::
بێ نوسەر
ناوه‌ندی كوردستان بۆ توێژینه‌وه له‌ململانێ و قه‌یرانه‌كان
نووسینى: پیته‌ر سینگه‌ر
سه‌رچاوه: project syndicate
دڵته‌زێنترین چیرۆكى میدیایى له مانگى رابردوودا گریانى ئه‌و منداڵانه بوو كه له‌سه‌ر سنوورى نێوان ئه‌مریكا و مه‌كسیك له باوانیان جیاكرابوونه‌وه، هه‌رچه‌نده له‌سه‌ره‌تاشدا به‌رگرى له سیاسه‌تى جیاكردنه‌وه ده‌كرد، به‌ڵام دواجار سه‌رۆكى ئه‌مریكا دۆناڵد تره‌مپ خۆى دا به‌ده‌ست گوشاره‌كانه‌وه و واژووى له‌سه‌ر فه‌رمانى هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى ئه‌و بڕیاره كرد. به‌هه‌مان شێوه له ئه‌وروپاش، كۆچبه‌ران بوونه سه‌ردێڕى هه‌واڵه‌كان، به‌وپێیه‌ى حكومه‌تى نوێى پۆپۆلیستى ئیتاڵیا و حكومه‌تى ماڵتا ره‌تیانكرده‌وه پێشوازى له كه‌شتى "ئه‌كواریۆس" بكه‌ن، كه 629 كۆچبه‌رى رزگاركراوى له‌گه‌ڵ خۆیدا هه‌ڵگرتبوو، له‌م نێوه‌نده‌شدا، كۆبوونه‌وه‌ى یه‌كێتیى ئه‌وروپا له برۆكسل به‌ڕێوه‌چوو، كه سه‌ره‌نجام له‌سه‌ر پاراستنى سنووره‌كانى ئه‌وروپا و هه‌روه‌ها پشكنینى كۆچبه‌ران گه‌یشته چاره‌سه‌رێكى مام ناوه‌ندى.
پێش كه‌متر له سێ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، ئه‌وكاته‌ى هه‌موو مانگێك زیاتر له 100 هه‌زار په‌نابه‌ر ده‌گه‌یشتنه سنووره‌كانى یه‌كێتیى ئه‌وروپا، راوێژكارى ئه‌ڵمانیا ئه‌نگێلا مێركڵ وتى "مافى بنچینه‌یى په‌نابه‌رى بۆ چه‌وساوه‌كانى ده‌ستى سیاسه‌ت سنوورى نییه" هه‌روه‌ها وتى ئه‌مه "ئه‌و په‌نابه‌رانه‌ش ده‌گرێته‌وه كه له‌ده‌ست ئاگرى جه‌نگى ناوخۆیى هه‌ڵهاتوون".
له‌وباره‌یه‌شه‌وه "مێركڵ" گه‌لێك رێوشوێنى یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ى گرته‌به‌ر، ئه‌وه‌بوو له ساڵى 2015دا ئه‌ڵمانیا 890,000 په‌نابه‌رى تۆماركرد، له‌ماوه‌ى هه‌ژده مانگیشدا له 1ـى ئه‌یلولى ئه‌و ساڵه‌وه، زیاتر له 600,000 داواكارى مافى په‌نابه‌ریى به‌خۆیه‌وه بینى. تێكه‌ڵكردنى زۆرێك له‌و په‌نابه‌ره نوێیانه‌ى له پاشخانى فه‌رهه‌نگى جیاوازه‌وه هاتوون كارێكى ئاسان نه‌بوو، به‌ڵام مێركڵ به‌ئاشكرا رایگه‌یاند "ده‌كرێت ئه‌وه بكه‌ین"، تاوه‌كو ئێستاش ره‌فتارى هیچ پێشه‌وایه‌كى ئه‌ڵمان، ته‌نانه‌ت بڕیاره بێ پلانه‌كه‌ى ساڵى 1970ـى ڤیلى براندیش سه‌باره‌ت به خۆ چه‌مانه‌وه له‌ئاست مۆنۆمێنتى قاره‌مانه‌كانى یاخیبوونى "گیتۆ وارشۆ"دا، نه‌یتوانیوه به‌وشێوه ئه‌ڵمانیا له رابردووى نه‌ژادپه‌رستانه‌ى خۆى دووربخاته‌وه.
له مانگى رابردووش‌دا، پێش رۆژێك له كۆبوونه‌وه‌كه‌ى برۆكسل، مێركڵ به‌شێوازێكى ئێجگار جیاواز قسه‌ى كرد، ئه‌وه‌بوو به په‌رله‌مانى ئه‌ڵمانیاى راگه‌یاند كه ئه‌وروپا رووبه‌ڕووى گه‌لێك ئاڵنگارى ده‌بێته‌وه "به‌ڵام ده‌كرێت دواجار كۆچكردن ببێته ئه‌و پرسه‌ى كه چاره‌نووسى یه‌كێتیى ئه‌وروپا دیاریى ده‌كات".
هۆكاره‌كانى ئه‌و وه‌رچه‌رخانه‌ش روونن، به‌وپێیه‌ى پێش دوو مانگ له پشتیوانیكردنى مێركڵ له مافى په‌نابه‌ریى بێ سنوور، ده‌نگده‌رانى پۆڵه‌ندا پارتى یاسا و دادپه‌روه‌ریى"PIS"ـى نه‌یارى كۆچبه‌رانیان هه‌ڵبژارد، ساڵى دواتریش، ده‌نگده‌رانى به‌ریتانیا بڕیارى جیابوونه‌وه له یه‌كێتیى ئه‌وروپایان دا، ئه‌مه جگه له‌وه‌ى تره‌مپ بووه سه‌رۆكى ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مریكا.
ئه‌م ئاڕاسته‌یه له ساڵى 2017شدا هه‌ر به‌رده‌وام بوو، هه‌ڵبژاردنه كتوپڕه‌كه‌ى مانگى ئایارى نه‌مساش به‌به‌شداریى "پارتى ئازادیى راستڕه‌و" پێكهێنانى حكومه‌تێكى ئیئتلافیى هێنایه ئاراوه، هه‌روه‌ها له مانگى ئه‌یلول – یشدا، هه‌ڵبژاردنه فیدراڵییه‌كه‌ى ئه‌ڵمانیا پاشه‌كشه‌یه‌كى هه‌شت خاڵیى دژ به یه‌كێتیى دیمو‌كراتى كریستیان (واتا پارته‌كه‌ى مێركڵ) لێكه‌وته‌وه، به‌وشێوه‌یه‌ش پارتى جێگره‌وه له‌پێناو ئه‌ڵمانیا، كه دژى كۆچكردنه، بووه سێیه‌م گه‌وره‌ترین پارت له وڵات‌دا.
ئه‌مساڵیش، هه‌ڵبژاردنه گشتییه‌كانى مانگى ئادارى ئیتاڵیا بووه هۆى پێكهێنانى حكومه‌تێكى ئیئتلافى، كه وا ده‌رده‌كه‌وێت ماتیۆ سالڤینى – كه وه‌ك وه‌زیرى ناوخۆ ره‌تیكرده‌وه پێشوازى له كه‌شتى ئه‌كواریۆس بكات – كه‌سایه‌تییه باڵاده‌سته‌كه بێت تیایدا. پێشبینیكراوترین ده‌رئه‌نجامیش گه‌ڕانه‌وه‌ى ڤیكتۆر ئۆربانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌نگاریا بوو بۆ پۆسته‌كه‌ى، كه به‌یه‌كێك له نه‌یاره‌كانى كۆچكردن داده‌نرێت.
كۆچكردنیش رۆڵێكى – تاڕاده‌یه‌كى زۆر یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ى – له‌هه‌موو ئه‌وانه‌ى سه‌ره‌وه‌دا هه‌بووه، ئه‌وه‌ش به كاره‌سات داده‌نرێت، نه‌ك به‌ته‌نها بۆ كۆچبه‌ره چاوه‌ڕوانكراوه‌كان، به‌ڵكو بۆ هه‌موو جیهان. هه‌موومان كاردانه‌وه‌مان بۆ فرمێسكى ئه‌و منداڵانه هه‌بوو كه به‌هۆى سیاسه‌تى كۆچى "تره‌مپ"ه‌وه له باوانیان جیاكرابوونه‌وه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ناتوانین گوێبیستى ئه‌و منداڵانه بین كه به‌ده‌ست برسێتییه‌وه ده‌ناڵێنن له‌به‌رئه‌وه‌ى ده‌وڵه‌تانى ده‌وڵه‌مه‌ند شكستیان هێناوه له‌وه‌ى به‌ره‌نگارى گۆڕ‌انى كه‌شوهه‌وایه‌ك ببنه‌وه كه ره‌نگه ببێته هۆى نه‌بارینى ئه‌و بارانه پێویسته‌ى كه باوانیان بۆ چاندنى به‌روبوم و دواتر تێركردنى منداڵه‌كانیان ده‌یانه‌وێت.
نه ئه‌و منداڵانه و نه‌باوانیشیان ناتوانن داواى مافى په‌نابه‌رى له‌و وڵاتانه بكه‌ن كه به‌رپرسن له گۆڕ‌انى كه‌شوهه‌وا. رێككه‌وتنى نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كانى په‌یوه‌ست به دۆخى په‌نابه‌رانیش وه‌ها پێناسه‌ى په‌نابه‌ران ده‌كات كه تواناى ئه‌وه‌یان نییه یاخود ئاره‌زووى ئه‌وه ناكه‌ن له‌ترسى چه‌وسانه‌وه به‌هۆى "نه‌ژاد یان ئایین یان ره‌گه‌زنامه یاخود ئه‌ندامێتییان له گروپێكى كۆمه‌ڵایه‌تى یان سیاسى دیاریكراودا" بگه‌ڕێنه‌وه بۆ وڵاته‌كانى خۆیان. ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدا كه رێككه‌وتنه‌كه مه‌رجى وه‌رگرتنى په‌نابه‌رانى ئابوورییش له‌خۆناگرێت، بگره داڕێژه‌رانى ئه‌و رێككه‌وتنه بیریان له‌و كه‌سانه‌ش نه‌كردۆته‌وه كه له‌ده‌ست گۆڕ‌انى كه‌شوهه‌وا هه‌ڵدێن.
هێشتا زووه راده‌ى ئه‌و زیانه بزانین كه دواجار حكومه‌ته نه‌یاره‌كانى كۆچبه‌ران – ئه‌وانه‌ى باوه‌ڕى ته‌واویان به گۆڕ‌انى كه‌شوهه‌وا و یه‌كێتیى ئه‌وروپا و نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان نییه - ده‌یگه‌یه‌نن، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌كرێت به‌چاوى خۆمان شوێنه‌واره‌كانى هه‌ڵكشانى نه‌ته‌وه‌په‌رستى له‌و جه‌نگه بازرگانیانه‌دا ببینین كه ئیداره‌كه‌ى تره‌مپ هه‌ڵیگیرساندووه. هه‌رچه‌نده "تره‌مپ"یش ناتوانێت هاوشێوه‌ى حكومه‌ته پۆپۆلیسته‌كانى هه‌نگاریا و پۆڵه‌ندا ده‌ستوورى ئه‌مریكا بگۆڕێت، به‌ڵام سه‌ره‌نجام دامه‌زراندنه‌كانى له دادگاى باڵاى وڵات ده‌بێته هۆى گۆڕینى شێوازى راڤه‌كردنى ده‌ستوور، به‌جۆرێك كه ره‌نگه له‌كۆتاییدا هه‌مان ده‌رئه‌نجامى هه‌بێت.
له‌ئێستادا رێژه‌ى كۆچبه‌رانى نایاسایى له ئه‌وروپا گه‌یشتۆته‌وه ئه‌و ئاسته‌ى كه پێش ساڵى 2015 تیایدا بوو، هه‌ربۆیه له‌وانه‌یه هیواخوازى گه‌ڕانه‌وه بۆ سیاسه‌ته‌كه‌ى پێش ساڵى 2015 بین، به‌ڵام له سیاسه‌تدا په‌یبردن هه‌موو شتێكه، هه‌ڵبژاردنه‌كانى ئه‌م دواییانه‌ى هه‌نگاریا و ئیتاڵیاش ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن كه تاوه‌كو ئێستا دابه‌زینى رێژه‌ى كۆچبه‌ران هیچ كاریگه‌رییه‌كى ئه‌وتۆى نه‌بووه.
ئه‌و سه‌ركرده سیاسییانه‌ى ئاره‌زووى مامه‌ڵه‌كردنێكى مرۆڤدۆستانه له‌گه‌ڵ په‌نابه‌ران و كۆچبه‌ران ده‌كه‌ن، رووبه‌ڕووى گرفتێكى ئه‌خلاقى گه‌وره بوونه‌ته‌وه، جا یان ئه‌وه‌تا ده‌بێت له‌پێناو لاوازكردنى پاڵپشتیى جه‌ماوه‌ریى پارته راستڕه‌وه‌كاندا چاودێرییه‌كى توند به‌سه‌ر سنووره‌كاندا بسه‌پێنن، یاخود سه‌ركێشى به دۆڕ‌انى ئه‌م شه‌ڕه و سه‌رجه‌م ئه‌و به‌هایانه‌ى دیكه‌وه بكه‌ن كه حكومه‌ته نه‌یاره‌كانى كۆچكردن بوونه‌ته هه‌ڕه‌شه له‌سه‌ریان. له‌چوارچێوه‌ى دوایین سێ ساڵى پڕ له‌پشێویى ئه‌وروپاشدا، به‌یاننامه‌كه‌ى ساڵى 2015ـى مێركڵ هه‌م گوزارشت له به‌هاى ئیلهامبه‌خشى ئه‌و مافانه ده‌كات كه قابیل به پێشێلكردن نین، هه‌میش له‌وه‌ى ئاخۆ بۆچى ده‌بێت دواجار ئه‌و مافانه سنووردار بكرێن.