ئێران ناتوانێت بە ڕێگای کۆریای باکوردا بڕوات

18/07/2018

:: بێ نوسەر ناوه‌ندی كوردستان بۆ توێژینه‌وه‌ له‌ململانێ و قه‌یرانه‌كان
مەهدی نوربەخش، مامۆستای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە زانکۆی هاریسبۆگ

دیدار و دانوستانەکانی دۆناڵد ترامپ و کیم جۆنگ ئون ئەگەرچی ڕووداوێکی ناوازە لە مێژووی ئەم دواییەی ئەم دو ووڵاتە بوو و زۆر کەسی بۆ دەستەبەربوونی ئاشتی لە نێوان دوو ووڵاتی دوژمن بەیەکی ئەمریکا و کۆریای باکور ئۆمێدوار کردووە، بەڵام نە دواڕۆژی دروستبوونی ئاشتی ڕاستەقینە لە نێوان ئەم دوو ووڵاتە زۆر ڕوونە و نە ئەمجۆرە هەنگاوانە ئەتوانێت ببێتە مۆدێلێک بۆ ئێران. کێشەی ئەمریکا لەگەڵ کۆریادا ئەمنییە و کۆریاش کێشەی لەگەڵ ئەمریکا ئەمنییە کە دوابەدوای دابەشبوونی کوریای باشور و باکور و پێگە سەربازییەکان کە لە کوریای باشور دامەزران هاتەکایەوە. کێشەی ئێران و ئەمریکا لە هەردوو لاوە ئایدۆلۆجی و سیاسییە و تەنیا لە ڕێگەی گۆڕانە ڕێشەییەکانی سیاسەتی  ئێران و ئەمریکا لە سەردەمی ترامپ، ڕێگەچارەیەک بۆ دانوستان، چارەی کێشەکان و دەرئەنجامێکی گونجاو لە نێوان دوو ووڵات دەدۆزرێتەوە.
بەڵام بۆچی کیم جۆنگ ئون لە ئیستادا ئامادە بوو کە مل بدات بە دیدار و دانوستان لەگەڵ دۆناڵد ترامپ؟ ئەمریکا و کۆریای باکور لە ئۆکتۆبەری ١٩٩٤ ڕێککەوتننامەیەکیان لەگەڵ یەکتردا واژوو کرد کە تیایدا هاتبوو کۆریای باکور کۆتایی بە بەرهەمهێنانی پەلاتینیوم دەهێنێت. کۆریای باکور بۆ ١٨ مانگ پابەندی ئەم ڕێککەوتننامەیە مایەوە و دواتر هەڕەشەی کرد کە لە NPT  دەچێتە دەرەوە و درێژە بە بەرنامەی ناوەکی خۆی دەدات. لە دوای تاقیکردنەوەی ساروخی کۆریای باکور لە ساڵی ١٩٩٨، دەوڵەتی بیل کلینتۆن هەوڵی دا کە پێداچوونەوەیک بە ڕێککەوتننامەی پێشویدا بکات، بەڵام ئەم هەوڵانە هاوکات بوو لەگەڵ سەرکەوتنی بوش لە هەڵبژاردنەکان و تاوەکو ساڵی ٢٠٠٢ درێژەی کێشا. دەوڵەتی بوش لە بری بەستنی ڕێککەوتنێکی تر بۆ ڕێگری لە پیتاندنی ئۆرانیوم لە کۆریای باکور، بەتەواوی خۆی لە ڕێککەوتننامەی ١٩٩٤ کشانەوە. جۆن بۆڵتۆن کە لەو کاتەدا جێگری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا  لە بابەتی چەک ڕامالێن و ئاسایشی نێودەوڵەتی ئەمریکا(Under Secretary of Arms Control and International Security) بوو، لە دانانی ئەم سیاسەتەی بۆش زۆر کاریگەر بوو. دوابەدوای دروستبووتی گێرەوکێشەی زیاتری نێوان هەر دوو ووڵات، دواجار کۆریای باکور لە دێسامبەری ٢٠٠٢ نێردراوەکانی ئاژانسی وزەی ناوەکی لە ووڵاتەکەی دەرکرد و لە مانگی جۆنی ٢٠٠٣ لە NPT  چووە دەرەوە. بەمشێوەیە ڕێککەوتننامەی پێشوو بەتەواوەتی هەڵوەشایەوە و بەستنی ڕێککەوتننامەی نوێ سپێردرایە شەش ووڵات(Six Party Talks) کە لە ووڵاتانی کۆریای باشور، ژاپۆن، چین، ڕووسیا و ئەمریکا پێکهاتبوون. پێش ئەوەی دەوڵەتی بۆش بچێتە ناو دانوستانێکی تر لەگەڵ کۆریای باکور، دەوڵەتی کلینتۆن و وەزیری دەرەوەی، مادلین ئولبرایت، تەواوی هەوڵەکانی خۆیان بۆ بەستنی ڕێککەوتننامەیەکی تر خستەگڕ و لەگەڵ ئەم ووڵاتە ئاڵۆزییەکانیان وەلا نا و زەمینەیان بۆ هەوڵەکانی دەوڵەتی بۆش  لە پێناو بەستنی ڕێککەوتننامەی تر لەگەڵ دەوڵەتی کۆریای باکور ئامادەکرد. لە بنەڕەتدا دەوڵەتی کلینتۆن و وەزیری دەرەوەی لە هەوڵی ئڵۆزی نانەوە لەگەڵ ووڵاتەکانی تر لەدوای هەڵوەشانەوەی یەکێتی سۆڤییەت نەبوون و باوەڕیان وابوو کە کاتی هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان بە تایبەتی لە بورای بازرگانیدا هاتووە. دەوڵەتی کلینتۆن هەموو هەوڵەکانی خۆی بەکارهێنا بۆ ئەوەی لەگەڵ دەوڵەتی ئێران و خاتەمی کۆتایی بە کێشەکانیان بهێنن و ئولبرایت تاوەکو داوای لێبوردن کردن بۆ کودەتای ١٩/٨/١٩٥٣(دژ بە دەوڵەتی محەمەدی موسەدیق) چووە پێشەوە، بەڵام ئایەتوڵا خامنەیی ڕێگای نەدا کە لەم هەلە ناوازە نێودەوڵەتییە بە قازانجی بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی ئێمە سوود وەربگیرێت. ڕێگا بە خاتەمی نەدرا لەم لایەنەوە هەوڵی خۆی بدات و بە شێوەیەکی نیوەئاشکرا ڕاگەیەندرا کە سەرۆککۆماری هەڵبژێردراوی ئێران لەمبارەیەوە جێگای متمانە نییە.
دەوڵەتی بۆش هاتە سەرکار و دەستی کرد  به دوژمنایەتی لەگەڵ ئێران کە زیاتر لە ڕێگەی نیوکانەکان(Neocon) بەرنامەڕێژی بۆ دەکرا. سیاسەتی دەوڵەتی بۆش بەرامبەر بە کۆریای باکور بە هەمانشێوە لە لایەن نیوکانەکان ڕێکدەخرا و ئامانجی ئاشتەواییان لەگەڵ ئەم ووڵاتە نەبوو. ئەگەرچی لە جۆنی ٢٠٠٣ دەوڵەتی ئەمریکا ڕایگەیاند کە ئامانجی هێرشکردنیان نییە بۆ سەر کۆریای باشور، بەڵام جۆنی ٢٠٠٢، ئەمریکا کۆریای باکوری خستبووە ناو میحوەری شەڕانگێزی(Axis of Evil) و لە هەمان ساڵدا لە ڕاپۆرتێکدا جەختکرایەوە کە هێرشی پێشگرانە(Preemptive Attack) دژی ئەو ووڵاتانە دەکرێت کە سەرقالی بەرهەمهێنانی چەکی ناوەکین. ئەم هەڵوێستەی ئەمریکا پەرەی دا بە کەشی بێ متمانەیی نێوان هەر دوولا. لەگەڵ سەرۆکایەتی ئۆبامادا، درێژە بە سزاکانی سەر کۆریای باکور درا و و دەوڵەتی ئۆباما لەو بڕوایەدا بوو کە بە زیادکرنی سزاکان و هەروەها هاوکاری نێوان ژاپۆن و کۆریای باشور و چین، هانی کیم جۆنگ ئون دەردێت کە لە سەر مێزی دانوستانەکان دابنیشێتەوە. لە لایەکی ترەوە کیم جۆنگ ئون کە بەخێرایی لە هەوڵی دروستکردنی بۆمبی ناوەکی بوو، بۆ ئەوەی بتوانێ وەک هەرەمێکی هێز لە دانوستانەکانی لەگەل ئەمریکادا سوودی لێ ببینێت، ئامادەنەبوو کە بچێتە دانوستان لەگەڵ دەوڵەتی ئۆباما.
لە ئیستادا کیم جۆنگ ئون لەبەر هۆکاری سیاسی و ئابووری و نەوەک ئەمنی بڕیاڕیدواە لەگەڵ ئەمریکادا دانوستان بکات. بەهەڵبژاردنی ترامپ، دەوڵەتی کۆریای باکور چەندین ساڕوخی باڵستیکی نوێی تاقیکردەوە بۆ ئەوەی هەڕەشە جیدییەکەی خۆی پێشانی ئەمریکا بدات. لە ڕووی سیاسییەوە، سەرکەشییەکانی کۆریای باکور بۆ ووڵاتە لایەنگرەکانی خەرجهەڵگر بووە. دەوڵەتی چین وەک لایەنگرێکی گرینگ، ئیتر ئامادەنەبوو وەک ڕابردوو بەردەوامی بە پاڵپشتییەکانی خۆی بۆ کوریای باکور لە شانۆی نێودەوڵەتی بدات. سەرکەشییەکانی کیم جۆنگ ئون و تاقیکردنەوەساروخییەکانی کە تەنانەت سنوورەکانی ژاپۆنی تێپەڕاندبوو، ووڵاتی چینی لە دۆخێکی سیاسی نەگونجاویی نێودەوڵەتی دانابوو. کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەباشی دەیزانی کە چین نفوزێکی گەورەی لە کۆریای باکوردا هەیە و ئەتوانێت سوود لەم نفوزە بۆ فشارخستنە سەر کیم جۆنگ ئون ببینێت. ئەگەرچی چینییەکان لە ڕابروودا سودیان لە کۆریای باکور وەک هەرەمێکی نفوزی سیاسی لە ئاسیا بەرامبەر ئەمریکا دەبینی، بەڵام پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانی چین لەگەڵ کۆریای باشور و ژاپۆن و ووڵاتەکانی درواسێی لە ئیستادا، ڕێگەنادات کە کیم جۆنگ ئون لەسەر سەرکەشییەکانی بەردەوام بێت. هەر بۆیە لە دوو گەشتی خۆی بۆ چین، کیم جۆنگ ئون بەتەواوی بۆی دەرکەوت کە پشتگیری چین بۆ کۆریای باکور ڕووبەڕووی کێشە بۆتەوە و ئیتر وەکو ڕابردوو بێ سنوور نابێت.
کۆریای باکور لە ڕوی ئابوورییەوە گەیشتۆتە خاڵی کۆتایی. ئەم ووڵاتە لە ڕابردوودا تووشی قاتوقڕی ببوو و ئەشێت کە جارێکیتر ووڵات تووشی ئەو قەیڕانە ببێتەوە. کیم جونگ ئون لە پیانگ یانگ، پایتەختی ووڵاتەکەی، وەبەرهێنانێکی فراوانی ئەنجامداوە و ١٥% دانیشتوانی ووڵاتەکەی لەم شارە جێگیر کردووە. ئەم چینە خوێندەوارە لە بوروکراسی دەوڵەت جێگای خۆی کردۆتەوە و هەنگاو بە هەنگاوە لەگەڵ ژیانی نیمچەخۆشگوزەران ڕاهێنراوە. کیم جۆنگ ئون لەم ساڵانەدا کۆمەڵە بورجێکی لەم شارە بینا کردووە و لەڕێگای خزمەتگوزارییە مۆدێڕنەکانی شارنشینی ئەم بەشەی کۆمەڵگای زیاتر وابەستەی حکومەت کردووە و وەفاداری ئەم توێژە خوێندەوارەی بۆ حکومەت و سیستەمە تۆتالیتارەکەی زیاتر کردووە. لەگەڵ برەودان بەم چینە تایبەتە لە ووڵاتێک کە زۆرینەی خەڵکەکەی لە هەژاری و هەژاری تەواودا دەژین، چاوەڕوانی نوێ لە کۆریای باکور هاتۆتەکایەوە. دۆخی ئیستای ئابووری کۆریای باکور لە ژیر سزا پشت شکێنەکانی نێودەوڵەتی ڕێگا نادات کە کیم جۆنگ ئون لە سەر ئەم پرۆژەیە و پرۆژەکانی تر بەردەوام بێت. کیم جۆنگ ئون کە گەنجە و تاکەخاوەنی بیرۆکەی گۆڕانکارییە ئابوورییەکانی ئەم ووڵاتەیە، بێ گومان ئەزانێت کە بەبێ تێپەڕاندنی سزاکان، ناتوانێت لەسەر ئەم دۆخەی ئیستا بەردەوام بێت. ئەو ناتوانێت بەدوای مۆدێلی پێشووی یەکێتی سۆڤییەت تا ئاستی ڕوخان بچێتە پێشەوە. ئەو ناتوانێت هەموو داهاتی ووڵات بۆ چەکی ناوەکی تەرخان بکات؛ وانەیەکی گەورە کە سیستمە داپڵۆسێنەرەکان درانگتر هەستی پێ دەکەن.
بەڵام ترامپ سوودی لەم هەلە بینی بۆ ئەوەی وەک بازرگانێکی بەدوای بازاڕ کە زیاتر چاوی لە بەرژەوەندییەکانی خۆیەتی تاوەکو ووڵاتەکەی، چووە ناو ئەم قومارە گەورەیە لەگەڵ ووڵاتی کۆریای باکور. ئەو زیاتر لە هەموو شتێک بەدوای ناوبانگی سیاسییە. سەرجەم شیکەرەوەکان پێیانوایە ئەم دانیشتنە ناوازەیە لە ئیستادا بە شێوەیەکی کاتی ڕێگری لەشەڕ دەکات، بەڵام دواڕۆژێکی بە تەواوی پێشبینی نەکراو بەدوای خوێدا دەهێنێت. دەوڵەتی ترامپ ڕێککەوتنامەیەکی ١٦٠ لاپەڕەیی بەرجامی(ڕێککەوتننامەی وزەی ناوەکی ئێران و ووڵاتانی ٥+١) لەگەڵ ئێران فڕێدا بۆ ئەوەی دڵ بە ڕێککەوتننامەیەکی ٢ پەڕەیی خۆش بکات کە تیاید هیچ سەبارەت بە بەندەکان و کات و پابەندبوون بە بەڵێننامەکەی تێدا نییە. لە بەرجامدا هەموو ناوەند و دامەزراوە ناوەکییەکانی ووڵاتی ئێمە دەخرایە بەردەم بەدواداچوون و شایەتیدانی بەردەوام لە لایەن نوێنەرانی ئاژانسی ووزەوە، بەڵام چەندین ساڵ درێژە دەکێشێت کە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوەکی بتوانێت شوێنی دامەزراوەی ناوەکییەکانی کۆریا دیاری بکات و بەرنامەیەکی بەدواداچوون و شایەتیدان دابنێت. لە ڕابردوودا سەرۆککۆمارەکانی ئەمریکا ئامادە نەبوون کە لەگەڵ سەرۆکی کۆریای باکور گفتگۆی ڕاستەوخۆیان هەبێت، کەسێک کە دەستی بە خوێنی هەزاران کەس لە خەڵکی ووڵاتەکی  سوور بووە. قسەی ئەوان ئەوە بووە کە نابێت سەرۆکی ئەم سیستمە لە دیدارێکی فەڕمیدا ڕێزی لێ بگیرێت و بە فەڕمی بناسرێت. ترامپ بە هۆی سەرنجی تایبەتی خۆی بۆ پۆتین ئامادەبوو کە ئەم ڕێچکەیە لە سیاسەتی ئەمریکادا بشکێنێت و تێیپەڕێنێت. هەر لەبەر ئەمەیە ئیستا کۆریای باکور بانگەشەی ئەوەی کردووە کە بڕیاروایە کە نە تەنیا کۆریای باکور بەڵکو هەموو نیمچەدورگەی کۆریا(Korean Peninsula) لە چەکی ناوەکی داماڵدرێت. ئەمە بەو مانایە دێت کە پێویستە ئەمریکا چەکی ناوەکی و ساروخە ناوەکییەکانی خۆی لە کۆریادا بهێنێتەدەرەوە. ئەمە بۆ کۆریای باشور جێگای قبوڵکردن نابێت، چونکە کۆریای باشور هێزێکی ووشکانی چەند ملیۆنی ئامادەکردووە و ئەمە هەڕەشەیەکی گەورەیە بۆ ئەم ووڵاتە. دەوڵەتی ترامپ ڕەزامەندی داوە کە ڕاهێنانە سەربازی و ئەمنییەکانی ئەمریکا و کۆریای باشور لەم نیمچەدورگەیە ڕابگرێت، کە ئەمەش ناڕەزایەتی گەورەی لە شانۆی سیاسەتی ئەمریکا و کۆریای باشوری بەدوای خوێدا هێناوە.
بەڵام بارودۆخی ووڵاتی ئێمە، ئێران، لەگەڵ کۆریای باکوردا بۆ دانیشتن و دانوستان لەگەڵ ئەمریکا و دەوڵەتی ترامپ بەتەواوی جیاوازە. تڕامپ کەسێک موحافیزەکارە و خاوەنی پشتیوانی بەشێکی خەڵکی ئەمریکایە کە زۆرینەیان، ڕەگەزپەرەست، دژەموسڵمان، لایەنگری سەرسەختی ئیسرائیڵ، دژی ئێران، مەسیحی ڕاستڕەو و مەسیحیە زایۆنییەکانن(Christian Zionist). ترامپ زیاتر بە پشتگیری زۆرینەی ئەم خەڵکانە توانی ببیتە سەرۆککۆماری ئەمریکا. پشتگیری ئەم بەشانە کە ٤٠% خەڵکی ئەمریکا پێکدەهێنن، بە درێژایی سەرۆکایەتی تڕامپ هیچ گۆرانێکی بەخۆۆە نەبینیوە. دەوڵەتی ترامپ لەگەڵ دەوڵەتی ڕاستڕەوی ئیسرائیڵ و عەرەبستانی سعودی لەسەر دوژمنی ئێران هاوپەیمان بووە. ئەم دوو ووڵاتە بۆ لایەنی قووڵبوونەوەی کێشەی سیاسی نێوان ئێران و ئەمریکا هەوڵێکی زۆریان داوە. لە ناوچەیەکدا دەژین کە هیچ ووڵاتێکی درواسێمان نایەوێت کە پەیوەندییەکانی ئێران و ئەمریکا بەرەوە باشبوون بڕوات. دوانزە مەرجی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، پامپیو، بە ئاشکرا ئەوە دەردەخات کە دەوڵەتی ئەمریکا بۆ دانوستان لەگەل ئێران ئامادە نییە. مەرجەپێشوەختەکانی ئەمریکا و دەوڵەتی ترامپ ئەوە پێشان دەدەن کە ترامپ تەنیا بۆ پرواپاگەندەیەکی سیاسی کە لە نێوان جەماوەرەکەی خۆیدا لایەنگری زۆرە پێشنیاری دانوستانی خستۆتە بەردەم ئێران. ئەمە بەتەواوەتی ڕاستە کە ترامپ وەکو کەسێکی خۆویست و خۆمیحوەر بەدوای هەلی لەمشێوەیەدا دەگەڕێت و بۆ نمونە بیەوێت بچێتە ناو دانوستان لەگەڵ ئێراندا بۆ ئەوەی کە ناوبانگی زیاتر بەدەست بهێنێت، بەڵام سنوورە ئایدۆلۆجیاییەکی و پشت بەستنی بە بەشە موحافیزکارە ڕاستڕەوەکەی ئەمریکا ڕێگای پێنادا کە هاوشێوەی کۆریای باکور، لەگەڵ ئێراندا بچێتە ناو دانوستانەکان. یەکێک لە داواکارییەکانی ئەمریکا و دەوڵەتی ترامپ لە قۆناغی یەکەمدا، بە فەڕمی ناساندنی ئیسرائیڵ لە لایەن ئێرانەوە دەبێت. ترامپ لە چوارچێوەی کێشەی فەڵەستین و ئیسرائیڵ، کەمترین حەزی پێشان داوە. سیاسەتی ئەو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، پشتیوانیکردنە لە عەرەبستانی سعودی و ووڵاتەعەرەبییەکانی ناوچەکەیە بۆ بەرژەوەندییە ئابووریە تایبەتەکانی خۆی لە ئیستا و داهاتوودا، پشتیوانی ڕەها و هاوپەیمانی ستراتیژی لەگەڵ ئیسرائیڵ و دوژمناییەتی ئێرانە. دوژمنایەتی لەگەڵ ئێراندا لە ئایدۆلۆژیای ڕاستڕوانەی ترامپدا پێگەی تایبەت بەخۆی هەیە.
دەسەڵاتدارانی ئێمە و ڕابەری کۆماری ئیسلامی ئێران دوو هەلی گەورەی مێژووییان بۆ چارەسەکردنی کێشەی ئێمە لەگەڵ ئەمریکادا لەدەستدا. هەلی یەکەم سەردەمی کلینتۆن و خاتەمی بوو و هەلی دووەم سەرەتای دەوڵەتی ئۆباما بوو. ئەگەر کێشەکانی ئێمە لە هەردوو هەلەکەدا چارەسەر بکرایە، ئیستا ئێمە لە پەیوەندییەکی دامەزراوە لەگەڵ ئەمریکادا دەبووین. پاڵپشتییەکانی ڕابەری ئێران لە دەوڵەتی ئەحمەدی نەژاد و سیاسەتە تێکدەرەکانی، گورزێکی گەورەی لە بەرژەوەندییەکانی نەتەوەیی ئێمەدا. کێشەی ئێمە لەگەڵ ئەمریکادا پێش ئەوەی کە پەیوەندی بە ترامپەوە هەبێت، بۆ ڕابەری کۆماری ئیسلامی ئێران و سوپا دەگەڕێتەوە. کێشەکانی ئێمە بۆ دەسەڵاتی ڕەهای ڕابەری کۆماری ئیسلامی ئێران دەگەڕێتەوە کە تاکلایەنە ئەتوانێت و ڕێگە بە خۆی دەدات کە پێناسەی بەرژەوەندی نەتەوەیی و چوارچێوەکانی ئاسایشی ئێران بکات. ئەو ڕابەڕێکە کە بەرژەوەندی  نەتەوەیی ووڵات لە دروستکردنی چەندین ساروخێکدا دەبینێت نەک ئابوورییەکی پێشکەوتوو. سوپا نفوزی سیاسی ئێران لە ناوچەکەدا لە سەرکەشیە سەربازییەکانی لە سوریا، عێراق و یەمەن دەبینێتەوە. ئەوان بەدوای پشتیوانین لە حکومەتە تایفەییەکان لە عێراق، سوریا، یەمەن و لوبنان، نەک لە دەوڵەتە دیموکراتییەکان. ئەوان هێز لە دەسەڵاتی ڕەهادا دەبینن نەوەکو دیموکراسی و سیستمێک کە لەسەر بەرژوەندییە نەتەوەییەکانی ووڵات لەگەڵ هاوڵاتی و چینی نوخبەی ووڵات دەگاتە کۆدەنگی و پێناسەیەکی هاوبەش. 
ڕێگای چوونەدەوروەی لەم کێشەوبەرە گەورانەی کە ووڵاتی ئێمە لە ئیستادا و بە تایبەتی لە سیاسەتی دەرەوە ڕووبەڕووی بۆتەوە، گۆڕانکاری ڕێشەییە لە هەڵوێستی ڕابەری ئێران و بونیادی سیاسی لە ووڵاتی ئێمە. باشترین هەنگاو لە ئیستادا دانوستانە لەگەڵ ووڵاتانی ئەوروپا و متمانەدانە پێیان کە ئێران ئامادەیە لە سیاسەتی دەرەوەی خوێدا مل بدات بە یارییەکی دوو سەر براوە(برد-برد). لە ئیستادا و بە تایبەتی دوای ئەو پێشهاتەی کە لە گروپی وولاتانی پیشەسازی حەوت(G 7) لە کەنەدا و لە نێوان ترامپ و سەرۆکی ووڵاتەکانی تری ئەوروپا ڕوویدا، کاتی ئەوە هاتووە کە سیاسەتی دەرەکی ئێمە زۆر بەخێرایی لەپێناو سوودوەرگرتنی باش لەم درزەی کە دروستبووە جارێکیتر داڕژرێتەوە. خاڵی سەرەتا شەڕی سووریایە، ئەم شەڕە کۆتایی پێنەهاتووە و ئاشتی بۆ ئەم ووڵاتە نەگەڕاوەتەوە. لەبنەرەتدا لە ووڵاتێک بەم هەموو وێرانییەوە، کوژراو و پەنابەری بێ مال وجێ هێنانەوەدی ئاشتی کارێکی زۆر ئەستەمە. ئەوروپییەکان لەبەر کۆمەڵێک هۆکار دەیانەوێت کە دۆخی ناوخۆیی سوریا رێکبخرێتەوە. ڕوسیا لەسەر مانەوەی ئێران لە سوریادا لەگەڵ ئیسرائیڵدا چووەتە ناو مامڵەیەکەوە و پۆتین  مامڵەیەکی هاوشێوەش سەبارەت بە ئێران لەگەل ئەمریکادا ئەنجام دەدات. زۆر ڕوون و ئاشکرایە کە پێش ئەوەی ئێران بە ناچاری سوریا بەجێبهێڵێت، پێویستە کە لە بیر سازانێک لەگەڵ خەڵکی سوریا و دانوستان لەگەل ئەوروپییەکان بین. ئەگەر عەرەبستان سعودی و هاوپەیمانەکانی ناوچەی "حەدیدە" لە یەمەن بخەنە ژێر دەسەڵاتی خۆیانەوە، کۆتایی بە پرسی یەمەن دێت. ئێران پێویستە هەوڵ بدات کە سەبارەت بە یەمەن و سوریا لەگەڵ عەرەبستان سعودی دانوستان بکات.  پەیوەندی باشتری عەرەبستانی سعودی و ئێران و چارەسەرکردنی کێشەی وڵاتەکەمان لەگەڵیان، ڕێگا بە نەتانیاهو و ترامپ نادا کە سوود لە درزی پەیوەندییەکانی تاران و ڕیاز ببینن. دانوستان لەگەڵ ئەوروپا، بونیاتنانی پەیوەندییەکی باشتر لەگەڵ ئەوروپا و عەرەبستان سعودی ئەم هەلە بۆ ئێران دەڕەخسێنێت کە یەکەم ئەوروپییەکان لە پشتیوانی ئێران دەستهەڵنەگرن و هەموو هەوڵەکانیان بۆ مانەوەی بەرجام بخەنەگڕ. دووەم، دوژمنی عەرەبستانی سعودی لەگەڵ ئێمە کەمتر بێت و سێهەم، ووڵاتەکەمان بتوانێت بەرگەی خولی یەکەمی سەرۆککۆماری ترامپ بگرێت و تێیپەڕێنێت. ئێران پێویستە لە ڕێگەی ئەوروپاوە خۆی بۆ قۆناغی دوای خولی یەکەمی ترامپ ئامادەبکات بۆ ئەوی بتوانێت لەگەڵ دیموکراتەکانی ئەمریکادا پەیوەندی باشتر ساز بکات. ترامپ یان متمانەی لێدەسەنرێتەوە یان لە هەڵبژاردنەکەی داهاتوودا شکست دێنێت. ئەگەر بە هۆی هەر دوخێکی تایبەتەوە ترامپ دووبارە هەڵبژێردرایەوە، تەواوی کۆنگرە یان بەشێک لە کۆنگرە  لە دیموکراتەکان پێکدێن. ئەگەر ووڵاتی ئێمە بتوانێت ڕەزامەندانە لەگەڵ ئەوروپا ڕێ بکەوێت و دانوستان بکات، ئەوروپییەکان دەبنە پردێک بۆ  پەیوەندی باشتری نێوان ئێران و دیموکراتەکانی ئەمریکا،. لە ئیستادا نابێت ئەوروپا لە دەست بدرێت. سیاسییەکانی ئێران کە بەردەوام ئولتیاتۆم(Ultimatum) دەدن بۆ ئەوەی بەرگری لە بەرجام بکەن، لە هەرزەکاری سیاسی بەسەر دەبەن. ئێران دەبێت چالاکانە لەگەڵ ئەوروپادا بچێتە ناو دانوستان و هاتوچۆی بەردەوامەوە بۆ ئەوەی کێشەوبەرە سیاسییەکانی کەم ببنەوە.
سەرچاوە: ماڵپەڕی زەیتون   www.zeitoons.com

زۆرترین خوێندراوە


political studies copyright 2017 © . All right reserved Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure