چۆنێتی پاراستنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان توركیاو ئه‌مه‌ریكا

25/08/2018

:: بێ نوسەر
ناوه‌ندی كوردستان بۆ توێژینه‌وه‌ له‌ململانێ و قه‌یرانه‌كان
نووسینی: ئه‌مانده‌ سڵه‌وت
سه‌رچاوه‌: foreignaffairs


په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان توركیاو ئه‌مه‌ریكا گرژبووه‌و خه‌ریكه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوانیان به‌ بنبه‌ست ده‌گات. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی توركیا به‌ره‌و تاكڕه‌وی ده‌ڕوات و كاربه‌ده‌ستانی ئه‌و وڵاته- به‌م دوایانه‌- به‌هه‌ڵه‌ سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن، ئه‌مه‌ریكا دانبه‌خۆداگرتنی كردووه‌ به‌ ستراتیجێك و له‌به‌رانبه‌ر توركیادا كاری پێده‌كات و هانی كاربه‌ده‌ستانی توركیای داوه‌ كه‌ كار بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی (ناكۆكییه‌كانی) نێوانیان بكه‌ن. به‌هۆی به‌رده‌وام بوونی توركیا له‌سه‌ر به‌هه‌ڵه‌ سیاسه‌تكردن و به‌هه‌ندوه‌رنه‌گرتنی نێگه‌رانییه‌كانی واشنتن، ئازادنه‌كردنی ئێندرو بره‌نسن كه‌ قه‌شه‌یه‌كی ئه‌مه‌ریكییه‌و ئه‌نقه‌ره‌ به‌ تۆمه‌تی تیرۆر زیندانیكردووه‌، كۆشكی سپی نیگه‌رانكردووه‌و به‌سه‌ره‌كیترین خاڵه‌ ناكۆكه‌كانی ئێستای نێوان هه‌ردوولا داده‌نرێت. كه‌یسه‌كه‌ی بره‌نسن، كه‌ هه‌فته‌ی ڕابردوو توركیا له‌ جیاتی ئازادكردنی له‌ ماڵێكدا ده‌ستبه‌سه‌ریكرد، كاریگه‌ری له‌سه‌ر ئاینده‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ردوولا ده‌بێت. ئه‌گه‌ر گفتوگۆكانی نێوانیان شكست بهێنێت، ئه‌وا واشنتن ناچارده‌بێت ده‌ستبه‌رداری ڕێگه‌ی دیپلۆماسیه‌ت ببێت و په‌نا بۆ سزای ئابوری به‌رێت. به‌هۆی له‌رزۆك بوونی ئابووری توركیاوه‌ ڕه‌نگه‌ ئه‌ردۆگان له‌ كۆتایدا ملكه‌چی داواكانی تره‌مپ بێت و نیگه‌رانییه‌كانی واشنتن به‌هه‌ندوه‌ربگرێت. 
هه‌ریه‌ك له‌ توركیاو ئه‌مه‌ریكا، له‌ ماوه‌ی ئه‌م چه‌ند ساڵه‌ی دوایدا، لیستێكی دورو درێژی گله‌یی و گازنده‌یان‌ له‌ دژی یه‌كتر ئاماده‌كردووه‌. به‌هۆی به‌رده‌وامبوونی ئه‌مه‌ریكییه‌كان له‌ هاوكاریكردنی كورده‌كانی سوریا، كه‌ توركیا به‌ په‌كه‌كه‌بوون تۆمه‌تباریان ده‌كات، ئه‌نقه‌ره‌ پێی وایه‌ كه‌ واشنتن مه‌ترسییه‌ ئه‌منییه‌كانی توركیا له‌به‌ر چاو ناگرێت و هاوكاریكردنی كورده‌كانی سوریا له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه‌ توركیای ته‌واو نیگه‌رانكردووه‌. ئامانجی سه‌ره‌كی توركیا له‌ سوریا بریتی بووه‌ له‌ ڕێگریكردن له‌ دروستبوونی هه‌رێمێكی كوردی سه‌ربه‌خۆ له‌ سوریا كه‌ ڕه‌نگه‌ ببێته‌هۆی به‌رزكردنه‌وه‌ی داواكاری كورده‌كانی توركیا یان ئه‌و هه‌رێمه‌ كوردییه‌ی سوریا‌، له‌كاتی دروستبوونیدا، له‌ دژی ئاسایشی توركیا به‌كاربهێنرێت. ئه‌نقه‌ره‌ جددی بوونی ئه‌م مه‌ترسییه‌ ئه‌منیانه‌ی له‌ سه‌ره‌تای 2018 له‌ڕێگه‌ی په‌لاماردانی عه‌فرینه‌وه‌ بۆ هه‌موو لایه‌ك سه‌لماند. هێرشه‌كانی توركیا بۆ سه‌ر عه‌فرین بووه‌هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ به‌شێك له‌ چه‌كداره‌ كورده‌كان، به‌مه‌به‌ستی جه‌نگكردن له‌ دژی توركیا له‌ عه‌فرین، به‌ره‌كانی جه‌نگ له‌ دژی داعش به‌جێبهێڵن.
تێنه‌گه‌یشتنی سه‌ركرده‌كانی ڕۆژئاوا، وه‌ك ئه‌وه‌ی كه‌ توركه‌كان ده‌یڵێن، له‌ لێكه‌وته‌ خراپه‌كانی كوده‌تا شكستخواردووه‌كه‌ی ته‌موزی 2015و ده‌رنه‌بڕینی پشتیوانییه‌كی یه‌كسه‌رو په‌له‌ بۆ ئه‌ردۆگان كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی دیموكراسیانه‌ له‌لایه‌ن گه‌له‌وه‌ هه‌ڵبژێردرابوو، توركه‌كان ناڕه‌حه‌تده‌كات. سه‌ره‌ڕای دژایه‌تی كردنی ئه‌ردوگان له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا، نزیكه‌ی هه‌موو پارته‌كانی ئۆپۆزسیۆن هاوڕان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ كوده‌تای سه‌ربازی ڕێگه‌یه‌كی دروست نییه‌ بۆ هێنانه‌خواره‌وه‌ی ئه‌ردوگان له‌ كورسی ده‌سه‌ڵات.  نیگه‌رانییه‌كی تری به‌شێكی زۆر له‌ توركه‌كان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌و كه‌سه‌ی، فه‌تحوڵڵا گوڵه‌ن، كه‌ به‌ عه‌قلی پشتی كوده‌تاكه‌ی توركیا داده‌نرێت به‌شێوه‌یه‌كی یاسای نێشته‌جێی ولایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكایه‌. له‌ دوای ڕوودانی كوده‌تاكه‌وه‌ توركیا چه‌ندین به‌ڵكه‌ی له‌سه‌ر تاوه‌نباربوونی گوڵه‌ن پێشكه‌ش به‌ وه‌زاره‌تی دادی ئه‌مه‌ریكا كردووه‌، به‌ڵام ئه‌و به‌ڵگه‌ پێشكه‌شكراوانه‌ی توركیا تا ئێستا نه‌یتوانوه‌ قه‌ناعه‌ت به‌ ئه‌مه‌ریكا بكات تا گوڵه‌ن ناچار به‌ ده‌ركردن یان ڕاده‌ستی توركیای بكاته‌وه‌. ئه‌مه‌ریكییه‌كان به‌مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م پرسه‌، پرسی گوڵه‌ن، چه‌ندین دانیشتنیان له‌گه‌ڵ توركه‌كان ئه‌نجام داوه‌و به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ له‌ حوكمه‌تی توركیا ده‌ستیان به‌ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌و قوتابخانه‌ ئه‌مه‌ریكیانه‌ ‌كردووه‌ كه‌ له‌لایه‌ن شوێنكه‌وتوانی گوڵه‌نه‌وه‌ سه‌رپه‌رشتی ده‌كرێن. 
له‌لای خۆیه‌وه‌ ولایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا پرسیاری ئه‌وه‌ ده‌كات: ئایا توركیا له‌ ئێستادا ئه‌و هاوپه‌یمانه‌ متمانه‌پێكراوه‌ی جارانه‌؟ ئه‌و ڕێوشوێنه‌ توندانه‌ی كه‌ ئه‌نقه‌ره‌ له‌ دوای ڕوودانی كوده‌تاكه‌وه‌ گرتییه‌به‌ر ئه‌مه‌ریكییه‌كانی نیگه‌رانكردووه‌. هه‌وڵه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی حوكمه‌تی توركیا بۆ ده‌ستگیركردنی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ له‌ كوده‌تاكه‌وه‌ تێوه‌گلاون گۆڕا بۆ لێدان له‌ نه‌یاره‌ سیاسییه‌كان و ده‌ستگیركردنی هه‌موو شوێنكه‌وتوانی گوڵه‌ن. توركیا له‌ دوای كوده‌تا شكستخواردووه‌كه‌وه‌ باری نائاسایی بۆ سێ مانگ ڕاگه‌یاندو دوای ته‌واوبوونی ئه‌م سێ مانگه‌ ئه‌م حاڵه‌ته‌ چه‌ند جارێكی تر درێژكرایه‌وه‌و له‌ ناوه‌ڕاستی ته‌موز، كاتێك په‌رله‌مان یاسای دژه‌-تیرۆری كه‌ ڕێگه‌ به‌ ڕاگه‌یاندنی باری نائاسایی ده‌دات په‌سه‌ندكرد، ورده‌ ورده‌ ئه‌م باره‌ نائاسایه‌ به‌ره‌و ئاسایی بوونه‌وه‌ ده‌چێت. مه‌تاتی بوونی پێناسه‌كانی تیرۆر له‌ باری نائاساییدا بووه‌هۆی ده‌ستگیركردنی چه‌ند هاوڵاتییه‌كی ئه‌مه‌ریكی و توركی كه‌ له‌ قونسڵخانه‌كانی ئه‌مه‌ریكای نێو توركیادا كارده‌كه‌ن. كه‌یسه‌كه‌ی بره‌نسن ده‌نگدانه‌وه‌یه‌كی گه‌وره‌ی له‌ نێوخۆی ئه‌مه‌ریكا دروستكردو سه‌رنجی گه‌وره‌ به‌رپرسانی ئیداره‌كه‌ی تره‌مپی ڕاكێشا. هه‌رچه‌نده‌ به‌رپرسانی توركیا سورن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ كه‌یسه‌كه‌ی بره‌نسن بابه‌تێكی یاساییه‌و بۆ دادگایان به‌جێهێشتووه‌، به‌ڵام لێدوانه‌كانی ئه‌ردۆگان شتێكی تر ده‌ڵێن: سیاسه‌تی به‌بارمته‌گرتن. ئه‌ردۆگان به‌شێوه‌یه‌كی ئاشكرا له‌ ئه‌یلولی ڕابردوودا ئه‌وه‌ی ڕاگه‌یاند كه‌ ئه‌و ئاماده‌یه‌ پیاوێكی ئاینی، بره‌نسن، به‌ پیاوێكی ئاینی تر، گوڵه‌ن، بگۆڕێته‌وه‌. 
ئاره‌زووه‌كانی توركیا بۆ كڕینی سستمی به‌رگری S-400ی ڕوسی دیسانه‌وه‌ ئه‌مه‌ریكییه‌كانی نیگه‌رانكردووه‌. ئه‌م سستمه‌ ڕوسییه‌ له‌ نێو سستمی به‌رگری ناتۆدا كاری پێناكرێت و مه‌ترسی له‌سه‌ر ئاسایشی فڕۆكه‌ی F-35، كه‌ ئه‌مه‌ریكا به‌ نیازه‌ به‌توركیای بفرۆشێت، دروست ده‌كات. هه‌وڵه‌كانی توركیا بۆ كڕینی سستمی به‌رگری ڕوسی ئه‌و پرسیاره‌ له‌لای هاوپه‌یمانه‌كانی توركیا له‌ ناتۆ دروست ده‌كات: ئایا توركیا ده‌ستبه‌رداری هاوپه‌یمانه‌كانی له‌ ناتۆ ده‌بێت؟ 
كاته‌كه‌ی كه‌مێك دره‌نگه‌
له‌گه‌ڵ هاتنی تره‌مپ بۆ كۆشكی سپی ئه‌ردۆگان له‌و باوه‌ڕه‌دابوو كه‌ ئه‌مه‌ریكا له ‌ڕێگه‌ی ڕاده‌ستكردنی گوڵه‌ن و ڕاگرتنی هاوكارییه‌كانی بۆ یه‌په‌گه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ توركیادا ئاسای ده‌كاته‌وه‌، به‌ڵام ئیداره‌ نوێكه‌ی كۆشكی سپی له‌ مامه‌ڵه‌كردنی له‌گه‌ڵ توركیادا سیاسه‌ته‌كه‌ی ئۆبامای تێنه‌په‌ڕاندو په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان ئه‌نقه‌ره‌و واشنتن به‌ گرژی مایه‌وه‌. 
له‌ پایزی 2017 باڵوێزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌ توركیا وه‌كو په‌رچه‌كردارێك له‌ دژی ده‌ستگیركردنی كارمه‌نده‌ توركه‌كانی باڵوێزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی توركیاوه‌، پێدانی فیزای به‌ هاوڵاتیانی توركیا هه‌ڵپه‌سارد. له‌به‌رانبه‌ردا توركیاش هه‌مان كاری به‌رانبه‌ر به‌ ئه‌مه‌ریكییه‌كان كرد. دوای ئه‌وه‌ی ئه‌نقه‌ره‌ واشنتنی دڵنیاكرده‌وه‌ كه‌ چیتر كارمه‌ندانی باڵوێزخانه‌و قونسڵخانه‌كانی ئه‌مه‌ریكا ده‌ستگیر ناكات و ئه‌گه‌ر كارێكی له‌و جۆره‌شی كرد ئه‌وا پشتر واشنتن ئاگه‌دار ده‌كاته‌وه‌، ولایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا دووباره‌ ده‌ستی به‌ پێدانی فیزا به‌ هاوڵاتییه‌ توركه‌كان كرده‌وه‌. كاتێك توركیا ئاماده‌ نه‌بوو كارمه‌نده‌ زیندانیكراوه‌كانی باڵوێزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا ئازاد بكات و سێیه‌م گه‌وره‌ كارمه‌ندی باڵوێزخانه‌‌ی ئه‌مه‌ریكی له‌ ماڵێكدا ده‌ستبه‌سه‌ركرد، په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ردوولا ئاڵۆزی زیاتری تێكه‌وت. په‌لاماردانی عه‌فرین له‌لایه‌ن سوپای توركیاو هه‌ڕه‌شه‌كانی ئه‌ردوگان كه‌ باسی له‌ په‌لاماردانی شاری مه‌نبه‌ج ده‌كرد په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ردوولای ئه‌وه‌نده‌ی تر ئاڵۆزتركرد.  
ئیداره‌كه‌ی تره‌مپ هه‌وڵیدا له‌ ڕێگه‌ی دیپلۆماسیه‌وه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ ئه‌نقه‌ردا به‌ره‌و پێشه‌وه‌ به‌رێت و له‌مانگی دووی 2018 ڕاوێژكاری ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ی و وه‌زیری به‌رگری و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌گه‌ڵ هاوتا توركه‌كانیان كۆبوونه‌وه‌. كۆبوونه‌وه‌ چه‌ند كاتژمێرییه‌كه‌ی نێوان ئه‌ردۆگان و ڕێك تیله‌رسنی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا بووه‌هۆی پێكهێنانی چه‌ند تیمێك له‌ هه‌ردوولا بۆ چاره‌سه‌ركردنی گرفته‌كانی نێوانیان. یه‌كێك له‌ تیمه‌كان كاری له‌سه‌ر پرسه‌كانی تایبه‌ت به‌ دادگا ده‌كردو سیاسییه‌ ده‌ستگیركراوه‌كانی ئه‌مه‌ریكاش یه‌كێك بوون له‌ كاره‌كانی ئه‌م تیمه‌. پێش سه‌ردانه‌كه‌ی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا بۆ توركیا، ئۆفیسی داواكاری گشتی ئه‌مه‌ریكا، به‌بیانووی نه‌بوونی به‌ڵگه‌ی سه‌لمێنه‌ره‌وه‌، ئه‌و تۆمه‌تانه‌ی كه‌ ئاراسته‌ی پاسه‌وانه‌كانی ئه‌ردۆگان كرابوو پوچی كرده‌وه‌و له‌ كۆی پازده‌ تۆمه‌تبار یازده‌یان بێ تاوان ده‌رچوو‌.
یه‌كێكی تر له‌ گروپه‌كان كاری له‌سه‌ر پرسه‌كانی تایبه‌ت به‌ سوپا ده‌كرد. ئیداره‌كه‌ی تره‌مپ به‌مه‌به‌ستی پاشگه‌زكردنه‌وه‌ی توركیا له‌ كڕینی سستمی به‌رگری له‌ ڕوسیا، بڕیاریدا كه‌ سستمی به‌رگری ئه‌مه‌ریكی (موشه‌كی پاتریۆت)، به‌مه‌به‌ستی به‌ره‌وپێشبردنی توانا به‌رگرییه‌كانی توركیا، به‌ توركیا بفرۆشێت. هه‌روه‌ها هه‌ردوولا تاوتوێی مانه‌وه‌ی یه‌په‌گه‌یان له‌ مه‌نبه‌ج كرد. هه‌رچه‌نده‌ دوورخستنه‌وه‌كه‌ی تیله‌رسن له‌لایه‌ن تره‌مپه‌وه‌ كاره‌كانی ئه‌م تیمانه‌ی دواخست، به‌ڵام وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا، به‌مه‌به‌ستی پاشتركردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوانیان، به‌رده‌وامه‌ له سه‌ر ئه‌م  جۆره‌ كاركردنانه‌‌.
تره‌مپ، به‌مه‌به‌ستی په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌ به‌هێزه‌كانی جیهان، چاوپۆشی له‌ پاشه‌كشه‌كردنی دیموكراسی له‌ توركیاو زیندانیكردنی هاوڵاتییه‌ توركه‌كان له‌لایه‌ن ئه‌ردۆگانه‌وه‌ كردو له‌ نیسانی 2017 و حوزه‌یرانی 2018 په‌یوه‌ندی به‌ ئه‌ردۆگانه‌وه ‌كردو پیرۆزبای سه‌ركه‌وتنه‌كانی لێكرد. به‌ڵام كاتێك توركیا بره‌نسن به‌ بیانووی بێ بنه‌ما ده‌ستگیركرد چیتر تره‌مپ و ئیداره‌كه‌ی به‌هۆی توڕه‌بوونی مه‌سیحییه‌كانی نێو ئیداره‌كه‌ی تره‌مپه‌وه‌، نه‌یانتوانی چاو له‌ كاره‌كانی ئه‌ردۆگان بپۆشن. ئیداره‌كه‌ی تره‌مپ ڕایانگه‌یاند كه‌ كار بۆ چاره‌سه‌ركردنی كه‌یسی ئه‌و كه‌سایه‌تییه‌ سیاسیانه‌ی كه‌ به‌هه‌ڵه‌ له‌هه‌ردوولا ده‌ستگیركراون ده‌كه‌ن.
له‌ كۆنگرێسی ئه‌مه‌ریكا ئه‌و ده‌نگانه‌ی كه‌ داوای سزادانی توركیا ده‌كه‌ن ڕۆژ دوای ڕۆژ زیاتر ده‌بن. هه‌ندێك له‌ كۆنگرێسمانه‌كان پرۆژه‌یه‌كیان به‌مه‌به‌ستی به‌ئامانجگرتنی ئابووری توركیا كه‌ خاڵه‌ لاوازه‌كه‌ی ئه‌ردۆگانه‌ ئاماده‌كردووه‌. به‌ڵام ئه‌م كۆنگرێسمانانه‌ به‌مه‌به‌ستی به‌خشینی ده‌رفه‌تێك به‌ ئیداره‌كه‌ی تره‌مپ دانیان به‌خۆیانداگرتووه‌و چاوه‌ڕوانی ئه‌نجامی هه‌وڵه‌ دیپلۆماسییه‌كانن. بۆ نموونه‌ ئه‌م ئه‌ندامانه‌ی كۆنگرێس، جین شاهین و جه‌یمس پاوڵ سپۆنسه‌ری ئه‌و هه‌وڵانه‌یان ده‌كرد كه‌ فیزه‌ به‌و به‌رپرسانه‌ی توركیا نادات كه‌ به‌رپرسن له‌ ده‌ستگیركردنی هاوڵاتیانی ئه‌مه‌ریكی. له‌ مانگی ئازاردا كاتێك ئیداره‌كه‌ی تره‌مپ، به‌مه‌به‌ستی پێدانی ده‌رفه‌تێك به‌ تیله‌رسنی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌، داوای له‌ ئه‌ندامه‌كانی گۆنگرێس كرد كه‌ سزاكانی له‌سه‌ر به‌رپرسه‌ توركییه‌كان هه‌ڵگرن، ئه‌و ئه‌ندامانه‌ی كۆنگرێس سزاكانی لابرد. له‌ 29ی حوزه‌یراندا هه‌ریه‌ك له‌ شاهین و لینزی گراهام، كه‌ ئه‌ندامی كۆنگرێسن، سه‌ردانی توركیایان كردو ڕاسته‌وخۆ نیكه‌رانییه‌كانی خۆیان به‌ ئه‌ردۆگان گه‌یاندو ده‌ره‌نجامه‌كانی به‌هه‌ندوه‌رنه‌گرتنی ئه‌م نیگه‌رانیانه‌یان بۆ ئه‌ردۆگان خسته‌ڕوو. دوو هه‌فته‌ دواتر، كاتێك توركیا ئاماده‌ نه‌بوو بره‌نسن ئازاد بكات، گروپێك له‌ ئه‌ندامانی كۆنگرێس كه‌ نوێنه‌رایه‌تی هه‌ردوو پارته‌كه‌ی ئه‌مه‌ریكایان ده‌كرد، پرۆژه‌ یاسایه‌كیان ئاماده‌كرد كه‌ ڕێگری له‌ ده‌زگا داراییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ده‌كات كه‌ قه‌رز به‌ توركیا بده‌ن تا ئه‌و كاته‌ی ئه‌نقه‌ره‌ هاوڵاییه‌ زیندانیكراوه‌ ئه‌مه‌ریكییه‌كان ئازاد ده‌كات. هه‌روه‌ها به‌هۆی مه‌ترسییه‌كانی كڕینی سستمی به‌رگری ڕوسی له‌لایه‌ن توركیاوه‌، واشنتن ده‌یه‌وێت مامه‌ڵه‌ی فڕۆكه‌ی F-35 له‌گه‌ڵ توركیا ڕاگرێت و ڕێگری له‌ ناردی ئه‌م جۆره‌ فڕۆكه‌یه‌ بۆ توركیا بكات. كاتێك حكومه‌تی توركیا له‌ 25ی ته‌موز بره‌نسنی له‌ زیندانه‌وه‌ بۆ "ده‌ستبه‌سه‌راگرتنی له‌ ماڵێكدا"  گواسته‌وه‌، واشنتن ئه‌م هه‌نگاوه‌ی توركیای وه‌كو ئاماژه‌یه‌كی زۆر دره‌نگ وه‌خت لێكدایه‌وه‌. ڕۆژێك دواتر كۆمیته‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی كۆنگرێسی ئه‌مه‌ریكی  یاسایه‌كی بۆ دانانی كۆتوبه‌ند له‌سه‌ر قه‌رزه‌كردنی توركیا داناو هه‌ریه‌ك له‌ تره‌مپ و جێگره‌كه‌ی له‌ ڕێگه‌ی تویته‌ره‌وه‌ داوایانكرد كه‌ سزا به‌سه‌ر توركیادا بسه‌پێنرێت. ئه‌گه‌ر توركیا سستمی به‌رگری ڕوسی بكڕێت، ئه‌وا ئه‌نقه‌ره‌ ڕووبه‌ڕووی سزای ئابوری تاقه‌تپڕوكێن ده‌بێته‌وه‌و ئه‌مه‌ریكا له‌ ڕێگه‌ی "یاسای ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی نه‌یاره‌كان له‌ ڕێگه‌ی سزادانه‌وه‌" سزای ئه‌نقه‌ره‌ ده‌دات. بۆ نموونه‌ ئه‌مه‌ریكا ده‌توانێت سزای "ها‌ڵك بانك"ی حوكمی بدات به‌ بیانووی شكاندنی سزاكانی سه‌ر ئێران له‌ سه‌رده‌می ئۆباماداو سزای ئه‌و وڵاتانه‌ بدات كه‌ بازرگانی نه‌وت، توركیا به‌هۆی پێویستییه‌ زۆره‌كانییه‌وه‌ ناتوانێت بازرگانی له‌گه‌ڵ ئێراندا نه‌كات‌، له‌گه‌ڵ ئێراندا ده‌كه‌ن.
ئابووری خاڵه‌ لاوازه‌كه‌ی ئه‌ردۆگان
داهاتووی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان ئه‌نقه‌ره‌و واشنتن چۆن ده‌بێت تا ڕاده‌یه‌كی زۆر په‌یوه‌ندی به‌ ڕێكه‌وتنی نێوان هه‌ردوولاوه‌ هه‌یه‌. ئه‌گه‌ر واشنتن سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو له‌ چاره‌سه‌ركردنی پرسی زیندانیكراوه‌كاندا، ئه‌وا ئه‌مه‌ریكا ناچار ده‌بێت به‌شێوه‌یه‌كی توندتر مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ توركیادا بكات. به‌هۆی پێگه‌ ستراتیجیه‌كه‌ی توركیاو ئه‌ندامبوونه‌كه‌ی له‌ ناتۆ ئه‌مه‌ریكا نایه‌وێت به‌ ئاسانی ده‌ستبه‌رداری ئه‌م هاوپه‌یمانه‌ لاساره‌ی ببێت چونكه‌ ده‌ستبه‌رداربوونی توركیا له‌لایه‌ن واشنتنه‌وه‌ قازانج و سود به‌ ڕوسیاو نه‌یاره‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌ ناوچه‌كه‌ ده‌گه‌یه‌نێت.
ئه‌مه‌ریكا ده‌توانێت بۆ چۆنێتی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ توركیا سود له‌ ئه‌زموونی ئه‌ڵمانیا وه‌ربگرێت. دوای ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌ڵمانیا ڕێگه‌ی به‌ وه‌زیره‌كانی توركیا نه‌دا  له‌ ئه‌ڵمانیا بانگه‌شه‌ بۆ ڕێفرراندۆمه‌كه‌ی توركیا بكه‌ن، ئه‌ردۆگان به‌رپرسانی ئه‌ڵمانیای به‌ "نازی" ناوبرد. حكومه‌تی توركیا ڕێگه‌ی به‌ شاندێكی په‌رله‌مانی ئه‌ڵمانیا نه‌دا سه‌ردانی هێزه‌ ئه‌ڵمانییه‌كان له‌ خاكی توركیا بكه‌ن و چه‌ند هاوڵاتییه‌كی ئه‌ڵمانیای، به‌بیانووی بێ بنه‌ما، ده‌ستگیر كرد. له‌رانبه‌ردا، ئه‌ڵمانیا، به‌بێ كۆتایهێنان به‌ په‌یوه‌ندییه‌ سیاسییه‌كانی له‌گه‌ڵ توركیادا، له‌ڕێگه‌ی سزای ئابوورییه‌وه‌ وه‌ڵامی ئه‌نقه‌ره‌ی دایه‌وه‌. ئه‌م ستراتیجه‌ی ئه‌ڵمانیا سه‌ركه‌وتوو بوو و ئه‌ڵمانیا، له‌ڕێگه‌ی سزای ئابورییه‌وه‌، توانی به‌ ئامانجه‌كانی بگات. ڕوسیاش، له‌كاتی تێكچوونی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ توركیادا، له‌ڕێگه‌ی سه‌پاندنی سزای ئابووریه‌وه‌ توانی به‌ ئامانجه‌كانی بگات و ئه‌ردۆگانی، دوای خستنه‌خواره‌وه‌ی فڕۆكه‌ ڕوسییه‌كه‌، ناچاركرد كه‌ داوای لێبوردن له‌ ڕوسیا بكات. 
ئابووری توركیا له‌ ئێستادا، به‌راورد به‌ ساڵانی ڕابردوو، زۆر لاوازبووه‌و ئه‌مه‌ریكا ده‌توانێت له‌ ڕێگه‌ی سه‌پاندنی سزای ئابوورییه‌وه‌ به‌ ئامانجه‌كانی بگات. له ‌سه‌ره‌تای ته‌موزدا هه‌ڵئاوسانی ئابووری له‌ توركیا گه‌یشته‌ سه‌دا پازده‌، كه‌ به‌رزترین ئاسته‌ له‌ ماوه‌ی پازده‌ ساڵدا. له‌و كاته‌وه‌ی كه‌ باری نائاسایی له‌ 2016 له‌ توركیا ڕاگه‌ندرا لیره‌ی توركی سێیه‌كی به‌هاكه‌ی له‌ ده‌ستداوه‌و له‌ سه‌ره‌تای ئه‌م ساڵه‌وه‌ به‌های لیره‌ له‌به‌رانبه‌ر دۆلار له‌ سه‌دا بیست دابه‌زیوه‌. خراپبوونی ئابووری توركیا بووه‌هۆی زیادبوونی به‌رخۆری و زۆربوونی خه‌رجییه‌كانی حكومه‌تی توركیا. ڕێژه‌ی بێكاری، به‌تایبه‌تی له‌ نێو گه‌نجاندا، ڕووی له‌ زیادبوون كردووه‌و شڵژاوی و ناجێگری دۆخی سیاسی بووه‌ته‌هۆی دوركه‌وتنه‌وه‌ی وه‌به‌رهێنه‌ره‌ گه‌وره‌كان له‌ كاری وه‌به‌رهێنان له‌ توركیا. كابینه‌ نوێكه‌ی ئه‌ردۆگان، كه‌ تێیدا لایه‌نداری نه‌ك شاره‌زایی- زاواكه‌ی وه‌ك نموونه‌، كراوه‌ به‌پێوه‌ر بۆ دروستكردنی كابینه‌كه‌ی  پێمانده‌ڵێت كه‌ ئابووری توركیا له‌چی دۆخێكدا ده‌ژیت. 
به‌هۆی لاوازی ئابوری توركیاوه‌، ئه‌ردۆگان یارییه‌كی دۆڕاو له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا ده‌كات و ده‌رفه‌تی سه‌ركه‌وتنی له‌ یاریكه‌دا كه‌مه‌. ئه‌مه‌ریكا له‌چه‌ند ساڵی ڕابردوودا له‌ جیاتی سزای ئابووری، ڕێگه‌ی گفتوگۆو دیپلۆماسی بۆ باشكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ ئه‌نقه‌ره‌ به‌كارهێنا. هێشتنه‌وه‌ی بره‌نسن له‌ ژێر چاودێریدا به‌شێك له‌ ئامانجه‌كه‌ی ڕازیكردن و توڕه‌نه‌كردنی ئه‌مه‌ریكا بوو و به‌شه‌كه‌ی تریشی ئامانج لێی نێشاندانی ئه‌مه‌ریكا بوو وه‌ك كاره‌كته‌رێكی لاواز له‌لای تاكی تورك. تویته‌كانی تره‌مپ ئاماژه‌یه‌ بۆ دروستبوونی گۆڕانكاری له‌ دیدی ئه‌مه‌ریكادا. كۆشكی سپی، به‌پشت به‌ستن به‌ كۆنگرێس، ده‌یه‌وێت له‌ڕێگه‌ی به‌كارهێنانی سزای ئابوورییه‌وه‌ سیاسه‌ته‌كانی توركیا، ئه‌گه‌ر له‌ڕێگه‌ی گفتوگۆوه‌ نه‌گه‌یشتن به‌ ڕێكه‌وتنێك كه‌ هه‌ردوولا ڕازی بكات، ڕاست بكاته‌وه‌. 

زۆرترین خوێندراوە


political studies copyright 2017 © . All right reserved Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure