نه‌خشه‌ی هاوپه‌یمانێتیه‌ سیاسییه‌كانى هه‌ڵبژاردنى عێراق

15/02/2018

:: بێ نوسەر ناوه‌ندی كوردستان بۆ توێژینه‌وه‌ له‌ململانێ و قه‌یرانه‌كان
نووسینى: موسه‌ننا عوبه‌یدى 
سه‌رچاوه‌: ناوه‌ندى ئه‌لموسته‌قبه‌ل بۆ توێژینه‌وه‌ و دیراساتى پێشكه‌وتوو 
 
وه‌ك خۆئاماده‌كردنێك بۆ هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانییه‌كه‌ى مانگى ئایارى 2018، نه‌خشه‌ى هاوپه‌یمانێتیه‌ سیاسییه‌كانى عێراق گۆڕانكاریى بنچینه‌یى به‌سه‌ردا هاتووه‌، سه‌ربارى به‌رده‌وامبوونى سنوورى جیاكه‌ره‌وه‌ى نێوان ئه‌و كوتله‌ سه‌ره‌كییانه‌ى هه‌ڵبژاردنیش كه‌ گوزارشت له‌ فره‌یى لایه‌نه‌ فه‌رمانڕه‌واكانى كۆمه‌ڵگاى عێراقى ده‌كه‌ن، به‌ڵام ره‌نگه‌ قۆناغى پێش هه‌ڵبژاردن كێبڕكێى توند له‌نێوان سه‌ركرده‌ و پارته‌ سیاسییه‌كان و گۆڕانكارى له‌ پێكهاته‌ى هاوپه‌یمانێتیه‌كاندا به‌خۆوه‌ ببینێت، به‌تایبه‌ت پاش یه‌كلاكردنه‌وه‌ى چه‌له‌حانێى په‌یوه‌ست به‌ دواخستنى هه‌ڵبژاردن له‌لایه‌ن دادگاى باڵاى ده‌ستوورییه‌وه‌ به‌وه‌ى كه‌ ده‌بێت هه‌ڵبژاردن له‌واده‌ى خۆیدا ئه‌نجام بدرێت. 

شایسته‌یه‌كى سیاسیى جیاكه‌ره‌وه‌: 
كۆمسیۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنه‌كان، كه‌ لایه‌نى به‌رپرسیاره‌ له‌ ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردن له‌ عێراقدا، رۆژى پێنج شه‌ممه‌ رێكه‌وتى 18ـى كانونى دووه‌م كۆتاییهاتنى ماوه‌ى تۆماركردنى هاوپه‌یمانێتیه‌كانى هه‌ڵبژاردنى راگه‌یاند و هاوكات 27 هاوپه‌یمانێتى په‌سه‌ند كرد، كه‌ هاوپه‌یمانێتیه‌كان له‌ 143 پارتى سیاسى پێكدێن بۆ به‌شداریكردن له‌ هه‌ڵبژاردنه‌ ناوخۆیى و نیشتمانییه‌كانى داهاتوو، چاوه‌ڕوانیش ده‌كرێت هه‌ڵبژاردنه‌كانى داهاتووى عێراق له‌ 12ـى ئایارى 2018 به‌ڕێوه‌بچێت. 
له‌لایه‌كى تره‌وه‌ ژماره‌یه‌ك پارتى سیاسى دیكه‌ هه‌ن كه‌ نه‌چوونه‌ته‌ نێو هیچ هاوپه‌یمانێتییه‌وه‌، به‌ڵام مافى ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ به‌ته‌نها به‌شداریى هه‌ڵبژاردن بكه‌ن. له‌پاش كۆتاییهاتن به‌ ماوه‌ى تۆماركردنى قه‌واره‌كانیش، كۆمسیۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردن داواى له‌ هێز و پارته‌ سیاسییه‌كان كرد له‌ 4ـى كانونى دووه‌م تاوه‌كو 10ـى شوبات لیستى كاندیده‌كان پێشكه‌ش بكه‌ن. 
به‌پێى كۆمسیۆن – یش بێت، نزیكه‌ى 24 ملیۆن عێراقى له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانى داهاتوودا مافى ده‌نگدانیان هه‌یه‌ و به‌سه‌ر 18 بازنه‌ى هه‌ڵبژاردندا دابه‌شده‌بن، كه‌ هاوتاى ژماره‌ى پارێزگاكانى عێراقه‌، به‌پێى رێژه‌ى دانیشتووانیش بێت، پشكى هه‌ر پارێزگایه‌ك 7 بۆ 34 نوێنه‌ره‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ 8 كورسى كه‌مینه‌كان كه‌ پێنج له‌و كورسیانه‌ ده‌چێت بۆ مه‌سیحییه‌كان و سێ كورسیش بۆ هه‌ریه‌ك له‌ سابئه‌ و ئێزدى و شه‌به‌ك، به‌وشێوه‌یه‌ش كۆى ئه‌ندامانى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌ران ده‌كاته‌ 328 ئه‌ندام، كه‌ ویلایه‌ته‌كه‌یان بۆ چوار ساڵ درێژه‌ ده‌خایه‌نێت. هه‌رچى ده‌نگدانیشه‌، ئه‌وا له‌ڕێگاى ته‌كنیكێكى ئه‌لیكترۆنى نوێوه‌ ده‌بێت كه‌ ئامانج لێى رێگریكردنه‌ له‌ ساخته‌كارى، لاى خۆیشیه‌وه‌ كۆمسیۆن به‌سه‌دان ناوه‌ندى هه‌ڵبژاردنى به‌مه‌به‌ستى نوێكردنه‌وه‌ى تۆمارى ده‌نگده‌ران كردۆته‌وه‌. 
نه‌خشه‌ى هاوپه‌یمانێتیه‌كانى هه‌ڵبژاردن: 
ئاماده‌كارییه‌كان بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانى عێراق بووه‌ به‌هۆى هاتنه‌ كایه‌ى نه‌خشه‌یه‌كى نوێى هاوپه‌یمانێتیه‌كان، كه‌ به‌فه‌رمى ژماره‌ى تۆماركراویان له‌ كۆمسیۆنى هه‌ڵبژاردن ده‌گاته‌ نزیكه‌ى 27 هاوپه‌یمانێتى، دیارترینیشیان بریتیین له‌: 
1.هاوپه‌یمانێتى سه‌ركه‌وتن و چاكسازى: كه‌ سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق "حه‌یده‌ر عیبادى" سه‌ركردایه‌تى ده‌كات و ژماره‌یه‌ك هێز و كه‌سایه‌تى سیاسیى چوونه‌ته‌ پاڵى، گرنگترینیان: كوتله‌ى فه‌زیڵه‌، بزووتنه‌وه‌ى موسته‌قیلون به‌سه‌رۆكایه‌تى "حسێن شه‌هرستانى"، ره‌وتى چاكسازى به‌سه‌رۆكایه‌تى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ "ئیبراهیم جه‌عفه‌رى" و كوتله‌ى عه‌تاْ  به‌سه‌رۆكایه‌تى "فالح فه‌یاز"، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ ژماره‌یه‌ك هێز و كه‌سایه‌تى سیاسیى سوننى مه‌زهه‌ب، كه‌ دیارترینیان بریتیین له‌ وه‌زیرى پێشووى به‌رگرى "خالد عوبه‌یدى" سه‌رۆكى بزووتنه‌وه‌ى به‌یارق ئه‌لخه‌یر، هه‌روه‌ها پارتى موعاهیدون به‌سه‌رۆكایه‌تى سه‌رۆكى وه‌قفى سوننى "عه‌بدولله‌تیف همه‌یم" و بزووتنه‌وه‌ى وه‌فا به‌سه‌رۆكایه‌تى وه‌زیرى كاره‌با "قاسم فه‌هداوى"، هاوكات ئه‌م هاوپه‌یمانێتیه‌ ره‌وتى حیكمه‌ى به‌سه‌رۆكایه‌تى "عه‌مار حه‌كیم"یش له‌خۆگرتبوو، به‌ڵام له‌ئێستادا لێى كشاوه‌ته‌وه‌. 
2.ئیئتلافى ده‌وڵه‌تى یاسا: جێگرى سه‌رۆك كۆمار و سه‌رۆك وه‌زیرانى پێشووى عێراق "نورى مالیكى" سه‌رۆكى ئه‌م ئیئتلافه‌یه‌، ژماره‌یه‌كیش بزووتنه‌وه‌ و هێز و كه‌سایه‌تى سیاسى – یش چوونه‌ته‌ پاڵى، له‌نێویاندا: ره‌وتى وه‌سه‌ت به‌سه‌رۆكایه‌تى راوێژكارى پێشووى ئاسایشى نه‌ته‌وه‌یى عێراق "موه‌فه‌ق روبه‌یعى"، بزووتنه‌وه‌ى به‌شائرى شه‌بابى به‌سه‌رۆكایه‌تى "یاسر عه‌بد سخێڵ مالكى"، پارتى دوعات ئه‌لئیسلام به‌سه‌رۆكایه‌تى جێگرى پێشووى سه‌رۆك كۆمار "خوزه‌یڕ خوزاعى"، بزووتنه‌وه‌ى نور به‌سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مانتارى عێراقى "موحه‌ممه‌د هنداوى"، هه‌روه‌ها كوتله‌ى پێكه‌وه‌ بۆ یاسا به‌سه‌رۆكایه‌تى "موحه‌ممه‌د جعاز" و پارتى مه‌ده‌نى به‌سه‌رۆكایه‌تى "حه‌مه‌د موسه‌وى"، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ ره‌وتى فه‌رهه‌نگى نیشتمانى به‌سه‌رۆكایه‌تى "عه‌لى وه‌توت". 
3.هاوپه‌یمانێتى فه‌تح: ئه‌م هاوپه‌یمانێتیه‌ له‌ باڵه‌ سیاسییه‌كانى گروپه‌ چه‌كداره‌كان پێكدێت، نوێنه‌رانى ئه‌م هاوپه‌یمانێتیه‌ش ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ى خۆیان له‌ كاركردن له‌ ریزه‌كانى حه‌شدى شه‌عبى راگه‌یاندووه‌، سه‌رۆكى رێكخراوى به‌در "هادى عامرى"یش سه‌رۆكایه‌تى ده‌كات، له‌ دیارترین هێزه‌ سیاسییه‌ به‌شداره‌كانى ئه‌م هاوپه‌یمانێتیه‌ش بریتیین له‌: رێكخراوى به‌در، عه‌سائب ئه‌هل ئه‌لحه‌ق، ئه‌نجوومه‌نى باڵاى ئیسلامى، بزووتنه‌وه‌ى وه‌فا و ته‌غیر، حیزبوڵڵاى عێراقى، بزووتنه‌وه‌ى پانزه‌ى شه‌عبان، كه‌تیبه‌كانى ئیمام عه‌لى و هه‌ندێك گروپى دیكه‌ى سه‌ربه‌ ئێزدییه‌كان. 
4.هاوپه‌یمانێتى سائیرون بۆ چاكسازى: پارتى ئیستیقامه‌، كه‌ نوێنه‌رایه‌تى ره‌وتى سه‌دڕ ده‌كات، له‌ دیارترین پارته‌ به‌شداره‌كانى ئه‌م هاوپه‌یمانێتیه‌ن، له‌پاڵ ئه‌ویشدا، هه‌ریه‌ك له‌ حزبى شیوعى عێراقى و حزبى ده‌وڵه‌تى دادپه‌روه‌ر  و هه‌ندێك پارتى دیكه‌ به‌شدارن تیایدا. 
5.ئیئتلافى نیشتمانى: جێگرى سه‌رۆك كۆمار "ئه‌یاد عه‌لاوى" و سه‌رۆكى په‌رله‌مان "سه‌لیم جبورى" و سه‌رۆكى گردبوونه‌وه‌ى مه‌ده‌نى بۆ چاكسازى "ساڵح موتڵه‌گ" و ژماره‌یه‌ك كه‌سایه‌تى و هێزى سیاسیى دیكه‌ به‌شدارى ئه‌م ئیئتلافه‌ن. به‌هۆى فره‌یى و جیاوازى هێز و كه‌سایه‌تییه‌كانى نێویشیه‌وه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ ته‌ماشاى ئه‌م هاوپه‌یمانێتیه‌ ده‌كرێت كه‌ تایه‌فه‌گه‌رى تێپه‌ڕاندووه‌. 
6.هاوپه‌یمانێتى بڕیارى عێراقى: جێگرى سه‌رۆك كۆمار و سه‌رۆكى پێشووى په‌رله‌مان "ئوسامه‌ نوجه‌یفى" سه‌رۆكایه‌تى ئه‌م هاوپه‌یمانێتیه‌ ده‌كات به‌هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ "خه‌میس خه‌نجه‌ر"ـى سه‌رۆكى بزووتنه‌وه‌ى پڕۆژه‌ى عه‌ره‌بى، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ وه‌زیرى پلاندانان "سه‌لمان جومه‌یلى" و چه‌ند كه‌سایه‌تییه‌كى سوننى مه‌زهه‌بى دیكه‌. 
7.هاوپه‌یمانێتى نیشتمان: هه‌ریه‌ك له‌ هاوپه‌یمانێتى بۆ دیموكراسى و دادپه‌روه‌رى به‌سه‌رۆكایه‌تى "به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د ساڵح" و بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان و كۆمه‌ڵى ئیسلامى له‌خۆده‌گرێت و پێشبینى – یش ده‌كرێت ئه‌م هاوپه‌یمانێتیه‌ له‌ كه‌ركوك و ناوچه‌ جێناكۆكه‌كانیش به‌شداریى هه‌ڵبژاردن بكات. 
8.هاوپه‌یمانێتى رافیده‌ین: له‌ هێز و كه‌سایه‌تى سیاسیى مه‌سیحى و ئاشورى و كلدانى پێكدێت و ئامانج لێى نوێنه‌رایه‌تیكردنى مه‌سیحییه‌كانه‌ له‌ به‌غدا و نه‌ینه‌وا و كه‌ركوك. 

له‌به‌ریه‌كهه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ى هاوپه‌یمانێتیه‌كانى هه‌ڵبژاردن: 
له‌ئاكامى ناكۆكى نێوان پارت و هێزه‌ سیاسییه‌كان و زیادبوونى كێبڕكێى سیاسى، هاوپه‌یمانێتیه‌كانى هه‌ڵبژاردن چه‌ندین جیابوونه‌وه‌یان به‌خۆیانه‌وه‌ بینیوه‌، بۆ نمونه‌: حزبى ده‌عوه‌ى ئیسلامى به‌شداریى هه‌ڵبژاردنه‌كان ناكات، به‌ڵام له‌هه‌مان كاتدا رێگاى به‌ ئه‌ندامه‌كانى داوه‌ به‌شێوه‌یه‌كى تایبه‌ت نه‌وه‌ك حزبى به‌شداریى هه‌ڵبژاردنه‌كان بكه‌ن، لاى خۆیشیه‌وه‌ لیژنه‌یه‌كى بۆ چاودێریكردنى هه‌ڵبژاردنه‌كان پێكهێناوه‌، ئه‌ویش له‌پاش هه‌ڵكشانى كێبڕكێى سیاسیى نێوان ئه‌ندامه‌كانى ئه‌و حزبه‌ به‌ڕاده‌یه‌ك كه‌ سه‌رۆكى دوو هاوپه‌یمانێتیه‌ دیاره‌كه‌ى هه‌ڵبژاردن سه‌ر به‌و حزبه‌ن، كه‌ ئه‌وانیش بریتیین له‌ ئیئتلافى ده‌وڵه‌تى یاسا به‌سه‌رۆكایه‌تى "نورى مالیكى" و هاوپه‌یمانێتى سه‌ركه‌وتن و چاكسازى به‌سه‌رۆكایه‌تى "حه‌یده‌ر عیبادى". 
رێككه‌وتنى نێوان هاوپه‌یمانێتى سه‌ركه‌وتن و چاكسازى به‌سه‌رۆكایه‌تى "حه‌یده‌ر عیبادى" و هاوپه‌یمانێتى فه‌تح به‌سه‌رۆكایه‌تى "هادى عامرى"یش به‌هۆى هۆكارگه‌لێكى هونه‌رییه‌وه‌ ته‌نها چه‌ند سه‌عاتێكى كه‌مى خایاند. هاوكات له‌ 29ـى كانونى دووه‌مى 2018شدا ره‌وتى حیكمه‌ له‌ هاوپه‌یمانێتى سه‌ركه‌وتن و چاكسازى كشایه‌وه‌، هه‌ندێكیش ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌ده‌ن كه‌ هۆكارى كشانه‌وه‌كه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ناكۆكى هه‌ردوولا له‌سه‌ر دابه‌شكردنى پۆسته‌كان، كه‌ ئه‌وه‌ش له‌لایه‌ن كه‌سه‌ نزیكه‌كانى هه‌ردوولا ره‌تكرایه‌وه‌، به‌وپێیه‌ى باسیان له‌وه‌كرد كه‌ هۆكارى كشانه‌وه‌كه‌ دروستبوونى ناكۆكى بووه‌ له‌سه‌ر ریزبه‌ندیى و دابه‌شكردنى جوگرافیى كاندیده‌كان. 
هه‌ر هاوپه‌یمانێتیه‌كیش له‌ئێستادا هه‌وڵ بۆ له‌ئامێزگرتنى زۆرترین ژماره‌ى هێز و كه‌سایه‌تى سیاسیى كاریگه‌ر ده‌دات تاوه‌كو پێگه‌ى خۆى له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا به‌هێز بكات. پێشبینى – یش ده‌كرێت ته‌نانه‌ت له‌پاش راگه‌یاندنى ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنه‌كانیش گۆڕانكارى به‌سه‌ر نه‌خشه‌ى هاوپه‌یمانێتیه‌كاندا بێت، بۆ نمونه‌: ره‌نگه‌ هه‌ردوو هاوپه‌یمانێتیه‌كه‌ى سه‌ربه‌ حزبى ده‌عوه‌ یه‌كبگرن، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ى كه‌ هێشتا فاكته‌رى تایه‌فى و نه‌ته‌وه‌یى فاكته‌رێكى كاریگه‌ره‌ له‌سه‌ر سروشتى هاوپه‌یمانێتیه‌كانى هه‌ڵبژاردن، هه‌ربۆیه‌ پێشبینى ده‌كرێت دواجار هێز و پارته‌ كوردییه‌كان له‌یه‌ك هاوپه‌یمانێتیدا یه‌كبگرن. 
هاوكات پێشبینى ده‌كرێت له‌سایه‌ى هه‌بوونى ژماره‌یه‌كى زۆر له‌و پارت و بزووتنه‌وه‌ سیاسییانه‌ى خه‌سڵه‌تى "به‌كه‌سایه‌تى - كردن"یان تێدایه‌، ئه‌گه‌ره‌كانى هه‌ڵكشانى ناكۆكى نێو هاوپه‌یمانێتیه‌كانى هه‌ڵبژاردن روو له‌زیادبوون بكه‌ن، به‌جۆرێك كه‌ له‌پێناو به‌ده‌ستهێنانى ده‌ستكه‌وت بۆ سه‌ركرده‌كانیان هه‌ڵوێستى خۆیان به‌خێرایى بگۆڕن. 

چه‌له‌حانێى دواخستنى هه‌ڵبژاردنه‌كان: 
هه‌ندێك له‌ هێزه‌ سیاسییه‌كان به‌پاساوى فه‌راهه‌م نه‌بوونى دۆخێكى گونجاو بۆ ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردن له‌ پارێزگا و ناوچه‌ سوننى نشینه‌ ئازدكراوه‌كان له‌ چنگى داعش، داواى دواخستنى هه‌ڵبژاردنه‌كانیان بۆ ماوه‌ى شه‌ش مانگ یاخود ساڵێك كرد، به‌تایبه‌ت له‌كاتێكدا كه‌ دانیشتووانى زۆرێك له‌و ناوچانه‌ نه‌یانتوانیوه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ و به‌وشێوه‌یه‌ش ئه‌و هێزانه‌ ده‌نگى لایه‌نگره‌كانى خۆیان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن. له‌دواى قایل نه‌بوونیش به‌ بڕیارى دواخستنى هه‌ڵبژاردنه‌كان، ئه‌و هێزانه‌ داواى دواخستنى هه‌ڵبژاردنیان له‌و پارێزگایانه‌ كرد كه‌ له‌ده‌ست داعش رزگاركراون تا ئه‌وكاته‌ى نۆژه‌ن ده‌كرێنه‌وه‌ و دانیشتووانه‌كانیان ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆیان، به‌شێوه‌یه‌كى تایبه‌تیش هێز و پارته‌ سیاسییه‌ كوردیه‌كان پاڵپشتى ئه‌و داوایه‌یان ده‌كرد. 
له‌ به‌رامبه‌ریشدا سه‌رۆك وه‌زیران "حه‌یده‌ر عیبادى" و ژماره‌یه‌ك هێزى سیاسیى شیعى له‌گه‌ڵ ئه‌و داوایه‌دا نه‌بوون، به‌تایبه‌ت له‌كاتێكدا كه‌ ئه‌وان ئاره‌زووى سوود وه‌رگرتن له‌ پێگه‌ى جه‌ماوه‌رى خۆیان پاش تێكشكاندنى داعش و گێڕانه‌وه‌ى خاكه‌ داگیركراوه‌كانى ژێر كۆنترۆڵى رێكخراوه‌كه‌ و ئیداره‌دانى قه‌یرانى جیابوونه‌وه‌ى كوردستان به‌سه‌ركه‌وتوویى و كردنه‌وه‌ى دۆسیه‌ى به‌گژداچوونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵى ده‌كرد. 
له‌سایه‌ى ئه‌و چه‌له‌حانێیه‌شدا، 144 په‌رله‌مانتارى عێراقى ئیمزایان له‌سه‌ر داواى دواخستنى هه‌ڵبژاردنه‌كان كرد و خرایه‌ خشته‌ى كارى دانیشتنى 18ـى كانونى دووه‌مى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانه‌وه‌ به‌بێ ئه‌وه‌ى بگه‌نه‌ هیچ بڕیارێك له‌وباره‌یه‌وه‌، به‌وشێوه‌یه‌ش تاووتوێكردنى بڕیاره‌كه‌ دواخرا بۆ 20ـى كانونى دووه‌م، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌نجوومه‌نه‌كه‌ هه‌ر نه‌گه‌یشته‌ هیچ بڕیارێك، له‌ به‌رامبه‌ریشدا تۆمه‌ت گۆڕینه‌وه‌ له‌نێوان هێزه‌ سیاسییه‌كانى دژ به‌ دواخستن و هێزه‌ لایه‌نگره‌كانى دواخستنى هه‌ڵبژاردن رووى له‌ هه‌ڵكشان كرد، هه‌ندێك په‌رله‌مانتاریش هه‌ڕه‌شه‌ى بایكۆتكردنى دانیشتنه‌كانى په‌رله‌مانیان كرد گه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ نه‌خرێته‌ خشته‌ى كاره‌وه‌ بۆ گفتوگۆ له‌سه‌ركردن، هاوكات ژماره‌یه‌ك په‌رله‌مانتاریش له‌دژى باسكردنى ئه‌و بابه‌ته‌ بایكۆتى دانیشتنه‌كه‌یان كرد، به‌تایبه‌ت له‌كاتێكدا كه‌ هه‌ندێكیان له‌ترسى سه‌رنه‌كه‌وتن له‌ هه‌ڵبژاردنى داهاتوو، هه‌وڵى مانه‌وه‌ له‌ ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌ران ده‌ده‌ن تا درێژترین ماوه‌ كه‌ بكرێت. دواجاریش بڕیارى دادگاى باڵاى ده‌ستوورى بابه‌ته‌كه‌ى یه‌كلاكرده‌وه‌ و له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند كه‌ دواخستنى هه‌ڵبژاردنه‌كان نایاساییه‌. 
له‌كۆتاییدا، پێده‌چێت به‌ گۆڕینى هاوپه‌یمانێتیه‌كانى هه‌ڵبژاردن له‌سایه‌ى به‌رده‌وامبوونى ناكۆكى نێوان سه‌ركرده‌ سیاسى و پارت و ره‌وته‌ سه‌ره‌كییه‌كان و هه‌وڵى هه‌ریه‌كه‌یان بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ى زۆرینه‌ى هه‌ڵبژاردن له‌به‌رژه‌وه‌ندى خۆى و زاڵبوون به‌سه‌ر نه‌یاره‌ سیاسییه‌كانى و به‌ته‌نها نوێنه‌رایه‌تیكردنى كوتله‌ سه‌ره‌كییه‌كانى كۆمه‌ڵگاى عێراقى، دیمه‌نى سیاسیى عێراق – یش له‌ وه‌رچه‌رخان به‌رده‌وام بێت. 

زۆرترین خوێندراوە


political studies copyright 2017 © . All right reserved Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure