::
بێ نوسەر
ناوه‌ندی كوردستان بۆ توێژینه‌وه له‌ململانێ و قه‌یرانه‌كان
له 30 حوزه‌یرانی 2018ه، ناوه‌ندی كوردستان بۆ توێژینه‌وه له ململانێ و قه‌یرانه‌كان (KCCRC) هه‌ستا به سازكردنی سیمینارێكی به‌رفراوان بۆ چه‌ند پسپۆرێكی بواری زانسته سیاسییه‌كان و شیعه ناسی. به‌شداربووان پێكهاتبوون له (1) پ.ی. د. عابد ڕه‌سول: ڕاگری كۆلێژی زانسته ڕامیارییه‌كان و مامۆستای زانسته سیاسییه‌كان، ته‌وه‌ری گفتوگۆی به‌ڕێزیان له‌سه‌ر ئاینده‌ی یاسای و ده‌ستوری عێراق دوای هه‌ژماركردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كان و كۆتایهاتنی ته‌مه‌نی تشریعی په‌رله‌مان و دروست بوونی فه‌راغی یاسای. (2) پ.ی.د. ئومێد ڕه‌فیق سه‌رۆكی سه‌نته‌ری ئاینده و مامۆستای زانسته سیاسییه‌كان. ته‌وه‌ری گفتوگۆی به‌رێزیان تایبه‌ت بوو به مه‌ترسییه سیاسی و ئه‌منیه‌كانی دروست بوونی فه‌راغی یاسای و دواكه‌وتنی پێكهێنانی حكومه‌ت له‌سه‌ر ناوچه جێناكۆكه‌كان. (3) مامۆستا یاسین ته‌ها ماسته‌ر له مێژوو و پسپۆری بواری شیعه‌ناسی، ته‌وه‌ری گفتوگۆی به‌رێزیان له‌سه‌ر سیاسه‌تی ناو باڵ و ڕه‌وته جیاوازه‌كانی شیعه و ئاینده‌ی پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی عێراق. (4) د. جلال مسته‌فا سه‌رۆكی به‌شی سیاسه‌ت و په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تیه‌كان له زانكۆی سلێمانی، ته‌وه‌ری گفتوگۆی به‌ڕێزیان تایبه‌ت بوو هێزه سوننه‌كان و ئاینده‌ی به‌شدارییان له حكومه‌تی داهاتووی عێراق. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش چه‌ند پرسیارێكی گشتی ده‌بێته هێڵی ته‌وه‌ری گفتوگۆی به‌شداربووان، ئایا داهاتووی ده‌ره‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان چۆن ده‌بێت؟ ئایا ده‌بێته‌هۆی گۆڕینی ته‌رازووی هێزی له عێراق؟ ئایا هه‌نگاوه‌كانی ئاینده‌ی پێكهاته‌كانی وه‌ك كورد، شیعه، و سوننه چی ده‌بن؟
به‌كۆتای هاتنی ته‌مه‌نی تشریعی په‌رله‌مان ئه‌و بۆشاییه یاساییه‌ی دروست بووه چۆن پڕده‌كرێته‌وه؟ ئایا ئه‌و لایه‌نانه‌ی هه‌وڵی ده‌رچوواندنی چه‌ندپرۆژه یاسایه‌ك ئه‌ده‌ده‌ن ده‌رباره‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان، له ئه‌گه‌ری ته‌واوبوونی ته‌مه‌نی تشریعی په‌رله‌مان چیان پێ ده‌كرێـت؟
دروستبوونی بۆشایی ده‌ستوری كێشه ده‌خوڵقێنێت؟
ته‌وه‌ری یه‌كه‌م/ سه‌ره‌تا پێویسته ئاماژه به‌وه‌بكه‌ین پرۆسه‌ی ڕاستاندنی ده‌ره‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن دواده‌كه‌وێت، به‌مه‌ش په‌رله‌مان ناتوانێت له‌كاتی خۆیدا كۆببێته‌وه و پرۆسه‌ی پێكهێنانی حكومه‌تیش دواده‌كه‌وێت كه سه‌رده‌كێشێت بۆ دروست بوونی فراغی ده‌ستوری. له ساڵانی 2005، 2010، و 2014ه پێكهێنانی حكومه‌ت له عێراق دواكه‌وتووه و داوا له دادگای فیدراڵی كراوه ئایا په‌رله‌مان ته‌مه‌نی خۆی درێژبكاته‌وه یاخوود نا؟ بۆیه به‌رده‌وام هه‌وڵی درێژكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی په‌رله‌مان هه‌بووه له سێ هه‌ڵبژاردنی ڕابردووه، به‌ڵام دادگای فیدراڵی پشتبه‌ست به ماده‌ی 56ی ده‌ستور ڕه‌تیكردۆته‌وه ڕێگه به درێژكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی تشریعی په‌رله‌مان بدرێت. له‌ئێستاشدا چوار ساڵی تشریعی په‌رله‌مان كۆتایهات و پێشتریش دادگای فیدراڵی ڕای خۆی داوه كه ناكرێت په‌رله‌مان ته‌مه‌نی درێژبكاته‌وه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگه‌ی پرسیاره ئایا ئه‌مه بۆشایی ده‌ستوری دروستده‌كات یان نا؟ له ڕاستیدا دیدوبۆچوونی زۆرهه‌یه له‌م ڕووه‌وه، یه‌كێك له بۆچوونه‌كان ئه‌وه‌یه مادام دوای هه‌ڵبژاردنه‌كانی پێشوو بۆشایی ده‌ستوری دروست نه‌بووه، ئه‌شێت ئه‌مجاره‌ش بۆشایی ده‌ستوری دروست نه‌بێت. كه‌واتا بۆشایی ده‌ستوری چۆن دروستده‌بێت؟ كاتێك دروستده‌بێت كه ماده‌یه‌كی ده‌ستوری له ده‌ستوردا هه‌بێت و دامه‌زراوه‌كان ئیلزام بكات له‌كات و شوێنی خۆیدا كارێكی دیاریكراو جێ به‌جێ بكه‌ن، به‌ڵام كه جێ به‌جێنه‌كرا ئه‌وا فه‌راغی ده‌ستوری دروست ده‌كات. بۆ نموونه ده‌ستور ده‌ڵێت ته‌مه‌نی په‌رله‌مان چوار ساڵه، كه ته‌واو بوو پێویسته په‌رله‌مانی نوێ كۆببێته‌وه، به‌ڵام كه په‌رله‌مانی نوێ نه‌یتوانی كۆببێته‌وه ئه‌وا بۆشایی ده‌ستوری ڕووده‌دات.
كه‌واتا ئایا دروستبوونی بۆشایی ده‌ستوری كێشه ده‌خوڵقێنێت؟ له عێراق دا نه‌خێر! چونكه له ئه‌زموونی سێ هه‌ڵبژاردنی ڕابردوو ده‌ركه‌وتووه ته‌نها یه‌كێك له سێ دامه‌زراوه‌كه‌ی سیسته‌می سیاسی له كارده‌كه‌وێت كه ئه‌ویش دامه‌زراوه‌ی یاسادانانه، چونكه كاتێك په‌رله‌مان نه‌یتوانی كۆببێته‌وه ئه‌وا پرۆسه‌ی یاسادانان ده‌وه‌ستێت، به‌ڵام كۆی دامه‌زراوه‌كانی تر كاری خۆی ده‌كه‌ن، بۆ نموونه ده‌سه‌ڵاتی جێ به‌جێكردن هه‌رچه‌نده متمانه‌ی په‌رله‌مانی نامێنێت، به‌ڵام به‌شێوه‌ی كاربه‌ڕێكه‌ر ئیش و كاره‌كانی خۆی درێژه پێده‌دات و خزمه‌تگوزاری خۆی پێشكه‌ش ده‌كات، به‌ڵام ناتوانێت كۆمه‌ڵێك ئه‌ركی سیادی خۆی مماره‌سه‌ی بكات، بۆنموونه ناتوانێت په‌رله‌مان هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه، چونكه په‌رله‌مان بۆخۆی ماوه‌ی یاسای ته‌واو بووه و ته‌مه‌نی كۆتای هاتووه. هه‌روه‌ها، ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری كاری خۆی ده‌كات، له‌به‌ر ئه‌وه ته‌نها ئه‌ركێك كه ده‌وه‌ستێت پرۆسه‌ی یاسادانانه، بۆیه ده‌وترێت كاریگه‌ریه‌كی ئه‌وتۆی نابێت.
به‌ڵام حه‌قیقه‌تێك هه‌یه ئه‌وه‌یه كه پێویسته ڕه‌وشی سیاسی عێراق له‌به‌رچاوبگرین. عێراق تازه له جه‌نگێكی درێژخایه‌نی دژ به‌داعش هاتۆته‌ده‌ره‌وه و له ململانێی تائیفی و سیاسی ده‌ربازی بووه، بۆیه غیابی یاسادانان ڕه‌نگه كێشه‌ی گه‌وره دروست بكات، بۆ نموونه له‌ئه‌گه‌ری ڕاگه‌یاندنی حاڵه‌تی نائاسایی، حكومه‌ت پێویستی به موافقه‌ی په‌رله‌مان ده‌بێت، به‌تایبه‌ت كاتێك عێراق به دۆخێكی ناهه‌مواردا تێپه‌ڕبێت، بۆیه كاتێك په‌رله‌مان غیاب بێت كێشه دروست ده‌كات.
پرسیارێكی تر كه‌جێگه‌ی هه‌ڵوێسته‌كردنه ئایا ده‌ره‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان یه‌كلای ده‌بێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م سیناریۆیانه ڕووبده‌ن؟
كاتێك ده‌ره‌نجامه‌كان یه‌كلای ده‌بێته‌وه كه تصدیق (ڕاستاندنی) ده‌ره‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان بكرێت. كه‌واتا كه‌ی تصدیقی ده‌ره‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌كرێت؟ ئاشكرایه له‌دوای كۆتایهاتنی سكاڵا و په‌ڵپگرتنه‌كان ده‌توانرێت ده‌ره‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن تصدیق بكرێت. له‌عێراقدا شێوازی ته‌عن و سكاڵاكان دوو ڕێگه‌یه‌كی هه‌یه، له‌وانه‌ش:
1- ئه‌گه‌ر هێزه سیاسییه‌كان سكاڵایان له‌سه‌ر ده‌ره‌نجامی هه‌ڵبژاردن هه‌بوو سكاڵاكان ئاراسته‌ی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌كه‌ن، ئه‌گه‌ر بڕیاره‌كانی كۆمسیۆن به‌دڵی لایه‌نه سیاسییه‌كاننه‌بوو، ئه‌وكات ده‌سته‌ی دادوه‌ری هه‌ڵبژاردن، كه ده‌سته‌یه‌كی دادوه‌ری تایبه‌ته به هه‌ڵبژاردنه‌كان، له‌وێ ته‌عن له بڕیاره‌كانی كۆمسیۆن ئه‌ده‌ن.
2- ئه‌گه‌ر ده‌سته‌ی دادوه‌ری هه‌ڵبژاردن نه‌یتوانی پرسه‌كه یه‌كلای بكاته‌وه، ئه‌وكات هێزه سیاسییه‌كان ده‌چنه دادگای فیدراڵی و ته‌عن له بڕیاره‌كانی ده‌سته‌ی دادوه‌ری هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌ده‌ن.
تائێستا هێزه سیاسییه‌كانی عێراق 1882 سكاڵایان تۆماركردووه، له‌م ژماره‌یه به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه نزیكه‌ی 1221 سكاڵای زۆرجدین و پێویستی به بڕیاری یه‌كلایكه‌ره‌وه هه‌یه. له‌قۆناغی كۆتایدا دادگای فیدراڵی بڕیار له‌سه‌ر ده‌ره‌نجامه‌كان ده‌دات، كاتێك دادگای فیدراڵی ده‌ره‌نجامه‌كانی تصدیق كرد ئه‌وكات په‌رله‌مانی نوێ ده‌توانێت له‌ماوه‌ی 15 رۆژدا یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌ی خۆی گرێبدات. به‌ڵام ئێمه شێوازێكی تریشمان هه‌یه، كه گرفت ئامێزه و تصدیقكردنی ده‌ره‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كانی 12ی ئایار له عێراق دواده‌خات، ئه‌ویش كاتێكه كه‌هێزه سیاسییه‌كان سكاڵایان له‌سه‌ر هێزه سیاسییه‌كانی تر نیه، به‌ڵكو سكاڵایان له‌سه‌ر كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژارده‌كان هه‌یه! ڕه‌نگه له هه‌ڵبژاردنه‌كانی ڕابردوو چه‌ندین سكاڵا هه‌بووبێت كه هێزه سیاسییه‌كان له‌سه‌ر یه‌كتر تۆماریان كردبێت، بۆ نموونه بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان سكاڵای له‌سه‌ر یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان هه‌بووه له بوونی ته‌زویری هه‌ڵبژاردن، به‌ڵام ئه‌م جاره كێشه‌كه ئه‌وه‌یه هێزه سیاسییه‌كان ته‌نها سكاڵایان له‌سه‌ر یه‌كترنیه، به‌ڵكو سكاڵایان له‌سه‌ر كۆمسیۆنیش هه‌یه! له‌كاتێكدا كۆمسیۆن یه‌كێكه له مه‌رجه‌عه‌كانی یه‌كلایكردنه‌وه‌ی سكاڵاكانی هێزه سیاسییه‌كان. بۆیه له‌م شێوازه‌دا ده‌سه‌ڵاتی یاسادان و جێ به‌جێكردن ده‌ستێوه‌ردانیان كرد، كه كارێكی نایاسای بووه. بۆیه له‌ئێستا ده‌سته‌یه‌كی دادوه‌رییان پێكهێنراوه بۆ جێگرتنه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان. كه‌واتا چاره‌سه‌ر چییه كاتێك سكاڵا له‌سه‌ر كۆمسیۆن هه‌یه له عێراق؟ چاره‌سه‌ر ئه‌وه‌یه كاتێك كۆمسیۆن ته‌زویری هه‌ڵبژاردن ده‌كات ئه‌وا پرسه‌كه ده‌بێت به‌جریمه، كه جریمه‌ش ڕوویدا پێویسته په‌ناببرێته‌به‌ر دادگای تحقیق (لێكۆڵینه‌وه)، بۆیه ئیشی دادگای تحقیق بوو كه بڕیاری بدایه ئایا كۆمسیۆن ته‌زویری كردووه یان نا؟ به‌ڵام ئه‌مه‌نه‌كرا، هه‌ستان به په‌كخستنی ئه‌نجومه‌نی كۆمسیاران و ده‌سته‌یه‌كی دادوه‌رییان له شوێندانرا، ئه‌مه‌ش هه‌مووی ده‌بێته هۆی دواكه‌وتنی تصدیقی ده‌ره‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان. كه مه‌ترسییه‌كانیشی بریتیه‌له كه ئه‌ركه‌كانی یاسادانان و تاڕاده‌یه‌كیش جێ به‌جێكردنیش ده‌وه‌ستێت. بۆیه ئه‌گه‌ر له هه‌ڵبژاردنه‌كانی ڕابردوو پێكهێنانی حكومه‌ت چه‌ند مانگێكی پێویست بووبێت، ئه‌شێت ئه‌مجاره ساڵێكی پێ بچێت! به‌ڵام دووباره پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه ئایا ئه‌كرێت په‌رله‌مان ته‌مه‌نی خۆی درێژ بكاته‌وه؟
له‌ڕاستیدا ڕێگریه‌كی ڕوون نیه بۆ ئه‌و مه‌به‌سته! چونكه سێ تفسیری ڕابردووی دادگای فیدارڵی له 2005، 2010 و 2014ه، ئه‌ڵێت ماوه‌ی په‌رله‌مان چوار ساڵه و ناكرێت درێژ بكرێته‌وه، به‌ڵام ده‌كرا په‌رله‌مان موجازه‌فه‌ی ئه‌وه بكات و ته‌مه‌نی خۆی درێژ بكردایه‌ته‌وه، بۆیه ئه‌گه‌ر په‌رله‌مان یاسای درێژكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی تشریعی خۆی ده‌ركرد، به‌ڵام هێزی سیاسی هه‌بوو سكاڵا له‌سه‌ر په‌رله‌مان تۆمار بكات، ئه‌وكات سكاڵاكه ده‌بات بۆ دادگای فیدراڵی كه پرۆسه‌كه دوو هه‌فته بۆ مانگێك ده‌خایه‌نێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر هیچ هێزێكی سیاسی سكاڵای له‌سه‌ر په‌رله‌مان تۆمارنه‌كرد ئه‌وا یاساكه ڕێڕه‌وی خۆیده‌گرێت. بۆ نموونه ئه‌گه‌ر بۆ ساڵێك ویستی ته‌مه‌نی خۆی درێژبكاته‌وه، به‌ڵام كه‌س سكاڵای له‌سه‌ری نه‌بوو ئه‌شێت بتوانێت بۆ ساڵێك ته‌مه‌نی درێژ بكاته‌وه و به‌رده‌وام بێت.
ته‌وه‌ری دووه‌م
مه‌ترسی و لێكه‌وته‌كانی هه‌ژماركردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كان بۆ كورد و ناوچه جێناكۆكه‌كان چی ده‌بێت؟
هه‌مواركردنه‌وه‌ی سێیه‌می یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كان مشتومڕی زۆری دروستكردووه كه ئایا پرۆسه‌ی هه‌ژماركردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كان پرۆسه‌یه‌كی یاسایی و ده‌ستورییه؟ بڕیاره‌كه‌ی دادگای فیدراڵی هه‌موو لایه‌كی پابه‌ندكرد به هه‌ژماركردنه‌وه‌ی ئه‌و صندوقانه‌ی سكاڵایان له‌سه‌ره. وه‌ك ده‌ستپێكیش، له‌سه‌ره‌تای مانگی ته‌مووز پرۆسه‌ی هه‌ژماركردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كان له هه‌رێمی كوردستان و موصڵ و كه‌ركوك و ئه‌نبار به‌ڕێوه‌ده‌چێت و دواتر پارێزگاكانی تریش ئه‌نجامده‌درێت. دووباره لایه‌نه سیاسییه‌كان نارازین له بڕیاری دادگای فیدراڵی كه ته‌نها ئه‌و صندوقانه‌ی سكاڵایان له‌سه‌ره هه‌ژماربكرێته‌وه، چونكه له‌كۆی 3500 صندوق له پارێزگای سلێمانی، ئه‌وان ده‌ڵێن سكاڵایان له‌سه‌ر 3350 صندوقی پارێزگاكه هه‌یه! بۆیه هه‌ریه‌ك له بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و كۆمه‌ڵی ئیسلامی و یه‌كگرتووی ئیسلامی دووباره له دادگای فیدراڵی شكاتیان تۆماركردووه و تانه له بڕیاره‌كه‌ی دادگای فیدراڵی ده‌ده‌ن به‌وه‌ی ئه‌وان كاتێك داوایان له دادگای فیدراڵی كردووه بڕیار له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنه‌كان بدات مه‌به‌ستیان ته‌نها ئه‌و صندوقانه نه‌بووه كه سكاڵایان له‌سه‌ره، به‌ڵكو مه‌به‌ستیان ته‌واوی ده‌نگه‌كان بووه و پێویسته هه‌ژماربكرێته‌وه. كه دادگای فیدراڵی بڕیاریدا ئه‌و هێزانه له‌سه‌ره‌تا پێیانوابوو سه‌روه‌ریه‌كی گه‌وره‌یان تۆماركردووه، به‌ڵام دواتر بڕیاره‌كه‌یان خوێنده‌وه و بینیان له په‌ره‌كانی كۆتای بڕیاره‌كه ته‌نها ئاماژه به هه‌ژماركردنه‌وه‌ی ئه‌و صندوقانه‌ده‌كات كه سكاڵایان له‌سه‌ره، دووباره كه‌وتنه‌وه گله‌ی و گازنده! ئه‌گه‌رنا رۆژی یه‌كه‌م وتیان سه‌ركه‌وتنێكی گه‌وره‌یان تۆماركردووه و وایانگه‌یاند كه ده‌نگی تایبه‌ت و مه‌رجداریش له ناو پرۆسه‌ی دووباره هه‌ژماركردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كانن!
كه‌واتا دوای ژماردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كان به‌ده‌ست گرفته‌كان چی ده‌بن؟ چه‌ند كێشه‌یه‌ك هه‌یه له‌وانه‌ش:
-دوای هه‌ژماركردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كان چیتر ده‌رفه‌تێك بۆ تانه‌دان له ده‌نگ و نه‌تیجه‌كان بوونی نابێت.
-غیابی بێمتمانه‌ی له‌نێوان لایه‌نه سیاسییه‌كان به‌تایبه‌ت دوای گه‌مارۆدانی و ده‌ستكاریكردنی صندوقه‌كان له‌چه‌ند شوێنێك و سوتاندنی به‌شێك له صندوقه‌كان له به‌غداد.
-هه‌موو هه‌وڵه‌كانی هێزه ناره‌زاییه‌كان له په‌رله‌مان گومانێكی گه‌وره‌ی له‌سه‌ر پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن دروست بووه، به‌تایبه‌ت كاتێك داوای دووباره‌كردنه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنیان ده‌كرد.
-دادگای فیدراڵی وه‌ك لایه‌نێكی سیاسی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌م كه‌یسه‌كردووه به‌وه‌ی هه‌م لایه‌نه براوه‌كانی رازیكردووه كه ده‌نگه‌كانی مه‌رجدار، تایبه‌ت و حركه‌ی سكانی بهێنێته‌وه ناوده‌نگدان، هاوكات لایه‌نه دۆراوه‌كانیشی رازیكرد به‌وه‌ی كه ده‌نگه‌كان به‌ده‌ست هه‌ژماربكرێته‌وه، كێشه‌ی سه‌ره‌كی ئه‌وه‌یه دادگا وه‌ك لایه‌نێكی سیاسی مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ كێشه‌كه بكات.
بۆیه له داهاتوودا كۆمه‌ڵێك كێشه دروست ده‌بن له‌وانه‌ش:
-له‌داهاتوودا خه‌ڵك به‌شداری كه‌م له هه‌ڵبژاردنه‌كانده‌كات به‌هۆی بێمتمانه‌ی خه‌ڵك به‌رامبه‌ر هه‌ڵبژاردن.
-شه‌رعیه‌تی حكومه‌تی داهاتووی شرعیه‌تێكی لاواز ده‌بێت به‌هۆی ئه‌و گومانه زۆره‌ی له‌سه‌ر ده‌ره‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان هه‌یه.
-دامه‌زراوه‌كانی عێراق شكستێكی گه‌وره ده‌هێنیت كه گرفت بۆ بونیادی دامه‌زراوه‌ی دروستده‌كات، به‌تایبه‌ت كاتێك هه‌ڵبژاردن ئالیه‌تی به‌هێزكردنی دامه‌زراوه‌كانی سیسته‌مه، به‌ڵام ئه‌م هه‌ڵبژاردنه بووه‌هۆی لاوازكردنی بونیادی دامه‌زراویی حكومه‌ت.
-هێزه سیاسییه عێراقییه‌كان هێشتا نایانه‌وێت دان به گۆڕانی هه‌رنه‌تیجه‌یه‌ك بنێن دوای ژماردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كان، بۆیه به‌رده‌وامن پێكهێنانی هاوپه‌یمانی دوای هه‌ڵبژاردن بۆ دروستكردنی حكومه‌ت.
-دواكه‌وتنی پێكهێنانی حكومه‌ت مه‌ترسی له‌سه‌ر گه‌یاندنی خزمه‌تگوزاریش ده‌بێت، به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر بكه‌وێته ساڵی داهاتوو (2019)ه ئه‌وا پرسی بوودجه دێته‌ناو و حكومه‌تێك به‌رده‌وام ده‌بێت كه حكومه‌تێكی بێ چاودێره! كه‌دواجار مه‌ترسی ده‌ستێوه‌ردانی دامه‌زراوه‌ی سه‌ربازی و كه‌سانی سه‌ربازی له پرۆسه‌ی سیاسی دێنێته‌ئاراوه. به‌دیاریكراوی كاتێك ته‌مه‌نی حكومه‌تی كاربه‌ڕێكار له ده‌ستوردا ته‌مه‌نی دیاریكراوه كه (30 رۆژه).
كه‌واتا هه‌ژماركردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كان و دواكه‌وتنی پێكهێنانی حكومه‌ت چ كاریگه‌ریه‌كی له‌سه‌ر ناوچه جێناكۆكه‌كان ده‌بێت؟
ئێستا ناوچه جێناكۆكه‌كان به‌ده‌ست گرفتی ئه‌منیه‌وه ده‌ناڵێنن به‌هۆی كه‌مته‌رخه‌می حكومه‌ت له كۆنترۆڵكردنی ئه‌منی ئه‌و ناوچانه، بۆیه هه‌رچه‌نده كورده‌كان به‌رپرسنین له‌و ده‌ره‌نجامانه‌ی له‌ناوچه جێناكۆكه‌كان به‌ده‌ستهاتوون به‌هۆی نه‌بوونی صلاحیاتی ئه‌منی و سیاسی له‌و ناوچانه به‌تایبه‌ت له‌كه‌ركوك، بۆ نموونه یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان (6) كورسی هێناوه پێی وایه ئه‌گه‌ر ده‌نگه‌كان له‌و شاره هه‌ژماربكرێنه‌وه مه‌ترسی له‌سه‌ر ده‌نگه‌كانی كورد دروستده‌كات به‌هۆی ئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵێك هێزی توركمانی له حه‌شدی شعبی ئه‌و صندوقانه‌یان گه‌مارۆداوه و مه‌ترسی ده‌ستكاریكردنی ده‌ره‌نجامه‌كان هه‌یه. به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر ته‌واوی ده‌نگه‌كان به‌ده‌ست هه‌ژماربكرێنه‌وه، ئه‌وه‌ش كێشه‌ی ئه‌منی له‌سه‌ر ئه‌و شاره دروست ده‌كات.
ته‌وه‌ری سێیه‌م
ناكۆكی نێوان باڵه‌كانی شیعه چۆن كاریگه‌ری له‌سه‌ر ده‌ره‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان و داهاتووی عێراق ده‌بێت؟
به‌له‌به‌رچاوگرتنی ره‌وشی شیعی له هه‌ڵبژادنه‌كانی ئه‌مجاره، تێبینی ئه‌وه‌ده‌كرێت كه هاوپه‌یمانی نیشتیمانی شیعه غیابه جا به‌رله هه‌ڵبژاردن بێت یان دوای هه‌ڵبژاردنه‌كان كه بتوانێت به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی شیعه‌كانی كۆبكاته‌وه و تیایدا شیعه‌كان له‌ده‌ووری یه‌ك كۆببنه‌وه. له‌ڕابردوو هه‌میشه لیستێك هه‌بوو كه 100 كورسی زیاتری به‌ده‌ستهێناوه هاوشێوه‌ی ده‌وڵه‌تی یاسا یان هاوپه‌یمانی نیشتیمانی، به‌ڵام ئێستا زۆرترین ده‌نگ شیعه‌كان ده‌نگی لیستی "سائیرون"ه كه ته‌نها 16.5%ی ئه‌و ئه‌نجامانه‌یه ڕاگه‌یه‌نراوه! بۆیه هیچ هیوایه‌ك نیه كه هاوپه‌یمانی نیشتیمانی به‌و پێكهاته‌ی ڕابردوو دروست بكرێته‌وه!
جاران گوتارێكی مه‌زهه‌بی زاڵبوو كه مه‌ترسی له‌سه‌ر تائیفه شیعه‌كان وایكرد له‌ده‌ووری یه‌ك كۆبكاته‌وه، به‌ڵام ئێستا به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌ت دروستبووه و له‌ناو لیسته‌كانی به‌رژه‌وه‌ندی له‌وه به‌هێزتر هاتۆته‌ئاراوه. كه‌واتا ئایا دروستبوونی ئه‌م به‌رژه‌وه‌ندییانه سه‌رناكێشێت بۆ هاتنه‌كایه‌ی مۆدێڵێك له هاوپه‌یمانی كه دووربێت له بنه‌مای تائیفی و مه‌زهه‌بی؟
ئه‌وه وه‌ك شیعار هه‌یه و پێشنیاركراوه له‌لای به‌شێك له شیعه‌كان به‌دیاریكراوی لای هاوپه‌یمانی سائیرون، به‌ڵام به‌شێكی تریان ڕێگه ناده‌ن ترجمه بكرێت بۆ ئه‌رزی واقع. به‌گشتی جۆرێك شپرزه‌ی له‌دروستكردنی هاوپه‌یمانێتیه‌كان هه‌یه كه په‌یوه‌ندی به قه‌یرانی هه‌رێمییه‌وه هه‌یه، بۆ نموونه ئه‌گه‌ر ڕیزبه‌ندی هاوپه‌یمانیه‌كان له‌به‌رچاوبگرین ده‌بینین سه‌ره‌تا حه‌شد و عه‌بادی هاوپه‌یمانیان كرد، دواتر حه‌كیم و عه‌لاوی و صدر هاوپه‌یمانیه‌كی تریانكرد، پێشتر صدر و حكیم، دواتر بوون به صدر و حه‌شد و ئێستاش ئه‌گه‌ری پاشه‌كشێی فتح هه‌یه كه له‌م دواییانه‌دا هادی عامری ده‌ڵێت لێكتگه‌شتنمان هه‌یه هاوپه‌یمانیمان نیه!
دروستكردنی هاوپه‌یمانیه‌كان په‌یوه‌ندی به‌ناسه‌قامگیری هه‌رێمیه‌وه هه‌یه كه به‌گوشاری وڵاتانی هه‌رێمی ئه‌و لایه‌نانه له‌یه‌ك نزیك ده‌بنه‌وه به‌تایبه‌ت صدر و حه‌شد (سائیرون و فتح)، چونكه ئه‌م دوولایه‌نه مه‌ترسی ڕوودانی جه‌نگی ناوخۆییان له‌نێواندا هه‌یه له‌به‌رئه‌وه‌ی خاوه‌ن هێزی چه‌كدارن له‌ناو میلیشا شیعه‌كان. هه‌روه‌ها، پێكهاته‌كانی فتح به‌شی زۆریان له منشقاتی تیاری صدری پێكهاتووه، به‌دیاریكراوی عصائبی ئه‌هلی حه‌ق، كه سه‌ركه‌وتنێكی گه‌وره‌ی تۆماركرد و ژماره‌ی كوردسییه‌كانی له(1) كورسیه‌وه له كوتله‌ی صادیقون له هه‌ڵبژاردنی 2014ه، بوو به 15 كورسی له‌ناو لیستی فتح له‌م هه‌ڵبژاردنه، ئه‌مه‌ش جێگه‌ی نیگه‌رانی ئه‌مریكییه‌كانه، هه‌رله‌به‌ر سه‌ركه‌وتنی هێزه نه‌یاره‌كانی، ئه‌مریكییه‌كان به پێداچوونه‌وه‌ی ده‌ره‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان قایلن.
له‌ئێستادا لیستی فتح دوو كۆڵه‌كه‌ی هه‌یه، ئه‌وانیش تیاری به‌در كه 22 كورسی و عصائب كه 15 كورسی هه‌یه، كه هه‌ردووكیان نه‌یاری سه‌رسه‌ختی ئه‌مریكییه‌كانن. ئه‌نجومه‌نی باڵا (مجلس اعلای) كه واجهه سیاسییه‌كه‌ی لیستی فتح بووه، چونكه ئه‌وان ته‌نها ئه‌زموونی سه‌ربازییان هه‌یه و بێ ئه‌زموون له هه‌ڵبژاردن، هه‌رچه‌نده ئه‌و حزبه كۆنترین حزبه و ڕێكخراو پاڵپشتی كراوه،ته‌نها به‌كۆتا ئافره‌تان سێ كاندیدی بۆ ده‌رچووه! ته‌نانه‌ت سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نه‌كه كه "هومام حمودی"ه و جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان و سیاسییه‌كی مێژووی شیعه‌كانه نه‌یتوانی ده‌ربچێت. بۆیه له‌ناو شیعه‌كان پاشه‌كشێی دیار له‌باڵی سیاسی و مه‌ده‌نی له‌به‌رژه‌وه‌ندی باڵی سه‌ربازی هه‌یه!
به‌مه‌ش شۆكێكی گه‌وره له‌ناو ڕای گشتی شیعه دروستبوو كه‌چۆن هه‌ریه‌ك له صدر و فتح گه‌شتنه ڕێككه‌وتن و لێك نزیكبوونه‌وه؟! به‌ڵام ته‌نها پاساوی صدرییه‌كان ئه‌وه‌یه كه ئه‌و ڕێككه‌وتنه نه‌كرایه ئه‌وا ته‌ڕ و وشك پێكه‌وه ده‌سووتا! به‌تایبه‌ت له‌كاتی سوتاندنی صندوقی ده‌نگه‌كان له‌به‌غداد به‌ریه‌ككه‌وتن نزیكبوو له‌نێوان میلشیای سرایا سلام و عصائبی ئه‌هل حق، چونكه له‌بنه‌ڕه‌تدا ئه‌م دوو هێزه پێشتر یه‌كبوونه، عصائب به‌شێك بووه له تیاری صدری، به‌مه‌ش هه‌ستیارییه‌كی زۆریان به‌رامبه‌ر به‌یه‌كتر هه‌یه، چونكه ئه‌م گرووپانه پشتیوانی ده‌كرێن كه‌ببنه به‌دیلی صدر و ڕه‌وته‌كه‌ی، به‌دیاریكراوی قه‌یس غه‌زعه‌لی و عصائب خۆیان به میراتگری محمد صادق صدر، باوكی موقته‌دا صدر ئه‌زانن، بۆیه عصائب له ئه‌ده‌بیات و گوتاری سیاسی، له ڕمووز و كه‌لتور و هه‌ڵواسینی وێنه و شیعارات، خۆیان به میراتگری شه‌رعی محمد باقر صدر ئه‌زانن، چونكه پێیان وایه صدری كوڕ لایداوه و ئه‌وان میراتگری ڕاسته‌قینه‌ی مه‌رجه‌عیه‌تی صدرن.
له‌مه‌شدا به‌جۆرێك له جۆره‌كان له‌سه‌ر حه‌قن، چونكه له‌م ساڵانه‌ی دوایدا صه‌در كه‌وتۆته ژێر كاریگه‌ری كۆمه‌ڵێك هه‌ڵوێستی پرگماتی و له هێڵه سه‌ره‌كییه‌كانی قوتابخانه‌ی باوكی كه‌مێك لایداوه. ئه‌گه‌ر سه‌یرێكی مێژووی هه‌موو ئه‌و حزب و تیارانه بكه‌ین كه توندوتیژی به‌كارده‌هێنن ڕه‌گ و ڕیشه‌یان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ مدرسه‌ی محمد باقر صه‌در، نموونه‌ی ئه‌و حزبانه‌ش وه‌ك فه‌زیله، نوجه‌با، عصائب، یان كتائبی حزب الله و كتائبی شوهه‌دا تا ئه‌ندازه‌یه‌كی زۆر باوكی صه‌ه‌در به موقده‌س ده‌زانن و په‌یڕه‌وی قوتابخانه‌كه‌ی ده‌كه‌ن، چونكه ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه بۆ ئه‌و (52) ووتاره‌ی محمد باقر صه‌در له ووتاری هه‌ینی هه‌یه‌تی ده‌بینین ئاراسته‌یه‌كی جه‌ماوه‌ری و جوڵاندنی هه‌ست و سۆزی خه‌ڵك و ئاماده‌كردنیان بۆ به‌ریه‌ككه‌وتن تیایدا زاڵه. هاوكات گوتاره‌كانی زۆر تونده به‌رامبه‌ر سعودیه‌ـ پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌یه صه‌دری كوڕ ده‌یكات له كرانه‌وه و ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ ڕیاز.ئه‌مه‌ش جێگه‌ی شه‌رمه‌زای گه‌وره‌یه بۆ صه‌در كه هه‌ر كاتێك هه‌نگاوێك له سعودیه نزیكبێته‌وه عصائب ڤیدۆیه‌كی باوكی بۆ داده‌نێن كه باسی وه‌هابیه‌ت و ئالسعود و كۆمه‌ڵكوژی به‌قیع ده‌كات، كه داواده‌كات پێویسته موسڵمانی شیعه ڕزگاری بكه‌ن.
بۆیه له‌پێناو دوورخستنه‌وه‌ی جه‌نگی ناوخۆی له‌نێوان شیعه‌كان جۆرێك له گوشاری ده‌ره‌كی هه‌بوو به‌تایبه‌ت له‌لایه‌ن ئێرانییه‌كان به‌مه‌به‌ستی نزیكبوونه‌وه‌ی ئه‌و دوولایه‌نه (صدر و فتح). له‌بنه‌ڕه‌تدا گرێ كوێره‌ی هه‌موو لیسته شیعه‌كان له‌یه‌ك پۆست‌دا كۆبووه‌ته‌وه ئه‌ویش پۆستی سه‌رۆك وه‌زیرانه، به‌ڵام تائێستا هه‌موو ئه‌و هاوپه‌یمانیانه‌ی ڕاگه‌یه‌نراوه به‌هیچ جۆرێك باسی ئه‌و پۆسته‌نه‌كراوه، ته‌نانه‌ت دوای هاوپه‌یمانیه‌كه‌ی صدر و فتح و، صدر و عبادی ڕۆژنامه‌نووسێكی كوه‌یتی له صدر ده‌پرسێ كه كێ سه‌رۆك وه‌زیرانی داهاتووی عێراقه؟ له‌وه‌ڵامدا وتوویه‌تی دیارنییه! ئایا میكانیزم بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك وه‌زیران چیه؟ وتوویه‌تی هێشتا ڕێكنه‌كه‌وتووین! به‌هۆی ده‌سه‌ڵاته فراوانه‌كانی سه‌رۆك وه‌زیران ته‌واوی هاوپه‌یمانیه‌كان له ده‌ووری ئه‌م پۆسته ده‌سوڕێنه‌وه، به‌ڵام له‌ڕووی ده‌ستورییه‌وه ده‌سه‌ڵاته‌كان دراوه به‌سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، چونكه شتێك نیه ناوی سه‌رۆك وه‌زیران بێت، به‌ڵكو پێویسته سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بێت (بڕیار له‌و ئه‌نجومه‌نه ده‌سته‌جه‌معیه)، به‌ڵام به عه‌مه‌لی له سه‌رۆكایه‌تی مالیكیه‌وه سه‌لماندوویه‌تی سه‌رۆك وه‌زیران ته‌واوی بڕیاره‌كانی له‌ده‌سته و كردوویه‌تی به عورفێكی یاسای و ئه‌مرێكی واقع. بۆیه ئێستا عبادی ئه‌و بڕیارانه‌ی به‌ناو بڕیاری دیوانیه‌وه ده‌ریده‌كات جۆرێكه له‌و داهێنانه یاساییه‌ی كه هه‌موو بڕیارێك پێویسته له‌ده‌ستی سه‌رۆك وه‌زیران و هه‌موو شتێك به‌بڕیاری دیوانی ئه‌كرێت.
ئاسان نیه هاوپه‌یمانی نیشتیمانی به‌و پێكهاته‌ی ڕابردوو دروست بكرێته‌وه، به‌ڵام هه‌وڵی ئێران و ته‌نانه‌ت ڕه‌زامه‌ندی ئه‌مریكییه‌كانیش هه‌یه ئه‌و هێزانه‌ی سه‌ره‌كین له‌ناو هاوپه‌یمانیه‌كدا كۆبكرێنه‌وه، به‌ڵام ته‌ركیزی ئێران له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه صدر په‌راوێزنه‌خرێت، ئه‌مه‌ش له‌به‌ر چه‌ند هۆكارێكی سه‌ره‌كی وه‌ك:
1- صه‌در خاوه‌ن بنكه‌یه‌كی جه‌ماوه‌ری فراوانه به‌ئاسانی ده‌توانێت خۆپیشاندان بكات و گه‌مارۆی ناوچه‌ی سه‌وز بدات. بۆ نموونه، مه‌دینه صدر كه ناوچه‌یه‌كی شعبی سه‌ر به به‌غداده و شوێنگه‌ی لایه‌نگرانی صدره و دانیشتوانه‌كه‌ی سێ ملیۆنه، تصورده‌كرێت زیاتر له سێ ملیۆن پارچه چه‌كی سووكی تێدابێت! به‌تایبه‌ت دوای ته‌قینه‌وه‌ی كۆگایه‌كی گه‌وره‌ی چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی له‌و ناوچه‌یه له‌م فه‌ترانه‌ی دوایدا، ده‌ركه‌وت ته‌نانه‌ت ناو حوسێنیه‌كانیش كۆگای هه‌ڵگرتنی چه‌ك و ئه‌سلیحه‌ن.
2- صه‌در خاوه‌ن میلشیای سرایا سلامه، كه دوای به‌رد ڕێكخراوترین و به‌هێزترین ملیشای چه‌كداری شیعه‌یه له عێراق، ئێستا له شاره‌كانی سامه‌ڕا، كه‌ربه‌لا و ده‌وورووبه‌ری به‌غداد له ئه‌ركدان. بۆیه هه‌ر كاتێك صدر هه‌ست به نائومێدی بكات ده‌توانێت په‌ناببات بۆ جه‌ماوه‌ر و شه‌قام یان په‌ناببات بۆ چه‌ك و هێز له‌هه‌ردوو حاڵه‌ته‌كه‌دا خاوه‌ن بژارده‌ی به‌هێزه. هه‌رچه‌نده ئه‌مریكییه‌كانیش خۆشحاڵ نین به بوونی صدر، به‌ڵام هاوڕان له‌سه‌رئه‌وه‌ی نابێت په‌راوێزبخرێت، به‌ڵام ئێرانیه‌كان هه‌وڵی سه‌ره‌كییه‌كن ئه‌وه‌یه صدر سه‌ركردایه‌تی پرۆسه‌كه نه‌كات (سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران لای صدر نه‌بێت)، به‌ڵام له‌پرۆسه‌كه‌دا موجوود بێت، بۆ نموونه چه‌ند وه‌زاره‌تێكی خزمه‌تگوزاری و سیادی وه‌ربگرێت. هاوكات صدر خۆشی ئاماده‌گی تێدایه سه‌رۆكایه‌تی وه‌زیران لای لیستی (سائیرون) نه‌بێت، به‌ڵام ئه‌م ڕازیبوونه‌ی هه‌ڵگرتووه بۆ گفتوگۆ و دانووستانێكی قورس كه بتوانێت سازشی ته‌واو به‌لایه‌نه‌كانی تر بكات، له‌پێناو سه‌نگدان به داواكاری و خواسته‌كانی خۆیی.
بۆیه به‌گشتی جۆرێك له‌شپرزه‌ی له‌ناو شه‌قامی شیعدا هه‌یه ده‌رباره‌ی پێكهێنانی هاوپه‌یمانیه‌تیه‌كان، كه‌ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ خواستی ته‌واوی لایه‌نه‌كان له‌سه‌ر پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران و نه‌بوونی ڕێككه‌وتن له‌سه‌ر میكانیزمه‌كانی دیاریكردنی له‌نێوان لایه‌نه‌كان، به‌دیاریكراوی ئایا سه‌رۆك وه‌زیران له حزبی دعوه ده‌بێت یاخوود نا؟ ئایا پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران به‌رامبه‌ر به‌چه‌ند پۆینت ده‌بێت له‌گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكومه‌ت؟
صدرییه‌كان ماوه‌یه‌ك پێش ئێستا پێشنیاركردبوو ئه‌گه‌ر سه‌رۆك وه‌زیران له لیستی سائیرون نه‌بێت یان ئه‌و پۆسته بده‌ن به عبادی، به‌مه‌رجێك ئه‌و پۆسته‌ی ده‌ده‌ینێ كه (الامانه العامه لمجلس الوزرا ْ ) و په‌یڕه‌وی ناوخۆی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ئێمه (صه‌درییه‌كان) بینووسنه‌وه! ئه‌مه‌ش واتا عبادی وه‌ك فه‌رمانبه‌رێكی له لیستی سائیرون كاربكات.
پرسیارێكی تر لێره‌دا سه‌رهه‌ڵده‌دات ئایا عبادی ده‌توانێت له‌گه‌ڵ صدر بچێته پرۆسه‌ی پێكهێنانی حكومه‌ته‌وه؟ وه‌ڵامه‌كه نه‌خێره، به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر عبادی ئۆكه‌ی له هێزه نزیكه‌كانی ده‌وورووبه‌ری (ئێران و ئه‌مریكا) وه‌رنه‌گرێت، چونكه صه‌در هیچ متمانه‌یه‌كی پێناكرێت و كه‌سێكه زوو زوو بڕیار و ته‌وجهاتی خۆیده‌گۆڕێت و خاوه‌ن هه‌ڵوێست سه‌قامگیرنیه. هاوكات وشیاریه‌كی ئێران و ئه‌مریكییه‌كان ده‌رباره‌ی صدر هه‌یه، بۆیه هه‌ر نزیكبوونه‌وه‌یه‌كی عبادی له صه‌در پێویستی به ئۆكه‌ی ئه‌و هێزانه‌یه. صه‌در كێشه‌ی مامه‌ڵه‌كردنی له‌گه‌ڵ ئه‌مریكیه‌كان هه‌یه كه تائێستا ئه‌و هێزه به داگیركه‌ر داده‌نێن و خۆیان پابه‌ندكردووه به محاره‌به‌كردنی ئه‌مریكیه‌كان تا ده‌ركردنی كۆتا سه‌ربازیان له عێراق و بوونیان به داگیركردن هه‌ژمارده‌كه‌ن. هاوكات له گووتاری فه‌رمیان بوونی ئێرانیه‌كان به "هیمه‌نه" لێكده‌ده‌نه‌وه و داوای كۆتایهێنانی هه‌ژموونی ئێرانیه‌كان له عێراق ده‌كه‌ن.
بۆیه پرسیاری سه‌ره‌كی ئه‌وه‌یه چۆن سه‌رۆك وه‌زیرانێك ده‌توانێت له عێراق حوكم بكات كه له هه‌ڵوێسته سیاسیه‌كه‌ی بوونی ئه‌مریكا به داگیركاری و بوونی ئێرانیه‌كان به هه‌ژموونگه‌رایی هه‌ژمار بكات. هه‌روه‌ها، چۆن ده‌توانێت سه‌ركه‌تووبێت له‌كاتێكدا له عێراق هیچ بڕیار و سیاسه‌تێك به‌بێ ئه‌و دوو وڵاته به‌ڕێوه‌ناچێت.
چه‌ندین كه‌س پێشنیازكراوه بۆ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران، به‌ڵام پرسیاری سه‌ره‌كی ئه‌وه‌یه وه‌رگرتنی ئه‌و پۆسته چه‌ند پۆینت ده‌بات له گفتوگۆكاندا؟ چونكه ئه‌و هێزه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی به‌رده‌كه‌وێت نابێت داوای هیچ پۆست و وه‌زاره‌تێكی تر بكات، چونكه وه‌زاره‌ته‌كان له‌بنه‌ڕه‌تدا 21 وه‌زاره‌ته، ئه‌گه‌ر كۆی قائیمه شیعه‌كان له‌به‌رچاوبگیرن كه پێنج لیسته، له‌گه‌ڵ به‌ركه‌وته‌ی هه‌ڵبژاردنی سوننه و كورد و پێكهاته‌كانی تر، پۆستێكی زۆر كه‌م ده‌مێنێته‌وه. یاخوود ئه‌گه‌ر پۆسته‌كان له‌نێوان پێكهاته‌كان دابه‌شبكرێن ئه‌وا هه‌رپێكهاته‌یه‌ك شه‌ش یان حه‌وت وه‌زاره‌تی به‌رده‌كه‌وێت كه دواجار چه‌ند وه‌زاره‌تێكی كه‌م ده‌مێنێته‌وه بۆ لایه‌نه‌كانی تر، بۆیه ئه‌وه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی وه‌رگرت نابێت هیچ پۆستێكی تر داوابكات.
پرسیارێكی گرنگی تر ئه‌وه‌یه كێ پۆینتی به‌هێز ده‌دات به سه‌رۆك وه‌زیران؟
ئاشكرایه عبادی خۆی ئه‌و توانایه‌ی نیه، چونكه له هه‌ڵبژاردنه‌كاندا پاشه‌كشێی زۆری كردووه و بووه به‌هێزی سێیه‌م، له‌كاتێكدا عبادی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه چه‌كداره‌كانه، به‌ڵام له‌ناو شه‌ش ملیۆن ده‌نگده‌ری به‌غداد ته‌نها 59 هه‌زار ده‌نگی به‌ده‌ستهێنا و لیسته‌كه‌شی پله‌ی سێیه‌می وه‌رگرتووه له‌دوای لیسته‌كانی سائیروون و فتح! بۆیه پێویستی به پشتیوانی لایه‌نه‌كانی تر هه‌یه، به‌ڵام لایه‌نه‌كانی تر ئامانده‌نین پۆینته‌كانی خۆیان (وه‌زاره‌ته‌كان) بده‌ن به عبادی. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی تائێستا یه‌كێكه له‌و كاندیدانه‌ی كه زۆرترین چانسی هه‌یه بۆ وه‌رگرتنی پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران، به‌ڵام هه‌موو پاشه‌كشێی لیسته‌كه‌ی و یه‌كلایكردنه‌وه‌ی ده‌ره‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان كۆسپی سه‌ره‌كی به‌رده‌م عبادیه.
به‌گشتی به‌ده‌ستهێنانی ئه‌و پۆسته بۆ عبادی له‌سه‌ر سێ خاڵی سه‌ره‌كی وه‌ستاوه، ئه‌وانیش:
1- تصدیقكردن و یه‌كلایكردنه‌وه‌ی ده‌ره‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان.
2- خواستی وڵاتانی هه‌رێمی بۆ وه‌رگرتنی ئه‌و پۆسته.
3- كێ و چ لایه‌نێك ئه‌و پۆینتانه ده‌دات به عبادی كه ببێته پشتیوانی به‌هێز بۆی له حكومه‌تی داهاتوو.
له‌كۆتایدا، پرسیاره بێ وه‌ڵامه‌كان ئه‌مانه‌ن كه ئایا عبادی ده‌ستبه‌رداری ئه‌وه ده‌بێت واز له حزبی ده‌عوه بهێنێت تا پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران وه‌ربگرێت؟ یان ده‌ستبه‌رداری ئه‌وه ئه‌بێت كه ئه‌مینی عامی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بۆ ئه‌و بێت؟ یاخوود صدرییه‌كان په‌یڕه‌وی ناوخۆی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی بۆ بنووسنه‌وه و ئه‌و جێ به‌جێی بكات له‌به‌رامبه‌ر پشتیوانیكردنی بۆ وه‌رگرتنی ئه‌و پۆسته؟
به‌ده‌رده له عبادی، دریارترین كه‌سایه‌تیه‌كانی ناو لیستی سائیرون كێن بۆ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران؟ له‌ڕاستیدا ئه‌م لیسته سنوره مه‌زهه‌بیه‌كانی تێپه‌راندووه، چونكه حزبی شوعی و چه‌ندین كه‌سایه‌تی مه‌ده‌نی تێدایه، به‌ڵام به كرداری لیسته‌كه خاوه‌ن 54 كورسییه كه 50 كورسییان هی كاندیدانی حزبی ئیستقامه‌ی سه‌ر به‌تیاری صدره، سێ كورسییان هی حزبی شوعیه و، ته‌نها یه‌ك كورسییان هی كه‌سایه‌تیه مه‌ده‌نیه‌كانه. به‌مه‌ش خاوه‌نی قسه‌ی كۆتای له‌ناو لیستی سائیرون شخصی موقته‌دا صدره. هاوكات ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌ناو لیستی "سائیرون"دان، هیچیان كه‌سایه‌تی قیادی نین! ته‌نانه‌ت سه‌رۆكی لیسته‌كه "دكتۆر حسێن عاقولی" له كۆبوونه‌وه‌ی پێكهێنانی هاوپه‌یمانیه‌كان و كۆبوونه‌وه‌كانی حنانه له "نه‌جه‌ف"یش ئاماده نیه! ئه‌مه‌ش حاڵه‌تێكی نامۆیه كه چۆن له كۆبوونه‌وه‌كانی پێكهێنانی هاوپه‌یمانیه‌تیه‌كان سه‌رۆكی لیستی سائیرون ئاماده نیه؟! تائێستا نه ده‌ركه‌وتووه، نه كۆنگره‌ی ڕۆژنامه‌وانی هه‌بووه، به‌ڵكو ته‌نها جار جار لێدوانێكی میدیایی نووسراو بڵاوده‌كاته‌وه.
هه‌روه‌ها، له‌م ڕۆژانه‌ی پێشوودا گووشارێكی زۆر له‌ناو شوعیه‌كان سه‌ریهه‌ڵدا بۆ كشانه‌وه له لیستی سائیرون، به‌تایبه‌تی دوای ئه‌وه‌ی صدر و فتح هاوپه‌یمانیان ڕاگه‌یاند. شوعیه‌كان وایان بینی شوێنێك بۆ ئه‌وان له‌ناو لیستی سائیرون نه‌ماوه و پێویسته بكشێنه‌وه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر به لۆژیكی ڕه‌قه‌م لێكبدرێته‌وه سێ كورسی له 54 كورسی پاشه‌كشێ بكات، هێشتا صدر به لیستی یه‌كه‌م ده‌مێنێته‌وه و كاریگه‌ریه‌كی ئه‌وتۆ دروست ناكات. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی صدرییه‌كان سه‌ر به ڕێكخراوێكی سیاسین كه پێی ده‌وترێت "تیار – ڕه‌وت"، په‌یڕه‌وی ناوخۆیی و ئه‌نجومه‌ن و مه‌كته‌بی سیاسیان نیه بۆیه بڕیاری كۆتای ڕه‌وته‌كه له ڕێنمای و قسه‌كانی موقته‌دا صدر وه‌رده‌گیرێت. به‌ڵام هاوكات كۆمه‌ڵێك كه‌سایه‌تی نزیك له صدر هه‌ن، كه پێیان ده‌وترێت قیاداتی هێڵی یه‌كه‌م، هاوشێوه‌ی صلاح عوبێدی، حاكم زاملی و چیا‌و ئه‌سه‌دی و چه‌ند كه‌سێكی تر، به‌ڵام له نه‌تیجه‌دا ئه‌كرێت له‌لایه‌ن صدره‌وه لاببرێن یان سڕبكرێن.
ته‌وه‌ری چواره‌م
دۆخی سوننه له‌دوای هه‌ڵبژاردن چۆن ده‌بینرێت؟
له بنه‌ڕه‌تدا قورسه باسی نوێنه‌رایه‌تی پێكهاته‌ی سوننه بكرێت له‌دوای هه‌ڵبژاردنه‌كانی 12ی ئایار. ئه‌گه‌ر جاران ده‌وڵه‌تانی هه‌رێمی هه‌وڵی یه‌كخستنی هێزه سوننه‌كانیان دابێت، له‌ئێستادا له‌به‌رامبه‌ر پرۆژه‌ی ئێرانی شكستیان هێناوه، له‌دوای 2003ه‌وه سوننه‌كان به‌خراپترین قۆناغی لێكترازان و په‌رته‌وازه‌ی تێپه‌ڕده‌بن. به‌گشتی پێنج هاوپه‌یمانی هه‌یه ئه‌شێت وه‌ك نوێنه‌رایه‌تی سوننه ببینرێن، دیارترینیان هاوپه‌یمانیه‌كه‌ی خالید عوبێدیه كه جیاوازیه‌كی زۆری هه‌یه له لیسته سوننه‌كانی تر له‌به‌رئه‌وه‌ی زۆرجار خالید عوبێدی وه‌ك عێراقی خۆی نیشانده‌دات نه‌ك سوننه، بۆیه ئه‌وه‌نده متمانه به‌خۆی هه‌بوو له‌ناو لیستی نصر كه لیستێكی شیعیه و عبادی سه‌ركردایه‌تی ده‌كات له شاری موصڵ زۆرترین ده‌نگی سوننه‌كانی به‌ده‌ستهێنا.
هه‌روه‌ها، هاوپه‌یمانی قرار به‌سه‌ركردایه‌تی ئوسامه نوجێفی كه كه‌سایه‌تیه‌كی تێستكراوه و له‌سه‌ر ئاستی عێراق به‌رده‌وام له پاشه‌كشێیه و لای هێزه كوردی و شیعیه‌كان خاوه‌ن كه‌سایه‌تیه‌كی خوازراو نیه و به‌رده‌وام كێشه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌و پێكهاتانه هه‌بووه. چه‌ند لیستێكی تر هه‌ن وه‌ك ئه‌نبار ناسنامه‌مانه ته‌نها 6 كورسی له ئه‌نبار به‌ده‌ستهێناوه، به‌ڵام قسه له‌سه‌رئه‌وه ده‌كرێت زۆرترین ته‌زویر له‌و شاره‌كرابێت، هاوپه‌یمانی به‌غداد یه‌كێكی تره له لیسته سوننه‌كان ته‌نها 4 نوێنه‌ری ده‌رچووه كه یه‌كێكیان كورده (ئاڵا تاڵه‌بانی)ه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر پرسیار ئه‌وه بێت بارودۆخی ئێستای پێكهاته‌ی سوننه له چ ڕه‌وشێكدایه؟ ئه‌وا ده‌توانین چه‌ند خاڵێك بخه‌ینه‌ڕوو، له‌وانه‌ش:
1- ئێستای سوننه دابه‌شبوونه وه‌ك جاران زیاتر له یه‌كگرتن و خۆڕێكخیستنه‌وه. ئه‌م دابه‌شبوونه زیاتر به‌سه‌ر شاره‌كاندایه، بۆ نموونه سوننه‌كان هاوپه‌یمانی به‌غدادیان هه‌یه له‌شاری به‌غداد، له دیاله لیستی دیاله ناسنامه‌مانه، له ئه‌نبار به‌هه‌مان شێوه ئه‌نبار ناسنامه‌مانه، كه‌واتا دابه‌شبوون و فره‌لیستی له‌سه‌ر شاره‌كان هه‌یه نه‌ك یه‌ك لیستی و یه‌كگرتووی له‌سه‌ر ئاستی عێراق به‌دیاریكراوی له‌و شوێنانه‌ی كه بنكه‌ی جه‌ماوه‌ری سوننه‌كانه و ده‌توانن ده‌نگی باش بهێنن، ئه‌مه‌ش كاڵبوونه‌وه‌ی شوناس و كاریگه‌ری سوننه‌یه.
2- ناكۆكی نێوان سیاسیه سوننه‌كان قووڵه و زۆرجار له پرۆژه‌ی یه‌كتر ڕه‌تده‌كه‌نه‌وه.
3- سوننه‌كان گرفتی ئاواره‌كان هه‌یه، ئێستا جموجۆڵی ئاواره‌بوونی سوننی هه‌یه دووباره له شاره سوننه‌كانه‌وه بۆ ناو كه‌مپه‌كان، كه ده‌رخه‌ری خراپی ڕه‌وشی پێكهاته‌ی سوننه‌یه.
4- سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی تیرۆر و چه‌كداری تیرۆرستی له‌ناوچه سوننه‌كان به‌تایبه‌تی له دیاله و ئه‌نبار و ناوچه‌كانی تر به‌هۆی بوونی میلشیاكانی حه‌شد له‌و ناوچانه، پاساویدا به‌كۆمه‌ڵێك خه‌ڵك و چه‌كداری سوننی بۆ خۆڕێكخستنه‌وه و هێرشی تیرۆریستی.
هه‌روه‌ها، له هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی 12ی ئایار دوو گۆڕانكاری گرنگ ده‌بینرێت كه ئه‌شێت به دووباره كاڵبوونه‌وه‌ی سوننه‌كان لێكبدرێته‌وه، ئه‌وانیش:
1- دروستبوونی لیستی سوننی كه كه‌سانی كوردی و شیعی و غیر سوننی تێدابوو، ڕاسته ئه‌مه په‌ره‌سه‌ندێكی ئه‌رێنی تێپه‌ڕاندنی سنوری ناسنامه‌ی تائیفی و مه‌زهه‌بی و شوناسی سوننی بوون و سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی شوناسی عێراقی بوونه، به‌ڵام هاوكات ده‌رخه‌ری په‌رته‌وازه‌ی سوننه‌كان و كۆنه‌بوونه‌وه‌یه له‌ده‌ووری یه‌كتر.
2- به‌شداری لیستی عه‌ره‌بی له‌ناوچه و شاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان، بۆ نموونه به‌شداری لیستی نصر له هه‌رێمی كوردستان، به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه جگه له به‌شداری یه‌كێتی و پارتی، هاوكات به‌شداری لیستی نوێ له‌وانه‌ش "نه‌وه‌ی نوێ" له شاره عه‌ره‌بیه‌كان كه ئه‌مه‌ش دووباره كاریگه‌ری له‌سه‌ر سوننه له‌ته‌واوی پێكهاته‌كان زیاتره.
تاچه‌ند سه‌ركه‌وتنی موقته‌دا صدر كاریگه‌ری ده‌بێت له‌مامه‌ڵه‌ی شیعه‌كان له‌گه‌ڵ پێكهاته‌ی سوننه؟
ڕاسته له‌م ساڵانه‌ی دوایدا صدر په‌یوه‌ندیه‌كی باشی له‌گه‌ڵ وڵاتانی سوننه به‌تایبه‌ت سعودیه دروستكردووه، و ئه‌شێت به‌جۆرێك له‌جۆره‌كان كاریگه‌ری له‌سه‌ر باشبوونی په‌یوه‌ندییه‌كانی شیعه و سوننه هه‌بێت، به‌ڵام له‌ڕاستیدا موقته‌دا صدر كه‌سێكی جێ متمانه نیه و خاوه‌ن كلتورێكی سیاسی لاواز و كه‌سێكی عاتفیه. بۆیه ئه‌وه‌ی صدر پشتی پێ ئه‌ستوره بوونی جه‌ماوه‌رێكی به‌هێزی شیعه‌یه كه ئه‌شێت هه‌ر ئه‌و جه‌ماوه‌ره قبوڵ نه‌كات په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ سوننه بگه‌یه‌نێته ئاستێكی باڵا، چونكه ئه‌گه‌ر ئاوڕ له‌مێژوو بده‌ینه‌وه ده‌بینیت هێشتا شیعه‌كان له‌و قه‌ناعه‌ته‌دان ئه‌گه‌ر شیعه‌كان سه‌ركوتكرابن ئه‌وا هه‌ر سوننه‌كانن سه‌ركوتیان كردوون. ئه‌مه‌ش وایكردووه صدر نه‌توانێت پاداشتێكی گه‌وره‌ی سوننه‌كان بكات و بیانپارێزێت.
كێ ده‌بێته جێگره‌وه‌ی سیستانی؟ دیارترین كه‌سایه‌تی و ئایه‌توڵاكانی عێراق كه بیانه‌وێت حه‌وزه‌ی نه‌جه‌ف بخه‌نه‌ژێر كۆنترۆڵی خۆیان كێن؟ له ناو مه‌رجه‌عه‌كانی عێراق كامیان په‌یوه‌ستن به " ولایه الفقیه" وه؟
مه‌رجه‌عیه‌تی شیعه به‌وجۆره‌ی ئێستا به‌نزیكه‌ی له سه‌ده‌ی 4 كۆچیه‌وه هه‌یه، هه‌تا سه‌رده‌می سیستانی گرفتێكی گه‌وره دروست نه‌بووه كه كێ جێگه‌ی ده‌گرێته‌وه، به‌ڵام پێشبینی ده‌كرێت دوا مردنی سیستانی كێشه‌ی گه‌وره دروست ببێت له حاڵه‌تێكدا كه سابیقه‌یه‌ك دروست بكرێت كه جێگرتنه‌وه‌ی سیستانی یه. ئه‌مه‌ش نه‌ك له‌به‌ر ئه‌وه‌ی سیستانی كه‌سێكی فه‌ریده و بێ وێنه‌یه، سیستانی كوڕی دامه‌زراوه‌یه‌كه به‌درێژای مێژوو چه‌ندین كه‌سایه‌تی وه‌ك ئه‌وه‌ی به‌رهه‌مهێناوه، به‌ڵام كێشه له جێگرتنه‌وه‌ی سیستانی بریتیه له غیابی كه‌سی كاریزمی و كێشه‌ی كات.
به‌درێژایی مێژوو مه‌رجه‌عیه‌تی وه‌ك ئێستا بۆی نه‌ڕه‌خساوه ڕۆڵی یه‌كلایكه‌ره‌وه و مێژوویی له پرسه سیاسییه‌كان ببینێت وه‌ك ئه‌و رۆڵه‌ی سیستانی ده‌یگێڕیت، هه‌ر له نووسینه‌وه‌ی ده‌ستور تائێستا هیچ فتره‌یه‌كی زه‌منی و رووداوێكی گرنگ نه‌بووه سیستانی تێدا نه‌بووبێت. ده‌وترێت یه‌كێك له‌هۆكاره‌كانی شێواندنی هه‌ڵبژاردنی 12ی ئایار سیستانی بووه كاتێك ووتی ده‌نگدان ئازاده، به‌ڵام له‌هه‌موو هه‌ڵبژاردنه‌كانی پێشوو به‌واجبی ده‌زانی به‌شداربێت له هه‌ڵبژاردن بكرێت، به‌و جۆره‌ش جه‌ماوه‌رێكی زۆری شیعی ده‌چوونه سه‌ر صندوقی ده‌نگدان له‌سه‌رداوای مه‌رجه‌عیه‌ت.
دوو هه‌فته پێش هه‌ڵبژاردنه‌كان سیستانی له خوتبه‌ی هه‌ینی (له‌ڕێگه‌ی بریكاره‌كه‌ی) ڕایگه‌یاند هه‌ڵبژاردن ئازاده، ئه‌وه‌ی كه‌سه‌ی به‌شدار نابێت پێویسته بزانێت بۆچی به‌شدار نابێت، ئه‌و كه‌سه‌ی به‌شدارده‌بێت پێویسته بزانێت بۆچی به‌شدار ده‌بێت. ئه‌مه‌ش ده‌ستبه‌رداربوونێكی گه‌وره‌ی مه‌رجه‌عیه‌ت بوو له هه‌ڵبژاردن. كه بووه‌هۆی دابه‌زینی ڕێژه‌ی به‌شداری هاوڵاتیان به‌جۆرێك له به‌غداد كه شوێنی سه‌ره‌كی ململانێی لایه‌نه‌كانبووه ڕێژه‌ی به‌شداری 33%ه. ته‌نانه‌ت قه‌ناعه‌ت هه‌یه له شوێنه‌كانی تر ڕێژه‌ی به‌شداری كه‌متر بووبێـت. ته‌نانه‌ت یه‌كێك له‌و هۆكارانه‌ی لایه‌نه‌كان ڕێگرییانكرد له هه‌ژماركردنه‌وه‌ی گشتی ده‌نگ و صندوقه‌كان ئه‌وه‌بوو كه ڕه‌نگه ده‌ره‌نجامی ڕێژه‌ی به‌شداربوون كه‌شف بێت، به‌تایبه‌ت كاتێك زانیاری هه‌یه ڕێژه‌ی به‌شداری نه‌گه‌شتۆته 33%ه، بۆیه له ئه‌گه‌ری هه‌ژماركردنه‌وه‌ی هه‌موو ده‌نگه‌كان رێژه‌ی به‌شداری ده‌رده‌كه‌وت.ئه‌مه‌ش به ئاشكرا له بڕیاره‌كانی په‌رله‌مان و دادگای فیدراڵی ده‌رده‌كه‌وێت، كاتێك په‌رله‌مان ده‌ڵێت هه‌ژماركردنه‌وه‌ی هه‌موو ده‌نگه‌كان، به‌ڵام دادگای فیدراڵی ده‌ڵێت هه‌ژماركردنه‌وه‌ی ئه‌و صندوقانه‌ی سكاڵایان له‌سه‌ر له‌پێناو ئه‌وه‌ی چه‌ند به‌شێك وه‌ربگیرن و نزیك ئاشكراكردنی ڕێژه‌ی به‌شداربوون نه‌كه‌ون.
به‌نسبه‌ت جێگرتنه‌وه‌ی سیستانی كاتی زۆر پێویسته، چونكه ئه‌گه‌ر بگه‌رێیته‌وه بۆ مێژوو سیستانی به شه‌ش ساڵ بووه‌ته ئه‌ستێره‌ی مه‌رجه‌عیه‌تی شیعه، به‌ڵام ڕه‌وشی ئێستای شیعه به‌رگه‌ی ئه‌وه ناگرێت كه شه‌ش ساڵ چاوه‌ڕێی ئایه‌توڵا بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی كه‌سێك بگاته مه‌قامی سیستانی. له‌هه‌ندێك فه‌تره‌دا پرسه‌كه جیاوازبوو، بۆ نموونه له‌سه‌رده‌می سیستانی كاتێك ئایه‌توڵا خوئی وه‌فاتی كرد له 1998، سێ كه‌س هه‌بوون ئاستیان له یه‌كتر نزیكبوو، ئه‌ویش به‌پێی پێوه‌ره‌كانی بوون به ئایه‌تووڵا له‌وانه‌ش:
-پرسی شاره‌زایی
-پرسی بریكاره‌كان (ئایه‌توڵا چه‌ند وه‌كیلی) هه‌یه
-پرسی نفوز و متمانه.
بۆیه ئه‌و كه‌سه‌ی ده‌بێت به ئایه‌توڵا هه‌نگاو به‌هه‌نگاو سه‌ردان و نزیكبوونه‌وه و پیرۆزبای به‌سه‌ردا داده‌بارێت. به‌پێچه‌وانه‌ی ئێران كه ئه‌نجومه‌نی خوبره‌گان هه‌یه و زیاتر له 80 ئایه‌توڵای گه‌وره‌ی تیایه و ئه‌كرێت یه‌كێكیان هه‌ڵبژێرن بۆ جێگرتنه‌وه‌ی ئایه‌توڵای باڵا و مه‌رجه‌ع، به‌ڵام له حه‌وزه‌ی نه‌جه‌ف نه وه‌ره‌قه‌یه‌كی نووسراو، ته‌نانه‌ت دێرێك بوونی نیه كه چۆن ئایه‌توڵا هه‌ڵده‌بژێریت، به‌ڵكو ڕێگه‌ی سه‌ره‌كی ئه‌وه‌یه ئه‌و كه‌سه خۆی ده‌سه‌لمێنێت، به‌درێژای چه‌ندین مانگ و ساڵ هه‌نگاو به هه‌نگاو ده‌بێته كه‌سێكی سه‌رنج ڕاكێش و خه‌ڵكی له‌ده‌ووری كۆده‌بنه‌وه كه هۆز و عشائیری باشووری عێراق ڕۆڵی گه‌وره‌ی تیاده‌گێڕن.
جوانترین سیناریۆ بۆ جێگرتنه‌وه‌ی سیستانی نووسرابێت ئه‌و سیناریۆیه بوو كه حیده‌ر خوئی كوڕه‌زای ئایه‌توڵا خوئی نووسیویه‌تی كه توێژینه‌وه‌یه‌كه به‌ناوی "قۆناغی دوای سیستانی - مرحله ما بعد سیستانی" كه تیایدا وێنه‌یه‌كی ئه‌و سیناریۆیه ده‌كێشێت كاتێك سیستانی ده‌مرێت چی ڕووده‌دات؟ عشائیری باشوور هه‌موو سه‌رۆك هۆزێك پێشی عشیره‌ی خۆیان ده‌كه‌وێت و دێت بۆ پرسه و سه‌ره‌خۆشی له ئایه‌توڵای تازه له نه‌جه‌ف. بۆیه ئه‌مه یه‌كێكه له هۆكار و ڕه‌گه‌زه سه‌ره‌كیه یه‌كلایكه‌ره‌وه‌كانی جێگره‌وه‌ی سیستانی و ئاماده‌كردنی ئایه‌توڵای نوێ.
یه‌كێكی تر له ره‌گه‌زكان بریتیه له وه‌كیلی ئایه‌توڵا، له‌ئێستادا سیستانی تۆڕێك له وه‌كیلی هه‌یه له‌ده‌ره‌وه‌ی عێراق له لوبنان، ئێران، پاكستان، هندستان، له وڵاتانی كه‌نداو به‌دیاركراوی به‌حرین و زۆرێك وڵاتانی تر، بۆیه ئه‌م بریكارانه ڕۆڵیان هه‌یه له‌دوای سیستانی متمانه بۆ كێ ده‌ده‌ن و كار بۆ كێ ده‌كه‌ن؟
هه‌روه‌ها، سیستانی پاره و داراییه‌كی زۆری له‌به‌رده‌سته، هه‌رچه‌نده كاتێك ئایه‌توڵا خوئی وه‌فاتی كرد سیستانی دارایی ئه‌وی گه‌ڕانده‌وه بۆ خانه‌واده‌كه‌ی و له‌خاڵی سفره‌وه ده‌ستی پێكرد، به‌ڵام له‌ئێستادا خاوه‌ن سامان و داراییه‌كی زۆر كه به‌كارده‌هێنرێت و رۆڵی ده‌بێت له ئاماده‌كردنی ئایه‌توڵای نوێ.
هۆكارێكی تر كه زۆرگرنگه له ئاماده‌كردنی مه‌رجه‌ع و ئایه‌توڵا بریتیه‌له پشتیوانی سیاسی، بۆ نموونه له‌سه‌رده‌می شا كاتێك ئایه‌توڵایه‌ك وه‌فات ده‌كات شا بروسكه‌ی سه‌رۆخی له موحسین حكیم ده‌كات، هه‌روه‌ها صدام حسێن پێشتر ڕۆڵی هه‌بوو له دانانی سیستانی، پێش سیستانی كه‌سێك به‌شێوه‌ی كاتی دانرا كه ناوی بروجه‌ردی بوو خه‌ریك بوو ببێـت به‌مه‌رجه‌ع ، به‌ڵام ئه‌و خوێندكارانه‌ی هی ئه‌و بوون له عێراق حكومه‌تی صدام مۆڵه‌تی مانه‌وه‌ی له عێراق پێنه‌دان. بۆیه هه‌موو مه‌رجه‌عێك به‌وه ئه‌بێت به زانا و مه‌رجه‌عی باڵا كه سنوری وڵاتی خۆی تێپه‌ڕ بكات و خوێندكاری وڵاتانی تر وه‌ربگرێت، بۆ نموونه خوێندكاری فارس و پاكستانی و عه‌ره‌بی و یه‌مه‌نی و ... هتد، كه هه‌موویان لای مه‌رجه‌ی باڵا ده‌خوێنن، هه‌موو ئه‌م خوێندكارانه پێویستیان به مۆڵه‌تی مانه‌وه هه‌یه له عێراق بۆیه ئه‌گه‌ر حكومه‌ت هه‌ماهه‌نگی نه‌كات مه‌رجه‌عیه‌ت به‌ره‌ولاوازبوون ده‌ڕوات و سنوری جوگرافیه‌كه‌ی بچووك ده‌بێته‌وه.
ده‌ووترێت ئه‌گه‌ر محمد باقر صدر له‌ژیاندا بمایه، یه‌كێك بوو له‌و كه‌سانه‌ی زۆر به‌هێزبوو بۆ جێگرتنه‌وه‌ی سیستانی، به‌حوكمی ئه‌وه‌ی كوڕی موحسن حه‌كیم بوو كه له ساڵی 1970 كۆچی دوایكرد و یه‌كێكه له‌و چواركه‌سه‌ی له‌سه‌رده‌می خۆیدا بووه به سه‌ركرده‌ی شیعه‌ی جیهان نه‌ك ته‌نها عێراق! ئه‌وكاته‌ی له 2003 تیرۆركرا، پله‌ی ئایه‌توڵابوو و نزیكبوو له‌وه‌ی ببێت به ئایه‌توڵای باڵا و ته‌نانه‌ت گۆشه‌گیری له سیاسه‌تكرد بۆئه‌وه‌ی خۆی ته‌رخان بكات بۆ پرسی مه‌رجه‌عیه‌ت، به‌ڵام له غیابی ئه‌و چواركه‌س هه‌ن پله‌كانی ئایه‌توڵایان بڕیوه، ئه‌وانیش:
1- خوودی سیستانی خۆی كه ته‌مه‌نی 88 ساڵه و له‌دایكبووی 1930ه: یه‌كێك له خاڵه به‌هێزه‌كانی ئه‌وه‌یه له ساڵی 1951ه‌وه هاتۆته عێراق ته‌نها شه‌ش مانگ چووه بۆ ئێران و یه‌كجاریش چووه بۆ له‌نده‌ن بۆ چاره‌سه‌ری پزیشكی، جگه‌له‌و دوو غیاب بوونه عێراقی به‌جێ نه‌هێشتووه و زۆر په‌یوه‌ست بووه به وڵاته‌وه. هاوكات كوڕه‌كه‌ی (محمد ره‌زا)بووه به ئایه‌توڵا، به‌ڵام قورسه جێگه‌ی باوكی بگرێته‌وه، چونكه خاوه‌ن كه‌سایه‌تیه‌كی كاریزمی نیه.
3- محمد سعید حكیم: كه‌سێكی عێراقیه و به‌ڕه‌چه‌ڵه‌ك ده‌چێـته‌وه سه‌ر بنه‌ماڵه‌ی حكیم، ته‌مه‌نی گه‌وره‌یه، به‌ڵام له‌هه‌مووان چانسی زیاتره بۆ جێگرتنه‌وه‌ی سیستانی. خاڵی به‌هێزی زۆره له‌وانه‌ش سه‌رۆكی دیوانی وه‌قفی شیعی كه زۆرگرنگه و هه‌موو دامه‌زراوه‌كان له‌ڕووی كارگێڕییه‌وه سه‌ر به دیوانی وه‌قفن، كه علائ موسه‌وی (علائ هندی) ئه‌و پۆسته به‌ڕێوه‌ده‌بات كاندیدی ئه‌وه.
3- به‌شیر نه‌جه‌فی: له‌بنه‌ڕه‌تدا پاكستانیه، هه‌رچه‌نده له نه‌جه‌ف گه‌وره بووه و یه‌كێكه له ئایه‌توڵا باڵاكان، به‌ڵام ئه‌وترێت كێشه‌ی له زمانی عه‌ره‌بی هه‌یه.
4- (محمد إسحاق الفیاچ)ه: كه‌سێكی ئه‌فغانیه ئه‌میش به‌هه‌مان شێوه كێشه‌ی زمانی عه‌ره‌بی هه‌یه.
ئه‌م چوار شخصیه‌ته چوار كۆڵه‌كه‌ی مه‌رجه‌عیه‌تی نه‌جه‌فن، جگه‌له‌مان كۆمه‌ڵێك كه‌سیتر هه‌ن، ئه‌وانیش مه‌رجه‌عن وه‌ك محمد یعقوبی، كه مه‌رجه‌عی حزبی فه‌زیله‌یه، مه‌رجعیه‌تی صرخی، به‌ڵام ئه‌مانه كاریزمای دینیان نیه، پێشتر ئه‌ندازیار بوون و چوونه لای صدر خوێندوویانه و دواتربوونه به ئایه‌توڵا، نه‌ك له حه‌وزه‌وه به فلته‌ره‌كاندا تێپه‌ڕبووبێتن. له‌سه‌رده‌می صدام له‌كاتی هه‌ڵمه‌تی ئیمانی كاتێك صدام ده‌ستیكرد به‌و هه‌ڵمه‌ته حه‌وزه‌كان بووژانه‌وه، ئه‌مانه له ئه‌ندازیاری مه‌ده‌نیه‌وه ده‌چن ده‌بن به ئایه‌توڵا! به‌شێكیان هه‌ر نه‌بوون به ئایه‌توڵا، بۆ نموونه محمد یعقوبی كه له‌ئێستادا حزبی فه‌زیله زۆر كاری بۆده‌كه‌ن، محمد باقر صدر وتوویه‌تی ئه‌گه‌ر یعقوبی به‌م شێوازه به‌رده‌وامبێت ده‌بێت به مه‌رجه‌ع، بۆیه صدر فریانه‌كه‌وت شهاده‌ی پێ بدات، به‌ڵام ووتوویه‌تی ئه‌گه‌ر به‌رده‌وام بیت ده‌بیت به مه‌رجه‌ع ئه‌ویش ده‌ڵێت به‌رده‌وام بووم و تأیدی محمد باقر صدرم هه‌یه بۆ ده‌بم به مه‌رجه‌ع، به‌ڵام هێشتا گومان له‌سه‌ر بڕوانامه‌كانی هه‌یه، چونكه ئایه‌توڵایه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی ببێت به مه‌رجه‌ع پێویسته مه‌رجه‌عی پێشخۆی پشتگیری بداتێ. بۆ نموونه، ئایه‌توڵا سیستانی ته‌زكیه‌كی ده‌ستووسی به‌ده‌ستی ئایه‌توڵا خوئی هه‌یه، كه ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه سیستانی هه‌موو پشتیوانی و متمانه‌یه‌كی من (خوئی)ی هه‌یه.
یه‌كێكی تر له‌خاڵه‌كان ئه‌وه‌یه ئه‌گه‌ر مه‌رجه‌ع وه‌فاتیكرد، كێ نوێژی له‌سه‌ر ده‌كات؟ كێ پرسه‌كه‌ی به‌ڕێوه‌ده‌بات و خه‌ڵك پرسه و سه‌ره‌خۆشی له‌كێ ده‌كات؟ هه‌موو ئه‌مانه كۆمه‌ڵێك خاڵن پێویسته كۆببنه‌وه له‌كه‌سێكدا بۆ ئه‌وه‌ی ببێته به‌مه‌رجه‌ع و شوێنگره‌وه‌ی سیستانی.
به‌گشتی له نه‌جه‌ف ئه‌م چواركه‌سه له پله‌ی ئایه‌توڵای باڵان، به‌ڵام چه‌ند گرفتێكیان هه‌یه، له‌وانه‌ش:
-هه‌موویان ته‌مه‌نیان له 80 ساڵ به‌سه‌ره‌وه‌یه.
-ئه‌وانه‌ی عێراقینین كه دوو كه‌سن، له زمانی عه‌ره‌بیان كێشه و گرفتیان هه‌یه.
-هیچیان سه‌ر به " ولایه الفقیه" نین، ته‌نانه‌ت هیچ كه‌سێك له حه‌وزه‌ی نه‌جه‌ف نابینرێت پشتیوانی " ولایه الفقیه" بكات. به‌پێچه‌وانه‌وه، سیستانی به‌وه به‌ناوبانگه پشتگیری ده‌وڵه‌تی مه‌ده‌نی ده‌كات، هه‌رچه‌نده به ئاشكرا خۆی ئه‌وه‌ی نه‌وتووه، به‌ڵام چه‌ند ساڵێكه ئه‌و قسه‌یه‌ی ده‌درێته‌پاڵ و ئه‌ویش تائێستا ره‌تی نه‌كردۆته‌وه.
ئه‌وانه‌ی له عێراق له‌گه‌ڵ " ولایه الفقیه"ن ته‌نها دوو كه‌سن كه هیچ كامیان له عێراقدا ناژین، به‌ڵام مه‌ترسی دروستده‌كه‌ن ئه‌وانیش:
1- ئایه‌توڵا حائیری
2- ئایه‌توڵا شه‌هروودی
ئه‌م دوو كه‌سه عێراقین، به‌ڵام له ئێران‌دا ئایه‌توڵان. هه‌رچه‌نده ئێران هه‌موو پشتیوانی و هاوكارییه‌كیان ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی ببنه جێگره‌وه‌ی سیستانی ئه‌ویش له‌ڕێگه‌ی پێدانی پاره و دارای زۆر و به‌كارهێنیان بۆ مه‌به‌ستی خزمه‌تكردنی خه‌ڵك و خوێندكاره‌كانی حه‌وزه له نه‌جه‌ف، به‌ڵام ئه‌م دوو كه‌سه دوو كۆسپی سه‌ره‌كییان هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی ببنه جێگره‌وه‌ی سیستانی، بۆیه عێراقیه‌كان دڵنیان مه‌ترسی ده‌ستگرتنی حه‌وزه‌ی ئێرانی " ولایه الفقیه" به‌سه‌ر حه‌وزه‌ی نه‌جه‌فدا نیه، چونكه قابیلی قبوڵكردن نیه له سه‌ده‌ی 4ی كۆچیه‌وه نه‌جه‌ف به‌م ستایله به‌رده‌وام بووه و له‌گه‌ڵ " ولایه الفقیه" نه‌بووه له‌دوای چه‌ندین سه‌ده ده‌وڵه‌تێك ده‌ست بگرێت به‌سه‌ر ئه‌و مه‌رجه‌عه ئاینیه.
به‌ڵام هه‌وڵه‌كانی لایه‌نگری " ولایه الفقیه" ته‌نها لێكه‌وته‌ی له‌سه‌ر كه‌مكردنه‌وه‌ی كاریگه‌ری سیستانی هه‌یه، بۆ نموونه ئێستا میلشیای عصائب هیچ حسابێك بۆ بۆچوونه ئاینیه‌كانی سیستانی ناكه‌ن! له‌ڕوواڵه‌تدا ڕێزی لێده‌گرن، به‌ڵام شوێن فه‌رمان و داواكارییه‌كانی ناكه‌ون. به‌هه‌مان شێوه میلشیاكانی تری وه‌ك كتائب سید شهدائ و كتائب نجبائ به‌رده‌وام له فراوانبووندان كه مه‌ترسی زۆر دروستده‌كه‌ن له‌سه‌ر نه‌جه‌ف. بۆ نموونه سیستانی دژی ئه‌وه‌یه میلشیاكانی حشد بچنه ده‌ره‌وه‌ی عێراق، به‌ڵام ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر له عێراق ئاهه‌نگ بۆ پشتیوانی و گه‌یاندنی هاوكاری به حوسییه‌كانی یه‌مه‌ن سازده‌كرا. بۆیه تیاره ئێرانیه‌كان كارده‌كه‌ن له‌سه‌ر كه‌مكردنه‌وه‌ی كاریگه‌ری مه‌رجه‌عیه‌ت، به‌ڵام تائێستا نه‌گشتۆته ئه‌وه‌ی خواستی ئه‌وه‌یان هه‌بێت ده‌ستی به‌سه‌ردا بگرن. ئه‌وه‌ی دڵخۆشكه‌ره بۆ شیعه‌ی عێراق ئه‌وه‌یه هه‌ژموونی ئێران له باشوور و ناوچه شیعه‌كان نفوزێكی سیاسی و ئابوورییه نه‌ك نفوزێكی جه‌ماوه‌ری، چونكه هه‌موو شیعه‌ی عێراق له ناخدا ڕقیان له ئێرانه، ته‌نانه‌ت شیعه‌كان وه‌ك عه‌ره‌بچێتی و فارسچێتی، عێراقچێتی و ئێرانچێتی هه‌ستیارن به‌رامبه‌ر به‌یه‌كتر.