عیبادى و حه‌شدى شه‌عبى

24/02/2018

:: بێ نوسەر ناوه‌ندی كوردستان بۆ توێژینه‌وه‌ له‌ململانێ و قه‌یرانه‌كان
نووسینى: عومه‌ر ئه‌لنداوى 
سه‌رچاوه‌: په‌یمانگاى واشنتۆن

گۆڕه‌پانى سیاسى عێراق له‌ چه‌ند هه‌فته‌ى رابردوودا رووبه‌ڕووى دۆخێكى شڵه‌ژاو بۆوه‌ كاتێك سه‌رۆك وه‌زیران حه‌یده‌ر عیبادى بۆ ماوه‌یه‌كى كورت هاوپه‌یمانێتیه‌كه‌ى و هاوپه‌یمانێتى "فه‌تح"ـى به‌سه‌رۆكایه‌تى هه‌ندێك له‌ فه‌رمانده‌ى میلیشیا عێراقییه‌ به‌ناوبانگ و نانخۆره‌كانى ئێران له‌یه‌كدى نزیككرده‌وه‌. هه‌رچه‌ند ئه‌و نزیكبوونه‌وه‌یه‌ش كه‌متر له‌ 24 سه‌عاتى خایاند، به‌ڵام رووداوه‌كه‌ پرسیارگه‌لێكى راسته‌قینه‌ى سه‌باره‌ت به‌ رووى راسته‌قینه‌ى سه‌رۆك وه‌زیران لاى زۆرێك له‌ناوه‌وه‌ و ده‌ره‌وه‌ى عێراق وروژاند. 
كه‌واته‌ چى پاڵى به‌ عیبادى – یه‌وه‌ نا هه‌وڵ بۆ ئه‌و هاوپه‌یمانێتیه‌ شه‌رمه‌زاركه‌ره‌ بدات؟ ره‌نگه‌ خراپ هه‌ڵسه‌نگاندن یاخود هه‌وڵدان بۆ سنوورداركردنى كێبڕكێكه‌ بووبێت، واتا له‌سه‌ر بنه‌ماى "هێشتنه‌وه‌ى په‌یوه‌ندى له‌گه‌ڵ هاوڕێكانى به‌ پته‌وى و له‌گه‌ڵ نه‌یاره‌كانیشى به‌ پته‌وتر" مامه‌ڵه‌ى كردبێت. به‌ڵام راگه‌یاندنى هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى ئه‌و نزیكبوونه‌وه‌یه‌ له‌لایه‌ن سیاسه‌تمه‌داره‌كانى سه‌ربه‌ حه‌شدى شه‌عبى، ئاماژه‌یه‌كه‌ به‌وه‌ى ئه‌وان هه‌نگاوه‌كه‌یان به‌ هه‌ڵه‌ زانیوه‌. له‌واقیعیشدا ئامانج له‌ كشانه‌وه‌ى میلیشیاكان له‌و هاوپه‌یمانێتیه‌ شێواندنى نێوبانگى عیبادى و شكستپێهێنانى پلانه‌كه‌یه‌تى بۆ داماڵینى چه‌ك لێیان. 
هه‌موو ئه‌وه‌ش له‌ژێر سه‌رى "نورى مالیكى"دا بوو، كه‌ پێچه‌وانه‌ى ئه‌و رێككه‌وتنه‌ى له‌گه‌ڵ عیبادى ئه‌نجامیدابوو، كوتله‌ى حزبى ده‌عوه‌ى به‌ناوى خۆیه‌وه‌ تۆماركرد، به‌وشێوه‌یه‌ش عیبادى زیاده‌ڕه‌وى له‌ كاردانه‌وه‌كه‌یدا كرد و هاوپه‌یمانێتى له‌گه‌ڵ هێزه‌كانى حه‌شدى شه‌عبیدا به‌ست. ئه‌وه‌شى ئاشكرایه‌ كه‌ رووداوه‌كانى چه‌ند رۆژى رابردوو عیبادى خسته‌ پێگه‌یه‌كى لاوازتره‌وه‌ له‌به‌رچاوى لایه‌نگرانى و عێراقیه‌كانیشى به‌دوورى له‌ چاره‌سه‌ركردنى ئه‌و پرسیاره‌ هێشته‌وه‌ كه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ عێراقى دواى داعش و خۆى له‌وه‌دا ده‌بینێته‌وه‌: ئاخۆ چى به‌سه‌ر ئه‌و رێكخراوه‌ چه‌كدارییانه‌دا دێت كه‌ جه‌نگ له‌پاش خۆى به‌جێى هێشتوون؟ 
جێگاى باسیشه‌ ده‌وڵه‌تى عێراقى له‌ ساڵى 2003ه‌وه‌ تواناى ئه‌وه‌ى نییه‌ به‌ته‌نها ده‌سه‌ڵاتى به‌كارهێنانى هێزى هه‌بێت، له‌مڕۆشدا و دواى راگه‌یاندنى سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر داعش له‌ مانگى كانونى یه‌كه‌مدا، ئاڵنگارببه‌ گه‌وره‌كه‌ى به‌رده‌م سه‌رۆك وه‌زیران حه‌یده‌ر عیبادى یاخود جێگره‌وه‌كه‌ى له‌ ساڵى 2018 خۆى له‌ دۆزینه‌وه‌ى شێوازه‌كانى هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى هێزه‌كانى حه‌شدى شه‌عبیدا ده‌بینێته‌وه‌، جا به‌ ئاشتیانه‌ بێت یاخود به‌ راده‌ستكردنى كرداره‌كى ئیداره‌كه‌ى، ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدا كه‌ هێزه‌ خۆبه‌خشه‌كان رۆڵێكى گرنگیان له‌ زیادكردنى ژماره‌ى هێزه‌ ئه‌منییه‌كانى ده‌وڵه‌تى عێراقیدا گێڕا ئه‌وكاته‌ى هه‌وڵى بۆ باسك ئه‌ستووركردنه‌وه‌ى خۆى و خۆ بونیادنانه‌وه‌ ده‌دا له‌دواى له‌شكركێشیه‌كه‌ى ساڵى 2014ـى داعش. 
به‌ڵام لێره‌دا پێویسته‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ بده‌ین كه‌ هێزه‌كانى حه‌شدى شه‌عبى رێكخراوێكى یه‌ك – باڵ نییه‌، به‌ڵكو به‌شێوه‌یه‌كى گشتى له‌دوو باڵ پێكدێت، یه‌كه‌میان له‌ژێر فه‌رمانى ئایه‌توڵڵا عه‌لى سیستانى و پێگه‌ شیعى مه‌زهه‌به‌ پیرۆزه‌كاندایه‌ (ئه‌مه‌ش باڵه‌ باشه‌كه‌یانه‌)، هه‌رچى دووه‌میشیانه‌ سه‌ربه‌ بریكاره‌كانى سوپاى پاسدارانى ئێرانى و هاوپه‌یمانه‌كانێتى، كه‌ خۆیان له‌ رێكخراوى به‌در و عه‌سائب ئه‌هل ئه‌لحه‌ق و كه‌تیبه‌كانى حیزبوڵڵادا ده‌بینێته‌وه‌ (ئه‌مه‌شیان باڵه‌ خراپه‌كه‌یه‌)، كه‌واته‌ ئاڵنگارییه‌كه‌ بریتییه‌ له‌ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ باڵى دووه‌مدا، چونكه‌ ئه‌و گروپانه‌ى حه‌شدى شه‌عبى په‌یوه‌ندییه‌كى پته‌ویان له‌گه‌ڵ ئێراندا هه‌یه‌ و له‌ كارى تاوانكارى و پێشێلكردنى مافى مرۆڤه‌وه‌ تێوه‌گلاون، به‌ كوشتنى خه‌ڵك له‌ ده‌ره‌وه‌ى یاسا و رێگریكردن له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ى ئاواره‌ ناوخۆییه‌كانیشه‌وه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ى سه‌ركردایه‌تییه‌كه‌ى ده‌ستیانكردووه‌ به‌ وه‌رگێڕانى سه‌ركه‌وتنه‌ سه‌ربازییه‌كان بۆ سه‌ركه‌وتنى سیاسى و لیستێكى حزبییان بۆ به‌شداریكردن له‌ هه‌ڵبژاردنى داهاتوو پێكهێناوه‌ و سه‌رۆكه‌كه‌شى "هادى عامرى"یه‌، كه‌ یه‌كێكه‌ له‌و سیاسه‌تمه‌داره‌ كه‌مانه‌ى تواناى هه‌ڵگیرسانى كێبڕكێیه‌كى راسته‌قینه‌یان هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ عیبادى – دا. 
بابه‌ته‌كه‌ش خاڵیى نه‌بوو له‌ هه‌ندێك پێشبینى، كه‌ هه‌ندێكیان له‌ ده‌ره‌وه‌ى عێراق بوون، به‌وه‌ى سیستانى له‌دواى جه‌نگ هێزه‌كانى خۆى هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه‌، به‌ڵام له‌ئێستادا سیستانى پێى وایه‌ ده‌بێت چه‌ك له‌ده‌ستى هێزه‌كانیدا بمێنێته‌وه‌ و له‌ خزمه‌تى ده‌وڵه‌تدا به‌كاربهێنرێت، ئه‌و بڕیاره‌ش به‌ڕووكه‌ش ده‌رئه‌نجامى ترسه‌ له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ى داعش، جگه‌ له‌وه‌ى ره‌نگه‌ به‌و مانایه‌ بێت كه‌ سیستانى خۆى له‌ هاوپه‌یمانه‌كانى ئێران ده‌پارێزێت و ده‌یه‌وێت پارێزگاریى له‌ یه‌كه‌كانى خۆى وه‌ك هێزێك له‌ به‌رامبه‌ر بریكاره‌كانى ئێراندا بكات، به‌م دواییانه‌ش په‌رده‌ له‌سه‌ر چه‌ند راپۆرتێك هه‌ڵماڵران باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ یه‌كگرتن له‌نێوان باڵه‌ باشه‌كه‌ى حه‌شدى شه‌عبیدا رووده‌دات. 
به‌ڵام هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى حه‌شدى شه‌عبى یاخود ته‌نانه‌ت كۆنترۆڵكردنیشى پێویستى به‌ بایه‌خ پێدانێكى گه‌وره‌ هه‌یه‌، به‌وپێیه‌ى عێراق له‌دواى كه‌وتنى موسڵه‌وه‌ به‌ره‌و ئه‌نجامدانى یه‌كه‌م هه‌ڵبژاردنى گشتیى خۆى هه‌نگاو ده‌نێت، گرنگیى ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ش له‌وه‌دا خۆى ده‌بینێته‌وه‌ كه‌ ده‌رفه‌تێكه‌ بۆ دووباره‌ ده‌ستكردنه‌وه‌ به‌ پرۆسه‌ى سیاسى له‌پاش چوار ساڵى وێرانكه‌ر، چوار ساڵ كه‌ تیایدا زۆرێك له‌ نوێنه‌رانى گه‌ل سه‌نگ و قورسایى خۆیان له‌ده‌ستدا. هه‌بوونى ناڕێكخراوى حه‌شدى شه‌عبى – یش له‌سه‌روبه‌ندى هه‌ڵبژاردندا عێراق ده‌خاته‌ به‌رده‌م دووڕیانێكه‌وه‌، به‌وپێیه‌ى ئاینده‌ى ده‌وڵه‌ت به‌وه‌ پێوانه‌ ده‌كرێت: ئاخۆ ئه‌نجامه‌كانى هه‌ڵبژاردن كه‌شى پێویست بۆ به‌رده‌وامبوونى هه‌مان دۆخ ده‌خوڵقێنێت، واتا جڵه‌وكردنى گه‌مه‌كه‌ له‌لایه‌ن هه‌مان كه‌مینه‌ كۆنه‌كه‌ و میره‌ نوێیه‌كانى جه‌نگه‌وه‌، یاخود ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ رێگا بۆ عێراقییه‌كان خۆشده‌كات بڕیارێكى ئازادانه‌ بده‌ن و حكومه‌تێكى به‌هێز و خاوه‌ن تواناى وه‌ها به‌رهه‌م بهێنن كه‌ پرۆسه‌یه‌كى چوست و چالاك بۆ قه‌ڵاچۆكردنى گه‌نده‌ڵى به‌ره‌وپێش ببات، حكومه‌تێك كه‌ به‌ده‌نگ گه‌له‌وه‌ بچێت نه‌وه‌ك به‌رژه‌وه‌ندییه‌ باڵاده‌سته‌كان. 
گه‌ر چاوپۆشى له‌و ساته‌وه‌خته‌ش بكه‌ین كه‌ تیایدا عیبادى له‌ هاوپه‌یمانێتى "فه‌تح" نزیكبۆوه‌، ئه‌وا به‌درێژایى چه‌ند هه‌فته‌ى رابردوو قسه‌كانى بریتیى بوون له‌ هۆشداریدان به‌وه‌ى به‌م نزیكانه‌ هه‌نگاو دژ به‌ سه‌رانى گه‌نده‌ڵى و به‌ره‌و داماڵینى چه‌ك له‌ رێكخراوه‌ چه‌كداره‌كان هه‌ڵده‌نرێت، له‌وكاته‌شه‌وه‌ هێزه‌ حكومییه‌كان چه‌ند ئۆپه‌راسیۆنێكیان بۆ ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنى چه‌كى بێ مۆڵه‌ت له‌ شارى سه‌دڕ ئه‌نجامداوه‌، دواهه‌مینیشیان ده‌ستگیركردنى كوڕى پارێزگارى ئێستاى نه‌جه‌ف بوو. ره‌نگه‌ سروشتى ئه‌م ئۆپه‌راسیۆنانه‌ش تاقیكردنه‌وه‌ى ده‌مودوى لایه‌نه‌كان بێت پێش ئه‌نجامدانى ئۆپه‌راسیۆنى گه‌وره‌تر، به‌وپێیه‌ى كێشه‌ى گه‌نده‌ڵى و میلیشیاكان له‌ عێراقدا زۆر تێكئاڵاون و ئه‌سته‌مه‌ وێناى چاره‌سه‌ركردنى یه‌كێكیان به‌بێ ئاڵۆزكانى ئه‌وى دیكه‌یان بكرێت. 
به‌ڵام ئه‌و راپۆرتانه‌ى باس له‌و شێوازانه‌ ده‌كه‌ن كه‌ پێویسته‌ عیبادى بۆ داماڵینى چه‌ك له‌ میلیشیاكان بیانگرێته‌به‌ر، جا هه‌ڵبه‌ستراوبن یاخود شه‌فاف، هه‌موو رێوشوێنێكى كتوپڕ له‌وباره‌یه‌وه‌ به‌قورس داده‌نێن، كه‌واته‌ ئایا عیبادى دیراسه‌ى هه‌ڵمه‌تێكى به‌رفراوانى هاوشێوه‌ى "هه‌ڵمه‌تى سوارچاكان"ـى ساڵى 2008ـى مالیكى ده‌كات كاتێك هه‌وڵى سه‌ركوتكردنى هه‌ڕه‌شه‌ گه‌وره‌كه‌ى ئه‌وكاتى دا كه‌ خۆى له‌ "سوپاى مه‌هدى"ـى سه‌ربه‌ موقته‌دا سه‌دڕدا ده‌بینییه‌وه‌؟ به‌وپێیه‌ى نمایشه‌كه‌ى مالیكى به‌كاره‌سات كۆتایى ده‌هات گه‌ر پاڵپشتیى راسته‌وخۆى سوپاى ئه‌مریكا نه‌بووایه‌. هه‌رچه‌ند له‌مڕۆشدا سوپاى عێراقى له‌سایه‌ى هه‌بوونى ئه‌زموونى شه‌ڕكردن و هێزێكى ئاسمانیى به‌تواناوه‌ شاره‌زایى په‌یداكردووه‌، به‌ڵام له‌ به‌رامبه‌ردا تواناكانى حه‌شدى شه‌عبى – یش به‌ره‌و هه‌ڵكشان چوون. 
لێره‌شدا ده‌كرێت ئه‌مریكا رۆڵى هه‌بێت، به‌جۆرێك كه‌ واشنتۆن چاوى له‌سه‌ر سێ به‌ره‌ بێت:  هێشتنه‌وه‌ى په‌یوه‌ندییه‌كى پته‌و له‌گه‌ڵ عیبادى به‌مه‌به‌ستى خۆبه‌دوورگرتن له‌ هه‌ر ره‌فتارێكى سه‌ربازیى هه‌ڵه‌شه‌ و ناڕێكخراو، هه‌روه‌ها هاریكاریكردنى عیبادى بۆ دیاریكردنى ئامانجه‌ له‌پێشینه‌كانى هه‌ر رێوشوێنێكى ژیرانه‌ بۆ قه‌ڵاچۆكردنى گه‌نده‌ڵى و داماڵینى چه‌ك، دواهه‌مینیشیان داڕشتنى پلانێكى له‌ناكاو بۆ هاریكاریكردنى به‌غدا له‌كاتى هه‌ڵگیرسانى رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى چه‌كداریى به‌رفراوان له‌گه‌ڵ میلیشیاكاندا. 
هه‌بوونى هێزه‌كانى حه‌شدى شه‌عبى به‌بێ هیچ چاودێرییه‌ك، هه‌روه‌ها ئه‌گه‌رى گۆڕانى ئه‌و هێزه‌ بۆ كۆپییه‌ك له‌ سوپاى پاسدارانى ئێرانى یاخود حیزبوڵڵا، به‌ هه‌ڕه‌شه‌ بۆسه‌ر عێراق و ئه‌مریكا و ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ عه‌ره‌بییانه‌ى ده‌وروبه‌ر داده‌نرێت كه‌ ترسیان له‌ قه‌ڵه‌مڕه‌ویى هه‌ڵكشاوى ئێران له‌ عێراق و سوریا هه‌یه‌. كه‌واته‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كى هاوبه‌ش له‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى ئه‌و هێزه‌ چه‌كدارانه‌دا هه‌یه‌، كاركردن له‌گه‌ڵ عیبادى – یش خزمه‌ت به‌و به‌رژه‌وه‌ندییه‌ هاوبه‌شه‌ ده‌گه‌یه‌نێت. هه‌ربۆیه‌ له‌سه‌ر ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانه‌كانى پێویسته‌ خۆیان له‌و لێدوانانه‌ به‌دووربگرن كه‌ ده‌رئه‌نجامى پێچه‌وانه‌ى لێده‌كه‌وێته‌وه‌ و پشت به‌ زانیاریى ورد نابه‌ستێت و تیایدا داوا له‌ ئێرانییه‌كان ده‌كه‌ن عێراق به‌جێبهێڵن، یاخود ئه‌و لێدوانانه‌ى به‌شێوه‌یه‌كى كاره‌ساتبار خاڵییه‌ له‌ دیپلۆماسیه‌ت و هه‌موو جۆره‌ هه‌ماهه‌نگییه‌ك ده‌پوكێنێته‌وه‌، واتا پێویسته‌ ئامانجه‌كه‌ بریتیى بێت له‌ هاریكاریكردنى به‌غدا بۆ دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ هه‌ر كێشمه‌كێشمێكى كراوه‌ تا ئه‌وكاته‌وه‌ى ورده‌ ورده‌ وڵات میلیشیاكانى له‌كۆڵ ده‌بێته‌وه‌ و چاكسازییه‌ حكومییه‌كان جێبه‌جێ ده‌كات، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ى پێویسته‌ له‌كاتى دووباره‌بوونه‌وه‌ى سیناریۆكه‌ى ساڵى 2008یشدا ئاماده‌بن بۆ به‌هاناوه‌چوونى عێراق.
هاوكات له‌سه‌ر ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ش پێویسته‌ كه‌ داواى داڕشتنى سیاسه‌تێك بۆ په‌ڕوباڵكردنى حه‌شدى شه‌عبى ده‌كه‌ن، زیاتر له‌ هیواخواستن ئاماده‌یى پشتیوانیكردنى ئه‌و سیاسه‌ته‌یان تێدابێت. 

زۆرترین خوێندراوە


political studies copyright 2017 © . All right reserved Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure