::
بێ نوسەر
ناوه‌ندی كوردستان بۆ توێژینه‌وه له‌ململانێ و قه‌یرانه‌كان
نووسینى: خورشید ده‌لى
له 18ـى نیسانى رابردوو سه‌رۆكى توركیا "ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگان" ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆكایه‌تى و په‌رله‌مانیى پێشوه‌خته‌ى له 24ـى حوزه‌یران راگه‌یاند، ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدا كه ئه‌نقه‌ره له قه‌یرانێكى حكومى یاخود سیاسى یان ده‌ستووریى وه‌هادا نه‌بوو تا له‌ڕێگاى ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌وه چاره‌سه‌ر بكرێت. به‌ڵكو واده‌ى بانگه‌وازكردن بۆ هه‌ڵبژاردنێكى پێشوه‌خته ئاماژه‌ى جیاواز هه‌ڵده‌گرێت، ره‌نگه گرنگترینیان درككردنى ئه‌ردۆگان بێت به گرنگیى واده‌كه بۆ به‌دیهێنانى ئه‌و سه‌ركه‌وتنه‌ى ده‌یه‌وێت له‌سه‌ر حسابى ئۆپۆزسیۆنى په‌رته‌وازه‌ى وڵات بۆخۆى تۆمارى بكات.
پرسى گۆڕینى سیستمى وڵاتیش بۆ سه‌رۆكایه‌تى كرۆكى بانگه‌وازه‌كه‌ى سه‌رۆكى توركیایه بۆ ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆكایه‌تى پێشوه‌خته، ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدا كه حكومه‌ته‌كه‌ى پارتى داد و گه‌شه‌پێدان كۆنترۆڵى تواناكانى ده‌وڵه‌تى توركیاى له‌ڕووى سیاسى و ئابوورى و میدیایى و هه‌تا دواییه‌وه كردووه، كه ئه‌وه‌ش له‌سایه‌ى رێكنه‌كه‌وتنى پارته‌كانى ئۆپۆزسیۆنه‌وه له‌سه‌ر یه‌ك كاندید بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى، ده‌رفه‌تى زیاترى بردنه‌وه به ئه‌ردۆگان ده‌به‌خشێت، هه‌ربۆیه ئه‌و چوارچێوه‌یه‌ى هه‌ڵبژاردنى داهاتووى تێدا ئه‌نجام ده‌درێت، هیچ كێبڕكێیه‌كى تێدا نابێت.
پاڵنه‌رى جۆراوجۆر
بانگه‌وازكردن بۆ ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته له شه‌ڕێكى سیاسیى نوێ‌دا كه ئه‌ردۆگان ده‌یه‌وێت له‌ڕێگایه‌وه سه‌ركردایه‌تى قۆناغى داهاتوو بكات، هۆكارى و ئامانجى جۆراوجۆرى هه‌یه، گرنگترینیان بریتیین له:
1. ئه‌ردۆگان پێى وایه له‌دواى ئه‌و ئۆپه‌راسیۆنه سه‌ربازییه‌ى به داگیركردنى عه‌فرین كۆتایى هات، له‌ئێستادا ئاستى جه‌ماوه‌رییه‌كه‌ى له لوتكه‌دایه، چونكه ئۆپه‌راسیۆنه‌كه چاوى نه‌ته‌وه‌په‌رسته توركه‌كانى به‌ره‌و لاى ئه‌و - وه‌ك قاره‌مانێكى نه‌ته‌وه‌یى وه‌ها كه سنوور ده‌پارێزێت و به‌رزخوازییه مێژووییه‌كانیان به‌دى ده‌هێنێت – وه‌رگێڕا، به‌وپێیه‌ى نه‌ته‌وه‌په‌رسته توركه‌كان ئاره‌زووى كۆنترۆڵكردنى حه‌ڵه‌ب و موسڵ – یش ده‌كه‌ن، ته‌نانه‌ت گه‌ر له‌ژێر ئاڵاى ئه‌و عوسمانیه‌ته نوێیه‌شدا بێت كه سه‌رۆك وه‌زیرانى پێشووى توركیا "ئه‌حمه‌د داود ئۆغلۆ" نوقڵانه‌ى بۆ لێدا. هه‌ربۆیه ئه‌ردۆگان هه‌وڵده‌دات ئه‌و ده‌ستكه‌وته سه‌ربازییه بگۆڕێت بۆ ده‌ستكه‌وتێكى سیاسیى وه‌ها كه له‌ناوخۆدا له‌به‌رژه‌وه‌ندى ده‌سه‌ڵات و پارت و دیدگاكه‌ى بێت بۆ ئاینده‌ى توركیا.
2. له به‌رامبه‌ر ئه‌م هه‌ستكردنه به سه‌ركه‌وتن، ترس هه‌یه له‌و گۆڕانكارییه نه‌رێنییه زۆرانه‌ى كه ره‌نگه له قۆناغى داهاتوودا ته‌نگ به بنكه جه‌ماوه‌رییه‌كه‌ى هه‌ڵبچنن، ئه‌وه‌تا له‌سه‌ر ئاستى ئابوورى، ترسێك هه‌یه كه رۆژ له‌دواى رۆژ زیاد ده‌كات به‌وه‌ى وڵات له‌سایه‌ى داڕمانه یه‌ك له‌دوا یه‌كه‌كانى نرخى لیره له‌به‌رامبه‌ر دۆلار، زیادبوونى قه‌باره‌ى قه‌رزه ناوخۆیى و ده‌ره‌كییه‌كان، هه‌ڵهاتنى وه‌به‌رهێنان له وڵات و داكشانى تواناى كڕینى هاووڵاتیانى توركیا سه‌ربارى هه‌ڵكشانى داهاتى تاك و هه‌بوونى ده‌نگۆى بوژاندنه‌وه‌ى ئابوورى، بكه‌وێته نێو قه‌یرانێكى ئابووریى خنكێنه‌ره‌وه، ئه‌وه‌ش دڵه‌ڕاوكێیه‌كى گه‌وره‌ى بۆ حكومه‌ته‌كه‌ى پارتى داد و گه‌شه‌پێدان دروستكردووه، به‌تایبه‌ت له‌كاتێكدا كه ترسى ئه‌وه‌ى هه‌یه سه‌رجه‌م ئه‌و هۆكارانه‌ى سه‌ره‌وه لێكه‌وته‌ى كاره‌ساتبارى له‌سه‌ر بنكه‌ى جه‌ماوه‌ریى ئه‌و پارته هه‌بێت.
3. هه‌ستى ئه‌ردۆگان و هاوڕێكه‌ى "ده‌وڵه‌ت باخچه‌لى" سه‌رۆكى پارتى بزووتنه‌وه‌ى نه‌ته‌وه‌یى (مه‌هه‌په) به‌وه‌ى كاتى ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردن بۆ قۆستنه‌وه‌ى په‌رته‌وازه‌یى ئۆپۆزسیۆن گرنگه، به‌تایبه‌ت له‌كاتێكدا كه ترس له هه‌ڵكشانى ئه‌ستێره‌ى پارتێكى نه‌ته‌وه‌یى نوێ (ئیى پارتى) به‌سه‌رۆكایه‌تى میراڵ ئاكشینێر له‌ئارادایه، ئه‌و سه‌ركرده‌یه‌ى له پارتى بزووتنه‌وه‌ى نه‌ته‌وه‌یى جیابۆوه و له‌ماوه‌یه‌كى كورتدا توانى نه‌ته‌وه‌په‌رست و كۆنه‌پارێزه‌كان به‌لاى خۆیدا رابكێشێت، به‌وپێیه‌ى راپرسییه‌كان ئاماژه به‌وه ده‌ده‌ن كه پارته‌كه‌ى به‌ربه‌ستى 10% بۆ چوونه نێو په‌رله‌مان تێده‌په‌ڕێنێت، به‌و مانایه‌ى پارتى بزووتنه‌وه‌ى نه‌ته‌وه‌یى – هاوپه‌یمانى ئه‌ردۆگان – ده‌چێته ده‌ره‌وه‌ى په‌رله‌مان. ئه‌مه جگه له‌و ترسه‌ى له هاوپه‌یمانێتى نێوان پارته‌كانى ئۆپۆزسیۆن بۆ خستنى حكومه‌ته‌كه‌ى داد و گه‌شه‌پێدان هه‌یه.
4. ئاره‌زووى ئه‌ردۆگان بۆ گۆڕینى ته‌واوه‌تیى سیستمى وڵات بۆ سه‌رۆكایه‌تى به‌بێ چاوه‌ڕێكردنى ئه‌و واده‌یه‌ى له هه‌ڵبژاردنى تشرینى دووه‌مى ساڵى رابردوودا بڕیارى له‌سه‌ر درا، به‌وپێیه‌ى ئه‌ردۆگان پێى وایه ره‌نگه مه‌ترسى و ئاڵنگارییه‌كانى ئه‌و واده‌یه ره‌نگدانه‌وه‌ى له‌سه‌ر بنكه جه‌ماوه‌رییه‌كه‌ى و هه‌لى سه‌ركه‌وتنى هه‌بێت، هه‌ربۆیه واده‌ى هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌ى به‌ڕاده‌یه‌ك پێش خست كه ته‌نانه‌ت خودى پارتى داد و گه‌شه‌پێدانیشى سه‌رسام كرد.
5. قه‌باره‌ى بێزاریى شه‌قامى توركى به‌رامبه‌ر ره‌فتاره‌كانى حكومه‌ته‌كه‌ى پارتى داد و گه‌شه‌پێدان له‌ڕووى ده‌ستگیركردن و رێكاره زۆره‌ملێكانى دژ به ئازادى راده‌ربڕین، رۆژنامه‌گه‌رى، پارته‌كان، په‌رله‌مانتار و چالاكوانه‌كان له‌دواى كوده‌تا سه‌ربازییه شكستخواردووه‌كه‌ى هاوینى 2016 رووى له‌زیادبوون كردووه، به‌جۆرێك كه چیتر پاساوى به‌گژداچوونه‌وه‌ى تێرۆر كه‌س قایل ناكات، نه له ناوخۆ و له ده‌ره‌وه.
هه‌ربۆیه ده‌كرێت بڵێین هه‌نگاوى بانگه‌وازكردن بۆ هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته له‌چاوى "ئه‌ردۆگان"دا هه‌م ده‌رچه‌یه‌كى ده‌ستوورى و یاساییه بۆ نوێكردنه‌وه‌ى فه‌مانڕه‌وایه‌تییه‌كه‌ى و هه‌میش وه‌رچه‌رخانێكى خێرایه به‌ره‌و سیستمى سه‌رۆكایه‌تى، ئه‌و سیستمه‌ى كۆتایى به توركیاى كه‌مالیزم ده‌هێنێت و عوسمانیه‌تى نوێ دێنێته ئاراوه.
هه‌ڵبژاردنێك له‌ژێر كۆنترۆڵدا
چه‌ند خاڵێكى گرنگ هه‌یه كه وا ده‌كات هه‌ڵبژاردنه‌كانى توركیا كێبڕكێى تێدا نه‌بێت، كه ئه‌وه‌ش كاریگه‌ریى ده‌كاته سه‌ر رێڕه‌وى پرۆسه‌كه و ئه‌و هه‌ڵمه‌تى هه‌ڵبژاردنه‌ى پێشوه‌خت ده‌ستى پێكردووه، ئه‌وانیش خۆیان له‌مانه‌دا ده‌بیننه‌وه:
1. هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌سایه‌ى ئه‌و باره نائاساییه‌دا به‌ڕێوه‌ده‌چێت كه نزیكه‌ى دوو ساڵه له وڵات‌دا به‌رقه‌راره، به‌دیاریكراوى له‌دواى كوده‌تا سه‌ربازییه شكستخواردووه‌كه‌ى هاوینى 2016ه‌وه.
2. ئه‌م هه‌ڵبژاردنه له‌سایه‌ى كۆنترۆڵكردنى زۆربه‌ى هه‌ره زۆرى تواناكانى ده‌وڵه‌تى توركیا له‌لایه‌ن پارتى داد و گه‌شه‌پێدانه‌وه به‌ڕێوه‌ده‌چێت، گه‌ر هه‌مووى نه‌بێت، ئه‌وه‌نده‌ش به‌سه ئاماژه به‌وه بده‌ین كه ئه‌و حكومه‌ته كۆنترۆڵى نزیكه‌ى 90%ـى زۆربه‌ى ده‌زگاكانى راگه‌یاندنى وڵاتى كردووه، به‌جۆرێك كه ئه‌و ده‌زگایانه زۆرینه‌ى رووماڵه‌كانى هه‌ڵبژاردنیان بۆ سه‌ركرده‌كانى پارتى داد و گه‌شه‌پێدان ته‌رخانكردووه، كه ئه‌وه‌ش پاڵى به ئۆپۆزسیۆنه‌وه ناوه بانگه‌واز بۆ خۆپیشاندان له‌به‌رده‌م باره‌گاى ئه‌و راگه‌یاندنانه بكات گه‌ر بوارێكى گونجاو له رووماڵه‌كانیاندا بۆ ئه‌وانیش ته‌رخان نه‌كه‌ن.
3. ئه‌م هه‌ڵبژاردنه له‌سایه‌ى زۆرینه‌ى په‌رله‌مانیى هاوپه‌یمانێتى پارتى داد و گه‌شه‌پێدان و پارتى بزووتنه‌وه‌ى نه‌ته‌وه‌یى له‌به‌رامبه‌ر كه‌مینه‌ى په‌رله‌مانیى پارتى گه‌لى كۆماریى ئۆپۆزسیۆندا به‌ڕێوه‌ده‌چێت، ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدا كه ژماره‌یه‌كى زۆرى په‌رله‌مانتارانى پارتى دیمو‌كراتى گه‌لانى نزیكى كورد به‌پاساوى بوونى په‌یوه‌ندى له‌گه‌ڵ پارتى كرێكارانى كوردستاندا له زینداندان، ئه‌و پارته‌ى ئه‌نقه‌ره به تێرۆریست ریزبه‌ندى كردووه.
4. ئه‌م هه‌ڵبژاردنه له‌سایه‌ى ژماره‌یه‌ك یاساى نوێ‌دا به‌ڕێوه‌ده‌چێت، ئه‌و یاسایانه‌ى پارتى داد و گه‌شه‌پێدان دایڕشتوون و گه‌لێك گومانیان له‌چوارده‌ورى خۆیان كۆكردۆته‌وه، به‌تایبه‌ت له‌ڕووى هه‌ژماركردنى كارتى ده‌نگدانى مۆر نه‌كراو و مافى دامه‌زراندنى ئه‌ندامانى لیژنه‌كانى هه‌ڵبژاردن له‌لایه‌ن حكومه‌ت و رێگه‌دان به گواستنه‌وه‌ى سندوقه‌كانى ده‌نگدان له بازنه‌یه‌وه‌كه‌وه بۆ بازنه‌یه‌كى دیكه، به‌شێوه‌یه‌ك كه ئۆپۆزسیۆن پێى وایه ئه‌و یاسایانه ده‌رگا به‌ڕووى ساخته‌كارییه‌كى به‌رفراواندا ده‌كاته‌وه.
جیا له‌وه‌شى ئه‌و خاڵانه‌ى سه‌ره‌وه ترسى لاى ئۆپۆزسیۆن دروستكردووه، هاوكات دیمه‌نى هه‌ڵبژاردنى توركیاش له‌ئێستادا خۆى له‌به‌رده‌م دوو هاوپه‌یماندا ده‌بینێته‌وه:
هاوپه‌یمانێتى یه‌كه‌م (هاوپه‌یمانى گه‌ل): كه پارته‌كانى داد و گه‌شه‌پێدانى فه‌رمانڕه‌وا و بزووتنه‌وه‌ى نه‌ته‌وه‌یى په‌ڕگیر و "به‌به‌په"ـى راستڕه‌و له‌خۆده‌گرێت، به‌جۆرێك كه به‌ڕوونى دیاره بنكه‌ى جه‌ماوه‌ریى ئه‌و هاوپه‌یمانێتییه جه‌خت له هه‌ردوو ره‌هه‌ندى ناسیۆنالیزمى رادیكاڵى و ئیسلامى سیاسى ده‌كاته‌وه، ئه‌مه جگه له‌وه‌ى ئه‌و پارتانه رێككه‌وتوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى ئه‌ردۆگان بۆ هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆكایه‌تى كاندید بكه‌ن و باوه‌ڕیشیان وایه له گه‌ڕى یه‌كه‌مى ده‌نگداندا سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ستده‌هێنێت.
هاوپه‌یمانێتى دووه‌م (هاوپه‌یمانى نه‌ته‌وه): كه هه‌ریه‌ك له پارتى گه‌لى كۆماریى میراتگرى ئه‌تاتورك به‌سه‌رۆكایه‌تى "كه‌مال كلیچدار ئۆغلۆ" و ئیى پارتى به‌سه‌رۆكایه‌تى " میراڵ ئاكشینێر"، كه له پارتى بزووتنه‌وه‌ى نه‌ته‌وه‌یى جیابۆته‌وه و تاڕاده‌یه‌ك خۆى وه‌ك میانڕه‌وێكى نه‌ته‌وه‌خواز نیشانده‌دات، پارتى سه‌عاده‌ت به‌سه‌رۆكایه‌تى " ته‌مار قه‌ره‌مۆلا ئۆغلۆ"، كه خۆى به میراتگرى دامه‌زرێنه‌رى ئیسلامى سیاسیى توركیا "نه‌جمه‌دین ئه‌ربه‌كان" داده‌نێت، هه‌روه‌ها "ده‌په‌په" له‌خۆده‌گرێت.
جێگاى سه‌رنج لێدانیشه، كه پارته‌كانى نێو ئه‌و هاوپه‌یمانێتییه له‌سه‌ر یه‌ك كاندید بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى ئه‌ردۆگان پێكنه‌هاتن و بگره هه‌ریه‌كه‌یان كاندیدى تایبه‌ت به‌خۆى هه‌یه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كه هه‌ندێك پێیان رێكنكه‌وتنى ئۆپۆزسیۆن له‌سه‌ر كاندیدێك رێگا بۆ ئه‌ردۆگان خۆشده‌كات له گه‌ڕى یه‌كه‌مى ده‌نگداندا سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ستبهێنێت، به‌ڵام له به‌رامبه‌ردا هه‌ندێكى تر پێیان وایه ستراتیژى ئۆپۆزسیۆن پشتى به كه‌رت و په‌رتكردنى ده‌نگه‌كانى گه‌ڕى یه‌كه‌م به‌ستووه تا ئه‌ردۆگان له سه‌ركه‌وتن بێبه‌ش بكه‌ن و دواتر له‌سه‌ر كاندیدێك بۆ ركابه‌ریكردنى ئه‌ردۆگان له گه‌ڕى دووه‌مدا رێكبكه‌ون. ئه‌وه‌شى لێره‌دا جێگیره ئه‌وه‌یه كه ئه‌و پارتانه – سه‌ربارى ناكۆكییه‌كانیان – به‌ڵام له‌سه‌ر خستنى حكومه‌ته‌كه‌ى ئه‌ردۆگان كۆكن.
ده‌نگى كورد
وێڕاى ئه‌وه‌ى پارتى دیمو‌كراتى گه‌لان سه‌رۆكى زیندانیكراوى پێشووى خۆى "سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش"ـى بۆ هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆكایه‌تى توركیا كاندید كردووه، به‌ڵام له‌دواى ئه‌و هاوپه‌یمانێتیانه‌ى به‌بێ پارته‌كه‌ى پێكهێنراون، هیچ ده‌رفه‌تێكى راسته‌قینه له‌به‌رده‌م بردنه‌وه‌یدا نییه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا خاڵى گرنگ و جه‌وهه‌رى ئه‌وه‌یه كه ره‌نگه ده‌نگى كورد فاكته‌رێكى بایه‌خدار و یه‌كلاكه‌ره‌وه بێت له‌دیاریكردنى ناسنامه‌ى سه‌رۆكى داهاتوودا. به‌تایبه‌ت گه‌ر له گه‌ڕى یه‌كه‌مى ده‌نگداندا بابه‌ته‌كه یه‌ككاڵانه‌بێته‌وه، به‌وپێیه‌ى رێژه‌ى ده‌نگه‌كانى كورد به نزیكه‌ى 18%ـى تێكڕاى ده‌نگه‌كان مه‌زه‌نده ده‌كرێت، كه ئه‌وه‌ش له گه‌ڕى دووه‌مدا ده‌یكاته جێگاى كێبڕكێكردنى هه‌ردوو ركابه‌ره‌كه.
لاى خۆیشیه‌وه ئه‌ردۆگان ده‌ستیكردووه به هه‌وڵدان بۆ خۆنزیككردنه‌وه لێیان، به‌وپێیه‌ى ده‌ستودایه‌ره‌كه‌ى بانگه‌شه‌ى ئه‌وه ده‌كه‌ن كه ئه‌ردۆگان خۆى بۆ داڕشتنى پلانێكى گشتگیر به‌مه‌به‌ستى چاره‌سه‌ركردنى پرسى كورد له‌دواى هه‌ڵبژاردن ئاماده ده‌كات، ئه‌ویش به‌ئامانجى به‌ده‌ستهێنانى ده‌نگى كورد، ئه‌وه‌شى لێره‌دا جێگیره ئه‌وه‌یه كه ئه‌ردۆگان ترسى له‌وه هه‌یه ده‌نگى كورد بۆ ركابه‌ره‌كه‌ى بچێت، به‌تایبه‌ت دواى داگیركردنى شارى عه‌فرین و هه‌ڵوێسته نه‌رێنییه‌كه‌ى به‌رامبه‌ر ریفراندۆمه‌كه‌ى هه‌رێمى كوردستانى عێراق و كوده‌تاكردنى به‌سه‌ر پرۆسه‌ى ئاشتى له‌گه‌ڵ پارتى كرێكارانى كوردستان و هه‌روه‌ها به‌رپاكردنى جه‌نگێكى خوێناویى دژ به كورد له‌سه‌رانسه‌رى ناوچه‌كه له‌ماوه‌ى رابردوودا، كه ئه‌وه‌ش باوه‌ڕێكى چه‌سپاوى له نێوه‌نده جیاوازه كوردییه‌كان دروستكردووه به‌وه‌ى سه‌ربارى به‌ڵێنه زۆر و زه‌وه‌نده‌كانى به‌ڵام ئه‌ردۆگان هیچ پڕۆژه‌یه‌كى سیاسى بۆ چاره‌سه‌ركردنى پرسى كورد پێ نییه، ره‌نگه ئه‌وه‌ش دواجار له‌سه‌ر بنه‌ماى رووخاندنى حكومه‌ته‌كه‌ى ئه‌ردۆگان و ده‌ستپێشخه‌ریكردن بۆ چاره‌سه‌ركردنى پرسى كورد بوار بۆ پارتى دیمو‌كراتى گه‌لان بڕه‌خسێنێت تا بچێته‌پاڵ "هاوپه‌یمانى نه‌ته‌وه"، به‌وپێیه‌ى گه‌ر ئه‌و هه‌نگاوه نه‌نرێت، ئه‌وا رێگا بۆ فه‌رمانڕه‌وایه‌تیكردنى تاكه كه‌سێك له‌ژێر به‌ندى گۆڕینى سیستمى وڵات به سه‌رۆكایه‌تى خۆش ده‌بێت.
سه‌رچاوه: ناوه‌ندى "المستقبل" بۆ توێژینه‌وه و دیراساتى پێشكه‌وتوو