ئه‌گه‌ری كۆبوونه‌وه‌ی ڕۆحانی و ترامپ و لێكه‌و‌ته‌كانی

08/08/2018

:: بێ نوسەر

ناوه‌ندی كوردستان بۆ توێژینه‌وه‌ له‌ململانێ و قه‌یرانه‌كان
نوسینی: ئه‌ركان ئه‌حمه‌د جاف

پێشه‌كی
هه‌رله‌دوای سه‌ركه‌وتنی شۆڕشی ئیسلامی و دامه‌زراندنی كۆماری ئیسلامی ئێران، ئه‌و وڵاته‌ بێلایه‌نی خۆی له‌نیوان بلۆكی ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژئاوا ڕاده‌گه‌یه‌نێت و له‌هه‌وڵی ئه‌وه‌دا ده‌بیت كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی هاوسه‌نگ په‌یوه‌ندیه‌كانی له‌گه‌ڵ وڵاتان بپارێزێت. ئه‌مریكا وه‌ك یه‌كێك له‌و وڵاتانه‌ی كه‌ تا كۆتایی و به‌شێوه‌ی نهێنی و هه‌ندێكجاریش به‌شێوه‌ی ئاشكرا، پشتیوانی له‌ مانه‌وه‌ی محه‌مه‌د ره‌زاشا ده‌كرد، كه‌ سه‌ره‌نجام هه‌رخودی محه‌مه‌د ڕه‌زاشا ده‌بیته‌ هۆی زوو پچڕانی په‌یوه‌ندیه‌كانی حكومه‌تی نویی ئیران له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا. 
لێره‌ به‌دواوه‌ هه‌ردوو وڵات به‌توندی ده‌كه‌ونه‌ ململانێی یه‌كتر، ئه‌مریكا لای خۆیه‌وه‌ هه‌وڵی سنورداركردنی هیز و ده‌سه‌ڵاتی ئیران ده‌كات له‌ ناوخۆ و نێوچه‌كه‌ و ئیرانیش لای خۆیه‌وه‌ به‌ده‌وام له‌هه‌وڵی به‌هیزكردنی خۆیه‌تی له‌ ناوخۆ و فراوانكردنی هه‌ژمونی له‌ ناوچه‌كه‌، ته‌نانه‌ت دوای روخانی یه‌كیتی سۆڤیه‌ت له‌ساڵی 1991، ئێران وه‌ك ڕكابه‌ریكی ئێران ده‌رده‌كه‌وێت و به‌تایبه‌تیش دوای هێرشه‌كانی ئه‌مریكا بۆسه‌ر ئه‌مریكا و ئه‌فغانستان، ئێران له‌و وڵاتانه‌ وه‌ك ڕكابه‌ری سه‌ره‌كی ئه‌مریكا ده‌ركه‌وتووه‌.
هه‌رچه‌نده‌ هه‌ردو وڵات زۆر خۆشیان له‌یه‌ك نایه‌ت، به‌ڵام له‌چه‌ندین ڕوداوو و قۆناغی جیاوازدا ناچار بوون به‌شێوه‌ی ناڕاسته‌وخۆش بیت پێكه‌وه‌ بكه‌ونه‌ دانوستان و له‌سه‌ر یه‌ك مێز كۆ ببنه‌وه‌، كه‌ دواترینیان ده‌توانریت ئاماژه‌ به‌ڕیكه‌وتنی ئێران و كۆمه‌ڵه‌ی وڵاتانی 5+ 1 بكرێت كه‌ ڕیكه‌وتننامه‌ی ئه‌تۆمی تیتدا واژۆ كرا. به‌ڵام به‌ كشانه‌وه‌ی ئه‌مریكا له‌و ڕیكه‌وتننامه‌یه‌، جارێكی دیكه‌ ئاڵۆزی توند له‌نێوان ئه‌مریكا و ئێران دروست بووه‌ته‌وه‌ و له‌ ئێستاشدا دۆناڵد ترامپ سه‌رۆك كۆماری ئه‌مریكا، ئاماده‌یی وڵاته‌كه‌ی بۆ دانوستانی بێ مه‌رج له‌گه‌ڵ ئێران ده‌ربڕیوه‌. 
هه‌ربۆیه‌ له‌م توێژینه‌وه‌یه‌دا هه‌وڵدراوه‌ له‌ كۆی پێنج ته‌وه‌ردا شه‌ن و كه‌وی په‌یوه‌ندیه‌كانی ئێران و ئه‌مریكا و ئه‌گه‌ر و هۆكاره‌كانی كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مریكا و ئێران باسیان لێوه‌ بكرێت و لێكه‌وت و ده‌ره‌نجامه‌كانی بخرێته‌ ڕوو. له‌ته‌وه‌ری یه‌كه‌مدا كورته‌یه‌ك له‌په‌یوه‌ندیه‌كانی دوو وڵات باسیان لێوه‌ كراوه‌، له‌ته‌وه‌ری دووه‌مدا باس له‌هه‌وڵه‌كانی ڕوحانی له‌ كابینه‌ی یه‌كه‌م و ئاماده‌یی بۆ ڕیكه‌وتننامه‌ی ئه‌تۆمی ڕونكراوه‌ته‌وه‌. له‌ته‌وه‌ری سێیه‌مدا ئه‌و هۆكار و گریمانانه‌ باسیان لێوه‌ كراوه‌ كه‌ وایان له‌ ترامپ كردووه‌ ئاماده‌ی خۆی بۆ گفتوگۆی بێ مه‌رج له‌گه‌ڵ ئێران ده‌رببرێت. له‌ته‌وه‌ری چواره‌میشدا ئه‌وه‌ ڕونكراوه‌ته‌وه‌ كه‌ ئایا ڕوحانی ئاماده‌یه‌ له‌گه‌ڵ ترامپ كۆببێته‌وه‌؟ ئه‌و هۆكارانه‌ چین كه‌ كاریگه‌رییان له‌سه‌ر ئه‌نجامدان یان ئه‌نجامنه‌دانی كۆبوونه‌وه‌كان ده‌بێت. له‌ته‌وه‌ری پێنجه‌م و كۆتاییشدا لێكه‌وته‌ ناوخۆیی و ده‌ره‌كیه‌كانی ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ بۆ سه‌ر ئێران و نه‌یارانی ئێرانی ڕونكراوه‌ته‌وه‌. دواجاریش له‌ ده‌ره‌نجامێكدا پۆخته‌ی ده‌ره‌نجامی توێژنه‌وه‌كه‌ خراوه‌ته‌ ڕوو.

بۆ داگرتن کلیکی ئێرە بکە

زۆرترین خوێندراوە


political studies copyright 2017 © . All right reserved Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure