::
بێ نوسەر
ناوه‌ندی كوردستان بۆ توێژینه‌وه له‌ململانێ و قه‌یرانه‌كان (كوردسام)
سه‌رچاوه: كۆشكى سپیى ئه‌مەریكا
وه‌رگێڕانی: بێستون حسێن
له دیسه‌مبه‌رى 2017ـدا، كۆشكى سپیى ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان ڕ‌اپۆرتێكى تێروته‌سه‌لى له‌سه‌ر ستراتیجى ئاسایشى ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان بڵاو كرده‌وه، كه تیشكى خستووەته سه‌ر سیاسه‌ت و ستراتیجى ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان له ناوخۆ و ده‌ره‌وه بۆ سه‌رجه‌م پرسه‌كان له ماوه‌ى چوار ساڵى داهاتوودا. ڕاپۆرته‌كه ئاماژه به چوار كۆڵه‌گه‌ى سه‌ره‌كى ده‌كات بۆ بووژانه‌وه‌ى هێز و سیاسه‌تى ئه‌مەریكا، ئه‌مه سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى كه تێروانینى سیاسه‌تى ده‌ره‌وه‌ى ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ وڵاتانى جیهان خراوه‌ته ڕوو، له‌م پێناوه‌شدا جیهانى دابه‌ش كردووه به‌سه‌ر شه‌ش ناوچه‌دا و له هه‌ریه‌كێك له‌و ناوچانه ستراتیج و به‌رژه‌وه‌ندى و ئامانجه‌كانى ئه‌مەریكا به تێروته‌سه‌لى باسى لێ وه‌كراوه.
چوار كۆڵه‌گه سه‌ره‌كییه‌كه‌ى ستراتیجى ئاسایشى نه‌ته‌وه‌یى ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان، یه‌كه‌م: به‌رپرسیارێتیى سه‌ره‌كیى ئێمه بریتییه له پاراستنى هاووڵاتییانى ئه‌مەریكا، خاكى ئه‌مەریكا و شێوازى ژیانى ئه‌مەریكا. ئێمه كۆنتڕۆڵكردنى سنووره‌كان به‌هێز ده‌كه‌ین و ڕیفۆرم و پێداچوونه‌وه به سیستمى كۆچ و په‌نابه‌راندا ده‌كه‌ین و به‌رگرى له ژێرخانه به‌هێزه‌كه‌مان ده‌كه‌ین. سیستمى به‌رگریى مووشه‌كیى ئێمه به‌رگرى ده‌كات له هه‌ر هێرشێكى مووشه‌كى بۆ سه‌ر خاكى ئه‌مەریكا. هه‌روه‌ها ئێمه ده‌گه‌ڕێین به شوێن سه‌رچاوه‌كانى ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌دا، له‌به‌ر ئه‌وه هێرشه تیرۆریستییه‌كان ده‌وه‌ستێنین پێش ئه‌وه‌ى بگه‌نه سنووره‌كانمان.
دووه‌م: په‌ره به بووژانه‌وه‌ى ئابووریى ئه‌مەریكا ده‌ده‌ین. نوێگه‌رى ده‌كه‌ین له ئابووریى ئه‌مەریكا له به‌رژه‌وه‌ندیى كرێكاران و كۆمپانیا ئه‌مەریكییه‌كان. سوور ده‌بین له‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كى ئابووریى داده‌وه‌ر و مامه‌ڵه‌ى هاوشێوه بۆ چاره‌سه‌رى ناوهاوسه‌نگیى بازرگانى. ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان پێویسته سه‌ركردایه‌تیكردنى له توێژینه‌وه و ته‌كنه‌لۆجیا بپارێزێت، هه‌روه‌ها پاراستنى ئابوورییه‌كه‌مان له كێبڕكێكاره‌كان و ئه‌وانه‌ى كه بیرۆكه‌كانى ئێمه به شێوه‌یه‌كى نادادپه‌روه‌رانه ده‌به‌ن بۆخۆیان.
سێیه‌م: ئاشتى ده‌پارێزین له ڕێگه‌ى هێزه‌وه به بنیاتنانه‌وه‌ى هێزه سه‌ربازییه‌كانمان به شێوه‌یه‌ك كه به باڵاده‌ستى بمێنینه‌وه و ڕه‌دعى دوژمنه‌كانمان بكه‌ین ئه‌گه‌ر پێویست بوو بچینه جه‌نگه‌وه بۆ بردنه‌وه. كێبڕكێ ده‌كه‌ین به هه‌موو تواناى نه‌ته‌وه‌ییمان بۆ دڵنیابوون له‌وه‌ى كه ناوچه‌كانى جیهان كۆنترۆڵ نه‌كراوه له لایه‌ن تاكه هێزێكه‌وه. تواناكانى ئه‌مەریكا به‌هێز ده‌كه‌ینه‌وه– له ناویشیاندا ته‌كنه‌لۆجیاى بۆشایى ئاسمان و سایبه‌رسپه‌یس و ژیانه‌وه‌ى ئه‌و لایه‌نه‌نانه‌ى كه له بیر كراوه. هاوپه‌یمان و هاوبه‌شه‌كانمان ده‌سه‌ڵاتمان به‌هێز ده‌كه‌ن. ئێمه پێمانوایه ئه‌وان شان ده‌ده‌نه به‌رپرسیارێتى بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى هه‌ڕه‌شه‌ى هاوبه‌ش.
چواره‌م: كاریگه‌ریى ئه‌مەریكا به‌هێز ده‌كه‌ین له‌به‌رئه‌وه‌ى جیهانێك كه پشتگیریى به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى ئه‌مەریكا ده‌كه‌ن به هۆى به‌هاكانى ئه‌مەریكاوه‌یه كه ده‌بێته هۆى ئه‌وه‌ى ئه‌مەریكا پارێزراو بێت. به‌شدارى و سه‌ركردایه‌تیى ڕێكخراوه فره‌لایه‌نه‌كان ده‌كه‌ین به‌مه‌ش به‌رژه‌وه‌ندی و پره‌نسیپه‌كانى ئه‌مەریكا پارێزراو ده‌بێت. پاپه‌ندبوونى ئه‌مەریكا به به‌هاكانى ئازادى و دیمو‌كراتى، حوكمى یاسا ده‌بێته سه‌رچاوه‌ى هیوا بۆ ئه‌وانه‌ى له‌ژێر فه‌رمانڕه‌وایى سته‌مكاریدان. ئێمه ده‌توانین ڕۆڵێكى سه‌نته‌ریى ببینین له په‌ره‌پێدانى كه‌رتى تایبه‌ت و سه‌ركردایه‌تیكردنى گه‌شه‌ى ئابووری، یارمه‌تیدانى هاوبه‌شه‌كانى تر كه ده‌بنه شه‌ریكى داهاتووى ئه‌منى و بازرگانى ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان. وه‌ك نه‌ته‌وه‌یه‌كى به‌خشنده ده‌مێنینه‌وه له‌گه‌ڵ پێشبینیكردنى ئه‌وه‌ى ئه‌وانى تر به‌شداری بكه‌ن له به‌رپرسیارێتیدا.
ستراتیجى ئه‌مەریكا له سیاقى هه‌رێمیدا
پێویسته ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان ستراتیج و ڕێگاى تایبه‌تى هه‌بێت بۆ ناوچه جیاوازه‌كانى جیهان له پێناو پاراستنى ئاسایشى نه‌ته‌وه‌تی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان. ئێمه پێویستمان به ستراتیجێكى هه‌رێمى ته‌واوكه‌ر و كامل هه‌یه بۆ له‌به‌رچاوگرتن و تێگه‌یشتنى سروشت و حه‌جمى هه‌ڕه‌شه‌كان و ئاڵۆزى كێبڕكێكان. گۆڕانكارى له هاوسه‌نگى هێزى هه‌رێمى ده‌توانێت كاریگه‌رى جیهانى هه‌بێت و هه‌ره‌شه بێت بۆ سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندیی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان. بازاره‌كان و ماده خاوه‌كان و هێڵه‌كانى په‌یوه‌ندى و سه‌روه‌ت و سامانى مرۆڤایه‌تى ده‌كه‌وێته نێوان نه‌ته‌وه‌كان یاخود مامه‌ڵه‌ى پێوه ده‌كردێت له نێوان ناوچه سه‌ره‌كییه‌كانى جیهان. چین و ڕووسیا هه‌وڵى زۆر ده‌ده‌ن بۆ پلانى بوون به هێزى جیهانی، به‌ڵام ئه‌وان به‌زۆرى مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تانى دراوسێیان ده‌كه‌ن. كۆریاى باكوور و ئێران گه‌وره‌ترین هه‌ڕه‌شه‌ن بۆ ئه‌وانه‌ى له‌وانه‌وه نزیكن. به‌ڵام هه‌روه‌ك چه‌كه كۆمه‌ڵكوژه‌كان به‌خێرایى بڵاوده‌بنه‌وه و هه‌رێم و ناوچه‌كان زیاتر پێكه‌وه گرێ ده‌درێن واده‌كات هه‌ڕه‌شه‌كان به‌ئاسانى كۆنترۆڵ نه‌كرێن. گۆرانى هاوسه‌نگى هه‌رێمى له دژى ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان ڕه‌نگه مه‌ترسى بێت بۆ ئاسایشى نه‌ته‌وه‌یمان.
پێویسته ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان خواست و تواناكانى كۆبكاته‌وه بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه و ڕێگه‌گرتن له گۆرانى نه‌خوازراوى هێز له زه‌ریاى هادى و هێمن، ئه‌ورووپا و ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست. هێشتنه‌وه‌ی هاوسه‌نگییه‌كى هێزى خوازراو پێویستى به ئیلتیزامى به‌هێز و هاریكارى هه‌یه له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانه‌كان و هاوبه‌شه‌كانمان له‌به‌رئه‌وه‌ى هاوپه‌یمان و هاوبه‌شه‌كانمان هێزى ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان پته‌و ده‌كه‌ن و كاریگه‌ریى ئه‌مەریكا فراوان ده‌كه‌ن. له هه‌ندێ ناوچه‌ى تر‌ى جیهان، ناسه‌قامگیرى و لاوازیى حكومڕانى هه‌ڕه‌شه له به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان ده‌كه‌ن. هه‌ندێك له حكومه‌ته‌كان بێ توانان له پاراستنى ئاسایش و دابینكردنى پێداویسته سه‌ره‌تاییه‌كانى هاووڵاتییانى خۆیان، ئه‌مه‌ش واده‌كات وڵاته‌كانیان و هاووڵاتییه‌كانیان له پێناو به‌رژه‌وه‌ندیى خۆیان به‌كار بهێنن. له‌م ڕاپۆرته‌دا ئه‌مەریكا جیهانى دابه‌شكردووه به سه‌ر شه‌ش ناوچه‌دا:
1- زه‌ریاى هادى و هێمن
كێبڕكێى جیۆپۆلۆتیكى له نێوان سیستمى جیهانى ئازاد و دیكتاتۆرى ڕوو ده‌دات له ناوچه‌ى زه‌ریاى هێمن و هادى. ئه‌و ناوچه‌یه درێژ ده‌بێته‌وه له كه‌ناراوه‌كانى ڕۆژئاواى هیندستان بۆ كه‌ناراوه‌كانى ڕۆژئاواى ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان، ئاوه‌دانترین ناوچه‌یه له ڕووى دانیشتووان و ئابووریى ئه‌و به‌شه‌ى جیهان. به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان له ئازادى و كرانه‌وه‌ى ئه‌و ناوچه‌یه ده‌گه‌رێته‌وه بۆ ڕۆژه‌كانى سه‌ره‌تاى دامه‌زراندنى كۆماره‌كه‌مان.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان ده‌خوازێت به‌رده‌وام بێت له هاریكارى له‌گه‌ڵ وڵاتى چیندا، وڵاتى چین ئابووریى به‌كارده‌هێنت بۆ قه‌ناعه‌تپێكردن و سزادان و كاریگه‌رى درووستكردن، هه‌روه‌ها هه‌ڕه‌شه‌ى سه‌ربازى به‌كارده‌هێنێت بۆ ڕازیكردنى ده‌وڵه‌تانى تر بۆ له‌به‌رچاوگرتنى ئه‌جێندا ئه‌منى و سیاسییه‌كانیان. ژێرخانى وه‌به‌رهێنان و ستراتیجى بازرگانى چین خواسته جیوپۆلۆتیكییه‌كانى به‌هێز كردووه. هه‌وڵه‌كانى بۆ بنیاتنان و به‌سه‌ربازگه‌كردنى باشوورى ده‌ریارى چین مه‌ترسییه بۆ سه‌ر بازرگانیى ئازاد و هه‌ڕه‌شه‌یه بۆ سیاده‌ى ده‌وڵه‌تانى تر و سه‌قامگیرى هه‌رێمى فه‌رامۆش ده‌كات. چین هێزى سه‌ربازى خۆى نوێكردۆته‌وه بۆ سنوورداكردنى چالاكییه‌كانى ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان له ناوچه‌كه و ده‌ستكراوه‌كردنى وڵاته‌كه‌ی. چین خواسته‌كانى وه‌ك سودى هاوبه‌ش پیشانده‌دات، به‌ڵام باڵاده‌ستیى چین له‌وێ مه‌ترسى له‌سه‌ر لاوازبوونى سیاده‌ى زۆرێك له ده‌ڵه‌ته‌كان هه‌یه له زه‌ریاى هێمن و هادى. وڵاتان له سه‌رانسه‌رى ناوچه‌كه داواى مانه‌وه‌ى سه‌ركردایه‌تیى ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان ده‌كه‌ن له وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌كى به‌كۆمه‌ڵ كه پشتگیرى سیستمێكى هه‌رێمى بكات و ڕێز بگرێت له سیاده وسه‌ربه‌خۆى ده‌وڵه‌ته‌كانى تر.
له ڕۆژهه‌ڵاتى باكوورى ئاسیا، ڕ‌ژێمى كۆریاى باكوور به‌خێراى په‌ره به پرۆگرامى مووشه‌كى بالیستى و چه‌كى ناوه‌كى و هێرشى ئه‌لیكترۆنى وڵاته‌كه‌ى ده‌دات. خواستى كۆریاى باكوور بۆ ئه‌م جۆره چه‌كانه مه‌ترسى بۆ سه‌ر جیهان درووست ده‌كات و پێویستى به وه‌ڵامدانه‌وه‌ى جیهان هه‌یه. به‌رده‌وامى كاره نابه‌جێكانى كۆریاى باكوور ده‌بێته هۆى ئه‌وه‌ى كه وڵاتانى دراوسێی و ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان په‌یوه‌ندییه سه‌ربازییه‌كانى به‌هێز بكات و ڕیوشوێنى تر بگرنه به‌ر بۆ پاراستنى خۆیان. چه‌كى ناوه‌كى كۆریاى باكوور ده‌بێته هۆى بڵاوبوونه‌ى كوشنده‌ترین چه‌كى جیهان له زه‌ریاى هادى و هێمن. هاوپه‌یمانه‌كانى ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان زۆر جیدین له وه‌ڵامدانه‌وه‌ى مه‌ترسى هاوبه‌ش، بۆ نمونه كۆریاى باكوور له پێناو پاراستنى به‌رژه‌وه‌ندییه هاوبه‌شه‌كانمان له ناوچه‌ى زه‌ریاى هادى و هێمن. هاوپه‌یمانى و دۆستایه‌تیمان له‌گه‌ڵ كۆریاى باشوور له ئێستادا به‌هێزتره له هه‌ركاتێكى پێشووتر. ئێمه پێشوازى و پشتگیرى له ڕۆڵى سه‌ركردایه‌تى به‌هێزى هاوپه‌یمانه گرنگه‌كانمان ده‌كه‌ین به تایبه‌تى یابان. ئوسترالیا له‌گه‌ڵ ئێمه وه‌ستاوه له هه‌ر ململانێیه‌كى گرنگ له دواى جه‌نگى جیهانى یه‌كه‌مه‌وه، ئێمه به‌رده‌وامین له به‌هێزكردنى په‌یوه‌ندییه ئه‌منى و ئابوورییه‌كان كه پشتگیرى به‌رژه‌وه‌ندییه هاوبه‌شه‌كانمان و به‌ها دیموكراتیه‌كانمان ده‌كات له‌سه‌رانسه‌رى ناوچه‌كه. نیوزیلاندا شه‌ریكێكى سه‌ره‌كى ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانه و به‌شداریان كردووه له پاراستنى ئه‌من و ئاسایش له‌سه‌رانسه‌رى ناوچه‌كه. ئێمه پێشوازى له ده‌ركه‌وتنى هیندستان ده‌كه‌ین وه‌ك هێزێكى جیهانى زاڵ و وه‌ك هاوبه‌شێكى سه‌ره‌كى و ستراتیجى. ئێمه ده‌خوازین بۆ زیادكردنى هاریكاری چوارقۆڵى له‌گه‌ڵ یابان، ئوسترالیا و هیندستان.
له ڕۆژهه‌ڵاتى باشوورى ئاسیا، فلیپین و تایلاند وه‌ك هاوپه‌یمانێكى گرنگ و بازاڕێك بۆ ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان ده‌مێنێته‌وه. ڤێتنام، ئندۆنیسیا، مالیزیا و سه‌نگافوره، وه‌ك شه‌ریكێكى ئابووریى و ئه‌منى ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان له په‌ره‌سه‌ندان. كۆمه‌ڵه‌ى ده‌وڵه‌تانى ڕۆژهه‌ڵاتى باشوورى ئاسیا و هاریكاریى ئابووریى بۆ ده‌وڵه‌تانى ئاسیا و زه‌ریاى هادى وه‌ك ڕێكخراوى گرنگ ده‌مێننه‌وه بۆ به‌هێزكردنى سیستمه‌كه له‌سه‌ر بنه‌ماى ئازادى.
ئه‌وله‌وییه‌تى كاره‌كان له‌م ناوچه‌یه
سیاسى: تێڕوانینى ئێمه بۆ ده‌وڵه‌تانى سه‌ر ده‌ریاى هادى و هێمن هیچ ده‌وڵه‌تێك به‌ده‌ر ناكات له سیاسه‌ته‌كانمان. ئێمه ئیلتیزاماتى خۆمان ده‌پارێزین بۆ درووستكرنى هاوپه‌یمانى و دۆستایه‌تى، له كاتێكدا په‌یوه‌ندییه‌كانمان فراوان و قووڵتر ده‌كه‌ینه‌وه له‌گه‌ڵ شه‌ریكه نوێیه‌كان كه ڕیز له بنه‌ماى سیاده و بازرگانى هاوبه‌ش و سه‌روه‌رى یاسا ده‌گرن. ئێمه ئیلیتزاماتى خۆمان به‌هێز ده‌كه‌ین له ئازادى زه‌ریاكان و چاره‌سه‌رى ئاشتیانه‌ى ناكۆكییه ده‌ریاى و وشكانییه‌كان به‌پێى یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان.
ئابووریى: ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان هانى هاریكارى هه‌رێمى ده‌دات بۆ هێشتنه‌وه‌ى ئازادى و كرانه‌وه‌ى ڕێگا ده‌ریایه‌كان، پیاده‌ی ژێرخانى دارایى شه‌فاف، بازرگانى بێ كۆسپ و چاره‌سه‌رى ئاشتییانه‌ى ناكۆكییه‌كان. هه‌وڵى ڕێكه‌وتنامه‌ى بازرگانى دوولایه‌نه ده‌ده‌ین له‌سه‌ر بنه‌ماى دادپه‌روه‌رى و مامه‌ڵه‌ى هاوشێوه.
سه‌ربازى و ئه‌منى: پارێزگارى له بوونى تواناى سه‌ربازیى وڵاته‌كه‌مان ده‌كه‌ین بۆ ڕه‌دعكردن یان ئه‌گه‌ر پێویستى كرد به‌زاندى هه‌ر دو‌ژمنێك. په‌یوه‌ندییه سه‌ربازییه درێژخایه‌نه‌كانمان به‌هێز ده‌كه‌ین له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانه‌كانمان و هانى سیستمێكى به‌هێزى به‌رگرى ده‌ده‌ین له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمان و شه‌ریكه‌كانمان. بۆ نمونه، هاریكاریى یایان و كۆریاى باشوور ده‌كه‌ین له سیستمى به‌رگریى مووشه‌كى بۆ به‌رگریكردن له ناوچه‌كه. ئاماده‌ین بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ى هه‌ڕه‌شه‌كانى كۆریاى باكوور به به‌كارهێنانى هێزى به‌رهه‌ڵستى نه‌كراو و په‌ره‌پێدانى هه‌لى چه‌كداماڵینى نیمچه دورگه‌كه. په‌یوه‌ندیی به‌هێزمان ده‌پارێزین له‌گه‌ڵ تایوان به پێى سیاسه‌ته بڕیارداوه‌كانمان له‌گه‌ڵ چین. وزه ده‌به‌خشینه‌وه به هاوپه‌یمانیمان له‌گه‌ڵ فلیپین و تایلاند و سه‌نگافوره و ڤێتنام و ئیندۆنیسیا و مالیزیا و یارمه‌تیدانى ئه‌وانى تر بۆ ئه‌وه‌ى ببنه هێزی ده‌ریایى هاریكار.
2- ئه‌ورووپا
ئه‌ورووپایه‌كى ئازاد و به‌هێز زۆر گرنگه بۆ ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان. ئێمه پێكه‌وه گرێدراوین به ئیلتیزاماتى هاوبه‌شمان بۆ پره‌نسیپه‌كانى دیموكراسى، ئازادى تاكه‌كه‌سى و حوكمى یاسا. له دواى جه‌نگى دووه‌مى جیهانى به یه‌كه‌وه ئه‌ورووپاى ڕۆژئاوامان بنیات نایه‌وه و دامه‌زراوه‌كانمان درووست كرد كه ناوچه‌كه‌یان سه‌قامگیر كرد. له‌مڕۆدا، ئه‌ورووپا یه‌كێكه له ناوچه ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانى جیهان و گرنگترین هاوبه‌شى بازرگانیى ئێمه‌یه.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى مه‌ترسیى سۆڤیه‌تى كۆمۆنیزم نه‌ماوه، هه‌ڕه‌شه‌ى نوێ خواسته‌كانمان تاقی ده‌كاته‌وه. ڕوسیا ڕێوشوێنى تێكده‌رانه به‌كار ده‌هێنێت بۆ لاوازكردنى متمانه‌ى ئیلتیزاماته‌كانى ئه‌مەریكا بۆ ئه‌ورووپا، فه‌رامۆشكردنى یه‌كگرتووى ناوچه‌كه و لاوازكردنى دامه‌زراوه و حكومه‌ته‌كانى ئه‌ورووپا. له‌گه‌ڵ داگیركردنى جۆرجیا و ئۆكرانیا، ڕووسیا خواستى خۆى پیشاندا بۆ پێشێلكردنى سیاده‌ى ده‌وڵه‌تانى تر له ناوچه‌كه. ڕوسیا به‌رده‌وامه له ترساندنى ده‌وڵه‌ته دراوسێكانى به ڕه‌فتارى هه‌ڕه‌شه‌ئامێز، بۆ نموونه نواندنى چه‌كى ناوه‌كى و بڵاوپێكردنى و تواناى هێرشبه‌ری.
چین پێگه‌ى ستراتیجى له ئه‌ورووپا به ده‌ست ده‌هێنێت له ڕێگه‌ى فراوانكردنى موماره‌سه‌ى بازرگانیى نادادپه‌روه‌رانه و وه‌به‌رهێنان له پیشه‌سازیه سه‌ره‌كییه‌كان و ته‌كنه‌لۆجیا هه‌ستیاره‌كان و ژێرخانه‌كان. هه‌روه‌ها ئه‌ورووپا ڕووبه‌ڕووى مه‌ترسیى له‌ناكاوى توندڕه‌وه ئیسلامیه‌كان ده‌بێته‌وه. هێرشه‌كان له لایه‌ن داعش و گروپه جیهادییه‌كان بۆ سه‌ر ئیسپانیا، فه‌ڕه‌نسا، ئه‌ڵمانیا به‌لجیكا، شانشینى یه‌كگرتوو، و وڵاتانى تر پیشانى ده‌دات شه‌ریكه‌كانمان له ئه‌ورووپا ڕووبه‌ڕووى مه‌ترسى جیدى ده‌بنه‌وه. ناسه‌قامگیرى له ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و ئه‌فریقا بووه‌ته هۆى كۆچكردنى ملیۆنان ئاواره بۆ ئه‌ورووپا، ئاڵۆزى و ناسه‌قامگیرى له ناوچه‌كه زیاتر بووه.
ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان پارێزراوه كاتێك ئه‌ورووپا سه‌قامگیره و گه‌شه‌كردوو بێت و ئه‌مه ده‌توانێت یارمه‌تیده‌ر بێت له به‌رگریكردنى به‌رژه‌وه‌ندییه هاوبه‌شه‌كانمان. ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان پاپه‌ند ده‌بێت به هاوپه‌یمانى له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمان و شه‌ریكه‌كانمان له ئه‌ورووپا. هاوپه‌یمانیی ناتۆ به‌هێزتر ده‌بێت كاتێك هه‌موو ئه‌ندامه‌كان به‌رپرسیارێتیى زیاتر هه‌ڵده‌گرن و به‌شداریى داراى هاوپه‌یمانییه‌كه ده‌كه‌ن بۆ پاراستنى به‌رژه‌وه‌ندی و به‌ها هاوبه‌شه‌كانمان.
ئه‌وله‌وییه‌تى كاره‌كان له ئه‌ورووپا
سیاسى: ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان هاریكاریى به‌هێزى ده‌بێت له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمان و شه‌ریكه‌كانمان له ئه‌ورووپا بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى ئه‌و هێزانه‌ى كه هه‌ڕه‌شه‌ن له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندی و به‌ها هاوبه‌شه‌كانمان. ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان و ئه‌ورووپا به یه‌كه‌وه كار ده‌كه‌ن بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى هه‌ڕه‌شه‌كانى ڕوسیا، ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌ى كه لایه‌ن كۆریاى باكوور و ئێرانه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرن.
ئابووری: ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان كار ده‌كات له‌گه‌ڵ یه‌كێتیى ئه‌ورووپا و به شێوه‌یه‌كى دوولایه‌نه له‌گه‌ڵ به‌ریتانیا و وڵاتانى تر، بۆ دڵنیابوون له موماره‌سه‌ى بازرگانیى دادوه‌رانه و مامه‌ڵه‌ى هاوشێوه و نه‌هێشتى ڕێگرییه‌كانى به‌رده‌م گه‌شه‌ى ئابووری. هانى وه‌به‌رهێنانى بیانیى ڕاسته‌وخۆى ئه‌ورووپا ده‌ده‌ین له ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان بۆ ڕه‌خساندنى هه‌لى كار. له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانه‌كانمان له ئه‌ورووپا كار ده‌كه‌ین بۆ فره‌جۆركردنى سه‌رچاوه‌كانى وزه و دابینكردنى ئاسایشى وزه‌ى وڵاتانى ئه‌ورووپا. كار ده‌كه‌ین له‌گه‌ڵ هاوبه‌شه‌كانمان بۆ كێبڕكێى بازرگانیى نادادپه‌روه‌رانه‌ى چین و سنوورداركردنى ده‌ستڕاگه‌یشتنى چین به ته‌كنه‌لۆجیا هه‌ستیاره‌كان.
سه‌ربازى و ئه‌منى
ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان به‌رپرسیارێتیى به‌رگریى خۆى جێبه‌جێ ده‌كات و پێشبینى ده‌كه‌ین ئه‌وانی تریش هه‌مان شت بكه‌ن. پێشبینى ده‌كه‌ین هاوپه‌یمانه ئه‌ورووپییه‌كانمان خه‌رجیى به‌رگرى زیاد بكه‌ن به ڕێژه‌ى 2 له سه‌دى گه‌شه‌ى به‌رهه‌مى ناوخۆیى تا ساڵى 2024، له‌گه‌ڵ ته‌رخانكردنى 20 له سه‌دى ئه‌م خه‌رجییه بۆ توانا سه‌ربازییه‌كان. له‌سه‌ر به‌شى ڕۆژئاواى ناتۆ به‌رده‌وام ده‌بین له‌به‌هێزكردنى سیستمى ڕه‌دع و به‌رگرى. هاوكاریى ناتۆ ده‌كه‌ین له په‌ره‌پێدانى سیستمى به‌رگریى ئاسمانى و مووشه‌كى بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى هه‌ڕه‌شه‌ى مووشه‌كى به تایبه‌تى له لایه‌ن ئێرانه‌وه.
3- ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست
ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستێكى ده‌وێت كه نه‌بێته لانكه‌ى پێگه‌یاندنى تیرۆریسته جیهادییه‌كان، كۆنتڕۆڵ نه‌كرێت له لایه‌ن هێزێكه‌وه كه دوژمنى ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان بێت و ناوچه‌یه‌كى ده‌وێت كه به‌شداری بكات له بازاڕى وزه‌ى جیهانی سه‌قامگیردا.
بۆ ماوه‌ى چه‌ندین ساڵه، كێشه گرێدراوه‌كانى فراوانخوازى ئێران، ڕووخانى ده‌وڵه‌تان، ئایدیۆلۆجیاى جیهادى، چه‌قبه‌ستووى ئابووریى- كۆمه‌ڵایه‌تى و دوژمنایه‌تیى هه‌رێمى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستى هه‌ژاندووه و گیرۆده‌ى كردووه. ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان تێگه‌یشتووه له‌وه‌ى كه نه هیواكان بۆ گواستنه‌وه‌ى پڕۆسه‌ى دیموكراسى و نه به‌جێهشتنى ناوچه‌كه ئێمه جیا ناكاته‌وه له كێشه‌كانى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست. پێویسته واقعى بین ده‌رباره‌ى تێڕوانینه‌كانمان بۆ ناوچه‌كه به‌بێ ئه‌وه‌ى ڕه‌شبینییه‌كانمان ببێته كۆسپ له به‌رده‌م به‌رژه‌وه‌ندى و تێڕوانینمان بۆ ڕۆژهه‌ڵاتێكى ناوه‌ڕاستى مۆدێرن.
ناوچه‌كه شوێنى مه‌ترسیدارترین ڕێكخراوى تیرۆریستیى جیهانه. داعش و ئه‌لقاعیده به‌رده‌وامن له‌سه‌ر درووستكردنى ناسه‌قامگیرى و بڵاوكردنه‌وه‌ى توندوتیژى. ئێران، سه‌ركرده‌ى وڵاتانى جیهانه بۆ پشتگیرى له تیرۆریزم، ئه‌م ناسه‌قامگیرییه‌ى قۆستووەته‌وه بۆ فراوانكردنى نفووزى خۆى له ڕێگه‌ى هاوبه‌ش و وه‌كیله‌كانییه‌وه، بڵاوكردنه‌وه‌ى چه‌ك و یارمه‌تییه داراییه‌كانى. ئێران به‌رده‌وامه له‌سه‌ر په‌رپێدانى توانا مووشه‌كیى و هه‌واڵگرییه‌كانى و هێرشه ئه‌لیكترۆنییه‌كانیان. ئه‌م چالاكییانه به‌رده‌وام بوونه به‌بێ دابڕان له ڕێکكه‌وتننامه‌ى ناوه‌كى 2015وه. ئێران به‌رده‌وامه له ئه‌نجامدانى بازنه‌ى توندوتیژى له ناوچه‌كه، كه هۆكارى زیانى گیانییه به هاووڵاتییانى مه‌ده‌نى. ده‌وڵه‌ته ڕكابه‌ره‌كان بۆشاییه‌كان پڕ ده‌كه‌نه‌وه كه به هۆى ڕووخانى ده‌وڵه‌ته‌كان و ملمڵانێ درێژخایه‌نه‌كانه‌وه درووست بووه.
سه‌ره‌ڕاى ئه‌م ته‌حه‌دییانه، هه‌ندێك هه‌ل هه‌یه بۆ په‌رپێدانى به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى ئه‌مەریكا له ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستدا. له‌گه‌ڵ هه‌ندێك له هاوبه‌شه‌كانمان كار ده‌كه‌ین پێكه‌وه بۆ ڕه‌تكردنه‌وه‌ى ئایدیۆلۆجییه ڕادیكاڵییه‌كان و سه‌ركرده دیاره‌كانیش بانگه‌شه‌ى ڕه‌تكردنه‌وه توندوتیژى ده‌كه‌نه‌وه. هاندانى سه‌قامگیریى سیاسى و گه‌شه‌سه‌ندنى به‌رده‌وام هۆكار ده‌بێت له هێوركردنه‌وه‌ى بارودۆخه‌كه.
بۆ چه‌ندین نه‌وه ململانێى نێوان ئیسرائیل و فه‌ڵه‌ستینییه‌كان وا لێك دراوه‌ته‌وه كه هۆكارى سه‌ره‌كییه له‌به‌رده‌م گه‌یشتن به ئاشتى و پێشكه‌وتنى ئابووریى ناوچه‌كه. له‌مڕۆدا هه‌ڕه‌شه‌ى ڕێكخراوه تیرۆریستییه‌كان و هه‌ڕه‌شه‌كانى ئێران ئه‌و ڕاستیه ده‌رده‌خه‌ن كه ئیسرائیل هۆكارى كێشه‌كانى ناوچه‌كه نییه. ده‌وڵه‌ته‌كان به‌زۆرى به‌رژه‌وه‌ندیى هاوبه‌شیان هه‌یه له‌گه‌ڵ ئیسرائیل له ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى هه‌ڕه‌شه‌ى هاوبه‌ش.
له‌مڕۆدا، ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان هه‌لى له‌به‌رده‌ستدایه بۆ هاریكارى ئابووری و سیاسى زیاتر كه ده‌بێـته هۆى فراوان بوونى گه‌شه‌كردن بۆ ئه‌وانه‌ى ده‌یانه‌وێت شه‌ریكایه‌تى له‌گه‌ڵ ئێمه بكه‌ن. به بووژانه‌وه‌ى په‌یوه‌ندیى هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه ڕیفۆرمخوازه‌كان و هاندانى هاریكارى له نێوان هاوبه‌شه‌كان له ناوچه‌كه، ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان ده‌توانێت هاوسه‌نگى هێز و سه‌قامگیرى په‌ره‌پێدات له به‌رژه‌وه‌ندى ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان.
ئه‌وله‌وییه‌تى كاره‌كان له ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست
سیاسى: په‌یوه‌ندییه‌كانمان له‌گه‌ڵ هاوبه‌شه‌كانمان به‌هێز ده‌كه‌ین، و په‌یوه‌ندى نوێش بنیات ده‌نێین، له پێناو دابینكردنى ئاسایش له ڕێگه‌ى سه‌قامگیرییه‌وه. له‌هه‌ر شوێنێك بگونجێت، ئێمه هانى ڕیفۆرمى ته‌دریجى ده‌ده‌ین. پشتگیرى ئه‌و هه‌وڵانه ده‌كه‌ین بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه ئایدیۆلۆجیاى توند ڕه‌وه‌یى و ڕێزگرتنى زیاترى شكۆى تاكه‌كه‌س. ئیلتیزاماتى خۆمان ده‌پارێزین له یارمه‌تیدانى هاوبه‌شه‌كانمان بۆ ده‌سته‌به‌ركردنى سه‌قامگیرى و هه‌رێمێكى ده‌وڵه‌مه‌ند، له ناویشیاندا له ڕێگه‌ى ئه‌نجوومه‌نى هاریكاریى كه‌نداوى یه‌كگرتوو به‌هێزتر. هاوپه‌یمانیى درێژخایه‌نى خۆمان له‌گه‌ڵ عێراق به‌هێز ده‌كه‌ین وه‌ك ده‌وڵه‌تێكى سه‌ربه‌خۆ. ئێمه چاره‌سه‌رى جه‌نگى ناوخۆى سوریامان ده‌وێت به‌شێوه‌یه‌ك كه ئاواره‌كان بگه‌ڕێنه‌وه بۆ شوێنى خۆیان و ژیانیان ده‌ست پێ بكه‌نه‌وه له ژینگه‌یه‌كى پارێزراودا. كارده‌كه‌ین له‌گه‌ڵ هاوبه‌شه‌كانمان بۆ شكستپێهێنانى هه‌موو ده‌روازه‌كانى گه‌یشتن به‌چه‌كى ناوه‌كى له لایه‌ن ئێرانه‌وه و كه‌مكردنه‌وه‌ى كاریگه‌رییه خراپه‌كانى ئێران له ناوچه‌كه. پاپه‌ندین به ئاسانكاریى له یارمه‌تیدانى ڕێكه‌وتنامه‌یه‌كى ئاشتى گشتگیر كه ئیسرائیلییه‌كان و فه‌ڵه‌ستینییه‌كان پێى ڕ‌ازى بن.
ئابوورى: ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان پشتگیریى ڕیفۆرمه‌كان ده‌كات به ئاڕاسته‌ى چاره‌سه‌ركردنى جه‌وهه‌رى نادادپه‌روه‌رى كه تیرۆریسته جیهادیه‌كان قۆستوویانه‌ته‌وه. هانى ده‌وڵه‌تان ده‌ده‌ین له ناوچه‌كه، له ناویشیاندا، میسڕ و سعوودییه‌ى عه‌ره‌بى، بۆ به‌رده‌وامبوون له‌سه‌ر نوێكردنه‌وه پێشخستنى ئابوورییه‌كانیان.
ئه‌منى و سه‌ربازى: هێزه سه‌ربازییه‌كانى ئه‌مەریكا له ناوچه‌كه ده‌هێڵینه‌وه بۆ پاراستنى ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان و هاوپه‌یمانه‌كانمان له هه‌ڕه‌شه‌ى تیرۆریستى و هێشتنه‌وه‌ى هاوسه‌نگییه‌كى هێزى خوازراو. یارمه‌تى هاوبه‌شه هه‌رێمییه‌كانمان ده‌ده‌ین له به‌هێزكردنى توانا و دامه‌زراوه‌كانیان، له ناویشیاندا به‌هێزكردنى حوكمى یاسا، بۆ ڕووبوڕووبوونه‌وه تیرۆریزم. یارمه‌تى هاوبه‌شه‌كانمان ده‌ده‌ین بۆ به‌ده‌ستهێنانى سیستمى مووشه‌كیى به‌رگرى و تواناى تر بۆ به‌رگرییه‌كى باشتر له دژى هه‌ڕه‌شه‌ى مووشه‌كى. كار ده‌كه‌ین له‌گه‌ڵ هاوبه‌شه‌كانمان بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ى چالاكییه خراپه‌كانى ئێران له ناوچه‌كه.
4- باشوور و ناوه‌ڕاستى ئاسیا
له‌گه‌ڵ بوونى چوار یه‌كى هه‌موو دانیشتووانى جیهان، پێنچ یه‌كى هه‌موو گرووپه تیرۆریستییه‌كان كه ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان ناساندوویه‌تى و بوونى دوو ده‌وڵه‌تى خاوه‌ن چه‌كى ناوه‌كى، باشوور و ناوه‌ڕاستى ئاسیا ئاڵۆزترین ته‌حدى ئاسایشى نه‌ته‌وه‌یى له‌خۆ ده‌گرێت. ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان به‌رده‌وامه له ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى هه‌ڕه‌شه تیرۆریستییانه‌ى له‌ناو پاكستانه‌وه سه‌رچاوه‌ى گرتووه. ئه‌گه‌رى پێكدادانى سه‌ربازى هیندستان – پاكستان كه ڕه‌نگه سه‌ر بكێشێت بۆ ئاڵوگۆڕى ئه‌تۆمى وه‌ك نیگه‌رانیى سه‌ره‌كى ده‌مێنێته‌وه پێویستى به گرنگیپێدانى دیپلۆماسیى گونجاو هه‌یه.
به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى ئه‌مەریكا له ناوچه‌كه ڕوبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى هه‌ڕه‌شه‌ى تیرۆریستى له‌خۆ ده‌گرێت كه كاریگه‌رى هه‌یه له‌سه‌ر ئاسایشى خاكى ئه‌مەریكا و هاوپه‌یمانه‌كانمان، ڕێگه‌گرتن له تیرۆریزمى نێوده‌وڵه‌تى و چه‌كى ناوه‌كى و ڕێگه‌گرتن له ده‌ستڕاگه‌یشتنى ئه‌م گرووپانه به‌و چه‌كانه. ئێمه هه‌وڵده‌ده‌ین بۆ مانه‌وه‌ى هێزه‌كانى ئه‌مەریكا له ناوچه‌كه بۆ ڕێگه‌گرتن له هه‌ڕه‌شه‌كانى سه‌ر خاكى ئه‌مەریكا و هاوپه‌یمانه‌كانمان. ده‌مانه‌وێت كه پاكستان به‌شدارى نه‌كات له ناسه‌قامگیركردنى ناوچه‌كه و ئه‌فغانستانێكى پشت به‌خۆبه‌ستوومان ده‌وێت.
ئه‌وله‌وییه‌تى كاره‌كان له باشوور و ناوه‌ڕاستى ئاسیا
سیاسى: هاوبه‌شى ستراتیجیمان زیاتر په‌ره پێ ده‌ده‌ین له‌گه‌ڵ هیندستان و پشتگیریى ڕۆڵى سه‌ركردایه‌تیكردنى هیندستان ده‌كه‌ین له ئاسایشى زه‌ریاى هندى و له سه‌رانسه‌رى سنووره‌كانى ناوچه‌كه. فشار ده‌خه‌ینه سه‌ر پاكستان بۆ چڕكردنه‌وه‌ى هه‌وڵه‌كانى ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى تیرۆریزم. هه‌روه‌ها ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان هانى پاكستان ده‌دات كه به‌رپرسیارێتى پاراستنى چه‌كه ئه‌تۆمییه‌كانى له‌ئه‌ستۆ بگرێت. به‌رده‌وام ده‌بین له‌گه‌ڵ ئه‌فغانستان بۆ په‌ره‌پێدانى ئه‌من و ئاسایش له ناوچه‌كه. یارمه‌تى نه‌ته‌وه‌كانى باشوورى ئاسیا ده‌ده‌ین له هێشتنه‌وه‌ى سه‌روه‌ریان هه‌روه‌ك چین كاریگه‌رى زیاد ده‌كات له ناوچه‌كه.
ئابوورى: هانى ئابوورییه‌كى ته‌واوكارى ده‌ده‌ین له باشوور و ناوه‌ڕاستى ئاسیا بۆ په‌ره‌پێدانى په‌یوه‌ندیى ئابووری. هانى هیندستان ده‌ده‌ین بۆ زیادكردنى هاوكارییه ئابوورییه‌كانى له ناوچه‌كه. له پاكستان، په‌یوه‌ندى وه‌به‌رهێنان و بازرگانى درووست ده‌كه‌ین له‌گه‌ڵ باشبوونى بارودۆخى ئه‌منى و هه‌روه‌ك پاكستان پشانى ده‌دات كه یارمه‌تى ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان ده‌دات له ئامانجى ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى تیرۆریزم.
ئه‌منى و سه‌ربازى: پابه‌ندین به یارمه‌تیدانى حكومه‌تى ئه‌فغانستان و هێزه‌كانى ئاسایش له شه‌ڕكردنیان له دژى تاڵیبان، ئه‌لقاعیده، داعش و تیرۆریسته‌كانى تر. تواناى شه‌ڕكردنى هێزه‌كانى ئاسایشى ئه‌فغانستان به‌هێزتر ده‌كه‌ین بۆ قه‌ناعه‌تپێكردنى تاڵیبان كه ئه‌وان ناتوانن له جه‌نگدا براوه بن و هه‌وڵى دیپلۆماسى بده‌ن بۆ به‌ده‌ستهێنانى ئاشتى. سوور ده‌بین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كه پاكستان ڕێوشوێنى توند ده‌گرێته‌به‌ر له دژى گرووپه تیرۆریسته‌كان كه له خاكى ئه‌وان چالاكى ئه‌نجام ده‌ده‌ن. له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌ته‌كانى تر‌ى ناوه‌ڕاستى ئاسیا كار ده‌كه‌ین بۆ ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌ى تیرۆریزم.
5- نیوه‌گۆى ڕۆژئاواى زه‌وى
نیوه‌ى كۆتایى سه‌ده‌ى ڕابردوو، به‌شێك له‌م نیوه‌گۆى زه‌وییه وێران بوو به‌هۆى دیكتاتۆری و فه‌رمانڕه‌وا سته‌مكاره‌كانه‌وه كه ده‌یان هه‌زار خه‌ڵكیان كوشتووه. له‌مڕۆدا، ناوچه‌كه ده‌وڵه‌مه‌نده له ڕووى ئابوورییه‌وه و ئاشتى تێیدا به‌رقه‌راره، حكومه‌ته‌كان له‌سه‌ر بنه‌ماى دیموكراسى و حوكمى یاسا بنیاتنراوه. بازرگانى ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان له‌م ناوچه‌یه سه‌ركه‌وتوو بووه و بازاڕه‌كان ده‌رفه‌تێكن بۆ شتومه‌كى ئه‌مەریكى و خزمه‌تگوزارییه‌كان، پرۆژه‌ى ژێرخان و وزه و وه‌به‌رهێنانى ڕاسته‌وخۆى بیانى به‌رده‌وامه له فراوان بوون.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ته‌حدیه‌كان هێشتا ماون. ڕێكخراوه تاوانباره سنووربڕه‌كان – له ناویشیاندا بانده‌كان كه توندوتیژى و گه‌نده‌ڵى ئه‌نجام ده‌ده‌ن، هه‌ڕه‌شه له سه‌قامگیرى ده‌وڵه‌تانى ئه‌مەریكاى ناوه‌ڕاست ده‌كه‌ن له ناویاندا گواتیمالا، هندۆراس و سلڤادۆر. له فه‌نزوێلا و كوبا، حكومه‌ته‌كان به‌ڕێوه ده‌برێن له لایه‌ن مۆدێلى ده‌سه‌ڵاته چه‌پڕه‌وه فه‌وزەوییه‌كانه‌وه كه به‌رده‌وامه له سه‌ركوتكردنى هاووڵاتییه‌كانى.
چین هه‌وڵ ده‌دات ناوچه‌كه بخاته به‌ره‌ى خۆیه‌وه له ڕێگه‌ى وه‌به‌رهێنانى ده‌وڵه‌ت و قه‌رزه‌وه. ووسیا به‌رده‌وامه له سیاسه‌ته شكستخواردووه‌كانى جه‌نگى سارد به به‌هێزكردنى كوباى ڕادیكاڵى هاوپه‌یمانى هه‌روه‌ك كوبا به‌رده‌وامه له سه‌ركوتكردنى هاووڵاتییه‌كانى. چین و ڕوسیا پشتگیرى له ده‌سه‌ڵاتى دیكتاتۆرى فه‌نزوێلا ده‌كه‌ن و ده‌خوازن په‌یوه‌ندیى سه‌ربازى فراوان بكه‌ن و چه‌ك بفرۆشن له سه‌رانسه‌رى ناوچه‌كه. ده‌وڵه‌تانى ناوخۆى ئه‌م ناوچه‌یه به‌رژه‌وه‌ندیی هاوبه‌شیان هه‌یه له ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى هه‌ڕه‌شه‌كان بۆ سه‌ر سه‌روه‌ریان.
كه‌نداو و ویلایه‌ته یه‌كگرتووكان هاوبه‌شییه‌كى ستراتیجى و به‌رگریى بێوێنه‌یان هه‌یه. هه‌روه‌ها ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان په‌یوه‌ندییه‌كى قوڵ و گرنگى هه‌یه له‌گه‌ڵ وڵاته دیاره‌كانى ناوچه‌كه. به‌یه‌كه‌وه ئێمه ناوچه‌یه‌كى ئارام و سه‌قامگیر بنیات ده‌نێنین كه ده‌بێته هۆى زیادكردنى ده‌رفه‌تى ئابووریى بۆ هه‌مووان، پێشكه‌وتنى حكومڕانى، كه‌مكردنه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاتى ڕێكخراوه تاوانباره‌كان، سنوورداركردنى كاریگه‌ریى ئه‌و هێزانه‌ى كه‌سه‌ر به‌م ناوچه‌یه نین.
ئه‌وله‌وییه‌تى كاره‌كان له نیوه‌گۆى ڕۆژئاواى زه‌وى
سیاسى: پشتگیریى هه‌وڵه هه‌رێمییه‌كان ده‌كه‌ین بۆ درووستكردنى ئه‌من و گه‌شه‌ى ئابووریى له ڕێگه‌ى به‌شداریى دیپلۆماسى به‌هێزه‌وه. ئه‌و حكومه‌تانه گۆشه‌گیر ده‌كه‌ین كه ڕه‌تى ده‌كه‌نه‌وه به‌رپرسیارێتیى درووستكردنى ئاشتى و گه‌شه‌ى ئابووریى بگرنه ئه‌ستۆ له ناوچه‌كه. چاوه‌رێى ئه‌و ڕۆژه ده‌كه‌ین كه هاووڵاتییانى كوبا و فه‌نزوێلا بتوانن ئازاد بن و سودمه‌ند بن له گه‌شه‌ى ئابووریى ناوچه‌كه و هانى ده‌وڵه‌تانى ئازاد ده‌ده‌ین له ناوچه‌كه بۆ پشتگیریكردنى ئه‌م هه‌وڵه هاوبه‌شه.
ئابووریى: پێداچوونه‌وه به ڕێکكه‌وتننامه بازرگانییه‌كاندا ده‌كه‌ین و په‌یوه‌ندییه ئابوورییه‌كانمان قووڵتر ده‌كه‌ینه‌وه له ناوچه‌كه و دڵنیابوون له‌وه‌ى كه بازرگانییه‌كان دادپه‌روه‌رانه‌یه و مامه‌ڵه‌ى هاوشێوه‌یه.
ئه‌منى و سه‌ربازى: پشت به هه‌وڵه لۆكاڵییه‌كان ده‌به‌ستین و هانى كولتوورى به‌یاساییكردن ده‌ده‌ین بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ى تاوان و گه‌نده‌ڵى، له‌ناویدا پشتگیریكردنى هه‌وڵه لۆكاڵییه‌كان بۆ پرۆفیشناڵكردنى هێزه‌كانى پۆلیس و هێزه ئه‌منییه‌كانى تر و به‌هێزكردنى حوكمى یاسا.
6- ئه‌فریقا
ئه‌فریقا ڕووبه‌ڕووى ئاسته‌نگی به‌رده‌وام ده‌بێته‌وه. ئه‌فریقا زۆرێك له وڵاتانى گه‌شەكردووى ئابووریى خێرا له‌خۆ ده‌گرێت، كه ده‌بنه بازاڕى نوێ بۆ ساخكردنه‌وه‌ى كه‌لوپه‌ل و حزموتگوزارى ئه‌مەریكى. هاوبه‌شه‌كان له كیشوه‌ره‌كه ده‌یانه‌وێت ئابووریى پشتبه‌ستوو به بازار دابمه‌زرێنن و سه‌قامگیرى له ناوچه‌كه ده‌سته‌به‌ر بكه‌ن. سه‌ره‌ڕاى ئه‌م گه‌شه‌كردنه، زۆرێك له ده‌وڵه‌ته‌كان ڕووبه‌ڕووى گێژاوى سیاسى و ناسه‌قامگیرى بوونه‌ته‌وه كه بڵاوبووته‌وه بۆ ناوچه‌كانى تریش. گه‌نده‌ڵى و فه‌رمانڕه‌وایى لاواز هه‌ڕه‌شه‌یه له‌سه‌ر فه‌رامۆشكردنى سوده سیاسییه‌كان كه پێویسته ده‌ربكه‌وێت له ده‌رفه‌ته ئابوورییه نوێیه‌كان. زۆربه‌ى ده‌وڵه‌ته ئه‌فریقییه‌كان مه‌یدانى جه‌نگن بۆ تیرۆریسته جیهادى و توندڕه‌وه‌كان. داعش و ئه‌ل قاعیده و شوێنكه‌وتووه‌كانیان كه هێرشى تیرۆریستى ئه‌نجام ده‌ده‌ن له كیشوه‌ره‌كه و چالاكییه‌كانیان فراوان بووه بۆ ناوچه نوێیه‌كان و هاووڵاتییان و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى ئه‌مەریكا ده‌كه‌نه ئامانج. ده‌وڵه‌ته ئه‌فریقییه‌كان و ڕێكخراوه هه‌رێمیه‌كان پابه‌ندبوونی خۆیان پیشانداوه بۆ ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ى هه‌ڕه‌شه‌ى ڕێكخراوه تیرۆرستییه‌كان، به‌ڵام تواناى ئه‌منییان به‌لاوازى ده‌مێنێته‌وه.
چین بوونى سه‌ربازى و ئابووریى خۆى فراوان ده‌كات له ئه‌فریقا، وڵاتى چین له وه‌به‌رهێنه‌رێكى بچوكه‌وه له ماوه‌ى دوو ده‌یه‌ى پێشوو بووه به هاوبه‌شێكى بازرگانیى گه‌وره له ئێستادا.
ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان ده‌خوازێت ده‌وڵه‌تانى ئه‌فریقا سه‌ربه‌خۆ بن گڕێبدرێن به ئابووریى جیهانییه‌وه، بتوانن پێداویستییه‌كان بۆ هاووڵاتییانیان دابین بكه‌ن، به‌توانا بن له ئیداره‌دانى هه‌ڕه‌شه بۆ سه‌ر ئه‌من و ئاسایش. حكومه‌تى پێشكه‌وتوو له‌م ده‌وڵه‌تانه پشتگیرى له پێشكه‌وتنى ئابووریى و ده‌رفه‌ته‌كان ده‌كات، نه‌هێشتنى ڕاكێشانى كۆجبه‌رى نایاسایى، و كه‌مكردنه‌وه ناسه‌قامگیرى.
ئه‌وله‌وییه‌تى كاره‌كان له ئه‌فریقا
سیاسى: ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان هاوبه‌شى ده‌كات له‌گه‌ڵ حكومه‌ته‌كان، ڕێكخراوه هه‌رێمى و ڕێكخراوه‌كانى كۆمه‌ڵگاى مه‌ده‌نى بۆ كۆتایى هێنان به‌و ململانێ درێژه خوێناویه. هانى ڕیفۆرمكردن ده‌ده‌ین و كارده‌كه‌ین له‌گه‌ڵ ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ى ده‌یانه‌وێت حكومه‌تێكى چالاك دابمه‌زرێنن، حوكمى یاسا جێگیر بكه‌ن، په‌ره به‌دامه‌زراوه‌كان بده‌ن بۆ ئه‌وه‌ى به‌رپرس بێت له وه‌ڵامدانه‌وه‌ى هاووڵاتییان. به‌رده‌وام ده‌بین له وه‌ڵامدانه‌وه‌ى پێداویستییه مرۆییه‌كان و هه‌روه‌ها كاركردن له‌گه‌ڵ حكومه‌ت و ڕێكخراوه هه‌رێمییه‌كان بۆ چاره‌سه‌ركردنى ڕه‌گ و ڕیشه‌ى گرفته مرۆییه‌كان.
ئابووریى: په‌یوه‌ندییه بازرگانى و دارایه‌كان فراوان ده‌كه‌ین له پێناو درووستكردنى هه‌لى كار بۆ ئه‌مەریكى و ئه‌فریقیه‌كان. كارده‌كه‌ین له‌گه‌ڵ حكومه‌ته ڕیفۆمخوازه‌كان كه ده‌یانه‌وێت بارودۆخێكى گونجاو درووست كه‌ن بۆ مامه‌ڵه‌ى بازرگانى له‌گه‌ڵ ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان. پشتگیرى پێگه‌وه گرێدانى ئابووریى ده‌كه‌ین له نێوان ده‌وڵه‌ته ئه‌فریقییه‌كان. پێشنیارى هه‌نارده‌ى شتومه‌ك و خزمه‌تگوزارى ئه‌مەریكى ده‌كه‌ین له‌به‌رئه‌وه‌ى ئه‌وه‌ى سودى ده‌بێت بۆ ئێمه هه‌روه‌ها ده‌بێته به‌دیلێك بۆ بازرگانى چین له‌و ناوچه‌یه.
ئه‌منى و سه‌ربازى: كار ده‌كه‌ین له‌گه‌ڵ هاوبه‌شه‌كانمان بۆ په‌رپێدانى تواناى هێزه ئه‌منییه‌كان بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى تیرۆریزم، مامه‌ڵه‌كه‌ران به مرۆڤ و كاری نایاسایى و فرۆشتنى چه‌ك و سه‌رچاوه سرووشتییه‌كان. كار ده‌كه‌ین له‌گه‌ڵ هاوبه‌شه‌كانمان بۆ به‌زاندنى ڕێكخراوه تیرۆریستییه‌كان و ئه‌وانى تر كه هه‌ڕه‌شه‌ن بۆ سه‌ر هاووڵاتییان و خاكى ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان.
سه‌رچاوه:/www.whitehouse.gov