دیاریكردنی بازنه‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان؛ له‌نێوان یه‌كبازنه‌یی و فره‌بازنه‌ییدا

15/11/2017

:: بێ نوسەر ناوه‌ندی كوردستان بۆ توێژینه‌وه‌ له‌ ململانێ و قه‌یرانه‌كان
نوسینی، د.ئیسماعیل نه‌جمه‌دین زه‌نگنه‌، مامۆستا له‌زانكۆ و توێژه‌ر
 
1: ده‌ستپێك
خاڵێكی گرنگ وسه‌ره‌كی هه‌ر یاساییه‌كی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی له‌وڵاته‌ جیاجیاكانی دونیا بریتیه‌ له‌ دیاریكردنی بازنه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ چ پێكهاتبێ له‌ یه‌ك بازنه‌ یان چه‌ند بازنه‌یه‌ك ، ئه‌وه‌ش به‌گوێره‌ی دید و تێڕوانینی یاسادانه‌رانی هه‌ر وڵاتێك .
به‌رده‌وام ئه‌م دیاریكردنه‌ گفتوگۆ و خستنه‌ڕوی بۆچونی جیاواز له‌خۆ هه‌ڵده‌گرێ له‌نێوان لایه‌نه‌ سیاسیه‌ ڕكابه‌ره‌كانی پرۆسه‌كانی هه‌ڵبژاردندا به‌جۆرێك پرسی دادپه‌روه‌ری و نادادپه‌روه‌ری دابه‌شكاری بازنه‌كانی هه‌ڵبژاردن ده‌بێته‌ بابه‌تێكی به‌پیت بۆ لایه‌نه‌سیاسیه‌ ڕكابه‌ره‌كان بۆ داخوازی وپێشكه‌شكردنی ته‌رح و پرۆژه‌ له‌پێناو هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ په‌یوه‌ست به‌و بواره‌ .
خودی بازنه‌ی هه‌ڵبژاردن پێناسه‌ده‌كرێ به‌وه‌ی " یه‌كه‌یه‌كی هه‌ڵبژاردنی سه‌ربه‌خۆیه‌ ،ده‌نگده‌ره‌كانی ئه‌وانه‌ی كه‌ناویان تۆماركراوه‌ تێیدا نوێنه‌رێك یان زیاتر بۆ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رایه‌تی هه‌ڵده‌بژێرن ". 
ڕێسا یاساییه‌كانی په‌یوه‌ندار به‌هه‌ڵبژاردنی ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی كوردستانیش به‌هه‌مان جۆر ڕێكخستنێكی یاسایی له‌به‌رچاو گرتوه‌ سه‌باره‌ت به‌دیاریكردنی بازنه‌ی هه‌ڵبژاردن، و به‌دیاریكراوی سیستێمی یه‌كبازنه‌یی په‌یڕه‌و كراوه‌ له‌و چوار خوله‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانیشدا جێبه‌جێكراوه‌ ، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدا ڕای زاڵ له‌لای زۆربه‌ی زانایان و شاره‌زایانی بواری یاسای ده‌ستوری و هه‌ڵبژاردن پشتیوانی له‌فره‌بازنه‌یی ده‌كات نه‌وه‌ك یه‌كبازنه‌یی. ده‌سه‌ڵاتی دیاریكردنی بازنه‌كانی هه‌ڵبژاردن یه‌كچو نیه‌ له‌ته‌واوی وڵاتاندا ، به‌ڵكو ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ له‌چه‌ند وڵاتێك به‌ده‌ستور ڕێكخراوه‌و دیاریكراوه‌ ، و له‌وڵاتی تر له‌ده‌سه‌ڵاتی دامه‌زراوه‌ی یاسادانانه‌ ، و له‌وڵاتێكی تر له‌ده‌سه‌ڵاتی دامه‌زراوه‌ی جێبه‌جێكردنه‌ ..تد. 
له‌وه‌ی پێشه‌وه‌ هه‌وڵئه‌ده‌ین له‌م بابه‌ته‌یه‌مان ناسینێك بخه‌ینه‌ڕو بۆ یه‌كبازنه‌یی و فره‌بازنه‌یی له‌هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی و هه‌ڵسه‌نگاندنی هه‌ریه‌كه‌یان ، ودواتر گه‌شتن به‌ده‌رنجامی گونجاویی یان نه‌گونجاویی یه‌كبازنه‌یی بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان. به‌تایبه‌ت له‌ئێستادا قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه‌ یاسای هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان هه‌موار بكرێته‌وه‌ . 

2 : دیاریكردنی یه‌كبازنه‌یی له‌هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان وهه‌ڵسه‌نگاندنی
2-1: یه‌كبازنه‌یی هه‌ڵبژاردن :
یه‌كبازنه‌یی به‌و مانایه‌ دێت كه‌ته‌واوی هه‌رێمی وڵاته‌كه‌ ده‌كرێته‌ یه‌كبازنه‌ی هه‌ڵبژاردن وله‌و بازنه‌یه‌شدا ته‌واوی كورسیه‌كانی په‌رله‌مان دابه‌شده‌كرێت، وئه‌م جۆره‌ ڕێكخستنه‌ی بازنه‌ی هه‌ڵبژاردن له‌جیهاندا زۆر به‌ده‌گمه‌ن په‌یڕه‌و ده‌كرێ ، تاڕاده‌ی ئه‌وه‌ی به‌ به‌ده‌گمه‌ن داده‌نرێت له‌ سه‌ر ڕێسای گشتی كه‌ بریتیه‌ له‌فره‌یی بازنه‌كانی هه‌ڵبژاردن .
بۆ یه‌كه‌مجار ئه‌م سیستێمه‌ له‌ئیتاڵیا په‌یڕه‌و كرا له‌سه‌رده‌می حكومه‌تی فاشیه‌كان به‌پێی یاسای ژماره‌ 17 ی ساڵی 1928 ، وله‌بورتوگالیش پشتی پێبه‌سترا به‌گوێره‌ی ده‌ستوری ساڵی 1933 .. به‌ڵام له‌ئێستادا ئه‌م شێوازه‌ له‌لایه‌ن وڵاتانه‌وه‌ جێهێڵراوه‌ كاری پێناكرێت ته‌نها له‌چه‌ند وڵاتێكی وه‌ك هۆڵاند و مۆناكۆ و ئیسرائیل و هه‌رێمی كوردستان.. نه‌بێ.
 كه‌وابێ پرسیارگه‌لێك گرنگه‌ بخرێنه‌ڕو بۆچی زۆرینه‌ی وڵاتان شێوازی یه‌كبازنه‌یی هه‌ڵبژاردن په‌یڕه‌و ناكه‌ن؟ وئه‌و وڵاته‌نه‌ش كه‌په‌یڕه‌وه‌یان كردوه‌ دواتر ده‌ستبه‌رداری بون و ڕویان له‌ فره‌ بازنه‌یی كردوه‌؟ وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه‌ له‌بڕگه‌ی دوه‌می ئه‌م به‌شه‌ی بابه‌ته‌كه‌مان ده‌ده‌ینه‌وه‌ :

2-2: هه‌ڵسه‌نگاندنی یه‌كبازنه‌یی هه‌ڵبژاردن:
ڕه‌نگبێ یه‌كبازنه‌یی هه‌ڵبژاردن دیارترین خاڵی باشه‌ی بریتی بێ له‌وه‌ی كێشه‌ی نادادپه‌روه‌ری له‌دابه‌شكردنی بازنه‌كانی هه‌ڵبژاردن تێیدا ڕونادات، چونكه‌ بۆ خۆی یه‌كبازنه‌یه‌ و دابه‌شكاری هه‌ڵناگرێ، وده‌نگی سه‌رجه‌م ده‌نگده‌ران له‌وڵاتدا به‌كارده‌برێ بۆ دابه‌شكردنی ته‌واوی كورسیه‌كانی په‌رله‌مان، بۆ نمونه‌ ژماره‌ی كورسیه‌ گشتیه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان كه‌ 100 كورسیه‌ هه‌موی له‌یه‌كبازنه‌ وله‌سه‌ر ئاستی نیشتمانی به‌گوێره‌ی سیستێمی نوێنه‌رایه‌تی ڕێژه‌یی و كۆڵكه‌ی هه‌ڵبژاردن به‌سه‌ر لیسته‌ ڕكابه‌روبراوه‌كاندا دابه‌شده‌كرێن.
كه‌وابێ سیستێمی یه‌كبازنه‌یی داد دروستده‌كات له‌ئاستی ده‌نگده‌ران، به‌و واتایه‌ی ده‌نگی ته‌واوی ده‌نگده‌ره‌كان وه‌رده‌گێڕدرێ بۆ ته‌واوی كورسیه‌ گشتیه‌كان، واته‌ ده‌نگی ده‌نگده‌ران و كورسیه‌كانی په‌رله‌مان دابه‌شناكرێن بۆ چه‌ند بازنه‌یه‌كی هه‌ڵبژاردن. هه‌روه‌ك ده‌نگده‌ر زیاتر ده‌نگ به‌لیستی حیزبی ده‌دات هیچ كات چاوه‌ڕوانناكرێت سیستێمی یه‌كبازنه‌یی و سیستێمی هه‌ڵبژاردنی تاكه‌كه‌سی پێكه‌وه‌ كۆبكرێنه‌وه‌ بۆ پڕكردنه‌وه‌ی كورسیه‌كانی په‌رله‌مان ، چونكه‌ ئه‌مه‌ی دوه‌میان پێویستی به‌دیاریكردنی ژماره‌یه‌كی زۆری بازنه‌ی هه‌ڵبژاردن ده‌بێ به‌جۆرێك له‌هه‌ر بازنه‌یه‌ك یه‌ك نوێنه‌ر یان زیاتر هه‌لببژێردرێت.
به‌ڵام ئه‌كرێ ئه‌و دو سیستێمه‌ كۆبكرێنه‌وه‌ گه‌ر هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی وڵات ئه‌نجامبدرێ ، چونكه‌ ئه‌و كات هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ بۆ پڕكردنه‌وه‌ی یه‌ك كورسی ده‌بێ ، واته‌ ده‌كرێ له‌و جۆره‌ی هه‌ڵبژاردن هه‌ردو سیستێمی یه‌كبازنه‌یی هه‌ڵبژاردن و هه‌ڵبژاردنی تاكه‌كه‌سی كۆبكرێنه‌وه‌ . نمونه‌ی ئه‌وه‌ش هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانه‌ به‌پێی یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم ژماره‌ 1 ی ساڵی 2005 .
هه‌روه‌ك شێوازی یه‌كبازنه‌یی زیاتر له‌ بیرۆكه‌ی سه‌روه‌رێتی گه‌له‌وه‌ نزیكه‌ وه‌ك له‌ فره‌بازنه‌یی به‌و پێیه‌ی سه‌روه‌رێتی گه‌ل قابیلی دابه‌شكردن نیه‌ وهاوڵاتیه‌ك له‌دورترین پێگه‌ی وڵات ئه‌توانێ ده‌نگبدات به‌ته‌واوی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان، به‌جۆرێك هه‌ڵبژێردراون ده‌بنه‌ نمونه‌یه‌كی بچوك له‌ ئیراده‌ وخواستی گشتی هاوڵاتیان.
 له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا دیارترین خاڵێك كه‌ جێگه‌ی ڕه‌خنه‌ بێت له‌سیستێمی یه‌كبازنه‌یی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ بۆشایی نێوان ده‌نگده‌ر و نوێنه‌ر فراوانده‌كات وسیفه‌تی نوێنه‌رایه‌تیكردن تێیدا له‌نزمترین ئاستیدا ده‌بێ، چونكه‌ ده‌نگده‌ر زیاتر ده‌نگ به‌لیستێكی حیزبی ده‌دات وه‌ك له‌وه‌ی ده‌نگ به‌ كه‌سێكی دیاریكراو بدات، ودیاریكردنی كاندیداكان به‌ڕه‌هایی ده‌ستی حیزبی تێدا باڵاتر ده‌بێ وه‌ك له‌خواست و ئاره‌زوی ده‌نگده‌ران.له‌وه‌ش زیاتر نوێنه‌رایه‌تیكردنی ناوچه‌ جیاجیاكانیش له‌لایه‌ن حیزبه‌ و به‌ئیراده‌ی سه‌ركردایه‌تی حیزبه‌كان ده‌ستنیشانده‌كرێن.
به‌رده‌وام خودی ده‌نگده‌ر ئاسۆیه‌كی ناڕونی ده‌بێ سه‌باره‌ت به‌و كاندیدانه‌ی حیزب دیاریكردون و له‌لیستێكدا جێیكردونه‌ته‌وه‌، چونكه‌ ئه‌كرێ زۆرجار ئه‌و كاندیدانه‌ سه‌ڕه‌ڕای توانایی ولێهاتویان وه‌كو پێویست ناسراو نه‌بن بۆ ده‌نگده‌ران، به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ به‌شێك له‌كاندیداكان ئه‌كرێ ناسراوبن به‌هۆی زۆر ده‌ركه‌وتنیانه‌وه‌ له‌ناوه‌نده‌ كانی ڕاگه‌یاندن به‌ڵام بۆخۆیان خاوه‌نی ئه‌زمونێكی پێویستیش نه‌بن كه‌ بۆ نوێنه‌رایه‌تیكردن گونجاوتر بن له‌ڕكابه‌ره‌كانیان.. كه‌چی سیستێمی یه‌كبازنه‌یی زیاتر هه‌لی كه‌سی ده‌ركه‌وتو له‌ڕاگه‌یاندنه‌وه‌ زیاتر ده‌كات وه‌ك له‌كه‌سی دیار وشیاو وپسپۆر له‌بواره‌كه‌ی خۆیدا.

3: دیاریكردنی فره‌بازنه‌یی له‌هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان وهه‌ڵسه‌نگاندنی : 
3-1: ناساندنی فره‌بازنه‌یی هه‌ڵبژاردن: 
فره‌ بازنه‌یی هه‌ڵبژاردن به‌و واتایه‌ دێت كه‌هه‌رێمی وڵاته‌كه‌ دابه‌شده‌كرێ بۆ چه‌ند بازنه‌یه‌كی هه‌ڵبژاردن و له‌هه‌ر بازنه‌یه‌كدا نوێنه‌رێك یان چه‌ند نوێنه‌رێك هه‌ڵده‌بژێردرێت، ئه‌وه‌ش به‌گوێره‌ی ئه‌و سیستێمانه‌ی هه‌ڵبژاردن كه‌په‌یڕه‌و ده‌كرێن له‌وڵاتدا .
بۆیه‌ ژماره‌ی بازنه‌كانی هه‌ڵبژاردن نه‌ له‌ڕوی ژماره‌ و نه‌له‌ڕوی ڕوبه‌ر ونه‌ له‌ڕوی ژماره‌ی دانیشتوانه‌وه‌ جێگیر نیه‌ ، به‌ڵكو پێ به‌پێ له‌گه‌ڵ زۆر بون و گۆڕانكاری زیاد وكه‌می دانیشتوان ئه‌وانیش ده‌گۆرێن ، چونكه‌ گوێنه‌دان به‌و گۆڕانكاریانه‌ی له‌پێگه‌ و ژماره‌ی دانیشتوان ڕوده‌ده‌ن وهێشتنه‌وه‌ی بازنه‌كانی هه‌ڵبژاردن وه‌كو خۆیان ئه‌و كات جۆرێك له‌نادادپه‌روه‌ری و نایه‌كسانی له‌مافی هه‌ڵبژاردنی هاوڵاتیان دروست ده‌كات.له‌وه‌شه‌وه‌ به‌گونجاو ده‌زانرێ له‌گه‌ڵ هه‌ر سه‌رژمێریكردنێكی دانیشتواندا دوباره‌ پێداچونه‌وه‌ به‌ ژماره‌ و روبه‌ری بازنه‌كانی هه‌ڵبژاردندا بكرێت یان له‌كاتی ڕودانی هه‌ر جوڵه‌یه‌كی به‌رفراوانی دانیشتوان.

3-2: ده‌سه‌ڵاتی دیاریكردن و دابه‌شكردنی بازنه‌كانی هه‌ڵبژاردن وهه‌ڵسه‌نگاندنی :
یه‌كێك له‌ڕوخساره‌ دیاره‌كانی فره‌ بازنه‌ی هه‌ڵبژاردن چۆنێتی دابه‌شكردنی بازنه‌كانی هه‌ڵبژاردنه‌ به‌سه‌ر هه‌رێمه‌ جوگرافیاییه‌كه‌ی وڵاتدا، دواتر ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی ئه‌و كاره‌ ئه‌نجامئه‌دات ئاخۆ ده‌سه‌ڵاتی دامه‌زراندنه‌ و له‌چوارچێوه‌ی مادده‌كانی ده‌ستور ڕێكده‌خرێ،یان جێهده‌هێڵرێ بۆ ده‌سه‌ڵاته‌كانی یاسادانان وجێبه‌جێكردن بۆ دیاریكردن و دابه‌شكردنیان ؟ .
هه‌ر له‌و پرسیاره‌وه‌ بۆمان ده‌رده‌كه‌وێ ده‌سه‌ڵاتی ڕێكخستنی بازنه‌كانی هه‌ڵبژاردن له‌وڵاتێكه‌وه‌ بۆ وڵاتێكی ده‌گۆڕێت.بۆنمونه‌ له‌ماده‌ی 48 ی ده‌ستوری وڵاتی یه‌مه‌ندا هاتوه‌ ( ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران پێكدێت له‌ سێسه‌د ویه‌ك ئه‌ندام وهه‌ڵده‌بژێردرێن به‌ڕێگه‌ی هه‌ڵبژاردنێكی نهێنی ڕاسته‌وخۆ ویه‌كسان، و كۆماره‌كه‌ دابه‌شده‌كرێ بۆ سێسه‌دویه‌ك بازنه‌ی هه‌ڵبژاردنی یه‌كسان له‌ڕوی ژماره‌ی دانیشتوانه‌وه‌...) له‌و مادده‌یه‌وه‌ ده‌رده‌كه‌وێ وڵاتی به‌ده‌قێكی ده‌ستوری ژماره‌ی بازنه‌كانی هه‌ڵبژاردنی دیاریكردوه‌ وده‌سه‌ڵاتی سه‌رپه‌رشتیكاری هه‌ڵبژاردنه‌كانی ڕاسپاردوه‌ بۆ جێبه‌جێكردنی به‌مه‌رجی دروستكردنی یه‌كسانی ودادپه‌روه‌ری له‌نێوان بازنه‌كاندا.
هه‌ندێ له‌ده‌ستوری وڵاتان ژماره‌ی بازنه‌كانی هه‌ڵبژاردن به‌شێوه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆ دیاری ناكات، به‌ڵكو هه‌ر كورسیه‌كی په‌رله‌مانی ده‌به‌ستێته‌وه‌ به‌ ژماره‌یه‌كی دیاریكراو له‌دانیشتوان ،بۆ نمونه‌ ده‌ستوری ساڵی 2005 عێراق ژماره‌ی كورسیه‌كانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی ڕاسته‌وخۆ دیاری نه‌كردوه‌ به‌ڵكو بۆ هه‌ر كورسیه‌ك 100000 هه‌زاری دانیشتوانی كردۆته‌ مه‌رج ، به‌بێ ئه‌وه‌ی پێمان بڵێ ئه‌و ژماره‌یه‌ له‌چه‌ند بازنه‌وه‌ هه‌ڵده‌بژێردرێن. ده‌ستوره‌كه‌ ئه‌و بابه‌ته‌ی جێهێشتوه‌ بۆ یاسایه‌ك له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانه‌وه‌ ده‌ربكرێ.
بۆیه‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران له‌ دوا یاسای هه‌ڵبژاردن كه‌ په‌سه‌ندی كرد به‌ژماره‌ 45ی ساڵی 2013 ژماره‌ی بازنه‌كانی دیاریكردوه‌ به‌گوێره‌ی ژماره‌ی پارێزگاكانی عێراق به‌پێی سنوری كارگێڕی هه‌ر پارێزگایه‌ك، واته‌ دابه‌شكراوه‌ بۆ 18 بازنه‌ی هه‌ڵبژاردن كه‌به‌گوێره‌ی ژماره‌ی دانیشتوانی هه‌ر پارێزگایه‌ك كورسی بۆ ته‌رخان كراوه‌.
له‌وڵاتی ئینگلستان ئه‌م ئه‌ركه‌ سپێردراوه‌ته‌ چه‌ند لیژنه‌یه‌كی هه‌میشه‌یی ناوده‌برێن به‌ لیژنه‌كانی سنور ئه‌وه‌ش به‌گوێره‌ی یاسای ئه‌نجومه‌نی گشتی ئه‌و وڵاته‌ ،هه‌ریه‌ك له‌و لیژنانه‌ ده‌بێ هه‌ر ده‌ بۆ پازده‌ ساڵ جارێك ڕاپۆرتێك پێشكه‌ش بكات و تێبینی و پێشنیازه‌كانی تێدا بخاته‌ڕو سه‌باره‌ت به‌یه‌كێك یا گشت بازنه‌كانی هه‌ڵبژاردن وئه‌و پێشنیازانه‌ پێشكه‌ش وه‌زیری ناوخۆ ده‌كرێن ئه‌ویش لای خۆیه‌وه‌ ده‌یخاته‌ به‌ر ده‌ست په‌رله‌مان بۆ په‌سه‌ندكردن یان نه‌كردنی ، له‌باری په‌سه‌ندكردیدا ده‌خرێته‌ڕو بۆ شاژن بۆ ده‌ركردنی ئیراده‌ی مه‌له‌كی.
هه‌رچی وڵاتی فه‌ره‌نسایه‌ ئه‌وا ڕۆڵی یاسادانه‌ری فه‌ره‌نسی كاریگه‌ره‌ سه‌باره‌ت به‌دابه‌شكردنی بازنه‌كانی هه‌ڵبژاردن،و به‌دابه‌شكاری كارگێڕی بردوه‌ له‌ڕێگه‌ی دانانی بازنه‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای شاره‌كان وكانتۆنه‌كان، وڕێژه‌ی دانیشتوانی پێویست بۆ هه‌ر كورسیه‌كی هه‌ڵبژاردن به‌تێپه‌ڕبونی كات و گۆڕانكاری له‌یاساكان گۆڕدران ..تا ده‌رچواندنی یاسای ژماره‌ 11197-86 له‌ 24 نۆڤێمبه‌ری 1986 كه‌له‌ماده‌ی 125 یدا ژماره‌ی بازنه‌كانی هه‌ڵبژاردنی به‌  (577)بازنه‌ دیاریكرد. گرنگه‌ ئاماژه‌ بكه‌ین به‌وه‌ی پێدانی ئه‌م تایبه‌تمه‌ندیه‌ به‌ ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان به‌پشتبه‌ستن به‌ده‌ستور سه‌ره‌ڕای گرنگی وبونی لایه‌نی بابه‌تی تێیدا به‌و پیودانگه‌ی په‌رله‌مان هێز ولایه‌نه‌ سیاسیه‌كان به‌حوكم به‌ده‌ست و ئۆپۆزسیۆنیشی تێدایه‌ ،كه‌چی له‌لایه‌ن یاساناسانه‌وه‌ ڕه‌خنه‌ی لێگیرا به‌و پێیه‌ی یاساكان به‌یاسای هه‌ڵبژاردنیشه‌وه‌ له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردنه‌وه‌ وه‌ك پرۆژه‌ ده‌درێنه‌ په‌رله‌مان ودواتر خودی په‌رله‌مانیش هه‌ژمونی پارتی یا پارته‌كانی خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردنی تێدا به‌رجه‌سته‌ ئه‌بێ ،بۆیه‌ ئه‌كرێ ئه‌و پرۆژانه‌ مه‌به‌ست لێی دروستكردنی هاوسه‌نگی نه‌بێ به‌قه‌د ئه‌وه‌ی ئامانجه‌كه‌ی پێكانی به‌رژه‌وه‌ندی پارتایه‌تی بێ ،له‌وه‌شه‌وه‌ ئاراسته‌كردنی ڕێساكانی هه‌ڵبژاردن بێ به‌قازانجی پارت یا پارته‌كانی فه‌رمانڕه‌وا. له‌گه‌ڵ ئه‌و مه‌ترسیه‌شدا ئه‌نجومه‌نی ده‌ستوری فه‌ره‌نسا هه‌مو شێوازی تانه‌گرتنێك ده‌بینێ سه‌باره‌ت چۆنێتی دابه‌شكردنی بازنه‌كانی هه‌ڵبژاردن كه‌ پێشكه‌شی ده‌كرێ، له‌و پێناوه‌شدا دو پرنسیپی سه‌ره‌كی داڕشتوه‌ وه‌ك پابه‌ندیه‌ك بۆ یاسادانه‌ر ئه‌وانیش ،  یه‌كه‌میان : پشتبه‌ستن به‌ئاماری دانیشتوان ، ودوه‌م : چاوپێداخشاندنه‌وه‌ی به‌رده‌وام به‌دابه‌شكردنی بازنه‌كانی هه‌ڵبژاردندا به‌پێی گۆڕنكاری وجوڵه‌ی دانیشتوان . 
به‌هه‌مان شێوه‌ له‌عێراقیشدا دابه‌شكردنی بازنه‌كانی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران وه‌ك تایبه‌تمه‌ندیه‌كی ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان ده‌رده‌كه‌وێ به‌بێ ئه‌وه‌ی ده‌ستوری ساڵی 2005 هیچ ئاماژه‌یه‌كی بۆ كردبێ ، ئه‌وه‌تا یاسای هه‌ڵبژادرنه‌كانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ژماره‌ (45) له‌ساڵی 2013 له‌ماده‌ی (11)بڕگه‌ی (یه‌كه‌م)دا عێراقی دابه‌شكردوه‌ به‌گوێره‌ی دابه‌شكاری كارگێڕی وله‌سه‌ر بنه‌مای پارێزگاكان ، كه‌ ئه‌كرێ ئه‌م ماده‌یه‌ وا خوێندنه‌وه‌ی بۆ بكرێت كه‌ ژماره‌ی بازنه‌كان له‌هه‌ڵبژاردنێك بۆ هه‌ڵبژاردنێكی تر ئه‌كرێ بگۆڕێ به‌ده‌ستوه‌ردان له‌ڕێگه‌ی یاسادانه‌ره‌وه‌ ، به‌ڵكو به‌ڕه‌چاوكردنی ژماره‌ی پارێزگاكان كه‌ ئێستا 18 پارێزگایه‌ ، له‌كاتی زیادكردن و كه‌مكردنه‌وه‌ی ژماره‌ی پارێزگاكان له‌عێراقدا ئه‌وا ژماره‌ی بازنه‌كانیش گۆڕانكاریان تێدا ئه‌كرێت.
هه‌رچی په‌یوه‌سته‌ به‌ هه‌ڵسه‌نگاندنی شێوازی فره‌ بازنه‌یی هه‌ڵبژاردن ئه‌وا هه‌مو ئه‌و ڕه‌خنانه‌ی له‌شێوازی یه‌كبازنه‌یی گیران ، له‌م جۆره‌ی دیاریكردنی بازنه‌كانی هه‌ڵبژاردندا ده‌ڕه‌وێنه‌وه‌ ، وئه‌وه‌ش ڕاسته‌ كه‌ خاڵه‌ باشه‌كانی یه‌كبازنه‌یی وه‌ك له‌پێشدا باسكران له‌فره‌بازنه‌یدا تاڕاده‌یه‌كی زۆر ده‌بنه‌ خاڵی نه‌رێ بۆی . به‌تایبه‌ت لێره‌دا ده‌نگده‌ر ده‌نگ ده‌دات به‌ته‌نها به‌نوێنه‌رێك یان به‌ ژماره‌یه‌كی دیاریكراوی نوێنه‌ران نه‌وه‌ك هه‌مو نوێنه‌ره‌كان .
 سه‌ربارى ئه‌وه‌ش شێوازی فره‌ بازنه‌یی هه‌ڵبژاردن ڕێكخستنێكی یاسایی ئاڵۆزتری پێویسته‌ به‌به‌راورد به‌ یه‌كبازنه‌یی ، چونكه‌ ئه‌مه‌ی دوه‌میان ڕێكخستنێكی سادده‌تری هه‌یه‌ وكه‌متر دیقه‌ت و ورده‌كاری ده‌وێت، له‌هه‌موشی دیارتر له‌سایه‌ی فره‌بازنه‌ییدا به‌رده‌وام دادپه‌روه‌ری له‌ دابه‌شكردنی بازنه‌كانی هه‌ڵبژاردن بابه‌تێكی باو ده‌بێ له‌هه‌ر گفتوگۆ و دانوستانێكی سیاسی و یاسایی له‌مه‌ڕ یاساكانی هه‌ڵبژاردن ، له‌كاتێكدا له‌سایه‌ی یه‌كبازنه‌ییدا ئه‌و حاڵه‌ته‌ چاوه‌ڕواننه‌كراوه‌..

4 : كۆبه‌ندی : 
 له‌وانه‌ی باسكران له‌پێشه‌وه‌ ئه‌كرێ ئه‌وه‌ بخوێنینه‌وه‌ كه‌یاسای هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان گرنگه‌ هه‌مواربكرێته‌وه‌ له‌و بابه‌ته‌ی كه‌په‌یوه‌سته‌ به‌دیاریكردنی یه‌كبازنه‌یی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ ، به‌جۆرێك بگۆڕدرێ بۆ شێوازی فره‌ بازنه‌یی هه‌ڵبژاردن چونكه‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی باسمانكرد له‌سه‌ره‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌خاڵه‌ باشه‌كانی شێوازی فره‌یی بازنه‌كان ، ئه‌وا ئه‌م سیستێمه‌ واده‌كات تاكی ده‌نگده‌ر و نوێنه‌ره‌كه‌ی نزیكبن له‌یه‌كه‌وه‌ ، وڕاوبۆچون ودید وتێڕوانینی ده‌نگده‌ره‌كان به‌هه‌ند وه‌ربگیرێت.
هه‌روه‌ك ده‌نگده‌ران له‌كاتی ده‌نگداندا به‌ته‌نها پشت به‌ پارته‌ سیاسیه‌كانیان وزانیاریه‌ ڕوكه‌شیه‌كان نابه‌ستن بۆ دیاریكردن و هه‌ڵبژاردنی كاندیدی دڵخوازی خۆیان ، به‌ڵكو ئه‌و كات ده‌نگده‌ران ئاسۆیه‌كی ڕونترو زانیاری وشاره‌زایی زیاتریان ده‌بێ سه‌باره‌ت به‌كاندیداكان وئه‌زمونی پێشوتریان له‌به‌رچاو ده‌گرن . له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ به‌ده‌گمه‌ن شار و یه‌كه‌ كارگێڕیه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بێبه‌شده‌بن له‌بونی نوێنه‌ریان له‌ په‌رله‌مانی كوردستاندا.

سه‌رچاوه‌كان:
 1- د.إكرام عبدالحكيم محمد محمد حسن، الطعون الإنتخابية في الإنتخابات التشريعية ، المكتب الجامعي الحديث، 2007.
2- بلال أمين زين الدين ، النظم الإنتخابية المعاصرة ، دار الفكر الجامعي ، 2011 .
3- عبدالرحيم ساعد ، النظام القانوني للدوائر الإنتخابية في الجزائر ، رسالة ماجستير ،جامعة قاصدي مرباح_ ورقلة_، 2014-2015 .
4-  د.سيدأبوالفضل قاضي (شريعت ثناهي) ، حقوق اساسي ونهادهاي سياسي ، نشر ميزان، 1393ه .
5- د.عصام نعمة اسماعيل ، النظم الإنتخابية ، منشورات زين الحقوقية ، ض2، 2011 .
6- دةستوري كوَماري عيَراق سالَي 2005.
7- یاسای هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ژماره‌ 45 ی ساڵی 2013 .
8- یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان ژماره‌ 1 ی ساڵی 2005 .
9- یاسای هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان ژماره‌ 1 ی ساڵی 1992 ی هه‌مواركراو .

زۆرترین خوێندراوە


political studies copyright 2017 © . All right reserved Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure