ئەو سەروەت و سامانەی له‌ژێر کۆنترۆڵی رابەری باڵای ئێراندایه‌

10/01/2018

:: بێ نوسەر

ناوه‌ندی كوردستان بۆ توێژینه‌وه‌ له‌ململانێ و قه‌یرانه‌كان (كوردسام)
نوسینی: ستیڤ ستکلۆ، بابەک دێهقان پیشێ، یەگانێ توربەتی

1. سەروەت و سامانی ژێر دەستی رابەر
ئایەتوڵڵا خامنەیی ئیمپراتۆرییەتێکی زەبەلاحی ئابوری کۆنترۆڵ کردووە، کە لە رێگەی دەست بەسەرداگرتنی سەروەت سامانەوە دروستکراوە.
بەشی یەکەم: لێکۆڵینەوەی تایبەتی رۆیتەرز لەبارەی دەسەڵاتی رابەری ئێران: ئۆرگانێکی نەناسراو کە بۆ یارمەتیدانی بەش مەینەتەکان پێکهێنرابوو، بۆ جوڵەیەکی ئابوری گۆڕاوە کە ملیاران دۆلاری لە دەستدایە.
خانمێکی تەمەن 82 ساڵی ئێرانی جانتایەکی کۆنی هەیە و بەردەوام لای خۆیەوە دایدەنێت، لەناو ئەو جانتایەدا شتێک نییە بێجگە لەو بەڵگەنامانەی ژیانی لەناودەبەن. ئەو هەندێک جار ئەو بەڵگەنامانە لە جانتاکەی دەردێنێت و بە وردی سەرنج لە نوسراوە وردەکان دەدات.
لەناو ئەو کاغەزانەدا حوکمی دەست بەسەرداگرتنی ئاپارتمانی منداڵەکانی بەرچاودەکەوێت. سێ یەکەی ئاپارتمانێک کە لە تەلارێکی چەند یەکەیی لە تاران کە تەواوی تەلارەکە بۆ چەندین ساڵ خێزانەکەی خاوەنی بوون. یەکێک لەو کاغەزانە تایبەتە بە فرۆشتنی یەکێک لەو یەکانە. ئاگادارییەکیش تایبەتە بە داواکردنی کرێی یەکەیەکی قاتی سەروەی تەلارەکەی خۆی.
ئەو خانمە ناوی (پەری وەحدەت حەق)ە و موڵکی ئەو داگیرکراوە. موڵکەکە ئۆرگانێک دەستی بەسەرداگرتووە، کە لەلایەن بەهێزترین کەسی ئێرانەوە کۆنترۆڵکراوە: ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی. خانمی (وەحدەت حەق) ئێستا هەزاران کیلۆمەتر دوور لە تاران لە ئاپارتمانێکی زۆر بچووکی سێ ژووری لە ئەوروپا بە تەنیایی ژیان بەسەردەبات.
ئەو ئۆرگانەی کە بۆ چەندین ساڵ بە دوایەوە بووە ناوی (دەستەی جێبەجێکردنی فەرمانی حەزرەتی ئیمام)ە. ئەم ناوە لە فەرمانێکەوە وەرگیراوە کە یەکەم رابەری کۆماری ئیسلامی ئێران (ئایەتوڵڵا روحوڵڵا خومەینی) بە ماوەیەکی کەم بەر لە مردنی لە ساڵی 1368ی هەتاوی بەرامبەر بە 1989 زایینی دەریکردووە. هەمان ئەو فەرمانە بوو بە بەردی بناغەی ئۆرگانێکی نوێ بۆ بەڕێوەبردن و فرۆشتنی ئەو موڵکانەی دوای ئاڵۆزییەکانی دوای شۆڕشی ساڵی 1979ی ئێران بێ خاوەن مابوونەوە.
هەرچەندە زۆرێک لە ئێرانیی یان غەیرە ئێرانی لەوانەیە ئاگادار نەبن، ئەو دەستەیە یەکێک لە بەهێزترین ئۆرگانەکانی ئێرانە. لە شەش ساڵی رابوردوودا دەستەکە بۆ باڵێکی بەهێزی ئابوری گۆڕاوە و بە نزیکەیی لەسەرجەم بەشە پیشەسازییەکانی ئێراندا پشکی هەیە. لە چالاکییە بانکی و ئابورییەکانەوە تا نەوت و پەیوەندییەکان تا دەگاتە بەرهەمهێنانی دەرمانی دژە منداڵبوون و پەروەردەکردنی ووشترمل.
بەهۆی نهێنی بوونی ژمێرەی دەستەکەوە، بەدەستهێنانی بەهای ئابوری ئەو ئۆرگانە مەحاڵە. لەگەڵ ئەوەشدا بەپێی زانیارییەکانی رۆیتەرز کۆی داراییەکانی ئەو ئۆرگانە لە موڵک و پشکەکان لە کۆمپانیاکانی ترم هەروەها سەرمایەکانی تری نزیکەی 95 ملیار دۆلارە. ئەم ژمارەیە لە شیکاری بەیاننامەکانی بەرپرسە رەسمییەکانی ئۆرگانەکە، ئاماری بۆرسەی کاغەزە داراییەکانی تاران و ماڵپەڕی کۆمپانیاکان و زانیارییەکانی وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا بەدەستهاتووە.
کۆنترۆڵی ئەم ئیمپراتۆرییەتە زەبەلاحە تەنیا لە دەستی یەک کەسدایە ئەویش (ئایەتوڵڵا خامنەیی)ە. ئەو کە باڵاترین پلەی رۆحانی وڵاتە، بڕیاری کۆتایی لەبارەی سەرجەم بابەتەکانی حکومەت دەدات. بەرنامەی ناوەکی ئێران لە بازنەی دەسەڵاتی ئەودایە. ئەوە خامنەییە بڕیاردەدات هەڵوێستی ئێران لە گفتوگۆکاندا چییە، هەروەها هەوڵەکانی حەسەن رۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران بۆ هێورکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ واشنتۆن تا کوێ بێت.
موریدەکانی رابەر باس لە سادەیی ئەو دەکەن و ئاماژە بە پۆشاکە سادەکەی و فەڕشەکانی ماڵەکەی لە تاران دەکەن. رویتەرزیش بەڵگەیەکی نەدۆزیوەتەوە ئاماژە بکات بەوەی خامنەیی سوود لە سەرمایەی ئۆرگانەکە وەرگرێت.
بەڵام ئەو ئۆرگانە خامنەیی بەهێزکردووە. ئەو لە رێگەی ئۆرگانەکەوە سەرچاوەیەکی دارایی لەبەردەستدایە کە هیچی لە داراییەکانی شا کەمتر نییە، ئەو شایەی لەلایەن رۆژئاواوە پشتیوانی دەکرا و ساڵی 1979 روخێنرا. 
رێگەیەک کە ئەو ئۆرگانە سەرمایەی لێوە دەستدەکەوێت دەستبەسەرداگرتنی موڵکە و ئەمە هەمان ئەو رێگەیەیە کە سیستمی دەسەڵاتی پێشوو بۆ کۆکردنەوەی سەرمایە بەکاریده‌هێنا. لێکۆڵینەوەی شەش مانگی رۆیتەرز دەریخستووە کە ئۆرگانەکە ئەو هێزە زەبەلاحە ئابورییەی لە رێگەی دەست بەسەرداگرتنی موڵکی هەزاران هاوڵاتی ئاساییەوە بەدەستهێناوە. هاوڵاتیانی وەک خانمی (وەحدەت حەق) کە بەهائییە، یان شیعەکان، یان بازرگانەکان، یان ئەو ئێرانییانەی لەدەرەوەی ئێران دەژین.
ئۆرگانەکە موڵکەکانی خۆی لەم رێگەیەوە بەدەستهێناوە، کە لە دادگاکانی ئێراندا بانگەشەی ئەوەی کردووە، کە ئەو موڵکانە چۆڵ و وێرانەن. لە هەندێک باردا ئەو وتانە بێ بنەما بوون. لە ئێستادا ئەو ئۆرگانە بەپێی حکومی دادگا و بە پشتیوانی خامنەیی ئیمتیازێکی تایبەتی بۆ دەست بەسەرداگرتنی موڵک هەیە و ئەو موڵکە دەست بەسەرداگیراوانە یان لە زیادکردندا دەفرۆشێت، یان هەوڵدەدات هاوتای نرخەکەیان لە خاوەن موڵکەکان وەرگرێت.
رابەر چاودێر بووە بەسەر فۆڕم بەخشین بە کۆمەڵێک حوکمی یاسایی و دەستوری جێبەجێکردن بۆ بەهێزکردن و پشتیوانی لە ئۆرگانەکە بۆ کۆکردنەوەی سەرمایە.
(نەقی مەحمودی) پارێزەرێک کە ساڵی 2010 ئێرانی جێهێشتووە و ئێستا لە ئەڵمانیا ژیان بەسەردەبات دەڵێت "هیچ ئۆرگانێک مافی ئەوەی نییە چاودێری سەرمایەی ئۆرگانەکە بکات."
دەسەڵاتی خامنەیی بەسەر سیاسەت و هێزە سەربازییەکانی ئێراندا ساڵانێکە لە کەس شاراوە نییە، بەڵام لێکۆڵینەوەکانی رۆیتەرز لایەنی سێیەمی دەسەڵاتی ئەو ئاشکرا دەکات، کە لایەنی ئابورییە.  ئەو داهاتەی ئۆرگانەکە بەرهەمی دێنێت نەک تەنیا روونی دەکاتەوە بۆچی خامنەیی 24 ساڵە دەسەڵاتدارە، بەڵکو نیشانی دەدات کە لە هەندێک بابەتدا دەسەڵاتی خامنەیی لە رابەری پێشوو و دامەزرێنەت زیاترە. داهاتی ئۆرگانەکە سەربەخۆیی ئابوری بە خامنەیی دەدات بۆ ئەوەی پێویستی بە ئەنجومەن و بودجەی گشتی وڵاتەکە نەبێت و لە رووبەڕووبوونەوە سیاسییەکانی ناوخۆی ئێران بەدوور بێت.
دەوڵەتی ئەمەریکا ئۆرگانەکەی بەلاوە گرنگە و کۆمەڵێک گەمارۆی خستووەتە سەر ئۆرگانەکە و داراییەکانی و ئەو ئۆرگانە بە کۆمەڵێک کۆمپانیا دەزانێت کە بۆ شاردنەوەی داراییەکانی رابەری ئێران دروستکراون. ئەم کۆمپانیایانە ساڵانە ملیاران دۆلار داهاتیانە، بەڵام لە هیچ شوێنێک راپۆرتە داراییەکانیان راناگەیەنرێت.
نوسینگەی سەرۆکایەتی کۆمار و وەزارەتی دەرەوە وەڵامی پرسیارەکانی رۆیتەرزیان بۆ ئەم راپۆرتە نەدایەوە. باڵیۆزخانەی ئێران لە ئیماراتی یەکگرتوو بەیاننامەیەکی دەرکردووە و زانیارییەکانی رۆیتەرز بە نه‌گونجاو و ناڕاست دادەنێت.
بەڕێوەبەری گشتی پەیوەندییە گشتییەکانی ئۆرگانەکە (حەمید واعڤی) لە ئیمەیڵێکیدا وتویەتی راپۆرتەکانی رۆیتەرز نێوانی زۆریان لەگەڵ راستییەکان هەیە و راست نین و وردەکاری زیاتری نەدرکاندووە.
لە پەیامێکی دواتردا واعڤی وتویەتی ئۆرگانەکانی بانگەشەکانی وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا بە ناڕاست دەزانێت و "لە هەوڵی دابینکردنی پارێزەرێکی ئەمەریکاییدان بۆ لێکۆڵینەوە لەو بابەتە." هەروەها وتویەتی "ئەم بایەننامەیە ئێوە ئاگادار دەکاتەوە کە هەر جۆرێک هەوڵی ئۆرگانەکەتان دەبێتە هۆی زیان گەیاندن بە ناکۆکی ئێمە لە ئەمەریکا و ئەگەر زیان بە پێگەی ئێمە بگەیەنێت ئێوە بەرپرسیار دەبن."
کاتێک خومەینی یەکەم رابەری ئێران بەردی بناغەی ئۆرگانەکەی داڕشت، بڕیار بوو ئەم ئۆرگانە تەنیا بەڕێوەبردن و فرۆشتنی موڵکە بێخاوەنەکان بەڕێوەببات و قازانجەکەی بۆ دامەزراوە خێرخوازییەکان بێت. پێویستە ئۆرگانەکە سەرمایەکان بۆ یارمەتیدانی جەنگاوەران، هاوسەری شەهید و کەمئەندامەکان خەرج بکات. بە وتەی یەکێک لە دامەزرێنەرانی ئۆرگانەکە هیچ کەسێک بیری لەوە نەدەکردەوە ئۆرگانەکە زیاتر لە دوو ساڵ کاربکات.
ئۆرگانەکە رێگە، خوێندنگە و تیمارخانەی دروستکردووە و ئاو و کارەبای گەیاندووەتە ناوچە دوور دەستە بێبەشەکان. هەروەها یارمەتی پرۆژەکانی گەشەپێدانی داوە، بەڵام ئەم کارانە کە لە بەرژەوەندی گشتین تەنیا بەشێکی بچووکی کارەکانی ئەو ئۆرگانە پێکدێنن.
لەژێر دەسەڵاتی خامنەییدا ئۆرگانەکە دەستیکرد بەوەی کە خۆشی کۆمەڵێک موڵک کۆبکاتەوە و لە جیاتی دابەشکردنی داهاتی ئەو موڵکانە، داهاتەکە بۆ خۆی هەڵگرێت. بە وتەی یەکێک لە کارمەندانی پێشووی ئەو ئۆرگانە کە ژمارەیەک شارەزا جەختیان لەسەر کردووەتەوە داهاتی بەدەستهاتووی ئەو ئۆرگانە تەنیا بۆ تاکە کورسی دەسەڵات لە ئێران واتا رابەر خەرج دەکرێت.
ئایەتوڵڵا خومەینی کە دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامی و یەکەم رابەری شۆڕشی ئێران بوو، کارمەندی زۆری نەبوو، بەڵام بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری وڵات ئەمڕۆ لە نوسینگەی ئایەتوڵڵا خامنەیی نزیکەی 500 کارمەند کاردەکەن، کە زۆربەیان لە کارمەندانی ئۆرگانە ئاسایشی و سەربازییەکانەوە هێنراون.
پێشکەشکردنی وێنەیەکی گشتی لە داهات و خەرجی ئۆرگانەکە مەحاڵە. ئەنجومەن دەستی ناگات بە نوسینگەی ژمێریاری ئەم ئۆرگانە. ساڵی 2008 ئەنجومەنی شورای ئیسلامی بڕێارێکی هەبوو لەسەر بنەمای ئەو بڕیارە بێ رێگەپێدانی رابەر چاودێری ئەو دەزگایانە ناکات کە لەژێر چاودێری رابەردان.
لەگەڵ ئەوەشدا رۆیتەرز تەواوترین لیستی لە داراییەکانی ئۆرگانەکە تا ئەمڕۆ ئامادەکردووە، لەوانە:

• موڵک 
سەرۆکی بەشی موڵکەکانی ئەو ئۆرگانە ساڵی ٢٠٠٨ رایگەیاندووە، کە نرخی ئەم بەشە نزیکەی ٥٢ ملیار دۆلارە. لە ئێستادا بەهای دراوی ئێران بە بەراورد لەگەڵ ئەو ساڵە دابەزیوە، ئەمەش لە کاتێکدا کە بەهای موڵک بەرزبووەتەوە. داراییەکانیش لەم ماوەیەدا گۆڕانیان بەسەردا هاتووە، لەبەرئەوە لە ئێستادا دیاریکردنی بەهاکەی ئەستەمە.
رۆیتەرز بۆی دەرکەوتووە کە ئەو ئۆرگانە بەردەوام موڵکەکانی دەخاتە مەزادەوە. بە روانین لە راگەیەنراوی سەر روپەڕێ رۆژنامەکانی ئێران و ماڵپەڕەکانی مەزاد دەردەکەوێت کە تە ئێستا بەلایەنی کەمەوە ٥٩ مەزاد ئەنجامدراوە.

• یەکەیەکی وەگەڕخستنی سەرمایە بە بەهای دەیان ملیار دۆلار
ساڵی ٢٠١١ وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا گەمارۆی خستە سەر ئەو ئۆرگانە و ٣٧ کۆمپانیای نزیکییەوە، بە هۆی رۆڵیان لە پشتیوانی دەوڵەتی ئێران بۆ کامکردنەوەی کاریگەرییەکانی گەمارۆکانی ئەمەریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی. هەروەها ئەو وەزارەتە رایگەیاند ئۆرگانەکە رۆڵی لە بەدەستهێنانی ئابوری بۆ رابەرانی ئێران هەیە. وەک وەزارەتەکە ئاماژەی پێداوە تەنیا یەکێک لە کۆمپانیایانە ساڵی ٢٠١٠ بەهاکەی نزیکەی چل ملیار دۆلار بووە.
(دەستەی جێبەجێکردنی فەرمانی حەزرەتی ئیمام) ئەو کۆمپانیایانەی پشکێکی کەمیشی تێدا هەن، کۆنترۆڵی کردوون. رۆیتەرز بەلایەنی کەمەوە ٢٤ کۆمپانیای گشتی ئاشکراکردووە کە ئەو ئۆرگانە یان کۆمپانیایەکی نزیک لەو سەرمایەی تێدا وەگەڕخستووە و کەمتر لە ٥٠% پشکی تێیاندا هەیە. هەروەها رۆیتەرز ئاماژەی بەوە داوە کە ١٤ کۆمپانیا لەلایەن ئەو ئۆرگانەوە راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ سەرمایەیان پێدراوە، بەڵام لەبەرئەوەی کۆمپانیای گشتی نین بەهاکەیان جێی باس نییە.
لەگەڵ ئەوەشدا رۆیتەرز بەو ئەنجامە گەیشتووە، کە بەهای موڵک و سەرمایەکانی ژێر دەستی (دەستەی جێبەجێکردنی فەرمانی حەزرەتی ئیمام) نزیکەی ٩٥ ملیار دۆلارە. ئەم ژمارەیە نزیکەی ٤٠% هەناردەی نەوتی ئێران لە ساڵی پێشترە و لەوانەیە لەو سەرمایەیە تێپڕێت کە کاتی خۆی شای ئێران کۆی کردبووەوە.
بەپێی تۆماری دادگا دوای رووخانی شای ئێران، کۆماری ئیسلامی ئێران لە سکاڵایەکیدا لە دادگایەکی ئەمەریکایی رایگەیاندووە، کە شا و فەرەح پەهلەوی هاوسەری ٣٥ ملیار دۆلاریان بردووەتە دەرەوەی ئێران. بە بەراورد لەگەڵ بەهای ئێستای دراو ئەو پارەیە لە ئێستادا دەکاتە ٧٩ ملیار دۆلار. دادگا ئەو سکاڵایەی پەسەند نەکرد و بابەتەکەی داخست.عەباس میلانی بەڕێوەبەری بەرنامەی لێکۆڵینەوەی ئێرانی لە زانکۆی ستانفۆرد کە ژیاننامەیەکی شای نوسیوە و ساڵی ٢٠١١ چاپی کردووە، لە گفتوگۆیدا لەگەڵ رۆیتەرز رایگەیاندووە، کە بەو جۆرە باسی سەرمایەی شا زیادەڕەوییە. بە وتەی میلانی شا ژیانێکی باشی هەبووە، بۆ نمونە نزیکەی ١٢٠ ئۆتۆمبێکی هەبوو. وەک لە ژیاننامەی شاد ئاماژەی پێداوە "ئەوانەی ئاگاداری سەرمایەی شا بوون، بە نزیکەی ملیارێک دۆلار خەمڵاندویانە". ئەو بڕە بە بەروارد لەگەڵ بەهای دراو لە ئیستادا دەکاتە سێ ملیار دۆلار و بە بەراورد لەگەڵ سەرمایەی (دەستەی جێبەجێکردنی فەرمانی حەزرەتی ئیمام) زۆر کەمترە.

• مافی پاراستن
بەرپرسانی ئۆرگانەکە دوو پاساو بۆ چالاکییەکانی موڵکداری خۆیان دێننەوە، یەکەم، ئەو موڵکانەی بەدەستهاوون مه‌شروعن، دووەم، بەشێک لەو قازانجەی دەستیاندەکەوێت دەدرێت بە دامەزراوە خێرخوازییەکان.
عەلی ئەشروف ئەفخەمی سەرۆکی دەستەی بەڕێوەبردنی کۆمپانیای (تەدبیر) ئەو یەکەیەی کە سەرمایەی ئۆرگانەکە بەڕێوەدەبات لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ رۆژنامەی (شەرق) کە یەکێک لە رۆژنامەکانی ریفۆرمخوازانی ئێرانە وتویەتی، هیچ یەکێک لە موڵکەکانی ژێر دەستی ئۆرگانەکە دەستیبەسەرداگیراو نین. هەروەها وتویەتی، ئۆرگانەکە لە رێگەی نائاساییەوە دەستی بەسەر هیچ موڵکێکدا نەگرتووە و وتویەتی "گریمان دارایی یان موڵکێک لە کەسێ جێمابێت کە دوای مردنی کەس نەبووە بە میراتی بۆی بمێنێتەوە، یان داراییەک کە لە گومرگ جێهێڵدراوە و بێ خاوەن ماوەتەوە، ئەم سەرمایایانە لە کۆتاییدا پێویستە لە شوێنێک بەڕێوەببرێن. ئەگەر بێخاوەنیان بسەلمێنرێت لەسەر بڕیاری دادگا دەخرێتە بەردەستی (دەستەی جێبەجێکردنی فەرمانی حەزرەتی ئیمام)." هەروەها لە درێژەی وتەکانیدا وتویەتی "وەک باسم کرد لە هەموو شوێنێکی جیهان بۆ موڵک و ماڵە بێخاوەنەکان سیستمێکیان داڕشتووە کە بەڕێوەی دەبەن و داهاتەکەی بۆ بەرژەوەندی گشتی خەرج دەکرێت."
دامەزراوە خێرخوازییەکان لە کۆماری ئیسلامی ئێران بەردەوام رۆڵی بنچینەییان هەبووە، خودی (دەستەی جێبەجێکردنی فەرمانی حەزرەتی ئیمام) دامەزراوەیەکی خێرخوازی هەیە. دامەزراوەکانی تر کە بە ناوی (بونیاد) ناودەبرێن لە بنچینەدا پشتیوانی قوربانیان، هاوسەر و منداڵی شەهیدان و زوڵم لێکراوانن.
یەکێک لە منداڵی شەهیدەکان وتی "بونیادی شەهید" بژێوی و شوێنی نیشتەجێبوونی بۆ خێزانەکەی و خێزانەکانی تری وەک ئەوان دابینکردووە. بە گەڕانەوە بۆ وێبسایتی بونیادی شەهید لە خزمەتگوزارییەکانی ئەم بونیادە بۆ خێزانی شەهیدان دەتوانرێت ئاماژە بکرێت بە کڕینی بلیتی فڕۆکە بە نرخێکی کەمتر، فێڕکردنی هونەر و پیشە، دابینکردنی خەرجی و دانانی ئاسانسۆر و کوردی بۆ کەمئەندامان.
دامێنی چالاکییەکانی (دەستەی جێبەجێکردنی فەرمانی حەزرەتی ئیمام) لەمجۆرە بونیادانە زۆر بەرفراوانترە. دیار نییە چەندێک لە داهاتەکەی بۆ کاری خێرخوازیی خەرج دەکرێت. ئەوانەی (دەستەی جێبەجێکردنی فەرمانی حەزرەتی ئیمام) موڵک و ماڵیانی دەست بەسەرداگرتووە یان پارێزەرەکانیان بەو کارانە ئاشنان، بانگەشەی (دەستەی جێبەجێکردنی فەرمانی حەزرەتی ئیمام) لەسەر بنەمای بەرژەوەندی گشتی پەسەند ناکەن. ئەوان بە رۆیتەرزیان راگەیاندووە، لە میانەی پرۆژەی زیرەکانە و پڕداهاتی ئەم ئۆرگانە بە ناونیشانی ساختە فەرمانی چۆڵکردنی موڵکەکان لە دادگا وەردەگرێت، دواتر فشار دەخاتە سەر خاوەنەکانیان بۆ ئەوەی بە نرخێکی زۆر گرانتر بیکڕنەوە.
عسێن رەئیسی پارێزەرێکە و لە بواری مافەکانی مرۆڤدا کاردەکات و ٢٠ ساڵ ئەزمونی پارێزەری هەیە و لەسەر بابەتی موڵکی دەست بەسەرداگیراو کاری کردووە، لەوبارەیەوە وتویەتی "ئەوانەی داوای دەستبەسەرداگرتنی موڵکەکان دەکەن خۆیان  وەک لایەنگری کۆماری ئیسلامی دەناسێنن و ئەو کەسەی کە دەیانەوێت دەست بەسەر موڵکەکەیدا بگرن  بە دژە شۆڕش و لایەنگری تاغوت دەناسێنن، ئەمەش بەهیچ شێوەیەک دادپەروەرانە نییە."
(راس. ک. رقابی) کە لە (بێڤرلی یلز)ی کالیفۆرنیا کاری پارێزەری دەکات وتویەتی تەنیا رێگەی زیندوکردنەوەی ئەو موڵکانە بە پێدانی بەرتیل دەبێت بە نزیکانی دەسەڵات. رقابی دوای ئاماژە کردنی بەوەی کە تا ئێستا پارێزەری یانزە بابەتی پەیوەندیداری بە موڵکە دەستبەسەرداگیراوەکاندا کردووە وتویەتی "بە ئەندازەی نیوەی موڵکەکە دەبێت بەرتیل بدەیت."
بازرگانێکی شیعە کە ئێستا لە دەرەوەت ئێران ژیان بەسەردەبات، بەڵام بە هۆی هاتوچۆی بۆ ئێران نەیویستووە ناوی بهێنرێت وتویەتی نزیکەی دوو ساڵ بەرلە ئێستا ویستویەتی زەوییەک کە ساڵانێکی زۆر بووە هی بنەماڵەکەی بووە بفرۆشێت. بەرپرسانی ناوچەکە وتویانە پێویستە مۆڵەت لە (دەستەی جێبەجێکردنی فەرمانی حەزرەتی ئیمام) وەربگریت.  
کاتێک چووە بۆ نوسینگەی (دەستەی جێبەجێکردنی فەرمانی حەزرەتی ئیمام) کارمەندێک داوای چەند سەد دۆلارێکی وەک بەرتیل لێکردووە بۆ ئەوەی کارەکانی بە زویی رایی بکات. دواتر پێیان وتووە پێویستە لە بەرامبەر ئەوەی کە موڵکەکەیان پاراستووە، مافی پاراستن بدات. ئەو مافی پاراستنە بۆ هەر ساڵێک دوو تا دوو نیو لە سەدای بەهای موڵکەکە بووە.
(دەستەی جێبەجێکردنی فەرمانی حەزرەتی ئیمام) شارەزایەکی رەسمی دادگای نارد بۆ ئەوەی بەهای موڵکەکە دیاری بکات. بەهاکەی بە ٩٠ هەزار دۆلار خەمڵاند، دواتر ٥٠ هەزار دۆلار وەک مافی پاراستن دیاریکرا.
ئەو بازرگانە رایگەیاندووە لەگەڵ ئەوەی بەڵگەیەک لەسەر پاراستنی (دەستەی جێبەجێکردنی فەرمانی حەزرەتی ئیمام) نییە، ئەو پارەیەی نەدا. هەرچەندە بە وتەی ئەو کارمەندانی ئەو ئۆرگانە دەستی لەو پارەیە هەڵنەگرت، بەڵام لە بەرامبەردا پێشنیاریان کرد کە لە ئاسانکاری بۆ مامەڵەکە یارمەتی بدەن. بەشێوەیەک کە موڵکەکە بفرۆشن و دوای کەمکردنەوەی مافی پاراستنەکە، ئەوەی دەمێنێتەوە بیدەنەوە بە بازرگانەکە. بازرگانەکە پارێزەرێکی گرت، بەڵام پارێزەرەکەش پێشنیاری کرد ئەو پارەیە بدات، لە کۆتاییدا ئەو بازرگانە بە ناچاری پارەکە دەدات.
خوشکی ئەم بازرگانە کە لە تاران دەژیت دواتر پێیڕاگەیاندووە، کە (دەستەی جێبەجێکردنی فەرمانی حەزرەتی ئیمام) چووەتە ناو تەلارەکەیەوە و داوای بەڵگەی خاوەندارێتی یەکەکانیان لە دانیشتوانەکەی کردووە.
ژمارەیەک لەو خێزانانەی ئەو ئۆرگانە موڵک و ماڵەکانیانی داگیرکردووە وتویانە کە داوایان لێکراوە بە خێرایی مالەکانیان چۆڵبکەن. 

• لەپشت پەردەوە
زۆرێک لە بونیادە ئێرانییەکان لەوانە (بونیادی موستەزعەفان) مۆڵەتی داگیرکردنی هەندێک موڵک و ماڵیان هەیە. ئەو بونیادانە بە ئاشکرا کاردەکەن و ناو و ناویشانی کۆمپانیاکەیان لە راگەیاندنی کڕین و فرۆشتنی موڵکدا بەرچاودەکەوێت. ئەمەش لە کاتێکدایە کە رۆڵی (دەستەی جێبەجێکردنی فەرمانی حەزرەتی ئیمام) لە کڕین و فرۆشتندا زیاتر نهێنییە.
لە راگەیەنراوەکانی مەزادی کڕین و فرۆشتنی موڵکدا ناو و ناونیشانی (دەستەی جێبەجێکردنی فەرمانی حەزرەتی ئیمام) شاراوەیە. لە بەرامبەردا ئەم ئۆرگانە سوود لە ناوی خەیاڵی وەردەگرێت بۆ ئەوەی پەیوەندییەکانی بە مامەڵەکانەوە بشارێتەوە. 
ژمارەیەک لەو موڵک و ماڵانەی لەلایەن (دەستەی جێبەجێکردنی فەرمانی حەزرەتی ئیمام) دەستیان بەسەرداگیراوە، دەگەڕێتەوە بۆ کەمایەتییەوە مەزهەبییەکان، بۆ نمونە بەهائییەکان. کۆماری ئیسلامی بەهائی بە گروپێکی لادەر و سازتە دادەنێت. بەهائییەکان لە ئێران ستەمیان لێدەکرێت و ئازاردەدرێن و ژمارەیەکیان لە هەبوونی پیشە و خوێندنی باڵا بێبەشن. زۆرێک لە دوکان و گۆڕستانەکانی بەهائییەکان وێران کراون.
نوسینگەی نەتەوەیەکگرتووەکان کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەهائییەکان کە رێکخراوێکی نادەوڵەتییە ساڵی ٢٠٠٣ ئامارێکی بڵاوکردووەتوە و بەپێی ئەو ئامارانە (دەستەی جێبەجێکردنی فەرمانی حەزرەتی ئیمام) دەستی بەسەر ٧٣ پارچە موڵکی ئەندامانیدا گرتووە، تا ئێستا ئامارێکی نوێتر رانەگەیەنراوە. لەو کاتەدا بەهای ئەو موڵکانە بە یانزە ملیۆن دۆلار خەمڵێنراوە. 
ئەم ژمارەیە تەنیا نیشاندەری بەشێکی بچووکی ئەم موڵکانەیە کە ئەو ئۆرگانە لە بەهائییەکانی داگیرکردووە. چەندین موڵکی پیاوێکی بەهایی بەناوی (ئەمینوڵڵا کەتیرایی) لەو لیستەدا نین. بە وتەی (هەدیەی کەتیرایی) کچی ئەو پیاوە کە لە تۆرێنتۆ ژیان بەسەردەبات، زیاتر لە دوو دەیەیە (دەستەی جێبەجێکردنی فەرمانی حەزرەتی ئیمام) بە دوای موڵک و ماڵی بنەماڵەکەیەوەیەتی.
وەک ئەو کچە گێڕاویەتییەوە باوکی خاوەنی خانو و زەوییەک لە شاری هەمەدان لە باکوری رۆژئاوای ئێران بووە، سەرەتای دەیەی ١٩٩٠ (دەستەی جێبەجێکردنی فەرمانی حەزرەتی ئیمام) نزیکەی ٧٥٠ هێکتار لە زەوییەکانی باوکی داگیرکردووە، کە سەرجەم دارایی بنەماڵەکەی لەو ناوچەیە بووە. رۆیتەرز رای دادگای بۆ دەستبەسەرداگرتنی ئەو موڵکانە بینیوە، کە تێیاندا (کەتیرایی) بە هاوکاری کردنی شای ئێران تاوانبار کراوە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە کچەکەی دەڵێت باوکی هیچ پەیوەندییەکی لەگەڵ دەوڵەتی شا نەبووە. 
(کەتیرایی) داوای لە بەرپرسان کردووە بە بڕیارەکەیاندا بچنەوە و ساڵی ١٩٩٣ نامەیەکی بۆ یەکێک لە کۆمۆسیۆنەکانی ئەنجومەن نوسیوە و تێیدا ئاماژەی بەوەداوە کە تەنیا لەبەرئەوەی لە کەمایەتییە ئایینییەکانە ئەو کارەی بەرامبەر کراوە.
نوێنەری کۆمسیۆنەکە لە وەڵامی ئەو نامەیەدا کە دەست رۆیتەرز کەوتووە ئاماژەی بە بنەمای ١٣ی دەستوور کردووە و نوسیویەتی "ئێرانییە زەردەشتی، کلیمی و مەسیحییەکان وەک تەنیا کەمایەتی ئایینی دەناسرێن، کە لە چوارچێوەی یاسادا بۆ ئەنجامدانی بۆنە ئایینییەکانیان ئازادن." هەروەها لە نامەکەدا نوسراوە "بەهاییەت لە کەمایەتییە ئایینییەکانی ئێران نییە." لەسەر ئەو بنەمایە ئەو کۆمسیۆنە بە دواداچوونی بۆ کارەکە نەکردووە.
بە وتەی کچی (کەتیرایی) (دەستەی جێبەجێکردنی فەرمانی حەزرەتی ئیمام) بەوەوە نەوەستاوە و ودواتر دەستی بەسەر تەلارێکی نیشتەجێبوونی باوکیدا گرتووە.
محەمەد نیری پارێزەرێک کە تا ساڵی ٢٠١٠ لە ئێران کاری کردووە و ئێستا لە بەریتانیایە وتویەتی، سکاڵایەکی لابووە کە تێیدا خانووی موسوڵمانێک دەستی بەسەرداگیراوە، ئەویش بە تۆمەتی ئەوەی بەهائییە و پەیوەندی لەگەڵ رژێمی شا هەبووە.
بە وتەی (نیری) کوڕی خاوەن ماڵەکە ساڵای ٢٠٠٨ پەیوەندی پێوەکردووە و پێیوتووە باوکی هەرگیز بەهائی نەبووە و هیچ پەیوەندییەکی لەگەڵ رژێمی شا نەبووە و ئێستا دەیەوێت موڵکی باوکی وەرگرێتەوە.
(نیری) وتویەتی، لە رێگەی سکاڵایەکەوە دژی (دەستەی جێبەجێکردنی فەرمانی حەزرەتی ئیمام) دادگا بڕیاریدا موڵکەکە بۆ کوڕەکەی بگێڕدرێتەوە، بەڵام ئەو ئۆرگانە داوای ٢٠% موڵکەکەی کرد کە دەیکردە پەنجا هەزار دۆلار، کوڕەکە چارەیەکی تری نەبوو بێجگە لە پێدانی ئەو پارەیە.
(رەقابی) پارێزەرێک کە لە کالیفۆرنیا کاری پارێزەری دەکات، وتویەتی چەند سکاڵایەکی لەبارەی دەستبەسەرداگرتنی موڵک پێگەیشووە و لە بەرامبەر ئەو ئۆرگانەدا سەرکەوتوو بووە. بەڵام هیچ یەکێکیان سادە نەبوون، لەمپەڕی زۆر لە رێگەدان.
رەقابی وتویەتی "هەواڵە گرنگەکان لە پشت پەردەوەن. بۆ ئەنجامدانی کارەکە پێویستە کەسێک بدۆزیتەوە کە دەستی بەشوێنێک رابگات."

• وەرن من بکوژن
خانمی (وەحدەت) کە بەهائییە دەڵێت، لەم ساڵانەدا کاری بە زۆرێک لە دەزگاکان هەبووە، بەڵام هیچ یەکێکیان وەک (دەستەی جێبەجێکردنی فەرمانی حەزرەتی ئیمام) بێبەزەیی نەبوون.
بە وتەی ئەم ژنە گرفتەکانیان ساڵی ١٩٨١ دەستیپێکرد کاتێک هاوسەرەکەی کۆمپانیایەکی بە انوی (ئاسان گاز) دامەزراندووە و کۆمەڵێکی زۆر لە بەهائییەکانی لای خۆی خستووەتە سەرکار.
حسێن ساڵی ١٩٨١ لە تاران دەست بەسەرکرا. وەک خانمی (وەحدەت) گێڕاویەتییەوە پێنج مانگ دوای بەندکردنی، پیاوێکی ئایینی حوکمی لەسێدارەدانی بەسەردا دا و مانگی شوباتی ١٩٨٢ لەسێدارەدرا.
ئەو خانمە گێڕاوییەتییەوە کە نۆ گولـلەیان بە هاوسەرەکەیەوە ناوە لە کاتی لە سێدارەدانیدا.
وەک سکاڵایەک دژی لەسێدارەدانی هاوسەرەکەی ئەم ژنە دەستیکردووە بە ناردنی نامە بۆ بەرپرسە باڵاکان لەوانە (ئایەتووڵڵا عەلی خامنەیی) کە لەو کاتە سەرۆک کۆمار بوو. وەک ئەو خانمە گێڕاویەتییەوە ساڵی ١٩٨٥ بۆ ماوەی سێ مانگ خراوەتە بەندیخانەوە.
ئەم خانمە ناڕازی بوونی خۆی درێژە پێداوە و تەلەفۆنی بۆ نوسینگەی خامنەیی کردووە و وتویەتی "دەنگەکەی تۆمار بکەن و بیدەن بە خامنەیی."
وەک ئەو ژنە ئاماژەی پێداوە دەنگەکەیان تۆمارکردووە، بەڵام لە جیاتی ئەوەی بدرێت بە ئایەتوڵڵا خامنەیی، دراوە بە وەزارەتی ئیتالاعات. 
وتەکانی تری ئەم خانمە بەڵگەنامەیین و رۆیتەرز بینیونی.
دواتر دادگا بڕیاری دەست بەسەرداگرتنی ئاپارتمانی بنەماڵەکەی باوکی لە تاران داوە. لە ئاگادارکردنەوەکەی دادگادا ئاماژە بەوە کراوە کە منداڵەکانی تۆمەتبارن بە بانگەشەکردن بۆ بەهائیەت.
دوو دامەزاروەی جیاواز فشاری خستووەتە سەر ئەو خانمە بۆ ئەوەی دەست بەسەر موڵکەکانیدا بگرن، بەڵام نەیاتوانیوە. دواتر مانگی ١١/١٩٩١ (دەستەی جێبەجێکردنی فەرمانی حەزرەتی ئیمام) دەستی بەکارەکان کردووە و دادگا فەرمانی دەستبەسەرداگرتنی موڵکی ئەم بنەماڵەیەی لە تاران و شیراز دەرکردووە.
بە وتەی خانمی وەحدەتی حەق نوێنەرانی ئەو ئۆرگانە چوونە ماڵەکەی و هەڕەشەیان لێکردووە ئەگەر ماڵەکەی چۆڵ نەکات، توندوتیژی بەرامبەر ئەنجام دەدەن. ناوبراو وتویەتی "یەکێکیان دەستی بەرزکردەوە بە نیشانەی ئەوەی دەیەوێت لێم بدات، بەڵام من پێم وتن: وەرن بمکوژن."
مانگی 1-1992 (دەستەی جێبەجێکردنی فەرمانی حەزرەتی ئیمام) داواکاری پاک کردنەوەی ناوی خانمی وەحدەتی حەق و منداڵەکانی لەسەر سەرجەم بەڵگەناماکانی ئاپارتمانەکانی پێشکەشی تۆمارگەی موڵکەکان کرد.
ساڵێک دوای ئەوە ئەو ئۆرگانە نامەیەکی بۆ خانمەکە ناردووە و تێیدا پێشنیاری کردووە کە ئەو خانمە بە دڵی خۆی دەتوانێت یەکێک لەو ئاپارتمانانە لە ئۆرگانەکە بکڕێتەوە.
بە وتەی خانمەکە لە کۆتاییدا (دەستەی جێبەجێکردنی فەرمانی حەزرەتی ئیمام) ئاپارتمانەکەی بە بەرپرسێکی رەسمی دادگای شۆڕشی ئیسلامی فرۆشت و دواتر ئەویش بە قازانج ئاپارتمانەکەی فرۆشتووەتەوە. دواتر ئەو ئۆرگانە ئاپارتمانێکی تری ئەو بنەماڵەیەی فرۆشت.
پاییزی ساڵی 1993 خانمی وەحدەتی حەق بە بێدەنگی ئێرانی جێهێشتووە و تەنیا ژمارەیەکی کەم لە خزمانی ئاگادار بوون، شەش ساڵ دوای ئەوەی (دەستەی جێبەجێکردنی فەرمانی حەزرەتی ئیمام) زانیویەتی کە ئەو خانمە ئاپارتمانەکەی بە کرێ داوە و لەوێ نەماوە.
مانگی 11-1999 ئۆرگانەکە پێشنیاری بۆ ئەو خانمە کرد کە ئاپارتالمانه‌کەی بە نرخێکی کەم بە ئەوان بفرۆشێت، بەڵام ئەو خانم رەتیکردووەتەوە. دواتر دوبارە ئاگاداریان کردووەتەوە کە کرێی ئاپارتمانەکەی خۆی بدات، بەڵام خانمەکە رازی نەبووە، لە کۆتاییدا (دەستەی جێبەجێکردنی فەرمانی حەزرەتی ئیمام) ئاپارتمانەکەی بە کەسێکی تر فرۆشتووە.
خانمی وەحدەتی حەق وتویەتی دواتر تەلەفۆنی بۆ خاوەنە نوێیەکە کردووە و پێی وتووە "خاوەنی ئەو موڵکە بنەماڵەکەی من بووە و لەلایەن خۆم و هاوسەرەکەمەوە دروستکراوە." کڕیارەکە پێشنیاری کردووە لێیبکڕێتەوە، بەڵام دوبارە رەتیکردووەتەوە.
 
سه‌رچاوه‌: رۆیته‌رز

 بۆ داگرتنی ئه‌م بابه‌ته‌ به‌ PDF کلیک لێرە بکە

زۆرترین خوێندراوە


political studies copyright 2017 © . All right reserved Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure