پەیوەندییەکانی ئەمریکا و ئێران دوای سەپاندنی سزاکان.. ئەگەرەکانی ئاڵۆزبوون و ئیحتیواکردن

25/08/2018

:: بێ نوسەر

 

ناوه‌ندی كوردستان بۆ توێژینه‌وه‌ له‌ململانێ و قه‌یرانه‌كان
سه‌رچاوه‌:سەنتەری عەرەبیی بۆ توێژینەوەکان و لێکۆڵینەوەی سیاسەتەکان
و: د. مەریوان حەمە دەروێش صاڵح

لە ٧ی ئابی ٢٠١٨دا، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا سەپاندنی بەشی یەکەمی سزا ئابوورییەکانی بەسەر ئێراندا راگەیاند، هۆشداریشی دایە ئەو دەوڵەت و کۆمپانیایانەی مامەڵەی بازرگانییان لەگەڵ ئێراندا دەمێنێتەوە، کە "کۆتایی و پاشەڕۆژێکی خراپ"یان دەبێت، داوای لە هەمووانیش کرد "ملکەچیی تەواو"یان هەبێت لە جێبەجێکردنی گشت سزاکاندا. ترەمپ لە ئایاری ٢٠١٨دا بڕیایدا لە رێککەوتنی ناوکیی لەگەڵ ئێران، کە لە ساڵی ٢٠١٥دا لەژێر سایەی حکومەتی پێش خۆی بە سەرۆکایەتیی باراک ئۆباما بەسترابوو، بکشێتەوە، و سەرلەنوێ سزاکان بسەپێنێتەوە بەسەر ئێراندا، بە بیانوی ئەوەی رێککەوتنەکە "خراپە" و ناتوانێت "رێگریی بکات لە دروستکردنی بۆمبی ناوکیی ئێرانی".
وردەکارییەکانی بڕیارەکە
لەگەڵ راگەیاندنی بەشی یەکەمی سزاکانی ئەمریکادا، قۆناغی راگوزەر (ئینتیقالی) کە حکومەتەکەی ترامپ داویەتی بە کۆمپانیا جیهانییەکان، تاوەکو پاکتاو (تەصفیە)ی مامەڵەکانیان لەگەڵ ئێراندا بکەن، دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەمەش بەپێی بەیاننامەی وەزارەتی دارایی ئەمریکا لە ئایاری ٢٠١٨دا، کە میکانیزمەکانی سەپاندنەوەی سزاکانی بەسەر ئێراندا دیارییکردووە. لە بەیاننامەکەدا هاتووە کە سەپاندنەوەی سزاکان بە دوو قۆناغ دەبێت: یەکەمیان، لەدوای تێپەڕبوونی٩٠ رۆژ کاری پێدەکرێت و (ئەم ماوەیەش) لە ٦ی ئابی ٢٠١٨ کۆتایی دێت. دووەمیشیان، لەدوای ٦ مانگ دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و (ئەم ماوەیەشیان) لە ٤ی تشرینی دووەمی ٢٠١٨ کۆتایی دێت.
لە قۆناغی یەکەمدا رێ لە حکومەتی ئێرانیی دەگیرێت لە مامەڵە بازرگانییە نێودەوڵەتییەکانیدا مامەڵە بە دۆلاری ئەمریکییەوە بکات، هەروەها سزاکان رێگریی لە بازرگانییکردن (کڕین و فرۆشتن) بە ئاڵتوون و کانزا گرانبەهاکان، دەگرێتەوە، ئەم سزا نوێیانە هێنان و گواستنەوەی گرافیت (جۆرێکی کاربۆنە) و کانزا خاوەکان، یاخود نیمچە دروستکراو (سازکراو)ەکانی وەک ئەلۆمینیۆم و پۆڵا، و خەڵوز و بەرنامەکانی کۆمپیوتەری تایبەت بە پیشەسازیی، قەدەغە دەکات. ئەم سزایانە هەردوو کەرتی ئۆتۆمبێل و فڕۆکەوانیی بازرگانییش دەگرێتەوە، ئەمە جگە لە رێگرییکردن لە هەناردەی بەرهەم و شمەکی ئێرانیی وەک فەرش و فستق و هەندێک بەرهەمی خۆراکیی بۆ ئەمریکا. بەڵام قۆناغی دووەم کەرتی وزە و بانکی ناوەندیی ئێرانی و کارپێکەرەکانی بەندەرەکانی ئێران و کۆمپانیاکانی هێنانی شتومەک و بنیاتنانی کەشتیی دەگرێتەوە، جگە لە خزمەتگوزارییەکانی دڵنیایی (تەئمین) و کەرتی دارایی. هەربۆیە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئامۆژگاریی دەوڵەتە هاوپەیمانەکانی دەکات کە دەستبکەن بە کەمکردنەوەی کڕینی بڕی نەوتی ئێرانیی، بەهیوای ئەوەی لە ٤ی تشرینی دووەمی ٢٠١٨دا ئەو بڕە بگاتە صفر، بە ئامانجی ئەوەی کە تاران بێبەش بکرێت لە سەرچاوەی سەرەکیی دەستخستنی داهات و دراوە بیانییەکان.
دۆناڵد ترامپ ئەم قۆناغە نوێیەی لە سیاقی ئاڵۆزترکردنی پەیوەندیی لەگەڵ ئێران، بەم شێوەیە لە جریوە (تویت)ێکدا پوختکردووەتەوە و وتی: "بە موطڵەقیی ئەم سزایانە توندترن، لە تشرینی دووەمیشدا دەگەنە ئاستێکی بەرزتر. هەر کەس مامەڵە لەگەڵ ئێراندا بکات مامەڵە لەگەڵ وڵاتە یەکگرتووەکاندا ناکات". لە بەیاننامەی راگەیاندنی سزا نوێیەکانیشدا بەسەر تاران دەڵێت: لە نزیکەوە کار لەگەڵ ئەو دەوڵەتانەدا دەکەین کە مامەڵە لەگەڵ ئێراندا دەکەن، تاوەکو ملکەچیی تەواویان زامن (گەرەنتی) بکەین. وە هەر یەکێکیش پابەند نەبێت، تاک بێت یان قەوارە، ئەوا رووبەڕووی پاشەڕۆژێکی خراپ دەبێتەوە. سەرباری ئەمەش، بەبێ ئەوەی گرنگیبدات بە خستنەڕووی بەڵگە لەسەر ئەوانەی دەیڵێت، وتی: سیستمی ئێرانیی ئەو پارانەی لەچوارچێوەی رێککەوتنی ناوکیی ساڵی ٢٠١٥دا دەستیکەوتوون، بۆ "دروستکردنی ئەو رۆکێتانەی توانای هەڵگرتنی چەکی ناوکییان هەیە، بۆ پاڵپشتی دارایی تیرۆر، و بۆ دنەدان و خۆشکردنی (ئاگری) ململانێکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و شوێنەکانی تردا"، بەکاریهێناون.

باکگراوندەکان
لەو کاتەوە کە کاندیدی سەرۆکایەتیی بووە، دۆناڵد ترەمپ ناڕازییبوونی خۆی بەرامبەر رێککەوتنی ناوکیی لەگەڵ ئێران نەشاردووەتەوە، و تەنها رۆژێکیش نەبووە لەسەر ئەم بابەتە رەخنە لە حکومەتەکەی ئۆباما نەگرێت. هەر لەو بەیاننامەیەدا، کە لە کاتی سەپاندنی بەشی یەکەمی سزاکاندا بەسەر ئێران خوێندییەوە، ترەمپ تەئکیدی لەسەر هۆکارەکانی رەفزکردن و قایلنەبوون بەو رێککەوتنە کردەوە. تیایدا هاتووە: "پلانی گشتگیری کاری هاوبەش - Joint Comprehensive Plan of Action - (مەبەست رێککەوتنە ناوکییەکەی نێوان ئێران و وڵاتانی ٥+١، بەڵام بەم شێوەیە ناوی لێنراوە) شکستیهێنا لە بەدیهێنانی ئامانجە سەرەکییەکەیدا، کە بریتییە لە رێگرتن و داخستنی هەموو ئەو رێگایانەی کە دەبێتە مایەی دروستکردنی بۆمبی ناوکیی ئێرانیی، لەرووی داراییشەوە مایەی رزگاربوونی دکتاتۆرێکی بکوژ بوو، کە بەردەوامە لە بڵاوکردنەوەی خوێن و توندوتیژی و پشێویی".
بنیات لەسەر ئەوەش، حکومەتەکەی ترامپ لە ئایاری ٢٠١٨دا، لە رێی مایک پۆمپیۆی وەزیری دەرەوە، دوانزە مەرجی دیاریکرد بۆ دەستپێکردنی دانوستان نوێیەکان لەگەڵ تاراندا، بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی نوێ. لە گرنگترینی ئەو مەرجانەش: ئێران کۆتایی بە هەموو پرۆسەکانی پیتاندنی یۆرانیۆم و پلۆتۆنیۆم بهێنێت، هەموو دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەکانیشی لە بەردەم پشکنەرە نێودەوڵەتییەکاندا واڵا بکات. هەروەها مەرجێکی تریش ئەوەیە کە پێویستە ئێران بەرنامەکانی پێشخستنی رۆکێتە بالیستییەکانی بوەستێنێت، ئەو کار و چالاکییانەشی بوەستێنێت کە ئارامیی ناوچەکەی تێکداوە، واز لە هەڕەشەکردن لە هێڵەکانی کەشتیڕانیی نێودەوڵەتیی و لە دەوڵەتانی ناوچەکە بهێنێت. پۆمپیۆ مەرجیشی لەسەر ئێران دانابوو کە دەبێت کۆتایی بە پشتگیرییکردنی ئەو رێکخراوانە بهێنێت کە ئەمریکا بە تیرۆریستیان دادەنێت، وەک حیزبوڵڵا و هەدوو بزوتنەوەی حەماس و جیهادی ئیسلامیی، هەروەها واز لە پشتگیرییکردنی حوسییەکانی یەمەن بهێنێت، هەموو هێز و میلیشیا شوێنکەتەکانیشی لە سوریا بکشێنێتەوە، و دەستیش وەرنەداتە کاروبارەکانی عێراقەوە، هەموو ئەو هاووڵاتییە گیراوانەش ئازاد بکات کە ئەمریکین یان هاووڵاتیی دەوڵەتانی هاوپەیمانی ئەمریکان، هەروەها ئەو بێسەروشوێنانەش ئازاد بکات کە لەناو خاکی ئێراندا دیار نەماون.

ئامانجەکان
حکومەتەکەی ترامپ، لە رێی سەپاندنی سزای توند بەسەر تاراندا، هەوڵدەدات ئێران ناچاربکات لەسەر مێزی دانوستان دانیشێت، بۆ چاککردن و راستکردنەوەی ئەو هەڵە و کەموکوڕییانەی کە واشنتۆن پێیوایە لە رێککەوتنی ناوکیی ساڵی ٢٠١٥دا هەن، هەروەها بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ ئێران سەبارەت بە رۆڵە هەرێمایەتییەکەی. بەپێی ترامپ بێت، سیستمی ئێرانی "رووبەڕووی دوو بژاردە دەبێتەوە: گۆڕینی رەفتارەکانی کە مایەی هەڕەشە و تێکدانی ئارامیی و ئۆقرەیین و سەرلەنوێ تێکەڵی ئابووریی جیهان ببێتەوە، یان بەردەوامبوون لەسەر رێڕەوی گۆشەگیریی ئابووریی". ترەمپ ئەوەشی وت کە ئێستاش "ئامادەیە بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی گشتگیرتر، کە هەموو چالاکییەکانی سیستمی ئێرانی بگرێتەوە، لەنێویشیاندا بەرنامەی رۆکێتە بالیستییەکان و پشتگیرییکردنی لە تیرۆر".
لە کاتی باسکردنی ئامانجەکاندا، پێویست ناکات سوودی خوازراو و چاوەڕوانکراو بۆ ئیسرائیل دابنرێت و باسبکرێت، کە ئیسرائیل سەرکردایەتیی گرنگترین لۆبیی کردووە دژی رێککەوتنی ناوکیی لە سەردەمی ئۆبامادا، ئەو وڵاتەی کە سەرۆکی حکومەتەکەی (بەپێی دەزگاکانی راگەیاندنی ئیسرائیلی) شانازیی بەوەوە دەکات کە ئەو قەناعەتی بە ترەمپ هێناوە ئەو رێککەوتنە رەت بکاتەوە.
حکومەتەکەی ترامپ گرەو لەسەر ئەوە دەکات کە فشارە ئابوورییەکان کە تارانی لاوازکردووە و لەژێریدا دەناڵێنێت، و داڕمانی دراوی ئێرانی (ریاڵ)، کە بۆتە مایەی پەشێویی و خۆپیشاندانی جەماوەریی، سیستمی ئێرانیی ناچار دەکەن، بەبێ هیچ پێشمەرجێک، بێتە سەر مێزی دانوستان.
بەپێی قسەی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکیی، جۆن بۆلتۆن بێت، تەنها هەلی رزگاربوونی ئێران لە سزاکان ئەوەیە کە بە پێشنیازی ترامپ رازی بێت و دانوستان بکات لەسەر رێککەوتنێک کە زامنی ئەوە بکات کە ئێران "بە تەواوەتی دەستبەرداری بەرنامەی رۆکێتە بالیستییەکانی و چەکە ناوکییەکانی بێت، و بەکردەییش دڵنیایی هەبێت لەمبارەوە". حکومەتەکەی ترامپ ئەو مەرجەی ئێرانی بۆ دانوستان رەتکردەوە کە داوای کردبوو یەکەمجار سزاکان هەڵپەسێرێت، ئەمیش بە لۆجیک (مەنتیق)ی ئەوەی کە مانەوەی فشار لەسەر ئێران و بێبەشکردنی لە سەرچاوە ئابوورییەکان وا لە ئێران دەکەن کە زیاتر ملکەچی مەرجەکانی ئەمریکا ببێت. هەرچەندە فشارە ئابوورییەکانی سەر تاران سیستمی ئێرانی ئەلەرزینێت، بەڵام تا ئێستاش واشنتۆن تەئکید لەوە دەکاتەوە کە ئامانجی ئەو "رێک و راستکردنەوەی رەفتار"ی ئێرانە نەک "گۆڕین"ی حوکم تیایدا. ترەمپیش ئامادەی دیدارە لەگەڵ بەرپرسانی ئێرانیدا لە هەر کاتێکدا بێت، لەپێناوی گەیشتن بە رێککەوتنێکی نوێ.

مەرجەکانی سەرکەوتنی ستراتیجی ئەمریکا
بۆ ئەوەی ئەو ئامانجەی ئەمریکا بێتەدی کە دەیەوێت ئێران ناچاربکات بگەڕێتەوە سەر مێزی دانوستانەکان، پێویستە پابەندبوونێکی نێودەوڵەتیی، بە تایبەت ئەوروپیی، بە سزاکانی ئەمریکاوە لەسەر تاران هەبێت. لە بنەڕەتدا، پێناچێت روسیا و چین پابەند بن پێوەی، ئێران بەنیسبەتی روسیاوە کە ئەمیش سزای ئەمریکیی بەسەردا سەپێنراوە، هاوپەیمانە. چینیش هاوردەکارێکی گەورەی نەوتی ئێرانە. زۆرینەی ئەو کۆمپانیا چینییانەی مامەڵە لەگەڵ ئێراندا دەکەن هی دەوڵەتن و لە سزاکان ناترسن، هەربۆیە ئەگەری زۆرە کە بەردەوام بن لە مامەڵەکردن لەگەڵ تاراندا. بەڵام هیندستان، کە گەورەترین کڕیاری نەوتی ئێرانە، رووبەڕووی فشارە توندەکانی ئەمریکیی دەبێتەوە، بۆ کەمکردنەوەی کڕینی نەوتی ئێرانیی، بە تایبەت لەژێر سایەی ئەو پەیوەندییە بەهێز و ستراتیجییەی کە لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیلدا هەیەتی. هەوەها تورکیاش، بەهۆی ئەو پەیوەندیی ئابوورییە فراوانەی بە ئێرانەوە دەیبەستێتەوە، رووبەڕووی فشارەکان دەبێتەوە. هەردوو دەوڵەت، هیندستان و تورکیا، تەحەفوزیان دەبێت لەسەر سزاکانی ئەمریکا.  
بەڵام دەوڵەتە ئەوروپییەکان زیاتر ملکەچی فشارەکانی ئەمریکا دەبن، سەرەڕای دژایەتییان بۆ بڕیاری سەپاندنی سزاکان بەسەر ئێراندا، و بەڵێندانیشیان بۆ رووبەڕووی. رۆژێک پێش دەستپێکردنی قۆناغی یەکەمی سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، وەزیرانی دەرەوەی ئەڵمانیا و بریتانیا و فرەنسا، و بەرپرسی کاروباری دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا، لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا، بەڵێنیاندا کە پارێزگاریی لە ناردنی پارەوپول و لە هەناردەی نەوت و غازی ئێرانیی لەنێوان دەوڵەتانی خۆیان و ئێراندا بکەن. هەروەها (دەوڵە ئەوروپییەکان) قانونێکیان چالاککرد (خستیانەوە بواری جێبەجیکردن) کە بە "قانونی رێگرتن" ناسراوە، بۆ پاراستنی کۆمپانیا ئەوروپییەکان لە هەر سزایەکی ئەمریکیی، بە هۆی مامەڵەکردنیان لەگەڵ ئێراندا، زیاد ئەمەش، لە قانونەکەدا هاتووە کە یەکێتیی ئەوروپا دان نانێت بە هیچ حوکمێکی دادگایی (قەزائی)دا کە ئەو سزایانە بخاتە بواری جێبەجێکردنەوە. ئەو قانونە لە ساڵی ١٩٩٦دا دانراوە بۆ ئەوەی ئەو کۆمپانیا ئەوروپییانەی ئەوکات لەگەڵ کوبادا کاریان دەکرد، لە سزاکانی ئەمریکا بپارێزێت. ئەم قانونە بە دەق رێگریی دەکات لە پابەندبوونی کۆمپانیاکانی یەکێتیی ئەوروپا بە سزاکانی ئەمریکاوە، ئەگەر پێشتر ئەو کۆمپانیایە بە هەڵاوێر (استثناء) لەلایەن کۆمیسیۆنی ئەوروپییەوە رێی پێنەدرابێت.
لەگەڵ ئەوەشدا، بەدوور دەزانرێت ئەوروپاییەکان بتوانن بەرەنگاری سزاکانی ئەمریکا ببنەوە، و قەناعەت بە کۆمپانیا گەورەکانیان بکەن کە بەردەوام بن لە کارکردن لەگەڵ ئێراندا، زۆر کۆمپانیای گەورەی ئەوروپیی دەستپێشخەرییان کرد لە وەستاندنی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئێراندا، وەک کۆمپانیای نەوتی فرەنسیی (تۆتاڵ)، هەردوو کۆمپانیای "رینۆ" و "پی ئێس ئەی-PSA"ی فرەنسیی بۆ دروستکردنی ئۆتۆمبێڵ، هەروەها کۆمپانیای دایملەری ئەڵمانیی بۆ دروستکردنی ئۆتۆمبێل. لێکدانەوە و بۆچوونی ئەم کۆمپانیا ئەوروپییانە، و زیاتر لە سەد کۆمپانیای تریش، بەو جۆرەیە کە بازاڕی ئێرانیی زۆر بچووکە بە بەراورد بە بازاڕی فراوانی ئەمریکیی، و بەرژەوەندیی و وەبەرهێنانی زەبەلاحیش ئەو کۆمپانیایانەی بە بازاڕی ئەمریکییەوە بەستووەتەوە. هەندێک ئاماژە (مؤشر)ش هەن دەرخەریدەخەن کە گوێڕایەڵی ئەوروپییەکان بۆ هەڕەشەکانی ئەمریکا دەستیپێکردووە، ئەوەتا بانکی ناوەندیی ئەڵمانیا لە تەموزی ٢٠١٨دا گۆڕانکاریی لە بنەماکانی کاریدا کردووە، ئەمەش رێگر دەبێت لە حەواڵەکردنی سەدان ملیۆن لە بانکی ئێرانی لە هامبۆرگەوە بۆ ئێران.
بەم هۆیەشەوە، زۆر قورسە گرەو بکرێت لەسەر هەڵوێستی توند و یەکلاکەرەوەی ئەوروپی بەرامبەر سزاکانی ئەمریکا. بەپێی بەرپرسانی ئەمریکا بێ، وا دەردەکەوێت واشنتۆن دڵنیایە لەوەی کە لە کۆتاییدا ئەوروپا پابەند دەبێت بە سزاکانی سەر ئێرانەوە. بەقسەی جۆن بۆڵتۆنی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکاش بێ، لەگەڵ ئەوەی "حکومەتەکانی ئەوروپا تا ئێستا پابەند بوون بە رێککەوتنی ناوکییەوە، بەڵام کۆمپانیاکانیان تا بۆیان بکرێ بە خێرایی لە (ئێران) هەڵدێن، هەربۆیە شوێنەوار و کاریگەریی سزاکانی ئەمریکا بەردەوامە سەرەڕای پابەندبوونی ئەوروپییەکان بە رێککەوتنەکەوە".

هەڵوێستی ئێران
ئێران سوورە لەسەر ئەوەی کە ملکەچی گێچەڵی ئەمریکیی نابێت، و سزاکانیش تێدەپەڕێنێت، قەبووڵیشی ناکات لەژێر فشاردا دەست بە دانوستان بکاتەوە، بەتایبەت لە سایەی تەئکیدکردنەوەکانی روسیا و چین و ئەوروپا لەسەر ئەوەی پابەندی سزاکان نابن و رێزی رێککەوتنەکە دەگرن، مادام ئێران رێزی دەگرێت، بەڵام پابەندیی ئەوروپی، هەروەک روونمانکردەوە، زەمانەتکراو نییە. ئەمەش پاڵی بە ئێرانەوە ناوە هەڕەشەی داخستنی گەرووی هورمز بکات، تاوەکو نەهێڵێت نەوتی کەنداو لەوێوە بڕوات، وەڵامی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش ئەوە بوو کە تارانی بە ئاگا هێنا لە پاشەڕۆژی هەڕەشەکردن لە هێڵەکانی کەشتیڕانیی نێودەوڵەتیی لە ناوچەکە. لە بەرامبەردا، بەهۆی زیاتر بوونی فشارە ئابوورییەکان، ئێران لە ناو کەفوکوڵ و توڕەیی جەماوەر و ناڕەزایەتییەکان، ژیان بەڕێدەکات. لە نیسانی ٢٠١٨ەوە و لە سایەی هەڕەشەکانی دەستپێکردنەوەی سزاکانی ئەمریکا، ریاڵی ئێرانیی نیوەی بەهای خۆی لەدەستداوە، تێکڕای هەڵئاوسانیش بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە. سندوقی دراوی نێودەوڵەتیی، لە ئازاری ٢٠١٨دا، ئەوەی مەزەندە کردووە کە یەدەگی دراوی بیانیی ئێرانیی لە ساڵی دارایی ٢٠١٧دا بۆ ١١٠.٧ ملیار دۆلاری ئەمریکیی دابەزییوە، پێشبینیشی کردووە ئەو یەدەگە ساڵی ٢٠١٨ بۆ ٩٧.٨ ملیار دابەزێت، ئەم بڕەش تەنها بەشی تەمویلکردنی شمەکە هاوردەکراوەکان دەکات بۆ ماوەی ١٣ مانگ.
لە بەرامبەر ئەم واقیعەدا، و سەرەڕای دەنگ و سەدای بەرەنگاریی، ئێران رووبەڕووی کێشەی راستەقینە بووەتەوە، سیستمی دەسەڵاتدار لە تەقینەوەی نائارامیی بەرفراوانی جەماوەریی دەترسێت، کە کاریگەریی لەسەر ئارامیی و جێگیریی وڵات دەبێت، بەتایبەت دوای پاشەکشەی ئەوروپییەکان لەبەرامبەر فشارەکانی ئەمریکادا. لەوانەشە ئاماژەدانی حەسەن رۆحانیی سەرۆکی ئێران بەوەی کە وڵاتەکەی پێشوازیی "گفتوگۆ و دانوستانەکان" دەکات، و "هیچ پێشمەرجێکی نییە، و ئەگەر حکومەتی ئەمریکیی ئامادەیە با ئێستا دەستپێبکەین"، بەڵگە بێت لەسەر ئەوەی کە هەڵوێستی ئێرانی بەکردەیی (فیعلی) لە پاشەکشێدایە. لە هەموو حاڵێکدا، وا دەردەکەوێت کە رووبەڕووبوونەوەی ئێران- ئەمریکا لەبەردەم دوو ئەگەردایە: یەکەم، فشارە ئەمریکییەکان شکست بێنن لەوەی ئێران بهێننەوە سەر مێزی دانوستانەکان. لەم حاڵەشدا، فشارە جەماوەرییەکان لەسەر سیستمی ئێرانیی زیاتر دەبن، بەهۆی بەردەوامبوونی سزاکانی ئەمریکاوە، ئەمەش پاڵ بە ئێرانەوە دەنێت لە رێککەوتنی ناوکیی بکشێتەوە، و دەست بە پیتاندنی یۆرانیۆم بکاتەوە، ئەو چالاکییانەشی زیاتر بکات کە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەدا لەق دەکات و بە ئامانجیشیان دەگرێت، ئەمەش ئەگەرەکانی رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ وڵاتە یەکگرتووەکان زیاتر دەکات. ئەگەری دووەمیش، کە ئەمەیان بەهێزترە و زیاتر رێی تێدەچێت، ئەوەیە کە هەردوولا پەنا بۆ دانوستانی نهێنی دەبەن، و دەگەنە رێککەوتنێکی نوێ، ئەمەش ئەو کارەیە کە ترەمپ دەیەوێت. وا دیارە پەیوەندییەکان (اتصالات) لەرێی سوڵتاننشینی عومان، و رەنگە دەوڵەتانی تریش، بەردەوامن. ترەمپ زیاتر بەلایەوە گرنگە رێککەوتنێکی نوێ بکرێت، نەک رێککەوتنەکەی ئۆباما، تاوەکو لەبەرچاوی دەنگدەرانیدا وەک کەسێک دەرکەوێت کە لە رێی سیاسەتی سزا توندەکانەوە، دەستکەوتێکی بەدەستهێناوە، هەتا ئەگەر لەناو هەمان چوارچێوەی رێککەوتنەکەی پێشوودا بێت، لەگەڵ هەندێک مەرجی جوانکاریی لاوەکیی.

کۆتایی
هەروەک شوێنەکانی تر، لەم دۆسیەیەشدا، ترامپ سیاسەتێکی سەرەڕۆیانە (موغامەرە)ی دەستداوەتێ کە لەگەڵ هەڵوێستەکانی ئیسرائیل و راستڕەوەکانی ئەمریکادا گونجاو و تەبایە، سەختیشە بزانرێت دەرئەنجامەکانی ئەم سیاسەتە چی دەبن. فشار خستنە سەر ئێران دەستی پێکرد، دوای ئەوەی کار و ئەرکی رزگارکردنی دەسەڵاتدارانی تاوانباری جەنگی سوریا (مەبەست دەسەڵاتدارانی دیمەشق و هێزە هاوکارەکانیانە) بە هاوکاریی روسیا تەواو بوو، ئەم سزا درەنگوەختانەش سوودێک بە شۆڕشی سوریی و گەلی سوریی ناگەیەنن، کە لەم سزایانەدا هیچ حیسابێک بۆ ئەم گەلە نەکراوە. لەوانەشە ئەم سزایانە بۆ فشارکردن بێت لەسەر ئێران لە عێراقدا. بەڵام لە ناوخۆی ئێراندا، سیستمی ئێرانیی رووبەڕووی فشارێکی ناوخۆیی توند بۆتەوە، کە تا ئێستا بەرئەنجامەکانی نازانرێت. ئەوەی لە ئێستادا روونە ئەوەیە کە سیاسەتی ترامپ خۆی و هاوپەیمانە ئەوروپاییەکانی زیاتر لە یەک دوور دەخاتەوە، هەروەک بوار و توانای حیواریش بۆ چارەسەری کێشە و ناکۆکییەکان بەرێگای ئاشتییانە لە کەنداودا کەمدەکاتەوە.

زۆرترین خوێندراوە


political studies copyright 2017 © . All right reserved Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure