هۆكار و بنه‌ما كاریگه‌رو به‌هێزه‌كانی نفوزی ئێران و ده‌ستوه‌ردانه‌كانی له‌ باشوری كوردستان

02/06/2018

:: بێ نوسەر ناوه‌ندی كوردستان بۆ توێژینه‌وه‌ له‌ململانێ و قه‌یرانه‌كان
نوسینی: ئه‌ركان ئه‌حمه‌د جاف

پوخته‌: 
په‌یوه‌ندیه‌كانی كورد و ئێران ڕیشه‌یه‌كی قوڵی میژویی و فه‌رهه‌نگی هه‌یه‌ و ده‌توانرێت بگه‌ڕێنرێته‌وه‌ بۆ چه‌ندین سه‌ده‌ پێش زایین. ئه‌م په‌یوه‌ندیانه‌ چه‌ندین هه‌ڵكشان و داشكانی به‌ خۆیه‌وه‌ دیوه‌. ئێران به‌ دریژایی میژوی خۆی هه‌ولی ئه‌وه‌یداوه‌ كه‌ په‌یوه‌ندیه‌كانی له‌گه‌ڵ كورده‌كان نه‌پچڕێنی و به‌ هه‌رشێوه‌یه‌ك بووه‌ هه‌ژمونی خۆی له‌سه‌ر كوردستان به‌هیز بكات. 
دوای جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌م و دابه‌شبوونی كووردستان بۆ چواربه‌ش، سێ به‌شی ده‌كه‌وێته‌ ده‌ره‌وه‌ی سنوره‌كانی وڵاتی نویی ئێران. به‌ڵام به‌هۆی سنوری فراوانی نێوان ئێران و عێراق، ئێران به‌رده‌وام له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌دابووه‌ كه‌ به‌هه‌رشێوه‌یه‌ك بووه‌ په‌یوه‌ندیه‌كانی له‌گه‌ڵ كوردستانی عێراق به‌رده‌وام بێت و له‌ ململانیكانیدا له‌ دژی ده‌وڵه‌تی عێراق، سودی لێوه‌ربگرێت. ده‌توانیرێت بوتریت كه ئێران‌ تاراده‌یه‌كی زۆر سه‌ركه‌وتوو بووه‌ له‌ گه‌یشتن به‌ ئامانجه‌كانی و توانیویه‌تی به‌ڕیكه‌وتنی جه‌زائیری ساڵی 1975 ئامانجه‌كانی خۆی به‌دی بهێنێت.
دوای سه‌ركه‌وتنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران له‌ساڵی 1979، هه‌ڵگیرسانی جه‌نگی ئێران و عێراق، خولیكی دیكه‌ی په‌یوه‌ندیه‌كانی ئێران و كوردستانی عێراق ده‌ست پێده‌كاته‌وه‌. ئه‌م په‌یوه‌ندیانه‌ له‌دوای ڕاپه‌ڕینی كورده‌كان له‌ عێراق له‌ ساڵی 1991، پێده‌نێنه‌ قۆناغێكی نوێوه‌ و تا ڕوخاندنی حكومه‌تی به‌عسی عێراق له‌ ساڵی 2003 به‌رده‌وام ده‌بێت. دواتر قۆناغی نوێی دوای ڕژێمی سه‌دام حسێن ده‌ستپێده‌كات و سه‌ره‌ڕای تێپه‌ڕاندنی چه‌ند هه‌وراز و نشێوییه‌ك، تا ئێسته‌ش ئه‌و په‌یوه‌ندیانه‌ به‌رده‌وامی هه‌و له‌ ئێستاشدا هه‌ژمونی ئێران، له‌هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وامه‌ و پێگه‌یه‌كی به‌هێز و كاریگه‌ری له‌ ئاڕاسته‌كردنی سیاسه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌.
به‌شێوه‌یه‌كی گشتی ڕێبازی لێكۆڵینه‌وه‌ی ئه‌م توێژینه‌وه‌یه‌ بریتییه‌ له‌ مێژویی شیكاری و كۆكردنه‌وه‌ی زانیاریه‌كان، ئه‌ویش به‌ پشت به‌ستوو به‌ سه‌رچاوه‌ی جیاوازی كتێب و گۆڤار و سایته‌كانی ئه‌نته‌رنێت. پرسیاری بنه‌ڕه‌تی ئه‌م توێژینه‌وه‌یه‌ بریتیه‌ له‌وه‌ی كه‌ هۆكار و بنه‌ما كاریگه‌ره‌كانی نفوز و ده‌ستوه‌ردانی ئێران له‌ باشوری كوردستان كامانه‌ن؟ تاچه‌نده‌ كاریگه‌رییان هه‌یه‌ له‌ فراوان بوونی هه‌ژمون و ده‌ستوه‌ردانی زیاتری ئێران له‌ هه‌رێمی كوردستان؟ پرسیاری‌ لاوه‌كیش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ تاچه‌نده‌ ئه‌و هۆكار و بنه‌مایانه‌ كاریگه‌رییان له‌سه‌ر به‌هیزی و به‌رده‌وامی یان بچراندن و لاوازی په‌یوه‌ندیه‌كانی ئێران و هه‌رێمی كوردستان ده‌بێت؟ ئایا ده‌توانرێت كۆتایی به‌ نفوز و ده‌ستوه‌ردانه‌كانی ئێران بهێنرێت له‌ هه‌رێمی كوردستان؟ وه‌ڵامی گریمانه‌یی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ زه‌مینه‌سازی و ڕه‌خساندنی هه‌لی گونجاو له‌لایه‌ن خودی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌، به‌رده‌وام هۆكار بووه‌ بۆ به‌هێزی په‌یوه‌ندیه‌كانی هه‌ردولا له‌لایه‌ك و به‌هێزبوونی نفوز و ده‌ستوه‌ردانی زیاتری ئێران له‌ هه‌ریمی كوردستان.
چه‌مكه‌ بنه‌ڕه‌تیه‌كان: كورد، ئێران، هه‌ریمی كوردستانی عێراق، كۆماری ئیسلامی ئێران، هه‌ژمونخوازی ئێران له‌ هه‌رێمی كوردستان، هۆكاره‌كانی نفوز و ده‌ستوه‌ردانی ئێران له‌ هه‌رێمی كوردستان.

بۆ خوێندنه‌وه‌و داگرتنی ئه‌م بابه‌ته‌ کلیک لێرە بکە

زۆرترین خوێندراوە


political studies copyright 2017 © . All right reserved Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure