ڕووداوەکانی خورماتوو لە سایەی یاسای تاوانی نێودەوڵەتیدا

22/11/2017

:: بێ نوسەر ناوه‌ندی كوردستان بۆ توێژینه‌وه‌ له‌ململانێ و قه‌یرانه‌كان
نوسینی، سەرکەوت جەلیل - ماستەر لە یاسای نێودەوڵەتی

سەرەتا      
 لە ڕۆژانی 16 و 17ی ئۆکتۆبەر و لە ناوچە جێناکۆکەکان، شەڕێک لە نێوان هێزەکانی سوپای عێراقی و حەشدی شەعبی و بەشێک لەهێزەکانی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستاندا دروستبوو. لەئەنجامدا خەڵکی چەند شارێک و بە ڕێژەی جیاواز، بەتایبەتییش کەرکووک و خورماتوو، بەر لێکەوتەکانی شەڕەکە کەوتن؛ هەندێک ئاوارە بوون، هەندێک بریندار بوون، هەندێک خانوویان سووتێنرا، هەندێک ئەشکەنجە دران، هەندێکیش کوژران.
لەم توێژینەوەیەدا دەمەوێت جه‌خت بکەمە سەر شاری خورماتوو، بەو پێیەی بەگوێرەی ڕاپۆرتی هەندێک لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، لە ئەنجامی شەڕەکەوە زۆرترین تاوانی تێدا ئەنجامدراوە. لە خورماتوودا و بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی لێبووردنی نێودوڵەتی (ئەمنێستی ئینتەرناشناڵ)(1)، چەندان ماڵ تاڵانکراون، چەندان خانوو سوتێنراون، لای کەم 11 کەسی مەدەنی کوژراون، دەیان هەزار کەس ئاوارە بوونە و ناتوانن بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان؛ جگە لەوانەش، هێرشی کوێرانە کراوەتە سەر خەڵکی سڤیل (بێ چەک). وەک پرەنسیپ و بەپێی ئەو بەڵگە و نیشانانەی دەستم کەوتوون، وەک ئەوەی لە میانەی ئەم توێژینەوەیەدا دەیخەمە ڕوو، تاوانی جەنگی (war crime) و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتییش (crimes against humanity) لە خورماتوودا ئەنجامدراون.

تاوانی جەنگی و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی
بۆ ئەوەی تێکەولێکە لە نێوان زاراوە یاساییەکاندا دروست نەبێت، سەرەتا دەبێ بزانین تاوانی جەنگی و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی چیین؟ و چی لە تاوانەکانی تریان جیادەکاتەوە؟
تاوانی جەنگی کۆمەڵێک تاوانن کە لە کاتی جەنگ و ڕووبەڕووبوونەوەی سەبازیدا دەقەومێن. جەنگیش، بەپێی یاسا و عورفی نێودەوڵەتی، یان نێودەوڵەتیە، واتە لەنێوان دو دەوڵەت یان زیاتردا، یانیش ناوخۆییە، کە لەنێوان دو هێز یان زیاتری ناوخۆی وڵاتێکدا دەبێت. دیارە ئەوەی لە دوای 16ی ئۆکتۆبەرەوە لە عێراق دەگوزەرێت، شەڕێکی ناوخۆییە، بەو پێیەی لایەنەکانی شەڕەکە بریتین لە سوپای عێراقی، هێزەکانی حەشدی شەعبی و هێزەکانی پێشمەرگە. هەندێک ڕای جیاواز هەن لەسەر ئەوەی، ئایا یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە جەنگ، تەنیا بۆ جەنگی نێودەوڵەتیین، یان هیی ناوخۆیییش دەگرنەوە. بەڵام وەک زۆرێک لە توێژەران جەختی لەسەر دەکەنەوە، ئەوەی دووەمیش دەگرنەوە و بەسەریدا دەچەسپێن(2).
 جۆرەکانی تاوانی جەنگی و سزاکانیان لە پەیماننامەی ڕۆمای ساڵی 1998ی تایبەت بە دادگای تاوانی نێودەوڵەتیدا، باسکراون. لەوێدا، پاش چەندان هەوڵ و کارکردنی چەندان لیژنەی پسپۆڕ، لەسەر پێناسەی تاوانی جەنگی  و تاوانەکانی تر و گرنگترین ڕەگەزەکانی ئەو تاوانانەش، ڕێککەوتن.
بۆ ئەوەی کردەوەیەک بە تاوانی جەنگی بێتە ئەژمار، دەبێ دو ڕەگەزی سەرەکی تێدا فەراهەم ببێت: یەکەم، تاوانەکە دەرهەق بە کەسانێک کرابێت، کە ڕۆڵ و بەشدارییەکی ڕاستەوخۆیان لە جەنگ و وردەکاریەکانیدا نیە و نەکردووە. دووەم، بە بیانووی جەنگەکەوە کرابێت، واتە جەنگەکە هۆکار و زەمینە، یان دەرفەتی وەها تاوانێکی ڕەخساندبێت. بە دەربڕینێکی تر، تاوانەکە بۆ تەواوکردنی مەبەست و ئامانجەکانی جەنگەکە بێت (3).
بەپێی بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتی مرۆیی، لە هەمو پێکدادانێکی سەربازیدا و لەکاتی هەر جۆرە هێرشێکدا، دەبێ ڕەچاوی کۆمەڵێک بنەما و پێوەر بکرێت، ئەگینا کارەکە بە نایاسایی و زێدەڕەویی دادەنرێت و ئەنجامدەری بەرپرسیار دەبێت. ئەو بنەمایانەش بریتیین لە: یەکەم، جیاکردنەوە. دەبێت هەمو لایەنەکان تەنیا پێگە سەربازییەکان بکەنە ئامانج؛ نابێت خەڵکی سڤیل، چ وەک گروپ و چ وەک تاکەکەسیش، بکرێنە ئامانج. هەڵبەت سەربازان و جەنگاوەرانی هەردوولا، ئامانجی سەربازیین و دەشێت هیرشیان بکرێتە سەر، بەڵام لە چەند حاڵەتێکدا کە لە خوارەوە ڕوونتری دەکەینەوە، ئەوەش تاوانە. دووەم، گونجاوی. بەپێی ئەمیان، هیچ هێرشێک نابێت زیانی زۆر بە خەڵکی سڤیل بگەیەنێت. بەپێی ئەم دوو بنەمایە، دواجار قەدەغەیە خەڵکی سڤیل زیانیان پێ بگەیەنرێت. هەڵبەت خۆدوورگرتن لە ئازاردانی خەڵکی سڤیل لەکاتی جەنگدا مەحاڵ نا، بەڵام قورسە. بۆیە دەبێت لایەنەکان ئەوپەڕی هەوڵی خۆیان بدەن تا کەمترین زیانیان بەربکەوێت، هەڵبەتە ئەویش بە نائەنقەست، ئەگینا هێرشی بەئەنقەست بێگومان قەدەغەیە.
تاوانی جەنگی لە پەیماننامەکانی ژنێڤی ساڵی 1949 و هەردوو پرۆتۆکۆلی ساڵی 1977دا، قەدەغە کراوە و جەختی لەسەر کراوەتەوە. هەڵبەت ئەم پەیماننامانە بەشێوەی سەرەکی، بەسەر جەنگی نێودەوڵەتییدا جێبەجێ دەبن. بەڵام ماددەی 3 کە لە هەر چوار پەیماننامەکەی ژنێڤدا دووبارە بووەتەوە و هاوبەشە، وا دەکات، کە بەسەر جەنگی ناوخۆییشدا جێبەجێ ببن. بەپێی ئەم پەیماننامانە (کە عێراق ئەندامە و پەسەندی کردوون)، هێرش بۆ سەر خەڵکی سڤیل قەدەغە و تاوانە. بەپێی ماددەی 3: کوشتن، ئەشکەنجەدان، مامەڵەکردنی دڵڕەقانە، بەبارمتەگرتن، سووکایەتی کردن و بەسووک سەرنجدان قەدەغە کراون. جۆرەکانی تاوانی جەنگی تەرکیز دەکەنە سەر دو گروپ: یەکەم، ئەو کەسانەی لە شەڕدا بەشدارن، بەڵام بە هەر هۆکارێک بێت، چەکیان داناوە و چیتر بەشدار نیین، وەک برینداربوون، خۆڕادەستکردن، یان دەستگیرکردن. دووەم، خەڵکی سڤیل. واتە هێرشکردنە سەر ئەم دوو گروپە، تاوانی جەنگییە (4).
جگە لەوەش، لە دەستوری ئەو دادگایانەی لە بۆنەی جیاجیادا دروستکراون و ئەنجامدەرانی تاوانبارانی سزاداوە،. بۆ نمونە، لە مادە 3ی دەستوری دادگای تاوانی نێودەوڵەتیی تایبەت بە یوگۆسلاڤیادا باسی چەند تاوانێک کراوە: یەکەم، تێکدان و ڕوخاندنی هەڕەمەکییانەی شار، شارۆچکە و گوندەکان، یان هەر تێکدانێک کە بەپێی پێویستییە سەربازییەکان نەبێت. دووەم، دەستبەسەرداگرتن، تێکدان، یان زیانگەیاندن بە هەر جێگەیەک کە تەرخانە بۆ مەبەستی پەروەردەیی، ئاینی، خێرخوازی، هونەری و زانستی، یان بۆ سەر مۆنیومێنتی مێژوویی، کاری هونەری یان زانستی. سێیەم، تاڵانکردنی هەر موڵکێکی گشتی یان تایبەت (5). دواجار تاوانبارانی جەنگی کۆسۆڤۆ، بەپێی ئەم بنەمایانە و هەریەکە بە سزای جیاواز، سزادران.
لێرەوە دەتوانین بڵێین، لە خورماتوو تاوانی هەمەجۆر ئەنجام دراون، بەڵام بەرپرسیاری یەکەم بۆ هەر کردەوە و تاوانێک، ، حکومەتی عێراقییە، بەو پێیەی لەسەر فەرمانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق هێرش کراوە، پێکدادان دروستبووە، هێزەکان جوڵاونەتەوە و لە ئەنجامیشدا، ئەو تاوانانە کراون. لەم سیاقەدا و پاش گەڕان و بەدواداچوونی ئێمە و دواندنی چەند شایەتحاڵێک، ئەوەی دەشێت وەک تاوانی جەنگی لە ڕووداوەکانی خورماتوودا بێتە ئەژمار، بریتین لە:
1.ئەشکەنجەدانی ئەو دیلانەی ماوەیەک لای هێزەکانی سوپای عێراقی و حەشدی شەعبی مابوونەوە
2.سووکایەتیکردن بە هەندێک لە هاوڵاتییانی سڤیلی شارەکە لەلایەن هێزەکانی پۆلیسی عێراقییەوە.
3.نەرمی نواندنی دەزگا ڕەسمییەکانی دەوڵەت دەرهەق بەم کردەوانە. تەنانەت باس لە بەشداریی ڕاستەوخۆی بەشێک لە بەرپرسە باڵاکان دەکرێت، وەک ئامادەیی نیازی میعمار ئۆغڵۆ، بڕیاردەری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و هێزە تایبەتەکەی لەکاتی ڕوداوەکانی خورماتوودا. ناوبراو لە شارەکەدا بینراوە و وێنەشی گیراوە.
4.سووتاندنی بارەگای کۆمەڵێک دەزگا، کە ڕاستەوخۆ بەشدارییان لە شەڕەکەدا نەکردوە و گرتنەوەی خورماتوویش، پێویستیی بە سوتاندن و تاڵانکردنی ئەو شوێنانە نەبووە. وەک تاڵانکردن و سووتاندنی بارەگای ڕادیۆی دەنگی گۆڕان، ڕادیۆی گەلی کوردستان، ڕادیۆی یەکگرتوو، تەلەڤیزیۆنی وەرزشیی کۆمەڵ.
5.تاڵانکردن و سوتاندنی سەرجەمی بارەگا حیزبییە کوردییەکانی ناو شارەکە، کە 21 بارەگا بون.
6.تاڵانکردنی نزیکەی 10 فەرمانگەی حکومی.
7.سووکایەتیکردن و شێواندنی تەرمی کوژراوێکی پێشمەرگە بە ناوی 'هارون'، کە هاوکات خانووەکەشیان سووتێنراوە.
8.جگە لەوانەش، خەڵکی سڤیل، چ لە کورد و چ لە نەتەوەکانی تریش، لە شەڕەکەوە زیانیان بەرکەوتووە. کەسێک بە ناوی (س. ڕ)، سووکایەتیی پێ کراوە و ئۆتۆمبێلەکەشی لێ سەندراوە. کەسێکی عەرەب، سەری بڕاوە. کەسێک بە ناوی (م. س)، کە هاوکات موختاری گوندی 'ئەوج تەپە'شە، لە ناحیەی ئامرلی حەبس کراوە و تا مردوە، ئەشکەنجە دراوە و بێ نان و ئاو هێڵراوەتەوە.
هەڵبەتە ئەگەر کنەی زیاتر بکرێت، دەشێت وردەکاریی زیاتریش ئاشکرا ببن. بەڵام لە ئێستادا و بە نیسبەت ئێمەوە، هەر هێندەمان بەردەست کەوتووە.
دیارە وەک پرەنسیپ و چوارچێوەی گشتی، ئەوەی بەسەر تاوانی جەنگیدا دەچەسپێت، بەسەر تاوانی دژ بە مرۆڤایەتییشدا دەچەسپێت. لە ڕاپۆرتی ساڵی 1950ی لیژنەی یاسای نێودەوڵەتیدا تاوانەکانی کوشتن، لەناوبردن، بەکۆیلەکردن، وەدەرنان یان هەر کارێکی تری سووکایەتی دەرهەق بە هەر خەڵکێکی سڤیل، دادگایی و لێپرسینەوە لەسەر بنەمای سیاسی، نەژادی، یان ئاینی بە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی لەقەڵەم دراون، بەتایبەت ئەم کردەوانە یان ئەم دادگایی کردنانە پەیوەندییان بە تاوانی شەڕەنگیزی (داگیرکردن) یان تاوانی جەنگیەوە هەبێت. لێرەدا دەستەواژەی 'هەر خەڵکێک' مانای وایە، کە کردەوەکانی تاوانباران دەرهەق بە خەڵکی خۆیشیان دەگرێتەوە. لە ڕاپۆرتی ساڵی 1996دا، لیژنەی یاسای نێودەوڵەتی، جەختی کردەوە، کە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی بە ڕەهایی پەیوەست نییە بە جەنگەوە (6). واتە دەشێت ئەم تاوانانە لە غەیری دۆخی جەنگیشدا، ئەنجام بدرێن. ئەمەش خاڵی جیاکردنەوەی تاوانی جەنگی و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتییە؛ ئەوەی یەکەمیان هەر لەکاتی جەنگدا دەشێت ڕووبدات.
 دوای ساڵانێک و چەندان هەوڵی نەبڕاوە، دادگای تاوانی نێودەوڵەتی، کە بەپێی پەیماننامەی ڕۆمای ساڵی 1998 دامەزراوە، لە 2002 دەستی بە کارەکانی کرد. چیتر تاوانی جەنگی و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی، بەبێ سەقفی یاسایی و کردەیی نامێننەوە. بەپێی پەیماننامەکە، ڕەگەزەکانی تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی دووانن: یەکەم، دەبێت تاوانەکە بەشێک بێت لە 'هێرشێکی بەرفراوان' یان 'سیستەماتیک' دژی هەر خەڵکێکی سڤیل. دووەم، تاوانبار ئاگای لەوە بێت، کە خەریکە لە وەها هێرشێکدا بەشداری دەکات.
لە پەیماننامەکەدا تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی بریتین لە: کوشتن، یان بوونە هۆکاری مردن؛ لەناوبردن، یان قڕکردن، واتە کوشتنی کەسێک یان زیاتر؛ بەکۆیلەکردن؛ بەزۆر وەدەرنان، یان بێ ماڵ و حاڵ کردن؛ حەبسکردن، یان هەر کارێکی تری زەوتکردنی ئازادی؛ ئەشکەنجەدان؛ لاقەکردن؛ سەرنوقمکردن و چەند کردەوەیەکی تریش. تاوانی جەنگییش بریتین لە: کوشتنی بەویست؛ تێکدانی خانوو و موڵک و ماڵ؛ هیرشکردنە سەر خەڵکی سڤیل؛ هیرشکردنە سەر پێگە یان ئامانجەیلی سڤیل؛ هیرشکردنە سەر شوێنی بێ بەرگری، واتە شوێنێک کە خەڵکەکەی بەرەنگاری تاوانباران نەبنەوە و خۆیان دابێت یان بدەن بەدەستەوە؛ هێرشکردنە سەر باڵەخانە پارێزراوەکان، واتە ئەوانەی کە بۆ مەبەستی ئاینی، پەروەردەیی، زانستی، هونەری یان کاری خێرخوازی بەکاردێن، یان مۆنیومێنتە مێژووییەکان و نەخۆشخانەکان؛ تێکدان یان ڕووخاندنی موڵک و ماڵی نەیاران، بەتایبەتی ئەگەر پەیوەندیی ڕاستەوخۆیان بە جەنگەکە و ئەنجامەکانییەوە نەبێت؛ شکاندنی کەرامەتی مرۆیی، تەنانەت ئەگەر دژی مردووانیش بێت (7).
بەپێی ڕاپۆرتی 24ی ئۆکتۆبەری 2017ی رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، چەند تاوانێکی دژ بە مرۆڤایەتییش لە خورماتوو ئەنجامدراون. بەپێی زانیارییەکانی نێو ڕاپۆرتەکە و بە وتەی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ یارمەتیدانی عێراق (یونامی)، نزیکەی 35000 خەڵکی سڤیل لە ئەنجامی شەڕەکەوە، شارەکەیان جێهیشتووە. ڕاپۆرتەکە هەندێک زانیاریی کەسییشی تۆمارکردووە. بۆ نموونە، 'حەمید'ی 68 ساڵە بە ڕێکخراوەکەی وتووە کە کاتێک، دوای ئاوارەبوون، گەڕاوەتەوە ماڵەکەی لە خورماتوو، بۆی دەرکەوتووە کە خانووەکەی سووتێنراوە. هەر بەپێی ڕاپۆرتەکە و بە وتەی شایەتحاڵەکان، یازدە کەسی سڤیل بەهۆی هێرشی کوێرانەوە، کوژراون. 'سەرهەنگ' بە چاوی خۆی بینیویەتی، کە کۆمەڵێک چەکدار و بە سواریی ماتۆڕ، کۆمەڵێک ماڵیان ئاگر تێبەرداوە. ئەمەش واتە دەسەڵاتدارانی ئەو کاتەی شارەکە، لەو هێرش و سەرپێچییانە ئاگادار بوون و چاویان لێ نوقاندوون (8).
ئەمانە و جگە لە چەند کەیسێکی لاقەکردن، کە بەپێی زانیارییەکانی ئێمە، یەکێکیان لە دادگای شارەکە سکاڵای ڕەسمیی تۆمار کردووە.
    
ئەنجامگیری: چی بکرێت؟
 پێش هەر شتێک، دەبێ ئەوە ڕوونبکەمەوە کە ڕووداوەکانی دوای 16ی ئۆکتۆبەری شاری خورماتوو، ناچنە چوارچێوەی جینۆسایدەوە. هەرچەندە لە هەندێک لە میدیا کوردییەکانەوە باسی ئەوە کرا، کە ئەو ڕووداوانە جینۆسایدێکی ترن دەرهەق بە خەڵکی کوردی شارەکە، بەڵام وەها قسەیەک زیاتر لێکەوتەی سۆزە و پەیوەندیی بە توێژینەوەی زانستیی یاساییەوە نییە. جینۆساید واتە قڕکردن، واتە کوشتن یان هەوڵدان بۆ کوشتنی کۆمەڵە کەسێک بەتەواوی یان بەشێک لەو کۆمەڵە کەسە، تەنیا لەسەر بنەمای نەتەوە، ئیتنیک، ئاین یان زمان. ئەوەی لێرەدا خرایە ڕوو دەیسەلمێنێت، کە لە خورماتوودا جینۆساید نەبووە (9). جگە لەوەش، عێراق تا ئێستە پەیماننامەی ڕۆمای 1998ی ئیمزا و پەسەند نەکردووە. سەرەتا و هەنگاوی یەکەم، دەبێت داوای لێ بکەین و فشاری بۆ بهێنین، کە ئەو پەیماننامەیە ئیمزا بکات تا بتوانین لە ئەنجامدەرانی وەها تاوانەیلێک بپێچینەوە. دیارە پێشتریش وەها تاوانەیلێک کراون و ئەنجامدەرانیشیان بەبێ سزا دەرچوون، وەک ئەوەی لە کەیسی ئیزدییەکانی شنگال لە ساڵی 2014دا دیتمان. بۆ ڕێگەگرتن لە وەها کەمتەرخەمییەک و دروستکردنی هیوایەک بە لێپرسینەوەیەکی یاسایی باشتر، دەبێ عێراق پەیماننامەی ڕۆمای تایبەت بە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی ئیمزا بکات.
هەڵبەتە ڕووداوەکانی خورماتوویش پێویستییان بە لێتوێژینەوەی ورد و قووڵتر هەیە. ئەم هەوڵە زیاتر وەک نەخشە ڕێگایەکە لە ڕێگەیەوە حکومەت و ڕێکخراوە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکان بتوانن، بەپەلە کارێک بۆ ئاسایی کردنەوەی دۆخی شارەکە بکەن، تاوانەکانی کە ئەنجام دراون، تۆمار بکەن و تاوانبارانیش سزا بدرێن. دواجار ئەوەی گرنگە، سەرنجڕاکێشانی هەموو لایەکە، کە لەو شارە و لەو ڕێکەوتەدا، کۆمەڵێک تاوان کراون و پێویستییان بە بەدواداچوون هەیە. هێندەی ئێمە بەدوایدا چووین، زۆربەی تاوانەکانی نێو خورماتوو، پەیوەندییان بە موڵک و ماڵەوە هەیە. زەقترین تاوانی ئەنجامدراو، تاڵانی و سوتاندن و ڕووخاندنی خانووی خەڵک و باڵەخانەکانی تری نێو شارەکەیە. بەڵام ئەمە ناکاتە ئەوەی، کە هیچ تاوانێکی تر ئەنجام نەدرابێت. بەڵکو کەسانێک کوژراون، کەسانێک سوکایەتییان پێ کراوە، کەسانێک ئەشکەنجە دراون، لە هەموویشی گەورەتر، دەیان هەزار خەڵکی شارەکە ئاوارە بوون. سەرباری ئەوانەش، لایەنی دەروونیی دانیشتووانی شارەکەشمان لەبیرنەچێ. دەبێت بزانین، کە ئێستە هەزاران کەس لە دۆخێکی دەروونیی و ڕۆحیی نالەباردا دەیگوزەرێنن، تەنانەت ترسیان لە گەڕانەوەش بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیانیان هەیە: ئەوەی ڕوویداوە، ماکی تاوانی جەنگی و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتیی تێدایە.
لە ڕووی سیاسی و ستراتیژییەوە، ئەوەی ڕوویدا ئەنجامی سیاسەتەیلی هەڵە و کورتبینانەی سەرجەمی لایەنە سیاسییەکانی عێراقە، بە کوردەکانیشەوە. ئەوەتا بەهۆی ململانێی سیاسییەوە لەسەر دەسەڵات و بەهۆی نەبوونی دیدێکی نیشتمانی و هەوڵێکی جددی بۆ پێکەوەگونجاندنی لایەنە جیاوازەکان، هەزاران کەس ئاوارە بوون و لە دۆخێکی نالەباری ماددی و دەروونییدا دەژین. دەبێت پێش هەمو شتێک، لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەردوو حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێم، سەرجەمی ئەو تاوانانەی دەرهەق بە خەڵکی خورماتوو کراون، جا قوربانییەکان لە هەر نەتەوە و ئاینێک بووبن، تۆمار بکەن و بپارێزن. دەکرێت ڕێکخراوە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکانیش، لە وەها کارێکدا هاوکار بن. وەزارەتەکانی داد، بەرگریی، پێشمەرگە، ناوخۆ و ئەنجومەنی دادوەری، دەبێت پێشەنگی وەها ئەرکێک بن.
 دەشێت دادگایەکی تاوانی باڵا بۆ ئەم تاوانانە دروست بکرێت، وەک ئەوەی پێشتر و بۆ تاوانەکانی حکومەتی پێشوی عێراقی (حکومەتی حیزبی بەعس)، کرا. دەشێت لە ناوخۆدا تاوانباران سزا بدرێن، ئەگەرنا، دەشێت لە دادگای تاوانی نێودەەوڵەتی سکاڵا تۆمار بکرێت. چونکە بەپێی ڕێککەوتننامەی ڕۆما، دادگای تاوانی نێودەوڵەتی ڕۆڵی تەواوکاریی بۆ دادگای نیشتمانیی دەبینێت. واتە ئەگەر بە هەر هۆکارێک، حکومەتی پەیوەندیدار نەیتوانی ڕێکارە یاساییەکان دەرهەق بە تاوانباران بگرێتە بەر، دەشێت هانا بۆ ئەو دادگا نێودەوڵەتییە ببرێت. بەرپرسیارێتییش لە وەها تاوانەیلێک، کەسییە، واتە ئەو کەسانەی تاوانەکانیان ئەنجام داوە، لێیان دەپرسرێتەوە و سزا دەدرێن. ئەمانە کاتێک دەبن، وەک لە سەرەوە وتم، ئەگەر عێراق پەیماننامەی ڕۆما ئیمزا بکات. خاڵێکی تری جێی سەرنج لێرەدا ئەوەیە، کە ئەگەر عێراق پەیماننامەی ڕۆما ئیمزا بکات، دەتوانین یاسای سزادانی عێراقی بەسەر وەها تاوانێکدا جێبەجێ نەکەین. ئەمەش لەبەر هۆکارێکی سەرەکی: ئەم تاوانانە لە سەروەختی جەنگدا ڕوویانداوە، لەلایەن کۆمەڵە کەسێکەوە ئەنجامدراون، کە سەر بە هێزە چەکدارەکان بوون و بە بۆنەی جەنگ و پێگەیانەوە لە جەنگدا، وەها تاوانێکیان ئەنجامداوە. هەڵبەتە دەکرێت بەپێی یاسای سزادان، مامەڵە لەگەڵ هەر جۆرە تاوانێکدا بکرێت، بەڵام وەها مامەڵەیەک و لەگەڵ وەها تاوانێکدا، کەمکردنەوە و بچووککردنەوەی ئاستی تاوانەکانە، لە تاوانی جەنگی و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتییەوە بۆ تاوانێک وەک هەموو تاوانەکانی تر.
 لە ئێستاشدا ئاوارەکانی خورماتوو، لە شارەکانی کفری و کەلار، ناحییەکانی ڕزگاری و زینانە و گوندەکانی سەر بەوان و لە شارەکانی تریشدا نیشتەجێن. بەشێکیشیان گواستویانەتەوە بۆ کەمپی ئاوارەکانی 'تازە دێ' لە قەزای کەلار. دەبێت سەرەتا مشوری ئاساییکردنەوەی دۆخی شارەکە بخورێت، بەڵام تۆمارکردنی تاوانەکان و سزادانی ئەنجامدەرانیشمان لەبیر نەچێت. لە ڕووی سیاسییشەوە، لە عێراقدا پێویستیمان بە ئەجێندایەکە ئینتیمای نەتەوەیی و ئاینی تێپەڕێنێت و هەوڵی پێکەوە گونجاندنی جیاوازییەکان بدات، جا بە هەر میکانیزمێک و لە هەر فۆرمێکدا بێت، هەڵبەتە دوور لە سیاسەتی قڕکردن و سڕینەوە و تواندنەوە، کە چەندان ساڵە تێیدا پێڕەو دەکرێت.

سەرچاوەکان:
1.Amnesty International, Iraq: Fresh evidence that tens of thousands forced to flee Tuz Khurmatu amid indiscriminate attacks, lootings and arson: https://www.amnesty.org/en/latest/news/2017/10/iraq-fresh-evidence-that-tens-of-thousands-forced-to-flee-tuz-khurmatu-amid-indiscriminate-attacks-lootings-and-arson/
2.Deidre Willmott, Removing the Distinction Between Iinternational and non-international Armed conflict in the Rome Statute of the International Criminal Court, Melbourne Journal of International Law, Vol.5 (2004).
3.Rome Statute of the International Criminal Court (ICC), 1998.
4.IV Geneva Convention Relative to the Protection of Civilian Persons in time of war, 12 August, 1949.
5.Human Rights Watch, Genocide, War Crimes, and Crimes against Humanity: A Topical Digest of the Case Law of the International Criminal Tribunal for the Former Yugoslavia, 192-352 (2006).
6.Phylilis Hwang, Defining Crimes against Humanity in the Rome Statute of the International Criminal Court, Fordham International Law Journal, Vol.2., 457-504.
See: Elements of Crimes, International Criminal Court, 2011; Article 7 and 8 of the Statute of ICC; and David Luban, A Theory of Crimes against Humanity, 29 Yale J.Int'l L. 85-167 (2004).
7.بڕوانە مادەی 8 لە پەیماننامەی ڕۆما تایبەت بە دادگای تاوانی نێودوڵەتی.
8.بڕوانە هەمان سەرچاوەی یەکەم.
9.بڕوانە مادەی (2) لە پەیماننامەی قەدەغەکردن و سزادانی تاوانی جینۆساید، کە لە 9ی کانونی یەکەمی 1948دا لایەن کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دەرچوێنراوە.
تێبینی، كورتكراوه‌ی ناوی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ له‌ توێژینه‌وه‌یه‌دا هاتووه‌ لای ناوه‌ندی كوردستان پارێزراوه‌.

زۆرترین خوێندراوە


political studies copyright 2017 © . All right reserved Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure