پرسی كورد له‌ ئاینده‌ی سیاسی سوریا

27/06/2018

:: بێ نوسەر ناوه‌ندی كوردستان بۆ توێژینه‌وه‌ له‌ململانێ و قه‌یرانه‌كان
نوسینی:
محه‌مه‌د ئه‌حمه‌د: مامۆستای به‌شی زانسته‌ سیاسییه‌كان/ زانكۆی سه‌لاحه‌دین
سه‌ركه‌وت جه‌لیل/ ماسته‌ر له‌ یاسای نێوده‌وڵه‌تی

پێشه‌كی:
ئاڵۆزی و ململانێ سیاسییه‌كانی سوریا پێی ناوه‌ته‌ قۆناغێكی نوێ و هه‌ستیاره‌وه‌. سوریا به‌هۆی گرنگی پێگه‌ی جیۆپۆله‌تیكی و سیاسیه‌وه‌ بووته‌ هۆی گرنگیپێدانی وڵاتانی هه‌رێمی و سه‌روو هه‌رێمی، كه‌ هه‌ریه‌ك له‌ وڵاتانی ئه‌مریكا، ڕوسیا، به‌شێك له‌ وڵاتانی یه‌كێتی ئه‌وروپی، توركیا، سعودیه‌ و ئێران قه‌یرانه‌كانی سوریا هه‌م وه‌ك مه‌ترسییه‌ك بۆ سه‌ر ئاسایش و به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌یی و هه‌م وه‌ك ده‌رفه‌تێك بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌جیندای سیاسی و ئامانجه‌كانی ده‌ره‌وه‌ ده‌بینن. به‌شێوه‌یه‌كی گشتی وڵاتانی ڕۆژئاوایی و له‌ سه‌رووی هه‌موویانه‌وه‌ وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا قه‌یرانه‌ سیاسییه‌كانی سوریا وه‌ك ده‌رفه‌تێك ده‌بینن بۆ لاوازكردنی ڕژێمی سوریا، پێگه‌ و هه‌ژموونی هه‌ریه‌ك له‌ ڕوسیا و ئێران له‌ ناوچه‌كه‌ و پاراستنی زیاتری سه‌قامگیری ئاسایشی وڵاتانی هاوپه‌یمانی ناوچه‌یی به‌تایبه‌ت ئیسرائیل. هه‌روه‌ها هه‌ریه‌ك له‌ وڵاتانی سعودیه‌ و توركیا هه‌وڵده‌ده‌ن گۆڕانكارییه‌ سیاسییه‌كان وه‌ك ده‌رفه‌تێك بقۆزنه‌وه‌ بۆ پڕڕه‌نگكردنی ڕۆڵی ناوچه‌یی و لاوازكردنی ڕكابه‌ره‌ هه‌رێمییه‌كه‌یان كه‌ ئیڕانه‌ و، له‌و ڕێگه‌یه‌وه‌ جارێكیتر هاوسه‌نگی هێز له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌ سوود و قازانجی خۆیان دابڕێژنه‌وه‌. هه‌رچی ڕوسیایه‌، له‌ ڕیگه‌ی پاڵپشتییه‌ سیاسی، دیبلۆماسی و سه‌ربازییه‌كانی ده‌یه‌وێت هه‌ژموونی خۆی له‌ سوریا و ناوچه‌كه‌ به‌ گشتی بپارێزێت و، ڕووبه‌ڕووی هه‌ر گۆڕانكارییه‌ك ببێته‌وه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ به‌رژوه‌ندییه‌كانیدا كۆك و هاوئاراسته‌ نه‌بێت. بۆیه‌ ده‌بینین، له‌مڕۆدا سوریا بووه‌ به‌ ناوه‌ند و مه‌یدانێكی ململانێی سیاسی ئاڵۆز و به‌ریه‌ككه‌وتنی به‌رژه‌وه‌ندی و ئه‌جیندای هێزه‌ هه‌رێمی و سه‌روو هه‌رێمییه‌كان، كه‌ هه‌ریه‌ك له‌و هێزانه‌ هه‌وڵده‌ده‌ن نه‌خشه‌ی سیاسی سوریا به‌پێی به‌رژوه‌ندیی و ئه‌جیندای سیاسی خۆیان دابڕێژنه‌وه‌. ئه‌وه‌ی لێره‌دا بۆ ئێمه‌ گرنگه‌ ئاینده‌ی فیدراسیۆنی دیموكراتی باكوری سوریا (ڕۆژاڤا)یه‌ له‌ نێو ئه‌و هاوكێشه‌ سیاسییانه‌دا، كه‌ ئایا دۆزی كورد و ئاینده‌ی سیاسی ڕۆژاڤا له‌ نێو ململانێ سیاسییه‌كاندا به‌ كوێ ده‌گات؟ وڵاتانی به‌شداربوو له‌ قه‌یرانی سیاسی سوریا چۆن ده‌ڕواننه‌ دۆز و پرسی كورد؟ گۆڕانكارییه‌كان به‌ سوود و قازانجی پرسی كورد كۆتاییان دێت یاخود به‌پێچه‌وانه‌وه‌؟ له‌م توێژینه‌وه‌یه‌دا، هه‌وڵده‌ده‌ین وڵامی ئه‌و پرسیارانه‌ بده‌ینه‌وه‌ و، ئاماژه‌ به‌ ئه‌جیندای سیاسی وڵاتان و دۆزی كورد له‌و نێوه‌نده‌دا بكه‌ین. 

بۆ خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م بابه‌ته‌ کلیک لێرە بکە

زۆرترین خوێندراوە


political studies copyright 2017 © . All right reserved Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure