دوو ریفراندۆمی شكستخواردوو

03/12/2017

:: بێ نوسەر ناوه‌ندی كوردستان بۆ توێژینه‌وه‌ له‌ململانێ و قه‌یرانه‌كان
سه‌رچاوه‌: ناوه‌ندى كارنیگى بۆ خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست

رۆژى 31ـى تشرینى یه‌كه‌مى 2017 له‌ كتێبه‌كانى مێژوودا به‌ تۆماركراوى وه‌ك ئه‌و رۆژه‌ ده‌مێنێته‌وه‌ كه‌ به‌ڕێكه‌وت دوو خه‌ونى سه‌ربه‌خۆیى له‌یه‌ك كاتدا و له‌به‌ر هۆكارگه‌لێكى تاڕاده‌یه‌ك له‌یه‌كچوو وردوخاش بوون. 
ئه‌وه‌بوو له‌و رۆژه‌دا مه‌سعود بارزانى له‌پاش دوانزه‌ ساڵ له‌ سه‌رۆكایه‌تیكردنى هه‌رێمى كوردستان ده‌ستى له‌كاركێشایه‌وه‌، ئه‌وه‌ش هاوكات بوو له‌گه‌ڵ كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانى "كارڵس پۆگدیمۆن"ى سه‌رۆكى هه‌رێمى كه‌ته‌لۆنیا له‌ برۆكسل، كه‌ له‌ كۆتایى مانگى تشرینى یه‌كه‌مى رابردوودا حكومه‌تى ئیسپانیا له‌ پۆسته‌كه‌ى دووریخسته‌وه‌. كۆنگره‌كه‌ وه‌ك كۆتا هه‌وڵێكى بێ ئه‌نجام وه‌هابوو، كه‌ تیایدا "پۆگدیمۆن" رایگه‌یاند له‌به‌ر ئاسایش و سه‌لامه‌تى گیانى خۆى له‌ پایته‌ختى به‌لجیكا ده‌مێنێته‌وه‌. ئه‌و دوو سه‌ركرده‌یه‌ وه‌ك دوو كه‌سایه‌تى ره‌مزى له‌پشت ئه‌نجامدانى راپرسى بۆ سه‌ربه‌خۆیى هه‌رێمى كوردستان و هه‌رێمى كه‌ته‌لۆنیاوه‌ بوون له‌ 25ـى ئه‌یلول و 1ـى تشرینى یه‌كه‌مدا، هه‌ردوو راپرسییه‌كه‌ش له‌نێو گڕوتینێكى سیاسیى به‌هێزدا گوزه‌ران، له‌كۆتاییشدا چاره‌نووسه‌كه‌یان شكستى سیاسى بوو. 
گه‌ر خاڵى هاوبه‌شیش له‌نێوان هه‌ردوو كه‌یسه‌كه‌دا هه‌بێت، ئه‌وا ده‌چنه‌ ژێر دوو خانه‌ى جیاوازه‌وه‌:
خاڵى هاوبه‌شى یه‌كه‌م: بریتییه‌ له‌و هه‌سته‌ى كه‌ باڵى به‌سه‌ر دانیشتووانى هه‌ریه‌ك له‌ كوردستانى عێراق و كه‌ته‌لۆنیادا گرتبوو به‌وه‌ى "ساته‌وه‌خته‌ مێژووییه‌كه‌یان" كاتى هاتووه‌ و ئیدى له‌سه‌ر نه‌خشه‌ى جیهانن و هه‌رگیز به‌زه‌برى هێز ناتوانرێت له‌وه‌ پاشگه‌زبكرێنه‌وه‌ كه‌ باوه‌ڕیان پێیه‌تى. جگه‌ له‌وه‌ ژماره‌یه‌كى زۆر له‌ كوردانى عێراقى پێیان وابوو كه‌ خۆرئاوا قه‌رزارباریانه‌ به‌هۆى ئه‌وه‌ى شه‌ڕێكى سه‌ركه‌وتوویان دژى ده‌وڵه‌تى ئیسلامى كردووه‌. 
هه‌رچى خاڵى هاوبه‌شى دووه‌میشه‌، خۆى له‌و متمانه‌ زیاد له‌ پێویسته‌دا ده‌بینێته‌وه‌ كه‌ هه‌ردوو سه‌ركرده‌ به‌خۆیانیان هه‌بوو، به‌جۆرێك كه‌ پاڵى پێوه‌نان له‌ خوێندنه‌وه‌ى دیمه‌نى نێوده‌وڵه‌تیدا هه‌ڵه‌یه‌كى كوشنده‌ ئه‌نجام بده‌ن. بارزانى نه‌ك گوێى بۆ ئامۆژگارییه‌كانى واشنتۆن هه‌ڵنه‌خست، به‌ڵكو گوێى به‌ هه‌ڕه‌شه‌كانى به‌غدا و هێزه‌ هه‌رێمییه‌كانى وه‌ك ئێران و توركیاش نه‌دا، ره‌نگه‌ "جوست هێڵترمان"یش له‌ گروپى قه‌یرانى نێوده‌وڵه‌تى قسه‌ى دڵى هه‌مووانى كردبێت كاتێك ئاماژه‌ى به‌وه‌دا كه‌ "كورده‌كان به‌درێژایى ماوه‌یه‌كى زۆر له‌ مێژووه‌كه‌یان به‌هه‌ڵه‌ خوێندنه‌وه‌یان بۆ مه‌رامه‌كانى ئه‌مریكا كردووه‌". 
هه‌رچى "پۆگدیمۆن"یشه‌، لاى خۆیه‌وه‌ سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو له‌وه‌ى به‌وردى قه‌باره‌ى ئه‌و پاڵپشتییه‌ پێوانه‌ بكات كه‌ مه‌درید له‌ پایته‌خته‌ ئه‌وروپى و دامه‌زراوه‌كانى یه‌كێتیى ئه‌وروپاوه‌ به‌ده‌ستى ده‌گات، ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدا كه‌ یه‌كێتیى ئه‌وروپا به‌هۆى جیابوونه‌وه‌ى به‌ریتانیا و ناكۆكییه‌ سیاسییه‌ جه‌وهه‌رییه‌كانى له‌گه‌ڵ مه‌جه‌ڕ و پۆڵه‌ندا  رووبه‌ڕووى ئاڵناگارى بووه‌ته‌وه‌. 
هاوكات سه‌ركرده‌ كورد و كه‌ته‌لۆنیه‌كان شكستیان هێنا له‌وه‌ى درك به‌وه‌ بكه‌ن كه‌ رژێمه‌ سیاسییه‌كانى پێشوو هه‌ر ده‌مێننه‌وه‌، ئه‌ویش له‌به‌ر هه‌مان هۆكارى هه‌ردوو كه‌یسه‌كه‌، كه‌ بریتیى بوو له‌ "ترس له‌ ئاینده‌یه‌كى نادیار". چونكه‌ گه‌ر كوردستانى عێراق سه‌ربه‌خۆیى به‌ده‌ستبهێنایه‌، ئه‌وا زه‌مین له‌رزه‌ى وه‌هاى دروست ده‌كرد كه‌ لێكه‌وته‌كانى ده‌گه‌یشتنه‌ ئێران و توركیا، بگره‌ له‌وانه‌یه‌ هیواى بۆ كورده‌كانى سوریاش دروست بكردایه‌، هه‌روه‌ها گه‌ر كۆمارى كه‌ته‌لۆنیاش دابمه‌زرایه‌، ئه‌وا ده‌بووه‌ پێشینه‌یه‌كى نه‌خوازراو له‌ ناوچه‌ى دیكه‌ى ئیسپانیا و سه‌رتاسه‌رى یه‌كێتیى ئه‌وروپادا. 
هه‌ربۆیه‌ له‌ئێستادا هه‌م په‌ڕوباڵى ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ خودموختارییه‌ به‌رفراوانه‌ ده‌كرێت كه‌ حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان هه‌یه‌تى، هه‌میش مافى خۆبه‌ڕێوه‌به‌رى هه‌رێمى كه‌ته‌لۆنیا هه‌ڵپه‌سێردرا، جگه‌ له‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى ئیسپانیا رێكارى یاسایى بۆ ده‌ستگیركردنى ئه‌و به‌رپرسه‌ كه‌ته‌لۆنیانه‌ گرتۆته‌به‌ر كه‌ پشتگیریى سه‌ربه‌خۆییان كردووه‌. دواجار له‌ هه‌ردوو كه‌یسه‌كه‌شدا هه‌ستى نائومێدى و توڕه‌یى باڵ به‌سه‌ر ساڵانى ئاینده‌دا ده‌كێشێت، كه‌ لێره‌دا هیواده‌خوازرێت رێگه‌ به‌سه‌رهه‌ڵدانى توندوتیژى نه‌درێت. 
سه‌باره‌ت به‌ كوردستانى عێراق، گه‌لێك گرفت له‌ئارادان، له‌هه‌مان كاتدا ژماره‌یه‌ك فاكته‌ریش هه‌ن كه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندى ئه‌ودان، له‌م ماوه‌یه‌ى دواییدا حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان كۆنترۆڵى به‌سه‌ر به‌شێكى گه‌وره‌ له‌و خاكه‌دا نه‌ما كه‌ ده‌كه‌وێته‌ ده‌ره‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاتى فه‌رمى خۆى، به‌تایبه‌ت كه‌ركوك و شه‌نگال و خانه‌قین، له‌ئه‌نجامى ئه‌وه‌شدا، هه‌رێم نزیكه‌ى نیوه‌ى تواناكانى هه‌نارده‌كردنى نه‌وتى له‌ده‌ستدا، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌و كێشانه‌ى كه‌ ئابوورییه‌كه‌ى به‌ده‌ستیه‌وه‌ ده‌ناڵێنێت، كه‌ خۆى له‌ پشت به‌ستنى زیاد له‌پێویست به‌ داهاتى نه‌وت و به‌رهه‌مه‌ هاورده‌كراوه‌كان ده‌بینێته‌وه‌. هه‌ربۆیه‌ له‌به‌ر رۆشنایى ته‌نگه‌شه‌ سیاسییه‌كانى ئێستادا، ئاسۆ ئابوورییه‌كانیش تاریكتر دێنه‌ پێش چاو. 
به‌ڵام له‌لایه‌ن ئه‌مریكا و ده‌وڵه‌تانى ئه‌وروپا و روسیا و توركیا و ده‌وڵه‌تانى كه‌نداوه‌وه‌ بایه‌خێكى زۆر به‌ بوژاندنه‌وه‌ى ئابوورى هه‌رێمى كوردستان ده‌درێت، تاوه‌كو ئێستاش كۆمپانیاى ئه‌وروپى و ئه‌مریكى و ئیماراتى و روسى له‌ كه‌رتى به‌رهه‌مهێنان و هه‌نارده‌كردنى نه‌وتى كوردستاندا كارده‌كه‌ن و هه‌رچى توركیاشه‌ به‌رده‌وامه‌ له‌ كارپێكردنى هێڵى گواستنه‌وه‌ى نه‌وت له‌ كوردستانه‌وه‌ بۆ به‌نده‌رى جه‌یهان، كه‌ سه‌ربارى هه‌ڕه‌شه‌كردن له‌وباره‌یه‌وه‌، به‌ڵام هێشتا به‌ڕووى هه‌رێمدا داینه‌خستووه‌. هاوكات توركیا له‌سه‌ر مامه‌ڵه‌ بازرگانیه‌كانى له‌گه‌ڵ كوردستان به‌رده‌وامه‌، كه‌ به‌ یه‌كێك له‌ باشترین بازاڕه‌ هه‌رێمییه‌كان بۆ ساغكردنه‌وه‌ى شمه‌ك و كه‌ره‌سته‌ى بیناسازى ئه‌و وڵاته‌ داده‌نرێت، جگه‌ له‌وه‌ى هێڵى ئاسمانیى توركى قازانجێكى زۆر باشى له‌ گه‌شته‌كانى بۆ هه‌ولێر و سلێمانى ده‌كرد (كه‌ له‌ئێستادا وه‌ستێنراوه‌). 
چاوه‌ڕێى دانووستانێكى سه‌خت له‌نێوان هه‌ولێر و به‌غدا ده‌كرێت، به‌تایبه‌ت له‌سه‌ر پرسى دیاریكردنى سنوور و دابه‌شكردنى داهاتى نه‌وت و رۆڵى هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌ له‌ ئاینده‌ و ئامرازه‌كانى چاره‌سه‌ركردنى كێشمه‌كێشمه‌كان، جگه‌ له‌وه‌ى پاش ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ى بارزانى، ده‌سه‌ڵاتى سیاسى له‌ هه‌ولێر دابه‌شبووه‌ به‌سه‌ر په‌رله‌مان و سه‌رۆكایه‌تى ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیران و لایه‌نى دادوه‌ریدا و هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆكایه‌تى و په‌رله‌مانیش بۆ ماوه‌ى هه‌شت مانگ دواخراوه‌، به‌ له‌به‌رچاوگرتنى ئه‌م گرفته‌ جه‌وهه‌رییانه‌ش، گفتوگۆى نێوان هه‌ردوولا وردتر و هه‌ستیارتر ده‌بێت، بگره‌ له‌وانه‌یه‌ دۆخه‌كه‌ به‌هۆى گره‌وه‌ سیاسییه‌كانى ئێران له‌ ناوچه‌كه‌ و دۆخى ناوخۆیى توركیاوه‌ ئاڵۆزتر ببێت. 
وێڕاى ئه‌وه‌ى له‌ قۆناغى ئاینده‌دا په‌یوه‌ندییه‌كانى نێوان به‌غدا و هه‌ولێر ئاسایى بوونه‌وه‌ به‌خۆیانه‌وه‌ ده‌بینن، به‌ڵام ئاسان نابێت، یه‌كێك له‌ مه‌ترسییه‌ چاوه‌ڕوانكراوه‌كانیش پێكدادانى نێوان حكومه‌تێكى ناوه‌ندیى زیاد له‌پێویست خۆ – به‌سه‌ركه‌وتووزان و كورده‌ نائومێده‌كانه‌، به‌وپێیه‌ى ره‌نگه‌ به‌غدا مه‌یلى ئه‌وه‌ بكات به‌ته‌واوه‌تى سیماكانى خودموختارى كوردى بسڕێته‌وه‌، له‌كاتێكدا كه‌ واپێویست ده‌كات كورده‌كان له‌ پێگه‌یه‌كى لاوازتر له‌وه‌ى پێش راپرسى هه‌یانبوو ده‌ست به‌ دانووستان بكه‌ن، ئه‌وه‌بوو له‌ 1ـى تشرینى دووه‌مدا حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان جه‌ختى له‌سه‌ر "ئامانجه‌ هاوبه‌شه‌كانى ئاشتى و سه‌قامگیرى و بوژاندنه‌وه‌ له‌ ناوچه‌كه‌" كرده‌وه‌ و داواى له‌ "هاوبه‌شه‌ هه‌رێمى و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان كرد ده‌ستپێشخه‌رى بكه‌ن بۆ رێگریكردن له‌ توندوتیژى زیاتر و له‌گه‌ڵ به‌غدا و هه‌ولێردا به‌شداریى گفتوگۆیه‌كى بونیادنه‌رانه‌ بكه‌ن له‌پێناو چاره‌سه‌ركردنى سه‌رجه‌م كێشه‌ هه‌ڵپه‌سێراوه‌كان به‌پێى ده‌ستوور". 
لێره‌شدا جێگاى ئاماژه‌پێكردنه‌ كه‌ پێویسته‌ زامنى هاریكارییه‌كى نێوده‌وڵه‌تى بێ لایه‌ن به‌ ره‌زامه‌ندى هه‌ردوولا بكرێت به‌مه‌به‌ستى ده‌ستنیشانكردنى ئه‌و رێگایانه‌ى كه‌ ده‌بێت عێراق بۆ گێڕانى رۆڵێكى نوێ له‌ بابه‌تى سنووره‌ ده‌ره‌كییه‌كاندا بیانگرێته‌به‌ر له‌كاتێكدا حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ده‌سه‌ڵاته‌كانى خۆى له‌چوارچێوه‌ى خودموختارییه‌كه‌یدا رێكده‌خاته‌وه‌. یه‌كێتیى ئه‌وروپاش به‌هۆى خۆرئاواى به‌لقانه‌وه‌ ئه‌زموونى له‌ ژماره‌یه‌كى زۆر له‌و پرسانه‌دا هه‌یه‌ كه‌ له‌ باكوورى عێراقدا به‌هه‌ڵپه‌سێراوى ماونه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ ده‌توانێت پاڵپشتیى هونه‌ریى ئه‌و بابه‌ته‌ بكات. 
له‌ هه‌ردوو كه‌یسى عێراق و ئیسپانیادا، نابێت حكومه‌ته‌ ناوه‌ندییه‌كان له‌ئاینده‌دا پێداگریى له‌سه‌ر تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ له‌ لایه‌نگرانى سه‌ربه‌خۆیى بكه‌ن، هه‌روه‌ها نابێت كورد یاخود كه‌ته‌لۆنییه‌كانیش به‌به‌رده‌وامى وابه‌سته‌ى سۆزى سه‌ربه‌خۆیى بن. لێره‌شدا ئاڵنگارییه‌ راسته‌قینه‌كه‌ خۆى له‌وه‌دا ده‌بینێته‌وه‌ كه‌ ئاخۆ ده‌توانرێت له‌چوارچێوه‌یه‌كى سیاسیى وه‌هادا دانووستان له‌سه‌ر شێوازه‌كانى پێكه‌وه‌ژیانى دادپه‌روه‌رانه‌ بكرێت كه‌ تیایدا رێز له‌ ناسنامه‌ى سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان بگیرێت. 
وه‌رگێڕانى: ابراهیم احمد حسین 

زۆرترین خوێندراوە


political studies copyright 2017 © . All right reserved Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure