::
بێ نوسەر
ناوه‌ندی كوردستان بۆ توێژینه‌وه له‌ململانێ و قه‌یرانه‌كان
چالاكی ناوه‌ند
له‌به‌رواری 22/11/2017 ه، ناوه‌ندی كوردستان بۆ توێژینه‌وه له ململانێ و قه‌یرانه‌كان میوانداری به‌ڕێز (ئاوات محمد ئه‌مین) ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوكی كرد، بۆ قسه‌كردن له‌سه‌ر ره‌وشی كه‌ركوك له‌دوای شكستی ریفراندۆمی هه‌رێمی كوردستان و له‌ده‌ستدانی به‌شێكی زۆری ناوچه جێ ناكۆكه‌كان و هه‌روه‌ها سه‌رهه‌ڵدانی قه‌یرانی ئیداری پارێزگای كه‌ركوك و سیناریۆكانی داهاتوو.
پێشه‌كی
ئاشكرایه قه‌یرانی ئیدرای و سیاسی شاری كه‌ركوك قه‌یرانێكی نوێ نییه و په‌یوه‌سته به پرسی جێ به‌جێكردنی ماده‌ی (140)ی ده‌ستوری عێراق كه له ئه‌ستۆی سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌تی رابردوو بوو به‌تایبه‌ت سه‌رژمێری و قه‌ره‌بووكردنه‌وه. هاوكات، كۆمه‌ڵێك پرس تری تایبه‌ت به كه‌ركوك لای حكومه‌ت هه‌بووه، به‌ڵام هیچ یه‌كێك له‌وانه‌ی جێ به‌جێ نه‌كردووه، له‌وانه‌ش بڕیاره‌كانی ئاساییكردنه‌وه كه پێنج بڕگه‌ی سه‌ره‌كی ده‌گرێته‌وه:
1- ناردنه‌وه‌ی خه‌ڵكانی هاورده.
2- گه‌ڕانه‌وه‌ی خه‌ڵكانی ده‌ركراو.
3- كێشه‌كانی خاوه‌ندارێتی زه‌وی و زار عقاری و گرێبه‌سته كشتوكاڵییه‌كان.
4- بڕیاره‌كانی تایبه‌ت به بێ به‌شكردنی خه‌ڵك له دامه‌زراندن.
5- ئه‌و بڕیارانه‌ی ده‌ركراون بۆ سڕینه‌وه‌ی ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌ی (ته‌عریب – به‌عه‌ره‌ب كردن).
هیچ یه‌ك له‌م بڕیارانه جێ به‌جێنه‌كراوه كه ده‌روازه‌یه‌كه بۆ ئه‌نجامدانی سه‌رژمێری، دوای ئه‌نجامدانی سه‌رژمێرش ئه‌و كات ڕاپرسی ئه‌نجام بدرێت. بۆیه تا ئێستا ته‌نها نزیكه‌ی 20-25%ی كۆی قۆناغه‌كانی ماده‌ی (140)ی ده‌ستوری عێراق جێ به‌جێكراوه، به‌واتایه‌كی تر نزیكه‌ی 75%ی قۆناغه‌كانی ئه‌و ماده ده‌ستورییه جێ به‌جێ نه‌كراوه.
زیاتر له‌وه‌ش، به‌پێ به‌ڵگه‌كان كه نزیكه‌ی (5600 ) گرێبه‌ستی كه به‌ناوی كشتوكاڵی كراوه هه‌ڵنه‌وه‌شاوه‌ته‌وه، كه ده‌كاته نزیكه‌ی 1200000 (یه‌ك ملیۆن و دوو سه‌د هه‌زار) دۆنم، تا ئێستا كێشه‌یان له‌سه‌ره. هه‌رچی به سه‌باره‌ت به موڵك و ماڵ و خانوبه‌ره‌یه، ته‌نها ڕێژه‌ی 22%ی كاری له‌سه‌ركراوه‌و هه‌ندێكی یه‌كلایكراوه‌ته‌وه و گه‌ڕێنراوه‌ته‌وه بۆ خاوه‌نه‌كانیان.
به‌هه‌رحاڵ، له 31/12/2007ه، نوری مالیكی له پرۆگرامی كارنامه‌ی حكومه‌ت له بڕگه‌ی (18) ده‌ڵێت ئێمه پابه‌ندین به‌جێ به‌جێ كردنی هه‌رسێ قۆناغه‌كه‌ی ماده‌ی (140) له‌و به‌رواره‌ی له ده‌ستوردا بۆی دیاریكراوه، به‌ڵام، 31ی دیسه‌مبه‌ری 2007، تێپه‌ڕی هێشتا هیچ قۆناغێك جێ به‌جێ نه‌كراوه.
حكومه‌تی هه‌رێم پێویست بوو چی بكردایه؟
دوای تێپه‌ڕبوونی ئه‌و سه‌قفه زه‌مه‌نییه‌ی بۆ جێ به‌جێكردنی ماده‌كه دیاریكرابوو، پرسیاری سه‌ره‌كی ئه‌وه‌یه پێویست بوو حكومه‌تی هه‌رێم و ده‌سه‌ڵاتدارانی كورد چی‌یان بكردایه له‌وكاته‌دا؟
سێ بژارده‌ی سه‌ره‌كی له‌به‌رده‌م حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و سه‌ركردایه‌تی كورد بوو، كه پێویست ئاماده‌سازی بكردایه و له پێشینه‌ی كاره‌كانی بوایه، بۆ ئه‌وه‌ی كه‌یسی ماده‌ی (140 ) به‌م ئێستا نه‌گات، له‌و بژاردانه‌ش:
1- تۆماركردنی سكاڵا له دادگای فیدراڵی و له یۆنامی (United Nations Assistance Mission for Iraq)، هه‌روه‌ها له سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی به‌تایبه‌ت ئه‌مریكییه‌كان تۆمار بكردایه، به‌وه‌ی كه حكومه‌تی عێراق به ئه‌ركی ده‌ستوری خۆی هه‌ڵنه‌ساوه. هاوكات داوای دیاریكردنی لایه‌نی پسپۆر له‌م كه‌یسه‌دا بكردایه بۆ چاودێریكردنی پرسه‌كه، به‌ڵام ئه‌مه‌ی نه‌كرد.
2- ده‌بوایه پرسی ماده‌ی (140)ی ببردایه په‌رله‌مان، چونكه په‌رله‌مان به‌رپرسه له كۆمیسیۆنه‌كانی تایبه‌ت به جێ به‌جێكردنی ماده‌كه، له‌وانه ده‌سته‌ی ناكۆكی موڵكه‌كان، سه‌رژمێری، هاوكات لایه‌نی به‌رپرسه له‌سه‌ر چاودێری و لێپرسینه‌وه‌ی ته‌واوی ده‌سه‌ڵاتی جێ به‌جێكردن. به‌م جۆره پێویست بوو حكومه‌تی هه‌رێمی داوای بكردایه كه له‌په‌رله‌مان لێپرسینه‌وه له مالیكی بكرێت له‌سه‌ر پێشێل كردنی ده‌ستور، به‌ڵام له‌سه‌ر ئاستی په‌رله‌مانیش ئه‌و بژارده‌یه‌ی نه‌گرته‌به‌ر.
3- هه‌ڕه‌شه‌ی هه‌ڵپه‌ساردنی به‌شداری كوردیان بكردایه له كۆی پرۆسه‌ی سیاسی عێراق، به په‌رله‌مان و حكومه‌ته‌وه، ئه‌ویش به پاساوی نه‌بوونی مصداقیه‌تی سیسته‌می سیاسی وڵات.
به‌ڵام به‌داخه‌وه له‌بری گرتنه‌به‌ری ئه‌و سێ بژارده‌یه حكومه‌تی هه‌رێم به پێشنیارێك ڕازی بوو كه له‌لایه‌ن یۆنامییه‌وه پێشكه‌شكرا، كه ده‌ڵێت ده‌رفه‌ت بده‌ن به یۆنامی بۆ خستنه‌ڕووی ڕاپۆرته‌كانی تایبه‌ت به كێشه‌كانی جێ به‌جێكردنی ماده‌ی (140)، وه‌سیقه‌یه‌كی سیاسی له‌لایه‌ن سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق و سه‌رۆك وه‌زیرانی حكومه‌تی هه‌رێم واژووكرا بۆ ئه‌وه‌ی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان به‌م كاره هه‌ستێت. ئه‌وه بوو نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له سێ مانگی یه‌كه‌م دا ڕاپۆرتی یه‌كه‌می خۆی ئاماده‌كرد، كه‌له ڕاپۆرته‌كه‌دا ڕاسته‌وخۆ چووته سه‌ر لایه‌نی جێ به‌جێكردن، كه داواده‌كات ناوچه جێ ناكۆكه‌كان پۆلێن بكرێت بۆ ناوچه‌ی سه‌د ده‌ر سه‌د كوردی – بێ گرفت. نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان چه‌ند پێوه‌رێكیان هه‌یه بۆ جیاكردنه‌وه‌ی ناوچه‌یه‌ك له ناوچه‌یه‌كی تر:
1) زۆرینه‌ی دانیشتوان
2) ده‌سه‌ڵاتی ئه‌منی ناوچه‌كه
3) تواصلی (پێكه‌وه‌ی) جوگرافی
4) ئیداره‌ی ناوچه‌كه
له ڕاپۆرتی یه‌كه‌م دا بۆیه ده‌ركه‌وت خانه‌قین و شێخان به‌شێكن له‌و شوێنانه‌ی هیچ گرفتێكیان له‌سه‌ر نییه، ته‌نانه‌ت ویستیان باسی ئاكرێش بكه‌ن، وتیان ئه‌كرێت ئه‌م ناوچانه بخرێته‌وه سه‌ر هه‌رێم، چونكه هیچ گرفتێكیان تیانییه و ته‌واوی دانیشتوانه‌كه‌ی كورده. هه‌رچی ئه‌و ناوچانه‌ی تریشه كه پێكهاته‌ی دانیشتوانه‌كه‌ی هاوسه‌نگ نییه، ئیداره و ئه‌منیه‌تی هه‌مووی له ده‌ست كورد نییه، وه‌ك ناوچه‌كانی كه‌ركوك – جه‌له‌ولا - مه‌نده‌لی – مه‌خمور و ناوچه‌كانی ده‌شتی نه‌ینه‌وا، ئه‌م ناوچانه بخرێنه به‌رده‌م پرسی گفتوگۆ و دانوستان. به‌ڵام پرسی "كه‌ركوك"یان به‌شێوه‌یه‌كی جیاواز باس كرد و ئاماژه‌یان به‌وه‌كرد كه ئه‌وان چوار پێشنیاریان هه‌یه كامیان په‌سه‌ند ده‌كه‌ن سه‌رپشكن، له‌وانه‌ش:
1) كه‌ركوك هه‌رێمێكی سه‌ربه‌خۆ بێت، نه سه‌ر به به‌غدا و نه‌سه‌ر به هه‌رێم، به‌ڵكو سیسته‌مێكی تایبه‌تی هه‌بێت.
2) كه‌ركوك سه‌ر به‌هه‌رێمی كوردستان بێت به‌ڵام بارودۆخێكی تایبه‌تی هه‌بێت له‌ڕووی ده‌ستوری و یاساییه‌وه.
3) كه‌ركوك وه‌ك ئێستا به پارێزگا بمێنێته‌وه، به‌ڵام تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌بێت.
4) كه‌ركوك سه‌ر به‌هه‌رێمی كوردستان بێت.
به حوكمی ئه‌وه‌ی پێشنیاریه‌كانی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان ره‌گه‌زی ئیلزامی تیانه‌بوو، وایكرد كه وه‌ڵامدانه‌وه‌كانی حكومه‌تی عێراقی و حكومه‌تی هه‌رێم ناڕوون بوو، ته‌نانه‌ت زۆر به توندی وه‌ڵام درانه‌وه له هه‌ندێك ڕووه‌وه. دواتر ئه‌وه بوو له مانگی حوزه‌یران ڕاپۆرتێكی تریان ئاماده‌كرد، بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان، كۆمه‌ڵێك پێشنیاریان خسته‌ڕوو، له‌وانه‌ش هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی گرێبه‌سته كشتوكاڵیه‌كان و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی بۆ خاوه‌نه‌كانیان و قه‌ره‌بووكردنه‌وه كه‌سانی به‌كارهێنه‌ر به‌هۆی دروستكردنی مومته‌له‌كات له‌سه‌ر ئه‌و زه‌وی و زارانه. به‌ڵام له‌كۆتایدا ڕێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان نه‌یتوانی هه‌ستێت به لێك نزیك كردنه‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم و حكومه‌تی به‌غداد.
دوای هاتنه سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی ئۆباما له ئه‌مریكا، ئه‌وه بوو له ساڵی 2011 هێزه‌كانی ئه‌مریكا له عێراق كشانه‌وه، و به‌ره‌به‌ره ڕه‌وشی عێراق تێكچوو ، هاوكات بارودۆخی ناوچه‌كه ناله‌باری به‌خۆوه بینی دوای دروست بوونی ڕاپه‌ڕینه‌كانی وڵاتانی عه‌ره‌بی. هاوشێوه‌ی ئه‌و وڵاتانه مه‌یدانه‌كانی ناڕه‌زای له ئه‌نبار و حه‌ویجه و صلاح حه‌دین و فه‌لوجه دروست بوون. ئه‌و ناوچه‌یه كه‌وته پشێوه‌یه‌كی گه‌وره‌وه كه سه‌ره‌نجام گه‌یشته كه‌ركوك، به‌تایبه‌ت ناوچه‌كانی باشور و خۆرئاوای شاره‌كه بووه ناوچه‌گه‌لێكی دوور له ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تی كه‌ركوك و حكومه‌تی ئیتحادی، و بوونه پێگه‌ی گرووپه توندڕه‌وه ئیسلامییه سوننیه جیهادییه‌كان كه به‌شێكیان سه‌ره‌ڕای ئیسلامی بوونیان خاوه‌ن نه‌زعه‌ی قه‌ومی و نه‌ته‌وه‌ی بوون. بۆیه ئه‌مریكا ویستی هاوكاری عێراق بكات بۆ چاره‌سه‌ركردنی ڕه‌وشی ئه‌و ناوچانه، ته‌نانه‌ت له‌ڕێگه‌ی هێزی سه‌ربازییه‌وه. به‌ڵام هێشتا حكومه‌تی ناوه‌ند كۆمه‌ڵێك له‌و ناوچانه‌ی له‌ده‌ستدا.
چاره‌نووسی ماده‌ی 140 له ساڵی 2012 به‌دواوه
دواتر نه‌خۆشكه‌وتنی مام جلال – سه‌رۆك كۆماری عێراق له ساڵی 2012ه، پرسی جێ به‌جێكردنی ماده‌ی (140) بوو به پرسێكی پشتگوێخراو له‌لایه‌ن حكومه‌تی ناوه‌ندییه‌وه. هاوكات به‌هۆی په‌ره‌سه‌ندنی گه‌شه‌ی ئابووری له هه‌رێمی كوردستان، وایكرد حكومه‌تی هه‌رێم زیاتر شه‌ڕ له‌سه‌ر ده‌ستكه‌وتی ئابووری بكات، هه‌موو ئه‌و وه‌فدانه‌ی هه‌رێم كه ده‌چوونه به‌غداد، ئه‌گه‌ر پێشتر ئه‌وله‌ویه‌تیان ماده‌ی (140) بوو بێت، ئه‌وا له‌وكاته‌وه ئه‌و ماده‌یه بوو به پرسی چواره‌م و پێنجه‌میان. هه‌میشه ده‌یان ووت بوودجه و نه‌وت و داهات و پێشمه‌رگه، دواتر ده‌یان ووت ماده‌ی (140)، ئه‌م ڕه‌وته له پلانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له ساڵی 2012و 2013 و 2014 به‌رده‌وام بوو و ته‌نانه‌ت باسی ماده‌ی (140) یان نه‌كردووه.
ئه‌مه‌ش وایكرد كه له كه‌ركوك هیچ هه‌نگاوێك نه‌نرێت بۆ به‌ده‌ستهێنانی ده‌ستكه‌وتی یاسای و ده‌ستوری، له‌بری ئه‌وه كورد ته‌نها زۆرینه‌یه‌كی له كه‌ركوك مماره‌سه كردووه، هه‌م له‌سه‌ر ئاستی شه‌قام و هه‌م له‌سه‌ر ئاستی دامه‌زراوه‌كان – ئه‌نجومه‌نی پارێزگای شاره‌كه.
نه‌جمه‌دین كه‌ریم له پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك
هاتنی د. نجم ا‌لدین له ناوه‌ڕاستی 2010 ه وه‌ك پارێزگای كه‌ركوك هه‌م پێگه‌ی خۆی وه‌ك كاره‌كته‌رێكی سیاسی و هه‌م پێگه‌ی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستانی وه‌ك حزبێكی سیاسی به‌هێزبوو، كه یه‌كێتی توانی له هه‌ڵبژاردنه په‌رله‌مانیه‌كه‌ی عێراق له 2014ه شه‌ش كورسی به‌ده‌ست بهێنێت كه پێشتر ئاسان نه‌بوو. هاوكات به‌ده‌ر له فشاره‌كانی به‌غداد توانی كۆمه‌ڵێك كار بكات. به‌ڵام، ئه‌م پارێزگاره له ناو فه‌زایه‌ك له پێشێلكاری سیاسی‌دا ده‌ژیا كه نه‌یده‌توانی خۆی لێ به‌دوور بگرێت. بۆ نموونه توانی پێگه‌ی خۆی و حزبه‌كه‌ی به هێز بكات، به‌ڵام بنه‌مای متمانه و پێكه‌وه ژیان و هاوبه‌شێتی له شاره‌كه‌دا كوشت. له‌و ماوه‌یه به‌تایبه‌ت چوار ساڵی ڕابردوو خراپترین نموونه‌ی پێكه‌وه ژیان و لێك تێگه‌شتنی سیاسیمان بینی له‌نێوان پێكهاته‌كانی كه‌ركوك. ته‌نانه‌ت له ساڵی یه‌كه‌م و دووه‌می حوكمڕانی له شاره‌كه، نه‌جمه‌دین كه‌ریم كه‌لێنێكی گه‌وره‌شی خسته نێوان یه‌كێتی و پارتی یه‌وه. ئه‌م ده‌سه‌ڵاته له كه‌ركوك تا ئه‌ندازه‌یه‌ك ده‌سه‌ڵاتێكی تاكڕه‌وی بوو، به سوود وه‌رگرتن له‌و ژینگه سیاسییه ناسه‌قامگیره‌ی كه هه‌م له كوردستان و هه‌م له یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان هه‌بوو، وایكرد كه ئه‌نجومه‌نی پارێزگا له دامه‌زراوه‌یه‌كی چاودێری یاسادانانی ناوخۆییه‌وه ببێته دامه‌زراوه‌یه‌كی پاشكۆ و بڕیار جێ به‌جێكار و نائه‌كتیڤ له‌ژێر هه‌ژموونی كه‌سی و حزبی. به‌جۆرێك ئه‌و بارودۆخه گه‌یشتبووه ئاستێك كه ئێمه وه‌ك ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا نه‌ماده‌زانی چ ده‌رچه‌یه‌ك هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ به‌غداد و لێكترازانی ناوخۆیی ڕوونه‌دات.
ئه‌نجومه‌نی پارێزگا و پرسی هه‌ڵكردنی ئاڵا و ئه‌نجامدانی ڕیفراندۆم
به‌ڵام به‌داخه‌وه له 2017ه، دوو ڕووداو هاتنه‌پێش ئه‌وانیش بڕیاری هه‌ڵكردنی ئاڵا له‌سه‌ر دامه‌زراوه‌كانی كه‌ركوك، سه‌ره‌ڕای دژایه‌تی پێكهاته‌ی توركمانی و عه‌ره‌بی به‌شێوه‌ی ڕه‌ها ، هاوكات لیستی برایه‌تی زۆرینه له‌گه‌ڵ بڕیاری هه‌ڵكردنی ئاڵا نه‌بوو له‌و كاته و به‌شێوه‌یه‌كی له‌وجۆره. به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی نه‌جمه‌دین كه‌ریم خوودی خۆی له‌گه‌ڵ هه‌ڵكردنی ئاڵا بوو، و ئه‌ندامه پارتییه‌كانی ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ش گوێیان له گوتار و ئیعازی سه‌رووی خۆیان ده‌گرت، ئه‌نجومه‌ن كه‌وته ژێر كاریگه‌رییه‌وه و بڕیاری هه‌ڵكردنی ئاڵامان دا. دواتر په‌رله‌مانی عێراقی ئه‌و بڕیاره‌ی به ناده‌ستوری زانی و پرسی داگرتنی ئاڵاش سپێردرا به غه‌یری ئێمه (غه‌یری ئه‌نجومه‌نی پارێزگا) بینیشمان چۆن داگیرا. ڕووداوی دووه‌م بریتی بوو له پرسی به‌شداریكردنی كه‌ركوك و ناوچه جێناكۆكه‌كان له ڕیفراندۆمه‌كه‌ی 25ی ئه‌یلول.
كه‌س دژی ڕاپرسی نه‌بوو له هه‌رێمی كوردستان به عه‌بادی و ئه‌مریكا و توركیا و ئێرانه‌وه، ئاسایی بوو له هه‌رێمێكی سێ پارێزگا جیاببێته‌وه و سه‌ربه‌خۆی ڕابگه‌یه‌نێت، چونكه ته‌ناته له ڕووی یاسای نێوه‌دوڵه‌تییه‌وه – ئه‌وه یاسایه پێت ده‌ڵێت تۆ شایسته‌ی بۆ بڕیارێكی له‌وجۆره. بۆیه ته‌نانه‌ت حكومه‌تی ناوه‌ندی ڕایگه‌یاند هه‌رێم ده‌توانێت ڕاپرسی له پارێزگاكانی خۆی بكات نه‌ك ناوچه جێ ناكۆكه‌كان. چونكه ئه‌و ناوچانه دوو تایبه‌تمه‌ندی هه‌یه، ئه‌وانیش:
یه‌كه‌م، بوونی پێكهاته‌یه‌كی دانیشتوانی هه‌مه‌جۆر.
دووه‌میش، بوونی سه‌رچاوه‌یه‌كی ئابووری به‌هێزی نه‌وت و گاز.
ئێمه له كه‌ركوك چه‌ندین جار گوێمان له قسه‌یه‌كی كاك مسعود بوو، به‌ڵام نه‌مانتوانی سوودی لێ ببینین، ئه‌ویش ئه‌وه بوو كه ووتی: "ئێمه ڕاپرسی له هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ین، به‌نسبه‌ت ناوچه جێناكۆكه‌كانه‌وه: ئه‌نجومه‌نی پارێزگا و قه‌زا و ناحییه‌كانی ناوچه جێناكۆكه‌كان ده‌توانن داواكارییه‌ك پێشكه‌ش بكه‌ن كه ده‌یانه‌وێت له‌و ڕاپرسییه به‌شداربن" بۆیه زۆر ئاسایی بوو ئه‌گه‌ر سه‌ركردایه‌تیه‌كی سیاسی ژیر هه‌بوایه له كوردستان نه‌ك له حزبێكی دیاریكراو، ده‌بوایه ئه‌و سه‌ركردایه‌تی یه له قۆناغی یه‌كه‌مدا ئاماژه‌ی به‌وه بكردایه كه ڕاپرسی ئه‌نجامده‌ده‌ین له هه‌رێمی كوردستان، ئه‌گه‌ر بوو به ده‌وڵه‌ت ئه‌وا له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی عێراق ململانێی ده‌بێت له‌سه‌ر خاك، هاوشێوه‌ی هیندستان و پاكستان له‌سه‌ر هه‌رێمی كه‌شمیر، ئه‌رمینیا و ئازه‌ربایجان، توركیا و یۆنان، میسر و سعودیه كه دوای ده‌یان ساڵ كێشه‌كانیان چاره‌سه‌ركردووه. بۆیه ئه‌گه‌ر ڕیفراندۆم له‌لایه‌ن عێراقه‌وه – به‌هه‌مان میكانیزمی ئێستا ڕه‌ت بكرایه‌ته‌وه– ئه‌وا كورد سه‌لامه‌ت تر لێی ڕزگارده‌بوو.
به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ی ئه‌وه‌ی له كه‌ركوك ڕوویدا به‌و شێوه‌یه بوو كه پارێزگار نه‌جمه‌دین كه‌ریم، نووسراوی فه‌رمی نه‌نارد (بۆ ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای شاره‌كه) – به‌ڵكو یه‌كه‌م جار داوای له كه‌سێك كرد و ووتی "پێم باشه ئێوه‌ش (ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك) داوای ڕاپرسی بكه‌ن"، دواتر نووسراوه‌كه هات و دابه‌شكرا به‌سه‌ر ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی واژووی بكه‌ن. له‌وكاته‌دا ڕه‌وشێكی وا دروست ببوو كه ئه‌گه‌ر واژووی ناكه‌یت ته‌خوین ده‌كرێت ... بۆیه ئه‌مرێكی واقع بوو ناچاربووین واژووی بكه‌ین.
له هه‌ردوو حاڵه‌ته‌كه – هه‌ڵكردنی ئاڵا و ئه‌نجامدانی ڕاپرسی، به‌ده‌مه‌وه هاتنی خه‌ڵك باشتربوو. به‌م هۆیه‌شه‌وه، نه‌مان توانی دژایه‌تی بكه‌ین، ئه‌مه‌ش وایكرد كه ده‌سه‌ڵاتی كورد له كه‌ركوك ڕووبه‌ڕووی ره‌خنه‌ی توندی به‌غداد و بێ به‌رگری ده‌ره‌كی بكاته‌وه، به‌هۆی ئه‌وه‌ی كورد تاكڕه‌وانه حوكم ده‌كات و پێكهاته‌كانی تری شاره‌كه‌ت بێ به‌شكردووه و سه‌رپێچی ده‌ستورت ئه‌نجام داوه.
بۆیه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی به‌هۆی سیاسه‌ته‌كانی ئیداره‌ی شاره‌كه‌وه، له سێ ساڵی ڕابردوو هیچ بودجه‌یه‌ك له به‌غداده‌وه بۆ شاره‌كه نه‌هاتبوو، به‌ڵام هاوكات كۆمه‌ڵێك سكاڵا له‌سه‌ر كه‌ركوك كه‌ڵه‌كه بوو له‌سه‌ر پارێزگار و ئه‌نجومه‌ن و هه‌ندێك پارتی سیاسی.
له‌ڕاستیدا، دوای ئه‌م هه‌نگاوانه ئێمه پێشبینی ئاڵوگۆڕێكمان ده‌كرد له كه‌ركوك ڕووبدات، به‌ڵام پێشبینیمان ده‌كرد ئاڵوگۆڕه‌كه به یه‌كێك له‌م شێوازانه بێت، بۆ نموونه:
1) یه‌كێتی نیشتیمانی پارێزگاره‌كه‌ی بگۆڕێت، ئاڵوگۆڕێكی ساده بوو كه نه‌كرا.
2) هه‌ڵبژاردنێكی نوێ بۆ ئه‌نجومه‌نی پارێزگا بكرێت و نه‌وه‌یه‌كی نوێ پیاده‌ی سیاسه‌ت و ده‌سه‌ڵات بكات، نه‌ك ئه‌و نه‌وه‌یه‌ی پازده ساڵه له ئه‌نجومه‌نن.
3) گفتوگۆی نێوان حكومه‌تی هه‌رێم و به‌غداد به جۆرێك بێت كه هه‌ندێك بڕیار ده‌ربكرێت ببێته هۆی ئارامكردنه‌وه‌ی ڕه‌وشی شاره‌كه به‌تایبه‌ت له بواری خزمه‌تگوزاری و ته‌رخانكردنی بڕێك له داهاتی نه‌وتی شاره‌كه بۆ هاوڵاتیانی كه‌ركوك.
به‌پێچه‌وانه‌وه، نه‌ك هه‌ر ئه‌وانه ڕووی نه‌دا، به‌ڵكو ئه‌و گووتار و ئاڵۆزییه تونده‌ی هه‌بوو گواسترایه‌وه بۆ كه‌ركوك. له‌وانه‌ش هاتنی بارزانی چه‌ند جارێك بۆ كه‌ركوك و، هه‌ندێك هه‌نگاوی تاك لایه‌نه‌ی یه‌كێتی نیشتیمانی وایكرد پێشبینیمان ده‌كرد له كۆتایدا كه‌ركوك ده‌بێته قوربانی. به‌ڵام له كۆتایدا، ڕاپرسی ئه‌و پاساوه‌ی دا به به‌غداد كه بانگه‌شه‌ی سه‌پاندنی سه‌روه‌ری بكات به‌سه‌ر شاره‌كه‌دا و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش چه‌ند جارێك ئاگاداركردنه‌وه‌شی دا. ئه‌وه بوو له 15ی ئۆكتۆبه‌ر له كۆبوونه‌وه‌كه‌ی دووكان، زۆر به ڕاشكاوی یه‌كێتی نیشتیمانی كه حزبی حاكمی كه‌ركوك بوو و زۆرینه‌ی خه‌ڵكی شاره‌كه‌ی له‌گه‌ڵه و له هه‌رێمی كوردستانیش له حكومه‌ته، له‌گه‌ڵ ئه‌وه نه‌بووه كه شه‌ڕ و ئۆپراسیۆنی سه‌ربازی بێت بۆ ناو كه‌ركوك. چونكه پێیان وابوو جگه له وێرانكار و بردنی كه‌ركوك به ده‌ردی ڕوومادی و موصڵ هیچ به‌رهه‌مێكی تری نابێت. له‌به‌رامبه‌ردا پارتی دیموكراتی كوردستان، پێی وابوو جگه له بژارده‌ی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی هیچ بژارده‌یه‌كی ترمان نییه و ته‌نانه‌ت قه‌ناعه‌تیشیان وابوو كه ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه هه‌ر ڕوونادات و هێرشی سه‌ربازی ناكرێت ئه‌مه‌شیان به ئاشكرا له‌سه‌ر زاری كۆمه‌ڵێك به‌رپرس ووتووه.
بۆیه ئه‌وه‌ی له 16ی ئۆكتۆبه‌ر ڕوویدا ده‌رهاویشته‌یه‌كی زۆر ئاسای ئه‌و ناهه‌مواری و نا هه‌ماهه‌نگییه بووه له گوتاری كوردیدا، كه پێشتریش ده‌رهاویشته‌ی ترسناكی له‌وجۆره‌مان له 30 ساڵی ڕابردوو بینیوه. له‌وكاته‌وه هاوسه‌نگی هێز و هاوكێشه‌ی ده‌سه‌ڵات 180 پله گۆڕاوه له شاره‌كه. له ده‌سه‌ڵاتێكی ڕه‌های یاخوود نیمچه ڕاهای كوردییه‌وه بۆ ده‌سه‌ڵاتێكی بێ ده‌سه‌ڵاتی كوردی، بۆ ده‌سه‌ڵاتێكی باڵاده‌ستی عه‌ره‌ب و توركمان، ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندی و شیعی. بۆیه دابه‌شبوونی گوتاری كوردی له واقعدا دابه‌شبوونی ترسناك تری لێده‌كه‌وێته‌وه و ده‌رهاویشته‌ی خراپتری ده‌بێت.
پێویسته چی بكرێت له كه‌ركوك؟
ئه‌وه‌ی گرنگه ئه‌وه‌یه ئێمه وه‌ك كورد – وه‌ك كه‌ركوكی ئه‌و دامه‌زراوه ده‌ستورییه یاساییانه‌ی هه‌مانه و تیایدا زۆرینه‌ین هه‌م له ئه‌نجومه‌نی پارێزگا كه خاوه‌ن 26 كورسین له كۆی 41 كورسی، هه‌م پارێزگا و ئیداره‌مان هه‌یه، ئه‌و دوو دامه‌زراوه‌یه ڕزگار بكه‌ین. ئه‌ویش به گه‌ڕانه‌وه‌مان بۆ ئه‌نجومه‌نی پارێزگا. ئاساییه با ده‌ست گیر بكرێین، كێشه‌یه‌ك نییه، هه‌رچه‌نده كه‌س نه‌یووتووه ده‌ستگیرتان ده‌كه‌م! ده‌ستگیرش بكرێێت باشتره له‌وه‌ی نه‌گه‌ڕێته‌وه شاره‌كه! بۆیه پێویسته بگه‌ڕێینه‌وه و له ئه‌نجومه‌نی پارێزگاوه داوای پڕكردنه‌وه‌ی پۆست و ده‌سه‌ڵاته‌كان بكه‌ین، و پارێزگایه‌كی نوێ هه‌ڵبژێرین. چونكه ئه‌و پارێزگایه‌ی كه هه‌یه و خۆی جێگری پارێزگا بووه پێشر، ڕاسته له‌ڕووی یاساییه‌وه گرفتێكی ئه‌وتۆی نییه، به‌ڵام ئه‌م پارێزگایه به صفقه‌یه‌كی سیاسی بووه‌ته پارێزگا! ئاشكرایه ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتی كۆتای لای شیعه و هاوپه‌یمانی نیشتیمانی و عه‌بادی بوایه ئه‌و لاده‌به‌ن و حاكمێكی توركمانی شیعه یان عه‌ره‌بێكی كه‌ركوكی شیعه یان حاكمێكی سه‌ربازی داده‌نێن. كه‌واتا بۆچی به‌مه ڕازی بوون؟
له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌م (پارێزگاری به‌وه‌كاله‌ت) ئه‌و هه‌موو بڕیار و سیاسه‌تانه‌ی له چه‌ند ساڵی ڕابردوو دژ به عه‌ره‌ب كراوه خزمه‌ت پێشكه‌ش به به‌غداد بكات و ئه‌و بڕیارانه هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه. هه‌ر له گه‌ڕانه‌ویه ماڵه عه‌ره‌ب و زیندوكردنه‌وه‌ی گرێبه‌ست و دامه‌زراندن و ته‌نانه‌ت گه‌ڕان به‌دوای تاوانبار و تاوانه‌كان هه‌روه‌ك بانگه‌شه‌ی ئه‌وه ده‌كه‌ن كه له‌چه‌ند ساڵی ڕابردوو هه‌زاران مرۆڤ بێ سه‌روشوێنه و ده‌بێت به‌دوایدا بچین. له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌دا، ئه‌و ده‌ست وه‌رناداته سیاسه‌تی عێراق و هاوپه‌یمانه‌كانی له چۆنێتی نه‌خشه‌كێشكردنی داهاتووی شاری كه‌ركوك هه‌م له‌ڕووی ستراتیج، وه هه‌م له‌ڕووی سیاسه‌ت و ئابوورییه‌وه. به‌ڵام ئه‌م صفقه سیاسییه له به‌رژوه‌ندی كورد ته‌واو نابێت.
نزیكه‌ی یه‌ك مانگه لیستی برایه‌تی هه‌وڵی كۆبوونه‌وه ده‌دات له‌گه‌ڵ گرووپێك كه (2) ئه‌ندامی بێ لایه‌نی تێدایه كه یه‌كێكیان (منم) ئه‌و تیریان خاتوونێكه كه پێشتر له حزبی شیوعی بوو و، (2) ئه‌ندامی یه‌كگرتووی ئیسلامیمان له‌گه‌ڵه، (2) مه‌سیحی و (1) كچی توركمانی كه هه‌ریه‌كه‌یان حزبی سیاسی خۆیانیان هه‌یه، له‌گه‌ڵ (7) ئه‌ندامی یه‌كێتی نیشتیمانی، و (2) ئه‌ندامیشمان له ئه‌مریكان. به‌رامبه‌ر به‌م گرووپه‌ش، گرووپی پارتی دیموكراتی كوردستان و سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا كه له پشكی یه‌كگرتووه – ڕێبوار تاڵه‌بانی – له هه‌ولێرن، ده‌ڵێن ناتوانین بگه‌ڕێینه‌وه تا ڕه‌وشی كه‌ركوك ئاسایی نه‌كرێته‌وه.
ئێمه وه‌ك 14 ئه‌ندام پێمان وایه ئاساییكردنه‌وه‌ی ڕه‌وشی شاره‌كه و به‌ده‌ستوری كردنه‌وه‌ی باروودۆخه‌كه، پێویسته خاڵی ده‌رچوونی هه‌بێت. بۆیه ئه‌گه‌ر پارتی و لایه‌نگره‌كانی پێیان وایه ئه‌مه به دانوستان و گفتوگۆ و دبلۆماسی ده‌كرێت، ئه‌وا ئێمه پێمان وایه ده‌بێت له كه‌ركوكه‌وه ده‌ست پێ بكرێت. پێویسته ئیراده و مۆڕاڵی خه‌ڵكی خۆمان له شاره‌كه به‌رزبكه‌ینه‌وه، ئه‌نجومه‌نی پارێزگا ئه‌كتیڤ بكرێته‌وه، له‌گه‌ڵ پێكهاته‌ی توركمان و عه‌ره‌ب – به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه له ئێستادا – له‌سه‌ر بنه‌مای هاوبه‌ش نه‌ك به‌رژوه‌ندی هاوبه‌ش كاربكه‌ین. واتا پێویسته كار له‌سه‌ر ئه‌وه بكه‌ین كه ئه‌و هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسییانه چین واده‌كات نه توركمان و نه‌عه‌ره‌ب و نه كورد بتوانن له‌شاره‌كه بمێننه‌وه. چی واده‌كات كه هه‌موومان به‌یه‌كه‌وه ئاواره نه‌بین، به‌ڵام عه‌ره‌ب و توركمان به‌ره‌و به‌غداد و تكریت و كوردیش به‌ره‌و سلێمانی و هه‌ولێر!
له‌ئێستادا مه‌ترسی له‌سه‌ر كه‌ركوك زۆره، هه‌روه‌ك له ڕاپۆرتی بیكه‌ر هامڵتۆن هاتووه شاره‌كه به "به‌رمیله بارووت ناوبراوه" له‌ئێستادا ته‌قیوه‌ته‌وه! به‌ڵام هه‌مووی نا! بۆیه ئه‌گه‌ر به ته‌واوی بته‌قێته‌وه ژیان له شاره‌كه‌دا نامێنێت.
ئێمه له 22/11/2017ه توانیمان سه‌ركه‌تووبین له ئه‌نجامدانی كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك به نیصابی ته‌واوه‌وه، به ئاماده‌بوونی 25 ئه‌ندام له كۆی 41 ئه‌ندام. هه‌رچه‌نده سه‌رله‌به‌یانی عه‌ره‌ب و توركمانه‌كان ئاماده نه‌بوون، به‌ڵام ئێمه 14 كه‌س له لیستی برایه‌تی و خانمێكی عه‌ره‌بی سه‌ربه‌خۆ بووین به 15 ئه‌ندام، دوای دواخستنی كۆبوونه‌وه‌كه بۆ كاژێرێك 3 ئه‌ندامی ئێمه ئه‌نجومه‌نیان به‌جێ هێشت، به‌ڵام به‌دڵنیاییه‌وه هه‌ر 15 ئه‌ندامه‌كه ئاماده‌ین بۆ كۆبوونه‌وه‌كان، دواتر عه‌ره‌ب و توركمانه‌كانیش دوو ئه‌ندامیان ڕۆشتن، به‌ڵام له‌كۆتایدا به 22 ئه‌ندام كۆبوونه‌كه‌مان ئه‌نجامدا، به‌مه‌به‌ستی پێدانی هوشیاریه‌ك به به‌غداد و په‌رله‌مانی عێراق كه (151) واژوو كۆكرابووه بۆ هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك، به‌وه‌ی كه ئه‌نجومه‌نه‌كه توانی كۆببێته‌وه، هاوكات سێ بڕیارمان ده‌كردووه:
1) هه‌موو پێكهاته و لیسته‌كان دژی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكه‌ن، به‌مه‌ش پیلانێكی گه‌وره‌مان له به‌غداد هه‌ڵوه‌شانده‌وه، كه ڕۆژێك پێش ئه‌وه ئارام شێخ محه‌مه‌د جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان ڕێگه‌ی نه‌دا ئه‌و پرسه بخرێته به‌رنامه‌ی دانیشتنی په‌رله‌مانی عێراقه‌وه.
2) بڕیاری دووه‌م ئه‌وه بوو كه ئێمه له كه‌ركوك كۆبوونه‌وه ده‌كه‌ین، چونكه هه‌وڵێك هه‌بوو كۆبوونه‌وه‌كانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا ببرێته ده‌ره‌وه‌ی كه‌ركوك.
3) هه‌روه‌ها بڕیارمان دا گفتوگۆی پێشنیاری عه‌ره‌ب و توركمانه‌كانی شاره‌كه بكه‌ین بۆ چۆنێتی دابه‌شكردنه‌وه‌ی پۆسته‌كان به‌تایبه‌ت پۆستی پارێزگار و سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا.
بۆیه كۆبوونه‌وه‌كه‌ی 22/11/2017ه، هه‌نگاوێكی ئه‌ساسی بوو بۆ هێوركردنه‌وه‌ی ڕه‌وشه‌كه و ئاساییكردنه‌وه‌ی ژیانی سیاسی و ئه‌منی و ئیداری كه‌ركوك. به‌ڵام به‌نسبه‌ت ئاینده‌ی كه‌ركوك چۆن ده‌بێت ئه‌وه پرسێكی تره.
تێكچوونی ڕه‌وشی كه‌ركوك چه‌ند هۆكارێكی هه‌بوو، به‌دڵنیاییه‌وه ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر كه‌ركوكدا هات زاده‌ی لێكترازان و دابه‌شبوونی ناوخۆییه. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش غیابی مام جلال كه‌لێنی گه‌وره‌ی دروست كردووه له بڕیاری سیاسی عێراق و دروست كردنی گرفت بۆ كورد. هاوكات ئه‌گه‌ر لایه‌نێك یان حزبێك هه‌بێت كه خۆشحاڵ بێت به دابه‌ش بوون و لێكترازانی ناوخۆی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان، كه حزبی فه‌رمانڕه‌وای كه‌ركوكه، ئه‌وا پێویسته د‌رك به‌وه بكات ئه‌و دابه‌شبوون و لێكترازانه كاریگه‌ری له‌سه‌ر كۆی كایه‌ی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی كۆمه‌ڵگه ده‌كات. بۆیه پێویسته كێشه‌ی كه‌ركوك چاره‌سه‌ر بكرێت.
ئه‌وه‌ی جێگه‌ی هه‌ڵوێسته‌كردنه، پێش هه‌ڵكردنی ئاڵای كوردستان له شاره‌كه و به‌شداریكردنی ڕیفراندۆم زۆربه‌ی لایه‌نه‌كان ده‌هاتن بۆ شاره‌كه و سه‌ردانی ئێمه‌یان ده‌كرد له ئه‌نجومه‌ن، به‌ڵام به‌داخه‌وه ئێستا كه‌س خۆی به خاوه‌نی كه‌ركوك نازانێت! ئه‌مه‌ش مه‌غزای سیاسی خۆی هه‌یه. بۆ نموونه حزبێك هه‌موو قورسای ئۆپۆزسیۆن بوونی خۆی له سلێمانی داناوه، به‌ڵام په‌یوه‌ندی به كه‌ركوكه‌وه نییه! یان حزبێك هه‌موو گوتاری خۆ به‌خاوه‌ن زانینی كوردستان و پرسه نه‌ته‌وه‌ییه‌كان له ڕاگه‌یاندنه‌كانیه‌وه باس ده‌كات، به‌ڵام په‌یوه‌ندی به كه‌ركوكه‌وه نی یه! بۆیه زۆر زه‌رووره ژیانی سیاسی له شاره‌كه ئاسایی بكرێته‌وه له پێناو ڕزگاركردنی دامه‌زراوه یاسای و ده‌ستورییه‌كانی شاره‌كه.
ئه‌وه‌ی له ئێستا به‌رپرسیارێتی ئێمه‌یه بریتیه‌له ڕزگاركردنی ئه‌وه‌ی ده‌توانین ڕزگاری بكه‌ین، دوو دامه‌زراوه سه‌ره‌كییه‌كه‌ی شاره‌كه، پارێزگا و ئه‌نجومه‌نی پارێزگا پێویسته ئه‌وله‌ویه‌تی ئێمه‌بن. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش ده‌بێت لایه‌نه‌كان بكه‌ونه گفتوگۆ، له پێشی هه‌موویانه‌وه گفتوگۆ له‌گه‌ڵ پارتی دیموكراتی كوردستان بكرێت، مه‌رج نییه بووترێت نابێت پارتی له كه‌ركوك بوونی هه‌بێت، چونكه پارتێكی سیاسییه، به‌ڵام ده‌بێت ئه‌و پارتییه‌ی كه پێویسته له كه‌ركوك هه‌بێت، نابێت ئه‌و پارتییه بێت كه پێش 15ی ئۆكتۆبه‌ر له كه‌ركوك بوونی هه‌بوو، هه‌مان شت به‌نسبه‌ت حزبه سیاسییه‌كانی تره‌وه. بۆیه پێویسته پێداچوونه‌وه‌یه‌كی گشتگیری هه‌موو سیاسه‌ته‌كانی خۆمان بكه‌ینه‌وه. هاوكات له‌گه‌ڵ توركمان و عه‌ره‌به‌كان گفتوگۆیه‌كی جدی ده‌ست پێ بكه‌ین و داكۆكی له‌سه‌ر جێ به‌جێكردنی ده‌ستور له ناوچه جێ ناكۆكه‌كاندا بكه‌ین. چونكه له‌ئێستادا كه‌ركوك له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی داعش و مه‌ترسی خه‌ڵكانی ئاژاوه‌گێر و ته‌وژمی توندڕه‌وی قه‌ومی و زۆر مه‌ترسی تردایه، به‌ڵام به‌رپرسیارێتی پاراستنی شاره‌كه ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆی پارته سیاسییه باڵاده‌سته‌كان.
ئاسته‌نگه‌كانی به‌رده‌م ئاسایبوونه‌وه‌ی ڕه‌وشی كه‌ركوك
كۆسپی سه‌ره‌كی به‌رده‌م ئاسایی بوونه‌وه‌ی شاره‌كه كێشه ناوخۆییه‌كانی لیستی برایه‌تی یه به پله‌ی یه‌ك، ئێمه توانیومانه زۆرینه كۆبكه‌ینه‌وه بۆ كۆبوونه‌وه و به‌رده‌وامیش ده‌بین. له‌گه‌ڵ پێزانینمان بۆ ئه‌و لایه‌نانه‌ی له‌ده‌ره‌وه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌ن، به‌ڵام زۆرینه ئاماده‌یه، ئێستاش چاوه‌ڕوانی دروست بوونی كۆده‌نگی ده‌كه‌ین له‌ناو لیستی برایه‌تی ئه‌وه‌شمان وه‌ك ده‌رفه‌تێك داوه به‌ولایه‌نانه‌ی كه ئاماده نه‌بوون. هه‌رچی به‌نسبه‌ت پێكهاته‌كانی تره، به‌هه‌مان شێوه بێ متمانه‌ی قووڵ هه‌یه و ئاسته‌نگی جدی دروست كردووه. بۆ نموونه كاتی خۆی كه سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا – حسن تۆران – ده‌ستبه‌رداری پۆسته‌كه‌ی بوو و ڕێبوار تاڵه‌بانی به وه‌كاله‌ت دیاریكرا بۆ ئه‌و پۆسته، به‌ڵام چوار ساڵه ئه‌و پۆسته به‌ڕێوه‌ده‌بات! بۆیه ناتوانین به‌ته‌نها سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌ن هه‌ڵبژێرین له توركمان له ترسی دووباره‌بوونه‌وه‌ی هه‌مان بارودۆخ، ئه‌ویش بۆ چه‌ندین ساڵ به‌رده‌وامی بدات به‌بێ له‌به‌رچاوگرتنی مافی پێكهاته‌كانی تر. بۆیه له‌ئێستادا كار له‌سه‌ر پێشنیاری ده‌نگدان بۆ پڕكردنه‌وه‌ی هه‌موو پۆسته‌كان ده‌كه‌ین به‌یه‌ك پاكێج – واتا ده‌نگدان به‌یه‌ك جار له‌سه‌ر پڕكردنه‌وه‌ی ته‌واوی پۆسته‌كان، ئه‌وه‌ش به‌هۆی نه‌بوونی متمانه له‌نێوان پێكهاته‌كانه‌وه. هه‌روه‌ها پێشتر له كاتی هه‌ڵبژاردنی د. نه‌جمه‌دین و حه‌سه‌ن تۆران ده‌نگدان به جیاواز نه‌كرا، به‌ڵكو به‌یه‌ك پاكێج بوو. زیاتر له‌وه‌ش له ئێستادا ده‌مانه‌وێت پێش ده‌نگدانیش واژووی ئه‌ندامان كۆبكرێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی ره‌گه‌زی پابه‌ندبوونی هه‌بێت و نه‌توانێت بڵێت ده‌نگ ناده‌م.
هه‌رچه‌نده پێم وانییه هیچ حزبێكی كوردستان هه‌بێت ئه‌و بێ متمانه‌یی بجووڵێنێت، به‌ڵام بۆ نموونه پارتی دیموكراتی كوردستان هه‌ندێك له ئه‌ندامه‌كانیان پۆستیان هه‌یه و زیاتر نزیكن له سه‌ركردایه‌تیان ڕه‌نگه نه‌یانه‌وێت ئاماده‌بن، هه‌رچی به‌شه‌كه‌ی تریانه ڕه‌نگه بیانه‌وێت به‌شداربن به‌ڵام ناتوانن له‌و ڕێچكه‌یه لابده‌ن و ناچارن گوێ له‌سه‌رووی خۆیان بگرن. به‌ڵام به‌نسبه‌ت یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستانه‌وه، مه‌رجه‌عی بڕیاردانی ئه‌و حزبه له‌سه‌ر كه‌ركوك له شاره‌كه‌دا بوونی هه‌یه نه‌ك له سلێمانی، به‌واتایه‌كی تر ئه‌و سه‌ركردانه‌ی یه‌كێتی له‌كه‌ركوك بوونیان هه‌یه ده‌سه‌ڵاتی ته‌واوی بڕیاردانیان له‌سه‌ر كاروباری شاره‌كه پێدراوه، خۆزگه زۆربه‌ی پارته سیاسییه كوردییه‌كانی تریش مه‌رجه‌عی بڕیاردانی خۆیان له‌سه‌ر كه‌ركوك له‌شاره‌كه ده‌بوو، نه‌ك چاوه‌ڕوانی سه‌رووی خۆیان بن كه ڕه‌نگه زۆر شاره‌زا و ئاگاداری ڕه‌وشی شاره‌كه نه‌بن. بۆ نموونه پێشتر به‌خشینی پۆستی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاری شاره‌كه به توركمان، كه پێشتر ڕزگار عه‌لی له‌و پۆسته‌بوو، ئه‌نجومه‌نی پارێزگا ئه‌و بڕیاره‌ی نه‌دا، به‌ڵكو ئه‌و بڕیاره له هه‌ولێره‌وه درا به ڕێككه‌وتنی پارتی و یه‌كێتی.
بۆیه ئێستا ڕووانگه‌یه‌كی ڕوون هه‌یه بۆ شاره‌كه كه یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان هه‌وڵی ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخی شاره‌كه ده‌دات و ده‌یه‌وێت مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌و واقعه بكات كه هه‌یه، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش ئاماده‌ی هه‌موو به‌رپرسیارێتییه‌ك بگرێته ئه‌ستۆ، چونكه زه‌ره‌رمه‌ندی سه‌ره‌كی بووه له‌وه‌ی به‌سه‌ر كه‌ركوك دا هاتووه. به‌ڵام پارتی ده‌ڵێت ئه‌وه‌ی هه‌یه ناواقعی و ناده‌ستورییه. هاوكات سه‌ره‌ڕای لابردنی و لێسه‌ندنه‌وه‌ی متمانه له پارێزگاری پێشوو، به‌ڵام هێشتا سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا به‌وه‌كاله‌ت (ڕێبوار تاڵه‌بانی) ده‌ڵێت "لای ئێمه هێشتا د.نه‌جمه‌دین پارێزگاره!" كه شتێكی ته‌ندروست نییه. بۆیه پێویسته كورد واقعی و لۆژیكییانه مامه‌ڵه بكات، به‌تایبه‌ت پارێزگارێك سێ ده‌سه‌ڵات كه له باڵاترین ده‌سه‌ڵاته‌كانی عێراقن و هه‌ر ئه‌و سێ ده‌سه‌ڵاته له عێراقدا هه‌یه ده‌نگی له‌سه‌ر لابردنی ئه‌و پارێزگاره داوه و ناچن بۆ ئێمه بڕیاره‌كانیان هه‌ڵبوه‌شێننه‌وه، ته‌نانه‌ت حزبه‌كه‌شی ده‌ڵێت ته‌واو (وه‌ك پارێزگار لابراوه). هه‌ندێك جار گوتارێك ئه‌بینیت له‌گه‌ڵ ئه‌و واقعه‌ی هه‌یه یه‌كناگرێته‌وه، بۆیه پێویسته ئه‌و واقعه‌ی هه‌یه وه‌ك خۆی خوێندنه‌وه‌ی بۆ بكرێت و كاردانه‌وه و هه‌نگاوه‌كانیشمان له‌ئاست ئه‌و واقعه‌دا بێت، چونكه له‌ئێستادا كورد له هه‌ره‌می ده‌سه‌ڵات هاتووه‌ته بنكه‌ی ده‌سه‌ڵات، به‌ڵام هێشتا حه‌قیقه‌ت و مه‌شروعیه‌ت لای كورده، بۆیه ده‌بێت لیستی برایه‌تی چالاك بكه‌ینه‌وه. ئه‌ویش بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی پۆستی پارێزگا له‌سه‌ربنه‌مای به‌ركه‌وته‌ی هه‌ڵبژاردن و رێكه‌وتنی سیاسی له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی توركمان و عه‌ره‌ب كه پێشتر هه‌مان بووه، نه‌ك له‌سه‌ر بنه‌مای لۆژیكی هێز.
جێكه‌وته نه‌رێنیه‌كانی به‌رده‌وام بوونی ڕه‌وشی كه‌ركوك به‌م شێوازه
به‌رده‌وام بوونی ڕه‌وشی كه‌ركوك به‌بێ كاراكرادنه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا و هه‌ڵبژاردنی پارێزگارێكی كورد، چه‌ندین لێكه‌وته‌ی خراپی هه‌یه. چونكه له‌ئێستا ئه‌و پارێزگاره‌ی هه‌یه به‌جۆرێك له جۆره‌كان به ڕێگه‌ی جیاواز كار له‌سه‌ر بڕیاره‌كانی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی شۆڕشی حزبی به‌عس ده‌كات به‌رامبه‌ر به شاره‌كه. بۆ نموونه نزیكه‌ی (460 بۆ 470) بڕیاری ئه‌نجومه‌نی كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی حزبی به‌عس ده‌رباره‌ی شاره‌كه هه‌یه، كه ته‌نها نزیكه‌ی 20%ی ئه‌و بڕیارانه هه‌ڵوه‌شاوه‌ته‌وه، به‌ڵام ئێستا كار له‌سه‌ر كاراكردنه‌وه و دووباره كاركردنه‌وه به‌و بڕیارانه ده‌كرێت. بۆ نموونه، پێشتر حزبی به‌عس 50 دۆنم زه‌وی له جوتیارێكی كورد وه‌رگرتووه و داوێتی به عه‌ره‌بێك، به گرێبه‌ستی كشتوكاڵی له‌گه‌ڵ فه‌رمانگه‌ی كشتوكاڵی كه‌ركوك مۆڵه‌تی به‌كارهێنانی داوه به عه‌ره‌به‌كه، به‌ڵام كاتێك دادگا ده‌یگه‌ڕێنێته‌وه بۆ خاوه‌نه ئه‌صڵیه كورده‌كه‌ی، ئه‌و دێت مه‌رج و كۆتی وای بۆ داده‌نێت كه پرۆسه‌ی وه‌رگرتنه‌وه‌كه به فعلی قورس بێت یاخوود ئیجرائاتی گواستنه‌وه‌ی موڵكیه‌ته‌كه‌ی له به‌غداد قورس بكات، یان به‌ڕێوه‌به‌ری فه‌رمانگه‌كه كێشه‌ی بۆ دروست ده‌كات و كاره‌كانی ڕاده‌گرێت. بۆیه ئێستا پارێزگا به‌وه‌كاله‌ته‌كه‌ی كه‌ركوك كار به‌و گرێبه‌ستانه ده‌كاته‌وه.
نموونه‌یه‌كی تر، كاتی خۆی له چوارچێوه‌ی پرۆسه‌ی به‌عه‌ره‌ب كردنی شاری كه‌ركوك خه‌ڵكێكی زۆر هاتوونه‌ته شاره‌كه و به‌پێی سه‌رژمێری 1957 له‌دایك بوون و نیشته‌جێ بوونیان كه‌ركوك نی یه و ئێستاش ژماره‌یان زۆر بووه و له‌سه‌ر حسابی خه‌ڵكی ئه‌صلی شاره‌كه به‌كارده‌هێنرێن، به‌ڵام ئه‌و دێت بۆ هه‌موو به‌ربه‌رسته‌كانی تایبه‌ت به نیشته‌جێ بوون و كاركردن و ته‌وزیف له‌سه‌ر ئه‌و خه‌ڵكانه لاده‌بات. بۆیه پرۆسه‌ی به‌عه‌ره‌ب كردنه‌كه پێویست ناكات یاسای بۆ ده‌ربكرێته‌وه، به‌ڵكو هه‌مان بڕیاره كۆنه‌كانه كاری له‌سه‌ر ده‌كه‌نه‌وه!
نموونه‌یه‌كی تر، هه‌رچه‌نده ناچێته چوارچێوه‌ی به عه‌ره‌ب كردنه‌وه، به‌ڵام كاریگه‌ری خراپی له‌سه‌ر شاره‌كه هه‌یه. به‌هۆی ئه‌وه‌ی وه‌قفی دینی زۆرجار خاوه‌ن موڵكیه‌ته، ئه‌مه‌ش واده‌كات ببێت به‌خاوه‌ن داهات و ئابووری، كه سه‌ره‌نجام ڕێگه‌ی بۆ خۆش ده‌كات بخزێته ناو ژیانی گشتی یه‌وه، كاربكات بۆ دروستكردنی خوێندگا و په‌یمانگا و ناوه‌ند و ده‌زگای میدیای تایبه‌ت به خۆی هه‌بێت و بچێته‌ناو كایه‌ی سیاسه‌ت و هه‌ڵبژاردنه‌وه. به‌هه‌مان شێوه، دیوانی وه‌قفی شیعی پێویستی به‌خاوه‌ندارێتی زه‌وی و زار هه‌یه له عێراق، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش بڕیارێكیان ده‌ركردووه له هه‌رشوێنێك مه‌زراگه‌یه‌ك، مه‌رقه‌دێك یان شوێنه‌وارێكی ئاینی هه‌بێت، ته‌نها ئه‌و كه‌سه ئاینییه بچێته‌وه سه‌ر "ئال و البیت" پێویسته ئه‌و ناوچه‌یه تاپۆ بكرێت له‌سه‌ر دیوانی وه‌قفی شیعی. بۆیه دوای كۆنترۆڵكردنی كه‌ركوك، لیژنه‌یه‌ك له به‌غداده‌وه هاتن مزگه‌وتی ئیمام قاسم له كه‌ركوك كه مێژوویه‌كی كۆنی هه‌یه و له ناوچه‌یه‌كی كورد نیشینه، وتیان مادام ئه‌م مزگه‌وته ده‌چێته‌وه سه‌ر ئیمام محمد – كوڕی ئیمام قاسمی – كوڕی ئیمام عه‌لی جوادی – كوڕی ئیمام ڕه‌زا، ئه‌وا ئه‌چێته‌وه سه‌ر ئال و البیت – كه‌واتا شیعه‌یه و تاپۆیانكرد له‌سه‌ر وه‌قفی شیعی! تائێستا نزیكه‌ی 370 تا 400 دۆنم زه‌وییان به‌م شێوه‌یه به پارێزگای كه‌ركوك تاپۆكردووه، هه‌روه‌ها له پارێزگای سامه‌ڕاش كاری له‌م جۆره‌یان كردووه.
نموونه‌یه‌كی تر كه ئه‌گه‌ر ڕێگه‌ی لێنه‌گرین، ئه‌وا كورد له كه‌ركوك زۆرینه‌ی هه‌ڵبژاردن له‌ده‌ست ده‌دات. به‌پێ یاسای هه‌ڵبژاردن له عێراق هه‌ر هاوڵاتییه‌ك له‌شوێنێك بۆ ماوه‌ی 10 ساڵ نیشته‌جێ بوو ده‌توانێت مافی ده‌نگدانی هه‌بێت له‌وشوێنه. ئه‌مه‌ش واتا ده‌توانرێت مافی نیشته‌جێ بوون و هاوڵاتی بوونی ئه‌و شاره‌ی پێ بدرێت. ئێمه وه‌ك ئه‌نجومه‌نی پارێزگا له سێ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی ڕابردوو له شاره‌كه نه‌مان هێشتووه كار به‌و یاسایه بكرێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئێستا هه‌ڵبژاردن بكرێت و به‌م پارێزگاره به‌وه‌كاله‌ت و ڕه‌وشه‌وه ئه‌وا ڕێگه به‌كاركردن به‌و یاسایه ده‌دات، كه به‌دڵنیاییه‌وه ئه‌گه‌ر نه‌بینه به‌ربه‌ست له‌به‌رده‌م ئه‌و یاسایه ئێمه وه‌ك كورد زۆرینه نابین له كه‌ركوك.
هه‌ڵوێستی توركمان و عه‌ره‌به‌كانی شاره‌كه
ئاشكرایه توركمانه‌كان چاویان له‌وه‌یه له داهاتوودا كه‌ركوك هه‌رێمێكی سه‌ربه‌خۆ بێت، به‌ڵام ئێستا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی توركمانی شیعه باڵا ده‌سته ئه‌و هه‌رێمه‌یان به‌دڵ نییه. عه‌ره‌به‌كان ده‌یانه‌وێت كه‌ركوك پارێزگایه‌ك بێت وه‌ك هه‌ر پارێزگایه‌كی تر، چونكه به‌هه‌رێم كردنی كه‌ركوك ئه‌وان ده‌بنه كه‌مینه. به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی ناوچه هاوسنوره‌كانی كه‌ركوك عه‌ره‌بی زۆره – ئه‌وا له ئه‌گه‌ری مانه‌وه‌ی به پارێزگا بزاوتی دانیشتوان و سه‌رمایه به ئاراسته‌ی ئه‌و ناوچه عه‌ره‌بییانه‌ی هاوسنوری كه‌ركوك ده‌بێـت كه عه‌ره‌ب نشینن به‌هێزتر ده‌بێت، له‌بری ئه‌وه‌ی هه‌رێمێكی داخراوبێت كه ئه‌وان تیایدا كه‌مینه‌ن.
هه‌ڵوێستی ولایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا له‌سه‌ر كه‌ركوك
هه‌رچی ولایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكایه، واشنتۆن چاوه‌ڕی ده‌كات له هه‌ڵبژاردنی داهاتوو كه بڕیاره له 15ی ئایاری 2018 بكرێت، هێزگه‌لێكی نوێ بێن كه له ئێران دووربكه‌ونه‌وه. ئه‌مریكا كار له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كات كه هاوسه‌نگی به‌لای ئێران‌دا نه‌شكێته‌وه، به‌ڵكو بگه‌ڕێته‌وه بۆ ژینگه‌ی سروشتی خۆی. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش كارده‌كات له‌سه‌ر هاوكاریكردنی عه‌بادی به‌رامبه‌ر به مالیكی، ئه‌ویش له‌ڕێگه‌ی نزیكردنه‌وه‌ی عه‌بادی له سعودیه و میسر، هانی بدات بۆ هاوكاریكردنی له‌بواری بنیادنانه‌وه‌ی عێراق و هاوكاری بكات له‌ڕووی سه‌ربازی، ته‌نانه ئه‌مریكا پلانی هه‌بوو كوردیش به‌شێك بێت له به‌ره‌ی عبادی، به‌ڵام ڕاپرسی ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ی ولایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی شێواند. بۆیه پێی ناچێت ئه‌مریكا تا ئایاری ساڵی داهاتوو ئه‌م دیمه‌نه بگۆڕێت. هه‌رچی ئه‌و ئاڵوگۆڕه سه‌ربازییه‌ی له كه‌ركوك ڕوویدا، ئه‌مریكا نه‌یتوانی پێشی پێ بگرێت. چونكه ئه‌مریكا هیچ بژارده‌یه‌كی له‌به‌رده‌ست نه‌بوو، جگه له لێدانی عێراق، به‌ڵام ناتوانێت چونكه عێراق ده‌وڵه‌تێكی خاوه‌ن سه‌روه‌رییه، بۆیه ته‌نها ئه‌وه‌نده‌ی پێكرا بڵێت پێشڕه‌وییه‌كان با تا سنوری 2003 زیاتر نه‌بێت. به‌ڵام له ئێستادا ئه‌مریكییه‌كان پێداچوونه‌وه به سیاسه‌تی خۆیاندا ده‌كه‌نه‌وه، هه‌م له‌گه‌ڵ كورد هه‌میش له‌گه‌ڵ عێراق، بۆیه ڕێگه‌نادات نه كوده‌تای سه‌ربازی و نه ئاشووبی گه‌وره تا هه‌ڵبژاردنی داهاتوو ڕووبدات. به‌ڵام ئه‌گه‌ر له‌دوای 15ی ئایار ئه‌گه‌ر هاوسه‌نگی هێز به‌لای ئێراندایه و سه‌ركه‌وتنی هێزگه‌له‌كانی پرۆ-ئیران مسۆگه‌ره، ئه‌وا ئه‌شێت ئه‌مریكا هه‌ندێك گۆڕانكاری له عێراق بكات به‌تایبه‌ت به پشتیوانیكردنی سوننه و كورد، و وابكات زۆرترین ناوچه له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی عێراقێكی نزیك له ئێران ده‌ربكات، ڕه‌نگه ناوچه نه‌وتییه‌كانیش بگرێته‌وه. به‌ڵام ئه‌گه‌ر بزانێت به‌ره‌ی موقته‌دا صه‌در كه به‌ره‌سمی پشتگیری عبادی ده‌كات و سوننه‌كانیش دابه‌شبوونه – به‌هێزه، ئه‌وا ئه‌شێت عێراق بچێته پرۆسه‌یه‌كی ئاشته‌وای تازه‌وه كه ڕزگاری بێت له كۆت و به‌ندی ده‌ره‌كی و له‌گه‌ڵ كورده‌كان بگه‌نه ڕێككه‌وتن. چونكه ئه‌و عێراقه بۆ ئه‌مریكا گونجاوتره. بۆیه تا ئه‌وكاته هه‌ڵوێستی ئه‌مریكا سه‌قامگیره، به‌ڵام نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان به ئاشكرا پێیان ڕاگه‌یاندووین كه ئه‌گه‌ر ناسه‌قامگیری دروست بێت ئه‌وا زیان ده‌كه‌ن و ته‌نانه‌ت وه‌ك هه‌ڕه‌ش ئه‌وه‌یان پێ ووتوین كه ئه‌گه‌ر فه‌وزا دروست بێت ئه‌وا چه‌ك حوكم ده‌كات جا چ چه‌كی ده‌وڵه‌ت بێت (دانانی حاكمێكی سه‌ربازی) یان شه‌قام، بۆیه باشترین چاره‌سه‌ر كۆبوونه‌وه‌ی به‌رده‌وامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوكه.