ئایا ئێران گه‌رووى هورمز داده‌خات؟

08/08/2018

:: بێ نوسەر ناوه‌ندی كوردستان بۆ توێژینه‌وه‌ له‌ململانێ و قه‌یرانه‌كان
سه‌رچاوه‌: ناوه‌ندى ستراتفۆر

به‌م دواییانه‌ حكومه‌تى ئێرانى سه‌رقاڵى چاوخشاندنه‌وه‌ بوو به‌ بابه‌تى هه‌ڕه‌شه‌ى داخستنى گه‌رووى ستراتیژیى "هورمز". له‌ لێدوانه‌كانیدا له‌ 3ـى ته‌مموز، حه‌سه‌ن رۆحانى هه‌ڕه‌شه‌یه‌كى ناڕوونى دژ به‌ هه‌نارده‌ى نه‌وتى ناوچه‌كه‌ كرد و وتى: ئه‌مریكییه‌كان بانگه‌شه‌ى ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ به‌ته‌واوه‌تى هه‌نارده‌ى نه‌وتى ئێرانى رابگرن، ئه‌وان ماناى ئه‌وه‌ نازانن، چونكه‌ رێگریكردن له‌ هه‌نارده‌ى نه‌وتى ئێرانى به‌و مانایه‌ دێت كه‌ هه‌موو ناوچه‌كه‌ تواناى هه‌نارده‌كردنى نه‌وتى نابێت". 
له‌ 4 و 5ـى ته‌مموزیشدا زۆرێك له‌ به‌رپرسانى سوپاى پاسدارانى ئێرانى ئاره‌زووى خۆیان بۆ جێبه‌جێكردنى هه‌ڕه‌شه‌ ژێربه‌ژێره‌كه‌ى سه‌رۆك ده‌ربڕى، بۆ نمونه‌ فه‌رمانده‌ى سوپاى پاسداران "موحه‌ممه‌د عه‌لى جه‌عفه‌رى" وتى: ئومێده‌وارین گه‌ر پێویستى كرد ئه‌و پلانه‌ جێبه‌جێ بكرێت كه‌ سه‌رۆكه‌كه‌مان گوزارشتى لێكرد...وا له‌ دوژمن ده‌كه‌ین كه‌ تێبگات له‌وه‌ى یان هه‌مووان گه‌رووى هورمز به‌كارده‌هێنن یاخود كه‌س ناتوانێت به‌كاریبهێنێت. 
هه‌رچى ئه‌مریكاشه‌ رێچكه‌یه‌كى توندى دژ به‌ ئێران گرتۆته‌به‌ر، به‌وپێیه‌ى ئێران به‌ به‌رپرس ده‌زانێت له‌ نه‌بوونى سه‌قامگیرى هه‌رێمایه‌تى له‌ خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستدا. 
هه‌ربۆیه‌ واشنتۆن هیواخوازه‌ سزا ئابوورییه‌كان ببێته‌ هۆى لاوازكردنى ئابووریى ئێرانى به‌ڕاده‌یه‌ك كه‌ تاران ناچار به‌ گۆڕینى ره‌فتاره‌كانى و بگره‌ دواجار گۆڕینى رژێمه‌كه‌ش بكات. 
بۆ روبه‌ڕوبوونه‌وه‌ى ئه‌و دۆخه‌ سه‌خته‌ش، له‌سه‌ر ئێران پێویسته‌ رێگاى پێویست بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ى ئه‌مریكا بدۆزێته‌وه‌ به‌بێ ئه‌وه‌ى زیان به‌ر ئابوورییه‌كه‌ى و هاوپه‌یمانێتییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانى بگه‌یه‌نێت. 

هه‌ڕه‌شه‌ گۆڕینه‌وه‌ 
له‌ مانگى تشرینى دووه‌مى داهاتوودا، ئه‌مریكا سزا به‌سه‌ر هه‌نارده‌ى نه‌وتى ئێرانیدا ده‌سه‌پێنێته‌وه‌، ئه‌و سزایانه‌ى له‌پاش رێككه‌وتنى تاران و ده‌وڵه‌تانى زلهێز له‌سه‌ر پرۆگرامه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ى ئه‌و وڵاته‌ له‌ 14ـى ته‌مموزى 2015 هه‌ڵپه‌سێران و له‌ كانونى دووه‌مى 2016دا چوونه‌ بوارى جێبه‌جێكردنه‌وه‌. ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدا كه‌ هێشتا سیاسه‌تى واشنتۆن له‌ مانگى ئایارى رابردووه‌وه‌ و له‌وكاته‌وه‌ى له‌ رێككه‌وتنه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ كشاوه‌ته‌وه‌ به‌ته‌واوه‌تى ناڕوونه‌. 
جگه‌ له‌وه‌ ئه‌مریكا گوشار له‌ هاوپه‌یمانه‌ عه‌ره‌به‌كانى له‌ كه‌نداو ده‌كات تا نه‌وتى زیاتر به‌رهه‌م بهێنن، نه‌ك ته‌نها له‌به‌ر قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ى پاشه‌كشه‌ى چاوه‌ڕوانكراوى ئێران، به‌ڵكو بۆ پڕكردنه‌وه‌ى ئه‌و كه‌موكورتیانه‌شى له‌ئه‌نجامى پشێویى نێو گه‌وره‌ وڵاته‌ به‌رهه‌مهێنه‌كانى نه‌وتى وه‌ك لیبیاش هاتونه‌ته‌ ئاراوه‌.  
خۆ ئه‌گه‌رى سه‌رجه‌م هاوپه‌یمانه‌كانى ئه‌مریكاش هاورده‌كردنى نه‌وتى ئێرانى بووه‌ستێنن، ئه‌وا له‌كۆتاییدا هه‌نارده‌كردنى نه‌وتى ئه‌و وڵاته‌ نزیكه‌ى یه‌ك ملیۆن به‌رمیلى رۆژانه‌ داده‌به‌زێت، ئه‌ویش له‌كۆى 2.28 ملیۆن به‌رمیل له‌ رۆژێكدا، به‌جۆرێك كه‌ سه‌ره‌نجام زیانێكى گه‌وره‌ به‌ر داهاتى تاران ده‌كه‌وێت. 
ئه‌و ئه‌گه‌ره‌ ترسناكه‌ش وا له‌ ئێران ده‌خوازێت وه‌ڵامى ئه‌مریكا بداته‌وه‌ و به‌جۆرێك له‌ جۆره‌كان پارێزگارى له‌ شكۆى خۆى بكات، ئه‌وه‌تا پاڵى پێوه‌ ناوه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر هه‌ڕه‌شه‌ى داخستنى گه‌رووى هورمز به‌ڕووى هه‌ر جۆره‌ بازرگانییه‌كدا. 
ته‌نها هه‌ڕه‌شه‌كردنیش به‌ داخستنى گه‌رووه‌كه‌ وا ده‌كات بازاڕ متمانه‌ى نه‌مێنێت و هانى نرخى نه‌وت ده‌دات و هه‌ندێك قه‌ڵه‌مڕه‌وییش به‌ ئێران ده‌به‌خشێت. 

گرنگیى گه‌رووى هورمز 
گه‌رووى هورمز رێڕه‌وێكى ته‌سكه‌ له‌ كه‌نداوى عه‌ره‌بى و ده‌كه‌وێته‌ نێوان هه‌ردوو وڵاتى عومان و ئێرانه‌وه‌، له‌ 30% بۆ 35%ـى بازرگانى ده‌ریایى نه‌وتى جیهانیش له‌م گه‌رووه‌وه‌ تێده‌په‌ڕێت، به‌وپێیه‌ى رۆژانه‌ نزیكه‌ى 17 ملیۆن به‌رمیل نه‌وت به‌نێو گه‌رووى هورمزدا گوزه‌ر ده‌كات، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ى ده‌بێت سه‌رجه‌م كه‌شتییه‌ بارهه‌ڵگره‌كانى كه‌نداوى عه‌ره‌بى به‌نێویدا بڕۆن، كه‌ ئه‌وه‌ش باركردن له‌ كه‌ناراوه‌كانى عێراق، كوێت، به‌حره‌ین، قه‌ته‌ڕ، زۆرینه‌ى كه‌ناراوه‌كانى ئیمارات و هه‌ندێك له‌ كه‌ناراوه‌كانى سعودیه‌ش ده‌گرێته‌وه‌. 
هه‌ربۆیه‌ ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌ى گه‌رووى هورمز دووچارى ده‌بێته‌وه‌، جا واقیعى بن یاخود نا، ئه‌وا به‌شێوه‌یه‌كى ریشه‌یى كاریگه‌ریى له‌سه‌ر متمانه‌ى بازاڕ دروست ده‌كات، له‌به‌رئه‌وه‌ى هه‌موو هاورده‌كه‌رانى نه‌وت یاخود غازى سروشتى له‌ جیهاندا، به‌ ئه‌مریكاشه‌وه‌، پشتیان به‌ تێپه‌ڕبوونى بێ كێشه‌ى باره‌كانیان له‌ گه‌رووه‌كه‌وه‌ به‌ستووه‌. 

هه‌ڕه‌شه‌كانى پێشوو
هه‌ڕه‌شه‌كانى ئێستا ئه‌و به‌یاننامانه‌ى پێشوومان ده‌هێنێته‌وه‌ یاد كه‌ به‌درێژایى چه‌ندین ساڵ و هه‌ركات تاران هه‌ستى به‌وه‌ كردبێت واشنتۆن به‌ره‌نگارى سه‌روه‌رییه‌ ئابوورییه‌كه‌ى ده‌بێته‌وه‌ سه‌ركردایه‌تى ئێرانى ده‌ریانده‌كرد. 
ئه‌وه‌بوو له‌ ساڵى 2012، ئێران له‌وه‌ڵامى ئه‌و سزایانه‌ى یه‌كێتیى ئه‌وروپا و ئه‌مریكا له‌سه‌ر به‌رنامه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ى به‌سه‌ریاندا سه‌پاند، هه‌ڕه‌شه‌ى داخستنى گه‌رووه‌كه‌ى كرد و لاى خۆیه‌وه‌ فه‌رمانده‌ى ده‌ریایى ئێران رایگه‌یاند په‌كخستنى گه‌رووه‌كه‌ "ئاسان" ده‌بێت، هاوكات جێگرى سه‌رۆك هۆشداریى ئه‌وه‌یدا كه‌ یه‌ك "دڵۆپ" نه‌وت پیایدا تێپه‌ڕ ناكات گه‌ر سزاكانى سه‌ر ئێران چڕبكرێنه‌وه‌، كه‌چى كاتێك واژوو له‌سه‌ر سزاكان كرا، ئێران گه‌رووه‌كه‌ى دانه‌خست. 
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا یه‌كێك له‌ جیاوازییه‌كان له‌نێوان ئه‌وكاته‌ و ئێستادا راده‌ى وه‌ڵامدانه‌وه‌ى كۆشكى سپییه‌ بۆ هه‌ڕه‌شه‌كانى ئێران، به‌وپێیه‌ى ئیداره‌ى پێشووى ئه‌مریكا له‌ مه‌ترسیى هه‌ڕه‌شه‌كه‌ى كه‌مكرده‌وه‌ كاتێك هه‌وڵى دانووستانى له‌سه‌ر رێككه‌وتنێكى ئاڵۆزى ئه‌تۆمى دا، به‌ڵام ئیداره‌ى ئێستاى ئه‌و وڵاته‌ سیاسه‌تێكى زمان زبر دژ به‌ تاران په‌یڕه‌و ده‌كات و هه‌وڵده‌دات په‌یوه‌ندیى له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانه‌كانى وه‌ك ئیسرائیل و سعودیه‌ بونیاد بنێت، كه‌ وه‌ك نه‌یارى سه‌ره‌كیى ته‌ماشاى ئێران ده‌كه‌ن. 

ئایا ئێران گه‌رووى هورمز داده‌خات؟ 
سه‌رباریى وتارى توندى ئه‌و وڵاته‌، به‌ڵام پێده‌چێت داخستنى گه‌رووى هورمز دواهه‌مین و به‌هێزترین بژارده‌ى به‌رده‌م ئێران بێت، چونكه‌ پێش هه‌موو شتێك هه‌وڵدان بۆ داخستنى گه‌رووه‌كه‌ جه‌نگێكى كاولكه‌ر له‌لایه‌ن ئه‌مریكا و ده‌وڵه‌تانى ئه‌نجوومه‌نى هاریكاریى كه‌نداوه‌وه‌ به‌سه‌ر ئێراندا ده‌هێنێت. له‌هه‌مان كاتدا ئابوورى ئێران و چالاكییه‌ ده‌ریاییه‌كانیشى پشت به‌ تێپه‌ڕبوونى ئازادى شمه‌ك و كه‌شتییه‌كان به‌و گه‌رووه‌دا ده‌به‌ستێت، جگه‌ له‌وه‌ى ره‌نگه‌ داخستنى گه‌رووه‌كه‌ ئه‌نجامى پێچه‌وانه‌ى له‌سه‌ر ئامانجى ئێستاى ئێران لێبكه‌وێته‌وه‌، كه‌ خۆى له‌ هه‌وڵدان بۆ خۆبه‌دوورگرتن له‌ سزاى زیاترى ئه‌مریكا و هێشتنه‌وه‌ى یه‌كێتیى ئه‌وروپا و هاوپه‌یمانه‌كانى دیكه‌ى وه‌ك چین و هیندستان له‌پاڵ خۆیدا ده‌بینێته‌وه‌. 
هه‌نگاوێكى له‌وجۆره‌ش به‌شێوه‌یه‌كى باوه‌ڕپێنه‌كراو بازاڕى باركردن و نه‌وتى جیهانى وێران ده‌كات، به‌ڕاده‌یه‌ك كه‌ په‌یوه‌ندیى نێوان ئێران و ئه‌و هاوپه‌یمانانه‌ى تێكده‌دات كه‌ زیاتر له‌ هه‌ر كاتێكى دیكه‌ پێویستى پێیانه‌. 
بۆیه‌ تا ململانێیه‌كى سه‌ربازیى هه‌رێمایه‌تى گشتگیر روونه‌دات، ئێران گه‌رووى هورمز داناخات، ته‌نانه‌ت گه‌ر له‌ مانگى تشرینى دووه‌مى داهاتوودا سزاكانى په‌یوه‌ست به‌ نه‌وتیشى به‌سه‌ردا بسه‌پێنرێته‌وه‌. 
له‌كاتێكیشدا كه‌ ئه‌مریكا گوشاره‌كانى له‌سه‌ر ئێران زیاد ده‌كات، ئه‌گه‌رى هه‌یه‌ تاران به‌شێوازى دیكه‌ تۆڵه‌ى خۆى بكاته‌وه‌، وه‌ك به‌كارهێنانى توانا ئه‌لیكترۆنییه‌كانى دژ به‌ هاوپه‌یمانه‌كانى ئه‌مریكا له‌ ناوچه‌كه‌ یاخود بێزاركردنى كه‌شتییه‌كانى كه‌نداوى عه‌ره‌بى، كه‌ پێده‌چێت كه‌شتییه‌كانى ئه‌مریكا یان هاوپه‌یمانه‌ سه‌ربازییه‌كانى یان گوێزه‌ره‌وه‌كانى نه‌وتى خامى سعودى و ئیماراتى یاخود سه‌كۆ ده‌ریاییه‌كانى به‌رهه‌مهێنانى نه‌وتى تایبه‌ت به‌و دوو وڵاته‌ش بگرێته‌وه‌. 
ئه‌و جۆره‌ بێزاركردنه‌ش بۆ كه‌شتییه‌كانى سه‌ربه‌ سوپاى پاسدارانى ئێرانى بابه‌تێكى ئاساییه‌، كه‌ ته‌نانه‌ت له‌دواى جێبه‌جێكردنى رێككه‌وتننامه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ش هه‌ر پارێزگارى له‌ ستراتیژى به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ى خۆى له‌ كه‌نداوى عه‌ره‌بى كردووه‌. 
ئه‌وه‌بوو له‌ ساڵى 2017 ئێران كه‌شتییه‌ ئیماراتییه‌كان و سه‌كۆیه‌كى ده‌ریایى سعودیه‌ى بێزار كرد و هه‌ر له‌هه‌مان ساڵدا رووداوێك له‌نێوان كه‌شتییه‌كى سه‌ربه‌ سوپاى پاسداران و كه‌شتییه‌كى جه‌نگیى ئه‌مریكیدا روویدا، كه‌ دووه‌میان وه‌ك هه‌وڵێك بۆ رێگریكردن له‌ پێكدادان چه‌ند گولله‌یه‌كى ئاگاداركردنه‌وه‌ى ته‌قاند. 
كاتێكیش ئێران له‌ مانگى ئابى 2017دا ده‌ستیكرد به‌ هه‌ڵمه‌تێك بۆ هێوركردنه‌وه‌ى یه‌كێتیى ئه‌وروپا و رێگریكردن له‌ ئه‌مریكا بۆ پاشه‌كشه‌ نه‌كردن له‌ رێككه‌وتنه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌، سوپاى پاسداران سنوورێكى بۆ ئه‌و جۆره‌ ره‌فتارانه‌ دانا. 
به‌ڵام له‌دواى سه‌پاندنه‌وه‌ى سزاكان له‌لایه‌ن كۆشكى سپییه‌وه‌، هه‌روه‌ها له‌سایه‌ى بێ ده‌سه‌ڵاتیى یه‌كێتیى ئه‌وروپا له‌ئاست پێشكه‌شكردنى گاره‌نتى ئابوورى به‌ ئێران، ره‌نگه‌ جارێكى دیكه‌ سوپاى پاسداران ئه‌و جۆره‌ چالاكییانه‌ ده‌ست پێ بكاته‌وه‌. 

زۆرترین خوێندراوە


political studies copyright 2017 © . All right reserved Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure