توركیا له‌دواى هه‌ڵبژاردنه‌كان؛ ئاسته‌نگه‌ ناخۆییه‌كان و گره‌وه‌ ده‌ره‌كییه‌كان

29/07/2018

:: بێ نوسەر

ناوه‌ندی كوردستان بۆ توێژینه‌وه‌ له‌ململانێ و قه‌یرانه‌كان
نووسینى: موسته‌فا سه‌ڵاح
سه‌رچاوه‌: ناوه‌ندى عه‌ره‌بى بۆ توێژینه‌وه‌ و دیراسات

له‌ئاكامى هه‌ڵبژاردنه‌ سه‌رۆكایه‌تى و په‌رله‌مانییه‌كه‌ى 24ـى حوزه‌یرانى 2018، سه‌رۆكى ئێستاى توركیا ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگان خولێكى سه‌رۆكایه‌تى نوێى بۆ ماوه‌ى پێنج ساڵ بۆخۆى مسۆگه‌ر كرد، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ى هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌ى (هاوپه‌یمانى گه‌ل) له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ى نه‌ته‌وه‌ییدا زۆرینه‌ى په‌رله‌مانى به‌ده‌ستهێنا. بایه‌خى ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ش له‌وه‌دایه‌ كه‌ یه‌كه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ تیایدا سه‌رۆك كۆمار و ئه‌ندامانى په‌رله‌مان به‌ یه‌ك گه‌ڕ و له‌ یه‌ك رۆژدا هه‌ڵببژێرێن. 
له‌پاش یه‌ككاڵاكردنه‌وه‌ى پێشبڕكێى سه‌رۆكایه‌تى له‌ گه‌ڕى یه‌كه‌مدا، كۆمارى توركیا ده‌چێته‌ قۆناغێكى دیكه‌وه‌، كه‌ كۆڵه‌كه‌كه‌ى سیستمێكى سه‌رۆكایه‌تى نوێیه‌، به‌پێى قۆناغه‌ تازه‌كه‌ش بێت، ئه‌ردۆگان ده‌سه‌ڵاتێكى به‌رفراوانى ده‌بێت، كه‌ سه‌ربارى سه‌رۆكایه‌تیكردنى حكومه‌ت، ده‌توانێت ده‌سته‌ى یاریده‌ده‌ر و وه‌زیره‌كانى و دادوه‌ر و فه‌رمانده‌كانى سوپاش دابمه‌زرێنێت. 
ده‌رئه‌نجامه‌كانى هه‌ڵبژاردن ئاڕاسته‌ ناوخۆیى و ده‌ره‌كییه‌كانى سیستمى نوێى توركیایان دیاریكرد، له‌به‌ر رۆشنایى ئه‌وه‌شدا ده‌كرێت بڵێین هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ى ئه‌مجاره‌ى توركیا به‌ته‌نها شایسته‌یه‌كى ده‌ستوورى ئاسایى نه‌بوو، به‌ڵكو بۆ ئاینده‌ى وڵات و پێكهاته‌ى حوكمڕانى و دابه‌شكردنى ده‌سه‌ڵاته‌كان و ناسنامه‌ى ده‌وڵه‌ت و په‌یوه‌ندییه‌ ده‌ره‌كییه‌كانیشى وێستگه‌یه‌كى چاره‌نووسساز و یه‌ككاڵاكه‌ره‌وه‌ بوو. 
هۆكارى ئه‌م گرنگییه‌ش بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ یه‌كه‌مجاره‌ پارتى داد و گه‌شه‌پێدان ده‌توانێت باز به‌سه‌ر كه‌ند و كۆسپه‌كانى په‌رله‌ماندا هه‌ڵبدات و په‌یكه‌ر و پێكهاته‌ى ژیانى گشتى و ناسنامه‌ى توركى و بژارده‌ ستراتیژییه‌كانى ئاینده‌ دابڕێژێته‌وه‌. 
86.3% رێژه‌ى به‌شداربووان
51,072,794 كۆى ده‌نگه‌كان
59,354,840 كۆى ده‌نگده‌ران
49,945,292 كۆى ده‌نگه‌ راسته‌كان
له‌خواریشه‌وه‌ دیارترین ئه‌و دۆسێیانه‌ ده‌خه‌ینه‌ڕوو كه‌ ده‌كه‌ونه‌ ژێر كاریگه‌ریى ئه‌نجامه‌كانى ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌وه‌: 
له‌سه‌ر ئاستى ناوخۆیى: 
به‌دڵنیاییه‌وه‌ توركیا له‌سایه‌ى دژایه‌تیكردنى ئۆپۆزسیۆنه‌وه‌ بۆ ئاڕاسته‌كانى ئه‌ردۆگان، ململانێیه‌كى ناوخۆیى و دووبه‌ره‌كییه‌كى توند به‌خۆیه‌وه‌ ده‌بینێت، كه‌ ئه‌وه‌ش ره‌نگدانه‌وه‌ى له‌سه‌ر ناكۆكیى نێوان لایه‌نه‌كان له‌سه‌ر سیاسه‌ته‌ ناوخۆیى و ده‌ره‌كییه‌كان ده‌بێت، ئه‌وه‌ش بۆ ئه‌ردۆگان ئاسان نابێت تا به‌و ده‌سه‌ڵاته‌ به‌رفراوانه‌یه‌وه‌ ره‌نگ رێژى هه‌نگاوه‌كانى توركیا بكات و دیدگا و پڕۆژه‌ى سیاسیى خۆى بسه‌پێنێت. 
هاوكات ئاڵنگارییه‌ ئابوورییه‌كانیش به‌شێوه‌یه‌كى خێرا خۆى به‌سه‌ر سیستمى نوێى وڵاتدا ده‌سه‌پێنێت، كه‌ ئه‌وه‌ش واده‌خوازێت وه‌به‌رهێنانى ده‌ره‌كى زیاتر رابكێشرێته‌ نێو وڵاته‌وه‌، به‌تایبه‌ت له‌كاتێكدا كه‌ ئاماره‌كان ده‌ریده‌خه‌ن له‌سه‌ره‌تاى ساڵى 2018دا و به‌به‌راورد به‌ ساڵى رابردوو به‌ڕێژه‌ى 22% دابه‌زینى به‌خۆیه‌وه‌ بینیوه‌. به‌ڵام گرنگترین ئاڵنگارى له‌ مه‌وداى مام ناوه‌ند و دووردا چاره‌سه‌ركردنى كورتهێنانى بودجه‌ و كێشه‌ بنچینه‌ییه‌كانى ئابوورییه‌، كه‌ له‌سایه‌ى ناسه‌قامگیرى سیاسیى و ناكۆكیى توندى نێو وڵاته‌وه‌ چاره‌سه‌ركردنیان ئه‌سته‌مه‌. 
ئه‌نجامه‌كانى كۆتایى هه‌ڵبژاردنه‌ سه‌رۆكایه‌تى و په‌رله‌مانییه‌كه‌ش گه‌لێك بابه‌تى روونكرده‌وه‌ كه‌ دواجار ره‌نگدانه‌وه‌ى له‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كانى نێوان ئۆپۆزسیۆن و ده‌سه‌ڵات ده‌بێت. له‌خواریشه‌وه‌ دیارترین لێكه‌وته‌كانى ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنه‌ سه‌رۆكایه‌تى و په‌رله‌مانییه‌كه‌ ده‌خه‌ینه‌ڕوو: 
ئه‌نجامه‌كانى هه‌ڵبژاردنه‌ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌: 
هاوپه‌یمانێتى نێوان پارتى داد و گه‌شه‌پێدان و پارتى بزووتنه‌وه‌ى نه‌ته‌وه‌یى به‌سه‌رۆكایه‌تى "ده‌وڵه‌ت باخچه‌لى" و به‌به‌په‌ به‌سه‌رۆكایه‌تى "موسته‌فا ده‌ستیجى" كه‌ ناوى لێنرابوو هاوپه‌یمانى گه‌ل، له‌ به‌رامبه‌ر هێزه‌ عه‌لمانییه‌كانى وه‌ك پارتى گه‌لى كۆمارى و كاندیده‌كه‌ى "موحه‌ڕه‌م ئینجه‌"دا زۆرینه‌ى ده‌نگه‌كانى به‌ده‌ستهێنا. 
هاوكات میراڵ ئاكشینار – یش كه‌ به‌هۆى لایه‌نگرى باخچه‌لییه‌وه‌ بۆ ئه‌ردۆگان له‌ پارتى بزووتنه‌وه‌ى نه‌ته‌وه‌یى جیابۆوه‌، له‌گه‌ڵ پارتى سه‌عاده‌تى نوێنه‌رى ئیخوان موسلمینى توركیادا رێژه‌یه‌كى وه‌هایان به‌ده‌ستنه‌هێنا تا بكه‌ونه‌ كێبڕكێوه‌، له‌و خشته‌یه‌ى خواریشه‌وه‌دا دیارترین ئه‌نجامى كاندیده‌كان له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا خراونه‌ته‌ڕوو: 
كاندید پارت رێژه‌ى ده‌نگ
ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگان داد و گه‌شه‌پێدان 52.4%
موحه‌ڕه‌م ئینجه‌ پارتى گه‌لى كۆمارى 30.8%
سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش پارتى دیموكراتى گه‌لان 8.3%
میراڵ ئاكشینار ئیى پارتى 7.4%
ته‌مه‌ل كه‌ڕه‌موڵڵا ئۆغڵو سه‌عاده‌ت 0.9%
دۆغو په‌رینچه‌ك نیشتمان 0.2%
به‌هۆى ئه‌و ئه‌نجامانه‌شه‌وه‌، گه‌لێك بابه‌ت روون بوونه‌وه‌، گرنگترینیان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌ردۆگان بارى نائاسایى وڵاتى له‌دواى كوده‌تا شكستخواردووه‌كه‌ى مانگى ته‌مموزى 2016ـى بۆخۆى قۆسته‌وه‌، كه‌ فه‌تحوڵڵا گیوله‌ن به‌ئه‌نجامدانى تۆمه‌تبار كرا و له‌ئاكامى ئه‌و كوده‌تایه‌دا گه‌لێك ئه‌ندامى ئۆپۆزسیۆن و رۆژنامه‌نووسى نه‌یارى سیاسه‌ته‌كانى ئه‌ردۆگان ده‌ستگیركران، به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ توركیا به‌پێى ریزبه‌ندیى ئازادییه‌كانى رێكخراوى په‌یامنێرانى بى سنوور له‌كۆى 180 وڵات هاته‌ پله‌ى 157ه‌وه‌. 
ئه‌م سیاسه‌تانه‌ش جۆرێك له‌ ناكۆكیى ریشه‌یى له‌سه‌ر گه‌لێك پرس له‌نێوان ئه‌ردۆگان له‌لایه‌ك و پارته‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كان له‌لایه‌كى دیكه‌ هێنایه‌ ئاراوه‌.  
جگه‌ له‌وه‌ى ئه‌ردۆگان كارى بۆ قۆستنه‌وه‌ى سه‌ركه‌وتنه‌ سه‌ربازییه‌كانى وڵاته‌كه‌ى له‌ڕێگاى ئۆپه‌راسیۆنى چڵه‌ زه‌یتون له‌ عه‌فرین دژ به‌ كورده‌كان و پێشتریش ئۆپه‌راسیۆنى قه‌ڵغانى فوڕات و لێكه‌وته‌كانى له‌سه‌ر هه‌ستى ناسیۆنالیستى توركى ده‌كرد، تا بتوانێت ده‌نگى ئه‌و كه‌سانه‌ بۆخۆى مسۆگه‌ر بكات كه‌ هێشتا خۆیان بۆ ده‌نگدان به‌ ئه‌ردۆگان یاخود ركابه‌ره‌كانى یه‌كلانه‌كردبۆوه‌، له‌م ساڵانه‌ى دواییشدا ئه‌و دیمه‌نانه‌ بوونه‌ته‌ دیمه‌نى باو له‌ هه‌ڵمه‌ته‌كانى ئه‌ردۆگاندا به‌وه‌ى ئۆپه‌راسیۆنه‌ سه‌ربازییه‌كان بۆ ده‌ستكه‌وتى سیاسى به‌كاربهێنێت. 
سه‌ربارى ئه‌و "سه‌ركه‌وتنه‌ش"ى ئه‌ردۆگان به‌ده‌ستیهێناوه‌، به‌ڵام گه‌لێك كه‌ند و كۆسپى له‌به‌رده‌مدایه‌، گرنگترینیان ئه‌و دۆخه‌ سه‌خته‌ ئابوورییه‌یه‌ كه‌ به‌هۆى دابه‌زینى نرخى لیره‌ و به‌رزبوونه‌وه‌ى رێژه‌ى هه‌ڵاوسان و پاشه‌كشه‌ى وه‌به‌رهێنانى ناوخۆیى و هه‌روه‌ها بارگرژییه‌ ده‌ره‌كییه‌كانى په‌یوه‌ست به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانى توركیا له‌گه‌ڵ گه‌لێك له‌ ده‌وڵه‌تانى ناوچه‌كه‌ و ئه‌وروپادا هاتۆته‌ ئاراوه‌. 
جێگاى ئاماژه‌پێكردنیشه‌ كه‌ ئه‌ردۆگان توانى له‌ 16ـى نیسانى 2017دا راپرسى تایبه‌ت به‌ گۆڕانكارییه‌ ده‌ستوورییه‌كان ئه‌نجام بدات، به‌ڵام جیاوازیى كه‌مى نێوان ده‌نگى ئۆپۆزسیۆن و لایه‌نگرانى گۆڕانكارییه‌ ده‌ستوورییه‌كه‌ په‌رده‌ى له‌سه‌ر ئه‌و پاشه‌كشه‌یه‌ هه‌ڵماڵى كه‌ پارتى داد و گه‌شه‌پێدان به‌خۆیه‌وه‌ ده‌بینێت: به‌وپێیه‌ى رێژه‌ى ده‌نگدان بۆ گۆڕانكارییه‌كه‌ گه‌یشته‌ (51.4%) و رێژه‌ى ده‌نگدانیش له‌دژى گۆڕانكارییه‌كه‌ گه‌یشته‌ (48.6%) كه‌ ئه‌وه‌ش به‌سه‌ركه‌وتنێكى ساده‌ و ساكار یاخود "سه‌ركه‌وتنێك به‌تامى دۆڕان" به‌سه‌ر نه‌یارانیدا هه‌ژمار ده‌كرێت، به‌تایبه‌ت له‌كاتێكدا كه‌ ئاكه‌په‌ دووان له‌ گرنگترین بازنه‌كانى ده‌نگدانى له‌ده‌ستدا، كه‌ ئه‌وانیش ئیسته‌نبوڵ و ئه‌نقه‌ره‌ بوون. 
ئه‌نجامه‌كانى هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانییه‌كه‌: 
وێڕاى سه‌ركه‌وتنى پارتى داد و گه‌شه‌پێدان و هاوپه‌یمانه‌كه‌ى "باخچه‌لى"، به‌ڵام ئه‌و سه‌ركه‌وتنه‌ په‌رده‌ى له‌سه‌ر پاشه‌كشه‌ى پارتى ده‌سه‌ڵاتدار هه‌ڵماڵى، به‌وپێیه‌ى له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا، كه‌ پارتى داد و گه‌شه‌پێدان هه‌وڵیده‌دا هه‌م سه‌رۆكایه‌تى و هه‌میش زۆرینه‌ى په‌رله‌مان به‌ده‌ستبهێنێت، كه‌چى ئه‌نجامه‌كان به‌به‌راورد به‌ هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانییه‌كه‌ى مانگى تشرینى دووه‌مى 2015 گوزارشتیان له‌ پاشه‌كشه‌ى ئاستى جه‌ماوه‌ریى ئاكه‌په‌ كرد، ئه‌وه‌بوو 42.42%ـى كۆى ده‌نگه‌كانى به‌ده‌ستهێنا، واتا پارتى ده‌سه‌ڵاتدار له‌و 317 كورسییه‌ كه‌مترى به‌ده‌ستهێنا كه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنى پێشوودا و به‌بێ هاوپه‌یمانێتى به‌ستن له‌گه‌ڵ هیچ لایه‌نێكدا بوو به‌ خاوه‌نیان. 
جێگاى باسه‌ ئه‌و هاوپه‌یمانێتییه‌ى ئه‌ردۆگان و پارتى بزووتنه‌وه‌ى نه‌ته‌وه‌یى سه‌ركردایه‌تیان ده‌كرد 53.6%ـى په‌رله‌مانیان به‌ده‌ستهێنا، واتا هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌ 342 كورسى بۆخۆى مسۆگه‌ر كرد (پارتى داد و گه‌شه‌پێدان 293 كورسى و بزووتنه‌وه‌ى نه‌ته‌وه‌ییش 49 كورسى). 
له‌لایه‌كى دیكه‌شه‌وه‌، هه‌ریه‌ك له‌ پارتى گه‌لى كۆمارى و ئیى پارتى و پارتى سه‌عاده‌ت 192 كورسى (پارتى گه‌لى كۆمارى 146 كورسى و ئیى پارتى 46 كورسى) هه‌روه‌ها پارتى دیموكراتى گه‌لانیش 66 كورسییان به‌ده‌ستهێنا. جێگاى ئاماژه‌پێكردنیشه‌ كه‌ دووركه‌وتنه‌وه‌ى پارتى دیموكراتى گه‌لان له‌ هاوپه‌یمانێتى به‌ستن له‌گه‌ڵ پارتى گه‌لى كۆمارى و ئیى پارتى بۆ دوو هۆكار ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، یه‌كه‌میان: دژایه‌تیكردنى ئیى پارتى بۆ كورده‌كان، دووه‌میشیان: خۆبه‌دوورگرتن له‌و گومانى تێرۆره‌ى كه‌ ژماره‌یه‌ك له‌ سه‌ركرده‌كانى پارتى دیموكراتى گه‌لان خراوه‌ته‌ پاڵیان. 
42.42%ئاكه‌په‌
22.74%جه‌هه‌په‌
11.48%هه‌ده‌په‌
11.17%مه‌هه‌په‌
10.07%ئیی پارتی
1.36%سه‌عاده‌ت
هه‌رچى پارتى سه‌عاده‌ت – یشه‌، كه‌ به‌درێژایى 17 ساڵه‌ هیچ نوێنه‌رێكى له‌ په‌رله‌مان نه‌بووه‌، له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا رێژه‌یه‌كى زیاترى له‌ هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانییه‌كه‌ى ساڵى 2015 به‌ده‌ستهێنا، به‌وپێیه‌ى له‌ هه‌ڵبژاردنى پێشوودا رێژه‌ى 0.7% واتا نزیكه‌ى 320 هه‌زار ده‌نگى به‌ده‌ستهێنا، به‌ڵام له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ى ئه‌م دواییانه‌دا 1.36% واتا نزیكه‌ى 673 هه‌زار ده‌نگى بۆخۆى مسۆگه‌ر كرد، كه‌ پێده‌چێت زۆرینه‌یان له‌ پشكى پارتى داد و گه‌شه‌پێدان بێت. 
به‌هۆى ئه‌و ئه‌نجامانه‌شه‌وه‌ وا پێویستى ده‌كرد لایه‌نى سه‌ركه‌وتووى هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌سه‌رۆكایه‌تى ئه‌ردۆگان له‌پێناو زه‌مینه‌خۆشكردن بۆ په‌یڕه‌وكردنى سیستمى سیاسیى نوێ له‌ وڵات و هه‌روه‌ها دڵنیاكردنه‌وه‌ى هه‌مووان به‌وه‌ى له‌و سیستمه‌ سیاسییه‌دا به‌شدارن و به‌رژه‌وه‌ندییان تیایدا هه‌یه‌، لایه‌نى دۆڕاو به‌لاى خۆیدا رابكێشێت، تاوه‌كو به‌سه‌ر دووبه‌ره‌كى و ناكۆكیى ناوخۆییدا زاڵ ببێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ رووینه‌دا، ئه‌وه‌بوو له‌ 27ـى حوزه‌یرانى 2018، واتا دواى راگه‌یاندنى ئه‌نجامه‌كانى هه‌ڵبژاردن به‌چه‌ند رۆژێك، ده‌سه‌ڵاتدارانى توركیا 192 كه‌سى سه‌ربازییان به‌تۆمه‌تى به‌شداربوونیان له‌ كوده‌تا شكستخواردووه‌كه‌ى 15ـى ته‌مموزى 2016 و پاڵپشتیكردنیان له‌ فه‌تحوڵڵا گیوله‌ن ده‌ستگیركرد. 
به‌ده‌ستهێنانى سه‌رۆكایه‌تى كۆمار و زۆرینه‌ى په‌رله‌مان له‌لایه‌ن ئه‌ردۆگان و هاوپه‌یمانێتیه‌كه‌یه‌وه‌ ره‌نگدانه‌وه‌ى راسته‌وخۆى له‌سه‌ر پڕۆژه‌ سیاسییه‌كه‌ى ده‌بێت، كه‌ خۆى له‌ كۆنترۆڵكردنى دامه‌زراوه‌كانى ده‌وڵه‌ت و ملكه‌چكردنیان له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیدا و بگره‌ دووباره‌ داڕشتنه‌وه‌یاندا ده‌بینێته‌وه‌، تاوه‌كو كه‌متر سه‌ربه‌خۆ و زیاتر مه‌ركه‌زى و وابه‌سته‌ى خۆى و پارتى داد و گه‌شه‌پێدانى ده‌سه‌ڵاتدار ببن. ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ى ئه‌ردۆگان له‌دواى ئه‌و هه‌ژموونه‌ نیمچه‌ سه‌رتاسه‌رییه‌ى به‌سه‌ر دامه‌زراوه‌كانى سوپا و میدیادا سه‌پاندوویه‌تى، كار بۆ ملكه‌چكردنى زۆرێك له‌و دامه‌زراوانه‌ ده‌كات كه‌ به‌ته‌واوه‌تى كۆنترۆڵى نه‌كردوون، وه‌ك: ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى و كه‌رتى خوێندن و دارایى. 
له‌سه‌ر ئاستى ده‌ره‌كى: 
هیچ گومانێك له‌وه‌دا نییه‌ كه‌ سه‌ركه‌وتنه‌كه‌ى ئه‌ردۆگان به‌ته‌نها كاریگه‌ریى له‌سه‌ر سیاسه‌تى ناوخۆ نابێت، به‌ڵكو ره‌نگدانه‌وه‌ى له‌سه‌ر زۆرێك له‌ دۆسیه‌كانى ده‌ره‌وه‌ و ستراتیژى توركیا و په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تانى دیكه‌ ده‌بێت، هه‌رچى سه‌باره‌ت به‌و پڕۆژه‌ سیاسییه‌ نوێیه‌ى توركیاشه‌ كه‌ خۆى له‌ ئه‌ردۆگاندا ده‌بینێته‌وه‌، ئه‌وا له‌مه‌ودوا چاونه‌ترسانه‌تر له‌جاران دێته‌ مه‌یدان. 
به‌رده‌وامبوونى ئه‌ردۆگان له‌سه‌ر رێبازه‌ نوێیه‌كه‌ى، به‌ریه‌ككه‌وتنى زیاترى توركیا و ده‌وڵه‌تانى یه‌كێتیى ئه‌وروپاى لێده‌كه‌وێته‌وه‌، كه‌ به‌هۆى سیاسه‌ته‌كانى ئه‌م دواییانه‌ى توركیاوه‌ له‌ ناوچه‌كه‌ په‌یوه‌ندیى نێوان هه‌ردوولا له‌ئێستادا دووچارى گرژى و پێكهه‌ڵپژان بۆته‌وه‌. 
سه‌باره‌ت به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانى نێوان توركیا و ئه‌مریكاش، له‌ئێستادا له‌ نزمترین ئاستى متمانه‌دایه‌ و قه‌یرانه‌كانى نێوان هه‌ردوولاش روویان له‌زیادبوون كردووه‌، به‌تایبه‌ت له‌ دۆسیه‌ى كورددا، كه‌ توركیا به‌ هه‌ڕه‌شه‌ بۆسه‌ر ئاسایشى نه‌ته‌وه‌یى خۆى له‌قه‌ڵه‌مى ده‌دات. 
هاوكات به‌هۆى ده‌ستوه‌ردانى توركیاوه‌ له‌ كاروبارى عه‌ره‌بدا، بارگرژى له‌نێوان ئه‌و وڵاته‌ و چه‌ندین ده‌وڵه‌تى عه‌ره‌بیدا سه‌ریهه‌ڵداوه‌، به‌و بۆنه‌یه‌شه‌وه‌ له‌ 15ـى نیسانى 2018 ده‌وڵه‌تانى عه‌ره‌بى له‌ لوتكه‌ى "ده‌مام" كۆبوونه‌وه‌ تاوه‌كو چۆنیه‌تى رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى ئه‌و ده‌ستوه‌ردانانه‌ و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تێرۆر تاووتوێ بكه‌ن. 
 ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ى به‌هۆى ده‌ستوه‌ردانى توركیاوه‌ له‌ قه‌یرانى ده‌وڵه‌تانى كه‌نداودا، په‌یوه‌ندیى نێوان توركیا – ده‌وڵه‌تانى كه‌نداو به‌م دواییانه‌ دووچارى بارگرژى بۆته‌وه‌، به‌تایبه‌ت له‌كاتێكدا كه‌ توركیا سووره‌ له‌سه‌ر پاڵپشتیكردنى قه‌ته‌ڕ، ئه‌مه‌ش به‌و مانایه‌ دێت كه‌ له‌سه‌ر سیاسه‌ته‌كانى ده‌ره‌وه‌ى به‌رده‌وام ده‌بێت، ئه‌و سیاسه‌تانه‌ى بارگرژى زیاترى ده‌ره‌كى رووبه‌ڕوو ده‌كه‌نه‌وه‌. 

زۆرترین خوێندراوە


political studies copyright 2017 © . All right reserved Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure