بیاباکراسی

27/06/2018

:: بێ نوسەر

ناوه‌ندی كوردستان بۆ توێژینه‌وه‌ له‌ململانێ و قه‌یرانه‌كان
نوسینی: د.وەلید عەبدولحەی
سەرچاوە: politics-dz
وەرگێڕانی: فەرهاد جەلال

پەیوەندی نێوان ڕەفتاری سیاسی و تایبەتمەندییەکانی مۆرکی نەتەوەیی لەلایەک و ژینگەی جوگرافی لەلایەکی تر شتێکە زانایانی جۆپۆلەتیک خستوویانەتە بەر توێژینەوە و شیکاری. لەوەشدا "پلاتۆ" و "ئیبن خەلدون" دەستپێشخەر بوون تا دەگات بە تیۆرییە هایدرۆلیکیەکان بە لێکدانەوەکانیان بۆ ستەمکاری ڕۆژهەڵاتیی... هەروەها کەسانی تریش بەم لێکدانەوانە هەستاون.
ڕووبەری نیشتمانی عەرەبی دەگاتە نزیکەی 13.8 ملیۆن کیلۆمەتری چوارگۆشە (72.5% لە ئەفریقا و 27.5% لە ئاسیا)، بیابان زیاتر لە  ٨٢% ی ڕووبەری نیشتمانی عەرەبی پێکدەهێنێت لە کاتێکدا دەشتەکان لە  ٦% ڕووبەری عەرەبی زیاتر نابن. ئەوەی جێی سەرنجە لوبنان تاکە دەوڵەتی عەرەبییە کە بیابانی تێدا نیە، لە کاتێکدا دەوڵەتانی تر بیابان تێکی داون. لێرەدا پرسیارێکی دیاریکراو دێتە پێش: ئایا پەیوەندی هەیە لە نێوان بیابانی عەرەبی و ستەمکاری سیاسی عەرەبی؟ و ئایا بیابانی عەرەبی پەیوەندیەکی ڕۆشن و دیارکراوی هەیە بە قووڵایی دواکەوتوویی سیاسی عەرەبی لە ستەمکاری و خێڵەکێتی و بێتوانایی لە گەشەسەندن هاوتەریب لەگەڵ گەشەسەندنی ئەوانی دی؟
دەزانم زۆرێک لە توێژەران ئەم بابەتەیان تاوتوێ کردووە لە چوارچێوەی تیۆری "بیابان و دەریا" و پەیوەندییان بە بڕی ستەمکاری، ئەوەش لە چوارچێوەی ستەمکاری کۆمەڵایەتی و سیاسی کە خۆیان دەبیننەوە لە بەها خیڵەکی و  پیاوسالاری و کولتووری کۆچەری کە لە نەستی کۆیی و تاکلایەنەدا داکەوتوون ( بە هۆی ئەو تاک دیمەنیەی کە بیابان دەینوێنێت، کە وادەکات پێکهاتەی دەروونی کەمتر مەیلی بەلای فرەجۆریدا بێت، ئەمە جگە لەوەی تاک دیمەنی ئاوەزێک ئەخولقێنێت کە لەسەر سادەیی و سانایی دیمەن ڕاهاتبێت و لەوێشەوە مەنزومەیەکی مەعریفی لەدایک دەبێت کە رقی لە ئاڵۆزی بێت و لە ئەلتەرناتیڤە جیاواز و ئاڵۆزەکانەوە بەرەو سادەترین و تاکە ئەلتەرناتیڤ هەڵ دێت ... ). ئەمەش پێشەکیەکی پێویستە بۆ ڕەگداکوتانی ستەمکاری.
بە بڕوای من ئاستی ئازادیە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان- بەکەموکڕییەکانیشیەوە- لە لوبناندا لە بەرزترین ئاستدایە بەروارد بە وڵاتانی تری عەرەبی. سەرەڕای پەرێشانی دیموکراسییەکەی کە هۆگەلێکی تری لە پشتەوەیە، ئایا لە لوبنان پەیوەندی لە نێوان نەبوونی بیابان و کەمتریین ئاستی ستەمکاری هەیە؟ ئایا تێبینی ناکرێت کە لەهەر شوێنێک ڕێژەی بیابان بەرزتر بێت، ئەوا بڕی دیموکراسیش کەمتر دەبێت؟ نیشتمانی عەرەبی ئەو هەرێمەیە کە لە جیهاندا بەرزترین ڕێژەی بیابانی تێدایە، و لە نێو گشت هەرێمەکانی جیهاندا کەمترین دیموکراسی لە نیشتمانی عەرەبیدایە، ئایا پەیوەندی هەیە لە نێوان ئەم دووانەدا؟
بۆ وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارانە، هەستاوم بە ڕیزکردنی وڵاتانی عەرەبی بە پشتبەستن بە ئاماژە دیارەکانی دیموکراسی، پاشان ڕێژەی ڕووبەری بیابانم لەهەر وڵاتێکیی عەرەبی وەرگرتووە، بۆم دەرکەوتووە کە ڕێژەی وابەستەیی نێوانیان زۆر زیاترە لەوەی گومانم پێی دەبرد. لەوەش زیاتر تێبینی دەکرێت ئەو ناوچانەی زۆرترین وشکەڵانین سەرچاوەی زۆرترین بەشداریکردنن لە بەرهەمهێنانی توندڕەوی و چەقبەستوویی. تەنها ئەوەندە بەسە کە ببینین ناوچەی "نەجد" لە بیابانی دوورگەی عەرەبی بە درێژایی هەموو مێژووی ئیسلامی لە هەموو شوێنیک زیاتر بزووتنەوەی توندڕەو و چەقبەستووی فیکری دەنێرێتە دەرەوە. ئایا ئەمە سودفەیە؟
بە هیچ شێوەیەک هۆی ستەمکاری  لە بونیادی بیاباناویدا قەتیس ناکەم، بەڵام پێم وایە ئەم بونیادە فاکتەرێکی شاراوە  و نابەرچاوە لە شرۆڤە سیاسیە عەرەبییەکاندا، هەرچەندە لێرە و لەوێ ئاماژە هەن.
حوکمی بیابان ( بیاباکراسی) – الصحراقراطية- ئاوێتەی"فێڵی مێژوو" بووە، ئەوەش بە بەگەڕخستنی ڕۆڵی بیابان بەهۆی سامانی نەوتیەوە. لێرەدا شێخ و گەورەی خێڵ لە ئاستی "خێڵەکیە"وە دەکشێت بۆ ئاستی ناوچەیی، پاشان گەورەی خێڵ هەوڵ دەدات بۆ ئەوەی بیابۆکراسی ڕابکێشێتە هەناوی تەواوی ئێستای عەرەبی. دەوڵەمەندی دارایی لەگەڵ لایەنی مەعریفی و ویژدانی یەکانگیر دەبن و بەوەش پێکەوە تابلۆیەکی قێزەونیان نەخشاندووە.
دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی لە ساڵی ٦٣٢ م (سەرەتایی خەلیفە ڕاشدییەکان) تا ١٩٢٣  (ڕوخانی دەوڵەتی عوسمانی)درێژبووەتەوە، واتا نزیکەی هەزار و سێسەد ساڵ، بەڵام کەمتر لە سی ساڵ نەبێت لە دوورگەی عەرەبی ئۆقرەی نەگرت، بەڵکو ناوەندەکەی بەرەو دیمەشق و بەغداد و قاهیرە و ... تا قوستەنتینە ڕاگوێزراوە. ئەمەش دیاردەیەکی ئاسایی و ئاشنا نیە کە ژیارێک لە چەق و ناوەندی سەرهەڵدانی (لە پایتەختەکەی) بۆ ناوچەگەلێکی تر بگوێزرێتەوە. بە خەمڵاندنی من یەک لە هۆکارەکانی ئەم ڕاگواستنە بریتیە لە "هەڵهاتن لە بێزراوی بیابان"... وادەردەکەوێت ئەم بیابانە عەرەبییە ئێستا تۆڵەمان لێ دەستێنێتەوە بەگەڕانەوە بەرەو بیاباکراسی... ڕەنگە وابێت.

زۆرترین خوێندراوە


political studies copyright 2017 © . All right reserved Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure