كوردستانى عێراق: ده‌وڵه‌ته‌ تینۆكه‌ى ئاینده‌

19/11/2017

:: بێ نوسەر ناوه‌ندی كوردستان بۆ توێژینه‌وه‌ له‌ململانێ و قه‌یرانه‌كان
نوسینى، Ambika Vishwanath
سه‌رچاوه‌، ستراتفۆر
وه‌رگێرانى، هاوڕێ حه‌سه‌ن حه‌مه‌

كوردستانى عێراق یه‌ك هه‌نگاوێكى زیاتر له‌ خه‌ونه‌ مێژوویه‌كه‌ى كه‌ سه‌ربه‌خۆییه‌ نزیكتر بۆته‌وه‌. له‌ هه‌نگاوێكى مێژوویدا ( ئه‌گه‌ر نه‌ڵێن به‌ته‌واوه‌تى هه‌نگاوێكى كه‌م وێنه‌بوو)، زۆرینه‌یه‌كى زۆرى ده‌نگده‌رانى هه‌رێمى كوردستان ده‌نگیان بۆ ده‌وڵه‌تى سه‌ربه‌خۆی كوردستاندا. له‌ ڕاپرسى 25ى سێپته‌مبه‌ره‌وه‌، هه‌ستى  ناسیۆنالیستى هه‌ولێرى پایته‌ختى هه‌رێمى كوردستان و ناوچه‌ بچوكه‌كانى ده‌وروبه‌رى داگیكردوه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ى كورده‌كان ئاهه‌نگى ئه‌و هه‌نگاوه‌ مێژووییه‌یان ده‌گێڕن كه‌ سه‌رده‌مانێكه‌ چاوه‌ڕوانى ده‌كه‌ن. به‌ڵام به‌بێ پیلانێكى ته‌واو تۆكمه‌، خه‌ونى هه‌رێمى كوردستان بۆ بونیاتنانى ده‌وڵه‌تێكى كاراو كاریگه‌ر ده‌شێت  قورس بێت به‌دى بێت. 
له‌چه‌ندین ڕووه‌وه‌ ئه‌و سه‌ركه‌وتنه‌ى كه‌ واده‌رده‌كه‌وت به‌ده‌ستهاتبێت ده‌رئه‌نجامى نه‌خوازراوى لێكه‌وته‌وه‌و پێچه‌وانه‌بۆیه‌وه‌، هه‌رێمى كوردستان و خه‌ڵكه‌كه‌ى دووچارى كێشه‌و گرفتى زیاتر كردوه‌ زیاتر له‌ هه‌ركاتێكى تر. جگه‌له‌ ڕووسیاو ئیسرائیل، زۆرینه‌ى هه‌ره‌زۆرى كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى له‌دژى ڕیفراندۆمه‌كه‌ وه‌ستانه‌وه‌ ئه‌مه‌ش له‌ترسی ئه‌و ناسه‌قامگیرییه‌ى كه‌ ئه‌شێت ڕیفراندۆم بیهێنێته‌كایه‌وه‌ بۆ ئه‌و ناوچه‌یه‌ى كه‌ خۆى پڕیه‌تى له‌ ئاشوب و توندوتیژى. له‌مه‌ش زیاتر، دراوسێ نزیكه‌كانى عێراق، توركیاو ئێران ترسیان له‌وه‌ هه‌بوو كه‌ هه‌ر سه‌ركه‌وتنێكى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ جیابوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ عێراقدا له‌داهاتوودا پاڵ به‌و دانیشتوانه‌ زۆره‌ى كوردى نێو وڵاته‌كانیانه‌وه‌ ده‌نێت كه‌ هه‌مان هه‌نگاو بگرنه‌به‌رو شانبه‌شانى كورده‌كانى عێراق، واته‌ ئه‌وانیش هه‌مان ڕێگاى هه‌رێمى كوردستان بگرنه‌ به‌ر.
له‌سه‌روبه‌ندى ده‌رئه‌نجامه‌ سیاسى و دیبلۆماسیه‌ نه‌خوازراوه‌كانى ڕاپرسیه‌كه‌دا، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، مه‌سعود  بارزانى وازهێنانى خۆى له‌ پۆسته‌كه‌ى ئاشكراكردو ڕایگه‌یاند كه‌وا هه‌ولێر هیچ هه‌نگاوێكى به‌په‌له‌ هه‌ڵناگرێت به‌ره‌و ڕاگه‌یاندنى سه‌ربه‌خۆیی، ته‌نانه‌ت پێشنیارى سڕكردنى جێبه‌جێكردنى ده‌رئه‌نجامه‌كانى ڕیفراندۆمیشى كرد. به‌ڵام ئه‌و هه‌نگاوانه‌ به‌س نه‌بوون بۆ هێوركردنه‌وه‌ى حكومه‌تى عێراقی، كه‌ داواى ئه‌وه‌ى له‌ حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ده‌كرد كه‌ ده‌رئه‌نجامى ڕیفراندۆمه‌كه‌ هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه‌. تاوه‌كو حكومه‌تى ناوه‌ندى و حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ڕێكنه‌كه‌ون بۆ ئه‌و پرسانه‌ى كه‌ هه‌ردوو لایان له‌سه‌رى ناكۆكن، ڕیفراندۆمه‌كه‌ شتێكى ئه‌وتۆ نابێت له‌سه‌ر ئه‌رزى واقع جگه‌له‌ ڕاوه‌رگرتنێك یان ڕاپرسیه‌ك.  
له‌نێو ئه‌و پرسه‌ گه‌رمانه‌ى كه‌ په‌یوه‌ندییان هه‌یه‌ به‌ ده‌وڵه‌تدارى كورده‌وه‌ بریتین له‌و پرسانه‌ى كه‌ تایبه‌تن به‌ سنورو، سه‌رچاوه‌ وزه‌ییه‌كان و ئاواره‌و ژیانى پێكهاته‌ عه‌ره‌به‌كان و ئاواره‌كان له‌ كوردستانى عێراق- هه‌موو ئه‌م پرسانه‌ له‌ ڕووماڵ و دیبه‌یته‌كانى ئه‌م دوواییانه‌دا سه‌رنجێكى زۆریان پێدرا. به‌ڵام، ڕه‌هه‌ندێكى گرنگى داهاتووى هه‌رێمى كوردستان كه‌وا تاوه‌كو ئێستا سه‌ره‌نج و ته‌ركیزێكى كه‌مى خراوه‌ته‌سه‌ر، ده‌گمه‌نى ئاوه‌. 

به‌به‌رهه‌م و به‌پیت به‌ڵام له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌دا 
له‌گه‌ڵ بوونى تێكڕاى ساڵانه‌ى باران بارین له‌نێوان 300 و 1000 ملی مه‌تردا، دۆڵ و ناوچه‌ به‌پیته‌كانى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان تاڕاده‌یه‌كى زۆر دووربووه‌ له‌ هه‌ڕه‌شه‌ به‌بیابانیى بوون كه‌ بووه‌ به‌ سه‌رچاوه‌ى هه‌ڕه‌شه‌ بۆ ناوچه‌كانى ترى عێراق و دراوسێكانى. به‌گوێره‌ى ئامارێكى حكومى، له‌سه‌دا 95ى دانیشتوانه‌ شارنشینه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و له‌سه‌دا 62ى دانیشتوانى ناوچه‌ گوندنشینه‌كانى هه‌رێمى كوردستان ده‌ستیان به‌ سه‌رچاوه‌ى ئاوى سه‌لامه‌ت ڕاگه‌یشتووه‌ له‌پێش سه‌رهه‌ڵدانى ده‌وڵه‌تى ئیسلامیه‌وه‌. به‌به‌راورد به‌، كه‌متر له‌ سه‌دا 75ى دانیتشوانه‌ شارنشینه‌كانى عێراق كه‌ ده‌ستیان به‌هه‌مان سه‌رچاوه‌ى ئاوى سه‌لامه‌ت ڕاگه‌یشتبوو. ( به‌هۆى چالاكیه‌ توندڕه‌وییه‌كانه‌وه‌، ئه‌م ژمارانه‌ له‌ئێستادا زۆر كه‌مترن و زۆر قورسیشه‌ به‌شێوه‌یه‌كى ڕاست و دروست بخه‌مڵێنرێن). 
هێشتا ده‌گمه‌نى بوونى هه‌یه‌، و له‌زۆرێك له‌ حاڵه‌ته‌كاندا ده‌گمه‌نیه‌كان زۆر زیاتربوون به‌هۆى فاكته‌ره‌ ژینگه‌یی و سۆسیۆ ئابورى و سیاسیه‌كانه‌وه‌. له‌ساڵى 2007ه‌وه‌، هه‌رێمى كوردستان- وه‌ك زۆرێك له‌ ناوچه‌كانى ده‌وروبه‌رى- ڕووبه‌ڕووى وشكه‌ساڵى توند بۆته‌وه‌، كه‌مبوونه‌وه‌ى به‌فرى تواوه‌و كه‌مبوونه‌وه‌ى ئاوى ژێر زه‌وى له‌ هه‌ندێك ناوچه‌دا ئه‌وه‌نده‌ به‌رزه‌ كه‌ ده‌گاته‌ 40 میلى مه‌تر. ئه‌وه‌ى كه‌ بارودۆخه‌كه‌ خراپتر ده‌كات، نه‌بوونى یاساو ڕێسایی ژینگه‌ییه‌ به‌پێی پێویست، كۆن بوونى ڕێگاوبانه‌كان و ئامڕازه‌كانى په‌یوه‌ندى، خراپی بارى ته‌ندروستى گشتى، چه‌ندین ساڵى جه‌نگى ناوخۆیی و به‌كارهێنانى ئاوه‌كه‌ له‌و وڵاتانه‌وه‌ى كه‌ لێوه‌ى دێت زیاتر دابینكردنى ئاوه‌كه‌ى كه‌مكردۆته‌وه‌. وه‌ك ئه‌وه‌ى كه‌ ئه‌مه‌ بۆ زۆربه‌ى شوێنه‌كان ڕاسته‌، به‌هه‌مان شێوه‌ خراپ ئیداره‌دان و گوێ پێنه‌دان به‌ئاو له‌وه‌ سه‌رچاوه‌ له‌و گریمانه‌ پێشوه‌خته‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت كه‌ ئاو زۆرو زه‌وه‌نده‌، كه‌  زیانى ئه‌م گریمانه‌یه‌ بۆ ئاوى به‌رده‌ست زۆر زیاتر بووه‌ له‌و زیانه‌ى كه‌ گۆڕانى كه‌شوو هه‌وا به‌ ئاوى به‌رده‌ستى گه‌یاندووه‌. چه‌ندین خه‌مڵاندن پێشبینى ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌وا تێكڕاى ئه‌و ئاوه‌ى كه‌ له‌ ڕووبارى دیجله‌و فوراته‌وه‌ دێن به‌ڕێژه‌ى له‌سه‌دا 50 بۆ له‌سه‌دا 80 له‌ساڵى 2025دا كه‌مده‌بێته‌ ، ئه‌گه‌رچى چه‌ند خه‌مڵاندنێكى ڕوون هه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌و ڕووبارانه‌ى كه‌ له‌ئێرانه‌وه‌ ده‌ڕژێنه‌ عێراق، ئه‌وانیش به‌هه‌مان شێوه‌ خه‌ملاندنى دڵخۆشكه‌رنین. 
به‌ به‌راورد به‌ به‌شه‌كانى ترى عێراق، حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان خاوه‌نى سیستمێكى حوكمڕانى به‌هێزتره‌-  خاوه‌نى ژێرخانێكى پێشكه‌وتوو تره‌و هاوڵاتیه‌كانى له‌ ستانداردێكى به‌رزترى ژیاندا ژییان ده‌گوزه‌رێنن- هه‌موو ئه‌م ده‌سكه‌وتانه‌ ده‌توانن سودى باشتر به‌ هه‌رێم بگه‌یه‌نن له‌حاڵه‌تى ڕاگه‌یاندنى سه‌ربه‌خۆیی دا. به‌ڵام كوردستانى عێراق له‌ئێستادا خاوه‌نى هه‌ندێك سیاسه‌تى دیاریكراوه‌ بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ كێشه‌كانى پشكى ئاوى نێوده‌وڵه‌تى كه‌ ئه‌گه‌رى سه‌رهه‌ڵدانیان هه‌یه‌. ئه‌مه‌ش به‌هۆى بێ پیلانى حكومه‌تى هه‌رێمه‌وه‌ نیه‌، حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان هه‌مشه‌ ئه‌وله‌ویاتى داوه‌ به‌ ئاسایشى ئاو.  له‌ ساڵى 2012دا، وه‌زاره‌تى پیلاندانى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ پڕگرامى په‌ره‌پێدانى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كاندا كارى كرد بۆ به‌رهه‌مهێنانى هه‌ڵسه‌نگاندنێك بۆ پێداویستیه‌كان كه‌وا نزیكه‌ى سێ یه‌كى وه‌به‌رهێنانى گشتى هه‌رێمى تاوه‌كو ساڵى 2020 بۆ ئاو و ته‌ندروستى و ژینگه‌ دابینكردبوو. سه‌ركرده‌كانى كورد به‌هه‌مان شێوه‌ چه‌ندین پڕۆگرامى تریان له‌به‌رچاو گرتووه‌ كه‌ دانراون بۆ چاره‌سه‌ركردنى زیاد به‌كارهێنان و پێداویستیه‌كانى هه‌لومه‌رچى ته‌ندورستى. 
به‌ڵام، زۆربه‌ى ڕێكه‌وتنه‌ ئاوییه‌كانى ئێستاى هه‌ولێر له‌گه‌ڵ به‌غدادایه‌. ئه‌گه‌ر هه‌رێم سه‌ربه‌خۆیی به‌ده‌ستبهێنێت، ده‌بێت دانوستان له‌ ڕێكه‌وتنى پشكه‌ ئاوییه‌كانى له‌گه‌ڵ ئه‌و وڵاته‌نه‌دا ئه‌نجامبدات كه‌ ئاوه‌كانیان لێوه‌ دێت. ئه‌و وڵاتانه‌ش به‌شێوه‌یه‌كى سه‌ره‌كى توركیاو ئێرانن، كه‌وا نزیكه‌ى له‌سه‌دا  60ى ئاوى هه‌رێمى كوردستانیان لێوه‌ دێت. به‌ڵام ڕێكه‌وتنى نوێ له‌گه‌ڵ ئه‌م وڵاتانه‌دا ئاسان نابێت له‌به‌رئه‌وه‌ى ئه‌نقه‌ره‌و تاران- هه‌ردوو كیان به‌ ئاشكرا نیگه‌رانى خۆیانیان ده‌ربڕیوه‌ له‌گه‌ل زاراوه‌ى كوردستانى سه‌ربه‌خۆ- وه‌ مه‌حاڵه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ولێردا بكه‌ن. توركیا پێشتریش ئه‌وه‌ى پێشاندا كه‌ هیچ ئیراده‌یه‌كى نیه‌ بۆ ئیمزاكردنى ڕێكه‌وتنامه‌ له‌گه‌ڵ عێراقدا له‌سه‌ر به‌كارهێنانى سه‌رچاوه‌كانى ڕووبارى دیجله‌. ئێران، له‌لایه‌كى تره‌وه‌، تا ئه‌و په‌ڕى ئاست دژایه‌تى خۆى ده‌ربڕى بۆ ڕیفراندۆمه‌كه‌ى كوردستان: به‌رپرسانى كورد له‌وه‌ ده‌ترسن ڕیفراندۆم ببێته‌هۆى ئه‌وه‌ى كه‌وا ئێران به‌نداوى زیاتر بكات له‌سه‌ر ڕووباره‌كه‌و، دروستكردنى هێلى گواستنه‌وه‌كان دوابخات و سنوره‌كان دابخات و وه‌ك تۆڵه‌یه‌ك له‌به‌رامبه‌ر ئه‌نجامدانى ڕیفراندۆم. 
تاوه‌كو به‌غداو هه‌رێم كێشه‌كانیان چاره‌سه‌ر نه‌كه‌ن، ڕیفراندۆم له‌سه‌ر ئه‌رزى واقع گرنگیه‌كى ئه‌وتۆى نابێت جگه‌له‌وه‌ى ڕاوه‌رگرتنێكه‌و هیچ تر. 
بونیاتنانى داهاتوویه‌كى به‌رده‌وام
ده‌گمه‌نى ئاو ده‌شێت بێته‌هۆى ته‌قینه‌وه‌ى پشێوى نه‌ژادى له‌ كوردستانى عێراق، به‌تایبه‌تى له‌ناوچه‌ى كه‌ركوكى ده‌وڵه‌مه‌ند به‌ نه‌وت. كه‌ عه‌ره‌ب و كورد و توركمانى لێده‌ژین، كه‌ركوك كۆمه‌ڵگه‌یه‌كى كشتوكاڵى به‌رفراوانى هه‌یه‌ كه‌ بۆمانه‌وه‌ى خۆیان پشت ده‌به‌ستن به‌ ئاوه‌كانى ڕووبارى زاب. له‌سه‌ر ڕووباره‌كه‌، كه‌له‌ ئێرانه‌وه‌ هه‌ڵده‌قوڵێ و ده‌ڕژێته‌وه‌ ڕووبارى دیجله‌، به‌نداوى دووكانى له‌سه‌ر دروستكراوه‌، كه‌ له‌ساڵى 1955دا دروستكراوه‌، به‌نداوى دووكان یه‌كێك له‌و سێ به‌نداوه‌ گه‌وره‌یه‌ى كه‌ له‌ كوردستانى عێراقدا هه‌یه‌و 1.3 ملیۆن مه‌ترى سێ جا ئاو له‌خۆ ده‌گرێت. گرتنه‌وه‌ى ئاوى دابین كراو یان سنورداكردنى خستنه‌ڕووى ئاو له‌پێشتردا پشێوى له‌ناوچه‌كه‌دا دروستكردوه‌، هه‌ر خستنه‌ڕوویه‌كى كه‌م له‌داهاتوودا به‌هه‌مان شێوه‌یه‌ له‌وانه‌یه‌ پشێویى دروستبكات، ئه‌و تێڕوانینه‌ى عه‌ره‌به‌ لۆكاڵیه‌كان به‌هێزبكات به‌وه‌ى كه‌وا پێیان وایه‌ دابینكردنى بڕێكى كه‌مترى ئاو به‌ڕوونى ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت كه‌ ئه‌وان ده‌بێت ئه‌و ناوچانه‌ چۆڵبكه‌ن.
 دابه‌شكردنى سه‌رچاوه‌ سنورداره‌كان له‌نێو گروپه‌ نه‌ژادییه‌ كێبڕكێكاره‌كاندا كارێكى ئاسان نیه‌، حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان پێویسته‌ به‌ورییایه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌دا بكات. به‌ ئامانجى ئه‌وه‌ى كه‌ حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان پێداویسته‌كانی خۆی  به‌ده‌ست بهێنێت له‌ پڕكردنه‌وه‌ى داواكارى كاره‌باو ئاو بۆ هه‌رێمه‌كه‌، وه‌زاره‌تى ئاوى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان پیلانى دروستكردنى 20 به‌نداوى نوێى هه‌یه‌ بۆ پشتیوانیكردنى ئه‌و 17به‌نداوه‌ى كه‌ ئێستا هه‌ن. ئه‌گه‌رچى ئه‌و هه‌نگاوه‌ ڕه‌نگه‌ چه‌ندین سودى درێژخایه‌نى هه‌بێت بۆ حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، له‌هه‌مان كاتیشدا مه‌ترسی دروستبوونى پشێوى هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدادا له‌ حاڵه‌تێكدا ئه‌گه‌ر ئه‌و به‌نداوانه‌ جوڵه‌ى ئاوى ئه‌و ڕووبارانه‌ سنورداربكه‌ن كه‌ ئاو دابین ده‌كه‌ن بۆ پارچه‌كانى ترى عێراق. وه‌ك ده‌وڵه‌تێك كه‌ هه‌ڵكه‌وته‌ جوگرافیه‌كه‌ى كه‌وتۆته‌ چوارچێوه‌ى كۆمه‌ڵێك دراوسێی به‌هێزى شه‌ڕه‌نگێزه‌وه‌، كوردستانى عێراق پێویسته‌ داستڕاگه‌یشتنى به‌ئاو وه‌ك ئامڕازێكى ئاشتیانه‌ به‌كاربهێنێت، له‌گه‌ڵ حكومه‌تى ناوه‌ندیدا كاربكات بۆ نه‌هێشتنى كێشه‌كانیان و ڕێگاچاره‌ى شیاو بدۆزێته‌وه‌ كه‌ بۆ هه‌ردوولایان به‌سود بێت. ئاو گرنگه‌ نه‌ك ته‌نها بۆ كشتوكاڵكردن و به‌كارهێنانى ڕۆژانه‌ى، به‌ڵكو پێویسته‌ بۆ پاراستنى ئابورى كوردستان. حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان هێشتا خاوه‌نى چه‌ندین خاسیه‌تى دارایی نیه‌ كه‌ بۆ وڵاتێك پێویسته‌: به‌غدا ده‌ستى گرتووه‌ به‌سه‌ر فڕۆكه‌ خانه‌كانى هه‌رێمى كوردستانداو له‌ئێستاشدا هه‌ڕه‌شه‌ دكات له‌ فرۆشتنى نه‌وتى هه‌رێم. له‌مه‌ش زیاتر، عێراق نزیكه‌ى له‌سه‌دا 17ى بودجه‌ى ساڵانه‌ى خۆى بۆ پێشكه‌وتنى هه‌رێمى كوردستان دابینكردوه‌. ئه‌گه‌ر  هه‌ولێر به‌ره‌و سه‌ربه‌خۆیی هه‌نگاو ده‌نێت، پێویسته‌ ئه‌م فاكته‌رانه‌ به‌جدى وه‌ربگرێت، له‌گه‌ڵ ئه‌و ئه‌زموونه‌ خراپه‌ى كه‌ وڵاتانى دراوسێ هه‌یانه‌ له‌ هاوكاریكردن له‌سه‌ر پرسه‌كانى ئاو.
به‌ڵام له‌وانه‌یه‌ به‌پرسانى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌م شكستانه‌وه‌ فێربن، نه‌ك به‌رده‌وامى به‌ شكسته‌كانیان بده‌ن. مێژوو ئه‌وه‌ى پێشانداوه‌ كه‌وا ئه‌گه‌رچى ئاو ئه‌شێت پرسێكى قورس بێت بۆ وڵاتان بۆ ئه‌وه‌ى ئیداره‌ى بده‌ن، تاڕاده‌یه‌كى زۆریش پرسه‌كانى وه‌كو ئاین و نه‌ژاد و نیشتیمانپه‌روه‌ریی و ناسیۆنالیزم پرسی ئاوییان شاردۆته‌وه‌ ، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئیداره‌دانى پرسى ئاو شتێكى مه‌حاڵ نیه‌. كوردستانى عێراق گه‌یشتووه‌ به‌ دوو ڕیانێكى نائاسایی، كه‌ ده‌توانێت بڕیاربدات كه‌ نه‌وه‌كانى داهاتووى بپارێزێت له‌ ده‌گمه‌نى ئاو یاخود ده‌بێت به‌ ده‌وڵه‌تێكى ترى تینوو بۆ ئاو. 

زۆرترین خوێندراوە


political studies copyright 2017 © . All right reserved Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure