::
بێستون حسێن عارف
ناوه‌ندی كوردستان بۆ توێژینه‌وه له‌ململانێ و قه‌یرانه‌كان
نوسینى: بێستون حسین عارف
پێشه‌كى
ئێران به‌رده‌وام هه‌وڵیداوه كێشه‌كانى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست له‌به‌رژه‌وه‌ندى خۆیدا بقۆزێته‌وه و ده‌ستێوه‌ردانى تێدا بكات. پرسى فه‌ڵه‌ستین – ئیسرائیلیش له‌م چوارچێوه‌یه‌دا خۆى ده‌بینێته‌وه. ڕاسته‌وخۆ دواى سه‌ركه‌وتنى شۆرشى ئیسلامى له 1979، ئێران هه‌موو په‌یوه‌ندیه‌كانى خۆى له گه‌ڵ ئیسرائیل‌دا بچڕاند و ده‌ستیكرد به یارمه‌تیدانى گروپه چه‌كداره‌كانى فه‌ڵه‌ستین و پێشوازیكردن له سه‌ركرده‌كانیان و كردنه‌وه‌ى نوسینگه‌ى ئه‌و گروپانه له ئێران. ئه‌وه جێگه‌ى پرسیاره ئایا ئێران له پێناو به‌ره‌وپێشبردنى كه‌یسى فه‌ڵه‌ستیندا یارمه‌تى ئه‌و بزوتنه‌وه چه‌كدارانه ده‌دات یاخود له پێناو به‌هێزكردنى هه‌ژموونى خۆى و به‌كارهێنانیان له دژى ئیسرائیل؟ ئه‌م نوسینه هه‌وڵده‌دات تیشك بخاته سه‌ر ڕۆڵى ئێران له پرسى فه‌ڵه‌ستیندا له ڕاگوزهرێكى مێژووى و په‌یوه‌ندى تاران له گه‌ڵ بزوتنه‌وه جیاوازه‌كانى فه‌ڵه‌ستین و وه‌ڵامدانه‌وه‌ى پرسیارى سه‌ره‌كى لێكۆڵینه‌وه‌كه. دواتر كاردانه‌وه‌ى ئێران به‌رامبه‌ر بڕیاره‌كه‌ى دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكى ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان بۆ ناساندنى قودس وه‌ك پایته‌ختى ئیسرائیل و گواستنه‌وه‌ى باڵوێزخانه‌ى ئه‌مریكا بۆ قودس ده‌خه‌ینه ڕوو.
پرسى فه‌ڵه‌ستین له سه‌رده‌مى شاى ئێران‌دا
له نێوان دروستبوونى ده‌وڵه‌تى ئیسرائیل له 1948 تا شۆرشى ئیسلامى ئێران له 1979، هه‌ردوو وڵاته‌كه په‌یوه‌ندیه‌كى نزیك له نێوانیان هه‌بوو له سه‌ر بنه‌ماى به‌رژه‌وه‌ندى ستراتیجى هاوبه‌ش، به تایبه‌تى وه‌ك دوو ده‌وڵه‌تى ناعهرهبى له ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست.(1) له ساڵى 1960كان، په‌یوه‌ندیه‌كانیان گه‌شه‌ى كرد بۆ مامه‌ڵه‌ى بازرگانى و سه‌ربازى و ته‌نانه‌ت ئاڵوگۆركردنى زانیارى هه‌واڵگرى له نێوان هه‌ردوو لادا. ئێران بووه سه‌رچاوه‌ى گرنگى هه‌نارده‌ى نه‌وت بۆ ئیسرائیل له به‌رامبه‌ردا ئیسرائیل پێداویستى و كهلو په‌لى سه‌ربازى هه‌نارده‌ى ئێران ده‌كرد، له ماوه‌ى نێوان 1962 بۆ 1979 ده‌زگاى هه‌واڵگرى ئیسرائیل ڕۆلێكى گرنگى گێراوه له مهشهقپێكردن و ڕاهێنانپێكردنى فه‌رمانده سه‌ربازیه‌كانى ئێران، به پێى ئهلڤى " به پراكتیكى هه‌موو فهرماندهیهكى سه‌ربازى له سوپاى شا سه‌ردانى ئیسرائیلى كردووه، و به سه‌دان به‌رپرسى سه‌ربازى ئێرانى به جۆرێك له جۆره‌كان به مه‌شقپێكردنى ده‌زگاى هه‌واڵگرى ئیسرائیل‌دا تێپه‌ریووه". (2) له ناوه‌ڕاستى 1970كان، هاریكارى سه‌ربازى نێوانیان به شێوه‌یه‌كى به‌رچاو په‌ره‌یسه‌ند و ته‌نانه‌ت ئیسرائیل پلانى هه‌بوو بۆ پێدانى مووشه‌كى دوورمه‌ودا به ئێران كه تواناى هه‌ڵگرتنى كڵاوه‌ى ئه‌تۆمى هه‌بوو، له به‌رامبه‌ردا ئێران ده‌بوایه به نرخى یه‌ك ملیار دۆلار نه‌وت هه‌نارده‌ى ئیسرائیل بكات، بڕیار وابوو مووشه‌كان له ساڵى 1979 بگاته ئێران، به‌ڵام شۆرشى ئیسلامى ئێران هاوكێشه‌ى په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌ڵگێرایه‌وه و پڕۆژه‌كه‌ى نێوانیانى پوچه‌ڵكرده‌وه. (3) له سه‌رده‌مى شادا هیچ ڕێگریه‌كه نه‌بوو له به‌رده‌م په‌ره‌پێدانى په‌یوه‌ندییه‌كانى نێوانیان به تایبه‌تى كه هه‌ردوو ده‌وڵه‌ته‌كه په‌یوه‌ندییه‌كى باشیان هه‌بوو له گه‌ڵ ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان دژ به یه‌كێتى سۆڤیه‌ت بوون. باسكردنى په‌یوه‌ندی ئیسرائیل و شاى ئێران زه‌روره‌تێكى مێژوویه بۆ تێگه‌یشتن له په‌یوه‌ندى نێوان فه‌ڵه‌ستین و ئێرانى سه‌رده‌مى شا. به‌واتایه‌كى تر به بێ تێگه‌یشتن له په‌یوه‌ندیه‌كانى ئێران – ئیسرائیل ناتوانین له په‌یوه‌ندی نێوان ئێران – فه‌ڵه‌ستین تێبگه‌ین. له‌به‌رئه‌وه له‌م توێژینه‌وه له هه‌ندێك شوێن به‌كورتى باسى په‌یوه‌ندى ئێران – ئیسرائیل كراوه دواتر هاتۆته سه‌ر باسى ئێران – فه‌ڵه‌ستین.
بوونى ئه‌م په‌یوه‌ندیه توند‌و تۆڵه له نێوان شاى ئێران و ئیسرائیل وایكردبوو پرسى فه‌ڵه‌ستین ببێته كێشه‌یه‌كى لاوةكي له تاران و گرنگى ئه‌وتۆى پێنه‌درێت. له‌به‌رئه‌وه له ماوه‌ى فه‌رمانڕه‌وایى شاى ئێران ڕێكخراوى ئازادیخوازى فه‌ڵه‌ستینى په‌یوه‌ندى توندى هه‌بوو له گه‌ڵ ئۆپۆزیسیۆنى ئێرانى. زۆرێك له جوداخوازه ئێرانیه‌كان ڕاهێنانیان پێده‌كرا له كه‌مپه‌كانى ڕێكخراوى ئازادیخوازى فه‌ڵه‌ستینى له لوبنان له ساڵانى 1970كان.(4) له گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا شاى ئێران تا ئه‌و ڕاده‌یه ژیر بوو كه د‌رك به‌وه بكات كه پرسى فه‌ڵه‌ستین جه‌وهه‌رى كێشه‌كانه له ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست. له چاوپێكه‌وتنێكدا شاى ئێران ده‌رباره‌ى ڕێكخراوى ڕزگاریخوازى فه‌ڵه‌ستینى هه‌مان ئه‌و زاراوانه به‌كارده‌هێنت كه له لایه‌ن موشیه دایان وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئیسرائیله‌وه له 13 فیبرایرى 1979 به‌كارهێنراوه بۆ وه‌سفكردنى ڕێكخراوه‌كه. ئه‌و ده‌ڵێت ڕێكخراوى ئازادیخوازى فه‌ڵه‌ستینى " ده‌وڵه‌تێك نیه، به‌ڵام ئێمه ئینكارى له پێگه و به‌هاى ئه‌وان ناكه‌ین له ململانێكان". شا باوه‌ڕى وابوو بۆ گه‌یشتن به چاره‌سه‌رى ئاشتیانه پێویسته خه‌ڵكى مهندهنى و په‌نابه‌ره‌كانیش له به‌رچاو بگیرێن نه‌ك ته‌نها تیرۆریست و ڕێكخراوه تیرۆریستیه‌كان. سه‌ره‌ڕاى ئه‌مانه، سه‌ركرده‌كانى ڕێكخراوى ڕزگاریخوازى فه‌ڵه‌ستینى شاى ئێرانیان وه‌ك هاوپه‌یمانێكى ستراتیجى ئیسرائیل ده‌بینى، ڕێكخراوه‌كه له ناوچوونى شایان به سه‌ركه‌وتنى گه‌وره‌ى پرسى فه‌ڵه‌ستینى له قه‌ڵه‌م ده‌دا. (5) دیاره كه شاى ئێران هیچ به‌رژه‌وه‌ندیه‌كى نه‌بوو له پشتگیریكردنى كه‌یسى فه‌ڵه‌ستیندا، هه‌رخۆى ڕ‌ژێمى شا هاوپه‌یمانێكى سه‌ره‌كى ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان و ئیسرائیل بوو له ناوچه‌كه و زیاتر به‌رژه‌وه‌ندیه ستراتیجیهكانى له جێبه‌جێكردنى سیاسه‌ته‌كانى ئیسرائیل و ئه‌مریكادا ده‌بینیه‌وه بۆ ڕێگه گرتن له فراوانخوازیهكانى یه‌كێتى سۆڤیه‌ت.
پرسى فه‌ڵه‌ستین له دواى شۆرشى ئیسلامى ئێرانى
دواى سه‌ركه‌وتنى شۆرشى ئیسلامى له ئێران له ساڵى 1979، ئێران كۆتایى به په‌یوه‌ندیه‌كانى له گه‌ڵ ئیسرائیل هێنا و ئاماده نه‌بوو دان به ئیسرائیل‌دا بنێـت وه‌ك ده‌وڵه‌تێك و ته‌نانه‌ت ڕه‌فزى ناوى ئیسرائیلیان ده‌كرد به‌ڵكو له جیاتى ئه‌وه به "كیانى زایۆنیست" یان " شه‌یتانى بچوك" ناویان ده‌برد. چه‌ند ڕۆژێك دواى شۆرشه‌كه، سه‌ركرده‌ى بزوتنه‌وه‌ى ڕزگاریخوازى فه‌ڵه‌ستین یاسر عه‌ره‌فات له گه‌ڵ وهفدێكى 58 ئه‌ندامى گه‌یشتنه تاران. سه‌رۆك وه‌زیرانى ئێران مه‌هدى بازرگان مه‌راسیمێكى فه‌ڕمى رێكخست بۆ پێشوازیكردنیان و له‌وێدا كلیلى سه‌فاره‌تى پێشووى ئیسرائیلیان ته‌سلیمى ڕێكخراوى ڕزگاریخوازى فه‌ڵه‌ستینى كرد. ڕێگاى به‌رده‌مى سهفارهكهت ناونرایه‌وه شه‌قامى فه‌ڵه‌ستین. عه‌ره‌فات گه‌شتى كرد به شاره‌كانى ئێران‌دا بۆ كردنه‌وه‌ى نوسینگه‌ى ڕێكخراوه‌كه، و ئه‌ندامانى شانده‌كه‌ى له ئێران مانه‌وه بۆ ڕێكخستنى كاروباره‌كانى ڕێكخراوه‌كه بۆ ماوه‌ى ساڵێك. (6) له‌و كاته‌وه كێشه‌ى فه‌ڵه‌ستین بووه پرسێكى سه‌نته‌رى له سیاسه‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئێران و به‌رده‌وام ئه‌م پرسه‌ى بۆ دژایه‌تیكردنى ئیسرائیل به‌كارهێناوه. ئێران به‌رده‌وام وا پیشانده‌دات كه ئیسرائیل داگیركه‌رى خاكى ئیسلامه‌و مه‌ترسیه بۆ سه‌ر ئیسلام. ئێران زۆرجار بانگه‌شه‌ى ئه‌وه‌ى كردوه كه جێگه‌ى ئیسرائیل ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست نیه و ئه‌وان تێكده‌رى سه‌قامگیرى ناوچه‌كه‌ن. (7) له‌م باره‌یه‌وه ئیمام خومه‌ینى ڕێبه‌رى بالاًى پێشووى شۆرشى ئیسلامى ده‌ڵێت " قودس موڵكى موسڵمانه‌كانه و پێویسته بگه‌رێته‌وه بۆ ئه‌وان" هه‌روه‌ها ده‌ڵێت " پێویسته هه‌مووان بزانن كه ئامانجى زلهێزه‌كان له دروستكردنى ئیسرائیل كۆتایى نایه‌ت له داگیركردنى فه‌ڵه‌ستین. پلانه‌كه‌یان بۆ ئه‌وه‌یه چاره‌نووسى فه‌ڵه‌ستین درێژ بێته‌وه بۆ هه‌موو ده‌وڵه‌تانى عه‌ره‌بى". (8) هه‌روه‌ها خامنهئیى ڕێبه‌رى باڵاى ئێستاى شۆرشى ئیسلامى ده‌رباره‌ى كێشه‌ى فه‌ڵه‌ستین ده‌ڵێت " كێشه‌ى فه‌ڵه‌ستین گرنگترین پرسه له جیهانى ئیسلامی‌دا. هیچ پرسێكى نێوده‌وڵه‌تى له جیهانى ئیسلامی‌دا گرنگرتر نیه له پرسى فه‌ڵه‌ستین له‌به‌رئه‌وه‌ى باڵاده‌ستى داگیركه‌رى فه‌ڵه‌ستین و قودس به‌سه‌ر ئه‌م به‌شه‌ى ئومه‌ى ئیسلامی‌دا سه‌رچاوه‌ى زۆربه‌ى لاوازى و كێشه‌كانه له جیهانى ئیسلامی‌دا." هه‌روه‌ها ئه‌و زیاتر ده‌دوێت ده‌رباره‌ى فه‌ڵه‌ستین و ده‌ڵێت " هه‌ڵوێستى ئێمه ڕوونه له سه‌ر پرسى فه‌ڵه‌ستین. ئێمه پشتگیرى نه‌ته‌وه‌ی فه‌ڵه‌ستین ده‌كه‌ین. ئێمه پشتگیرى ڕزگارى فه‌ڵه‌ستین ده‌كه‌ین. ئێمه پشتگیرى له بیرۆكه‌ى كۆتایهاتنى زۆردارى داگیركه‌ر ده‌كه‌ین له‌سه‌ر خاكى فه‌ڵه‌ستین. ئێمه ده‌ڵێن كه خه‌ڵكى فه‌ڵه‌ستین ئه‌من و ئاسایشیان نیه له سه‌ر خاكى خۆیان. ئیسلام دژى ئه‌م بارودۆخه‌یه بۆیه ئێمه‌ش دژین، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر وڵاته‌كانى تریش له‌سه‌ر مێزى گفتوگۆ كۆبنه‌وه بۆ فرۆشتنى فه‌ڵه‌ستین به دووژمنه‌كان. به‌ڵام پێویسته ئه‌وه بزانن كه خه‌ڵكى موسڵمان و نه‌ته‌وه‌یى فه‌ڵه‌ستین هه‌رگیز فه‌ڵه‌ستین نافڕۆشن به دووژمن". (9) دژایه‌تى كردنى ئیسرائیل و پشتگیرى كردنى فه‌ڵه‌ستین بووه عوفێك كه هه‌موو سه‌رۆك كۆمار یه‌ك له دوایى یه‌كه‌كانى ئێران جه‌ختیان له‌سه‌رى ده‌كرده‌وه. تاران له ڕێگه‌ى جیاوازه‌وه هاوسۆزى خۆى بۆ پرسى فه‌ڵه‌ستین ده‌ربریووه له‌وانه‌ش ڕێگه‌ى یارمه‌تیدانى بزوتنه‌وه جیاوازه‌كانى فه‌ڵه‌ستین كه داكۆكى له خاكى فه‌ڵه‌ستین ده‌كه‌ن. له‌خواره‌وه باس له پشتگیرى ئێران بۆ هه‌ر یه‌كه له بزوتنه‌وه‌ى ڕزگاریخوازى فه‌ڵه‌ستین و بزوتنه‌وه‌ى حه‌ماس و بزوتنه‌وه‌ى جیهادى ئیسلامى فه‌ڵه‌ستینى ده‌كه‌ین.
پشتگیرى ئێران بۆ بزوتنه‌وه یان ڕێكخراوه فه‌ڵه‌ستینیه‌كان
1- بزوتنه‌وه‌ى ڕزگاریخوازى فه‌ڵه‌ستین (منظمه التحریر الفلسطینیه)
بزوتنه‌وه‌ى ڕزگاریخوازى فه‌ڵه‌ستینى دروستكرا له كۆبوونه‌وه‌ى لووتكه‌ى عه‌ره‌بى له ساڵى 1964، له‌پێناو كۆكردنه‌وه‌ى گروپه جیاوازه‌كانى فه‌ڵه‌ستین له ژێر چه‌ترى یه‌ك ڕێكخراودا، به‌ڵام له‌سه‌ره‌تا كارێكى ئه‌وتۆى نه‌كرد بۆ به‌ره‌وپێشبردنى مافى چاره‌ى خۆنووسى فهڵستینیهكان. دواى شكستى ده‌وڵه‌تانى عه‌ره‌بى به ئیسرائیل له جه‌نگى شه‌ش ڕۆژه له حوزیرانى 1967، بزوتنه‌وه‌ى ڕزگاریخوازى فه‌ڵه‌ستینى به‌شێوه‌یه‌كى به‌رفراوان ناسرا وه‌ك نوێنه‌رى فه‌ڵه‌ستینیه‌كان و به‌شێوه‌یه‌كى به‌رچاو ئه‌جێنداى فهڵهستینیهكانى به‌ره‌و پێش برد. (10) شكستى ده‌وڵه‌تانى عه‌ره‌بى له به‌رامبه‌ر ئیسرائیل بێ متمانه‌ى دروستكرد له لایه‌ن هاوڵاتیانى فه‌ڵه‌ستینى به ده‌وڵه‌ته عه‌ره‌بیه‌كان، له‌به‌رئه‌وه ده‌یانویست ئۆتۆنۆمى زیاتر به‌ده‌ست بهێنێن له ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یان له گه‌ڵ ئیسرائیل. له ساڵى 1969 یاسر عه‌ره‌فات سه‌ركرده‌ى (فتح)، كرا به سه‌ركرده‌ى بزوتنه‌وه‌ى ڕزگاریخوازى فه‌ڵه‌ستین. له كۆتایه‌كانى 1960كان بزوتنه‌وه‌كه خۆى ڕێكخست و ده‌ستیكرد به هێرشى گه‌ریلاى له دژى ئیسرائیل له بنكه‌كانیانه‌وه له ئوردن، و ئه‌مه‌ش سه‌ریكێشا بۆ تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ى توندى ئیسرائیل و دروستبوونى ناسه‌قامگیرى له ئوردن. له‌به‌رامبه‌ردا، ناكۆكیه‌كانى ڕێكخراوه‌كه لهپهرهسهندا بوو له گه‌ڵ حكومه‌ته‌كه‌ى مه‌لیك حسینى ئوردن له ساڵى 1970، و له ساڵى 1971 ڕێكخراوى ئازادیخوازى فه‌ڵه‌ستینى ناچار به ده‌ركردن كرا له لایه‌ن سوپاى ئوردنه‌وه. ڕێكخراوه‌كه بنكه‌كانى گۆرى بۆ لوبنان و به‌رده‌وام بوو له هێرشه‌كانى بۆ سه‌ر ئیسرائیل. (11) لێره‌دا گرنگه ئاماژه به‌وه بكرێت ئه‌م ڕێكخراوه كاتێك دروستبوو كه هێشتا شۆرشى ئیسلامى له ئێران ڕووى نه‌دا بوو، له‌به‌رئه‌وه بزوتنه‌وه‌كه زیاتر په‌یوه‌ندى له گه‌ڵ گرووپه ئۆپۆزیسیۆنه‌كانى ئێران‌دا هه‌بوو.
به‌پێى سه‌رچاوه فه‌ڵه‌ستینیه‌كان گروپه‌كه‌ى عه‌ره‌فات پێداویستى سه‌ربازى ناردووه بۆ هێزه‌كانى شۆرشى ئیسلامى له چوار مانگى كۆتایى شۆرشه‌كه و ڕاهێنانى به چه‌كداره گهریلاكانى ئێران كردووه له سه‌ره‌تاكانى 1970 كانه‌وه. چوار ڕۆژ دواى شۆرشه‌كه یاسر عه‌ره‌فات له تاران بوو ئاهه‌نگى سه‌ركه‌وتنى شۆرشى ئیسلامى ده‌گێرا، و به‌ڵێنى یارمه‌تیدانى هه‌نارده‌كردنى شۆرشى پێدان بۆ هه‌ر شوێنێك بگونجێت. ڕۆژنامه‌ى نیۆرك تایمز له نۆڤه‌مبه‌رى 1980 نوسیویهتى كه" له ئێستادا ڕێكخراوى ڕزگاریخوازى فه‌ڵه‌ستینى په‌یوه‌ندیه‌كى باشى هه‌یه له گه‌ڵ هه‌ندێك سه‌ركرده شۆرشگێرهكانى ئێران كه هاتوونه‌ته سه‌ر ده‌سه‌ڵات له گه‌ڵ ئایه‌توڵڵا خومه‌ینى،". (12) په‌یوه‌ندیه‌كانى نێوان ئێران و ڕێكخراوه‌كه به‌ره‌و لاوازى چوو كاتێك یاسر عه‌ره‌فات په‌یوه‌ندی كرد به جیهانى عه‌ره‌بیه‌وه له پشتگیریكردنى عێراق له ماوه‌ى جه‌نگى 1980-88 له گه‌ڵ ئێران. له ساڵى 1988، هه‌روه‌ها ئێران سه‌ركۆنه‌ى عه‌ره‌فاتى كرد دواى ئه‌وه‌ى ئه‌و دانى به مافى ووجود بوونى ئیسرائیل‌دا نا، ده‌ستبه‌ردارى كرده‌وه‌ى تیرۆریستى بوو له‌دژى ئیسرائیل، داواى گفتوگۆى ئاشتیانه‌ى ده‌كرد له گه‌ڵ ئیسرائیل و ده‌ستیكرد به به دیالۆگ له گه‌ڵ نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان. زیاتر له‌وه‌ش ڕێبه‌رى باڵاى نوێى ئێران عه‌لى خامنهئیى سه‌ركۆنه‌ى سه‌ركرده‌ى ڕێكخراوى ڕزگاریخوازى فه‌ڵه‌ستینى كرد و به " خیانه‌تكار و گه‌مژه" وه‌سفى كرد له ساڵى 1989. عه‌ره‌فات سه‌ردانى ئێرانى نه‌كرده‌وه جارێكى تر تاوه‌كو 1997، كاتێك تاران پێشوازى له كۆنفراسى ئیسلامى ڕێكخراوه‌كه كرد. ڕێكخراوه‌كه نوێنه‌رى دیبلۆماسى هێشته‌وه له تاران، به‌ڵام تاران به‌شێوه‌یه‌كى چالاك یارمه‌تى ڕێكخراوه‌كه‌ى نه‌دا جارێكى تر تاوه‌كو ساڵى 2000.
به‌ڵام ئێران ده‌ستیكرد به یارمه‌تیدانى ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ى عه‌ره‌فات كاتێك ئیسرائیل ده‌ستى گرت به‌سه‌ر گه‌شتى كارین، كه به‌ره‌و غه‌زه دهرۆى له ساڵێ 2002. كه‌شتیه‌كه 50 ته‌ن چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نى پێشكه‌وتووى هه‌ڵگرت بوو – له ناویشیاندا موشةكي كاتوشا و چه‌ندین جۆرى چه‌كى تر كه له ئاوه‌كانى ئێرانه‌وه باركرابوون. عه‌ره‌فات ئینكارى كرد له تێوه‌گلان، ئه‌و چه‌كانه پێشێلكردنى ڕوونى ڕێكهوتنامهى ئیسرائیل – فه‌ڵه‌ستین بوو. به‌ڵام ئیسرائیل ئه‌م گه‌شتیه چه‌كه‌ى وه‌ك به‌ڵگه‌ى نوێكردنه‌وه‌ى یارمه‌تیه‌كانى ئێران بۆ ڕێكخراوى ڕزگاریخوازى فه‌ڵه‌ستینى له قه‌ڵه‌مدا. (13) فه‌ڵه‌ستینه‌كان دوو شۆرش یان ڕاپه‌رینیان خۆێناویان هه‌ڵگیرساندووه له دژى ئیسرائیل له كةناري خؤرئاواو كه‌رتى غه‌زه، ئه‌و ناوچانه‌ى كه ئه‌وان بانگه‌شه‌ى ده‌وڵه‌ت بوونى بۆ ده‌كه‌ن، ڕاپه‌رینى یه‌كه‌م له ( 1987بۆ 1993) و ڕاپه‌رینى دووه‌م له ( 2000 بۆ 2005). گروپه چه‌كداره‌كانى فه‌ڵه‌ستین چه‌ندین هێرشى چه‌كداریان دژى ئیسرائیلیه‌كان ئه‌نجامدا، و كه‌رتى غه‌زه‌یان وه‌كو بنكه بۆ جه‌نگى 2014 له گه‌ڵ ئیسرائیل به‌كارهێنا. ئێران بۆ پشتگیریكردنى ڕاپه‌رینى فه‌ڵه‌ستین چه‌ندین كۆنفرانسى ئه‌نجامداوه. (14) به‌ڵام ئێران هه‌موو هیواكانى له‌سه‌ر ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه ههڵنهچنیبوو له فه‌ڵه‌ستین به‌ڵكو له پاڵ ئه‌م ڕێكخراوه‌دا هاوكارى دوو بزوتنه‌وه‌ى تریشى ده‌كرد كه زیاتر تێڕوانیان نزیك بوون له ئێرانه‌وه له‌سه‌ر پرسى فه‌ڵه‌ستین كه له خواره‌وه باسكراون.
2- بزوتنه‌وه‌ى حه‌ماس
حه‌ماس ڕێكخراوێكى چه‌كدارى ئیسلامیه له ساڵى 1987 دامه‌زرا له لایه‌ن شێخ احمد یاسین له ماوه‌ی یه‌كه‌م ڕاپه‌رینى فه‌ڵه‌ستین. ئامانجى سه‌ره‌كى ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه بریتیه له ڕووخانى ده‌وڵه‌تى ئیسرائیل و به‌رزكردنه‌وه‌ى "ناوى الله له‌سه‌ر هه‌موو خاكى فه‌ڵه‌ستین"، وه‌كو هه‌موو گروپهكانى تر پێیان وایه كه ئیسرائیل داگیركه‌ره و بزوتنه‌وه‌كه هه‌وڵى ئازادكردنى خاكى فه‌ڵه‌ستین ده‌دا. (15) په‌یوه‌ندیه‌كانى ئێران له گه‌ڵ بزوتنه‌وه‌ى حه‌ماس له كۆتایى 1980 زیاتر لاوةكي بوو، ئێران زیاتر ته‌ركیزى له‌سه‌ر جوڵاندنى گروپه شیعیه‌كان له كه‌نداو و پشتگیركردن و به‌هێزكردنى حیزبوڵڵا بوو له لوبنان. حه‌ماس وه‌ك بزوتنه‌وه‌یه‌كى سونى به‌رژوه‌ندى ئه‌وتۆى نه‌بوو له گه‌ڵ ئێران. هه‌روه‌ها بزوتنه‌وه‌ى حه‌ماس زیاتر نیگه‌ران بوو له پشگیرى ئێران بۆ ركابهرهى ئیسلامیه رادیكاڵه فهڵستینیهكهى (جیهادى ئیسلامى)، كه حه‌ماس وه‌ك ركابه‌رى سه‌ره‌كى خۆى ده‌یبنى بۆ به‌ده‌ستهێنانى پشتگیرى له شه‌قامى فهڵستینى. ئه‌م په‌یوه‌ندیه له نه‌وه‌ده‌كان گۆڕ‌انى به‌سه‌ردا هات كاتێك وهفدێكى بزووتنه‌وه‌ى حه‌ماس به سه‌ركردایه‌تى دكتۆر موسى ئه‌بو مرزوق بانگێشتكرا له لایه‌ن تارانه‌وه بۆ كۆبوونه‌وه له گه‌ڵ به‌رپرسه باڵاكانى ئێران. به‌پێى هه‌ندێك سه‌رچاوه پشت ڕاست نه‌كراوه ئێران به‌ڵێنى به حه‌ماس داوه مانگانه نزیكه‌ى 30 ملیۆن دۆلار بدات به بزوتنه‌وه‌كه ئه‌مه سه‌ره‌ڕاى چه‌ك و پێداویستى سه‌ربازى و ڕاهێنانكردن به ئه‌ندامه‌كانیان له باره‌گاكانى سوپاى پاسداران له ئێران و لوبنان و سودان. دواتر له ساڵى 1993 بزوتنه‌وه‌ى حه‌ماس ئۆفیسى خۆى له تاران كرده‌وه. (16) په‌یوه‌ندیه‌كانى بزوتنه‌وه‌ى حه‌ماس له گه‌ڵ ئێران پێى نایه قۆناغێكى نوێوه دواى سه‌ركه‌وتنى حه‌ماس له هه‌ڵبژاردنى 2006 ى فه‌ڵه‌ستین،(17) ئه‌م ڕووداوه و به تایبه‌تى گه‌یشتنى حه‌ماس بۆ ده‌سه‌ڵات پیشانده‌رى ئه‌وه بوون كه حه‌ماس ده‌توانێت ببێته هاوبه‌شێكى به‌سوودى ئێران بۆ به‌ده‌ستهێنانى هه‌ژموونى هه‌رێمى زیاتر.
بزوتنه‌وه‌ى حه‌ماس ئینكارى له بوونى به‌رژه‌وه‌ندى هاوبه‌ش له گه‌ڵ ئێران ڕه‌تناكاته‌وه و پشتگیریه داراى و مهعنهوهیهكانى ئێران ناشارێته‌وه و چه‌ندین جار له چه‌ندین بۆنه‌ى جیاوازدا سوپاسى ئێرانیه‌كانیان كردووه بۆ پشتگیریهكانیان. له به‌رامبه‌ردا، ئێران له ڕێگه‌ى په‌یوه‌ندیه‌كانیه‌وه له گه‌ڵ حه‌ماس توانیویه‌تى كاریگه‌رى دروستبكات و خۆى بخزێنێته نێو هاوكێشه‌كانى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاسته‌وه. (18) له دواى به‌هێزكردنى ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ى له 2007 بۆ سه‌ره‌تاى سه‌رهه‌ڵدانى به‌هارى عه‌ره‌بى له سوریا و شوێنه‌كانى تر له 2011، حه‌ماس ساڵانه له نێوان 100 بۆ 200 ملیۆن دۆلارى وه‌رگرتووه له ئێران. دواى ئه‌وه‌ى حه‌ماس ڕه‌تى كرده‌وه پشتگیرى ئه‌سه‌د بكات ئه‌م یارمه‌تیه به شێوه‌یه‌كى زۆر دابه‌زینى به‌خۆیه‌وه بینى.(19) به دروست بوونى جه‌نگى ناوخۆى سوریا، حه‌ماس كه‌وته دوو ڕیانى تێكچوونى په‌یوه‌ندیه‌كانى له گه‌ڵ ئێران و حیزبوڵڵا و سوریا. بچڕانى ته‌واوى په‌یوه‌ندیه‌كانى نێوان حه‌ماس و سوریا ڕوویدا له فیبرایرى 2012 به ووتارێكى ئیسماعیل هه‌نیه سه‌رۆك وه‌زیرانى حكومه‌ته‌كه‌ى غه‌زه به‌سه‌رۆكایه‌تى حه‌ماس، دواى ووتاره‌كه سه‌ركرده‌كانى حه‌ماس به‌شێوه‌یه‌كى فه‌ڕمى دانیان به‌وه‌دا نا كه حه‌ماس سوریاى جێهێشتوو بۆ سوریا. تێكچوونى په‌یوه‌ندیه‌كانى حه‌ماس و سوریا كاریگه‌رى له‌سه‌ر په‌یوه‌ندیه‌كانى حه‌ماس له گه‌ڵ ئێران و حیزبوڵڵا هه‌بوو به‌ره‌و ئالۆزى چوو چونكه ئێران و حیزبوڵڵا پشتگیرى ڕ‌ژێمى سوریان كرد. حه‌ماس حیزبوڵڵاى تۆمه‌تباركرد به تێوه‌گلان له جه‌نگى ناوخۆى سوریا. دواتر كۆبونه‌وه‌یه‌ك ڕوویدا له نێوان سه‌ركرده‌كانى حه‌ماس و حیزبوڵڵا و ئێران له ته‌موزى 2013 له پێناو كه‌مكردنه‌وه‌ى جیاوازیه‌كانى نێوانیان له‌سه‌ر بارودۆخى سوریا و بنیاتنانه‌وه‌ى په‌یوه‌ندیه‌كانیان. به‌ڵام تواناى حه‌ماس بۆ به‌هێزكردنى په‌یوه‌ندیه‌كانى له‌گه‌ڵ قه‌ته‌ر وایكرد بزوتنه‌وه‌كه په‌له‌ى نه‌بێت له هێوركردنه‌وه‌ى په‌یوه‌ندیه‌كانى له‌گه‌ڵ ئێران. (20) له گه‌ڵ نزیك بوونه‌وه‌ى كۆتایى جه‌نگى ناوخۆى سوریا، ئێران له ئێستادا له هه‌وڵى ئاسایكردنه‌وه‌ى پهیوهندیهكانیدایه له گه‌ڵ بزوتنه‌وه‌ى حه‌ماس. له‌م باره‌یه‌وه یةحيا سینوار یه‌كێك له‌سه‌ركرده سه‌ربازیه‌كانى حه‌ماس ڕاگه‌یاند په‌یوه‌ندیه‌كانیان له‌گه‌ڵ ئێران گه‌ڕاوه‌ته‌وه قۆناغى پێشووى خۆى. (21) ئێران له ڕێگه‌ى بزوتنه‌وه‌ى حه‌ماسه‌وه توانیویه‌تى تاڕاده‌یه‌كى باش ده‌ستێوه‌ردان له كاروبارى ناوخۆى فه‌ڵه‌ستیندا بكات و به‌كارى بهێنێت له دژى ئیسرائیل.
3- بزوتنه‌وه‌ى جیهادى ئیسلامى فه‌ڵه‌ستینى
بزوتنه‌وه‌ى جیهادى ئیسلامى فه‌ڵه‌ستینى هه‌ر به ناوه‌كه‌یدا دیاره كه گروپێكی جیهادى سونیه و له ساڵى 1979 بۆ 1980 دامه‌زرا له مصر له لایه‌ن ئه‌ندامه فهڵهستینیهكانى بزوتنه‌وه‌ى ئیخوان موسلیمن . كاریگه‌ر بوون به سه‌ركه‌وتنى شۆرشى ئیسلامى له ئێران و بێ هیوا بوون له چالاكیه‌كانى بزوتنه‌وه‌ى نه‌ته‌وه‌یى فه‌ڵه‌ستینى ئه‌و سه‌رده‌مه، له هه‌مان كاتدا بزوتنه‌وه‌ى جیهادى ئیسلامى ڕێبازى ناچهكدارى ئیخوان موسلیمینى ڕه‌تكرده‌وه. ستراتیج و ئامانجى بزوتنه‌وه‌كه بریتى بوو له هێرش كردنه سه‌ر ئیسرائیل له خاكى فه‌ڵه‌ستینه‌وه به وه‌شاندنى ڕۆكێت و مووشه‌ك و سه‌ره‌ڕاى شێوازى خۆكوژى به به‌كارهێنانى بۆمب. (22) بۆ ماوه‌یه‌كى درێژ، ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه وه‌ك نزیكترین هاوپه‌یمانى تاران له قه‌ڵه‌م ده‌درا. هه‌روه‌ها بزوتنه‌وه‌كه ئه‌وه ڕه‌تناكاته‌وه كه كاریگه‌ر بووه به ئایدۆلۆجیاى توندى خومه‌ینى ڕێبه‌رى باڵاى شۆرشى ئیسلامى. ئه‌مه به ڕوونى ده‌رده‌كه‌وێت له بیركردنه‌وه‌كانى دامه‌زرێنه‌رى بزوتنه‌وه‌كه ( فه‌تحى شهقیقى) نوسهرى كتێبى ( خومه‌ینى: چاره‌سه‌ر و به‌دیلى ئیسلامى). له كتێبه‌كه‌دا شهقیقى سه‌رسام بوونى خۆى به شۆرشى ئیسلامى و ئه‌گه‌رى جێبه‌جێكردنى له فه‌ڵه‌ستین ناشارێته‌وه. (23)
سه‌ره‌ڕاى چه‌ندین به‌یاننامه كه جه‌خت ده‌كاته‌وه له سه‌ر به‌هێزى په‌یوه‌ندیه‌كانى نێوان بزوتنه‌وه‌ى جیهادى ئیسلامى و ئێران، چه‌ند فاكته‌رێك وایكرد كه ئه‌م په‌یوه‌ندیه گۆڕانكارى به‌سه‌ردا بێت و بزوتنه‌وه‌كه ڕووبه‌ڕووى قه‌یرانى دارایى بوویه‌وه كاتێك په‌یوه‌ندیه‌كانى له گه‌ڵ ئێران به‌ره‌و گرژى چوو به هۆى ئه‌وه‌ى بزوتنه‌وه‌كه ڕه‌تیكرده‌وه پشتگیرى حوسیه‌كان بكات له یه‌مه‌ن له هه‌مان كاتدا بزوتنه‌وه‌كه ڕه‌تیكرده‌وه به‌شێوه‌یه‌كى ئاشكرا ئیدانه‌ى هێرشه‌كانى سعودیه بكات له یه‌مه‌ن. (24) سه‌ره‌ڕاى هه‌وڵه‌كانى حیزبوڵڵا بۆ ڕێگه‌گرتن له‌م لێك دووركه‌وتنه‌وه‌یه له نێوان ئێران و بزوتنه‌وه‌ى جیهادى ئیسلامى. زۆربه‌ى سه‌رچاوه‌كان ئاماژه‌یان به‌وه كردووه كه ئه‌م تێكچوونه له په‌یوه‌ندیه‌كان په‌یوه‌ست بوو به ڕه‌تكردنه‌وه‌ى بزوتنه‌وه‌كه بۆ داواكاریه‌كانى ئێران كه داوایكردبوو پێویسته بزوتنه‌وه‌ى جیهادى ئیسلامى پشتگیرى خۆى بۆ حوسیهكانى یه‌مه‌ن ده‌رببڕن و له هه‌مان كاتدا دژایه‌تى خۆیان بۆ جه‌نگى سعودیه له دژى یه‌مه‌ن ڕابگه‌یه‌نن. كه‌واته ئێران یارمه‌تیه‌كانى مه‌رجداره بۆ هه‌موو گروپ و میلیشاكان له ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست، هه‌رله‌به‌ر ئه‌وه‌یه كاتێك گروپه فه‌ڵه‌ستینیه‌كان ئاماده‌یان نیشان نه‌دابێت بۆ جێبه‌جێكردنى سیاسه‌ت و ستراتیجى ئێران ئه‌وا تاران هه‌ستاوه به كه‌مكردنه‌وه یاخود بڕینى پشتگیریه داراى و سه‌ربازیه‌كانى ئه‌و گروپانه. نمونه‌كانى سه‌ره‌وه پشت ڕاستكهرهوهى ئه‌م سیاسه‌ته‌ى ئێرانن.
ئامانجه‌كانى ئێران له پشتگیریكردنى كه‌یسى فه‌ڵه‌ستین
ئێران به‌رده‌وام ئاماژه‌ى به‌وه كردووه كه ئه‌وان له پشت خه‌ڵكى فه‌ڵه‌ستینن بۆ ئه‌وه‌ى خاكى "داگیركراو"یان بۆ ڕزگار بكه‌ن. به‌ڵام ئایا ئێران له پێناو چیدا پرسى فه‌ڵه‌ستینى ئه‌وه‌نده به‌لاوه گرنگه. به تێروانین له مێژووى په‌یوه‌ندیه‌كانى ئێران و بزوتنه‌وه فهڵهستنیهكان ده‌رده‌كه‌وێت كه تاران چه‌ند ئامانجێكى هه‌یه له‌م پرسه‌دا. ئێران پرسى فه‌ڵه‌ستین به‌كار ده‌هێنێت بۆ دژایه‌تى كردنى ئیسرائیل و زیادبوونى هه‌ژموونى خۆى له ناوچه‌كه له ڕێگه‌ى یارمه‌تیدانى گروپه چه‌كداریه‌كانى فه‌ڵه‌ستینه‌وه كه له پێشه‌وه ئاماژه‌مان پێكرد، ئێران تاڕاده‌یه‌كى زۆر سه‌ركه‌وتوو بووه له‌م ئامانجه‌دا و چه‌ندین جار ئه‌و گروپانه توانیویانه هێرش بكه‌نه سه‌ر خاكى ئیسرائیل. به تایبه‌تى هه‌ندێك جه‌نگى ساڵى 2006 ئیسرائیل و فه‌ڵه‌ستینیان به جه‌نگى به‌وه‌كاله‌تى ئێران وه‌سفكرد. ئێران پیرۆزى خاكى فه‌ڵه‌ستین و قودسى قۆستۆته‌وه بۆ وورژاندنى هه‌ستى ئاینى و مه‌زهه‌بى موسڵمانان له ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ى ئێران و ده‌یه‌وێت خۆى وه‌ك پارێزه‌رى خاكى فه‌ڵه‌ستین له قه‌ڵه‌م بدات له‌دژى ئیسرائیل. تاران له ڕێگه‌ى پرسى فه‌ڵه‌ستینه‌وه ده‌یه‌وێت شه‌رعیه‌ت بدات به ده‌ستێوه‌ردان و یارمه‌تیه‌كانى بۆ گرووپه چه‌كداره‌كانى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست، به‌و پێیه‌ى ئێران بۆیه یارمه‌تیان ده‌دات جونكه زوڵملێكراون و خاكیان به ناحه‌ق له لایه‌ن ئیسرائیله‌وه داگیركراوه.
كاردانه‌وه‌ى ئێران به‌رامبه‌ر بڕیاره‌كه‌ى تره‌مپ
دواى بڕیاره‌كه‌ى دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكى ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان له 7 دیسه‌مبه‌رى 2017، بۆ ناساندنى قودس وه‌ك پایته‌ختى ئیسرائیل و گواستنه‌وه‌ى سه‌فاره‌تى ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان له ته‌ل ئه‌بیبه‌وه بۆ قودس ، كاردانه‌وه‌ى توندى به‌دواى خۆیدا هێنا له وڵاتانى ئیسلامى.(25) ئێران له نێو ئه‌و وڵاتانه بوو هه‌ر زوو ئیدانه‌ى بڕیاره‌كه‌ى كرد. ئایه‌توڵڵا عه‌لى خامنهئیى رێبه‌رى باڵاى ئێران پێش ئه‌وه‌ى تره‌مپ بڕیاره‌كه بدات ده‌ڵێت " ئه‌وان ده‌یانه‌وێت قودس وه‌ك پایته‌ختى فه‌ڵه‌ستینى داگیركراو بناسێنن ئه‌مه له‌به‌ر شكست و ناكامڵى ئه‌وانه،"(26) هه‌ر ڕاسته‌وخۆ دواى بڕیاره‌كه‌ش ڕێبه‌رى باڵاى ئێران داواى له جیهانى ئیسلامى كرد دژى پیلانه‌كه‌ى ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان بوه‌ستنه‌وه بۆ ناساندنى قودس وه‌ك پایته‌ختى ئیسرائیل. ئه‌و زیاتر ده‌دوێت و ده‌ڵێت " بێ گومان جیهانى ئیسلامى دژى ئه‌م موئامه‌ره‌یه ده‌وه‌ستنه‌وه، و زایۆنیزم زۆر به توندى مامه‌ڵه له گه‌ڵ ده‌كرێت له‌گه‌ڵ ئه‌م جوڵه‌یه. هاوڵاتیانى فه‌ڵه‌ستینى خۆشه‌ویست له كۆتایدا ئازاد ده‌بن بێ گومان." (27) هه‌روه‌ها سه‌رۆك كۆمارى ئێران حه‌سن ڕووحانى له كۆبونه‌وه‌ى نائاسایى ڕێكخراوى هاریكارى ئیسلامى له‌سه‌ر قودس له ئه‌سته‌مبوڵ ڕایگه‌یاند هه‌موو ئومه‌ى ئیسلامى پێویسته كاربكه‌ن پێكه‌وه بۆ به‌رگریكردن له مافى فه‌ڵه‌ستینیه‌كان دواى بڕیاره‌كه‌ى دۆناڵد تره‌مپ. ئه‌و ده‌ڵێت " ئێران ئاماده‌یه بۆ هاریكارى له گه‌ڵ هه‌موو وڵاتانى ئیسلامى به‌بێ هیچ مه‌رجێكى پێشوه‌خت بۆ به‌رگریكردن له مافى شه‌رعى فه‌ڵه‌ستینیه‌كان". (28) كه‌واته ئێران له ڕێگه‌ى ئه‌م لێدوانانه‌وه ده‌یه‌وێت ئه‌و په‌یامه بگه‌یه‌نێت كه ئێران ده‌یه‌وێت به‌رگرى له مافى فه‌ڵه‌ستینیه‌كان بكات و خۆى به پارێزه‌رى خاكى فه‌ڵه‌ستین داده‌نێت. به‌ڵام ئه‌وه‌ى ڕوون نیه ئه‌وه‌یه ئێران له ساڵى 1979 ه‌وه جگه له یارمه‌تیدانى هه‌ندێك گروپ نه‌بێت كه زیاتر له‌به‌رژه‌وه‌ندى تاران كاریان كردوه چیترى له به‌رژه‌وه‌ندى كێشه‌ى فه‌ڵه‌ستین كردووه. به‌ڵكو پارێزه‌رى ڕاسته‌قینه‌ى خاكى فه‌ڵه‌ستین ده‌بێت وڵاتانى عه‌ره‌بى بن به‌ڵام وادیاره په‌یوه‌ندى وڵاته عه‌ره‌بیه‌كان له گه‌ڵ ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان و هه‌روه‌ها په‌یوه‌ندی به‌شێكیان له گه‌ڵ ئیسرائیل زۆر له پێشتره له پاراستن و به‌رگریكردن له خاكى فه‌ڵه‌ستین.
ده‌رئه‌نجام
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى ئێران به‌رده‌وام پشتگیرى كێشه‌ى فه‌ڵه‌ستینى كردووه و به‌رده‌وام دووپاتى ده‌كاته‌وه كه خه‌ڵكى فه‌ڵه‌ستین پێویسته ئازاد بن، تاران نه‌یتوانیووه هه‌نگاوى جیدى له‌م پێناوه‌دا بنێت به‌ڵكو ته‌نها وه‌ك كه‌یسێك بۆ دژایه‌تى كردنى ئیسرائیل و ڕۆژئاوا به‌كاریهێناوه. پشتگیرى ئێران بۆ بزوتنه‌وه چه‌كداریه‌كانى فه‌ڵه‌ستین به‌شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان به مه‌رج بووه، هه‌ركاتێك ئه‌و گروپه چه‌كدارانه ئاماده نهبووبَێتن شوێن سیاسه‌ت و ستراتیجى ئێران بكه‌ون ئه‌وا ئێران له‌به‌رامبه‌ردا یارمه‌تیه‌كانى ئه‌و گروپانه‌ى بڕیووه یاخود كهمیكردۆتهوه، ئه‌مه‌ش به ڕوونى له هه‌ڵوێستى ئه‌و گرووپانه ده‌رباره‌ى جه‌نگى ناوخۆى سوریا و یه‌مه‌ن ده‌ركه‌وت.
سه‌رچاوه‌كان:
(1) Rachel Brandenburg, 2016, Iran and the Palestinians, United States of Institute Peace, Available At: http://iranprimer.usip.org/resource/iran-and-palestinians
(2) Alavi, B. 1988. ‘Khomeini's Iran: Israel's ally, The Washington Report on Middle East Affairs (1982-1989), VI (12), p. 4.
(3) Neff, D. 1991. ‘The U.S., Iraq, Israel, and Iran: backdrop to war, Journal of Palestine Studies, 20 (4), pp. 23-41.
(4) ) Rachel Brandenburg, 2016, Op. cit.
(5) Cooley, J.K., 1978. Iran, the Palestinians, and the Gulf, Foreign Affairs, Vol. 57, No. 5 (Summer, 1979), pp. 1017-1034.
(6) Rachel Brandenburg, 2016, Op. cit.
(7) Miller, M. & Scheinman, L. 2007. ‘Israel and a nuclear weapons free zone in the middle east, in M.B. Maerli & S. Lodgaard (eds.), Nuclear proliferation and international security, Routledge, United States, pp. 137-151.
(8) Al-Maaref Islamic Net, Imam Khomeini's Quotes: Palestine and Al-quds, Available at: http://english.almaaref.org/essaydetails.php?eid=1763&cid=388
(9) Selected Statements by Ayatollah Khamenei About Palestine, The Most Important Problem of the Islamic World, Moasseseh Pajooheshi Farhangi Enqlab Eslami, available at: http://irandataportal.syr.edu/wp-content/uploads/the-most-important-problem-of-the-islamic-world-selected-statements-about-palestine.pdf
شبكه الجزیره الاعلامیه، منڤمه التحریر الفلسگینیه، الجزیره، على الموقع التالى: (10)
http://www.aljazeera.net/specialfiles/pages/74244504-9c64-41ff-8887-b2d2dc94858e
(11) The Editors of Encyclopædia Britannica, Palestine Liberation Organization (PLO), Available at: https://www.britannica.com/topic/Palestine-Liberation-Organization
(12) Francisco Gil-White, 2010, PLO/Fatah and Iran: The Special Relationship, Historical and Investigative Research, Available At: http://www.hirhome.com/iraniraq/plo-iran2.htm
(13) (Rachel Brandenburg, 2016, Op. cit.
(14) Michael Lipin, 2017, Iran Uses Palestinian Conference to Spotlight Anti-Israel Rhetoric, VOA, Available At: https://www.voanews.com/a/iran-palestinian-conference-israel/3736406.html
(15) Bryony Jones, 2012, What is Hamas?, CNN, Available At: http://edition.cnn.com/2012/11/16/world/meast/hamas-explainer/index.html
(16) The Henry Jackson Society, 2007, Iran-Hamas relations: The growing threat from a radical religious coalition, Available At: http://www.henryjacksonsociety.org/cms/harriercollectionitems/HJS%20Strategic%20Briefing%20-%20Iran-Hamas%20Relations.pdf
(17) ibid.
(18) Dr. Fatima al-Smadi, 2015, Analysis: Hamas, Islamic Jihad Redefining Relations with Iran, Al Jazeera Centre for Studies.
(19) Karim El-Bar, 2017, Proxies and politics: Why Iran funds foreign militias, Middle East Eye, Available At: http://www.middleeasteye.net/essays/proxies-and-politics-why-iran-funds-foreign-militias-2124504867
(20) Napolitano, V., 2013. Hamas and the Syrian uprising: A difficult choice. Middle East Policy, 20(3), pp.73-85.
(21) Nidal al-Mughrabi, 2017, After Syria fall-out, Hamas ties with Iran restored: Hamas chief, Reuters, Available At: https://www.reuters.com/article/us-palestinians-hamas-iran/after-syria-fall-out-hamas-ties-with-iran-restored-hamas-chief-idUSKCN1B81KC
(22)Barsky, Y., 2002. Islamic Jihad Movement in Palestine. American Jewish Committee.
(23) Dr. Fatima al-Smadi, 2015, Analysis: Hamas, Islamic Jihad Redefining Relations with Iran, Al Jazeera Centre for Studies.
(24) حازم بعلوشه ، أزمه مالیّه خانقه تعصف بالجهاد الإسلامیّ، ئه‌ل مونیتر، على موقع التالی: https://www.al-monitor.com/pulse/ar/originals/2015/06/palestine-islamic-jihad-financial-crisis-money-iran-hezbolla.html
(25) Al Jazeera, 2017, Trump's Jerusalem move: Key questions answered, Al Jazeera, Available At: http://www.aljazeera.com/news/2017/12/trump-jerusalem-move-key-questions-answered-171206074533021.html
(26) Reuters, 2017, Iran's Supreme Leader Blasts Trump's Jerusalem Declaration: Palestine Will Be Freed, Haaretz, Avaialable at: https://www.haaretz.com/middle-east-news/iran/1.827110
(27) Editor: yan, 2017, Roundup: Iran strongly condemns U.S. decision on Jerusalem, Xinhua, Available At: http://news.xinhuanet.com/english/2017-12/08/c_136809341.htm
(28) Parisa Hafezi, 2017, Iran urges Muslim nations to defend Palestinians after Trump move, Reuters, Available At: https://www.reuters.com/article/us-usa-trump-israel-iran/iran-urges-muslim-nations-to-defend-palestinians-after-trump-move-idUSKBN1E715H