خراپبوونی دۆخی كورده‌كانی عێراق سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا ڕووبه‌ڕووی ئاڵنگاری ئه‌كاته‌وه‌

26/11/2017

:: بێ نوسەر ناوه‌ندی كوردستان بۆ توێژینه‌وه‌ له‌ململانێ و قه‌یرانه‌كان
نووسینی: جۆن گڵاسه‌رو كریستۆفه‌ر پرێبڵ
سه‌رچاوه‌: The National Interest
وه‌رگێڕانی: قاره‌مان عه‌لی

دوای ئه‌وه‌ی سوپای عێراق به‌ره‌و شاری كه‌ركوك، كه‌ پێشتر له‌لایه‌ن كورده‌وه‌ كۆنترۆڵكرابوو، جوڵه‌ی كرد. هه‌ندێك به‌پێویستیان زانی كه‌ ولایه‌ته‌یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا ده‌ستوه‌ردانی سه‌ربازی له‌ به‌رژه‌وه‌ندی كورده‌كان بكات و كورد بپارێزێت. ته‌نانه‌ت هه‌ندێك داوای ئه‌وه‌یانكردبوو كه‌ ئه‌بێت ئه‌مه‌ریكا هاوكاری كورده‌كان له‌ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی كوردیدا بكات. ده‌سته‌ی نووسه‌رانی ڕۆژنامه‌ی (وه‌ڵ ستریت جۆرناڵ) هۆشداری ئه‌وه‌یان داوه‌ كه‌ به‌ته‌نها جێهێشتنی كورده‌كان ئه‌بێته‌هۆی "زیانگه‌یاندن به‌ ڕاستگۆبوونی (میسداقیه‌تی) ئه‌مه‌ریكاو سنورداركردنی توانای ئیداره‌كه‌ی سه‌رۆك تره‌مپ بۆ یه‌كخستنی هاوپه‌یمانه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌ دژی هه‌وڵه‌ فراوانخوازییه‌كانی ئێران له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا." 
ئێمه‌ به‌ته‌واوه‌تی ئاگه‌داری ئه‌وه‌ین كه‌ كورد بۆ زیاتر له‌ سه‌ده‌یه‌كه‌ سته‌میان لێ ئه‌كرێت و ئه‌چه‌وسێنرێنه‌وه‌و بێ به‌شكراون له‌ مافه‌ سیاسییه‌كانیان. هه‌روه‌ها كورده‌كان هاوپه‌یمانێكی باوه‌ڕپێكراوی سه‌ربازه‌ ئه‌مه‌ریكییه‌كانن له‌ ناوچه‌كه‌. به‌كورتی، كورده‌كان شایسته‌ی سه‌ربه‌خۆی یان دیاریكردنی چاره‌نووسی خۆیانن و ئومێده‌وارین ئه‌وان له‌ كۆتایدا بگه‌ن به‌وه‌ی كه‌ هه‌وڵی بۆ ئه‌ده‌ن.
سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا به‌شێوه‌یه‌كی ئه‌بستراكت به‌رهه‌م نایه‌ت، له‌كاتی داڕشتن و دیاریكردنی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا ڕه‌چاوی جیهان وه‌ك ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌یه‌ ئه‌كرێـت و ڕۆڵه‌ گرنگه‌كه‌ی هێز له‌ سیاسه‌تی جیهاندا به‌هه‌ند وه‌ر ئه‌گیرێت. به‌له‌به‌رچاوگرتنی هه‌موو ئه‌مانه‌، پرسیاری ئه‌وه‌ی كه‌ ئایا پێویسته‌ ئه‌مه‌ریكا، وه‌ك به‌شێك له‌ سیاسه‌تكردن، پاڵپشتی له‌ سه‌ربه‌خۆبوونی كوردستان بكات، پرسیارێكی ته‌واو قورس و سه‌خته‌. 
سه‌ره‌تا پرسیارێكی ستراتیجی بوونی هه‌یه‌ كه‌ پێویسته‌ به‌دوای وه‌ڵامه‌كه‌یدا بگه‌ڕێن: ئایا سه‌ربه‌خۆبوونی كوردستان چی كاریگه‌رییه‌كی له‌سه‌ر ناوچه‌كه‌ ئه‌بێت؟ سه‌ربه‌خۆبوونی كوردستان توركه‌كان، كه‌ چه‌ندین ساڵه‌ له‌ دژی جیابوونه‌وه‌ی كورد له‌ جه‌نگدان، توڕه‌ ئه‌كات. به‌شێك له‌ كورده‌كانی توركیا وه‌ك په‌رچه‌كردارێك له‌ دژی ڕه‌فتاره‌كانی ئه‌نقه‌ره‌ چه‌كیان هه‌ڵگرتووه‌و جه‌نگێكی درێژخایه‌ن، كه‌ قوربانییه‌كانی ئه‌م جه‌نگه‌ به‌ چل هه‌زار كه‌س مه‌زه‌نده‌ ئه‌كرێت، له‌ نێوان هه‌ردوولا ده‌ستی پێكردووه‌. په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان ئه‌نقه‌ره‌و واشنتن خراپه‌و به‌م دوایانه‌ خراپتر بووه‌. به‌شێك له‌ هۆكاره‌كانی خراپبوونی په‌یوه‌ندییه‌كانی ئه‌نقه‌ره‌و واشنتن بۆ ئه‌وه‌ ئه‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ ئه‌ردۆگانی سه‌رۆكی توركیا ئازادییه‌كانی له‌ نێوخۆیی توركیا به‌رته‌سك كردووه‌ته‌وه‌و دژایه‌تی سیاسه‌ته‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌ سوریا ئه‌كات. به‌ڵام له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌دا، توركیا ئه‌ندامی ناتۆیه‌و هێزه‌ سه‌ربازییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌ به‌شێكی زۆری ناوچه‌كانی توركیا، بنكه‌ی ئاسمانی ئه‌نجه‌رلیك وه‌ك نموونه‌ بوونی هه‌یه‌. دژایه‌تی كردنی ئه‌ردۆگان له‌ ڕێگه‌ی پاڵپشتیكردنی سه‌ربه‌خۆیی كورده‌كانه‌وه‌ ڕه‌نگه‌ بیێته‌هۆی به‌ده‌ستهێنانی هاوپه‌یمانێكی نوێ و له‌رزۆكی وه‌ك ده‌وڵه‌تی كوردستان، به‌ڵام له‌هه‌مان كاتدا ئه‌مه‌ریكا دۆستێكی دێرین و هاوپه‌یمانێكی به‌هێز له‌ ناوچه‌كه‌، به‌هۆی پاڵپشتیكردنی سه‌ربه‌خۆیبوونی كورده‌كانه‌وه‌، له‌ده‌ست ئه‌دات. 
ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی كه‌ په‌رتبوونی عێراق بۆ دوو ده‌وڵه‌ت یان زیاتر ده‌ستی ئێرانییه‌كان له‌ به‌غدادی پایته‌خت و ناوچه‌ شیعییه‌كان واڵاتر ئه‌كات و ئه‌بێته‌ هۆی فراوانبوونی نفوزی (ده‌سه‌ڵاتی) ئێران له‌ عێراق و ئه‌م فراوانبوونه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ئێراق له‌ عێراق پێچه‌وانه‌یه‌ له‌گه‌ڵ سیاسه‌ته‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق. هه‌روه‌ها دابه‌شبوونی عێراق یان جیابوونه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان ئومێدی كه‌مكردنه‌وه‌ی توندوتیژییه‌كان له‌ عێراق له‌بار ئه‌بات. به‌ ئه‌زموون؛ ئه‌وه‌ ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ له‌به‌ریه‌ك هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ یان جیابوونه‌وه‌ له‌ وڵاتان، ئه‌گه‌ر به‌شێوه‌یه‌كی ئاشتیانه‌ ڕووینه‌دابێت، ئه‌وا ئارامی ناوچه‌كه‌ی خستووه‌ته‌ مه‌ترسییه‌وه‌و هیچ ده‌وڵه‌تێك ئاره‌زووی ئه‌وه‌ ناكات كه‌ ده‌ستبه‌رداری به‌شێك له‌خاكی وڵاته‌كه‌ی ببێت.  
كاتێك گروپێك ئه‌یه‌وێت له‌ وڵاتی دایك جیاببێته‌وه‌، جه‌نگ و یاخیبوونی سه‌ربازی ده‌رئه‌نجامێكی چاوه‌ڕوانكراوه‌ له‌و وڵاته‌. له‌ ڕاستیدا به‌شێكی زۆر له‌ ململانێكی دوای جه‌نگی جیهانی دووه‌م بریتییه‌ له‌ جه‌نگی نێوان ده‌وڵه‌تی دایك و ئه‌و هه‌رێمی و گروپانه‌ی كه‌ ویستویانه‌ له‌ وڵاتی دایك جیاببنه‌وه‌.
به‌ئاشكرا پاڵپشتیكردنی خه‌ونی سه‌ربه‌خۆبوونی كورده‌كان ئه‌مه‌ریكا، له‌ڕووی مۆراڵییه‌وه‌، ناچار ئه‌كات كه‌ ببێته‌ داكۆكیكارێك له‌ گروپه‌ جودا خوازه‌كانی جیهان: له‌ تایوان و تیبته‌كانی چین و ئه‌رمه‌نییه‌كانی ئه‌زه‌ربایجان و ڕه‌یزه‌ڵه‌كانی كۆڵۆمبیاو بیگره‌ تا ئه‌گات به‌ كه‌ته‌لۆنیای ئیسپانیا. پێنج سه‌د زمانی جیاوازو نزیكه‌ی پێنج هه‌زار گروپی جیاجیا له‌ جیهاندا بوونی هه‌یه‌. به‌خشینی مافی جیابوونه‌وه‌ به‌هه‌موو ئه‌م گروپانه‌و پابه‌ندكردنی ئه‌مه‌ریكا به‌ پاراستنیانه‌وه‌ كارێكی تاقه‌تپڕوكێن ئه‌بێت بۆ ئه‌مه‌ریكییه‌كان. جۆن ستوارت میڵی فه‌یله‌سوفی به‌ریتانی سه‌ده‌ی نۆزده‌ پێشبینی ئه‌م جۆره‌ كێشه‌یه‌ی كردووه‌. هه‌رچه‌نده‌ جۆن بڕوای به‌ مافی چاره‌ی خۆنوسین، وه‌ك پره‌نسیپێك، هه‌بووه‌، به‌ڵام ئه‌و له‌دژی ئه‌وه‌بوو كه‌ هێزه‌ بیانییه‌كان ده‌ستوه‌ردان بكه‌ن و خۆیان بكه‌ن به‌ نوێنه‌ری ئه‌و گروپانه‌ی كه‌ ئه‌یانه‌وێت له‌ ده‌ستی ده‌وڵه‌تی سه‌ركوتكه‌ر ڕزگاریان ببێت. ئه‌م جۆره‌ ده‌ستوه‌ردانانه‌، به‌بڕوای ئه‌و، سه‌ركه‌وتوو نابێت و به‌زیانی ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ بیانیانه‌ كۆتای پێدێت كه‌ ده‌سوه‌ردانیانكردووه‌و بۆ ماوه‌یه‌كی كاتی خه‌ڵكه‌ (گروپه‌) چه‌وساوه‌و جودا خوازه‌كه‌ ئازاد ئه‌كات. 
به‌كورتی، به‌ئاشكرا پاڵپشتی كردنی سه‌ربه‌خۆبوونی كوردستان، به‌لای كه‌مه‌وه‌، سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ولایه‌ته‌یه‌ كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا ڕووبه‌ڕووی ئاڵنگاری ئه‌كاته‌وه‌و ئه‌مه‌ریكا ناچار ئه‌كات كه‌ ده‌ستوه‌ردانی سه‌ربازی زیاتر له‌ ناوچه‌كه‌ بكات و ڕاستوخۆ ببێت به‌لایه‌نێك له‌ ململانێكانی دروستكردنی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی. هه‌موو ئه‌م شتانه‌ كه‌ ئه‌مه‌ریكا ئه‌بێت بیكات به‌راورد به‌ پاراستنی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا شت گه‌لێكی لاوه‌كین. 
ئه‌مه‌ به‌و مانایه‌ نایه‌ت كه‌ نابێت ئه‌مه‌ریكا تواناكانی خۆی بۆ ڕێگریكردن له‌ چه‌وساندنه‌وه‌ی كورد له‌لایه‌ن به‌غدادو ئه‌نقه‌ره‌و ئه‌وانیتره‌وه‌ به‌كاربهێنێت. ئیداره‌كه‌ی تره‌مپ پێویسته‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ به‌غدادو ئه‌نقه‌ره‌ به‌كاربهێنێت و هانی ئه‌و وڵاتانه‌ بدات كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی ئاشتیانه‌و له‌ ڕێگه‌ی گفتوگۆوه‌، نه‌ك له‌ڕێگه‌ی به‌كارهێانی هێزه‌وه‌، پرسی كورد له‌ وڵاته‌كانیان چاره‌سه‌ر بكه‌ن. هه‌ركاتێك ئه‌مه‌ریكا هه‌ستی كرد كه‌ حكومه‌ته‌كانی به‌غدادو ئه‌نقه‌ره‌ مافه‌كانی كورد پێشێل ئه‌كه‌ن، ڕه‌خنه‌گرتنێكی زاره‌كیانه‌ له‌ جێ خۆیه‌تی. ئێمه‌ی ئه‌مه‌ریكا ئه‌بێت نه‌ خۆمان و نه‌ كورده‌كان توشی سه‌رئێشه‌و نه‌هامه‌تی زیاتر نه‌كه‌ین.  

زۆرترین خوێندراوە


political studies copyright 2017 © . All right reserved Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure