چۆن ململانێى نێوان رۆزنه‌فت و بریتش پیترۆلیۆم سیماى سه‌ربه‌خۆیى كوردستانى وێرانكرد؟

22/11/2017

:: بێ نوسەر ناوه‌ندی كوردستان بۆ توێژینه‌وه‌ له‌ململانێ و قه‌یرانه‌كان
نوسینی: حسین جمو 
سه‌رچاوه‌: ئه‌لحه‌یات

هه‌رێمى كوردستان له‌ سه‌ره‌تاى ته‌قینه‌وه‌ى ململانێكه‌ى له‌گه‌ڵ حكومه‌تى ناوه‌ندى عێراق، به‌شێكى گه‌وره‌ى هێزه‌كه‌ى له‌ ته‌واوى ئاسته‌كان له‌ده‌ستدا. له‌ده‌ستدانى كه‌ركوك زامێكى گه‌وره‌یه‌ به‌ لوت به‌رزى كورده‌وه‌، كه‌ له‌سه‌ر بنه‌ماى زنجیره‌یه‌ك شۆڕش له‌سه‌ره‌تاى سه‌ده‌ى بیسته‌مه‌وه‌ بونیادنراوه‌، به‌رده‌وام كه‌ركوكیش خاڵى ناكۆكى نێوان كورد و حكومه‌ته‌ یه‌ك له‌دوا یه‌كه‌كانى عێراق بووه‌. 
هه‌ره‌سه‌ خێراكه‌ى كورد راڤه‌ى قایلكه‌رى بۆ نه‌كرا، چونكه‌ گه‌ر دووبه‌ره‌كى ناوخۆیى كوردى بووبێته‌ تێكشكانى ئه‌مجاره‌ى له‌ كه‌ركوك و پاشه‌كشه‌كردنى به‌بێ شه‌ڕ لێى، ئه‌وا به‌شى خۆرئاواى كوردستان، كه‌ به‌شێوه‌یه‌كى كرداره‌كى ده‌كه‌وێته‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتى پارتى دیموكراتى كوردستانه‌وه‌، هه‌مان پاشه‌كشه‌ى هاوشێوه‌ى به‌خۆیه‌وه‌ بینى، یه‌كه‌م به‌رگریكردنیش دژ به‌ پێشڕه‌وى هێزه‌ عێراقییه‌كان و حه‌شدى شه‌عبى، له‌پاش هه‌فته‌یه‌ك له‌ كۆنترۆڵكردنى كه‌ركوك له‌ 16ـى تشرینى یه‌كه‌م روویدا. 
وه‌ك ئاشكرایه‌ ره‌گه‌زه‌ سیاسییه‌كانى قه‌یرانه‌كه‌ ده‌رئه‌نجامى كه‌ڵه‌كه‌بوونى كێشه‌كانى ساڵانى رابردووه‌، هه‌ر له‌ خۆدزینه‌وه‌ى حكومه‌تى ناوه‌ندى له‌ جێبه‌جێكردنى مادده‌ى 140ـى تایبه‌ت به‌ ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان له‌ ده‌ستوورى ساڵى 2005ـى عێراق تاوه‌كو دروستبوونى ناكۆكى له‌نێوان به‌غدا و هه‌ولێر له‌سه‌ر پشكى نه‌وت و بودجه‌. ره‌گه‌زه‌ ناوخۆییه‌كانى قه‌یرانه‌كه‌ش خۆى له‌ په‌كخستنى په‌رله‌مان له‌ئه‌نجامى ململانێى سیاسى و كێشه‌ى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم ده‌بینێته‌وه‌. دواجاریش ئه‌و فاكته‌ره‌ ئاڵۆزه‌ ده‌مێنێته‌وه‌ كه‌ پێده‌چێت هۆكارى خێراكردنى رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌كه‌ و دانانى سیناریۆى رووداوه‌كانى پاش ئه‌نجامدانى راپرسى له‌ 25ـى ئه‌یلول بێت، كه‌ ئه‌ویش: ململانێى نێوان كۆمپانیا جیهانییه‌كانى نه‌وته‌ له‌ عێراق و كوردستان. 
ده‌ستوه‌ردانى كۆمپانیاكانى نه‌وت له‌ ریزبه‌ندیى بارودۆخى ده‌وڵه‌تانى خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست یه‌كێكه‌ له‌و دۆسیانه‌ى كه‌ سه‌ربارى باڵاده‌ستییه‌كه‌ى له‌ دروستكردنى زۆرێك له‌ رووداوه‌كان یاخود گێڕانى رۆڵى سه‌ره‌كى تیایاندا له‌پاڵ هێز و فاكته‌رى دیكه‌دا، به‌ڵام كه‌مترین باسى له‌ راگه‌یاندندا لێ ده‌كرێت. 
هه‌رێمى كوردستان، كه‌ له‌ تاڵاوى شكستێكى كتوپڕدا له‌به‌رده‌م هێزه‌ نانخۆره‌كانى ئێراندا ده‌ژى، به‌شێوه‌یه‌كى گه‌وره‌ له‌سه‌ر ئاستى جه‌ماوه‌رى و فه‌رمى تاساوه‌، به‌وپێیه‌ى پرسیارى ئه‌وه‌ ده‌كرێت ئاخۆ چۆن له‌ڕووى نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌ گڵۆپى سه‌وز بۆ هێزێك هه‌ڵده‌كرێت، كه‌ به‌نزیكترین هاوپه‌یمانى قاسم سوله‌یمانى هه‌ژمار ده‌كرێت و هه‌ندێك له‌ فه‌رمانده‌كانیشى له‌ لیستى تێرۆردان، تا له‌شكركێشى بكه‌نه‌ سه‌ر هه‌رێم، ئه‌و هه‌رێمه‌ى كه‌ هیچ سه‌ربازێكى ئه‌مریكى یاخود خۆرئاوایى تێدا نه‌كوژراوه‌؟ چۆن گه‌لى كورد له‌به‌رژه‌وه‌ندى ئاڵاى "لبیك یا حسین" كرا به‌ قوربانیى؟
شرۆڤه‌ سیاسییه‌كان به‌شێك له‌ وێنه‌كه‌ ده‌خه‌نه‌ڕوو، ره‌نگه‌ به‌شه‌ هه‌ره‌ بچووكه‌كه‌شى بێت له‌و بابه‌ته‌ ئاڵۆزانه‌ى كه‌ چوارده‌ورى قه‌یرانه‌كه‌یانداوه‌، ئه‌ویش به‌به‌راورد به‌ كاریگه‌ریى كۆمپانیا گه‌وره‌كانى نه‌وت له‌ كێشانى سیماى سیاسه‌ته‌كانى ئه‌و به‌شه‌ى جیهان. 
بۆ زانینى ورده‌كارى ئه‌و ململانێیه‌ى نێوان روسیا و به‌ریتانیاش له‌سه‌ر نه‌وتى عێراق، چه‌ندین مه‌ترسى له‌و شیكردنه‌وه‌ و راڤه‌كردنانه‌دا به‌دى ده‌كرێت كه‌ به‌شێكى گه‌وره‌ى هه‌ره‌سه‌كان ده‌به‌ستنه‌وه‌ به‌ كێبڕكێى ئابووریى بیانییه‌وه‌، ئه‌وه‌شى كه‌فوكوڵى ئه‌و به‌شه‌ شیكارییه‌ هێورده‌كاته‌وه‌، به‌سترانه‌وه‌یه‌تى به‌ ژینگه‌یه‌كى كامڵى وه‌ها كه‌ به‌رپرسیارێتى داڕمانه‌ ئه‌منییه‌كان، هه‌ر له‌سه‌رهه‌ڵدانى رێكخراوى داعشه‌وه‌، ده‌به‌ستێته‌وه‌ به‌ فاكته‌رى ئایدۆلۆجییه‌وه‌، ساده‌ترینیشیان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ جیهان ویستوویه‌تى تێرۆریسته‌كان له‌ جێگایه‌ك كۆبكاته‌وه‌ تا له‌ناویان ببات. 
گرفته‌كه‌ش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ سه‌رجه‌م راڤه‌كردنه‌كان تاڕاده‌یه‌ك راستن و ناكرێت به‌ته‌واوه‌تى ره‌تیان بكه‌ینه‌وه‌، بۆ نمونه‌ جه‌نگى نێوان رۆزنه‌فت و بریتش پیترۆلیۆم. 

حساباته‌كانى "تێله‌رسن"
ده‌ستپێكى دوایین وه‌رزى ئه‌م ململانێیه‌ى ئێستا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سه‌ره‌تاكانى ساڵى 2011، ئه‌وكاته‌ى كۆمپانیاى ئیكسۆنى ئه‌مریكى یه‌كێك له‌ پیاوه‌ هه‌ره‌ نزیكه‌كانى له‌ بڕیاربه‌ده‌ستانى عێراقه‌وه‌ دامه‌زراند، ئه‌و پیاوه‌ش "عه‌لى خوزه‌یڕى"ه‌، كه‌ ئه‌مریكییه‌كى به‌ڕه‌گه‌ز عێراقییه‌ و له‌ به‌غدا وه‌ك یاریده‌ده‌رى تایبه‌تى پێنج باڵیۆز و راوێژكارى سێ جه‌نه‌راڵى ئه‌مریكى كاریكردووه‌. له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كیشدا له‌گه‌ڵ "ئیكسۆن" بۆ شیته‌ڵكردنى ئاینده‌ى عێراق، خوزه‌یڕى بیرۆكه‌كانى مێشكى خۆى پێشنیاركردبوو،  هه‌روه‌ها له‌ چاوپێكه‌وتنێكیشدا له‌گه‌ڵ ئاژانسى رۆیته‌رز، كه‌ له‌ 04ـى كانونى یه‌كه‌مى 2014 بڵاوكرایه‌وه‌، رایگه‌یاند كه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ئاماژه‌ى داوه‌ به‌وه‌ى عێراق له‌سایه‌ى نورى مالیكیدا به‌ره‌و دیكتاتۆریه‌ت و جه‌نگى ناوخۆیى مل ده‌نێت، هاوكات ئاماژه‌ى به‌وه‌دا كه‌ "رووبه‌ڕووى توندوتیژى زۆر و ئیفلیجبوونى ته‌واوه‌تى به‌غدا ده‌بینه‌وه‌"، جگه‌ له‌وه‌ى وتى "عێراق به‌شێوه‌یه‌كى به‌رچاو له‌ ئێران نزیكده‌بێته‌وه‌، كه‌ ئه‌وه‌ش كاریگه‌ریى پێچه‌وانه‌ى له‌سه‌ر كۆمپانیا ئه‌مریكییه‌كان ده‌بێت". 
ئه‌م پێشبینییه‌ ره‌شبینانه‌یه‌ش بووه‌ جێ بایه‌خى به‌ڕێوه‌به‌رانى ئیكسۆن، كه‌ ئه‌وكات له‌ژێر ئیداره‌ى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكا "رێكس تیله‌رسن"دا بوو، پێش ئه‌وه‌ش كۆمپانیاكه‌ گرێبه‌ستێكى 25 ملیار دۆلاریى له‌گه‌ڵ به‌غدا بۆ په‌ره‌پێدانى كێڵگه‌ى "خۆرئاواى قورنه‌" واژووكردبوو، كه‌ به‌یه‌كێك له‌ گه‌وره‌ترین كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانى عێراق داده‌نرێت. 
"خوزه‌یڕى" هه‌رێمى كوردستانى وه‌ك ئه‌ڵته‌رناتیڤى پڕۆژه‌كانى ئیكسۆن له‌ عێراق پێشنیار كردبوو، ئه‌وه‌بوو كۆمپانیاكه‌ له‌ماوه‌ى دووساڵدا چالاكییه‌كانى خۆى له‌ باشوورى عێراقه‌وه‌ گواسته‌وه‌ بۆ كوردستان، به‌وپێیه‌ى ده‌بوو كۆمپانیاكانى نه‌وت به‌هۆى ناكۆكییه‌كانى نێوان مالیكى و بارزانییه‌وه‌ هه‌ڵبژاردن له‌نێوان باشوورى عێراق و كوردستاندا بكه‌ن، ئه‌و شه‌ش ئیمتیازه‌شى كۆمپانیاى ئیسكۆن له‌ كوردستان به‌ده‌ستى هێنان، دابه‌شبووبوون به‌سه‌ر ناوچه‌ جیاجیاكانى هه‌رێمدا، یه‌كێكیان نزیك توركیا و یه‌كێكى دیكه‌یان له‌نزیك سنوورى ئێران، سیان له‌ ئیمتیازه‌ پڕ له‌ ناكۆكییه‌كانیش كه‌وتبوونه‌ ناوچه‌ جێناكۆكه‌كانه‌وه‌، لاى خۆشیه‌وه‌ پارێزگارى موسڵ ئه‌سیل نوجه‌یفى ره‌زامه‌ندى له‌سه‌ر گرێبه‌سته‌كه‌ ده‌ربڕى، به‌وپێیه‌ى به‌شێك له‌ كێڵگه‌كان كه‌وتبوونه‌ نێو سنوورى ئیداریى پارێزگاكه‌وه‌. 
هه‌موو ئه‌مانه‌ش پێش كه‌وتنى موسڵ له‌ حوزه‌یرانى 2014 روویاندا، ئه‌وه‌بوو تێكشكانى سوپاى عێراق له‌ئاست رێكخراوى داعشدا رێگاى بۆ هێزه‌ كوردییه‌كان خۆشكرد به‌ره‌و ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان و رووبه‌رى دیكه‌ى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌و ناوچانه‌ پێشڕه‌وى بكه‌ن، به‌وشێوه‌یه‌ش رووبه‌رى هه‌رێمى كوردستان فراوان بوو و له‌پاش كۆنترۆڵكردنى كێڵگه‌ى نوێ – ش یه‌ده‌گى نه‌وتییه‌كه‌ى به‌شێوه‌یه‌كى به‌رچاو زیادیكرد. 
به‌م جۆره‌ش گرێبه‌سته‌كه‌ى ئیكسۆن سیماى كوردستانى كێشا، هاوكات كۆمپانیاكانى دیكه‌ى وه‌ك "شێڵ"ى هۆڵه‌ندى و "تۆتاڵ"ى فه‌ره‌نسى په‌نایان بۆ نه‌وتى شیعى له‌ باشوورى عێراق برد، به‌ڵام هه‌رزوو وه‌به‌رهێنانه‌كانى ئیكسۆن رووبه‌ڕووى هه‌ڕه‌شه‌یه‌كى گه‌وره‌ بووه‌وه‌ كاتێك رێكخراوى داعش له‌ مانگى ئابى 2014دا روویكرده‌ كوردستان، واتا پاش سێ مانگ له‌ كۆنترۆڵكردنى ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان له‌لایه‌ن پێشمه‌رگه‌وه‌، ئه‌وه‌ش گورزێكى گه‌وره‌بوو له‌ پڕۆژه‌ى سه‌ربه‌خۆیى كوردستان، به‌وردى ناشزانرێت ئاخۆ ململانێى نێوان كۆمپانیاكانى نه‌وت كاریگه‌ریى هه‌بووبێت له‌سه‌ر خوڵقاندنى هه‌ره‌سى ئه‌منى بۆ به‌ده‌ستهێنانى ده‌ستكه‌وت یاخود نا؟ ئه‌مه‌ له‌كاتێكدا كه‌ كه‌وتنى موسڵ رۆژى به‌ختى ئیكسۆن بوو، به‌وپێیه‌ى ده‌ستبه‌جێ و دوور له‌ ده‌سه‌ڵاتى به‌غدا، كه‌ به‌توندى هه‌ر چالاكییه‌كى ناشه‌رعى كۆمپانیاكانى نه‌وتى ره‌تده‌كرده‌وه‌، ده‌ستى به‌كاركردن له‌ كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانى ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان كرد. 
بۆ وه‌رگرتنى ئه‌و نه‌وته‌ نوێیه‌ش، هه‌رێمى كوردستان هێڵێكى سه‌ربه‌خۆى بۆ هه‌نارده‌كردنى به‌ڕێگاى توركیادا دامه‌زراند، له‌سه‌روبه‌ندى ئه‌و بوژاندنه‌وه‌ كورته‌شدا، كه‌ له‌نێوان 2012 – 2014دا دووساڵى تێنه‌په‌ڕاند، كۆمپانیاكانى نه‌وت روویانكرده‌ هه‌رێم و به‌رهه‌مهێنان بوو به‌ دووهێنده‌ و كێشه‌كانیش له‌گه‌ڵ به‌غدا قووڵتر بوونه‌وه‌ تا له‌گه‌ڵ پێشڕه‌ویكردنى داعش به‌ره‌و ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان له‌ مانگى ئابى 2014دا بابه‌ته‌كه‌ ئاوه‌ژوبووه‌وه‌، ئه‌وه‌بوو زۆربه‌ى كۆمپانیاكان كاره‌كانى خۆیان له‌ هه‌رێم هه‌ڵپه‌سارد و ته‌نها هه‌ندێك كۆمپانیا مانه‌وه‌، له‌نێویاندا كۆمپانیاى "ته‌ق ته‌ق" كه‌ خاوه‌نه‌كانى بریتیى بوون له‌ كۆمپانیاى "گه‌نه‌ڵ ئینێرجى"ى ئینگلیزى – توركى و ئه‌داكس پیترۆلیۆمى سه‌ربه‌ سینۆپێك – ى چینى.   
سه‌ره‌نجام ئه‌و پێگه‌ نه‌وتییانه‌ى كۆمپانیا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان تاوه‌كو سه‌ره‌تاى ساڵى 2017 له‌ هه‌رێمى كوردستان ده‌ستیان لێ هه‌ڵگرت گه‌یشته‌ نزیكه‌ى نۆزده‌ پێگه‌. ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ى له‌ كۆتایى ساڵى 2016دا كۆمپانیاى ئیكسۆن ده‌ستى له‌ سێ كیڵگه‌ى نه‌وتى له‌ كۆى شه‌ش كێڵگه‌ هه‌ڵگرت و خۆى بۆ جێهێشتنى كوردستان ئاماده‌كرد، كه‌ به‌ڕاستى به‌ده‌ست بۆشایى كۆمپانیاكانى نه‌وته‌وه‌ ده‌یناڵاند. 
له‌پاش بڕیاره‌كه‌ى تێله‌رسن له‌باره‌ى كشانه‌وه‌ له‌ كوردستان، كۆمپانیا بچووكه‌كان دووچارى دڵه‌ڕاوكێ بوونه‌وه‌ له‌ ئاینده‌ى سیاسیى هه‌رێم، به‌وپێیه‌ى مه‌سعود بارزانى ژماره‌یه‌ك رێككه‌وتنى نه‌وتیى زۆرى واژووكردبوو به‌بێ ئه‌وه‌ى ئیداره‌كه‌ى خۆى بۆ زامنكردنى ئاینده‌ى كاركردن له‌ كوردستان ساز كردبێت، به‌جۆرێك كه‌ دۆسیه‌ى نه‌وت به‌شێوه‌یه‌كى په‌رشوبڵاوى وه‌ها ئیداره‌ ده‌درا، كه‌ قسه‌كردن له‌باره‌ى فرۆشتنى سه‌رتاپاى كێڵگه‌یه‌كى نه‌وتى به‌ توركیا هیچ هاووڵاتیه‌كى كوردى سه‌رسام نه‌ده‌كرد. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌رچوونى كۆمپانیاى ئیكسۆن به‌شێوه‌یه‌كى كتوپڕ به‌ هێنانى كۆمپانیاى رۆزنه‌فتى زه‌به‌لاحى روسى بۆ بازاڕى هه‌رێم قه‌ره‌بوو كرایه‌وه‌، تا دواجار له‌ كه‌رتى نه‌وت و غازى كوردستاندا ببێته‌ باڵاده‌ست. ئه‌و میراتگرتنه‌وه‌ خێرایه‌ى ئیكسۆن مۆبیلى ئه‌مریكى - یش رێككه‌وتنه‌كانى دووچارى پشێوى كرد و دیمه‌نى سیاسیى هه‌رێمى گۆڕى. 
له‌ 28ـى شوباتى 2017دا هه‌رێمى كوردستان چه‌ند رێككه‌وتنێكى نوێى له‌ به‌رامبه‌ر وه‌رگرتنى بڕى سێ ملیار دۆلار وه‌ك قه‌رز له‌ ژماره‌یه‌ك كۆمپانیاى بازرگانى و كۆمپانیاى رۆزنه‌فت به‌گره‌نتى فرۆشتنى نه‌وت له‌ ئاینده‌دا واژووكرد، له‌ مانگى نیسانى رابردووشدا رۆزنه‌فت یه‌كه‌م باره‌ نه‌وتى له‌ هه‌رێمى كوردستان كڕى و به‌وشێوه‌یه‌ش بوو به‌ یه‌كه‌م كۆمپانیاى گه‌وره‌ كه‌ راسته‌وخۆ نه‌وتى خاوى كوردستان بكڕێت، هاتنى كۆمپانیاى حكومیى روسى – یش ده‌رگایه‌كى هیواى نوێى به‌ڕووى بارزانیدا كرده‌وه‌، به‌وپێیه‌ى هاتنى رۆزنه‌فت ده‌یتوانى هانى كۆمپانیاكانى دیكه‌ بدات له‌ دڵه‌ڕاوكێى رۆشتنى ئیكسۆن بێنه‌ده‌ره‌وه‌. 
به‌هه‌مان شێوه‌ كۆمپانیاى "گازپرۆم"ى روسى – یش هاته‌ نێو هه‌رێم و له‌ مانگى ئازارى 2016دا بوو به‌ به‌رپرسى ئیداره‌دانى كێڵگه‌ى "سه‌رقه‌ڵا" له‌ گه‌رمیان. به‌پێى داتاكانى كۆمپانیاكه‌ش بێت، كێَڵگه‌كه‌ زیاتر له‌ 19 ملیۆن به‌رمیلى له‌ ساڵى 2015دا به‌رهه‌مهێناوه‌. 
كه‌رتى نه‌وتیى گه‌رمیان ده‌كه‌وێته‌ نزیك سنوورى ئێرانه‌وه‌، كه‌ به‌هه‌مان شێوه‌ ئه‌ویش چاوى له‌ كۆنترۆڵكردنى نه‌وتى سلێمانى و كه‌ركوكه‌. 

كوده‌تاكردن به‌سه‌ر "رۆزنه‌فت"دا
پاش دوو رۆژ له‌ كۆنترۆڵكردنى كه‌ركوك له‌لایه‌ن به‌غداوه‌، سیماى نه‌خشه‌ى نه‌وت له‌ كوردستان ده‌ستى به‌ كوده‌تاكردن به‌سه‌ر "رۆزنه‌فت"دا كرد، ئه‌مجاره‌ش له‌ڕێگاى هێنانه‌ناوه‌وه‌ى یاریزانێكى به‌هێز له‌لایه‌ن عێراقه‌وه‌، كه‌ ئه‌ویش كۆمپانیاى دێرینى نه‌وتى به‌ریتانى "بریتش پیترۆلیۆم" بوو، ئه‌وه‌بوو وه‌زیرى نه‌وتى عێراقى (عه‌بدولجه‌بار ئه‌للعێبى) بانگهێشتى ئه‌و كۆمپانیا به‌ریتانیه‌ى بۆ پاڵپشتیكردنى وڵاته‌كه‌ى له‌پێناو په‌ره‌پێدانى كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانى كه‌ركوك كرد، كه‌ پێش سه‌ده‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر له‌ژێر ئیداره‌ى به‌ریتانیادا بووه‌، پێشتریش وه‌زاره‌تى نه‌وتى عێراقى له‌ ساڵى 2013دا گرێبه‌ستێكى راوێژكارى له‌گه‌ڵ ئه‌و كۆمپانیایه‌دا واژووكردبوو تا هاریكاریى كۆمپانیاى نه‌وتى باكوور بكات له‌ په‌ره‌پێدانى كێڵگه‌كانى هاڤانا و بابه‌گوڕگوڕدا، كه‌ هه‌ردووكیان ده‌كه‌ونه‌ پارێزگاى كه‌ركوكه‌وه‌، به‌ڵام به‌هۆى له‌ده‌ستدانى ئه‌و كێڵگانه‌ له‌لایه‌ن به‌غدا و كه‌وتنه‌ ده‌ستى هێزه‌ كوردییه‌كانه‌وه‌ له‌ ساڵى 2014دا، ئه‌و گرێبه‌سته‌ جێبه‌جێ نه‌كرا. 
كۆمپانیا به‌ریتانییه‌كه‌ش له‌ڕێگاى ماڵپه‌ڕه‌كه‌ى خۆیه‌وه‌ رایگه‌یاند كه‌ "هاریكاریى هونه‌ریى پێشكه‌شى كۆمپانیاى نه‌وتى باكوور كردووه‌ تا یارمه‌تى په‌ره‌پێدانى كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانى كه‌ركوك بدات"، كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانى كه‌ركوك – یش له‌ گه‌وره‌ترین و كۆنترین كێڵگه‌كانى خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستن و قه‌باره‌ى ئه‌و یه‌ده‌گه‌ نه‌وتییه‌ى كه‌ قابیلى ده‌رهێنانه‌ تیایاندا به‌ نزیكه‌ى نۆ ملیار به‌رمیل مه‌زه‌نده‌ ده‌كرێت. سه‌ربارى ئه‌وه‌شى كه‌ بریتش پیترۆلیۆم خاوه‌نى 20%ـى پشكه‌كانى رۆزنه‌فته‌، به‌ڵام كێبڕكێى نێوان ئه‌و دوو كۆمپانیایه‌ ره‌هه‌ندى سیاسى هه‌یه‌ و له‌لایه‌ن هه‌ریه‌ك له‌ له‌نده‌ن و مۆسكۆوه‌ ئیداره‌ ده‌درێت. 
پاش دوو رۆژیش له‌ چوونى "بریتش پیترۆلیۆم" بۆ كه‌ركوك، رۆزنه‌فت كۆنترۆڵى هێڵى سه‌ره‌كیى گواستنه‌وه‌ى نه‌وتى كوردستانى كرد تا سه‌ربارى جووڵه‌ سه‌ربازییه‌كانى به‌غدا، قه‌باره‌ى وه‌به‌رهێنانى نیمچه‌ سه‌ربه‌خۆى له‌ هه‌رێم بگاته‌ نزیكه‌ى 3.5 ملیار دۆلار . 
هاوكات رۆزنه‌فت، كه‌ به‌هۆى سزاكانى ئه‌مریكاوه‌ دووچارى گرفت بووه‌ته‌وه‌ له‌ وه‌رگرتنى قه‌رز له‌ خۆرئاوا، رایگه‌یاند كه‌ ده‌بێته‌ خاوه‌نى 60%ـى هێڵى گواستنه‌وه‌ى نه‌وتى كوردستان و دانى به‌وه‌دا نا كه‌ به‌ بڕى 400 ملیۆن دۆلار وه‌به‌رهێنان له‌ دۆزینه‌وه‌ى پێنج پێگه‌ى نه‌وتیى له‌ كوردستان ده‌كات. لاى خۆشیه‌وه‌ وه‌زیرى سامانه‌ سروشتییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان ئاشتى هه‌ورامى رایگه‌یاند كه‌ "داواتان لێ ده‌كه‌م كوردستانتان له‌بیر نه‌چێت"، ئه‌ویش له‌میانى كۆنگره‌ى كه‌رتى نه‌وت له‌ ڤیرۆناى ئیتاڵیا و پێش چه‌ند كاتژمێرێك له‌ واژووكردنى رێككه‌وتنى هێڵى گواستنه‌وه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رۆكى رۆزنه‌فت كۆمپانیاى "ئیگۆر سیشن"، یه‌كێك له‌ هاوپه‌یمانه‌ گه‌وره‌كانى پوتین. 
هه‌رچه‌ند رێڕه‌وى ململانێكه‌ى ئێستا ئه‌وه‌ ده‌رده‌خات كه‌ بریتش پیترۆلیۆم رێگریى له‌ ڤلادیمێر پوتین كرد ده‌ست به‌سه‌ر كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانى كه‌ركوكدا بگرێت، به‌ڵام دواجار ململانێكه‌ بوو به‌هۆى تێكشكاندنى پڕۆژه‌ى سیاسى كورد بۆ سه‌ربه‌خۆیى، ره‌نگه‌ هه‌رێم – یش باجێكى قورستر بدات له‌مه‌ڕ هێنانى روسیا بۆ كوردستان. 

نه‌وتى ئێرانى
ململانێكه‌ به‌ته‌نها له‌نێوان ئه‌و دوو كۆمپانیا به‌ریتانى و روسییه‌دا كورت نابێته‌وه‌، به‌وپێیه‌ى كێبڕكێى نێوان توركیا و ئێران له‌سه‌ر گه‌یشتن به‌ سامانه‌كانى هه‌رێمى كوردستان رۆڵیان هه‌بوو له‌ گه‌یشتن به‌ ده‌رگایه‌كى داخراو، پێده‌چێت كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ى كه‌ركوك – یش هه‌ر ئه‌و رۆژه‌ بڕیارى له‌سه‌ر درابێت كه‌ له‌ 31ـى ته‌مموزى رابردوو رێككه‌وتنێك له‌نێوان به‌غدا و تاران سه‌باره‌ت به‌ راكێشانى هێڵى گواستنه‌وه‌ى نه‌وتى كه‌ركوك بۆ ئێران واژووكرا، ئه‌و رێككه‌وتنه‌ى له‌لایه‌ن هه‌رێمى كوردستان و به‌شێوه‌یه‌كى وردتر له‌لایه‌ن پارتى دیموكراتى كوردستان و نه‌جمه‌دین كه‌ریمى پارێزگاره‌وه‌ ره‌تكرایه‌وه‌، به‌جۆرێك كه‌ هه‌رێم ره‌تیكرده‌وه‌ رێككه‌وتنه‌  ئێرانى – عێراقییه‌كه‌ كێڵگه‌كانى باى حه‌سه‌ن و هاڤانا بگرێته‌وه‌، به‌تایبه‌ت له‌كاتێكدا كه‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ به‌شداریكردنى ئێرانى له‌ به‌ده‌ستهێنانى نه‌وتى خانه‌قین و مه‌نده‌لى – یش له‌خۆگرتبوو، ئه‌و دوو ناوچه‌یه‌ى هێزه‌ عێراقییه‌كان و هاوپه‌یمانه‌كانى ئێران له‌ 16ـى تشرینى یه‌كه‌مدا كۆنترۆڵیانكرد. 
له‌دواى له‌به‌ریه‌كهه‌ڵوه‌شانى ئه‌م وێنه‌ ئاڵۆزه‌ش، ده‌كرێت له‌په‌راوێزدا پرسیارى ئه‌وه‌ بكه‌ین: ئاخۆ له‌كاتێكدا كه‌ ئێران كۆنترۆڵى نه‌وتی كه‌ركوكی كردووه‌ و بریتش پیترۆلیۆم – یش له‌ كێڵگه‌كانیدا كارده‌كات، چى وایكردووه‌ ئه‌و كۆمپانیا به‌ریتانییه‌ و ئێران پێكه‌وه‌ كۆببنه‌وه‌؟ ره‌نگه‌ رۆژانى داهاتوو وه‌ڵامى ئه‌و پرسیارانه‌ى هه‌ڵگرتبێت. 
له‌كۆتاییدا پێناچێت به‌ئاسانى له‌ وێنه‌كه‌ تێبگه‌ین گه‌ر ریزبه‌ندییه‌كى باو بۆ رووداوه‌كانى كوردستان بكه‌ین، چونكه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستاندا روسیا پشتیوانى بارزانى ده‌كات، ئێرانى هاوپه‌یمانى روسیاش دژى بارزانییه‌، ئه‌و توركیایه‌شى كه‌ بووه‌ته‌ هاوپه‌یمانى روسیا، دژ به‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى كۆمپانیا نه‌وتییه‌ روسییه‌كه‌ له‌ كوردستان كار ده‌كات، هه‌رچى بریتش پیترۆلیۆم – یشه‌، كه‌ خاوه‌نى رێژه‌یه‌ك له‌ پشكى رۆزنه‌فته‌، كار بۆ جێ پێ له‌قكردنى له‌ هه‌رێم ده‌كات، ئه‌مریكاش له‌و به‌شه‌ى عێراقدا به‌بێده‌نگى له‌پاڵ قاسم سوله‌یمانیدا وه‌ستاوه‌. 
گرێ كوێره‌ى ئه‌م دیمه‌نه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ توركیاوه‌، ئایا ئه‌و تاكه‌ ده‌وڵه‌ته‌ كه‌ ئاسایشى نه‌ته‌وه‌یى خۆى خستبێته‌ پێش به‌رژه‌وه‌ندییه‌ ئابورییه‌كه‌یه‌وه‌؟ به‌دوورى ده‌زانرێت ئه‌وه‌ هۆكاره‌كه‌ بووبێت، به‌وپێیه‌ى به‌رده‌وام بارزانى ده‌رگاى سیاسیى توركیا بووه‌ به‌رامبه‌ر به‌ كورد و به‌دیاریكراویش به‌رامبه‌ر به‌ پارتى كرێكارانى كوردستان، بۆیه‌ پێده‌چێت توركیا تاكه‌ یاریزانى دۆڕاوى ئه‌م ململانێیه‌ بێت، چونكه‌ توركیا هه‌رێمى كوردستانى له‌ده‌ستدا و هاوكات ناتوانێت عێراقى ئێرانیى – یش به‌ده‌ستبهێنێت. 
وه‌رگێڕانى: ابراهیم احمد حسین 

زۆرترین خوێندراوە


political studies copyright 2017 © . All right reserved Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure