ى بوو، كه‌ ره‌نگه‌ دواتر ببێته‌ هۆى پێكدادانى چه‌كدارى، به‌وپێیه‌ى پێناچێت ده‌سه‌ڵاتدارانى كورد له‌ژێر هیچ بارودۆخێكدا ده‌ستى لێ هه‌ڵبگرن. 
ئه‌و كێشه‌یه‌شى كه‌ راپرسى بۆ توركیاى دروستكردووه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئاخۆ ئه‌نقه‌ره‌ چۆن مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ كوردستانى عێراقدا ده‌كات وه‌ك قه‌واره‌یه‌كى سه‌ربه‌خۆ؟ سه‌باره‌ت به‌ ئێرانیش، هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ى هه‌رگیز ده‌ستى له‌ كاروبارى ناوخۆیى ده‌وڵه‌تان وه‌رنه‌دابێت و له‌شكركێشى نه‌كردبێته‌ سه‌ر هیچ ده‌وڵه‌تێكى دراوسێ، هه‌میشه‌ بانگه‌شه‌ى ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ له‌سه‌ر بنه‌ماى په‌یامى خودایى ده‌ست وه‌رده‌دات، چۆن به‌رپرسى ئاسایشى نه‌ته‌وه‌یى ئێران "عه‌لى شه‌مخانى" رایگه‌یاند كه‌ خامنه‌ئى له‌ وه‌ڵامى په‌یامێكى خوداییدا ده‌ستى له‌ سوریا وه‌رداوه‌، كه‌چى ئه‌وه‌تا له‌ئێستادا به‌پێى وته‌بێژى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى بێت، له‌سه‌ر داواى عێراق سنووره‌كانى خۆى له‌گه‌ڵ كوردستان داخستووه‌. 
له‌رابردوودا مه‌سعود بارزانى وتى "دوو بژارده‌ له‌به‌رده‌مماندایه‌: یان سه‌ربه‌خۆیى یان خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دان"، تێبینییش كرا كورده‌كانى ئێران له‌ هه‌موو كه‌س زیاتر پێشوازییان له‌ راپرسى كرد. 
كوردستانى عێراق هاوبه‌شێكى نمونه‌یى واشنتۆنه‌: قه‌واره‌یه‌كى دیموكراسى و سه‌قامگیره‌ و سه‌لماندوویه‌تى كه‌ ئاره‌زوو ده‌كات له‌سه‌ر پرسه‌كانى ئاسایشى ناوچه‌كه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا كار بكات، به‌تایبه‌ت جه‌نگى دژ به‌ قاعیده‌ و داعش، به‌ڵام كێشه‌كه‌ى واشنتۆن له‌وه‌دایه‌ گه‌ر دان به‌ سه‌ربه‌خۆییدا بنێت ته‌نانه‌ت به‌شێوه‌یه‌كى ناڕاسته‌وخۆش، ئه‌وا توڕه‌یى هاوبه‌شێك زیاد ده‌كات كه‌ له‌ "ناتۆ"دا پێویستى پێیه‌تى، ئه‌ویش توركیایه‌. دیاریش نییه‌ ئاخۆ كاردانه‌وه‌ى كوردانى سوریا و هێزه‌كانى قه‌ڵغانى فوڕات چى ده‌بێت، ئه‌وانه‌ى واشنتۆن وه‌ك سه‌ره‌ ڕم بۆ دژایه‌تى روسیا له‌ سوریا به‌كاریانده‌هێنێت. 
كێشه‌كانى كورد زۆر و غه‌مباركه‌رن، به‌وپێیه‌ى كاتێك په‌یوه‌ندى ئه‌نقه‌ره‌ له‌گه‌ڵ هه‌ولێردا به‌هێز بوو، په‌یوه‌ندى كوردانى عێراق له‌گه‌ڵ كوردانى سوریادا خراپ بوو، ئێستاش هه‌ریه‌ك له‌و دوو لایه‌نه‌ له‌ به‌ره‌ى خۆیدا شه‌ڕ ده‌كات و شاخه‌كانى قه‌ندیل – یش بۆ پارتى كرێكارانى كوردستان و پێشه‌واكه‌یان "عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان" ماوه‌ته‌وه‌. 
له‌گه‌ڵ راگه‌یاندنى راپرسیدا، بارزانى سه‌رجه‌م هه‌وڵه‌كانى واشنتۆنى ره‌تكرده‌وه‌، ئه‌و ده‌یزانى كه‌ واشنتۆن په‌یوه‌سته‌ به‌ چه‌مكى عێراقى یه‌كگرتووه‌وه‌ و هیچ كاتێك بۆ ئه‌نجامدانى راپرسى گونجاو نابێت، نه‌ ئێستا و نه‌ دواتر. 
هه‌روه‌ها بارزانى ده‌یزانى كه‌ راپرسى راسته‌وخۆ نابێته‌ هۆى به‌دیهاتنى سه‌ربه‌خۆیى، بۆیه‌ ئامانجه‌كه‌ى ئه‌وه‌بوو له‌سه‌ر مێزى دانووستان له‌گه‌ڵ به‌غدا بیخاته‌ڕوو، سه‌ربه‌خۆییش هه‌ر ده‌مێنێته‌وه‌ و كه‌سیش ناتوانێت هیوا دابماڵێت. 
جێگاى ئاماژه‌پێدانه‌، كه‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانى عێراق زۆر نزیكبووه‌ته‌وه‌، بڕیار وایه‌ هه‌ڵبژاردنى كورده‌كان له‌ مانگى تشرینى دووه‌مى داهاتوودا و هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مان و ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاكانى هه‌موو عێراقیش له‌ مانگى نیسانى داهاتوودا ئه‌نجام بدرێت. حه‌یدره‌ عیبادى – یش له‌كاتێكدا مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ پرسى راپرسیدا ده‌كات، چاوى له‌سه‌ر قورسایى ركابه‌ره‌ هه‌ره‌ مه‌ترسیداره‌كه‌یه‌تى، كه‌ تایه‌فه‌چێتییه‌كه‌ى و ئێران پێكه‌وه‌ ده‌یجووڵێنن، ئه‌ویش نورى مالیكى سه‌رۆك وه‌زیرانى پێشووى عێراقه‌، كه‌ خوازیاره‌ فه‌رمانڕه‌وایى هه‌موو عێراق بكات و بیگۆڕێت بۆ پاشكۆیه‌كى شیعى مه‌زهه‌بى ئێران، هه‌ربۆیه‌ كه‌ عیبادى به‌توندى دژى راپرسى ده‌وه‌ستێته‌وه‌ و كورده‌كان به‌ ره‌گه‌زپه‌رست تۆمه‌تبار ده‌كات، بۆئه‌وه‌یه‌ خۆى له‌ مه‌ترسیى هه‌ڵمه‌تى ركابه‌ره‌ سیاسییه‌كانى به‌دووربگرێت. له‌سه‌روو هه‌مووشیانه‌وه‌ مالیكى، به‌وپێیه‌ى دروشمى ئه‌و سه‌رۆك وه‌زیرانه‌یان له‌دژى به‌رزكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ كه‌ركوكى له‌ده‌ستدا، به‌ڵام عیبادى له‌سه‌روبه‌ندى به‌رگریكردن له‌ هه‌ڵوێستى خۆى له‌نێو سیاسه‌ته‌ دژبه‌یه‌كه‌كانى شیعه‌دا، زیانى به‌ په‌یوه‌ندى خۆى له‌گه‌ڵ هه‌ولێر گه‌یاند، چونكه‌ دواجار له‌كاتى پێكهێنانى حكومه‌ته‌كه‌یدا و بۆ پارێزگاریكردن له‌ سه‌رۆك حكومه‌تییه‌كه‌ى، پێویستى به‌ كورد ده‌بێت. هاوكات واشنتۆن – یش داواى قه‌رزه‌كه‌ى لێده‌كاته‌وه‌، به‌وپێیه‌ى له‌بیرى نه‌چووه‌ته‌وه‌ كاتێك كه‌ خامنه‌ئى له‌م دواییانه‌دا پێشوازى لێكرد داواى كرد "كار بۆ كۆتاییهێنان به‌ بوونى ئه‌مریكا له‌ عێراق بكات و ده‌ستیش بۆ حه‌شدى شه‌عبى نه‌بات". 
به‌تێڕوانینێكى هه‌رێمایه‌تى به‌رفراوان، ره‌نگه‌ هه‌ندێك ته‌ماشاى كوردستانى سه‌ربه‌خۆیان وه‌ك یه‌كه‌م هه‌نگاو به‌ئاڕاسته‌ى دووباره‌ داڕشتنه‌وه‌ى كۆى سنووره‌كانى خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست له‌سه‌ر بنه‌ماى ئیتنى و ئایینى كردبێت، به‌ڵام ئه‌و گۆڕانكارییه‌ به‌كردار ده‌ستى پێكردووه‌ و له‌وانه‌شه‌ هه‌رئه‌وه‌ پاڵى به‌ بارزانییه‌وه‌ نابێت داواى راپرسى بۆ سه‌ربه‌خۆیى بكات، چونكه‌ ئێران به‌ته‌واوه‌تى په‌لى به‌ ناوچه‌كه‌دا هاویشتووه‌، ئه‌وانه‌شى له‌ به‌غداوه‌ هاتوونه‌ته‌وه‌، دان به‌وه‌دا ده‌نێن كه‌ بووه‌ته‌ شارێكى شیعى مه‌زهه‌ب، یه‌كه‌م كارى حه‌شدى شه‌عبیش له‌دواى ئازادكردنى موسڵ، دروستكردنى خوێندنگاى "ئیمام خومه‌ینى" بوو له‌و شاره‌ سوننى مه‌زهه‌به‌. ئه‌وه‌شى له‌ئێستادا به‌یروت و گه‌ڕه‌كه‌كانى له‌ یادى عاشورادا ببینێت، وا هه‌ست ده‌كات چووه‌ته‌ نێو شارى كه‌ربه‌لا یاخود نه‌جه‌فه‌وه‌. جگه‌ له‌وه‌، ئێران ده‌ستى بزووتنه‌وه‌ى نوجه‌باى به‌ سه‌ركردایه‌تى شێخ "ئه‌كره‌م كه‌عبى" به‌ڕه‌گه‌ز عێراقیى دڵسۆز بۆ ئێرانى كرده‌وه‌ تا "كه‌وانه‌ى وشكانیى شیعى" زامن بكات و دواجار عێراق و سوریا و حیزبوڵڵاى لوبنانى پێكه‌وه‌ ببه‌ستێته‌وه‌، كه‌چى ئێستا كورده‌كان تۆمه‌تبار ده‌كات به‌وه‌ى هه‌وڵى گۆڕینى ئه‌و سنوورانه‌ ده‌ده‌ن كه‌ سه‌د ساڵه‌ بوونیان هه‌یه‌!
به‌نێو ده‌ریاى سپى ناوه‌ڕاست و له‌كاتێكدا كێشه‌ى سى ملیۆن كورد ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هیچ ده‌روازه‌یه‌كى ئاوییان نییه‌، گۆڕانكارییه‌كى دیكه‌ له‌ ناوچه‌ى كه‌ته‌لۆنیاى ئیسپانیا ده‌ستى پێكردووه‌، ئه‌وه‌ چه‌ندین ساڵه‌ كه‌ته‌لۆنیا، وه‌ك ده‌وڵه‌مه‌ندترین ناوچه‌ له‌ ئیسپانیا، ناڕازییه‌ به‌وه‌ى حكومه‌تى فیدراڵى سامانه‌كانى بۆ مه‌درید بگوازێته‌وه‌ و سووره‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كه‌ جیابوونه‌وه‌ باشترین چاره‌سه‌ره‌. له‌ به‌رامبه‌ریشدا، مه‌درید پۆلیسى نارد تا ئه‌و سه‌ركردانه‌ى كه‌ته‌لۆنیا ده‌ستگیر بكات كه‌ داواى جیابوونه‌وه‌ ده‌كه‌ن. 
سه‌ربه‌خۆبوونى كه‌ته‌لۆنیا به‌ دیارده‌یه‌كى مه‌ترسیدار له‌نێو ئه‌وروپا داده‌نرێت، چونكه‌ له‌وانه‌یه‌ هانى ئه‌و ناوچانه‌ى دیكه‌ بدات كه‌ مه‌یلى جیابوونه‌وه‌ ده‌كه‌ن، وه‌ك هه‌رێمى باسك له‌ ئیسپانیا و فلانده‌ر له‌ به‌لجیكا و باڤاریا له‌ ئه‌ڵمانیا، كه‌ چاو له‌و بكه‌ن. 
ئه‌وه‌شى لێره‌دا جێگاى سه‌رسوڕمانه‌، له‌ جیهانێكدا كه‌ له‌سایه‌ى جیهانگیرییه‌وه‌ به‌رده‌وام بچووكتر ده‌بێته‌وه‌، زۆرێك له‌ گه‌لان نایانه‌وێت له‌ قه‌واره‌ى گه‌وره‌تردا بتوێنه‌وه‌، به‌ڵكو داوا ده‌كه‌ن ببنه‌ ده‌وڵه‌تى تازه‌ له‌دایكبوو. 
هه‌رچییه‌كیش بوترێت، هیچ ده‌قێكى جێگیر نییه‌ بۆ پێوانه‌كردنى ره‌وایه‌تى هه‌ر داوایه‌ك بۆ سه‌ربه‌خۆیى، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا قورسه‌ نكوڵى له‌و مافه‌ بۆ هه‌ر گروپێك بكه‌ین كه‌ زمان و داب و نه‌ریت و فه‌رهه‌نگ و مێژووى شكست و سه‌ركه‌وتنیان هه‌یه‌. 
مه‌سعود بارزانى ناخى هه‌موو كورده‌كانى ناوچه‌كه‌ى هه‌ژاند كاتێك داواى ئه‌نجامدانى راپرسى كرد بۆ سه‌ربه‌خۆیى كوردانى عێراق. سه‌دان ساڵه‌ كورده‌كان به‌هۆى ئاره‌زووكردنى سه‌ربه‌خۆییه‌وه‌ به‌ شاخه‌كانه‌وه‌ن، بۆیه‌ ئه‌وه‌ مافه‌، با ده‌ست له‌وه‌ش هه‌ڵبگرین به‌ هه‌موو شتێك تۆمه‌تباریان بكه‌ین له‌كاتێكدا ئه‌وان خاوه‌ن مافن. هه‌موو جۆره‌ كوشتارێكیان ده‌رهه‌ق كرا، هه‌موو شتێكیان له‌ده‌ستدا به‌ڵام ده‌ستیان له‌ خه‌ونه‌كه‌ى خۆیان به‌رنه‌دا.   
بارزانى به‌ توركه‌كانى وت: فه‌رموو له‌ناومان به‌رن، ئه‌وانه‌ى پێشتر هه‌وڵیاندا، رۆشتن و كوردستان هه‌ر مایه‌وه‌. 
وه‌رگێڕانى: ابراهیم احمد حسین 

زۆرترین خوێندراوە


political studies copyright 2017 © . All right reserved Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure