حه‌شدی شه‌عبی له‌نێوان ده‌وڵه‌ت و مه‌زهه‌بدا

28/04/2018

:: بێ نوسەر ناوه‌ندی كوردستان بۆ توێژینه‌وه‌ له‌ململانێ و قه‌یرانه‌كان
نووسینى: د. موحه‌ممه‌د ئه‌لعیدان
سه‌رچاوه‌: ناوه‌ندى المستقبل بۆ توێژینه‌وه‌ و دیراساتى پێشكه‌وتوو 

مه‌رجه‌عى ئایینى "ئایه‌توڵڵا عه‌لى سیستانى" سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كانى نێو دیمه‌نى سیاسیى عێراقى سه‌رسام كرد كاتێك له‌ مانگى كانونى یه‌كه‌مى 2017دا داواى كۆكردنه‌وه‌ى چه‌كى له‌ده‌ستى ده‌وڵه‌ت و لكاندنى ته‌واوى میلیشیاكانى به‌ دامه‌زراوه‌ى سه‌ربازییه‌وه‌ كرد. ئه‌و بانگهێشته‌ش له‌سه‌روبه‌ندى چه‌له‌حانێیه‌كى گه‌رمدا هات ده‌رباره‌ى پێویستیى كۆتاییهێنان به‌ دۆسیه‌ى حه‌شدى شه‌عبى له‌پاش پاشه‌كشه‌ى هه‌ڕه‌شه‌كانى داعش بۆسه‌ر ئاسایشى عێراق و كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ى هه‌موو ناوچه‌كان له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌وه‌. 
لكاندنى ملیشیاكانى حه‌شدى شه‌عبى به‌ دامه‌زراوه‌ ئه‌منى و سه‌ربازییه‌كانه‌وه‌، چه‌ندین ئاڵنگاریى له‌خۆده‌گرێت، گرنگترینیشیان خۆى له‌ زامنكردنى دڵسۆزییان و په‌یوه‌ندییان به‌ ئێران و فشاره‌ داراییه‌كانى ئه‌و لكاندنه‌ له‌سه‌ر ده‌وڵه‌تى عێراقیدا ده‌بینێته‌وه‌، كه‌ ئه‌وه‌ش پرسیارگه‌لێك سه‌باره‌ت به‌ راده‌ى تواناى ژینگه‌ى ئێستاى عێراق بۆ جێبه‌جێكردنى ئه‌و بانگهێشته‌ى "سیستانى" ده‌وروژێنێت. 
ناوه‌ندێتى رۆڵى مه‌رجه‌عیه‌ت:
مه‌رجه‌عیه‌تى ئایینى نه‌جه‌ف كاریگه‌رییه‌كى گه‌وره‌ى له‌سه‌ر په‌ره‌سه‌ندنه‌ سیاسییه‌كانى عێراق هه‌یه‌، به‌تایبه‌ت پاش پاشه‌كشه‌ى رۆڵى ده‌وڵه‌ت دواى ساڵى 2003 له‌ئاست زیادبوونى ده‌ستوه‌ردانى دامه‌زراوه‌ى ئایینى و له‌سه‌رووشیانه‌وه‌ مه‌رجه‌عیه‌تى ئایینى شیعى. 
پاش كۆنترۆڵكردنى موسڵ – یش له‌لایه‌ن رێكخراوى تێرۆریستى داعش و هه‌ڕه‌شه‌كردنى به‌ هه‌ڵكوتانه‌سه‌ر به‌غدا و نه‌جه‌ف و كه‌ربه‌لا و شاره‌كانى دیكه‌ و باڵاده‌ستبوونى له‌ ناوچه‌یه‌كى به‌رفراوانى ئه‌نبار و سه‌ڵاحه‌دیندا، مه‌رجه‌عیه‌ت فه‌تواى دا به‌ پێویستیى خۆبه‌خشكردنى رۆڵه‌كانى گه‌لى عێراق له‌پێناو به‌رگریكردن له‌ وڵات. به‌وشێوه‌یه‌ش له‌ مانگى حوزه‌یرانى 2014دا فه‌تواى ناسراو به‌ "فه‌تواى جیهادى كیفائى" راگه‌یه‌ندرا و له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ هێزى خۆبه‌خش له‌ ناوچه‌ زۆرینه‌ شیعى نشینه‌كانى باشوور و به‌سه‌رپه‌رشتى راسته‌وخۆى پارت و هێزه‌ سیاسیه‌ ئیسلامییه‌كانى وه‌ك (رێكخراوى به‌در، ره‌وتى ئه‌هلى حه‌ق و ره‌وتى سه‌دڕ) پێكهێنران. 
هاوكات دامه‌زراوه‌ ئاینییه‌كانى وه‌ك ئیداره‌ى عه‌ته‌به‌ى عه‌باسى هێزى سه‌ربازییان پێكهێنا و به‌شدارییان له‌ پێشكه‌شكردنى پاڵپشتى به‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان كرد، به‌تایبه‌ت پاش ئه‌و هه‌ره‌سه‌ گه‌وره‌یه‌ى به‌هۆى كه‌وتنى ناوچه‌یه‌كى به‌رفراوان له‌ ماوه‌یه‌كى كورت و راكردنى هه‌ندێك له‌ هێزه‌كانى هێڵى پێشه‌وه‌ دووچارى دامه‌زراوه‌ى ئه‌منى بووبۆوه‌. ئه‌وكات جه‌خت له‌وه‌ كرایه‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ گروپه‌ خۆبه‌خشه‌كان له‌ڕێگاى میكانیزمى فه‌رمى و به‌هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدارانى حكومى بچنه‌پاڵ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان، شانبه‌شانى ئه‌وه‌ پێویسته‌ كه‌سى خۆبه‌خش به‌مه‌به‌ستى چه‌ك هه‌ڵگرتن سه‌ردانى لایه‌نى په‌یوه‌ندیدارى فه‌رمى بكات و ره‌زامه‌ندى وه‌ربگرێت و ژماره‌ى كه‌سانى پێویستیش بۆ خۆبه‌خشكردن له‌لایه‌ن لایه‌نى فه‌رمییه‌وه‌ ده‌ستنیشان بكرێت. 
به‌ڵام كه‌س پابه‌ندى ئه‌و بڕیاره‌ نه‌بوو، به‌ڵكو هێزه‌كانى حه‌شدى شه‌عبى دوور له‌ چاودێریى دامه‌زراوه‌ ئه‌منییه‌كان پێكهێنرا و بۆ پاڵپشتیكردنى هێزه‌ حكومییه‌كان چوونه‌ جه‌نگى دژ به‌ داعشه‌وه‌، ئه‌م جۆره‌ سه‌رهه‌ڵدانه‌ش كاریگه‌ریى كرده‌ سه‌ر سروشتى پێكهاتن و راهێنان و بیروباوه‌ڕى سه‌ربازیى هێزه‌كانى حه‌شدى شه‌عبى، به‌جۆرێك كه‌ گۆڕا بۆ قه‌واره‌یه‌كى سه‌ربه‌خۆ و جیا له‌ سوپاى عێراقى، هه‌رئه‌وه‌ش بوو كه‌ وایكرد ره‌خنه‌كان دژ به‌ مانه‌وه‌ و به‌رده‌وامبوونى رۆڵى ئه‌و هێزانه‌ له‌پاش كۆتاییهاتنى جه‌نگى دژ به‌ رێكخراوى داعش توندتر بن و داواى كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ى ته‌واوى وڵات له‌لایه‌ن دامه‌زراوه‌ ئه‌منى و سه‌ربازییه‌كانى عێراقه‌وه‌ بكرێت. 
پاڵنه‌ره‌كانى بانگهێشتكردن بۆ لكاندنى میلیشیاكان به‌ ده‌وڵه‌ته‌وه‌: 
بانگهێشته‌كه‌ى سیستانى بۆ لكاندنى حه‌شدى شه‌عبى به‌ دامه‌زراوه‌ ئه‌منى و سه‌ربازییه‌كانه‌وه‌ هێنده‌ى گوشار دروستكردن بوو بۆ جێبه‌جێكردنى ئه‌و یاسایانه‌ى پێشتر په‌سه‌ندكرابوون هێنده‌ گۆڕانكارییه‌كى چاوه‌ڕواننه‌كراو نه‌بوو له‌ دیمه‌نى سیاسى عێراقدا، به‌وپێیه‌ى له‌ تشرینى دووه‌مى 2016دا یاساى حه‌شدى شه‌عبى په‌سه‌ندكرا و مادده‌كانى جه‌ختیان له‌ به‌ستنه‌وه‌ى حه‌شدى شه‌عبى به‌ فه‌رمانده‌ى گشتى هێزه‌ چه‌كداره‌كان (سه‌رۆك وه‌زیران) و داڕشتنى پێكهاته‌كه‌ى له‌ فه‌رمانده‌یى و ده‌سته‌ى ئه‌ركان و لیوا شه‌ڕكه‌ره‌كان و ملكه‌چبوونى ئه‌و پێكهاته‌یه‌ بۆ یاسا سه‌ربازییه‌كان كرده‌وه‌، هه‌روه‌ها جه‌ختیان له‌ گونجاندنى بارودۆخى شه‌ڕكه‌ره‌كان به‌پێى یاساى دامه‌زراوه‌ ئه‌منییه‌كان له‌ڕووى پله‌ و مووچه‌ و ده‌رماڵه‌ و ته‌واوى ماف و ئه‌ركه‌كان كرده‌وه‌، هاوكات دووپاتكرایه‌وه‌ كه‌ ده‌بێت په‌یوه‌ندى شه‌ڕكه‌رانى ده‌سته‌ى حه‌شدى شه‌عبى له‌گه‌ڵ پارت و دامه‌زراوه‌ سیاسییه‌كان بپچڕێنرێت و رێگا نه‌درێت ئه‌و شه‌ڕكه‌رانه‌ به‌شداریى كارى سیاسیى بكه‌ن. 
ئامانجى سه‌ره‌كیى ئه‌و یاسایه‌ش زامنكردنى جێبه‌جێكردنى مادده‌ى "9"ـى ده‌ستوورى عێراقى بوو، كه‌ قه‌ده‌غه‌ى پێكهێنانى هه‌ر میلیشیایه‌كى چه‌كدار له‌ ده‌ره‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاتى ده‌وڵه‌ت ده‌كات، چونكه‌ دابه‌شكردنى هێز له‌ پارێزگاكاندا به‌ته‌نها له‌ده‌سه‌ڵاتى فه‌رمانده‌ى گشتى هێزه‌ چه‌كداره‌كانه‌ و دامه‌زراندنى فه‌رمانده‌ى فیرقه‌ش به‌ڕه‌زامه‌ندى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌ران و به‌پشت به‌ستن به‌ مادده‌ى ده‌ستوورى ئه‌نجام ده‌درێت، ئه‌مه‌ش به‌و مانایه‌ى كه‌ نابێت هیچ قه‌واره‌یه‌كى سه‌ربازى له‌ ده‌ره‌وه‌ى سوپاى عێراقى یاخود له‌ ده‌ره‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاتى سه‌رۆك وه‌زیران بوونى هه‌بێت. 
بانگهێشته‌كه‌ى ئه‌م دواییانه‌ى سیستانى – یش له‌ مانگى كانونى یه‌كه‌مدا جه‌ختكردنه‌وه‌یه‌ له‌سه‌ر راده‌ستكردنه‌وه‌ى چه‌كى شه‌ڕكه‌رانى به‌شدار له‌ جه‌نگى دژ به‌ رێكخراوى داعش و پێویستیى لكاندنیان به‌ دامه‌زراوه‌كانى ده‌وڵه‌ته‌وه‌، تا دووپاتى بكاته‌وه‌ كه‌ هاوشان له‌گه‌ڵ پاشه‌كشه‌ى هه‌ڕه‌شه‌كانى داعشدا پێویسته‌ كۆتایى به‌ دۆسیه‌ى حه‌شدى شه‌عبى بهێنرێت. لاى خۆیشیه‌وه‌ سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق "حه‌یده‌ر عیبادى" پێشوازى له‌و بانگهێشته‌ كرد، جگه‌ له‌وه‌ى هه‌ریه‌ك له‌ شێخ "قه‌یس خه‌زعه‌لى" پێشه‌واى عه‌سائبى ئه‌هلى حه‌ق و "موقته‌دا سه‌دڕ" پێشه‌واى ره‌وتى سه‌دڕ – یش پشتیوانى خۆیان بۆ ملكه‌چبوونى هێزه‌كانیان بۆ ده‌سه‌ڵات و له‌ژێر فه‌رمانه‌كانى سه‌رۆك وه‌زیران و دامه‌زراوه‌كانى ده‌وڵه‌ت ده‌ربڕى. 
ئه‌م بایه‌خدانه‌ش به‌ لكاندنى میلیشیاكان به‌ سوپاى عێراقى و دامه‌زراوه‌ ئه‌منییه‌كان، ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ چه‌ند هۆكارێك، له‌سه‌رووشیانه‌وه‌ ترس له‌ قۆستنه‌وه‌ى دۆسیه‌ى حه‌شد و رۆڵى له‌ سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر داعشدا بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كان، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ى كه‌ ده‌سته‌بژێرى عێراقى پێویستى به‌ ره‌تكردنه‌وه‌ى ئه‌و تۆمه‌تانه‌یه‌ كه‌ باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن میلیشیا چه‌كداره‌كان و له‌سه‌رووشیانه‌وه‌ هێزه‌كانى حه‌شدى شه‌عبى سنوور به‌زێنن و فه‌رمانه‌كانیان له‌ لایه‌نى ده‌ره‌كى و به‌تایبه‌ت ئێرانه‌وه‌ وه‌رده‌گرن. 
زیادبوونى ئه‌و تۆمه‌تانه‌ش به‌نده‌ به‌ به‌شداریى هێزه‌كانى حه‌شدى شه‌عبى له‌ جه‌نگى سوریا، كه‌ ئه‌وه‌ش له‌لایه‌ن حكومه‌تى عێراقییه‌وه‌ ره‌تده‌كرێته‌وه‌ و وه‌هاى له‌قه‌ڵه‌مى ده‌دات كه‌ دژ به‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى ده‌وڵه‌ته‌، به‌وپێیه‌ى ئه‌و به‌شداریكردنه‌ ده‌بێته‌ هۆى هه‌ڵكشانى فشاره‌ هه‌رێمى و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له‌سه‌ر عێراق و ره‌نگه‌ گرژبوونى په‌یوه‌ندیشى له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تانى دراوسێ لێبكه‌وێته‌وه‌، جگه‌ له‌وه‌ى كه‌ ده‌بێته‌ هۆى زیادبوونى هه‌ڕه‌شه‌ بۆسه‌ر ئاسایشى سنووره‌كانى وڵات، كه‌ ئه‌مه‌ش هاته‌دى كاتێك له‌ مانگى ئابى 2017دا حیزبوڵڵا رێككه‌وتنێكى له‌گه‌ڵ رێكخراوى داعش كرد و به‌وهۆیه‌شه‌وه‌ ئه‌ندامانى داعش له‌ ناوچه‌ى "جرود عرسال"ـى سنوورى لوبنان – سوریاوه‌ گوێزرانه‌وه‌ بۆ "دێره‌زور"ـى نزیك سنوورى سوریا – عێراق و له‌ئاكامدا ناڕه‌زایه‌تى سه‌رجه‌م سه‌ركرده‌ و ره‌وته‌ سیاسییه‌ عێراقییه‌كانى لێكه‌وته‌وه‌ له‌پێش هه‌مووشیانه‌وه‌ سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق "حه‌یده‌ر عیبادى". 
له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا، پێشبینى ده‌كرێت په‌یوه‌ندیى نێوان میلیشیاكانى حه‌شدى شه‌عبى و سوپاى پاسدارانى ئێرانى رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى سه‌ربازیى له‌نێوان حه‌شد و هێزه‌ ئه‌مریكییه‌كانى نێو عێراق به‌دواى خۆیدا بهێنێت، به‌وپێیه‌ى ئه‌مریكا سوپاى پاسدارانى ئێرانى به‌ دوژمن هه‌ژمار ده‌كات، به‌تایبه‌ت گه‌ر بارگرژى نێوان ئه‌مریكا و ئێران بگاته‌ ئاستى رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى سه‌ربازى. ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ هه‌ڵكشانى ئه‌و پێشێلكارییانه‌ى هه‌ندێك ئه‌ندامى حه‌شدى شه‌عبى ئه‌نجامى ده‌ده‌ن، وه‌ك ته‌قه‌كردن له‌ خۆپیشاندنى مه‌سیحییه‌كانى پارێزگاى نه‌ینه‌وا له‌ مانگى كانونى یه‌كه‌مى 2017دا. 
ئاڵنگارییه‌كانى لكاندنى حه‌شدى شه‌عبى:
پرۆسه‌ى لكاندنى حه‌شدى شه‌عبى به‌ په‌یكه‌رى هێزه‌ حكومییه‌كان و دامه‌زراوه‌ مه‌ده‌نییه‌كانه‌وه‌ یه‌كه‌م پرۆسه‌ى لكاندنى میلیشیاكان نییه‌ به‌ جه‌سته‌ى ده‌وڵه‌ته‌وه‌، به‌وپێیه‌ى ژماره‌یه‌كى زۆر له‌ شه‌ڕكه‌رانى لایه‌نگرى رژێمى پێشوو له‌پاش رووخانى سه‌دام حسێن له‌ ساڵى 2003 لكێنران به‌ دامه‌زراوه‌كانى ده‌وڵه‌ته‌وه‌، وه‌ك: لكاندنى هێزه‌كانى كۆنگره‌ى نیشتمانى و فه‌یله‌قى به‌در و چه‌ندین پێكهاته‌ى سه‌ربازیى تر، كه‌ دواجار هه‌ر ئه‌و پێكهاتانه‌ بوون كه‌ بوونه‌ بناغه‌ى دامه‌زراندنه‌وه‌ى سوپا و پۆلیس له‌ قۆناغى دواى ساڵى 2003دا. سه‌ربارى ئه‌زموونى عێراقیش له‌و بواره‌دا، به‌ڵام چه‌ندین ئاڵنگاریى هه‌ن كه‌ رووبه‌ڕووى لكاندنى حه‌شدى شه‌عبى ده‌بنه‌وه‌، له‌سه‌رووشیانه‌وه‌: 
1. زامنكردنى دڵسۆزى: ئه‌سته‌مه‌ زامنى دڵسۆزیى ئه‌و میلیشیایانه‌ به‌رامبه‌ر ده‌وڵه‌ت و ده‌ستوور بكرێت، به‌وپێیه‌ى ئه‌گه‌رى هه‌یه‌ دڵسۆزییان هه‌ر بۆ ئه‌و لایه‌نه‌ سیاسى و ئاینییانه‌ بێت كه‌ لێوه‌ى هاتوون، هاوكات قورسه‌ ملكه‌چ و پابه‌ندبكرێن به‌ یاسا سه‌ربازییه‌كانه‌وه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ى هیچ گه‌ره‌نتییه‌ك نییه‌ هاوشێوه‌ى هه‌ر پێكهاته‌یه‌كى ئه‌منى فه‌رمیى ملكه‌چى ئه‌و سزایانه‌ بن كه‌ ئاڕاسته‌یان ده‌كرێت. 
2. هه‌ڕه‌شه‌ى لێكترازان: ره‌نگه‌ له‌ ئه‌گه‌رى شكستهێنانى لكاندنى میلیشیاكاندا، هه‌ڕه‌شه‌ بۆسه‌ر یه‌كگرتوویى هێزه‌ چه‌كداره‌ عێراقییه‌كان دروست ببێت، ئه‌ویش به‌هۆى هه‌وڵدانى هه‌ندێك له‌ ئه‌ندامانى ئه‌و میلیشیایانه‌ بۆ یاخیبوون له‌ دامه‌زراوه‌ سه‌ربازییه‌كان و پێكهێنانى قه‌واره‌ى سه‌ربه‌خۆ به‌جۆرێك كه‌ گوزارشت له‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى و به‌رگرى له‌ دید و بیروباوه‌ڕى سه‌ربازیى خۆى بكات. واتا لكاندنى ته‌واوه‌تیى ئه‌و میلیشیایانه‌ پێویستى به‌وه‌ هه‌یه‌ وه‌ك تاكێك مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ شوێنكه‌وتووانیان بكرێت و پێكهاته‌ و دامه‌زراوه‌كانیان هه‌ڵبوه‌شێنرێته‌وه‌ و سه‌رجه‌م باره‌گاكانیان راده‌ستى ده‌وڵه‌تى عێراقى بكه‌نه‌وه‌. 
3. په‌یوه‌ندى له‌گه‌ڵ ئێران: هه‌ندێك له‌و میلیشیایانه‌ى به‌ستراونه‌ته‌وه‌ به‌ مه‌رجه‌عیه‌تى سیاسى و ئایینى ده‌ره‌وه‌ى عێراقه‌وه‌، به‌رده‌وام په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ لایه‌نى ده‌ره‌كى و له‌سه‌رووشیانه‌وه‌ ئێراندا هه‌یه‌، بۆ ماوه‌یه‌كى زۆریش ئێران له‌ڕێگاى پڕچه‌ككردن و راهێنانه‌وه‌ پاڵپشتى حه‌شدى شه‌عبى كردووه‌، بۆیه‌ له‌ ئه‌گه‌رى دوورخستنه‌وه‌ى ئه‌و میلیشیایانه‌ له‌ قه‌ڵه‌مڕه‌وى ئێرانى، له‌سه‌ر عێراق پێویست ده‌بێت هاوبه‌شه‌ سیاسى و هاوپه‌یمانه‌ هه‌رێمى و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و له‌سه‌رووشیانه‌وه‌ ئه‌مریكا به‌وه‌ قایل بكات كه‌ حه‌شد نوێنه‌رایه‌تى عێراق ده‌كات نه‌وه‌ك لایه‌نى دیكه‌. 
4. گرفتى دارایى: هه‌ندێك له‌ ئاماره‌كان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌ده‌ن كه‌ ژماره‌ى میلیشیاكان به‌ نزیكه‌ى 120 هه‌زار چه‌كدار مه‌زه‌نده‌ ده‌كرێت، هه‌ربۆیه‌ حكومه‌تى عێراقى پێویستى به‌ زیادكردنى به‌شه‌ بودجه‌ى هێز ئه‌منییه‌كان هه‌یه‌، به‌دیاریكراویش مووچه‌ و تێچووى پرۆسه‌ى ئاماده‌كردن و پڕچه‌ككردن و راهێنان، كه‌ ئه‌وه‌ش له‌سایه‌ى ئه‌و ده‌ست پێوه‌گرتنه‌وه‌ى حكومه‌ت بۆ رێكخستنى خه‌رجییه‌كان گرتوویه‌تیه‌به‌ر، به‌ كارێكى ئه‌سته‌م داده‌نرێت. 
له‌كۆتاییدا، چاوخشاندنه‌وه‌ به‌ دیمه‌نى سیاسیى عێراقى په‌رده‌ له‌سه‌ر جۆرێك له‌ هاوڕابوون له‌نێوان مه‌رجه‌عیه‌تى ئایینى نه‌جه‌ف به‌ رابه‌رایه‌تى "سیستانى" و سه‌رۆكایه‌تى حكومه‌ت به‌ نوێنه‌رایه‌تى حه‌یده‌ر عیبادى هه‌ڵده‌ماڵێت، كه‌ ئه‌وه‌ش وا له‌هه‌ردوولا ده‌كات سووربن له‌سه‌ر هێشتنه‌وه‌ى دۆسیه‌ى حه‌شدى شه‌عبى له‌ده‌ستى دامه‌زراوه‌كانى ده‌وڵه‌تى عێراقى و به‌رگرتن به‌ ئاڵنگارییه‌كانى به‌رده‌م پرۆسه‌ى لكاندنى حه‌شد به‌ئامانجى گێڕانه‌وه‌ى یه‌كگرتوویى و هێزى دامه‌زراوه‌ سه‌ربازییه‌كان. 

زۆرترین خوێندراوە


political studies copyright 2017 © . All right reserved Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure