ئه‌ردۆگان و مه‌یلى زیندووكردنه‌وه‌ى میراتى عوسمانى

15/02/2018

:: بێ نوسەر ناوه‌ندی كوردستان بۆ توێژینه‌وه‌ له‌ململانێ و قه‌یرانه‌كان
نووسینى: سامح ئه‌لجارحى
سه‌رچاوه‌: ناوه‌ندى المستقبل بۆ توێژینه‌وه‌ و دیراساتى پێشكه‌وتوو 

خه‌ونى زیندووكردنه‌وه‌ى ئیمپڕاتۆریه‌تى عوسمانى باڵى به‌سه‌ر سیاسه‌ت و تێڕوانینه‌كانى سه‌رۆكى توركیا "ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگان"دا كێشاوه‌، سه‌ربارى ئه‌وه‌شى له‌ قۆناغه‌كانى پێشترى هه‌ڵكشانى سیاسیى خۆیدا ره‌تیدكردۆته‌وه‌ دووباره‌ ده‌وڵه‌تى عوسمانى دابمه‌زرێنێته‌وه‌، به‌ڵام له‌ڕاستیدا گوزارشتى هه‌ندێك له‌ گوتاره‌ ده‌مارگیره‌ تونده‌كانى ئه‌م دواییانه‌ى و سیاسه‌ته‌ دوژمنكارانه‌كانى به‌رامبه‌ر ئۆپۆزسیۆن و ده‌وڵه‌تانى دراوسێ و هێزه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان په‌رده‌ له‌سه‌ر مه‌یلى زۆرى ئه‌ردۆگان بۆ بوون به‌ سوڵتانه‌ نوێیه‌كه‌ هه‌ڵده‌ماڵێت، كه‌ ئه‌وه‌ش به‌ پرۆسه‌كانى هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ و داڕشتنه‌وه‌ى ناسنامه‌ى توركى و ده‌ركه‌وتنى سیماكانى میراتى عوسمانى و سیاسه‌ته‌كانى هه‌ژمونخوازى و فراوانخوازى هه‌رێمایه‌تى بۆ گێڕانه‌وه‌ى سه‌رده‌مى كۆڵۆنیالیزمى عوسمانى له‌ ناوچه‌ى خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست ده‌رده‌كه‌وێت. 

زیندووكردنه‌وه‌ى عوسمانیه‌ت:
ده‌مارگیرى ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگان بۆ عوسمانیه‌تى كۆن و هه‌وڵه‌كانى بۆ زیندووكردنه‌وه‌ى سیماكانى ده‌وڵه‌تى عوسمانى له‌ به‌رگێكى نوێدا به‌ئاشكرا دیاره‌، به‌جۆرێك كه‌ زۆرجار هه‌وڵده‌دات به‌ ره‌نگێكى ئایینى ره‌نگ – رێژى بكات، كه‌ ده‌كرێت له‌ڕێگاى چه‌ند ئاماژه‌یه‌كه‌وه‌ روونى بكه‌ینه‌وه‌: 
1.گوتارى هه‌ژمونخوازى: له‌ زۆربه‌ى گوتاره‌ سیاسییه‌كانیدا ئه‌ردۆگان ده‌سته‌واژه‌ى "ئێمه‌ نه‌وه‌ى عوسمانییه‌كانین" به‌كارده‌هێنێت، وه‌ك دووپاتكردنه‌وه‌ى دید و بۆچوونه‌كانى عوسمانیه‌ت و هه‌وڵدانێك بۆ زیندووكردنه‌وه‌ى میراتى ده‌وڵه‌تى عوسمانى له‌ڕێگاى په‌لهاویشتنى سیاسى و جوگرافییه‌وه‌، به‌ ناوچه‌ى خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستیشه‌وه‌، كه‌ به‌حوكمى پاشكۆیه‌تى مێژوویى ئه‌و ناوچه‌یه‌ بۆ ده‌وڵه‌تى عوسمانى بێت، ئه‌ردۆگان به‌ یه‌كێك له‌ هه‌رێمه‌كانى سه‌ربه‌ى توركیاى وێنا ده‌كات. جگه‌ له‌وه‌ى ئه‌ردۆگان ژماره‌یه‌ك ده‌وڵه‌تى ئه‌وروپى – یش به‌ درێژكراوه‌ى قه‌ڵه‌مڕه‌ویى مێژوویى عوسمانییه‌كان له‌قه‌ڵه‌م ده‌دات. 
چونكه‌ دواى بردنه‌وه‌ى زۆرینه‌ى كورسییه‌كانى په‌رله‌مان له‌لایه‌ن پارتى داد و گه‌شه‌پێدانه‌وه‌ له‌ ساڵى 2011دا، ئه‌ردۆگان له‌كاتى ئاهه‌نگێڕان به‌ سه‌ركه‌وتنى پارته‌كه‌ى له‌ گوتارێك له‌به‌رده‌م لایه‌نگرانیدا وتى "بارته‌قاى سه‌ركه‌وتنى ئیسته‌نبوڵ، سرایڤۆ – ش سه‌ركه‌وت، بارته‌قاى سه‌ركه‌وتنى ئه‌زمیر، به‌یروت – یش سه‌ركه‌وت، بارته‌قاى سه‌ركه‌وتنى ئه‌نقه‌ره‌، دیمه‌شق – یش سه‌ركه‌وت، بارته‌قاى سه‌ركه‌وتنى دیاربه‌كر، رامه‌ڵڵا و نابلوس و جه‌نین و به‌ره‌ى خۆرئاوا و قودس و غه‌زه‌ش سه‌ركه‌وتن، هه‌روه‌ها بارته‌قاى سه‌ركه‌وتنى توركیا، خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و قه‌وقاز و به‌لقان و ئه‌وروپاش سه‌ركه‌وتن"، كه‌ ئه‌وه‌ش گوزارشته‌ له‌ مه‌یلى فراوانخوازیى كۆڵۆنیالیزمى ئه‌ردۆگان. 
2.خوێندنى ئایینى زۆره‌ملێ: گه‌ڕانه‌وه‌ى خوێندنى ئایینى زۆره‌ملێ له‌ خوێندنگا بنه‌ڕه‌تییه‌كاندا به‌ هه‌وڵێكى ئه‌ردۆگان بۆ زیندووكردنه‌وه‌ى میراتى عوسمانى داده‌نرێت، به‌وپێیه‌ى وه‌زاره‌تى فێركردنى توركى به‌ پشت به‌ستن به‌ بڕیارێكى حكومه‌ت پڕۆگرامه‌كانى خوێندنى ئایینى به‌سه‌ر خوێندنگا بنه‌ڕه‌تییه‌كاندا سه‌پاندووه‌. 
3.سیمبوله‌ سیاسییه‌كان: نوێنه‌رانى پارتى داد و گه‌شه‌پێدان له‌ مانگى كانونى دووه‌مى 2015دا پڕۆژه‌یه‌كیان پێشكه‌ش كرد بۆ ناساندنى دروشمى ده‌وڵه‌تى عوسمانى "توغڕا" وه‌ك دروشمى فه‌رمیى ده‌وڵه‌تى توركى، ئه‌و دروشمه‌ى له‌ ساڵى 1922 و له‌پاش هه‌ره‌سهێنانى خه‌لافه‌تى عوسمانیه‌وه‌ هه‌ڵوه‌شێنراوه‌ته‌وه‌. دواجاریش سه‌ربارى دژایه‌تیكردنى نوێنه‌رانى ئۆپۆزسیۆن، لیژنه‌ى كاروبارى ده‌ستووریى په‌رله‌مانى توركیا پڕۆژه‌كه‌ى په‌سه‌ند كرد.  
4.میراتى بیناسازى: ئه‌ردۆگان هه‌وڵى زیندووكردنه‌وه‌ى میراتى مێژوویى و بیناسازى ده‌وڵه‌تى عوسمانى ده‌كات، بۆ نمونه‌: له‌ مانگى ته‌مموزى 2016دا رایگه‌یاند كه‌ ئاره‌زووى بونیادنانى هه‌ندێك سه‌ربازگه‌ له‌ ئیسته‌نبوڵ و رووخاندنى ناوه‌ندى فه‌رهه‌نگیى ئه‌تاتورك ده‌كات و سه‌ربارى دژایه‌تیكردنى زۆرێك له‌ هاووڵاتیانى توركیش به‌ئاشكرا وتى "پێیان خۆش بێت یان نا، سه‌ربازگه‌ى گونجاو له‌ڕووى مێژووییه‌وه‌ له‌ ته‌قسیم دروست ده‌كه‌ین". 
هاوكات له‌ مانگى ئابى 2016دا دروستكردنى گه‌وره‌ترین پردى هه‌ڵواسراو به‌ناوى "سوڵتان سه‌لیمى یه‌كه‌م" له‌سه‌ر بۆسفۆر راگه‌یاند، ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدا كه‌ عه‌له‌وییه‌ شیعى مه‌زهه‌به‌كانى توركیا به‌هۆى دوژمنایه‌تى مێژوویى نێوان سوڵتان سه‌لیمى یه‌كه‌م و شیعه‌وه‌ دژایه‌تییه‌كى زۆرى ئه‌و پڕۆژه‌یه‌یان كرد. 
5.رێوڕه‌سمه‌ فه‌رمییه‌كان: ئه‌ردۆگان له‌ تێكڕاى ورده‌كارییه‌كانى ژیانى رۆژانه‌ى خۆیدا ئه‌و سیمبولانه‌ به‌كارده‌هێنێت كه‌ ئاماژه‌ن بۆ ده‌وڵه‌تى عوسمانى، بۆ نمونه‌: له‌ مانگى تشرینى دووه‌مى 2017دا وێنه‌یه‌ك له‌ تۆڕى كۆمه‌ڵایه‌تى تویته‌ر بڵاوبۆوه‌، كه‌ تیایدا ئه‌ردۆگان ئاڵایه‌كى فیرقه‌ى 57ـى تایبه‌ت به‌ سوپاى عوسمانییه‌كانى له‌به‌رده‌م خۆیدا دانابوو. 
جگه‌ له‌وه‌ى له‌ زۆر بۆنه‌ى فه‌رمیدا كه‌ ده‌ركه‌وتووه‌ له‌پشتییه‌وه‌ ژماره‌یه‌ك سه‌رباز به‌ پۆشاكى جه‌نگاوه‌ره‌ عوسمانییه‌كانه‌وه‌ وه‌ستاون و ئاڵاى شانزه‌ وڵاتیان به‌ده‌ستیانه‌وه‌ گرتووه‌ كه‌ كاتى خۆى عوسمانییه‌كان دایانمه‌زراندوون، ئه‌م به‌نده‌ش به‌شێوه‌یه‌كى هه‌میشه‌یى بۆ رێوڕه‌سمه‌ فه‌رمییه‌كان زیادكراوه‌. لاى خۆیشیه‌وه‌ په‌رله‌مانتارێكى سه‌ربه‌ پارتى داد و گه‌شه‌پێدان وێنه‌یه‌كى بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ تیایدا ئه‌ردۆگان به‌و سه‌ربازانه‌ ده‌وره‌ دراوه‌ و له‌سه‌ر وێنه‌كه‌ى نووسیوه‌ "ناوبڕه‌ نه‌وه‌د ساڵییه‌كه‌ى خه‌لافه‌تى عوسمانى كۆتایى هات". 
6.ده‌سه‌ڵاته‌ سه‌رۆكایه‌تییه‌كان: هه‌مواركردنه‌وه‌ى ده‌ستور و گۆڕینى سیستمى توركى له‌ په‌رله‌مانیه‌وه‌ بۆ سه‌رۆكایه‌تى بوونه‌ هۆى زیادكردنى ده‌سه‌ڵاته‌كانى ئه‌ردۆگان هاوشێوه‌ى ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌ى پاشا و سوڵتانه‌كان هه‌یانه‌. له‌وباره‌یه‌شه‌وه‌ بیرمه‌ندى نزیك له‌ سیستمى ئه‌ردۆگان "عه‌بدولڕه‌حمان دیلیباك" ئاماژه‌ى به‌وه‌دا كه‌: گۆڕینى توركیا بۆ سیستمى سه‌رۆكایه‌تى رێگا بۆ وڵات خۆشده‌كات ببێته‌ ده‌وڵه‌تى خه‌لافه‌ت و ئه‌ردۆگان ببێته‌ خه‌لیفه‌ى موسڵمانان و دواجاریش نووسینگه‌ى نوێنه‌رایه‌تى خه‌لافه‌تى عوسمانیى له‌ كۆشكه‌كه‌یدا بكرێنه‌وه‌. 
7.خوێندنى زمانى عوسمانى: ئه‌ردۆگان زمانى عوسمانیى خستۆته‌ نێو پڕۆگرامى خوێندنه‌وه‌ و له‌ مانگى كانونى یه‌كه‌مى 2014شدا رایگه‌یاند كه‌ " خوێندنى زمانى عوسمانى بابه‌تێكه‌ و پاشگه‌زبوونه‌وه‌ى نییه‌، جا هه‌ركه‌س پێى خۆشه‌ با پێى خۆش بێت و هه‌ركه‌سیش پێى ناخۆشه‌ با پێى ناخۆش بێت"، هاوكات هێرشى كرده‌ سه‌ر نه‌یارانى ئه‌و هه‌نگاوه‌ و به‌ گه‌وره‌ترین مه‌ترسى ناوزه‌ندى كردن و ئاماژه‌ى به‌وه‌دا كه‌ ئه‌و هه‌نگاوه‌ تا رۆژى دوایى ناسنامه‌ى ده‌وڵه‌ت ده‌پارێزێت. 
8.پشتیوانیكردنى زنجیره‌ ته‌له‌فزیۆنه‌ مێژووییه‌كان: ئه‌ردۆگان پشتیوانیى ئه‌و زنجیره‌ ته‌له‌فزیۆنى و فیلمه‌ توركییانه‌ ده‌كات كه‌ رووداوه‌كانیان ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ سه‌رده‌مى عوسمانى، له‌ نمونه‌ى ئه‌و پشتیوانییه‌ش، سه‌ردانیكردنى له‌ مانگى تشرینى دووه‌مى 2016دا بۆ كاره‌كانى پشت په‌رده‌ى زنجیره‌ ته‌له‌فزیۆنیى "قیامه‌تى ئیرتوغرول" كه‌ باس له‌ مێژووى دامه‌زرێنه‌رانى ده‌وڵه‌تى عوسمانى ده‌كات. 
9.تۆماركردنى ئه‌رشیفى عوسمانییه‌كان: له‌ماوه‌ى رابردوودا میدیاكانى توركیا چاویان خسته‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كه‌ ئه‌ردۆگان پڕۆژه‌یه‌كى به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ بۆ تۆماركردنى ئه‌رشیفى – تاپۆى - عوسمانییه‌كان، كه‌ پێى بانگه‌شه‌ى هه‌ندێك سیاسه‌تمه‌دارى توركى بێت ئه‌رشیفه‌كه‌ نزیكه‌ى 63 بۆ 77 هه‌زار به‌ڵگه‌نامه‌ له‌خۆده‌گرێت كه‌ تایبه‌تن به‌ موڵك و ماڵى توركه‌كان له‌ موسڵ و كه‌ركوك و حه‌ڵه‌ب، هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ش له‌ مانگى تشرینى یه‌كه‌مى 2016دا داوایكرد رێككه‌وتننامه‌ى ساڵى 1923ـى لۆزان هه‌موار بكرێته‌وه‌، كه‌ به‌پێى ئه‌و رێككه‌وتنه‌ سنوورى ئێستاى توركیا یه‌ككاڵا كراونه‌ته‌وه‌. 
له‌وچوارچێوه‌یه‌شدا، هه‌ندێك په‌رله‌مانتار و ئه‌ندامى پارتى داد و گه‌شه‌پێدان زیاتر له‌ جارێك جه‌ختیان له‌وه‌ كردۆته‌وه‌ كه‌ موسڵ و حه‌ڵه‌ب سه‌ربه‌ ده‌وڵه‌تى عوسمانین و پێویسته‌ پارێزگارییان لێ بكرێت به‌وپێیه‌ى به‌شێكن له‌ ده‌وڵه‌تى عوسمانى. 

ره‌هه‌نده‌كانى ده‌مارگیرى ئه‌ردۆگان: 
"ده‌مارگیریى عوسمانى" لاى ئه‌ردۆگان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ كارلێككردنى ژماره‌یه‌ك فاكته‌ر كه‌ هه‌ندێكیان په‌یوه‌ستن به‌ سروشتى پێگه‌یشتنى سیاسیى و بیروباوه‌ڕى ئه‌ردۆگانه‌وه‌، بیروباوه‌ڕێك كه‌ به‌ په‌ڕگیرى ناسیۆنالیستى و به‌رزخوازى سیاسیى ده‌ناسرێته‌وه‌ و به‌رده‌وام هه‌وڵده‌دات نه‌یاره‌كانى په‌راوێز و بچووك بكاته‌وه‌، هه‌روه‌ها مه‌یلى تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ له‌وانه‌ ده‌كات كه‌ لاى ئه‌و به‌ تایه‌فه‌ى دوژمن پۆلێن كراون، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ مه‌یلى كۆڵۆنیالیزمى و هه‌ژموونى هه‌رێمایه‌تى، گرنگترین ئه‌و فاكته‌رانه‌ش خۆیان له‌م خاڵانه‌ى خواره‌وه‌دا ده‌بیننه‌وه‌: 
1.پێگه‌یشتنى سیاسیى: پێگه‌یشتنى كۆمه‌ڵایه‌تى و سیاسى ئه‌ردۆگان كاریگه‌رییه‌كى به‌رچاویان له‌سه‌رى هه‌بووه‌، به‌وپێیه‌ى له‌ خوێندنگا ئیسلامییه‌كانى "ئیمام خه‌تیب" خوێندویه‌تى و سه‌ره‌تاى كارى سیاسیى ئه‌ردۆگان له‌نێو ره‌وتى ئایینى توركیادا بووه‌، كه‌ ئه‌وكات "نه‌جمه‌دین ئه‌ربه‌كان" نوێنه‌رایه‌تى ده‌كرد. ئه‌ردۆگان – یش ئه‌ندامێكى چالاكى پارتى سه‌لامه‌ى نیشتمانى و پاشان پارتى ره‌فا دواتر فه‌زیڵه‌ بووه‌ و به‌نوێنه‌رایه‌تى پارتى وه‌فا توانیویه‌تى سه‌رۆكایه‌تى شاره‌وانى ئیسته‌نبوڵ به‌ده‌ستبهێنێت. 
هاوكات ئه‌ردۆگان به‌تۆمه‌تى رق و كینه‌ى ئایینى زیندانى كراوه‌ و له‌ ساڵى 1998دا به‌هۆى خوێندنه‌وه‌ى چه‌ند كۆپله‌یه‌كى شاعیرێكى توركى كه‌ تیایدا مزگه‌وته‌كان به‌ سه‌ربازگه‌ و بڵندگۆكان به‌ "ڕم – باز" ناوزه‌ند كردووه‌، له‌ كارى حكومى دورخراوه‌ته‌وه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ى ئه‌وكات ئه‌ردۆگان شوێنكه‌وتووانى خۆى به‌و سوپاى قودسه‌ وه‌سف كردووه‌ كه‌ پارێزگارى له‌ ئایین ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش به‌ڵگه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كه‌ ئه‌ردۆگان له‌ قۆناغه‌كانى سه‌ره‌تاى پێگه‌یشتنیدا بۆ خڕكردنه‌وه‌ى پشتیوانى له‌خۆى، ئایینى له‌ سیاسه‌تكردندا به‌كارهێناوه‌. 
2.په‌ڕگیرى ناسیۆنالیستى: سه‌باره‌ت به‌ ناسنامه‌ى توركى چه‌ند ئاڕاسته‌یه‌كى رادیكاڵانه‌ باڵى به‌سه‌ر بیروباوه‌ڕى ئه‌ردۆگاندا كێشاوه‌، به‌وپێیه‌ى گوتاره‌كانى په‌رده‌ له‌سه‌ر دیدێكى خۆبه‌زلزانى به‌رامبه‌ر به‌ جیهان هه‌ڵده‌ماڵێت و باوه‌ڕێكى نه‌گۆڕ سه‌باره‌ت به‌ ئاستى به‌رزى توركیا هه‌ژموونى خۆى به‌سه‌ردا سه‌پاندوون، ئه‌ویش به‌ پشت به‌ستن به‌ مێژووى عوسمانییه‌كان، ئه‌و مێژووه‌ى ئه‌ردۆگان به‌ گرنگترین بناغه‌ى ناسنامه‌ى توركى هه‌ژمارى ده‌كات. 
به‌پێچه‌وانه‌ى ئه‌و هه‌ڵسه‌نگاندنه‌ باوانه‌شى هه‌ندێك له‌ عه‌ره‌به‌كان بۆ سیاسه‌ته‌كانى ئه‌ردۆگانى ده‌كه‌ن، كه‌ پێیان وایه‌ جه‌خت له‌ زیندووكردنه‌وه‌ى ناسنامه‌ى ئیسلامى ده‌كاته‌وه‌ به‌وپێیه‌ى له‌ گوتاره‌ سیاسییه‌كانیدا ده‌سته‌واژه‌ى "نه‌ته‌وه‌" به‌كارده‌هێنێت، به‌ڵام له‌ڕاستیدا "ناسیۆنالیستى توركى" به‌ مانا عوسمانییه‌كه‌ى زاڵه‌ به‌سه‌ر بیروباوه‌ڕ و جیهانبینى ئه‌ردۆگان و بگره‌ هه‌ر ئه‌وه‌ش بزوێنه‌رى بنچینه‌یى سیاسه‌ته‌ هه‌رێمایه‌تییه‌كانێتى. 
3.مه‌یلى تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌: به‌لاى سه‌رۆكى توركیاوه‌ په‌یوه‌ست بوون به‌ عوسمانیه‌ت و زیندووكردنه‌وه‌ى سیماكانى جۆرێكه‌ له‌ تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ له‌ دوژمنانى ده‌وڵه‌تى توركیا. سیاسه‌تى تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ش له‌لایه‌ن ئه‌ردۆگانه‌وه‌ ئاڕاسته‌ى سێ جۆره‌ دوژمن ده‌كرێت، یه‌كه‌م: ئه‌و ره‌وت و ده‌سته‌بژێره‌ عه‌لمانى و دامه‌زراوه‌ ده‌وڵه‌تیانه‌ى رێگریى بۆ سیاسه‌ته‌كانى و پڕۆژه‌ عوسمانییه‌كه‌ى دروست ده‌كه‌ن، دووه‌م: ئه‌و هێزه‌ هه‌رێمایه‌تیانه‌ى كه‌ ئه‌ردۆگان به‌ ركابه‌رى هه‌ژموونى توركییان داده‌نێت، به‌وپێیه‌ى پڕۆژه‌یه‌كى هه‌رێمایه‌تى دژ به‌ دیدگاى عوسمانییه‌كان پیاده‌ ده‌كه‌ن، هه‌رچى سێیه‌میشه‌: بریتیین له‌و هێزه‌ نێوده‌وڵه‌تیانه‌ى كه‌ له‌ڕووى مێژووییه‌وه‌ بوونه‌ته‌ هۆى داڕمانى ده‌وڵه‌تى عوسمانى و نه‌خشه‌ رێژكردنى سنووره‌كانى ئێستاى توركیا. 
ئه‌و وێناكردنه‌ش له‌ گوتاره‌ دوژمنكارانه‌كانى ئه‌ردۆگان به‌رامبه‌ر به‌ ده‌وڵه‌تانى ئه‌وروپا و جه‌ختكردنه‌وه‌ى له‌ ململانێ مێژووییه‌كانى نێوان ده‌وڵه‌تى عوسمانى و ده‌وڵه‌تانى ئه‌وروپا و بانگه‌شه‌كانى بۆ نوێنه‌رایه‌تیكردنى ئیسلام به‌ڕوونى ره‌نگى داوه‌ته‌وه‌. 
4.شه‌رعیه‌تى میراتگرى: ئه‌ردۆگان هه‌وڵده‌دات له‌ڕێگاى پابه‌ندبوونى به‌ پره‌نسیپه‌ عوسمانییه‌كان و ده‌مارگیرییه‌كه‌ى بۆ ده‌وڵه‌تى عوسمانى و مێژوو و سیمبوله‌كانیه‌وه‌، په‌یامێكى ژێربه‌ژێر به‌یان بكات به‌وه‌ى میراتگیرى شه‌رعیى خه‌لافه‌تى عوسمانییه‌، چه‌ندین جاریش میدیاكانى سه‌ربه‌ پارتى داد و گه‌شه‌پێدان ئه‌و بابه‌ته‌یان دووپاتكردۆته‌وه‌، بۆ نمونه‌: رۆژنامه‌كان وێنه‌ى ئه‌ردۆگانیان له‌پاڵ وێنه‌ى سوڵتان عه‌بدولحه‌میدى دووه‌مدا دانا، كه‌ به‌یه‌كێك له‌ به‌هێزترین سوڵتانه‌ عوسمانییه‌كان داده‌نرێت. 
5.زۆرداریى سیاسى: ئه‌ردۆگان میراتى عوسمانییه‌كان وه‌ك ئامرازێكى سه‌ركوتكردن دژ به‌ نه‌یاره‌ سیاسییه‌كانى به‌كارده‌هێنێت، به‌وپێیه‌ى هه‌وڵده‌دات له‌ڕێگاى گێڕانه‌وه‌ى مێژوو و هه‌روه‌ها جێبه‌جێكردنى پرۆسه‌ى داڕشتنه‌وه‌ى گه‌لى تورك له‌ڕووى كۆمه‌ڵایه‌تى و چاندنه‌وه‌ى به‌ها و نه‌ریته‌ عوسمانییه‌كانه‌وه‌ ئایدۆلۆژیایه‌كى پێچه‌وانه‌ى عه‌لمانیه‌تى كه‌مالى بهێنێته‌ كایه‌وه‌، تا دواجار زامنى هه‌ژموونى سیاسیى خۆى بكات و ئۆپۆزسیۆن دووربخاته‌وه‌، چونكه‌ ئه‌و له‌ تایه‌فه‌ى سوڵتانه‌كانى عوسمانییه‌، لاى ئه‌وانیش ده‌سته‌واژه‌ى "ئۆپۆزسیۆن" له‌ فه‌رهه‌نگى ئیداره‌دانى ده‌وڵه‌ته‌كه‌یاندا رێگا پێدراو نه‌بووه‌. هه‌ربۆیه‌ گوتاره‌كانى ئه‌ردۆگان تێكه‌ڵه‌یه‌كن له‌ په‌یامى "زۆردارێكى دادپه‌روه‌ر" و تۆمه‌تباركردنى ئۆپۆزسیۆن به‌ ناپاكى و دژایه‌تیكردنى به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى گه‌لى توركیا. 
6.مه‌یلى كۆڵۆنیالیزمى: ئه‌ردۆگان پێى وایه‌ كه‌ میراتى عوسمانییه‌كان له‌ڕووى مێژووییه‌وه‌ مافى هه‌ژموونى هه‌رێمایه‌تى و نوێنه‌رایه‌تیكردنى جیهانى ئیسلامى بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى خۆرئاوا به‌ ده‌وڵه‌تى توركیا ده‌دات، هه‌روه‌ها پێى وایه‌ كه‌ ده‌ستوه‌ردان له‌ كاروبارى ده‌وڵه‌ته‌ عه‌ره‌بییه‌كان و بڵاوكردنه‌وه‌ى هێزى سه‌ربازى له‌ سوریا و عێراق و پاڵپشتیكردنى له‌ رێكخراوه‌ ئاینییه‌ رادیكاڵییه‌كانى نێو ده‌وڵه‌تانى عه‌ره‌بى به‌شێكن له‌ خه‌سڵه‌ته‌كانى سیاسه‌تى ئیمپڕاتۆریه‌تى عوسمانى، كه‌ ئه‌وه‌ش به‌ پاڵپشتییه‌ك بۆ رۆلأ و سیاسه‌تى توركیا له‌ خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست داده‌نرێت، سیاسه‌تێك كه‌ به‌ مانا باوه‌كه‌ى بێت هاو – واتاى سیاسه‌تى كۆڵۆنیالیستییه‌. 

سیاسه‌تى هه‌ژموونى عوسمانى: 
ده‌مارگیریى عوسمانییه‌كان لاى ئه‌ردۆگان ره‌نگدانه‌وه‌ى بۆسه‌ر سیاسه‌ته‌ ناوخۆى و هه‌رێمایه‌تى و نێوده‌وڵه‌تییه‌كانیشى بووه‌، كه‌ ئه‌وه‌ش له‌م خاڵانه‌دا ده‌رده‌كه‌وێت:
1.سه‌ركوتكردنى ئۆپۆزسیۆن: ئه‌ردۆگان هه‌مان ئه‌و سیاسه‌ته‌ به‌كارده‌هێنێت كه‌ كاتى خۆى هه‌ندێك فه‌رمانڕه‌واى ده‌وڵه‌تى عوسمانى بۆ سه‌ركوتكردنى ئۆپۆزسیۆن به‌كاریانده‌هێنا، بۆ نمونه‌: له‌پاش كوده‌تا شكستخواردووه‌كه‌ى ته‌مموزى 2016دا ژماره‌یه‌كى زۆرى له‌ نه‌یارانى خۆى ده‌ستگیركرد، ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌ سیاسییه‌ش له‌كارخستنى گه‌لێك فه‌رمانبه‌ر و ئه‌فسه‌ر و پۆلیس و سه‌ربازى گرته‌وه‌ و به‌هۆیه‌شه‌وه‌ په‌یكه‌رى ئیداریى ده‌وڵه‌ت داڕێژرایه‌وه‌ و ده‌ست به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌ریدا گیرا و كۆنترۆڵى ته‌واوى سه‌رجه‌م جومگه‌كانى ده‌وڵه‌ت كرا، به‌جۆرێك كه‌ ئه‌ردۆگان بووه‌ نوێنه‌رى هه‌رسێ ده‌سه‌ڵاتى یاسادانان و جێبه‌جێكردن و دادوه‌رى . 
2.په‌لهاویشتنى هه‌رێمایه‌تى: ئه‌ردۆگان له‌ڕێگاى ده‌ستوه‌ردانى به‌رده‌وامى له‌ كاروبارى ده‌وڵه‌تانى ناوچه‌كه‌وه‌، سیاسه‌تى قه‌ڵه‌مڕه‌وى و په‌لهاویشتنى هه‌رێمایه‌تیى گرتۆته‌به‌ر، به‌جۆرێك كه‌ گوتاره‌ سیاسییه‌كانى هه‌رگیز خاڵیى نین له‌ به‌یانكردنى تێڕوانینى خۆى به‌رامبه‌ر سیاسه‌ته‌ ناوخۆییه‌كانى ده‌وڵه‌تانى دراوسێى، كه‌ ئه‌وه‌ش به‌ پێشێلكردنى سه‌روه‌ریى ده‌وڵه‌تانى تر له‌قه‌ڵه‌م ده‌درێت. ئه‌مه‌ جگه‌ له‌و ده‌سته‌واژه‌ دوژمنكارانانه‌ى به‌رامبه‌ر به‌و كه‌سانه‌ به‌كاریانده‌هێنێت كه‌ به‌ "نه‌یارى هه‌رێمى"ى هه‌ژموونى توركیا ناوزه‌ندیان ده‌كات. 
ئه‌و په‌لهاویشتنه‌ سیاسییه‌ى ئه‌ردۆگان – یش به‌ته‌نها له‌ گوتاره‌ پڕ له‌ جۆش و خرۆشه‌كانیدا كورت نه‌بۆته‌وه‌، به‌ڵكو له‌ماوه‌ى رابردوودا توركیا پاڵپشتى ره‌وته‌ ئاینییه‌ په‌ڕگیره‌كانى گه‌لێك ده‌وڵه‌تى ناوچه‌كه‌ى كردووه‌ و په‌ناگه‌ و میوانخانه‌ و كۆمه‌كى دارایى و سه‌كۆى میدیایى بۆ فه‌راهه‌م كردوون، كه‌ رۆڵى توركیا له‌ پشتیوانیكردنى رێكخراوه‌ تێرۆریستییه‌كانى سوریاش له‌ڕێگاى په‌ڕاندنه‌وه‌ى شه‌ڕكه‌ر و كۆمه‌ككردن و پڕچه‌ككردنه‌وه‌ به‌هه‌مان شێوه‌ ده‌چێته‌ ئه‌و خانه‌یه‌وه‌. 
ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ى توركیا له‌ڕووى سه‌ربازییه‌وه‌ راسته‌وخۆ ده‌ستى له‌ سوریا و عێراق به‌ردا و له‌ئێستاشدا سه‌رقاڵى دامه‌زراندنى ژماره‌یه‌ك بنكه‌ى سه‌ربازییه‌ له‌ وڵاته‌ جیاوازه‌كانى وه‌ك: قه‌ته‌ڕ، باكوورى قوبڕس، سوریا و ئازه‌ربیجان و پلانى هه‌یه‌ هه‌شت بنكه‌ى دیكه‌ش دروست بكات. 
3.ئینكیشارییه‌ نوێیه‌كان: هه‌روه‌ك چۆن كاتى خۆى سوڵتان  "ئۆرخانى یه‌كه‌م" سوپاى ئینكیشارییه‌كانى دامه‌زراندبوو، به‌هه‌مان شێوه‌ی ئه‌ردۆگان – یش له‌ماوه‌ى رابردوودا روویكرده‌ دامه‌زراندنى گروپى شوێنكه‌وته‌ى خۆى، ئه‌ویش به‌هۆى متمانه‌ نه‌بوونى به‌ سوپاى پێشووترى توركیا، بۆ نمونه‌: به‌پێى هه‌ندێك زانیاریى دزه‌پێكراوى میدیا توركییه‌كان بێت، كه‌ فوئاد ئه‌فه‌نى ناسراو به‌ "سنودنى توركیا" له‌ مانگى كانونى دووه‌مى 2017دا بڵاویكرده‌وه‌، كۆمپانیاى (سادات بۆ خزمه‌تگوزاریى به‌رگرى)، ئه‌و كۆمپانیایه‌ى له‌لایه‌ن راوێژكاره‌كه‌ى ئه‌ردۆگان "عه‌دنان تانه‌رى فه‌ردى"ه‌وه‌ دامه‌زراوه‌، راهێنان به‌ گه‌نجانى پارتى داد و گه‌شه‌پێدان ده‌كات له‌سه‌ر شه‌ڕكردن. 
لاى خۆیشیه‌وه‌ په‌رله‌مانى توركیا پێش دامه‌زراندنى "تانه‌رى فه‌ردى" وه‌ك راوێژكارى سه‌رۆك، لێكۆڵینه‌وه‌ى له‌و تۆمه‌تانه‌ كرد كه‌ درابوونه‌ پاڵ كۆمپانیاكه‌ى به‌وه‌ى كارى گێره‌شێوێنى و پشێوییان له‌ ناوچه‌ كوردییه‌كان ئه‌نجام داوه‌ و راهێنانیان به‌ ئه‌ندامانى داعش كردووه‌، هاوكات به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى كاروبارى ئایینى توركیاش بڕیارێكى ده‌ركرد سه‌باره‌ت به‌ دامه‌زراندنى لقى گه‌نجان له‌ 1500 مزگه‌وتدا، به‌جۆرێك تا ساڵى 2021 بگاته‌ 20 هه‌زار مزگه‌وت، كه‌ ئه‌وه‌ش ترسى لاى هه‌ندێك دروستكردووه‌ به‌وه‌ى سه‌ره‌نجام ئه‌و لقانه‌ ببنه‌ "میلیشیاى مزگه‌وته‌كان". 
له‌كۆتاییدا، پێده‌چێت هه‌ڵكشانى سیاسه‌ته‌ دوژمنكارانه‌كانى ئه‌ردۆگان دژ به‌ ده‌وڵه‌تانى عه‌ره‌بى ئاكامى باڵاده‌ستبوونى "ده‌مارگیرى عوسمانییه‌كان" بێت به‌سه‌ر بیروباوه‌ڕ و جیهانبینى ئه‌ردۆگاندا، كه‌ هه‌رئه‌وه‌شه‌ هانى ده‌دات هه‌ژموونى خۆى به‌سه‌ر خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستدا بسه‌پێنێت و هه‌وڵ بۆ زیندووكردنه‌وه‌ى ئیمپڕاتۆریه‌تى عوسمانى بدات و به‌شێوه‌یه‌كى توند ده‌ست له‌ كاروبارى ناوخۆیى ده‌وڵه‌تانى دراوسێ وه‌ربدات و له‌ناوخۆدا زۆردارانه‌ سیاسه‌ت بكات و له‌سه‌ر ئاستى ناوچه‌كه‌ پاڵپشتیى ره‌وته‌ ئاینییه‌ رادیكاڵییه‌كان بكات. 

زۆرترین خوێندراوە


political studies copyright 2017 © . All right reserved Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure