چالاكی ناوه‌ندی كوردستان له‌ ساڵیادی رووخانی رژێمی به‌عسدا

11/04/2018

:: بێ نوسەر

لەدڕێژەی كاروچالاكیەكانیدا لە بەرواری 9/4/2018 كە هاوكاتە لەگەڵ ساڵیادی ڕووخانی ڕژێمی پێیشووی بەعس، ناوەندی كوردستان بۆ توێژینەوە لە ململانێ و قەیرانەكان هەستا بە ئەنجامدانی پانێلێك بە ناونیشانی " دوای پانزە ساڵ لە نەمانی ڕژێمی بەعس، خوێندنەوەیەك بۆ ئایندەی پەیوەندییەكانی هەرێم و بەغدا"،  به‌ بەشداری هەریەك لە بەرێزان: د. جوان ئیحسان فوزی ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، ڕزگار ئەژی گۆران به‌رپرسی ده‌زگای هه‌ڵبژاردنی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ سلێمانی، ئه‌حمه‌د حاجی ڕەشید پەرلەمانتاری عێراق لەسەر لیستی كۆمەڵی ئیسلامی، محمود ڕەزا پەرلەمانتاری عێراق لەسەر لیستی گۆران ، ناسك تۆفیق پەرلەمانتاری پێشووی هه‌رێمی كوردستان لەسەر لیستی یەكگرتوو، موئمین زەڵمی كادیری هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری. 
سه‌ره‌تا سەرۆكی ناوەندی كوردستان بۆ توێژینه‌وه‌ لەململانێ و قەیرانەكان وتارێكی سەبارەت بە كارو چالاكیەكانی ناوەندەكە و پلان و كاری ئایندەی سەنتەرەكە  پێشكەش كردو تێدا جه‌ختی له‌سه‌ر گرنگی ناوه‌ندی ئه‌كادیمی له‌ پرۆسه‌ی پێشخستن و په‌ره‌پێدانی كۆمه‌ڵگاكان كرده‌وه‌و له‌و روانگه‌یه‌وه‌ ته‌ئكیدی كردوه‌ كه‌ سه‌نته‌ره‌كه‌یان له‌و چوارچێوه‌یه‌دا به‌رده‌وام ده‌بێت.

دوو پانێڵ
دواتر پانێڵه‌كان ده‌ستی پێكرد كه‌  دابەش كرابوو بەسەر دوو دانیشتندا، لە دانیشتنی یەكەمدا هەریەك لە   د. جوان ئیحسان فوزی ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، ڕزگار ئەژی گۆران به‌رپرسی ده‌زگای هه‌ڵبژاردنی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئه‌حمه‌د حاجی ڕەشید پەرلەمانتاری عێراق لەسەر لیستی كۆمەڵی ئیسلامی دیدو بۆچوونی خۆیان سەبارەت بە كێشەكانی ڕابڕدووی نێوان هەرێم و بەغدا خستەڕوو، لەگەڵ ئایندەی پەیوەندیەكانی نێوان هەرێم و بەغدا، بەو پێێەی هەریەك لەو بەرێزانە نوێنەری پارتێكی جیاوازن لەبەرئەوەی تێڕوانینی جیاوازیان هەبوو بۆ پرسەكان و شێوازی چارەسەری كێشەكانی نێوان هەرێم و ناوەند. 
دانیشتنی دووەم بە بەشداری هەریەك لە نوێنەرانی یەكگرتووی ئیسلامی،  گۆران، و هاوپەیمانی بۆ دادپەروەری و دیموكراسی دەستی پێكرد. تایبەتمەندی دانیشتی دووەم لەوە سەرچاوەی دەگرت كە قسەكەرانی پانێلەكە لە نوێنەری ئەو پارتانە بوون كە كۆنتاكی ڕاستەوخۆیان نەبووە لە داڕشتنی پەیوەندیی سیاسیانەی هەولێر و بەغدا زۆرجاریش بەدیدێكی رەخنەگرانە روانیویانەتە نێوان هەرێم و ناوەند. لە دانیشتنەكەدا پرسیاری ئەوە لە نوێنەری گۆران كرا كە  ئەوان (بزوتنەوەی گۆڕان) لە ئاستی ناوخۆی هەرێمی كوردستان پەیوەندیەكی بەهیزی نیە لەگەڵ هێزە سەرەكیەكانی هەریمی كوردستان، یان لایەنی كەم بابلێن گوتارێكی جیاوازی هەیە لەگەڵ یەكێتی و پارتی  ئایا لە دارشتنی پەیوەندی سیاسی و هەولیر و بەغداد ئیوە هەمان سیاسەت پەیرەو دەكەن یاخود یەك گوتاری ویەكریزی سیاسی بە رێگە چارەی گونجاو دەزانن بۆ مامەلەكردن لەگەڵ لایەنە سیاسیە عێراقیەكان. هەروەها پرسیار لە نوێنەری یەكگرتوو كرا كە ئەوان وەك پارتێكی سیاسی ئیسلامی كە پەیوەندیەكانیان لەگەڵ هێزە سیاسیە سونیە ئیسلامیەكاندا بەهێزە ئایا تا چەند توانیوتانە ئەو پەیوەندیانە بخەنە گەڕ بۆ زیاتر بەهێزكردنی پێگەی كورد لە گۆرەپانی سیاسی عێراق. دواتر ئەم پرسیارە ئاڕاستەی هاوپەیمانی بۆ دادپەروەری و دیموكراسی كرا كە وەك لیستیكی نوێ لە هەڵبژاردنەكانی عێراقدا ئەگەر بەشداربن لە پرۆسەی سیاسی عێراق و سەركەوتوو بن لە هەڵبژاردنەكاندا لەچ ڕوویەكەوە دەتوانن جیاواز بن لە لایەنە سیاسیە كوردە بەشداربووەكانی تر لە عێراق.   
بەشێوەیەكی گشتی قسەكەرانی دانیشتنی دووەم پارتە دەسەڵاتدارەكانیان تۆمەتبار دەكرد بۆ ئەو بارودۆخەی كە كورد تێكەوتووە لەگەڵ بەغدا، ئەمە سەرەڕای ئەوەی هەموویان كۆك بوون لەسەر ئەوەی یەكدەنگی كورد دەتوانێت خزمەت بە دۆزە نەتەوەیەكانی كورد لە بەغدا بكات. 

راپرسیه‌ك له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنه‌كان
دواتر هەر لە چوارچێوەی پانێڵەكەدا، درەنجامی ڕاپرسیەك خرایەڕوو كە لەسەر بارودۆخی سیاسی و ئابوری هەرێمی كوردستان ئەنجامدرابوو لە لایەن تیمێكی پسپۆر بۆ ڕاپرسی كە ناوەندی كوردستان بۆ توێژینه‌وه‌ لە ململانێ و قەیرانەكان ڕاسپاردبوون. لەو ڕاپرسیەدا 4010 فۆرم دابەشکراوە به‌ سەر سەرجەم قەزا و ناحیەکان و گەرەکەکانى پارێزگاى سلێمانى و هەڵەبجە وهەولێر و دهۆک، لەو ژمارەیە (1090) فۆرمی نادروست بووە وتەلەفکراوە، (3010) فۆرم کارى لەسەر کرا.بۆهەر (1000) کەسێک تەنها یەک کەس چاوپێکەوتنى لەگەڵ ئەنجامدراوە لەسەر بنچینەى (گەرەک، رەگەز، تەمەن، پیشە، بژێوى ژیان و ئاستى گوزەران) ناوچە جیاوازەکانى کوردستان. 
دەرەنجامی ڕاپرسیەكە لەسەر بارودۆخی ئابوری زۆرینەی بەشداربوان كە لە %51 ە پێیان وایە زۆر خراپە، تەنها لە 4% پێیان وایە زۆر باشە. و لە %37 بەشداربوان خراپی بارودۆخی ئابوریان گەڕاندۆتەوە بۆ قەیرانی دارایی و ئابوری و كێشەكانی پەیوەست بە نەوتەوە و دابەزینی نرخی نەوت و گرانی.
 سەبارەت بە پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری لە 41% بەشداربوان پێیان وایە یەكێتی نیشتیمانی زۆرترین خزمەتی كردووە لە كاتێكدا لە 26% بەشداربووان پێان وایە پارتی دیموكراتی كوردستان زۆرترین خزمەتی كردووە، و لە 25% بە نازانم وەڵامیان داوەتەوە.
سەبارەت بە بەشداری هاوڵاتیانی هەرێم و كەركوك و خانەقین لە هەڵبژاردنی ڕابردووە لە 73% بەشداریان كردووە لە كاتێكدا بۆبەشداریكردن لە هەڵبژاردنی داهاتوو ڕێژەكە كەم بووەتەوە بۆ 67%. سەبارەت بە هۆكاری بەشدارینەكردنیان لە هەڵبژاردنەكان لە 39% بەشداربوان هۆكارەیەكان گەڕاندۆتەوە بۆ نەبوونی متمانە بە لایەنەكان و كاندیدەكانیان. 
سەبارەت بە سەنگی پێشبینكراو بۆ لایەنەكان لە هەڵبژاردنی داهاتووی عیراق كه‌ بڕیاره‌ له‌ 12 مانگی ئایاردا به‌ڕێوه‌ بچێت رێژه‌ی كورسیه‌كان به‌م شێوه‌یه‌ بووه‌:
1- یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە پلەی یەك دێت به‌ به‌ده‌ستهێنانی 17 كورسی.
2- پارتی دیموكراتی كوردستان به‌ پله‌ی دووه‌م دێت به‌ به‌ده‌ستهێنانی 14 كورسی.
3- بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌ پله‌ی سێیه‌م دێت به‌ به‌ده‌ستێهانی 7 كورسی.
نه‌وه‌ی نوێ به‌پله‌ی چواره‌م دێت و هه‌روه‌ها یەكگرتو و كۆمەڵ له‌ پله‌ی پێنجه‌مدان و دواتر پارت و لایەنە كوردستانیەكانی تر پله‌كانی دیكه‌یان وه‌رگرتووه‌. 

ناوه‌ندی كوردستان كێیه‌؟
ناوەندی كوردستان بۆ توێژینەوه لە ململانێ و قەیرانەكان، ناوەندێكی قازانج نەویستی سەربەخۆیه، كاردەكات بۆ ئەنجامدان و پشتگیریكردن و هاندانی توێژینەوە و پێشكەشكردنی بە ڕایگشتی.
هەروەها ناوەندەكه‌ کار دەکات لەسەر وەرگێڕانی كتێب و نوێترین توێژینەوه جیهانییەكان بۆ سەر زمانی كوردی و دەوڵەمەندكردنی لیتریچەی كوردی لە بوارەكانی سیاسەت و دیراساتی ئایندە، بەمەبەستی دۆزینەوەی چارەسەر بۆ گرفته سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئەمنییەكان، ئاگاداركردنەوەی دەستەبژێری سیاسیی كورد لەو هەڕەشانەی کەڕووبەڕووی كوردستان و ناوچەكه دەبنەوه .

زۆرترین خوێندراوە


political studies copyright 2017 © . All right reserved Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure