جیهان چاوه‌ڕوانی چی له‌ دیداره‌كه‌ی نێوان تره‌مپ و پوتین كرد؟

18/07/2018

:: بێ نوسەر

ناوه‌ندی كوردستان بۆ توێژینه‌وه‌ له‌ململانێ و قه‌یرانه‌كان
ڤیكتۆریا ڤێنك/ strana.ua 
دێنیس ڤۆلكۆڤ، ئه‌ندرێی كۆلێسنیكۆڤ/ Carnegie.ru
وه‌رگێرانی له‌ روسیه‌وه‌: كارزان عومه‌ر

رێكه‌وتنى هه‌ردوو سه‌رۆكی ئه‌مریكا دۆناڵد تره‌مپ له‌گه‌ڵ ڤلادمیر پوتین سه‌رۆكی روسیا ده‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ سه‌ردانێكی راوێژكاری تره‌مپ بۆ كاروباری ئاسایشی نیشتمانی جۆن بۆلتۆن. دواهه‌مین جاریش كه‌ پوتین و تره‌مپ یه‌كتریان بینی له‌ مانگی شه‌شی ساڵی رابردوو بوو له‌ چوارچێوه‌ی لوتكه‌ی بیست له‌ شاری هامبۆرگی ئه‌لمَانیا، كۆبونه‌وه‌كه‌شیان دوو كاتژمێری خایاند.  به‌شێوه‌یه‌كی گشتی بابه‌تی كۆبونه‌وه‌كه‌ش: ئۆكرانیا، سوریا و هه‌روه‌ها كۆمه‌لیك بابه‌تی دیكه‌یه‌ كه‌ سه‌رئێشه‌ و ئارێشه‌ى دروستكردوه‌ له‌ په‌یوه‌ندیه‌كانی نێوان هه‌ردوو ده‌وڵه‌تدا.

بژارده‌كانی مۆسكۆ و واشنتۆن
 كۆشكی كرێملین به‌شێوه‌یه‌كی ناروون ئاشكرای كرد، كه‌وا  سه‌ركرده‌كانی هه‌ردوو ده‌وله‌ت ده‌یانه‌وێت پێشنیاری گفتوگۆی گه‌شه‌پێدانى داهاتووی په‌یوه‌ندیه‌كانی نێوان هه‌ردوولا بكه‌ن. هه‌روه‌ها گفتوگۆكردنی پرسه‌ سه‌ره‌كیه‌ هه‌نوكه‌ییه‌كان له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی. راوێژكاری سه‌رۆكی روسیا بۆ كاروباری رۆژنامه‌وانی رایگه‌یاند كه‌وا زۆركه‌س چاوه‌رێی دیداری تره‌مپ و پوتین ده‌كه‌ن، كه‌ خۆی ئه‌بینێته‌وه‌ له‌ گفتۆگۆیه‌كی زۆر جدی سه‌باره‌ت به‌ كۆمه‌لێك پرس و كێشه‌ی زۆر ئاڵۆز. سه‌رۆكی ده‌وڵه‌تی خانه‌خوێی دیداره‌كه‌- سه‌رۆكی فینله‌نده‌ ( ساولی نینیستێ) وتی كه‌ ته‌وه‌ری سه‌ره‌كی دیداره‌كه‌ بریتی بوو له‌ بابه‌تی ئۆكرانیا، سوریا و پاشان سزا سه‌پێندراوه‌كانی سه‌ر هه‌ردوو ده‌وڵه‌ت. له‌لای خۆشیه‌وه‌، جێگری سه‌رۆكی ئه‌مریكا مایك پێنس رایگه‌یاند كه‌ یه‌ك له‌ بابه‌ته‌ هه‌ره‌ سه‌ره‌كیه‌كانی دیداره‌كه‌ بریتی ده‌بێت له‌ بابه‌تی ته‌داخولی روسیا له‌ هه‌ڵبژاردنه‌ سه‌رۆكایه‌تیه‌كه‌ی ئه‌مریكا سالی 2016، په‌یوه‌ندیه‌ ئابووریه‌كانی نێوان هه‌ردوو وڵات، و هه‌روه‌ها له‌گه‌ل ده‌وله‌تانی دیكه‌ی جیهانیش، له‌گه‌ڵ ئه‌مانه‌شدا بارودۆخی ئۆكرانیا و سوریاش گفتوگۆی له‌باره‌وه‌ ده‌كرێت. به‌دڵنیاییه‌وه‌، لێدوانی كه‌سایه‌تیه‌ فه‌رمیه‌كان ئه‌وه‌ ده‌رده‌خات وه‌ك هه‌میشه‌ كه‌ ناروون و كورتن. به‌ڵام كه‌مێك زیاتر راستگۆترن له‌چاو ئه‌وه‌ی كه‌ میدیا جیهانیه‌كان ده‌یهۆننه‌وه‌ له‌ دروستكردنی ئه‌و چیرۆكه‌ی كه‌وا ئاخۆ ده‌بێت هه‌ردوو سه‌رۆكی خاوه‌ن چه‌كی ئه‌تۆم باسی چی بكه‌ن.

بوونی هێزی سه‌ربازی ئه‌مریكی كه‌متر له‌ رۆژهه‌ڵاتى ئه‌وروپا 
به‌ریتانیا به‌ نیه‌گه‌رانیه‌وه‌ له‌ دیداره‌كه‌ ده‌روانێت. له‌م باره‌یه‌وه‌ ئاژانسی بلومبێرگ، كه‌ له‌سه‌رچاوه‌یه‌كی وزاری به‌ریتانی نه‌ناسراوه‌وه‌ وه‌ریگرتوه‌. به‌گوێره‌ی ووته‌ی سه‌رچاوه‌كه‌، پێده‌چێت تره‌مپی سه‌رۆكی ئه‌مریكا پلانى كه‌مكردنه‌وه‌ی هێزی سه‌ربازی ئه‌مریكی له‌سنووره‌كانی رۆژهه‌لاتى ئه‌وروپا بۆ پوتین ئاشكرا بكات. به‌ریتانیاش به‌هه‌مان شێوه‌ هێزی سه‌ربازی له‌ ئه‌وروپای رۆژهه‌لات هه‌یه‌. دوای ئه‌وه‌ی كه‌ سیاسیه‌ به‌ریتانیه‌كان به‌ئاشكرا له‌ كه‌یسی سكریپالی سیخور مۆسكۆیان تۆمه‌تباركرد، ئه‌و ولاته‌ هه‌وڵده‌دات خۆی به‌ دوور بگرێت له‌ كاروچالاكی هاوبه‌ش له‌گه‌ل روسیادا. ترسه‌ هاوشێوه‌كانی كاربه‌ده‌ستانى حكومه‌تى به‌ریتانى له‌ رۆژنامه‌ى تایزمی به‌ریتانى بلاوكرایه‌وه‌، به‌بۆچوونی ئه‌وان، له‌ به‌ره‌نجامی دانوستانه‌كان، واشنتۆن ده‌توانێ چالاكیه‌ هاوبه‌شه‌كانی ناتۆ كه‌وا بریاره‌ له‌ پایزی ئه‌مساڵ له‌ نه‌رویج ئه‌نجام بدرێت، بیوه‌ستێنێت. به‌ریتانیا ترسی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ كه‌ تره‌مپ له‌ دانوستانه‌كانیدا، بری هاوكاری و پابه‌ندبونه‌ سه‌ربازیه‌كانی له‌ ئه‌وروپا كه‌مبكاته‌وه‌ ئه‌مه‌ش لێدانێكه‌ له‌ پێگه‌ی ناتۆ له‌ ناوچه‌كه‌ و توانا به‌رگریه‌كانی هاوپه‌یمانێتیه‌كه‌ لاواز ده‌كات. جگه‌ له‌وه‌ش، ترسی ئه‌وه‌ش هه‌یه‌، كه‌ تره‌مپ له‌وه‌یه‌ نیمچه‌ دورگه‌ى كرێمیه‌ وه‌ك به‌شێك له‌ روسیا بناسێنێت له‌ به‌رامبه‌ر كه‌مكردنه‌وه‌ى ئاگری شه‌ر له‌ رۆژهه‌لاتى ئۆكرانیا. راوبۆچونێكی له‌م شێوه‌یه‌، یان بۆند، باڵوێزی پێشووی به‌ریتانیا له‌ لاتڤیا رایگه‌یاند" تاراده‌یه‌كی زۆر وا پێده‌چێت شته‌كان به‌ئاراسته‌یه‌كی هه‌ڵه‌دا برۆن نه‌ك به‌ رێگا راسته‌كه‌دا وه‌ك پێویسته‌" ئه‌و سیاسه‌تمه‌داره‌ رایگه‌یاند. ئاشكرایه‌ كه‌ كۆشكی سپی به‌شێوه‌ی فه‌رمی پێشتر ئه‌وه‌ی راگه‌یاندوه‌ كه‌ واشنتۆن نیمچه‌ دوورگه‌ى كرێمیه‌ وه‌ك به‌شێك له‌ روسیا ناناسێنێت. به‌لام پاش ئه‌وه‌، له‌ وه‌لامى پرسیاری رۆژنامه‌نوساندا، تره‌مپ سینارۆیه‌كی له‌م شێوه‌یه‌ی به‌دوور نه‌زانی، گووتى بابزانین ئاخۆ ئه‌مریكا ده‌توانێت داگیركاریه‌كانی كرێمیه‌ وه‌ك به‌شێك له‌ روسیا بناسێنێت. ئه‌و هه‌روه‌ها وه‌ڵامێكی هاوشێوه‌ی دایه‌وه‌، كاتێك پرسیاریان لێكرد سه‌باره‌ت به‌ سزا سه‌پێندراوه‌كانى سه‌ر روسیا.  

دیداره‌كه‌ هاوشێوه‌ی دیداره‌كه‌ی تره‌مپ ده‌بێت له‌گه‌ڵ كیم جۆن ئون: 
رۆژنامه‌ی نیۆرك تایمز ترسی چاودێرانی بلاوكرده‌وه‌ كه‌وا له‌ دیداریدا له‌گه‌ل پوتین، تره‌مپ برواته‌ دانوستانێكه‌وه‌ هاوشێوه‌ی ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی كۆریای باكوور ئه‌نجامى دا. كاتێك تره‌مپ بریاریدا چالاكیه‌ سه‌ربازیه‌ هاوبه‌شه‌كانی له‌گه‌ل كۆریای باشوور رابگرێت، هه‌رچه‌نده‌ ره‌زامه‌ندیه‌كانی كۆریای باكوور بۆ راگرتنی چالاكیه‌ ئه‌تۆمیه‌كانی بووه‌ به‌شێك له‌ رابردوو. دوای دانیشتنه‌كه‌ى له‌گه‌لأ سه‌رۆكی روسیای فیدرالیدا، دیسان له‌وانه‌یه‌ ئه‌مریكا زیاتر ببه‌خشێت وه‌ك له‌وه‌ی به‌ده‌ستی دێنێت. رۆژنامه‌كه‌ پێیوایه‌ كه‌ له‌م ماوه‌یه‌ی رابردوودا تره‌مپ به‌زۆری پێوه‌ره‌كانی پێشووتری پشتگوێخستوه‌ ئه‌ویش له‌پێناو ئاشتكردنه‌وه‌ی روسیادا - سزاكان، پرچه‌ك كردنی سوپای ئۆكرانی، ده‌رپه‌راندنی دیپلۆماته‌ روسه‌كان و سه‌رزه‌نشت كردنى هێرشه‌ ئه‌رلیكترۆنیه‌كان له‌لایه‌نی روسیاوه‌. شاره‌زایه‌كی بواری سیاسه‌ت پێشبینی ده‌كات كه‌وا له‌ دیداره‌كه‌دا پوتین هه‌موو تواناكی خۆی به‌كاربێنێت له‌پێناو لاوازكردنی سیاسه‌تی كۆشكی سپی، به‌تایبه‌ت له‌وه‌ی كه‌ په‌یوه‌ندی هه‌یه‌ به‌ ئۆكرانیاوه‌. 

رێكه‌وتنه‌كان سه‌باره‌ت به‌ سوریا و لوتكه‌یه‌كی پر له‌ نیگه‌راناوی ناتۆ NATO
كه‌ناڵی CNN ده‌ڵێت: له‌وانه‌یه‌ تره‌مپ پێشنیار بخاته‌ به‌رده‌می پوتین سه‌باره‌ت به‌ سوریا. به‌گورێره‌ی پێشنیاره‌كه‌، پێده‌چێت ئه‌مریكا له‌ماوه‌یه‌كی نزیكدا هێزه‌ سه‌ربازیه‌كانی له‌ سووریا و ناوچه‌كانی ململانێ بكشێنێته‌وه‌. له‌پێناو ئه‌مه‌ش له‌ باشووری رۆژئاوای سوریا پێویست ده‌كات ئه‌وه‌ی كه‌پێی ده‌ڵێن ناوچه‌ پارێزراوه‌كان له‌ جه‌نگ دابمه‌زرێنرێت. له‌به‌رامبه‌ردا داوای گه‌ره‌نتی له‌ پوتین ده‌كرێت سه‌باره‌ت به‌وه‌ی كه‌رژێمی ئه‌سه‌د هێرش و په‌لاماره‌كانی بۆ سه‌ر ئه‌و چه‌كدارانه‌ی ئۆپۆزسیۆن رابگرێت كه‌ ئه‌مریكا پشتیوانیان لێ ده‌كات.
هه‌ر سه‌باره‌ت به‌ قه‌یرانی سوریا رۆژنامه‌ى واشتنتۆن پۆست ده‌نوسێت: دیمه‌نی سه‌رنج راكێشی هه‌چ رێكه‌وتنێكی تایبه‌ت به‌ سوریا- هه‌نگاوه‌كانی تایبه‌ت به‌م مامه‌ڵه‌یه‌ به‌هۆی نزیكی په‌یوه‌ندیه‌كانی نێوان ئیسرائیل و روسیایه‌. ستراتیژی ئیسرائیل واتا ستراتیژی تره‌مپ، ئه‌ویش هاوكاری و هه‌مانگی كردنى یه‌كتره‌ بۆ سنووربه‌ند كردنی كرده‌وه‌كانى ئێران. پێده‌چێت به‌شێوه‌یه‌كی ئاشكرا ، ئیسرائیله‌كان وه‌ك كه‌سایه‌تیه‌كی مژده‌ به‌خش له‌ پوتینیان روانیبێت، له‌م باره‌یه‌شه‌وه‌، رۆژنامه‌ى وۆڵ ستریت جێرناڵی ئه‌مركی ده‌نوسێت: دیداری پوتین و تره‌مپ راسته‌وخۆ پاش لوتكه‌ی ناتۆ دێت كه‌ له‌رۆژانی 12-13ی ئه‌م مانگه‌ ئه‌نجام ده‌درێت (درا). ئه‌م لوتكه‌یه‌ی ناتۆ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ ناكۆكیه‌كی توند هه‌یه‌ له‌نێوانی ئه‌مریكا و ئه‌وروپا. ئه‌گه‌ر هه‌ر ده‌ره‌نجامێكی پۆزه‌تیڤانه‌ له‌ دیداره‌كه‌ بكه‌وێته‌وه‌، ئه‌و كات پوتین باشتر ئه‌توانێت بێمتمانه‌یی له‌نێوانی هاوپه‌یمانه‌ رۆژئاواییه‌كان دروست بكات. له‌گه‌ل ئه‌وه‌ی كه‌ ئیداره‌ی كۆشكی سپی بروای وایه‌ كه‌ سه‌رۆك به‌هێزی و جێگیری خۆی نیشان ده‌دات، زۆرێكش بروا به‌مه‌ ناكه‌ن، رۆژنامه‌كه‌ ده‌ڵێت.

سه‌رئێشه‌ بۆ ئه‌وروپیه‌كان"، یه‌كێتی ئه‌وروپا چی ده‌ڵێت:
رۆژنامه‌ى ئه‌لمانی Die Wlet ده‌لێت، دیداره‌كه‌ی پوتین و تره‌مپ له‌وه‌یه‌ سه‌رئێشه‌و كێشه‌ بۆ ئه‌وروپا بگه‌رێنێته‌وه‌. به‌خوێندنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیه‌كانی نێوان واشتنتۆن و مۆسكۆ و لێكولینه‌وه‌ی ئه‌مریكا سه‌باره‌ت به‌ په‌یوه‌ندی روسیا به‌ ته‌داخوله‌كردنی له‌ هه‌ڵبژاردنه‌ سه‌رۆكایه‌تیه‌كه‌ی ئه‌مریكای ساڵی 2016، ده‌ستبه‌رداربوون له‌ هه‌ندێ شت بۆ پوتین كارێكی چاوه‌روانكراوه‌، هه‌رچه‌نده‌ هیچ شتێك له‌گه‌ل تره‌مپ زه‌حمه‌ت نیه‌.  ئه‌و رۆژنامه‌یه‌ هه‌روه‌ها جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ رێكه‌وتنی تره‌مپ و پوتین ، ناتۆ لاواز ده‌كات، به‌تایبه‌ت هه‌ریه‌ك له‌ پۆله‌ندا و ده‌وله‌تانی به‌ڵتیك زۆرتر هه‌ست به‌ نا سه‌قامگیری ئاسایشیان ده‌كه‌ن، به‌وپێیه‌ی ئه‌و وڵاتانه‌ پشت به‌ پاڵپشتیه‌كانی ئه‌مریكا ده‌به‌ستن له‌ بارودۆخی سیاسه‌تى ده‌ست درێژیكارانه‌ی روسیا. رۆژنامه‌ی Die Presse نه‌مسایی ئه‌نوسێت: كه‌وا یه‌كێك له‌ خاڵه‌ سه‌ره‌كیه‌كانی نێودیداره‌كه‌ بریتییه‌ له‌ كۆنترۆڵكردنی سیاسه‌تی پرچه‌ككردن. كۆشكی كرێملین لای خۆیه‌وه‌ واشتنتۆن به‌ هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌ له‌ رێكه‌وتنه‌كانی كه‌مكردنه‌وه‌ی چه‌كه‌ ستراتیجیه‌ هێرشبه‌رییه‌كان تۆمه‌تبار ده‌كات، هه‌روه‌ها قسه‌كان به‌رده‌وامیان ده‌بێت له‌سه‌ر ژماره‌ی هێزی سه‌ربازی ناتۆ له‌ ئه‌وروپا، پوتین هیواداره‌ روخساری هاوپه‌یمانێك له‌ تره‌مپدا ببینێت، تا ئه‌و راده‌یه‌ی كه‌ پێی خۆشه‌ ئه‌مریكا دابینكردنی پاره‌ و دارایی بۆ ئاسایشی ئه‌وروپا كه‌م بكاته‌وه‌. جگه‌له‌وه‌ش، كێشه‌ هه‌رێمایه‌تیه‌ زۆر تونده‌كان خۆی پیشان ده‌دات. قه‌یرانی مه‌ترسیداری سوریا، له‌وێ هه‌ریه‌ك له‌ ئه‌مریكا و روسیا دیدوتێروانینی جیاوازیان هه‌یه‌، ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به‌ قه‌یرانی ئۆكرانیاوه‌ هه‌بێت، پاڵنه‌ره‌ نوێیه‌كان ده‌توانن دانوستانی نێوان هه‌ردوو حكومه‌تى واشنتۆن و مۆسكۆی لێبكه‌وێته‌وه‌ به‌تایبه‌ت پاڵپشت به‌ رێكخراوه‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان. رۆژنامه‌كه‌ ده‌نوسێت. ئه‌وه‌شی په‌یوه‌ندیداره‌ به‌ بابه‌تی هێرشه‌ ئه‌لكترۆنیه‌كانی هاككه‌ره‌ روسیه‌كان له‌ هه‌لبژارنده‌ سه‌رۆكایه‌تیه‌كی ئه‌مریكای سالی 2016، تره‌مپ له‌وانه‌یه‌ متمانه‌ى به‌ پوتین هه‌بێت كه‌وا روسیا هیچ جۆره‌ په‌یوه‌ندیه‌كی به‌و بابه‌ته‌وه‌ نیه‌. سه‌رۆكی ئه‌مریكا ده‌یه‌وێت سوود له‌و ده‌رفه‌ته‌ ببینێت له‌پێناو وه‌ستاندنی لێكۆلینه‌وه‌كان له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ له‌ ئه‌مریكا، رۆژنامه‌ى Die Presse ده‌نوسێت. 

"تره‌مپ پێویستی به‌ نه‌وتی روسیایه‌". تێروانینه‌كان له‌ روسیاوه‌:
ئاژانسی ریا نۆڤه‌ستى روسی له‌ بابه‌تێكی شیكاریدا ده‌نوسێت تره‌مپ " به‌نیازی به‌ده‌ستهێنانى كاره‌ زه‌حمه‌ته‌كان نیه‌" نه‌ له‌ سوریا و نه‌ له‌ نیمچه‌ دوورگه‌ى كرێمه‌. سه‌رۆكه‌كه‌ی ئه‌مریكا پێویستی به‌ هه‌ماهه‌نگی روسیا هه‌یه‌ له‌چه‌ند ره‌هه‌ندێكی دیكه‌وه‌، ئه‌وه‌ی كه‌ زۆر گرنگه‌ بۆ كۆشكی سپی، هه‌روه‌ك له‌ ووتاره‌كه‌ی ریا نۆڤه‌ستی روسیدا ئاماژه‌ی پێكراوه‌، بریتییه‌ له‌ نه‌وتی روسیا. ئه‌گه‌ر ئه‌مریكا نه‌توانێت هاریكاری روسیا به‌ده‌ستبخات له‌ بازاری نه‌وتدا، ئه‌وا سیاسه‌تی ئه‌و وڵاته‌ سه‌باره‌ت به‌ ئێران به‌شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ نا به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كی تێبینیكراو زیان به‌ ئابووریه‌كه‌ی ده‌گه‌یه‌نێت و راسته‌خۆش زیان به‌ ئابووری ده‌وڵه‌ته‌ هاوپه‌یمانه‌ سه‌ره‌كیه‌كانی ئه‌و وڵاته‌ ده‌گه‌یه‌نێت. له‌م ماوه‌یه‌ی دواییدا، ئه‌مریكا داوای له‌ده‌وله‌تانی دیكه‌ كرد به‌ته‌واوی هاوه‌رده‌ی نه‌وتی ئێرانی رابگرن، له‌ده‌ره‌نجامی ئه‌م داواكاریه‌ی ئه‌مریكاش نرخی نه‌وت به‌رزبوونه‌وه‌ى به‌خۆوه‌ بینی. جگه‌له‌وه‌، ره‌فزی هه‌ندێ ده‌وله‌ت به‌ پابه‌ندبوون به‌و داوایه‌ی ئه‌مریكا بۆخۆی لێدانێك بوو له‌ هه‌ژموونى ولایه‌ته‌ یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكا له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وله‌تی. له‌به‌رئه‌وه‌ واشنتۆن زۆرتر پێویستی به‌ نه‌وتی روسیا ئه‌بێت له‌ بازاری جیهانی نه‌وتدا له‌پێناو ئه‌وه‌ی كه‌ نرخی نه‌وت به‌رزنه‌بێته‌وه‌ و هه‌روه‌ها بۆ ئه‌وه‌ی ده‌وله‌تانێكی كه‌متر به‌ ئاراسته‌ى دژی ئه‌مریكاوه‌ سیاسه‌ت بكه‌ن. ئاژانسه‌ روسیه‌كه‌ پێیوایه‌ كه‌ پاڵپشت به‌و بارودۆخه‌ى ئێستا، تره‌مپ ناچار ده‌كات كه‌وا پوتین رازی بكات بۆ ئه‌م هه‌وڵه‌شی به‌دوای دۆزینه‌وه‌ى رێگه‌یه‌كه‌وه‌.

ئۆكرانیا و دیداره‌كه‌ى هێڵسێنكی:
دیداری لوتكه‌ى تره‌مپ و پوتین بۆ پێگه‌ی ئۆكرانیا له‌سه‌ر ئاستی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وله‌تی مایه‌ی نیگه‌رانیه‌. له‌م دواییانه‌دا، سه‌رۆكی ئه‌مریكا، به‌گوێره‌ی زانیاریه‌ دزه‌ پێكراوه‌كان، رایگه‌یاندوه‌ كه‌ كرێمیه‌ به‌شێكه‌ له‌ روسیا، چونكه‌ دانیشتوانی ئه‌و نیمجه‌ دورگه‌یه‌ش ئه‌وه‌یان پێخۆشه‌. ئه‌م چه‌ند وشه‌یه‌ ده‌نگۆی ئه‌وه‌ی به‌دوای خۆیدا هێنا كه‌ تره‌مپ به‌نیازی گه‌رانه‌وه‌ی روسیای فیدراڵه‌ بۆناو گروپی هه‌شت. جیا له‌وه‌ش، ماوه‌یه‌كی زۆره‌ سیگناڵه‌ بیستراوه‌كان سه‌باره‌ت به‌ هاوكاری ئه‌مریكا بۆ ده‌سه‌لاتی ئێستاى ئۆكرانی نابینرێت - چاودێران باس له‌ توره‌یی ئه‌مریكا ده‌كه‌ن به‌رامبه‌ر به‌ ئاست به‌رزی رێژه‌ گه‌نده‌ڵی و لاوازی حكومه‌تى ئۆكرانی بۆ جێبه‌جێكردنی پلانه‌كانی چاكسازی. به‌یانامه‌یه‌ك له‌ به‌رلینه‌وه‌ بلاوبۆته‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌وه‌ی واشنتۆن به‌نیازی سه‌پاندنی سزا نیه‌ به‌سه‌ر پرۆژه‌ى شه‌پۆلی باكور2 “Северного потока-2” - یه‌كێك له‌ پرۆژه‌ گه‌وره‌ و پر له‌ ئارێشه‌ و سه‌رئێشه‌كان بۆ ئۆكرانیا له‌ چه‌ند ساڵی ئاینده‌دا. له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌، له‌ كییه‌ڤ پێشبینی ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه‌ ئه‌مریكا ویستی ته‌سلیمكردنی ئۆكرانیای به‌ روسیای نیه‌- هێشتا ئه‌مریكیه‌كان به‌رژه‌وه‌ندی گرنگیان هه‌یه‌ له‌م وڵاته‌ كه‌ تایبه‌تمه‌ندی جیۆپۆله‌تیكی هه‌یه‌. هه‌رچه‌نده‌، ئه‌م واقعه‌ ناكرێت زۆر هیوای له‌سه‌ر هه‌ڵبچنرێت له‌لایه‌ن ده‌سه‌لاتدارانی ئێستاى ئۆكرانیاوه‌- ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ زۆر یاری به‌ئاگر كردووه‌، سیاسه‌تمه‌داری ئۆكرانی نیكۆلای كاپیتۆتێنكه‌ وا ده‌لێت. له‌كوێی هه‌وادا ئه‌م تێگه‌یشتنه‌ به‌ ئازاره‌ بلاوبۆته‌وه‌؟ ئایا به‌هۆی ئه‌وه‌وه‌ نیه‌ كه‌ پاش چوارساڵ له‌كاركردنی حكومه‌تى ئۆكرانی له‌سه‌ر هه‌مان هێڵی ئه‌مریكا، وێنه‌یه‌كی ناشرینی هه‌موو شته‌كانی پیشانى هه‌موان دا. ئه‌ویش مێژووی ئابرووچونێك بوو له‌سه‌ر ئاستی سیاسی و ئابووری له‌و وڵاته‌دا. له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌، سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ چوارچێوه‌ی دائیره‌ی دیپلۆماسیه‌تی ئۆكرانی ئه‌وه‌ی به‌ رۆیته‌رز راگه‌یاندوه‌ له‌به‌رواری 9ی ئه‌م مانگه‌ كه‌وا سه‌رۆكی ئه‌مریكا تره‌مپ ناپاكی له‌ به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی ئۆكرانیا ناكات له‌ میانه‌ى دیداره‌كه‌ی له‌گه‌ل سه‌رۆك پوتیندا. ئێمه‌ دڵنیاییه‌كی روونمان وه‌رگرتووه‌ له‌ لایه‌نی ئه‌مریكیه‌كانه‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ وه‌ی كه‌ به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانمان ناكه‌ونه‌ به‌رمه‌ترسیه‌وه‌. به‌گوێره‌ی ئه‌و سه‌رچاوه‌ دیپلۆماسیه‌، ئه‌وه‌ی كه‌ گرنگه‌ بۆ سیاسه‌تمه‌داره‌كانی كییه‌ڤ بریتیه‌ له‌وه‌ی كه‌ ده‌ره‌نجامی چاوه‌رواننه‌كراو و ناخۆش پاش دیداره‌كه‌ به‌دوای خۆیدا نه‌هێنێت. ئێمه‌ ئه‌و دڵنیاییه‌مان له‌ ئه‌مریكا وه‌رگرتووه‌. وه‌ك پێشبینی ده‌كرێت، كییه‌ڤ چاوى له‌ داهاتووی پاڵپشتیه‌ دیپلۆماسی و داراییه‌كانی ئه‌مریكایه‌ له‌ رووبه‌رووبونه‌وه‌كانی له‌گه‌ڵ مۆسكۆدا. به‌تایبه‌ت، به‌هیوایه‌ كه‌وا تره‌مپ هانی پوتین بدات بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ى پاڵپشتی روسیا بۆ هه‌رێمی خۆبه‌رێوه‌به‌ری دۆنێتسك و كۆماری گه‌لی لۆگانسك كه‌ له‌ ئێستادا سه‌ربه‌خۆیی خۆیان له‌ ئۆكرانیا راگه‌یاندوه‌ له‌ لایه‌ن چه‌كداره‌ جوودایی خوازه‌كانه‌وه‌. هه‌روه‌ها  نه‌رمكردنه‌وه‌ی هه‌ڵوێسته‌كانی روسیا له‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی چالاكیه‌كانی هێزه‌كانی ئاشتی پارێزی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان له‌ دۆنباس. مانكی شه‌شی رابردوو، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی ئۆكرانی ئه‌ندرێ پاروبی رایگه‌یاند كه‌وا پاش دیداره‌كه‌ی تره‌مپ و پوتین، ئه‌مریكا هه‌ڵوێسته‌كانی له‌مه‌ر بارودۆخی ئۆكرانیاوه‌ ناگۆرێت و به‌رده‌وامیش ده‌بێت له‌ زیاتركردنی فشاره‌كانی بۆ سه‌ر روسیا. " هاوكاری و پاڵپشتیه‌كی ته‌واو هه‌یه‌ بۆ ئۆكرانیا له‌لایه‌ن كۆنگرێسی ئه‌مریكی و هه‌روه‌ها كۆشكی سپیه‌وه‌.  په‌یامێكی زۆر جدیش به‌ پوتین ده‌درێت سه‌باره‌ت به‌ كشانه‌وه‌ى سوپای وڵاته‌كه‌ی له‌ ئۆكرانیا، مۆڵدۆڤا و جۆرجیا. 

روسه‌كان چاوه‌روانى چی ده‌كه‌ن؟
ئه‌وكاته‌ی كه‌ گفتۆگۆ و په‌یوه‌ندیه‌كانی نێوان هه‌ریه‌ك له‌ برێژنێف سه‌رۆكی پێشووی یه‌كێتی سۆڤێت(1917-1991) له‌گه‌ڵ ریچارد نیكسۆنی سه‌رۆكی پێشووتری ئه‌مریكا باشترنه‌بوو، به‌لام ئاواتێكی به‌هێزتر هه‌بوو بۆ گفتوگۆكردن و رێكه‌وتن. رای كۆمه‌لگه‌ی روسی به‌ دیاریكراوی ئه‌مه‌ی ده‌وێت – به‌لایه‌نى كه‌مه‌وه‌ له‌ سه‌رۆكه‌كه‌ی خۆیان. 
كۆبونه‌وه‌كه‌ى دۆنالد ترمپ و ڤلادمیر پوتین  له‌ هێڵسنكی پایته‌ختی فنله‌ندا له‌ چوارچێوه‌ی بارودۆخێكی گه‌شه‌كردووى هه‌ستى دژه‌ ئه‌مریكییه‌ له‌ روسیا. تێكچوونى په‌یوه‌ندیه‌كانی نێوان هه‌ردوو وڵات ده‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ پایزی ساڵی رابردوو. هه‌رچه‌نده‌ به‌رزترین ئاستی هه‌ڵوێستى دژه‌ ئه‌مریكی كه‌ له‌سالی 2014- 2015 تۆماركراوه‌ به‌رێژه‌ 81%، دووباره‌ نه‌بۆته‌وه‌، هه‌روه‌ها ئه‌مرۆكه‌ دید و هه‌ستى دژه‌ ئه‌مریكی لای هاولاتیانی روسی رێژه‌كه‌ى 69%. جگه‌ له‌وه‌ش، ئه‌و ریكۆرده‌ی له‌ سالێ 2018 تۆماركراوه‌ له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌مریكا له‌ په‌یوه‌ندیه‌كانی له‌گه‌لأ روسیا نا هاورێیانه‌یه‌ رێژه‌كه‌ی 78%. 
ئه‌وكاته‌ى كه‌ دۆناڵد تره‌مپ وه‌ك سه‌رۆكی ئه‌مریكا هه‌لبژێردرا، له‌ناو په‌رله‌مانی روسی شه‌مپه‌ینی بۆ خورایه‌وه‌، به‌لام هه‌رزوو ئه‌و ئاواتانه‌ بونه‌ بڵق و به‌هه‌وادا بلاو بوونه‌وه‌. هیواوئاواته‌كان بۆ چاكبوونی په‌یوه‌ندیه‌كانی له‌گه‌ل ئه‌مریكا  كه‌ روسه‌كان گرێیان دابوو به‌ تره‌مپه‌وه‌ هه‌ر له‌سه‌ره‌تاى ده‌ستبه‌كاربوونی ئه‌و وه‌ك سه‌رۆك كۆماری ئه‌مریكا، ئه‌مه‌ جێبه‌جێ نه‌بوو- له‌ مانگی دوانزه‌ی سالی رابردوودا له‌ ده‌ هاوڵاتی روسی ته‌نیا یه‌ك كه‌س ئاماده‌بوو ئه‌وه‌ قبول بكات كه‌وا په‌یوه‌ندیه‌كانی نێوان ئه‌مریكا و روسیا پاش ده‌ستبه‌كاربوونی دۆنالد تره‌مپ وه‌ك سه‌رۆكی ئه‌مریكا به‌ره‌و باشی چووبێت. له‌بارودۆخێكی له‌م شێوه‌یه‌دا، پوتینی سه‌رۆكی روسیا، له‌وه‌ناچێت پشت ببه‌ستێت به‌ پشتیوانی رای گشتی شه‌قامی روسی له‌ هه‌وڵه‌كانی بۆ دامه‌زراندنی په‌یوه‌ندیه‌ ئاساییه‌كان له‌گه‌ل ئه‌مریكا و سه‌رۆكه‌كه‌یدا. له‌كاتێكدا توێژینه‌وه‌كانی ئێمه‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه‌ پیشان ده‌ده‌ن.

سه‌رله‌نوێ گه‌رانه‌وه‌ی شكۆ بۆ روسیا VS خۆت هاوكاری خۆت بكه‌:
له‌م چه‌ند ساڵه‌ی رابردوودا ئێمه‌ چاودێری هه‌ڵوێستی نارازیی خه‌ڵكی روسیامان كردوه‌ له‌دژی سیاسه‌تى ده‌ره‌كی كرێملن. نه‌ك له‌به‌رئه‌وه‌ی، به‌بۆچونى روسه‌كان، راست نین. به‌پێچه‌وانه‌وه‌، یه‌ك له‌هۆكاره‌ سه‌ره‌كیه‌كانی ئه‌وه‌ی كه‌ پوتینی كرده‌ سه‌رۆك كۆماری روسیا به‌گوێره‌ى به‌شداربووانی راپرسیه‌ك، گه‌رانه‌وه‌ی روسیا بووه‌ بۆ رووداوه‌ جیهانیه‌كان وه‌ك یاریزانێكی گه‌وره‌. هه‌تا ئه‌وكاته‌ی تره‌پ سه‌رقاڵ ده‌بێت به‌ جێبه‌جێكردنی سیاسه‌تى "گه‌رانه‌وه‌ی شكۆی ئه‌مریكا"، پوتین له‌چاوی روسه‌كانه‌وه‌- پێشتر بریارێكی له‌و شێوه‌یه‌ی داوه‌ ئه‌وه‌ی كه‌ په‌یوه‌ست بێت به‌ وڵاته‌كه‌ی خۆیه‌وه‌. ئێمه‌ ئیدى هێزێكه‌ گه‌وره‌ی جیهانین. به‌لام ئیدی كاتی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ته‌ركیزمان له‌سه‌ر پلانه‌ ناوخۆییه‌كانمان هه‌بێت، به‌تایبه‌ت له‌سه‌رئاستی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی. بۆ ئه‌وه‌ش یه‌كێك له‌ پێكهێنه‌ره‌ سه‌ره‌كیه‌كانی بوونه‌ زلهێزی جیهانی له‌ دیدی هاولاتیانی روسه‌وه‌ بریتیه‌ له‌ توانا ئابووریه‌كانی ده‌وڵه‌ت.
راپرسیه‌كانی وه‌ك فۆكس گروپ پیشانی ده‌دات، ژماره‌یه‌كی به‌رچاوی روسه‌كان بروایان وایه‌ كه‌"ئێمه‌ی روس یه‌كجار زۆر هاوكاری ده‌وڵه‌تانى دیكه‌ ده‌كه‌ین". بۆ ئه‌م ئامانجانه‌ پاره‌یه‌كی زۆرمان به‌هه‌ده‌ر داوه‌، له‌كاتێكدا پێویسته‌ تۆ هاوكاری خۆت بكه‌یت له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆ. هه‌روه‌ك راپرسیه‌كان باسی لێوه‌ ده‌كه‌ن، له‌روسیا كێشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی زۆر گه‌وره‌ هه‌ن، له‌به‌رئه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ داراییه‌كان پێویسته‌ ئاراسته‌ی سیاسه‌ته‌ ده‌ره‌كیه‌كان نه‌كرێن، به‌ڵكو له‌بری ئه‌وه‌ ئاراسته‌ی پێویستیه‌ ناوخۆییه‌كان بكرێن. زیاترله‌وه‌ش، ژماره‌یه‌كی زۆری هاوڵاتی روسی پێیانوایه‌ ولاته‌كه‌یان كه‌وتۆته‌ پێگه‌یه‌كی دووره‌په‌رێزخراوی نێوده‌وڵه‌تیه‌وه‌، بۆیه‌كه‌مجاربوو نیوه‌ی زیاتری هاولاتیان به‌شداری له‌ بۆچونێكی له‌م شێوه‌یه‌ بكه‌ن كه‌ئه‌وه‌ش به‌ دڵی خه‌ڵكی نه‌بوو، له‌كاتێكدا ته‌نها چاره‌كێكی هاولاتیانی روس به‌لایانه‌وه‌ گرنگ نه‌بووه‌ كه‌ ولاته‌كه‌یان كه‌وتۆته‌ په‌راوێزه‌وه‌ . توێژینه‌وه‌كان ئه‌وه‌یان پیشانداوه‌ كه‌وا كه‌لله‌ره‌قی روسیا له‌ سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌یدا و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى بابه‌تی سزا سه‌پێندراوه‌كانی سه‌ری له‌لایه‌ن هاولاتیانه‌وه‌ پشتوانی له‌ كرێملن ده‌كه‌ن، به‌لام ئه‌م پشتیوانیه‌ له‌م دواییانه‌دا به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاوه‌ دابه‌زیوه‌.

له‌پشت رێكه‌وتنه‌كانه‌وه‌ پاره‌ بوونى هه‌یه‌:
له‌و گفتوگۆ گشتیانیه‌ی له‌م دواییانه‌ كراون، ئه‌وه‌ی كه‌ جێگه‌ی تێبینی ئێمه‌ بووه‌، هاولاتیانی روس به‌شێوه‌یه‌كی دووباره‌ ئه‌وه‌یان گووتوه‌ كه‌وا به‌ هیواوه‌ چاوه‌رێی كۆبونه‌وه‌كه‌ى هه‌ردوو سه‌رۆك ئه‌كه‌ن له‌ هێڵسێنكی. هه‌رچه‌نده‌ متمانه‌یه‌كی گه‌وره‌ به‌ ده‌ره‌نجامه‌ پۆزه‌تیڤه‌كانی ئه‌و كۆبونه‌وه‌یه‌ نیه‌، به‌ڵام به‌لای ئه‌وانه‌وه‌ گرنگه‌ كه‌ رووبدات: بۆی هه‌یه‌ له‌ ئانوساتدا  ئه‌وان رێكه‌وتن" له‌سه‌ر هه‌ندێ شتی گرنگ" ئه‌نجام بده‌ن.  به‌شداربووانى راپرسیه‌كان پێیان وایه‌ كه‌وا تره‌مپ و پوتین ده‌گه‌نه‌ جۆرێك له‌ رێكه‌وتن له‌سه‌ر كێشه‌كانی تایبه‌ت به‌ سوریا، مه‌له‌فی نه‌وت و هه‌روه‌ها بابه‌تی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی سزاكانی سه‌ر روسیا. ئه‌م ئاواتانه‌ شتێكی موجه‌ره‌دن- ئه‌وه‌ ئاشكرایه‌ كه‌وا كه‌سانێكی كه‌م هه‌ن بتوانن بچنه‌ ناوه‌رۆكی كۆبونه‌وه‌كانه‌وه‌ و له‌و بارودۆخه‌ش تێبگه‌ن كه‌ رێگری ده‌كات له‌ به‌ئه‌نجام گه‌یاندنی رێكه‌وتنه‌ دیاریكراوه‌كان. یه‌كه‌م، دژه‌ ئه‌مریكایی بوون به‌ستراوه‌ته‌وه‌ له‌گه‌لَ ئه‌و تێروانینه‌ی بۆ ئه‌مریكا هه‌یه‌ وه‌ك ده‌وله‌تێكی به‌هێز و سه‌ركه‌وتوو، له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌ماهه‌نگی ئابووری له‌گه‌ل وڵاتێكی به‌م شێوه‌یه‌ی وه‌ك ئه‌مریكا پێویسته‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی روسیا بشكێته‌وه‌، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ واتا روسیا زۆر شانازی به‌خۆیه‌وه‌ بكات، پشتی به‌خۆی به‌ستبێت و هێزێكی جیهانی گه‌وره‌ش بێت. به‌شداربوانی راپرسیه‌كان(به‌شداربووانی روس)، وا سه‌یری ئه‌گه‌ره‌كانی هاورێیه‌تی پوتین و تره‌مپ ئه‌كه‌ن كه‌ وه‌ك كارێكی پراگماتیكیه‌: به‌بۆچونی ئه‌وان، ئه‌و هاورێیه‌تیه‌، رێگه‌خۆشكه‌ر ده‌بێت به‌ ئاراسته‌كردنی ئامرازه‌ به‌رده‌سته‌كان بۆ پركردنه‌وه‌ی پێداویستیه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان. سیاقی ئه‌و ناره‌زایه‌تیه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌ گه‌وره‌یه‌ش، داهاتووى به‌رزكردنه‌وه‌ى رێژه‌ى موچه‌ی خانه‌نشینانه‌. هه‌وڵه‌كانه‌ سه‌باره‌ت به‌وه‌ی كه‌ سه‌رۆك ده‌توانێت ئامرازه‌كانی سیاسه‌تی ده‌ره‌كی به‌شێوه‌یه‌كی ئابوورییانه‌ به‌كاربهێنێت، سه‌ره‌رای ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌سته‌كانی پوتین كراوه‌شن له‌م باره‌یه‌وه‌.

ئه‌وان به‌سه‌رماندا باز ناده‌ن و ئێمه‌ش  به‌سه‌ر ئه‌واندا باز ناده‌ین:
دووباره‌ی ئه‌كه‌ینه‌وه‌: سه‌ره‌رای ئه‌وه‌ی روسه‌كان زۆر پراگماتی و عه‌مه‌لین، له‌دیدی كۆمه‌ڵگه‌ی روسیه‌وه‌ پوتین نابێت خۆی زۆر بچوك نیشان بدات و یاخود ته‌سلیم ببێت، گرنگه‌ "له‌سه‌ر پێیه‌كانی خۆی بوه‌ستێت، هێڵه‌كانی خۆشی بچه‌مێنێته‌وه‌"له‌ هه‌مووی باشتر، ماده‌م هه‌نگاوی یه‌كه‌م ئه‌مریكیه‌كان هاویشتوویانه‌، تا ئه‌و راده‌یه‌ی كه‌ هاولاتیانی روس ده‌ڵێن پێویسته‌ یه‌كه‌مینی وشه‌كانی سه‌روكه‌كه‌یان ئه‌وه‌ بێت" ئه‌وه‌ ئه‌وان نین كه‌ یه‌كه‌مجار ده‌ستیان پێكرد".
هه‌روه‌ك راپرسیه‌كی سه‌نته‌ری لیڤادا پیشانی ده‌دات، روسه‌كان پێیان وایه‌ ئه‌مریكا له‌ سیاسه‌تی ناوخۆیی وڵاته‌كه‌یان ته‌داخول ئه‌كات، به‌لام ئه‌وان ئه‌و كاره‌ ناكه‌ن، جێی سه‌رنجه‌، كه‌وا ئه‌مریكیه‌كانیش هه‌مان راوبۆچونیان هه‌یه‌. له‌ توێژینه‌وه‌یه‌كی ئه‌نجومه‌نى شیكاگۆ له‌ ئه‌مریكا باس له‌و كراوه‌ كه‌ ئه‌مریكیه‌كان، به‌پێچه‌وانه‌وه‌، بروایان به‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ ته‌داخوله‌كان له‌ لایه‌نی روسیه‌وه‌یه‌ و ئه‌وه‌ ره‌فز ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌وا وڵاته‌كه‌یان ته‌داخولی له‌ كاروباری ناوخۆیی روسیا كردبێت.
تایبه‌ت به‌ ئه‌گه‌ره‌كانی بواری هاوكاری دوولایه‌نه‌ى ئه‌مریكا و روسیا، ئه‌وه‌ی كه‌ زۆرتر تێگه‌یشتنی ئاسان بێت و په‌سه‌ندبێت (به‌گوێره‌ى هه‌مان بابه‌ت) بریتیه‌ له‌ بواری بلاونه‌بوونه‌وه‌ى چه‌كی ئه‌تۆمی، رێكخستنه‌وه‌ی سه‌رله‌نوێی قه‌یرانی سوریا و هه‌روه‌ها شه‌ری تیرۆریزم، له‌كاتێكدا، بۆ ئه‌مریكیه‌كان، به‌گوێره‌ی پرسیارێكی ئه‌نجومه‌نى شیكاگۆ، له‌نێوانى ئه‌و سێ ئامانجه‌ى ئاماژه‌مان بۆ كرد له‌پێناو گفتوگۆكان، به‌رژه‌وه‌ندیه‌كان ته‌نها خۆی له‌ یه‌ك خاڵدا بینیه‌وه‌ ئه‌ویش– هاوكاریكردنى یه‌كدی له‌پێناو رێگری كردن له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ى چه‌كی ئه‌تۆمی. 
روسه‌كان چاوه‌روانی ئه‌وه‌ نین هیواكان بۆ باشتركردنى په‌یوه‌ندیه‌كان له‌ دانیشتنه‌كه‌ی هێڵسێنكی و درێژه‌دان به‌ دانیشتنه‌كان، له‌گه‌ل ئه‌مریكیه‌كان به‌رده‌وامی هه‌بێت. به‌ڵێ، به‌شداربوونی راپرسیه‌كه‌ی ئێمه‌ پێیان وایه‌ كه‌وا رێكه‌وتنی گه‌وره‌ له‌گه‌لأ ئه‌مریكیه‌كان پێناچێت ئه‌گه‌رێكی پێویست و ته‌نانه‌ت مومكینیش بێت. میزاجی گشتی باڵاده‌ست ده‌رباره‌ی په‌یوه‌ندیه‌كانی هه‌ردوو ده‌وڵه‌ت له‌وانه‌یه‌ به‌م دارشتنه‌ ته‌عبیری لێبكرێت، هه‌روه‌ك یه‌كێك له‌ گروپه‌ به‌شداره‌كان ده‌ریان بریوه‌" ئێمه‌ واتا ئه‌مریكا و روسیا هه‌رگیز نابینه‌ هاورێی یه‌كتر"، به‌لام ئه‌مه‌ش به‌واتای ئه‌وه‌نیه‌ كه‌ به‌رده‌وام ئێمه‌ له‌ ناكۆكی و ململانێدابین له‌گه‌ل یه‌كتر. باشترین پره‌نسیپ خۆی نیشان بدات ئه‌مه‌یه‌" ئه‌وان باز به‌سه‌ر ئێمه‌دا لێنایه‌ن و ئێمه‌ش باز به‌سه‌ر ئه‌واندا لێناده‌ین". ته‌نانه‌ت هێوه‌ركردنه‌وه‌یه‌كی كه‌می قه‌یران و ناكۆكیه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان به‌وپه‌ری خۆشحالیه‌وه‌ له‌لایه‌ن رای گشتی شه‌قامی روسیه‌وه‌ پێشوازی لێده‌كرا. به‌دلنیاییه‌وه‌، رژێمه‌كه‌ى پوتین به‌ته‌واوی چاوه‌رێی ئه‌وه‌ ناكات كه‌ ئه‌مریكیه‌كان به‌گرنگیه‌وه‌ ده‌چنه‌ كۆبونه‌وه‌كه‌وه‌، زیاتر له‌وه‌ش هه‌ر بانگهێشتێك بۆ كۆبونه‌وه‌ی لوتكه‌، كه‌من ئه‌وانه‌ی كه‌ ئاگاداركراونه‌ته‌وه‌، به‌لام بۆ ئه‌وان گرنگه‌، چونكه‌ ئیدى "گوێده‌گرن" له‌ روسیا، هه‌روه‌ها ئه‌و وڵاته‌ ده‌وره‌دراوه‌ به‌ رێز و به‌ گرنگی پێدان پێی.  ئه‌گه‌ر ڤلادمیر پوتین گه‌ره‌نتی له‌ دۆنالد تره‌مپ وه‌ربگرتایه‌ سه‌باره‌ت به‌ گرنگی روسیا له‌سه‌ر شانۆی جیهانی(بۆ نمونه‌ گه‌رانه‌وه‌ی روسیا بۆ گروپی هه‌شت)، ئه‌وا ئه‌وكات هه‌ستی خۆ به‌ گرنگ زانین لای روسه‌كان له‌سه‌ر حسابی ململانێیه‌كان گه‌شه‌ى نه‌ده‌كرد له‌ ئێستادا، به‌ڵكو له‌بری ئه‌وه‌ هه‌ستى پێكه‌وه‌بوونێكی ئاشتیانه‌ له‌گه‌لأ ولایه‌ته‌ یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكا گه‌شه‌ى ده‌كرد. 
سه‌رله‌نوێ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیه‌كان له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا ماوه‌یه‌كی كه‌مى پێچوو. نیمچه‌ دورگه‌ى كرێمه‌، دۆنباس، فرۆكه‌ی بۆینگ، بابه‌ته‌كه‌ی سكریپالی سیخور- هه‌موو ئه‌مانه‌ چواچێوه‌یه‌كی خراپیان هه‌یه‌ له‌پێناو دانیشتنه‌كه‌. به‌لام سه‌رده‌مانی ریچارد نیكسن و لیۆنید بریژنێڤ، گفتوگۆكان باشتر نه‌بوون. به‌لام سه‌ركرده‌كانی ئه‌وكات تایبه‌تمه‌ندیه‌كی گرنگی هاوشێوه‌یان هه‌بوو- باوه‌ری باش، هیواوئاواتی به‌هێز گفتوگۆ و رێكه‌وتن بوو. رای كۆمه‌ڵگه‌ی روسی به‌تایبه‌ت ئه‌وه‌ی ئه‌وێت- به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه‌ له‌لایه‌نی سه‌رۆكه‌كه‌ی خۆیانه‌وه‌. راسته‌، ئه‌و دیتێنتێیه‌ی ئه‌وكات (دیتێنتێ ماوه‌ى ده‌ساڵ 1965-1975 كه‌مكردنه‌وه‌ى ئالۆزی و قه‌یرانه‌كانى نێوان ئه‌مریكا و سۆڤێتی پێشوو بوو) ، به‌شێوه‌یه‌ك زۆر ناخۆش كۆتایی هات، له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌ندێك شتی گرنگتر هه‌بوون زیاتر له‌ بابه‌تی دانوستان و رێكه‌وتن. به‌لام بابه‌ته‌كه‌ ده‌ره‌كی نه‌بوو، به‌ڵكو په‌یوه‌ست بوو به‌ ئه‌جێندای سیاسه‌تی ناوخۆیی یه‌كێتی سۆڤێتی پێشوو له‌و ده‌مه‌دا.

زۆرترین خوێندراوە


political studies copyright 2017 © . All right reserved Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure