مه‌ترسیدارترین چه‌كى داعش له‌ سینا

30/12/2017

:: بێ نوسەر ناوه‌ندی كوردستان بۆ توێژینه‌وه‌ له‌ململانێ و قه‌یرانه‌كان (كوردسام)
سه‌رچاوه‌: ساسه‌ پۆست

رۆژنامه‌ى "هارتس" وتارێكى شرۆڤه‌كارى سه‌ربازى (ئاموس هاریلأ)ـى بڵاوكردۆته‌وه‌ كه‌ تیایدا باس له‌ مه‌ترسیى ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ى ئه‌م دواییانه‌ى ویلایه‌تى سینا ده‌كات، ئه‌و ویلایه‌ته‌ى به‌ مه‌ترسیدارترین و كاریگه‌رترین لقه‌كانى رێكخراوى ده‌وڵه‌تى ئیسلامى له‌ئێستادا ناوزه‌ندى ده‌كات، هاوكات هۆشداریى له‌باره‌ى كارامه‌ییه‌ هه‌واڵگرى و سه‌ربازییه‌كانى ئه‌و رێكخراوه‌وه‌ ده‌دات، كه‌ ده‌كرێت له‌ئاینده‌دا دژى ئیسرائیل به‌كارى بهێنێت. 
وتاره‌كه‌ له‌سه‌ره‌تادا ئاماژه‌ به‌ گرته‌ ڤیدیۆییه‌كه‌ى ئه‌م دواییانه‌ى رێكخراوكه‌ ده‌كات، كه‌ تیایدا ئۆپه‌راسیۆنى ته‌قاندنه‌وه‌ى كۆپته‌ره‌ سه‌ربازییه‌كه‌ى سه‌ربه‌ سوپاى میسڕ له‌ فڕۆكه‌خانه‌ى سه‌ربازیى عه‌ریش به‌ مووشه‌كى كۆرنێت ده‌رده‌كه‌وێت، ئه‌و ته‌قینه‌وه‌یه‌ى به‌هۆیه‌وه‌ فڕۆكه‌وان و پاسه‌وانێك و به‌ڕێوه‌به‌رى نووسینگه‌ى وه‌زیرى به‌رگرى كوژران. 
نووسه‌ر باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ ته‌قینه‌وه‌كه‌ هێرشێكى تێرۆریستى نه‌بووه‌، به‌ڵكو هه‌وڵى غافڵكوژكردنى وه‌زیرى به‌رگرى و وه‌زیرى ناوخۆ بووه‌ له‌میانى سه‌ردانێكى چاوه‌ڕواننه‌كراویاندا بۆ فڕۆكه‌خانه‌، ئه‌وه‌ش هێمایه‌كه‌ به‌وه‌ى ویلایه‌تى سینا له‌پێش هێرشه‌كه‌ زانیاریى هه‌واڵگریى به‌ده‌ستهێناوه‌. نووسه‌ر ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌دات كه‌ ئه‌وه‌ یه‌كه‌مجار نییه‌ رێكخراوه‌كه‌ له‌ هێرشكردنه‌ سه‌ر ئامانجێكى پارێزراودا سه‌ركه‌وتوو بێت، به‌وپێیه‌ى پێش دووساڵ له‌مه‌وبه‌ر توانى فڕۆكه‌یه‌كى نه‌فه‌ر هه‌ڵگرى روسى به‌ 224 سه‌رنشینه‌وه‌ دواى فڕینى له‌ فڕۆكه‌خانه‌ى شه‌رم ئه‌لشێخ به‌ ماوه‌یه‌كى كورت بته‌قێنێته‌وه‌. 
ئه‌وه‌بوو دواتر ئاشكرا بوو كه‌ ئه‌ندامانى رێكخراوه‌كه‌ توانیویانه‌ بۆمبێك بخزێننه‌ نێو كه‌لوپه‌لى باركراوى سه‌رنشینانى فڕۆكه‌كه‌وه‌، به‌جۆرێك كه‌ ته‌قینه‌وه‌كه‌ به‌س بوو بۆئه‌وه‌ى كه‌رتى گه‌شتوگوزار له‌ سینا دابڕمێنێت، له‌كاتێكدا پێشتر پشتى زۆرى به‌ گه‌شتى گه‌شتیاره‌ روسییه‌كان به‌ستبوو. 
به‌وته‌ى نووسه‌ر له‌م دواییانه‌دا ویلایه‌تى سینا زنجیره‌یه‌ك سه‌ركه‌وتنى خوێناویى به‌ده‌ستهێناوه‌، به‌وپێیه‌ى له‌م سێ ساڵه‌ى دواییدا رێكخراوه‌كه‌ نزیكه‌ى پێنج سه‌د كه‌سى ئه‌منى و مه‌ده‌نى له‌ هه‌ر ساڵێكدا كوشتووه‌، به‌ڵام پێده‌چێت ساڵى 2017 ژماره‌كه‌ زیاتر ببێت، به‌تایبه‌ت پاش ئه‌وه‌ى له‌كۆتاییه‌كانى تشرینى دووه‌مى رابردوودا 311 نوێژخوێنى له‌ هێرشێك بۆسه‌ر مزگه‌وتى "ره‌وزه‌" له‌ باكوورى سینا كوشت. 
شیته‌ڵكردنى ئه‌و هێرشه‌ ده‌رده‌خات كه‌ پلانێكى وردى بۆ دانراوه‌، به‌وپێیه‌ى تاڕاده‌یه‌ك ژماره‌یه‌كى زۆر له‌ تێرۆریستى چه‌كدار له‌ ده‌رگا و په‌نجه‌ره‌ى مزگه‌وته‌كه‌وه‌ هێرشیان ئه‌نجامداوه‌ و له‌ مه‌ودایه‌كى نزیكه‌وه‌ ته‌قه‌یان له‌ نوێژخوێنان كردووه‌. سه‌ربارى ئه‌وه‌شى حكومه‌تى میسڕى شانازى به‌ ژماره‌ى زۆرى تێرۆریسته‌ كوژراوه‌كانه‌وه‌ كرد، به‌ڵام تاوه‌كو ئێستا ژماره‌ى راسته‌قینه‌ى زیانه‌ گیانییه‌كانى رێكخراوه‌كه‌ نه‌زانراوه‌. 
سه‌رنجڕاكێشترین هێرشى ویلایه‌تى سینا – ش ئه‌وه‌بوو كه‌ له‌ 07ـى ته‌مموزى رابردوودا ئه‌نجامیدا، كاتێك هێرشى كرده‌ سه‌ر یه‌كه‌یه‌كى سه‌ربازیى له‌دووریى 10 كیلۆمه‌تر له‌ ده‌روازه‌ى "نیتسانا"ى ئیسرائیلى، كه‌ یه‌كه‌ سه‌ربازییه‌كه‌ كه‌تیبه‌یه‌كى شه‌ڕكه‌ر له‌خۆده‌گرێت و ده‌كه‌وێته‌ نزیك گوندى به‌ده‌ویه‌. لاى خۆیشیه‌وه‌ رێكخراوه‌كه‌ گرته‌یه‌كى ڤیدیۆیى وردى له‌باره‌ى ئه‌و هێرشه‌وه‌ بڵاوكرده‌وه‌. 
نووسه‌ر ده‌ڵێت له‌و هێرشه‌دا شێوازێكى سه‌ربازیى به‌هێز و پلان بۆ داڕێژراو به‌كارهاتووه‌، چونكه‌ سه‌ره‌تا تێرۆریسته‌كان به‌ربه‌ستیان له‌سه‌ر رێگاكانى یه‌كه‌كه‌ داناوه‌ تا رێگا له‌ گه‌یشتنى پاڵپشتى بۆ ناوچه‌كه‌ بگرن، پاشان ئۆتۆمبیلێكیان له‌ده‌روازه‌ى یه‌كه‌كه‌ ته‌قاندۆته‌وه‌ و له‌ئاكامدا ژماره‌یه‌ك سه‌رباز كوژراون و هه‌ر ئه‌وه‌نده‌شى پشێوى دروستبووه‌ به‌ ده‌یان چه‌كدار به‌ چه‌كى قورس و له‌سه‌ر پشتى ئۆتۆمبیلى پیكاب خۆیان كردووه‌ به‌ یه‌كه‌كه‌دا و له‌ئاكامدا 30 سه‌ربازیان كوشتووه‌ له‌نێویاندا فه‌رمانده‌ى كه‌تیبه‌كه‌، كه‌ به‌پێى تۆمارێكى ڤیدیۆیى تۆڕى په‌یوه‌ندییه‌ سه‌ربازییه‌كانى سوپاى میسڕى بێت، ده‌نگى فه‌رمانده‌كه‌ ده‌بیسترێت كاتێك ده‌ڵێت خۆم به‌ده‌سته‌وه‌ ناده‌م. 
هێرشه‌كه‌ به‌پشت به‌ستن به‌ زانیاریى هه‌واڵگری ئه‌نجامدراوه‌، جگه‌ له‌وه‌ى ده‌ریده‌خات كه‌ سه‌ركردایه‌تى رێكخراوه‌كه‌ تواناى كۆنترۆڵكردنى هێزه‌كانى خۆیان هه‌یه‌، به‌وپێیه‌ى گروپه‌كه‌ برینداره‌كانى خۆیان رزگاركردووه‌ و گواستویاننه‌ته‌وه‌، كه‌ ئه‌وه‌ش ئاماژه‌یه‌كه‌ به‌وه‌ى ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ خۆكوژى نه‌بووه‌، به‌ڵكو بۆ ماوه‌ى دوو سه‌عات به‌رده‌وام بووه‌ تا ئه‌وكاته‌ى فڕۆكه‌كانى سوپاى میسڕى گه‌یشتوونه‌ته‌ جێگاكه‌ و تێرۆریسته‌كانیش هه‌ڵهاتوون. 
هێرشه‌كه‌ ده‌قاوده‌ق وه‌ك خۆى جێبه‌جێ كراوه‌ و هیچى ئه‌وتۆشى له‌ شێوازى سوپا خۆرئاواییه‌كان كه‌متر نه‌بووه‌، هه‌ر له‌ گۆشه‌گیركردنى ئامانج و بڵاوكردنه‌وه‌ و ئاڕاسته‌كردنى سه‌ربازه‌وه‌ بیگره‌ هه‌تا ده‌گاته‌ كۆكردنه‌وه‌ى زانیاریى هه‌واڵگرى و ئه‌نجامدانى ئۆپه‌راسیۆنێكى رێكخراو و تاساندنى به‌رامبه‌ر. سه‌رتاپاى هێرشه‌كه‌ش به‌تۆماركراوه‌ جا به‌ كامێراى دوورمه‌ودا بووبێت یاخود كامێراى جێگیر له‌سه‌ر خوزه‌ى تێرۆریسته‌كان. 
له‌درێژه‌ى نووسینه‌كه‌یدا نووسه‌ر ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌دات كه‌ ویلایه‌تى سینا ژماره‌ى شه‌ڕكه‌رى زۆرى نییه‌، به‌وپێیه‌ى ده‌زگا هه‌واڵگرییه‌ خۆرئاواییه‌كان ژماره‌یان به‌ كه‌مێك له‌ هه‌زار شه‌ڕكه‌ر زیاتر مه‌زه‌نده‌ ده‌كه‌ن و پێیان وایه‌ له‌ماوه‌ى ساڵى رابردوودا چه‌ند سه‌د كه‌سێك زیادیانكردووه‌، ئه‌ویش به‌هۆى هه‌ڵهاتنى شه‌ڕكه‌ره‌كانى رێكخراوه‌كه‌ له‌ سوریا و عێراق دواى هه‌ره‌سهێنانى خه‌لافه‌ته‌كه‌ى داعش له‌و وڵاتانه‌. واپێده‌چێت سینا – ش بووبێته‌ یه‌كێك له‌ ئامانجه‌ سه‌ره‌كییه‌كانى شه‌ڕكه‌ره‌ دیاره‌كانى رێكخراوه‌كه‌، كه‌ له‌پاڵ ئه‌مانه‌دا، چه‌ند سه‌د كه‌سێكى كۆچه‌رى سینا و ده‌یان هاووڵاتى فه‌ڵه‌ستینیى هه‌ڵهاتوو له‌ غه‌زه‌ و هه‌ندێك شه‌ڕكه‌رى ده‌وڵه‌تانى قه‌وقاز هه‌ن. له‌لایه‌كى دیكه‌شه‌وه‌ ئاماژه‌كان ئه‌وه‌ ده‌رده‌خه‌ن كه‌ گروپى جوندولئیسلام – لقى قاعیده‌ له‌ سینا – دووباره‌ له‌و ناوچه‌یه‌ سه‌رهه‌ڵده‌داته‌وه‌. 
دواجار به‌ڕاى نووسه‌ر بێت، ئه‌و زنجیره‌ هێرشانه‌ واده‌خوازن سه‌رۆكى میسڕ "عه‌بدولفه‌تاح سیسى" هه‌وڵى هێزه‌ تۆڵه‌سێنه‌كانى دژ به‌ مۆڵگه‌كانى رێكخراوه‌كه‌ چڕ بكاته‌وه‌. وێڕاى ئه‌وه‌شى پێشتر "سیسى" هه‌ندێك ئه‌فسه‌رى باڵاى له‌كارخست و به‌هۆى نشوستییه‌كانیشه‌وه‌ سوپاسالارى وڵاته‌كه‌ى گۆڕى، به‌ڵام كێشه‌ى سیستمى میسڕى به‌ته‌نها له‌ سینادا نییه‌، به‌ڵكو سه‌ركه‌وتنى جیهادییه‌كانى سینا ئیلهامى به‌ رێكخراوه‌كانى ناوخۆى میسڕیش به‌خشیوه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ى سنوورى میسڕ به‌ لیبیا و سودانه‌وه‌ كارى تیغكردنى به‌ڕاده‌یه‌كى زۆر ئاسان ده‌كات، به‌جۆرێك كه‌ به‌هۆى ئه‌و تیغكردنه‌وه‌ بڕێكى زه‌به‌لاحى چه‌ك ده‌گاته‌ ده‌ست رێكخراوه‌ تێرۆریستییه‌كانى ئه‌و وڵاته‌. 
نووسه‌ر باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ ئیسرائیل – یش به‌هه‌مان شێوه‌ به‌ده‌ست مه‌ترسیى چاوه‌ڕوانكراوه‌وه‌ ده‌ناڵێنێت، هه‌ربۆیه‌ به‌پێى میدیا عه‌ره‌بییه‌كان بێت، له‌ڕووى فه‌راهه‌مكردنى زانیاریى هه‌واڵگرى و هێرشى فڕۆكه‌وه‌ یارمه‌تى میسڕ ده‌دات. 
به‌ڵام تاوه‌كو ئه‌مڕۆ، گروپه‌ رادیكاڵییه‌كانى سینا هیچ بایه‌خێكیان به‌ ئامانجه‌ ئیسرائیلییه‌كان نه‌داوه‌، جگه‌ له‌ هێرشێكى مه‌ترسیدار بۆسه‌ر "عه‌ین نێتافیم" له‌ ساڵى 2011 و هه‌وڵێكى شكستخواردوو له‌ ساڵى 2012 له‌ باشوورى "كه‌ره‌م شالوم" و جاروباریش هه‌ڵدانى چه‌ند مووشه‌كێك به‌ئاڕاسته‌ى "ئیلات" و باشوورى "نه‌قه‌ب" نه‌بێت. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌وڵه‌تى ئیسرائیلى خۆى بۆ ئه‌گه‌رى ئه‌وه‌ ئاماده‌ ده‌كات كه‌ هێرشه‌كانى هاوشێوه‌ى – مزگه‌وتى ره‌وزه‌ یاخود یه‌كه‌ سه‌ربازییه‌كه‌ – بگوازرێنه‌وه‌ بۆ دیوى ناوه‌وه‌ى سنوورى ئه‌و وڵاته‌ یان هه‌وڵى دزه‌كردن و هێرشكردنه‌ سه‌ر كامپێكى "جوو- نشین"ـى نزیك له‌ سنوور بده‌ن، ئه‌وه‌ش به‌سوودوه‌رگرتن له‌و ئه‌زموونه‌ى ویلایه‌تى سینا له‌م چه‌ند ساڵه‌ى دواییدا په‌یداى كردووه‌. 
وه‌رگێڕانى: ابراهیم احمد حسین 

زۆرترین خوێندراوە


political studies copyright 2017 © . All right reserved Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure