::
بێ نوسەر
ناوه‌ندی كوردستان بۆ توێژینه‌وه له‌ململانێ و قه‌یرانه‌كان
رۆژی سێشه‌ممه 17/4/2018، ناوه‌ندی كوردستان بۆ توێژینه‌وه له ململانێ و قه‌یرانه‌كان له‌گه‌ڵ كۆلێژی زانسته ڕامیارییه‌كانی زانكۆی سلێمانی، پانێلێكی هاوبه‌شی له ژێر ناونیشانی، (ئاڵۆزبوونی په‌یوه‌ندییه‌كانی روسیا و ئه‌مریكا له‌سوریاو ده‌رهاویشته‌و لێكه‌وته‌كانی له‌سه‌ر پێگه‌ی كورد) رێكخست.
له پانێله‌كه‌دا كه به میوانداری هه‌ریه‌ك له د. سه‌ردار عه‌زیز، راوێژكاری په‌رله‌مان و د.جاویدان حه‌سه‌ن، نوێنه‌ری كانتۆنه‌كانی رۆژئاوا له هه‌رێم و د. سه‌لام عه‌بدوڵكه‌ریم، مامۆستای زانكۆ و توێژه‌ر، به‌رێوه‌چوو، تێدا به‌وردی تیشكخرایه سه‌ر گۆڕانكارییه خێراكانی گۆڕه‌پانی سوریا له‌ماوه‌ی رابردوودا، به‌تایبه‌تی دوای هێرشه موشه‌كیه‌كانی ئه‌مریكا و به‌ریتاینا وفه‌ره‌نسا بۆسه‌ر پێگه‌كانی ئه‌سه‌د له‌و وڵاته‌داو كاردانه‌وه‌كان له‌سه‌ر ئاستی جیهانی و ناوچه‌یی و ناوخۆیی، به‌تابه‌تیش هه‌ڵوێستی رووسیا كه به‌توندی ئیدانه‌ی كرد‌و به كارێكی دوژمنكاریانه‌ی وه‌سفكرد. ئه‌مه سه‌رباری لێكه‌وته‌كانی ئه‌و په‌ره‌سه‌ندنانه له‌سه‌ر پێگه‌ی كورد چ له‌رۆژئاو چ له‌ناوچه‌كانی دیكه.
په‌یوه‌ندییه‌كانی ئه‌مریكاو روسیا
سه‌ره‌تا د. سه‌ردار عه‌زیز، سه‌باره‌ت به په‌یوه‌ندییه هاوچه‌رخه‌كانی ڕووسیا و ئه‌مریكا و بوونی هاوسه‌نگی له ره‌گه‌زه‌كانی هێزی نه‌رم و ره‌ق و دبلۆماسی و ئابووری له‌نێوان هه‌ردوو وڵات‌دا وتی:" باری بووزان ده‌ڵێت ئه‌مریكا سوپه‌ر پاوه‌ر به‌ڵام ڕووسیا له دوای جه‌نگی سارده‌وه زیاتر هێزێكی هه‌رێمی و ناوچه‌ییه وه‌ك له هێزێكی جیهانی، له‌ڕووی ده‌ریاوانییه‌وه خاوه‌ن پێگه‌یه‌كی جیهانی نیه و ئابووریه‌كه‌ی هێنده‌ی ئابووری شارێكی وه‌ك نیۆرك به‌هێزه. بۆیه نه‌خێر ئه‌و باڵانسه بوونی نییه".
هه‌روه‌ها، ئه‌گه‌ر سه‌یری سنووری ده‌سه‌ڵاتی ڕووسیا بكه‌ین ده‌بینین زیاتر په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئه‌و سیسته‌م و وڵاتانه هه‌یه كه سیسته‌مێكی ئۆلیگارشین – به‌واتایه‌كی تر نزیكن له نه‌هجی پۆتینزمه‌وه. بۆیه زۆرێك ئه‌ڵین پۆتن له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست زۆر مورتاحه چونكه ئه‌و جۆره مۆدێله‌ی ئه‌یه‌وێت زۆره. هه‌روه‌ها له‌ڕووی سیاسییه‌وه جۆرێك له ئۆپۆزسیۆنی ساخته بوونی هه‌یه كه مۆدێلێكه له سۆڤێتی جارانه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه، بۆیه به‌جۆرێك له جۆره‌كان پشتگیری یان كار له‌سه‌ر زیندووكردنه‌وه‌ی ئه‌و مۆدێله له سیاسه‌ت ده‌كات.
هه‌رچی په‌یوه‌ندی به پێگه‌ی ئه‌و دوو هێزه‌وه هه‌یه، د. سه‌ردار ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد كه ئه‌مریكا دوای به دیهنه‌هاتنی ته‌واوی ئامانجه‌كانی جۆرێك له پاشه‌كشێی كرد له عێراق، چونكه پرۆسه‌ی به ئه‌مریكی كردنی عێراق و ناوچه‌كه ئاسان نیه. هاوكات به‌هۆی به‌های دیموكراسی و بوونی ده‌نگی ئازاد له ناوخۆ نه‌یتوانی به‌رده‌وام بێت، ئه‌مه‌ش وایكرد كه بۆشاییه‌كی سیاسی دروست بێت. هاوكات به‌هۆی جیۆپۆڵه‌تیكی ئاڵۆزی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته‌وه وایكردووه ئاسان نه‌بێت هێزێك هه‌ژموونی خۆی به‌سه‌ر ناوچه‌كه‌دا بسه‌پێنێت. بۆیه ڕووسه‌كانیش هه‌رزوو ده‌ستیان كرد به دۆزینه‌وه‌ی بوونی خۆیان له ناوچه‌كه دوای ئه‌وه‌ی هه‌ستیان كرد به‌وه‌ی كه له لیبیا فێڵیان كردووه، به‌مه‌ش له سوریا گیرسایه‌وه، چونكه به‌شێك له تیرۆریسته چیچانیه‌كان له سوریا بوونیان هه‌بوو له‌لایه‌ك. له‌لایه‌كی تره‌وه ده‌ریای ناوه‌ڕاست شوێنگه‌یه‌كی گرنگه، به‌تایبه‌ت بوونی بنكه‌ی ده‌ریای له ته‌رتووس. به‌هۆی گرنگی ده‌ریاوه له كۆنترۆڵكردن و حكومكردنی وزه و بازاری جیهانی، رووسیا زوو ئه‌و بنكه‌یه‌ی به‌هێزكرده‌وه بۆدڵنیابوونه‌وه له ئاسایشی وزه و سه‌ربازی خۆی، هاوكات گه‌ڕانه‌وه‌ی ڕووسیا بۆ دبلۆماسیه‌تی باڵا، به‌جۆرێك مه‌رجه‌عیه‌تی دبلۆماسی له جنێڤه‌وه گۆری بۆ مه‌رجه‌عیه‌تی ئه‌ستانه له كه‌یسی قه‌یرانی ناوخۆی سوریا. هاوكات سه‌ره‌ڕای بوونی ململانێ پێشوو له‌گه‌ڵ توركیا، به‌ڵام ئه‌م جاره توانی ئه‌نقه‌ره‌ش بخاته میحوه‌ری خۆیه‌وه و به‌جۆرێكی تر ده‌ستبه‌رداری دژایه‌تی توركیا و پشتگیری ناتۆبوو.
له‌سه‌ره‌تادا هاتنی ڕووسه‌كان بۆ ئه‌مریكا گرنگ نه‌بوو، چونكه وایان ده‌بینی كه توانای ڕووسه‌كان كاریگه‌ریه‌كی ئه‌وتۆیان له‌سه‌ر توانا ئابووری و سیاسیه‌كانیان نا‌بێـت. بۆیه پشتیان به ڕووسیا به‌ست بۆ ئیداره‌كردنی قه‌یرانی سوریا، به‌تایبه‌ت پێش‌گرتن له به‌كارهێنانی چه‌كی كیمای له‌لایه‌ن ئه‌سه‌ده‌وه. بۆیه هێرشه‌كانی ئه‌م دوایه هه‌م په‌یامێزی ته‌مێكردن بوو بۆ سوریا، هاوكات مه‌سجێك بوو بۆ مۆسكۆ كه ئه‌و ناتوانێت ڕژێمی سوریا بپارێزێت ئه‌گه‌ر واشنتۆن و رۆژئاوا ویستی ڕووخانیان هه‌بێت.
له‌كۆتایشدا وتی: هه‌رچه‌نده تره‌مپ به‌جۆرێك له جۆره‌كان سه‌رسامه به شه‌خسیه‌ت و كاریزمای پۆتن، به‌ڵام ئه‌مه واینه‌كردووه كه چاوپۆشی له په‌لهاویشتنه‌كانی ڕووسیا بكات.
دژایه‌تیكردنی پرۆژه‌ی ئه‌مریكی له‌سوریا
پاشان، د.سه‌لام عه‌بدولكه‌ریم، رۆشنایی خسته سه‌ر دۆخی سوریا دوای هێرشه موشه‌كییه‌كان و له‌وه‌ڵامی پرسیار ئه‌وه‌ی كه ئایا ئامانجه‌كانی پشتیوانیكردنی ڕژێمی به‌شار ئه‌سه‌د له‌لایه‌ن رووسیاوه چییه، ناوبراو وتی: ئه‌م پرسیاره ره‌هه‌ندی جیاواز له خۆده‌گرێت:
- یه‌كه‌م چوونه ناوه‌ی توركیا بۆ میحوه‌ری ڕووسیا:
- ئه‌ویتر په‌یوه‌ندی به پشتیوانی مۆسكۆیه بۆ دیمه‌شق:
ڕووسیا بۆ مانه‌وه‌ی خۆی له سوریا و ناوچه‌كه پێویستی به مانه‌وه‌ی ئه‌سه‌د هه‌بوو، بۆیه هه‌رزوو دوای لاوازبوونی سوپای سوریا و مه‌ترسی له‌سه‌ر ڕووخانی سوریا، مۆسكۆ ده‌ستێوه‌ردانی سه‌ربازی كرد. هاوكات بۆ ململانێكردنی هه‌ژموونی واشنتۆن له ناوچه‌كه پۆتن بڕیاری ده‌ستێوه‌ردانی له ناوچه‌كه دا.
سه‌باره‌ت به‌وه‌ی كه ئایا ڕووسیا هێزێكی تێكده‌ره یاخوود هێزێكی به‌رژه‌وه‌ندی خوازه‌و خوازیاری گه‌رانه‌وه‌ی ئارامیه له سوریا؟ د. سه‌لام ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد كه كاتێك جه‌نگی دژ به داعش له سوریا ده‌ستی پێكرد سه‌ره‌تا پرۆسه‌كه ئاسمانی بوو، به‌ڵام سیناتۆرێكی ئه‌مریكی باسی له گرنگی هێزێكی زه‌مینی كرد له سوریا، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش كورده‌كان بوونه بژارده‌ی ئه‌مریكا بۆ دروست كردنی ئه‌و هێزه هاوبه‌شه بۆ په‌یڕه‌كردنی ستراتیجی ئه‌مریكا له سوریا. هه‌روه‌ها واشنتۆن ده‌یخوازی جۆرێك له مۆدێلی هه‌رێمی كوردستان له رۆژئاوای كوردستان دووباره‌بكاته‌وه، ئه‌مه‌ش توركیای نیگه‌ران كرد. بۆیه ئه‌نقه‌ره به‌بێ ڕه‌زامه‌ندی واشنتۆ عه‌فرینی داگیركرد، كه‌واتا داژیه‌تی ئه‌نقه‌ره بۆ واشنتۆن به‌هۆی مه‌شروعی ئه‌مریكیه‌وه له سوریا كه خۆی له دابه‌شكاری فیدراڵی سوریا ده‌بینێته‌وه. به‌ڵام توركیا هاوشێوه‌ی ڕووسیا و ئێران ده‌خوان یه‌كگرتووی و یه‌كێتی خاكی سوریا پارێزراوبێت. ئه‌مه‌ش خاڵی كۆكه‌ره‌وه‌ی ئه‌و هێزه‌یه‌كه ڕاسته‌وخۆ یه‌كسانه به دژایه‌تیكردنی مه‌شروعی ئه‌مریكیه.
هه‌رچی په‌یوه‌ندی به لایه‌نی توركیاوه هه‌یه، په‌یوه‌ندی به نیگه‌رانیه‌كانی ئه‌نقه‌ره‌وه هه‌یه بۆ پشتگوێخستنی داواكارییه‌كانی له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه به‌تایبه‌ت له دروست كردنی ناوچه‌یه‌كی ئارام له باكووری سوریا بۆ ڕێگرتن له فراوان بوونی هه‌ژموونی كورده‌كان و دروست بوونی مۆدێلێكی حوكمڕانی كوردی هاوشێوه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر سنوره‌كانی توركیا. بۆیه بۆ فشارخستنه‌سه‌ر واشنتۆن و جێبه‌جێكردنی داواكارییه‌كانی ئه‌نقه‌ره چووه میحوه‌ری ڕووسیا - ئێرانه‌وه. ئه‌نقه‌ره ئه‌زموونێكی هه‌یه له‌م جۆره یاریكردنه له په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ ئیسرائیل هه‌روه‌ها قوبرس له ڕابردوودا له په‌یوه‌ندییه دبلۆماسییه‌كانیدا. به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی كورد خاڵی گرنگی مه‌شروعی ئه‌مریكی و رۆژئاوایه له سوریا دوورنیه له داهاتوودا توركیا ئیعتراف به كانتۆنه‌كانی رۆژئاوای كوردستان و هێزه كوردیه‌كانی باكوری سوریا بكات.
ئه‌ردۆگان و كوردفۆبیا
هاوكات، د.جاویدان حه‌سه‌ن، له‌باره‌ی په‌یوه‌ندی وڵاتانی خۆرئاوا‌و به‌تایبه‌تی ئه‌مریكا به كورده‌وه له‌دوای ئه‌و په‌ره‌سه‌ندنه نوێیانه‌ی سوریا، ئاماژه‌ی به چه‌ندین مه‌سه‌له‌ی گرنگ دا‌و له‌وه‌ڵامی پرسیاری ئه‌وه‌ی كه ئایا راسته ئێستا مۆسكۆ پشتیوانی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی توركیا ده‌كات له سوریا، ناوبراو وتی: ئاڵۆزییه‌كانی سوریا تاكه ئاڵۆزی ناوچه‌كه نییه – بۆیه به چاره‌سه‌ركردنیشی قه‌یرانی ناوچه‌كه كۆتای نایات. و به كۆتای هاتنی قه‌یرانی سوریا گۆرانكاری له چه‌ند وڵاتێكی تر ده‌ست پێده‌كات، ئه‌مه‌ش وایكردووه ئه‌و وڵاتانه ده‌یانه‌وێت شه‌مه‌نده‌فه‌ری قه‌یرانی سوریا به‌رده‌وام بێت.
ئه‌مریكا به‌هۆی ئه‌ندامێتی له ناتۆ په‌یوه‌ندییه‌كانی به‌جۆرێك له جۆره‌كان باشبووه، به‌پێچه‌وانه په‌یوه‌ندییه‌كانی توركیا و واشنتۆن له رابردوودا به‌رده‌وام ئاڵۆزبووه. به‌ڵام له‌پرسی قه‌یرانی سوریا جۆرێك له رێككه‌وتن و به‌ره‌وپێشچوون له نێونیان هه‌یه، هه‌مان پرس بۆ په‌یوه‌ندییه‌كانی توركیا و ئێرانیش راسته به‌تایبه‌ت به‌هۆی دژایه‌تیكردنی دۆزی سه‌ربه‌خۆی مشروعی نه‌ته‌وه‌ی كورده‌وه؟
سه‌باره‌ت به به پشتیوانی رووسیا بۆ ئه‌نقه‌ره و واشنتۆن بۆ كورد، د.جاویدان وتی: په‌یوه‌ندی به به‌رژه‌وه‌ندی خۆیانه‌وه هه‌یه. به‌ڵام بۆچی ڕووسیا ڕێگه‌ی به توركیا داگیر كاری بكات له رۆژئاوا، ئه‌ویش به‌هۆی ئه‌وه‌ی كورد بۆخۆی پرۆژه‌یه‌كی هه‌بوو، به‌تایبه‌ت به‌هۆی دورست بوونی سیسته‌مێكی ئاشتیخوازی خۆسه‌ری ئیداری و سیاسی له رۆژئاڤا، ئه‌مه‌ش وایكرد كورد رۆڵی هه‌بێت له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست.
هه‌رچی له‌پرسی سه‌ربازییه بوونی هێزه‌كانی پاراستنی گه‌ل – یه‌په‌گه – وایكرد شۆرشی رۆژئاوای كوردستان سه‌ربگرێت، ئه‌مه‌ش وایكرد كه كورد پێگه‌ی سه‌ربازی خۆی هه‌بێت، و به‌رخودانی به‌رده‌وام بكات بۆ پاراستنی پرۆژه‌ی كورد وله رووی سیاسی و ئیداری و ئابوورییه‌وه. بۆیه هه‌رزوو ئه‌مریكا ڕوویكرده دروستكردنی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئێمه له رۆژئاوایی كوردستان.
وتیشی: بوونی داعش له سوریا بوه هۆی هاندانی وڵاتانی تر بۆ هاتنیان بۆ سوریا بۆ نمایشكردنی پڕۆژه‌ی خۆیان. په‌یوه‌ندی كورد له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا له رۆژئاوا ره‌نگدانه‌وه‌ی پڕۆژه‌ی كورد بوو، نه‌ك ببینه دارده‌ستی ئه‌مریكا. بۆیه ئێمه‌ش به‌شێكی رووباری فوراتمان كۆنترۆڵكرد بۆ پارێزگاریكردن له كانتۆنه‌كانی رۆژئاوا به‌تایبه‌ت عه‌فرین.
ئه‌مه‌ش وایكرد ڕووسیا مه‌ترسی ئه‌وه‌ی هه‌بوو كه له داهاتوو كورد ببێته مه‌ترسی له‌سه‌ر پرۆژه‌ی رووسیا به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر عه‌فرین بپارێزێت و بگاته ده‌ریای سپی ناوه‌ڕاست، واتا نزیكبوونه‌وه‌ی كورد له قاعیده عه‌سكه‌ره‌ییه‌كانی رووسیا له ده‌ریا به‌تایبه‌ت له ته‌رتووس و ناوچه‌كانی تر، ئه‌مه‌ش هاوكات واتا نزیكبوونه‌وه‌ی ئه‌مریكا له پڕۆژه‌ی رووسیا – چونكه له‌دیدی رووسیا كورد واتا پڕۆژه‌ی ئه‌مریكا. لێره‌وه بۆچوونی ڕووسیا گۆڕانكاری به‌سه‌ردا هات و ڕێگه‌ی به توركیا دا كه عه‌فرین داگیربكات و كورد له‌و ناوچانه دووربخاته‌وه.
بۆیه ئێمه پێمان وایه ئه‌مه ده‌ست پێكی جه‌نگی جیهانی سێیه‌مه له‌نێوان زلهێزه‌كان، به‌ڵام هێشتا به‌هۆی دابه‌شبوونی رۆژئاوای كوردستان به‌سه‌ر هه‌ژموونی رووسیا و ئه‌مریكا، ئێمه وامانكردووه جۆرێك له هاوسه‌نگی له‌نێوان ئه‌و دوو هێزه بپارێزێن و نه‌بینه مه‌قاشی ده‌ستی كه‌سیان.
د. جاویدان ته‌ئكیدی كردوه‌وه كه ئێمه وه‌ك كورد له ته‌واوی پارچه‌كانی تری كوردستان پێویستمان به پشتگیری یه‌كتره‌و و ده‌بێت پڕۆژه‌ی گشتیكرمان هه‌بێت. به‌ڵام به‌گشتی له سوریا پرۆژه‌یه‌كی هاوشێوه‌ی عێراق بوونی هه‌یه له‌وانه‌ش:
- ناوچه‌یه‌ك له ژێر ده‌سه‌ڵاتی كورد بێت كه پڕۆژه‌ی ئه‌مریكیه، چونكه كورد تاكه هۆكاری مانه‌وه‌ی ئه‌مریكا ده‌بێت له‌ناوچه‌كه.
- ناوچه‌یه‌كی تر ڕژێمی سوریا كه پڕۆژه‌ی رووسیایه.
- هه‌رچی به‌شه‌كه‌ی تریه‌تی بۆ هێزه عه‌ره‌بییه ئۆپۆزسیۆنه‌كانی نزیكه له ئه‌نقه‌ره.
كه‌واتا كورد ده‌بێت خۆی بۆ ئه‌و پڕۆژه‌ی ئاماده بكات و پلانی ڕوونی مامه‌ڵه‌كردنی هه‌بێت بۆ داهاتووی ئیداره‌كردنی خۆی له ناوچه‌كه.
له‌باره‌ی ئه‌وه‌ش كه ئایا كورد نه‌یده‌توانی خۆی نزیك بكاته‌وه له توركیا، سه‌ره‌رای هه‌وڵه‌كانی ئه‌مریكا؟ یان هه‌ڵكردنی ئاڵای په‌كه‌كه و ئۆجه‌لان هۆكاری هێرشه‌كانی ئه‌م دوایه‌ی توركیا، چونكه په‌كه‌كه و ئۆجه‌لان له لیستی تیرۆری وڵاتانی رۆژئاوا و توركیایه؟
د. جاویدان وتی: شتێكی هه‌ڵه‌یه ئه‌گه‌ر بووترێـت ئه‌گه‌ر وێنه‌ی ئۆجه‌لان له ره‌قه به‌رزنه‌كرایه‌ته‌وه توركیا عه‌فرینی داگیر نه‌ده‌كرد، یان ئه‌گه‌ر یه‌په‌گه ره‌قه‌ی ئازاد نه‌كردایه ئه‌نقه‌ره رۆژئاوای كوردستانی داگیر نه‌ده‌كرد. چونكه ئه‌ردۆغان نه‌خۆشی "كوردفۆبیای " مه‌ترسی له كورد هه‌یه. بۆیه سه‌ره‌ڕای هه‌بوونی پڕۆژه‌ی پێكه‌وه ژیان ئه‌وان هێشتا قبوڵی كه‌سی تر ناكه‌ن. به‌مه‌ش له‌كاتێكدا ئێمه باسی پێكه‌وه ژیان ده‌كه‌ن، ئه‌وان باسی تاكڕه‌وی و تاك نه‌ته‌وه‌ی ئه‌كه‌ن. ئێمه كاتێك باسی دیموكراسی ده‌كه‌یین ئه‌وان باسی دیكتاتۆریه‌ت ده‌كه‌ن. ئێمه كاتێك باسی پێكه‌وه‌ژیان ده‌كه‌ین ئه‌وان باسی ملكه‌چكردن و ژێرده‌سته‌ی ده‌كه‌ن. بۆیه توركیا ترسی له و گۆرانكارییانه هه‌یه كه به‌هۆی شۆرشی رۆژئاوای كوردستانه‌وه دروست ده‌بن به‌تایبه‌ت له باكووری كوردستان. بۆیه ئه‌گه‌ر وێنه‌ی ئۆجه‌لان، یان مام جه‌لال، یان كاك مه‌سعود به‌رزبكرێته‌وه هێشتا توركیا ئاماده‌یه هێرش بكاته سه‌رمان. چونكه توركیا دووژمنی كورد و پرۆژه نه‌ته‌وه‌یه‌كه‌یه‌تی، به‌هۆی ئه‌وه‌ی به مه‌ترسی له‌سه‌ر ئاسایشی خۆی ده‌زانێت. به‌مه‌ش ئه‌گه‌ر ئه‌و به‌رخوانه له عه‌فرین نه‌كربا، ئێستا باسی داگیركردنی كۆبانی و كانتۆنه‌كانی ترمان ده‌كرد. هاوكات توركیا ته‌نها هه‌ڕه‌شه نیه له‌سه‌ر رۆژئاڤا، به‌ڵكو هه‌ڕه‌شه‌یه له‌سه‌ر باشووری كوردستان، پێشهاته سه‌ربازییه‌كانی ئه‌م دواییه له هه‌رێمی كوردستان و پێشڕه‌وییه‌كانی سوپای توركیا له ناوچه سنورییه‌كانی هه‌رێم و هاتنه‌ناوه‌ی بۆ ناوخاكی باشووری كوردستان به ده‌یان كیلۆمه‌تر ده‌رخه‌ری ئه‌و ڕاستیه‌ن كه توركیا نیه‌تی داگیركاری باشووری كوردستانیشی هه‌یه.
له‌كۆتایدا، ده‌رگای گفتوگۆ بۆ ئاماده‌بووان كرایه‌وه‌و تێدا چه‌ندین پرسیار ئاراسته‌ی میوانه‌كان كرا‌و گفتوگۆیه‌كی فروان به‌ڕێوه‌چوو.
